بیروڕاهەواڵوتاری هەفتانەی م.فەحوڵڵا گولەن

لەدەستچوەکانمان، عەوداڵ بوون و زیندوو بوونەوەمان

وتاری هەفتانەی م.فەتحوڵڵا گولەن 15.04.2019

 

 

بە زوڵمەتی هیجرانت بێ نەوا کەوتم، یارب مدد

هەر لە چاوەڕوانی بەرەبەیانی دیدارم، یارب مدد

 

هەمیشە لە چاوەڕوانی ئەو بەیانیەیەم کە چاوم بە خۆشەویستەکەی  خۆم دەکەوێت،  دڵم هەمیشە بە جۆش و خرۆشی ئەمەوە لێیداوە،  ئاخۆ کەی بێت بچمە دیداری الله؟

ئیدی نازانم چەند مرۆڤ بە هەمان تێبینیەوە هەڵدەستێت و دادەنیشێت، دەخوات و دەخواتەوە و دەخەوێت، ژیانی لەسەر ئەم ڕێچکەیە دەبات بە ڕێوە؟! بیر لەوە دەکاتەوە کە ساتێک زووتر بەو بگات، یاخود ژیانی هەمیشە بە گەشتن لەگەڵ ئەودا دەباتە سەر و بە شعورێکی جددی ئیحسانەوە بەردەوامی پێدەدات.

ئەو شتانەی لە دەستچوون، هێندەی هەموو دونیا شت لە دەستدراوە. ئەمەش یەکێکە لەو تایبەتمەندیانەی لە پێش هەموو شتێکەوە لە دەستدراوە.

مێژووی ئێمە لە دوێنێوە هەتا ئەمڕۆ، بە تایبەت ٣ سەدەی ڕابردوو، وەک ئوستادیش ئاماژەی پێداوە، پێموایە مەبەستی لەو سێ سەدەیەیە کە پیش سەردەمی خۆی کەوتووە، هەربۆیە پێویستە ئێمە ٤ سەدە ئەژمار بکەین لەم بابەتەدا، ٤ سەدەیە ئێمە بە سەرماقولات دەرۆین بەرێوە، بە نیسبەت ئێمەوە بەم شێوەیە بووە.

لە ڕاستیشدا ماوەی ٩ سەدەیە، توشی دەستەوسانی، ڕەنگ پەڕین، وشک بوون و ژاکان بووین.

جار جارە هەندێک مرۆڤی پێگەشتوو، بە هۆی ئەو هەڵسوکەوتە پێگەشتووانەی ئەنجامیانداوە، لەوانی تریشدا هەستێکی هەرەوەزیان دروست کردووە، ئەوانیشیان بەرەو ئەو ڕێچکەیە ڕاکێشاوە.

بە نمونەی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز، لە ڕاستیدا ئەو لە سەردەمێکی کۆنتردایە، یان کەسێکی وەک سەڵاحەدین، عاکیفی شاعیر، لە هۆنراوەیەکیدا لەگەڵ فاتیح، پێکەوە باسیان دەکات؛ لە هۆنراوەی بولبولدا.

باس لە نیشتیمانی سەڵاحەدینی ئەیوبی و فاتیح دەکات. کاتێک لەگەڵ  بولبول دەردەدڵ دەکات:

هاوسەر و ئاشنات هەیە، ئەوە بەهاریش هات کە چاوەڕێت دەکرد

ئەی بوبول، ئیدی ئەم قیامەت هەستاندنە لە پای چی و چیە دەردت؟

تۆ بەسەر ئەو تەختە زومرودیە نیشتیتەوە و سەڵتەنەتێکی ئاسمانیت دروستکرد

گەر هەموو جیهانیش تەخت بێت، کەس دەستی بە جیهانی تۆ ناگات

 

 ئەمە باسی ئەو کاتەیە کە نیشتیمان لەلایەن کۆمەڵێک مرۆڤی شوم و بەدبەختەوە داگیر کرا، یاخود ڕاستترە بڵێین  لەو کاتەی لە بەها بەرزەکان بێ بەشیان کرد، لەو سەردەمەی خۆی دا بە دەست هەڵخلیسکانەوە…

 

لەو سەردەمە وەک ئەوە وەهایە کە ئەو جوگرافیا جوانەمان پیس کردبێت و تەواوی ئەو جوانیانەی لە ڕابردوەوە بۆمان مابوویەوە، هەر هەموویمان لە دەستدابێت.

ئیدی بە ڕەنگ پەڕینی بەردەوام، بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئەم حاڵە هەتا ٣ یان ٤ سەدە پێش ئێستا درێژ دەبێتەوە.

شعوری ئیحسان لە دەست دەردەچێت و مرۆڤەکان ئاگایان لەمە نیە.

ئەویش ئەوەیە بەندایەتیەک ئەنجام بدەیت، کە هەمیشە هەست بەوە بکەیت لەلایەن خوداوە دەبینرێیت.  واتە بڵێیت : ئەو هەمیشە من دەبینێت، کەواتە پێویستە چۆن هەڵسوکەوتێک ئەنجام بدەم؟

بۆ نمونە ئەم کارە دەکەم، ئەویش چاوی لەم کارەی منە، ئایا ئەم کارەم وەک بێ ڕیزیەکی لێدێت بەرامبەر ئەو؟

ئایا گەر بە قاقا پێبکەنم، بەرامبەر ئەو بێ ڕێزیەکم ئەنجام داوە؟

گەر چاوەکانم فرمێسکیان لێنەیەت، بەرامبەر ئەو وەک بێڕێزیەک ئەژمار دەکرێت؟

ئەمە یەکەم شتە کەوا لە دەستمان داوە، ئەویش بریتیە لە شعوری ئیحسان.

تێبینی ئیخلاس، واتە هەستکردن بەمە لە قوڵایی ویژدانماندا و بیکەین بە بەشێک لەو؛ وەک بەشێکی سروشتی خۆمانی لێبێت و نەبوونی ئەم هەستە بە نەبوونی خۆمان ئەژمار بکەین.

واتە بڵێیت: لە جیاتی لەناوچوونی ئەمانە، گەر خۆم لەناو بچوومایە، باشتر دەبوو.

واتە بڵێیت: گەر لەو بابەتە لەناوبچوومایەوە، ئەوا وەک داخوازی ڕێزگرتنی من دەبوو بەرامبەر الله.

 واتە بڵێیت: خودایە لە جیاتی ئەوەی چەشنی کۆتەرە دارێک بە وشکوبرنگی بژیم، لەناوبچوومایە باشتر بوو!

قورئانی کەریمیش لە باسی کەسە دووڕوەکاندا بەم شێوەیە باسیان دەکات،

دەیانشوبهێنێت بە کاریتە و کۆڵەکەی دارێک کەوا قوماشی یەمەنیان بە بەردا کراوە، ئەوەی لە دەستمان داوە ئەمەیە.

بریتیە لە هەست و تێبینی ئامانج و غایەی خەیاڵێکی باڵا، ئەمە بە ئامانج بگرین و بەو ئاڕاستەیەدا بژین. ئەمەش چییە؟

بریتیە لەوەی زاتی ئیلاهی بە هەر چواردەوری دونیا بگەیەنین، وەک ئاڵا بیشەکێنینەوە، حەزرەتی سەرداری ڕۆحی مرۆڤایەتی بە هەموو دونیا بگەیەنین، ئەمەی لە ئێمە داوا کردووە و ئاماژەی پێداوە:

هەر خودی خۆی فەرموویەتی  ناوی دەگات بە هەر شوێنێک کەوا خۆری لێ هەڵدێت و لێی ئاوا دەبێت.

ئێمە ئەم هەستەمان لە دەستداوە، یەکێکی تریش لەو شتەی لە دەستمانداوە،  ئەوەیە بە بێ ئامانج و غایەی خەیاڵ دەژین، گەر ئامانج و غایەی 

خەیاڵمان نەبێت، یاخود گەر فەرامۆش بکرێت و وەک لەبیرکراو مامەڵەی لەگەڵ بکەین، یاخود گەر بە تەواوی لەبیر بچێتەوە، یاخود گەر وا پشان بدرێت کەوا لە بیرکراوە، ئیدی نەفسەکان سواری ئەنانیەت دەبن.

ئیدی هەموو کەس دەست دەکات بەوەی خۆی بپەرستێت، واز لە خودا دەهێنێت و دەست دەکات بەوەی خۆی بپەرستێت.

 

ئیدی دەست دەکات بەوەی بیر لە بەرژەوەندی خۆی بکاتەوە، هەرچیەک بەرژەوەندی خۆی تێدا بێت، ئەوەی بەلاوە گرنگ دەبێت.

 

ئیدی دەڵێت: لەم بابەتەدا هەرچیەک قازانجی منی تێدا بێت، گرنگ هەر ئەو شتەیە. هەرچیەک وا لە من بکات کە ژیانی دونیا بە خۆشی ببەمە سەر، غایە و ئامانجی خەیاڵی من هەر ئەوەیە!

 

ئیدی وەک بەندەیەکی ناوازەی ڕەق و تەقی خۆپەرستی لێدێت، یاخود وەک بەندەی بتی بەرژەوەندیەکانی خۆی لێدێت، ئوستاد ئاماژە بە ٣ سەدە دەکات، کەوا مرۆڤەکان غایە و ئامانجی خەیاڵی دونیای خۆیان لە دەستداوە.

بەڵام سەرەتاکەی بۆ زۆر کۆنتر دەگەڕێتەوە.

ئەویش بریتیە لەوەی بەندایەتی بە هەستێکی قوڵی شعورتەوە ئەنجام بدەیت، ئەوەی لە دەستدراوە ئەمەیە.    تێبینی ژیانی ئاخیرەت، براوە بۆ ژووری بوژانەوەی دڵ، یاخود لە سەر تەختەی مردووشۆر دایانناوە، یاخود تاشە بەردێکی گەورەی وەهایان لەسەر داناوە، کە هەرگیز هەستانەوەی بۆ نەبێت، لە ترسی ئەوەی جارێکی تر هەڵنەستێتەوە و سەر دەرنەکات!

 

 واتە بە ئەنقەست ژیانی دونیا بەسەر ژیانی ئاخیرەتدا پێش بخەیت.

 کاتێک سەیری ڕابردوو دەکەین، ئەمانە ئەو شتانەن کەوا لە دەست دراون.

یاخود ئەو شتانەی کە وەک گەلێک بەدەستمان هێناوە، لە دابونەریت و ڕێوشوێنی تایبەت بە خۆمان.

لە پاڵ بەڵگە شەرعیەکاندا، هەریەک لە کیتاب و سونەت، ئیجماعی ئومەت و قیاس و ئیجتیهاد.

لە پاڵ ئەمانەدا دابونەریت و عورف و عادەت.

      واتە ئەو دابونەریتانەی بە سوزگی پاڵفتەی ئەمانەدا تێپەڕیون و وەک شتێکی گونجاو لەگەڵ ڕۆحی دینیان لێکراوە، پاشان وەک قوڵاییەکی سروشتمانی لێهاتووە.

یەکێکی تر لەو شتانەی لە دەستمانداوە، بریتیە لەو شتانە.

ئەمەش لە ڕێگەی لاسایکردنەوەی کەسانێکی تر، لە ڕێگەی لاسایکردنەوە و سنگەخشکێ بە دوای کەسانێک کەوا لە ڕاستیدا بەهایەک و  ئەرزشێکی ڕاستەقینەیان نیە.

 

هەستی “بوون وەک خۆمان”مان لە دەستداوە.

لە دوای سەردەمێکی دیاریکراوەوە ئەمە ڕوویدا.

دەتوانم بە هەمان شێوە، سەد دانە شتی تر بژمێرم.

لەوەش دەچێت ئەمەش کەمبێت، بەڵام گەر زۆر لە خۆم بکەم، دەتوانم سەد دانەی بەهای لە دەستچووی هاوشێوە ببژێرم.

بەڵام دەمەوێت بەم شێوەیە قافیەی بۆ دابنێم:

هێندە شت هەیە کەوا لە دەستمانداوە، بەڵام لە هەموویان بە ئازارتر ئەوەیە، هەستکردنیشمان؛ بەوەی کە پێویستە شتە لە دەستدراوەکان بگێڕینەوە، لە دەستداوە!

ئاخۆ چۆن زیندوو دەبینەوە و جارێکی تر لە پاش مەرگ زیندوو دەبینەوە؟

چۆن زیندوو بوونەوەیەک پشان دەدەین؟

چۆن وا لە مرۆڤەکان بکەین کەوا بە هەستی ئیرەییەوە سەیرمان بکەن؟

وایان لێبکەین بڵێن: وای ئەمانە چی دونیایەکی یۆتۆپیاییان(سەرو خەیاڵ) دروستکردووە.

لەبەرچی ئێمەش لەگەڵ ئەمانەدا لەسەر هەمان ڕێچکە نەبین؟

واتە هەستێکی پڕ ئیرەیی و ئارەزووی بەم شێوەیە لە مرۆڤەکاندا دروست بکەین.

تەنانەت هەستی عەوداڵ بوونمان بە دوای هەستێکی لەم شێوەیەمان لە دەستداوە.

کاتێکیش ئەم هەستەت لە دەستدا، ئیدی هەست بەوە ناکەیت کە پێویستە ئەم شتانە بە قەزا بگێڕیتەوە!

ئیدی هەموو شتێک وەک خۆی، ئەمانەتی دەستی فەرامۆشی کراوە، هەموو شتێک فەرامۆش دەکرێت و جارێکی تر بە دواشیدا ناگەڕێین.

ناڵێین” ئاخۆ لەکوێوە دەست بە گەڕان بکەین، هەتا فڵان شتی لە دەستچوو قەرەبوو یاخود قەزای بکەینەوە”.

بەها مرۆڤایەتیەکان؛ کاتەکەی بەسەرماندا تێپەڕی و قەزاشمان نەکرد! شعوری ئیحسان، ئەخلاقی ئیخلاس، بیرکردنەوەی بە ڕۆحی ئیسارەوە، ژیانی مرۆڤانە، بە شێوەیەک کەوا مرۆڤەکان ئیرەییمان پێ ببەن، یان ئەوەی ببینە گەردیلەی سیستەمێک، کەوا هەموو دونیا بە دەست ئاماژەی بۆ بکات.

ئاخۆ کەی بێت جارێکی تر ئەمانە بەدەستبهێنینەوە، لە دەستدانی ئەم جۆرە هەستانە لەلایەن گەلێکەوە، لە ڕاستیدا بە واتای لە دەستدانی خودی خۆیەتی!

ئەمانە هەموو شتانێکی پڕ ئازارن؛ باس لە داڕوخانی ئەم بەهایانە دەکەین، گوزارشتە لە داتەپین و شکانی ئەم بەهایانەیە…

 

 بەڵام لە هەندێک سەردەمی دیاریکراودا، لەلایەن هەندێک مرۆڤی نوێکەرەوە، لە ڕێگەی بزاڤێکی نوێکاریەوە، هەوڵی ئەوەیان داوە لە مرۆڤەکاندا ئەو جۆرە هەستە پێویستانە ببزوێنن.

وەک لە حەدیسێکی کتێبی “المستدرک الصحیحین” ی ئیمامی حاکمی نەیسابوریدا ئاماژەی پێدراوە، ئەو جۆرە کەسانە بە نوێکەرەوە(مجدد) ناو دەبرێن.

ئاماژە بە هەر سەد ساڵێک دەکرێت کەوا کەسێکی وەهای تێدا هەڵدەکەوێت. ئیدی ئەمە لە سەد ساڵی ڕێکدا دەبێت، یاخود لە ٩٠ ساڵدا دیار نیە، لەبەر ئەوەی عومەری کوڕی عەبدول عەزیز بە یەکێک لە نوێکارەکان ئەژمار دەکەن، وتوویانە لە دوای وەفاتی سەردارمانەوە یاخود لە دوای ناردنی سەردارمانەوە وەک پێغەمبەر، هەموو سەد ساڵ جارێک، کەسێکی نوێکار دێتە دونیاوە.

 

لەم ڕوانگەیەوە دەتوانن غەزالی وەک نوێکەرەوەی سەدەی پێنجهەمین ببینن. کاتێک دەچینە ناو هەزارەی دووهەمەوە، دەتوانن ئیمامی ڕەببانی بەم شێوەیە ببینن.

کاتێک بەرەو سەردەمی خۆمان دێین، دەتوانن مەولانا خالیدی بەغدادی بە هەمان شێوە ببینن، لە ڕوانگەی سەردەمی خۆیان و ئەو بارودۆخانەی پێیدا تێپەڕیون؛ لە ڕووی شێوازی ئەو شکانەی پێیدا تێپەڕیون، بە گوێرەی ئەمانە پڕۆژەی زیندوو بوونەوەیان هێناوەتە ئاراوە و، پلانەکانی خۆیان هێناوەتە مەیدان، لە ڕێگەی هەناسەی پڕ تین و تاوەوە، لە مرۆڤەکاندا سەرلەنوێ زیندوو بوونەوەیان دروست کردووە.

چەشنی ئیسرافیل، فووی زیندووکەرەوەیان بە بەری مرۆڤەکاندا کردوە.

پێش کەمێک بەم دەستەواژەیە گوزارشتم لە بابەتەکە کرد، لە ڕێگەی بوونی خۆیانەوە، هەستێکی هەرەوەزیان لە مرۆڤەکانی تردا دروست کردووە.

ئەوانیش لەبەر خۆیانەوە وتوویانە، با ئێمەش زیندوو ببینەوە!

وەک لە زۆر بۆنەی جیاوازدا، هەوڵمداوە ئەم شتەتان عەرز بکەم:

خۆزگە ئیمامێک کاتێک لە مزگەوتێکدا قسە دەکات، هەندێک جار بە شێوەیەک لە پڕمەی گریان بدات،  کە چیدی قسەی بۆ نەکرێت!

خۆزگە دڵی بوەستێت و بمرێت! خۆزگە لەسەر مینبەرەکە تل بێتە خوارەوە و بمرێت!

ئەمەش وا دەکات زیاتر لەوەی پڕ کتێبێک باسوخواسیان بۆ بگێڕێتەوە، کاریگەریان لەسەر دادەنێت.

هەندێک کەس لە مزگەوتەکانی ئێوەدا، بەم هەستەوە گیانیان لە دەستداوە یاخود نا؟

لە ڕێگەی ئینسافی خۆتانەوە ئەم بابەتە بخەنە ژێر تاقیکردنەوەوە…

وتمان  ئێمە لە ماڵەوە مردین! تۆ بڵێیت بە چوونمان بۆ مزگەوتەکان زیندوو ببینەوە؟!

بەڵام ڕۆشتین و چاومان بە ئیمامگەل و وتاربێژێکی وەها  کەوت کەوا خۆیان مردبوون، جەماعەتەکەی چواردەوریشی مردبوون و، چیدی جەنازەکانیان قسەیەکیان بۆ وتن پێنەبوو!

 

وتمان ئاخۆ گەر خوێندنگەکانمان ئاوێتە بە ڕێساکان و بوون و قورئان بکەین و یەکیان پێبگرین، وایان لێدێت کە سەبارەت بە زاتی ئیلاهی گوزارشت لە شتێک بکات؟ ڕوومان لەوانیش کرد و بینیمان:

ئەوانیش لە ناو هەستی سکۆلاستیدا گیریان خواردووە!

ئیدی بینیمان کەوا نە حوجرەکان دەوڵەمەندیەکی وەهایان تێدا ماوە کە شتێک بە مرۆڤ بدەن، نە خوێندنگەکانیش دەوڵەمەندیەکی وەهایان تێدایە کە شتێک بە مرۆڤەکان بدەن.

هیچیان تێدا نەماوە و هەموویان مەحکومن بە نەبوونی!

ئیدی “نەبوونی” هیچ شتێکی نیە کەوا بە ناوی “بوونەوە” بیدات بە مرۆڤ!

“نەبوون” ی بە ناوی “بوون”ەوە هیچ شتێکی وەهای پێ نیە کەوا بیدات بە مرۆڤ!

 

گەر بە دەربڕینی پێشینانیش  گوزارشت لەمە بکەین:

لە ڕاستیدا بە “اشد الاحتیاج” پێویستمان بەمە هەبوو.

وتەبێژی سەدەش لە ڕێگەی بزواندنی ئەم هەست و هزرەوە، ئەرکێکی پێ سپێردرابوو، ئەویش بە وردبینی خۆیی و هزری فراوانیەوە، بە تێگەشتنی لە قورئان، بە تێبینیەکانی لە بواری سونەتدا، خوێندنەوەی ڕاستی بۆ سەردەمی خۆی کرد و لە ڕێگەی تێکەڵ کردنی ڕاڤەی سەردەمی خۆی بە تێبینیەکانی خۆیەوە، سێنتێزی نوێ نوێی هێنایە کایەوە و لە مرۆڤەکاندا هەستی پێویستی بێداربوونەوەی  دروست کرد.

   فوویەکی ژیاندنەوەی دوای مەرگی ، بە بەری مرۆڤەکاندا کرد.

فووی ژیانەوەی بە بەری مرۆڤەکاندا کرد.

ئیدی هەتا دەگات بە ئێوە، ڕەنگی ئەم کارەی پەڕیوە، یاخود وشک بۆتەوە و ژاکاوە؟ یاخود لە کاتێکدا بەرەو گوڵستان و باخستان و بێستان دەڕۆشتین، ئایا بە هۆی بێ وەفاییامانەوە، ئەو گوڵستانەی ئەومان گۆڕیوە بە خەرابستان؟

یاخود بە گوێرەی هەلومەرجی سەردەمەکەی خۆمان، ڕەنگ و بۆی ئەو سەردەممان لێدا و شتێ زۆر نوێمان هێناوەتە مەیدان؟

ئایا سێنتێزی نوێمان هێناوەتە ئاراوە؟

من لە ڕوانگەی بەستنەوەی ئەم بابەتە بە هیوا و تکاوە(رجاء)، دەمەوێت بڵێت توانیومانە یاخود توانیوتانە ئەم کارە بکەن، دەمەوێت بە ئاراستەی ئەوەدا کە ئەنجامتان دابێت، ڕای خۆم دەرببڕم…

 بەڵام وێرانکردنی شتێک زۆر ئاسانە، ئێوە هەوڵی نۆژەنکردنەوەی قەڵایەک دەدەن، کەوا ساڵانێکی زۆرە، ماوەی سێ یان چوار سەدەیە، خەڵکانێک بە پیک و پاچ  تێیبەربون و هەوڵی ڕووخاندنی دەدەن.

 

ئیدی ئەمەش کارێک نیە کەوا لە پڕێکدا و دەستبەجێ ئەنجام بدرێت.

 

لەوە دەچێت هەستی ئیخلاس، ڕاستگۆیی، وەفا و ڕۆحی خۆبەخشی، بە پشتیوانی خودا، لە نەوەیەک بە تەواوی ئەم بابەتە هەڵبستێنێتە سەر پێ، بەڵام گەر بە ڕادەی پێویستە ئەم هەستی ئیخلاس، ڕاستگۆیی، وەفا و ڕۆحی خۆبەخشیە بوونی نەبێت، ئەوا بە تێپەڕینی تەمەنی دوو نەوە ئەنجام دەدرێن . یاخود سێ نەوەی پێدەچێت و ٧٥ ساڵ دەخایەنێت؛ خودا باشتر دەزانێت.

زیندووبوونەوەیەکی پاش مەرگ، پێویستی بە هەستێکی لەو شێوەیە هەیە، ئوستاد نەجیب فازڵیش بەم شێوەیە باسی دەکرد(بعث بعد الموت)، سەزایی کەرەکۆچیش کە سەر بە هەمان ڕێچکە و قوتابخانەیە، بە وشەی “زیندووبوونەوە” گوزارشتی لەو بابەتە دەکات.

هەربۆیە هەردووکیان ئاماژە بە هەمان بابەت دەکەن.

 ئیدی ئەم بابەتە لە یەک نەوەدا یاخود لە دوان و سیاندا جێبەجێ دەکرێت؟

گەر دان بە خۆداگرتن هەبێت، گەر بە ئاڕاستەی ئیخلاس و هەستی ئیحساندا بچینە ناو قاڵ بوونەوە، بە پشتیوانی و چاودێری خودا، گەر لە هەموو هەستان و دانیشتنێکدا هەر باسی الله بکرێت، بە پشتیوانی و چاودێری خودا، لەوە دەچێت پێویست بە تەمەنی نەوەیەکیش نەکات و لە ماوەی ١٠ ساڵدا فەراهەم ببێت. ئەمەش بە هۆی ئەو تۆڕی پەیوەندیانەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هەیە و دۆزراونەتەوە، لەمڕۆدا تەکنەلۆژی بە ڕادەیەک پێش کەوتووە، دەست بە دوگمەیەکدا دەنێیت و ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤێکی دانیشتووی تایوان و تایلەند دەبەستیت.

دەتوانیت هەست و هزرەکانت لە دڵی ئەویشدا هەڵبڕێژیت، مێدیا بە شێوەیەکی وەها پێش کەوتووە، لە هەمان سات و ئانی هەمان ڕۆژدا، دەتوانیت هەمان شت بە هەموو کەسێکی دونیا بگەیەنیت.

لەم ڕوانگەیەوە، گەر ئەم بابەتانە لە شوێنی خۆیدا هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا، گەر بە شێوەیەکی سوودبەخش هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا، بە پشتیوانی و چاودێری خودا، بە کاتێکی کەم دەتوانرێت زیندووبوونەوەیەکی لەو شێوەیە ئەنجام بدرێت.

ئیدی ئەوەی لە دەستدراوە، جارێکی تر دەدۆزرێتەوە، ئیدی دەڵێیت: فڵان و فیسار شتمان لە دەستدا، بەها مرۆڤایەتیەکانمان لە دەستدا و گەر ئەمانە دەست بخەینەوە، ئەوا سەرلەنوێ دەبینەوە بە خۆمان!
سەبارەت بەم بابەتەش چەندین نوسراو هەیە، بوونەوە بە خۆمان!   بەم شێوەیە دەبینەوە بە خۆمان.

جەنابی حەق سەرفرازمان بکات لەوەی ببین بە خۆمان…

 

بێ گوێدانە بەفر و زستان، لە هەموولا گوڵەکان دەپشکوێن

بە چاودێری ئەویش ڕۆژە تێپەڕەکان ڕادەگوزەرن

هەموو دڵەکانیش یادی گوڵی گوڵەکانی دەکەنەوە

ئەمەش تەونی خەمەکانی چواردەوری ڕۆحم دەسڕێتەوە

 

ئەو برایانەی بە چواردەوری دونیادا بڵاو بوونەتەوە، لەسەر ڕێگەی پێغەمبەران بە ناوی ئەوەی ئەو ڕۆحە سەر لەنوێ زیندوو بکەنەوە، بە ناوی ئەوەی تۆو بپرژێن بەو شوێنانەی کە بوونەتە بیابان.

بە تێبینی ئەوەی کە ڕۆژێک دێت ئەم تۆوانە سەرچڵ دەردەکەن،  خۆیان دەسڕنەوە و لە جیاتی خۆیان، مەفکورە و ئامانجەکەی خەیاڵیان زیندوو دەکەنەوە. پاشان زیندوو بوونەوەی هەموو دونیا و مرۆڤایەتی بەم زیندوو بوونەوەیەوە دەبەستنەوە.

دەڵێن گەر ئێمە لەسەر شێوازی تۆوەکان بە ناوی خۆمانەوە تیابچین،  

هێندەی ئەوەی لەم بابەتەدا خۆمان لە بیربچێتەوە،  پێویستە بچینە ناو حاڵی “فنی فی الله”، “بقی  بالله” ، “مع الله”، گەر وامان لێهات بە پشتیوانی و چاودێری خودا، ئیدی زیندوو بوونەوەیەکی وەها دێنێتە مەیدان، کە هەموو کەس لە بەرامبەریدا پەنجەی بگەزێت.

ئیدی هەموو کەس بە پەنجەی دەستیان ئاماژەتان بۆ دەکەن، جاران بەم دەستەواژەیەیان دەوت ” مشار بالبنان”. واتە ئاماژە بۆ کراو بە پەنجە.

بە پشتیوانی و چاودێری خودا.

بەرەو شتێکی لەم شێوەیە دەرۆشتن، واتە بە ئاڕاستەی قەرەبووکردنەوە و دۆزینەوەی ئەوەی لە دەستدرابوو، لە ڕێگەیەکی وەها ڕۆشتن دەستی پێکردبوو…

کاری خێر ڕێگری خراپەکاری زۆری دێتە پێش، شەیتانەکان زۆر خۆیان بە خزمەتکارانی ئەم خزمەتەوە خەریک دەکەن، زۆر خەریکی ئەوانە دەبن کە ئەم ڕێگەیەیان گرتۆتە بەر.

هەندێک لەم شەیتانانە لەسەر شکڵی مرۆڤن، هەرەها لەسەر شکڵی ئەو کەسانەن کەوا هێز و دەسەڵاتیان لە دەستدایە.

ئیدی ئەمانە دەبنە کۆسپی سەر ڕێگای ئەو مرۆڤانەی ئەم ڕێگایەیان گرتۆتە بەر و ئیستۆپیان پێدەگرن. بۆ ئەوەی پاشقولیان لێبگرن و لە ڕێگەی گیریان پێبخۆن، هەرچی لە دەستیان بێت ئەنجامی دەدەن.

هەندێک لەوان دەستگیر دەکەن و دەیانخەنە زیندانەکانەوە، هەندێک لەوانیش دەکەن بە گژ یەکدا و لەم ڕێگەیەوە کەم ئەرزشیان دەکەن، وەک کەسانێکی سوک و ڕسوایان لێدەکەن، هەوڵی شکاندنی کاریگەریەکەیان دەدەن.

خۆ گەر لە دەستیشیان بێت، هەندێکیان دەکوژن و هەوڵی لەناوبردنیان دەدەن. بەم شێوەیە تەواوی ئەو ڕێگایانەی دەبێتە هۆکاری پەرشوبڵاوبوونەوە و دەربەدەر کردنیان، دەیناگرنە بەر.

شەیتانەکان لەگەڵ خزمەتکارانی ئەم خزمەتەدا  خۆیان زۆر خەریک دەکەن.

لەم ڕوانگەیەشەوە، ئەو مرۆڤانەی بە ئاڕاستەی گەیاندنی ناوی جەلیلی ئیلاهی و ناوی جەلیلی نەبەوی، بە هەر چوار دەوری دونیادا کراونەتەوە،  سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی لەسەری هەموو کۆڵانێکدا توشی یەکێک لەم دێوەزمانە دەبن، پێویستە هیچ کاتێک ئەمە لە خەیاڵیان دەرنەکەن.

پێویستە هەمیشە بە تێبینی ئەوەی کە ئەگەر هەیە چاویان بە کەسێکی لەم شێوەیە بکەوێت، هەنگاو هەڵبگرن.

ئێمە لەوە دەچێت فریومان خواردبێت، وەک چۆن زیا پاشاش وتی ” ئێمە فریومان خوارد!”؛

 

واوەیلا، وا دیسان فریومان خوارد و لەم گەمەیەدا سوتاین

زیانمان ئاشکرایە و نازانم چیمان بە دەستکەوت

 

بەڵێ، یان وەک وتوویانە:

 

مرۆڤ هەموو کات دەگەڕێت بە دوای یارێکی صادق

هەندێک جاریش ئەوەی بە ڕاستگۆی زانی، دەردەچێت منافق

 کەسانێکی وەها دێنە سەر ڕێگاتان و بە ناوی ئەوەی داهاتووی خۆیان وەک ئاڵا بشەکێننەوە، باسی حەقت بۆ دەکەن، ئیدی بە ناوی ئاواز و نەغمەی حەقەوە، شتانێکی زۆر و زەبەندت بە گوێدا هەڵدەدەن.

باسی دادپەروەری دەکەن و سرودەکانی دادپەروەری دەچڕنەوە، باسی بەها مرۆڤایەتیەکان دەکەن؛ بە مەقامی ڕاست ئاوازگەلێکی وەها دەچڕنەوە کە ئێوە مەشغوڵ بکەن.

بەڵێ، ئێمەی ئەهلی ئیمان فریو دەخۆین، بەڵام هەرگیز فریو نادەین.

هەربۆیە ئەگەر هەیە ئێوە بە گومانی باشتان بدۆڕێن و فریو بخۆن. هەربۆیە بە دوای کەسانێکی لەم شێوەیەدا ڕادەکەن.

 

بەڵێ، ئەمە زۆر جار قەدەری پڕ ژانی کەسی ئیماندار بووە، بە گومانی باشی خۆیان دۆڕاون.  وتەبێژی سەدەش دەڵێت:

 

ئێمەی ئەهلی ئیمان فریو دەخۆین، بەڵام هەرگیز فریو نادەین

ئێمەی ئەهلی ئیمان فریو دەخۆین، بەڵام هەرگیز فریو نادەین

بەڵێ، ئێمەش فریومان خوارد، هەموو کات بە دوای مرۆڤێکی ڕاستگۆدا دەگەڕاین، بەڵام ئەوەی بە ڕاستگۆمان زانی منافق دەرچوو.

هەروەها ئوستاد ئەم سەردەمە بە سەردەمی دووڕوویی ناو دەبات، بە سەردەمی خۆپەرستی ناوی دەبات، سەردەمی بە ئەنقەست پێشخستنی دونیایە بەسەر ئاخیرەتدا. وەک دەبینن مرۆڤەکان بە یەک تێر ناخۆن و دەیکەن بە دوان، بە دوان قەناعەت ناکەن و دەیکەن بە سیان، بە چوار قەناعەت ناکەن و دەیکەن ١٠، بە دەش قەناعەت ناکەن و دەیکەن بە سەد، وەک تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیش سەبارەت بە سەردەمی داڕوخانی مرۆڤەکان، سەبارەت بە ساتی داڕوخانی دین لە مرۆڤەکاندا، سەبارەت بەو سەردەمانەی کە هێڵەکانی بومەلەرزە توشی تەقین دەبن، لە یەکێک لە فەرمودەکانیدا فەرمویەتی:

مرۆڤ گەر دوو شاخی ئاڵتونی هەبێت، داوای سێهەمیش دەکات.

هەڵپە و دونیاپەرستیەکی لەو شێوەیە پەیدا دەبێت؛ پەنا بە خودا.

ئێوەش بێ ئەوەی ئاگاتان لە خۆتان بێت، لەوە دەچێت بووبێتنە ئامرازی ئەو جۆرە ئارەزوانەی ئەوان.

بەڵام بە پشتیوانی خودا، ئەو پیکانەی بەسەر سەرەکاندا بارین؛ بوونەتە هۆی ئاگادارکردنەوە، بەرەو ڕێگای ئەبوبەکر، عومەر، عوسمان، عەلی و پێشێنە چاکەکان، هەروەها ڕێگای پێشینەکانی ئێوە کە بۆ چەند سەدەیەک نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی موسوڵمانێتیان کرد، مرۆڤەکان ئاڕاستە دەکات و خوداش ئاڕاستەیان پێ وەردەگرێت!

جەنابی حەق لە ماوەیەکی کەمدا ئاڕاستەی لوتکەیەکی وەهاتان بکات، سەرفرازمان بکات لەوەی قەرەبووی شتە لە دەستچوەکانمان بکەینەوە…

وەک دەڵێن “فراغت یا هو”، گەر دەستبەرداری هەموو شتێک نەبیت، ناتوانیت ئەو شتانە بە دەست بهێنیت کە پێویستە بە دەستیان بهێنیت!

نە خۆتان بە خانوو و ماڵەوە خەریک دەکەن، نە خۆتان بە شتی ناو ماڵەوە، نە بە خاو و خێزانەوە، نە بە دایک و باوکەوە گیر دەخۆن، نە بە گوند و شارۆچکەکانەوە گیر دەخۆن، نە خۆتان بە سەڵتەنەت و باق و بریقیەوە خەریک دەکەن، نە عەوداڵی مەقام و پۆست و پلە و پایە دەبن…

قەت دیوتە جلوبەرگ کەسی بەدت بۆ بکات بە نەجیب

گەر کورتانی زێڕیشی لێ ببەستیت، “هین” هەر “هینە”!

حەزم نەکرد ئەو وشەیە بەکاربهێنم…

ئەوەی لە دەستمانداون شتانێکی بێ وەی بوون. من پێشتریش باسی هەندێکیانم کرد،  زۆرێکیش لەمانە  سەرکارەکان بوونە هۆکاری لە دەستدانیان. گەر داوای نمونەیەکم لێبکەن لەم بابەتەدا ئەوا دەڵێم:

بە چوونمان لە تۆپکاپیەوە بۆ دۆڵماباهچە توشی ئاوەژون بوون بووین.

لە ڕاستیدا بەرزبوونەوەی ئێمە لە سەردەمی تۆپکاپی بوو، کاتێک لە ژێر “قەرزی گشتی” دەمانناڵاند، چووین  ١٦ تۆن ئاڵتونمان لە ڕازاندنەوەی ئەو کۆشکانەدا بە هەدەر دا.  ئەو مرۆڤانەش موسوڵمان بوون، نوێژیان دەکرد و ڕۆژوویان دەگرت.

بەڵام لە شیرازەی خۆیان دەرچوو بوون، ڕەنگیان پەڕی بوو، ڕەنگ و بۆی خۆیان لە دەستدابوو، کاتێک سەیری ئەمانەت دەکرد، حەزرەتی پێغەمبەری خودات بە بیردا نەدەهاتەوە، ئەوان الله یان بە بیری مرۆڤەکاندا نەدەهێنا، بە باقوبریق دۆڕان و موسوڵمانیش بوون،   چەشنی ئەو مشەخۆرانەی کە لەمڕۆدا توشی هەندێک وڵاتی بەدبەخت بوون، چەشنی ئەو مشەخۆرانەی کە لەمڕۆدا توشی هەندێک وڵاتی بەدبەختی موسوڵمانان بوون.

چەشنی کێچ و ئەسپێ، چەشنی ئەوەی خوریەکیان لە بەردەمدا بێت، کۆمەڵگا لە ناوەوە دەیکرمێنن و بودەڵی دەکەن.

 لەو سەردەمەشدا بەم شێوەیە ڕوویدا و توشی خلیسکان بوون، زۆرن ئەو خاڵانەی کە تێیدا توشی خلیسکان بوون، یەکێک لەو شتانەی بووە هۆی داڕوخانی دەوڵەتە مەزنەکە هەر ئەمە بوو.

مورات خوداوەندیگار کە بە موراتی یەکەم ناوی دەبەن، لە جەنگی سرپسندیگیدا، لەو کاتەی خەنجەرێک لەسەر دڵی دەدەن و بەرەو لوتکەی ڕۆحی دەگەڕێتەوە، گەرچی زۆر بە ناڕەحەت لێوەکانی دەبزواند، بەڵام دوا وتەکانی :

سوێند بێت لەئەسپەکەم دانەبەزم!

 

ئێمەش لە ئەسپ دابەزین و سواری سوارێک بووین، لە لوتکەوە بەرەو بنی گۆمەکە ڕۆشتین!

وەک چۆن کەسانێکیش دەڵێن:

لە کوێوە بۆ کوێ!..

 

لە لوتکەوە بۆ بنی گۆم!

لە لوتکەوە بۆ تەویلە و ناو ئاخوڕ!

کەس ئەقڵی خۆی بە پەنیری نەخواردووە، لە کوێوە بۆ کوێ، هەموو کەس ئەمە بە چاوی خۆی دەبینێت، بەڵێ، داڕوخانەکە بەم شێوەیە ڕوویدا.

بەڵام بە ناوی دۆزینەوەی ئەو شتانەی لە دەستمانداوە، پێویستە لە ناو پەڕەکانی مێژوودا، بە دواداچوونێک بۆ ئەم بابەتە بکەین، پێویستە شیکار و سێنتێزەکانمان بە گوێرەی ئەمە ئەنجام بدەین.

لە دوای جەنگی حونەین، غەنیمەتێکی زۆر بە دەستهات…

 

 ئەمانە کەسانێکی زۆر بەهێز بوون، چەندین قاتی ژمارەی موسوڵمانان بوون، لە یەکەم پلاندا، چەشنی جەنگی ئوحود، دۆڕانێکی کاتی ڕوویدا، بەڵام تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی، لەوێشدا چەشنی ئەوەی هەموو سەرکارەکان وەها ڕەفتار دەکەن، حەزرەتی عەباس کە دەکاتە مامی دەگێڕێتەوە:

لە بەرامبەر ئەو تیرانەی لە هەموو لایەکەوە دەبارین، لە جیاتی ئەوەی ئەسپەکەی بکێشێتە دواوە، بە شێوەیەکی وەها تاوی بە ئەسپەکەی دا بۆ پێشەوە، وەک ئەوەی بڵێت: گەر ئێرە شوێنی مەرگی ئێمە بێت، ئەوا با من لە پێش هەموواندا بمرم، لە ئوحودیشدا بە هەمان شێوە بریندار بوو. ئەو هەمیشە لە پێش هەمووانەوە بەرەو ڕووی مەرگ دەوەستا، لە ڕوانگەی نزیکتر وەستانی لە مەرگەوە لە پێش هەموو کەسێکەوە، مەرگیشی لە پێش چاوی ئەوان خۆشەویست کرد، ئیدی هەموو کەس بە خۆشحاڵیەوە بەرەو مەرگ ڕایانکرد.

موسعەب، ئیبن جەحش، عەبدوڵاکانیش بەو شێوەیە بوون، باوکی حەزرەتی جابر، هەموویان بەم شێوەیە بوون، تەنانەت کە چوونەتە ئەو دونیاش وتوویانە:

خودایە جارێکی تر بمان نێرەوە بۆ دونیا، هەتا جارێکی تر تامی شەهادەت بکەین.

ئەم قسەیەی حەزرەتی عەبدوڵا، لەلایەن سەردارمان گێڕدراوەتەوە، خوداش لە وەڵامی ئەم داوایەی حەزرەتی عەبدوڵادا پێی دەفەرموێت:

گەڕانەوە بۆ دونیا نیە، بەڵام هەواڵی ئەم داواکاریەی تۆ بە ئه هلی دونیا دەدەم.

بەم شێوەیە هەواڵەکەی بە ئێمە گەیاند.

کاتێک دەستکەوتێکی زۆر لە بەردەم موسوڵماناندا هەڵرژا، سەرداریشمان بۆ دڵنەوایی کردنی هەندێک کەس، بۆ ئەوەی دڵی هەندێک لە مرۆڤەکان نەرم بکاتەوە، بۆ ئەوەی دڵی ئەوانەش بە دەست بهێنێت کەوا تازە هەنگاویان بەرەو ئیسلام هەڵگرتبوو.

هەتا پێی بکرێت، ئەوانی لە پلەی یەکەم دانا، ئەوەی دەبوو بیبەخشی، بەوانی بەخشی، ئەمەش وردبینیەکی گەورەی ئەوە، تەواوی خەمی ئەوە بوو کە مرۆڤەکان بەرەو جەنابی حەق ئاڕاستە بکات و ئەو ئیمانەیان دەست بخات.

 

پێموایە گەر پێیان بووتایە، بۆ ئەوەی ئەو شتانەی لێمان داوا دەکەیت، پێویستە گیانی خۆتمان پێبدەیت، ئەوا بە بێ هیچ دوودڵیەک پێی دەفەرموون:

من تامەزرۆی کارێکی لەو شێوەیە دەبم…

هیچ دوودڵیەک داینەدەگرت، حەزرەتی ئەبوبەکر، عومەر، عوسمان، عەلیش هەمان شتیان دەوت.

کاتێک لە ئوحود دەنگۆی شەهید بوونی پێغەمبەر هەرای نایەوە، یەکێک بە دەنگێکی بەرز و  لەسەر مەقامی حیجاز وتی:

لە شوێنێکدا کە ئەو شەهید بووبێت، ئێوە لەبەرچی دەژین؟

بەڵێ، ئەو مەرگی وەها بە شیرینی پشانی ئوانی تر دابوو، بۆ ئەوەی کەسانی تریش ئەو ئیمانە بەدەست بهێنن و پێی بگەن، ئەوەی لە دەستی دەهات ئەنجامی دەدا.

هەربۆیە ئەو تەخشان و بەخشانەی لەوێشدا ئەنجامی دا، هەر بەو هۆیەوە بوو.

بۆ ئەوەی کە دڵەکان بەدەست بهێنێت، حَبِّبُوا اللهَ إِلَى عِبَادِهِ يُحْبِبْكُمُ اللهَ…

الله لەلای بەندەکانی خۆشەویست بکەن هەتا الله ش ئێوەی خۆش بوێت.

ئەمە حەدیسی شەریفە…

دەی ئێوە پێغەمبەرەکەی لەلای ئومەتەکەیی و مرۆڤەکان خۆشەویست بکەن، هەتا پێغەمبەریش ئێوەی خۆش بوێت.

دەتوانن ئەمەش بڵێن. ئەمەی دواتریان حەدیس نیە.

بەڵام گەر بشوترێت، ئەوا لە شوێنی خۆیدایە.

بەڵام پێشینەکانی یەکەم ” سابقون الاولون”، لە موهاجیر  و ئەنسارەکان، خودا لە هەموویان ڕازی بێت، لە سەرەتاوە لە بابەتەکە تێنەگەشتن، وتیان لەبەرچی ئەم بایەخ پێدانە بەرامبەر کەسانێک پشان دەدرێت، کە دوێنێ هاتوون، بەڵام ئێمە لە دێر زەمانەوە، گیان لەسەر دەستانە کۆشش دەکەین، کەچی کەسانێکی تر دەستکەوتەکان دەبەن!

گەرچی ئەوان خەمی دەستکەوتیان نەبوو، بەڵام ئەمە وەک پرسیارێک لە مێشکیاندا دروست بوو.

لەوە دەچێت هەندێک موسوڵمانی گەنج بەم شێوەیە بیر بکەنەوە.

ئەمە لە سروشتی مرۆڤدایە، وَإِنَّهُ لِحُبِّ الْخَيْرِ لَشَدِيدٌ،  خۆشەویستی موڵک و ماڵ لە سروشتی مرۆڤدا هەیە. بەڵام پێویستە مرۆڤ، ئەمە لە ڕێگەی خۆشەویستی خوداوە بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە.

هەندێک لەوان بەم شێوەیە بیریان کردەوە، ئەویش فەرمانی کرد کە هەموو ئەنسارەکان کۆ ببنەوە، بەڵام پێی وتن کەوا هیچ کەس لە موهاجیرەکان نەیەن. چونکە ویستی بە تایبەت قسە بۆ ئەنسارەکان بکات.

ئەوانیش کۆ بوونەوە، گوێیان لە قسەکانی گرت، پێی فەرموون، ئێوە بەم شێوەیە بوون، کاتێک من هاتم، نەبوونە خاوەنی ئەم شتانە؟

لە سایەی ئەمەوە دینتان دەستنەکەوت؟

لە سایەی ئەمەوە هەستی بەهەشت و دۆزەختان بە دەست نەکەوت؟

لەم سایەیەوە ئیمانتان بە الله دەستنەکەوت؟

بە شێوەیەک لە شێوەکان نەیاندەزانی دونیاش چیە، ئیدی لە سایەی ئەمەوە کرانەوە بە ڕووی دونیا ڕووی نەدا؟

کاتێک ئەم پرسیارانەیان لێدەکات بە شێوازی جیاواز، هەموویان بە دەنگی بەرز وەڵامیان دەدایەوە و دەیانوت:

بەڵێ وایە، بەڵێ وایە…

پاشان وتی:

ئێستا ئێوە خوازیاری ئەوە نین، کەسانێک بە سەروەت و سامانەوە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و ئێوەش لەگەڵ من بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانتان؟

هەموویان بە یەک دەنگ و چەشنی کۆرسێک وتیان:

بەڵێ دەخوازی ئەی پێغەمبەری خودا…

بەم شێوەیە ئەنسارە بەڕێزەکان، لەگەڵ سەردارماندا گەڕانەوە ماڵەکانیان…

وشەی اذکروا کە لە قورئانی کەریمدا هاتووە، واتە یادی بکەنەوە، بیهێننە سەر زارتان و لە ویژدانتاندا هەستی پێبکەن، دەتوانن تەواوی ئەم واتایانەی لێ دەربهێنن، یاخود ئەوەی دڵتان بە تەواوی هەست بەم بابەتە بکات، بە دەربڕینێکی تر ئەو بابەتە بکاتە بەشێک لە ناخی.

لە دەمیشیدا وەک نەی ئەم ئاوازە بڵێتەوە، ئەو شتانەی لە دەم و لێوی مرۆڤەوە هەڵدەڕژێنە خوارەوە، هەتا ئەو کاتەی گوزارشت لە جۆش و خرۆشی ناو دڵت بکات، نرخ و بەهایەکیان هەیە!

هەربۆیە کاتێک قورئانی کەریم دەفەرموێت یادی خودا بکەنەوە، واتە دەفەرموێت:

ئێوە هەتا سەردەمانێک، لە نێوان بۆشاییدا دەخولانەوە، ئیدی بیر لە دەوڵەمەندی ئێستاتان بکەنەوە.

نەتاندەزانی بوون و ڕێساکانی بوون بە چ شێوەیەکە، ئێستا دەزانن کەوا چۆنیە،  یادی ئەمانە بکەنەوە، تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیتان ناسی، لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەکانی ئەوەوە، شتانێکی زۆر ئاشکرا بوون، یادی ئەمانە بکەنەوە، لە زۆر شوێندا لە ڕێگەی پێشخستن و پاشخستنی ئەم فەرمانە لە نێوکۆی ئایەتەکاندا، فەرمانی یاد هێنانەوەی خودا،  بە بەندەکانی دەکات.

وَذَكِّرْ فَإِنَّ الذِّكْرَى تَنْفَعُ الْمُؤْمِنِينَ

 

بە یادیان بهێننەوە، چونکە بە یادهێنانەوە زۆر سودی بە مرۆڤی باوەڕدار دەگەیەنێت.

  بەردەوام دەفەرموێت بە یادیان بهێنەوە، هەربۆیە پێویستە بەردەوام ئەم شتانە بە بیری یەکتر بهێنینەوە، بە ناوی ئەوەی کەموکورتیەکانمان پڕ بکەینەوە، پێویستە کەموکورتی و کەلێنەکان، بە شێوەیەک باس بکرێن کە وامان لێنەکەن توشی بێ هیوایی ببین، بەڵام دەبێت لە هەمان کاتی باسکردنیاندا، ئاسۆیەکی بەرزیش پشان بدەین؛ هەتا ئەوەی لە دەستدراوە قەرەبووی بکەینەوە.

هەتا ئەوەی فەوتاوە بە قەزای بگێڕینەوە.

بە پشتیوانی و چاودێری خودا…

بە ناوی قەرەبووکردنەوەی ئەوەی لە دەستدراوە، بە دڵ و گیان داواکارم لە جەنابی حەق، کە سەرلەنوێ جۆش و خرۆش و ئارەزوویەکی توند لە ئێوەدا ببزوێنێت.

بە ناوی ئەوەی ببنە ئیماندارێکی ڕاستەقینە و لەو پێناوەدا هەنگاو هەڵبگرن و بچنە پێشەوە، داوا و نیازی خۆم لە بەرامبەر جەنابی حەق دەردەبڕم.

لەو ڕێگایەی کە بەرەو برانەوە دەڕۆن، پشتیوان بە خودا توشی دۆڕان نابن. توشی پێ هەڵنوتین نابن. توشی کۆسپ و بەربەست نابن، لە ژێر کاریگەری سۆفیانەکاندا نامێننەوە، ناکەونە سنگەخشکێ بە دوای ئەو کەسانەی کە دونیا دەپەرستن، چونکە – داوای لێ بوردنیش دەکەم – ئێوە مێگەل نین.

چونکە ئێوە مرۆڤن، مرۆڤگەلێکن کەوا شعورتان بە مرۆڤ بوونی خۆتان دەشکێت، بۆ ئەوەی هەستی مرۆڤایەتیش بە هەموو دونیا بگیەنن، بە هەر چواردەوری دونیادا کراونەتەوە و، بە هەستە مرۆڤانەیەکانتان سەرفراز بوون و لەگەڵ هەموو دەم کردنەوەیەکتاندا، کاتێک دەم و لێوتان دەجوڵێنن، هەمیشە شتی مرۆڤانە دەڵێن، لەگەڵ مرۆڤایەتیدا دەناڵێن و دەتلێنەوە و مرۆڤگەلێکی بەو شێوەیەن!

 

هەربۆیە دەڵێین خودا نەمانخاتە حاڵی ئەوانەوە، ئەو پێگەیەشتان پێ لە دەست نەدات کەوا پێی بەخشیون، بە پشتیوانی خۆی…

ئەوان  توشی نەخۆشیەکی شێرپەنجەی وەهای داماو بە دەست ناحەزیەوە بوون، کە لە نەخۆشخانەکانیشدا چارەسەری ناکرێت!

دەناڵێنن بە ناڵاندن!

بەڵام جەنابی حەق، ئێوەی پاراستووە، بە شێوەیەک لە شێوەکان، وەک ئەوەی لە بارودۆخێکی پاکژ کراودا گۆشی کردبێتن، بە ئاڕاستەکردنی بێ خەوشانەی خۆی، وەک ئەوەی هەمیشە بەرەو ئەو بارودۆخە پاکژ کراوە ئاڕاستەی کربێتن، بە  پاراستنی تایبەتمەندانی خۆی، بە چاودێری، پارێزگاری، پاراستن، سەرخستنی خۆی، ئێوەی پاراستووە.

هەر بۆیە داواکارم بەردەوامی بە  لوتفە بێ خەوشەکانی خۆی بدات، ئێوەش لە پێ هەڵنوتین و کەوتن و نەتردان بپارێزێت، بە پیر و گەنجتانەوە، بە ژن و پیاوتانەوە، بەوانەی سەردەمانێکە ملی ڕێگەیان گرتووە و لەگەڵ ئەوانەی تازە دەستیان بەم کارە کردووە، یان ئەوانە لە پێشەوە ڕۆشتن و ئەوانەی دواتر بە دوایاندا دەڕۆن، پێی هەمووتان بە ئاڕاستەی ڕێگەی حەقدا جێگیر بکات! والسلام…

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

151 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە