بیروڕاجیهانی

ڕۆژانەی خوێندنگەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن…

بەخامەی: تاریک بوراک

 

لە گوندی کۆروجوک کە مامۆستا فەتحوڵا گولەن (خواجە ئەفەندی) تێیدا لەدایکبووە و گەورە بووە، هەتا ساڵانی ١٩٤٠ خوێندنگەی تێدا نەبووە. خۆی لە خۆیدا خەڵکی دەترسان لەوەی منداڵەکانیان بنێرن بۆ خوێندنگە. قەدەغەکردنی پەروەردەی ئایینی و وتە و هەڵوێستی دژی بیر و باوەڕ لە لایەن مامۆستاکانەوە ترسێکی گەورەی لە لای خەڵکی درووست کردبوو لە بەرامبەر خوێندنگەکانی سەر بە دەوڵەتدا. سیستەمی پەروەردەی دەوڵەت لەگەڵ بیروباوەڕی میلەتدا نەدەگونجا، لەبەر ئەوە خەڵکی دەترسان لەوەی منداڵەکانیان بیروباوەڕ و ئایینیان لەدەست بدەن ئەگەر بیاننێرنە خوێندنگەکانی سەر بە دەوڵەت.

لەو ڕۆژگارەدا قورئان قەدەغە کرابوو، بانگدان قەدەغە کرابوو، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو قەدەغانە نەوەیەکی بیروباوەڕ پتەو و بەهێز پێدەگەیشت. ئەو کەسانەش کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ‘نەوەیەکی دیندار پێدەگەیەنن’ تەواو بە پێچەوانەوە بوونە هۆی ئەوەی نەوەیەکی دابڕاو لە ئایین پێبگات. لە ژێر ناوی ئیسلامی سیاسییدا، دونیا پەرستی و ئارەزووە شەهوانییەکان و خۆشویستنی سەروەت و ناوبانگ پیشانی خەڵکی دەدرێت. ئەو مەترسییەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ڕووبەڕووی ئیسلام بووەتەوە زۆر کوشندەترە لەوانەی ڕابردوو. بەڵام کۆمەڵگا هەست بەو ڕووداوانە ناکات کە ڕەگ و بەها بنەڕەتییەکان دەدەن و بزوێنەرە ڕۆحییەکان لەناو دەبەن. چاوی بەصیرەتی کۆمەڵگا بە تەواوی نابینا بووە. چینێکی پارێزکار کە ناوەوەی بەتاڵە درووست بووە و خۆیان بە شێوەیەک دەردەخەن کە زۆر پابەندن بە ئایینەوە. دوورکەوتنەوەی خەڵکی لە ئایینی ئیسلام و ڕووکردنە بێ دینی و ئاتایزم ڕاستییەکە هەمووان پێویستە بیزانن.

 

ئەمەش ئەمڕۆ و ساڵانی ١٩٤٠ کە خواجە ئەفەندی تێیدا منداڵ بووە…

لە گوندی کۆروجوک لە دوای ساڵی ١٩٤٤ وە ئەو مەدرەسەیەی لە کۆتایی مزگەوتەکەدا هەبوو، وەک پۆلێکی خوێندن بەکاردەهێنرا. بە ڕۆژ منداڵان و بە ئێواران بەساڵاچووان تێیدا دەیانخوێند و فێری نووسین و خوێندنەوە دەبوون. خواجە ئەفەنی لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت ‘لە پەنجەرەکەوە تەماشای ئەو مرۆڤە بەساڵاچووانەم دەکرد و پێدەکەنیم’. بە گوێرەی تۆماری ڕەگەزنامە ئەو کات بە هۆی نەگونجانی تەمەنییەوە ساڵی یەکەم خواجە ئەفەندییان لە خوێندگە وەرنەگرت. کاتێک لە ساڵی ١٩٤٦ دووبارە خوێندن دەستی پێکردەوە دیسان تەمەنی نەدەگونجا بۆ وەرگیران لە خوێندنگە، بەڵام ئەو هەر بەردەوام بوو. سێ ساڵ چووە ئەو خوێندنگەیە. خوێندکارەکان لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا دەستیان بە خوێندن کرد. خوێندکارەکان نەیاندەتوانی جلوبەرگی خوێندنگەی گونجاو لەبەر بکەن، لەبەر ئەوەی گوندنشینەکان زۆر هەژار بوون. خانەوادەکان لە بارودۆخێکدا نەبوون کە بتوانن جلوبەرگی گونجاو بۆ منداڵەکانیان لە خوێندنگە بکڕن.

لە ساڵی ١٩٤٦ کاتێک خواجە ئەفەندی دەستی کرد بە خوێندنی سەرەتایی بەرەوپێشچوونێکی گەورە لە وڵاتدا دەگوزەرا. چەند کەسێکی دیاری وەک جەلال بایار، عەدنان مەندەرێس، تۆفیق کۆراڵتان و فواد کۆپرولو لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) جیابوونەوە و پارتی دیموکراتیان درووست کرد. پرۆگرامی پارتەکە لەسەر ٨٤ مادە بنیادنرابوو کە لەسەر بنەمای لیبراڵیزم و دیموکراسی بنیاد نرابوو. پارتی دیموکرات هەتا کاتی کودەتای سەربازی لە ٢٧ی ئایاری ساڵی ١٩٦٠ لە کارەکانی بەردەوام بوو.

 

 

یادەوەرییەکی سەردەمی خوێندنی سەرەتایی…

خواجە ئەفەندی لە بیرەوەرییەکانیدا باس لە مامۆستایەکی خوێندنگەی سەرەتاییەکی دەکات بە ناوی بێلما و دەڵێت: “لە خوێندنگە مامۆستایەک هەبوو ناوی مامۆستا بەلما بوو. لەگەڵ من زۆر ڕووی خۆش بوو، وە زۆر ڕووی پێ دەدام. هەندێک جار لە ناو پۆلدا تەماشای منی دەکرد و دەیوت ‘ڕۆژێک ئەفسەرێکی گەنج بەسەر پردی گالاتادا هاتوچۆ دەکات و من لە ئێستاوە تەماشای ئەو دەکەم’. ئەو خۆی خەڵکی ئەستەمبوڵ بوو. یادەوەرییەکم لەگەڵ ئەو هەیە کە هەرگیز لە یادم ناچێت. ڕۆژێک هەرچۆنێک بێت منیش لەگەڵ ئەو خوێندکارانەی دیکە تێکەڵ بووم کە ژاوەژاویان لەناو پۆلدا درووست دەکرد. لە خوێندکارەکانی دیکەیدا، بەڵام کاتێک نۆرەی من هات گوێی گرتم و تەنها پێی وتم ‘تۆش وات لێهات؟’ تەنها ئەو ڕستەیە بەس بوو بۆ من.”

یەکێک لە مامۆستاکانی ئەو خوێندنگەیە دوژمنێکی سەرسەختی دین بوو. تەنانەت نوێژکردنی خواجە ئەفەندی لە کاتی پشووی نێوان وانەکاندا پێ هەزم نەدەکرا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خواجە ئەفەندی هەر دەچووە سەر مێزێک و نوێژەکانی خۆی بەجێ دەگەیاند. ئەو مامۆستایە ناسناوی “مەلا” ی لە خواجە ئەفەندی نابوو، وە تاکە هۆکاری ئەوەش بریتی بوو لە نوێژ کردنی خواجە ئەفەندی. بەڵام هەموو فشارەکان و گاڵتەپێکردنەکانی ئەو مامۆستایە نەبوونە ڕێگر لە بەردەم نوێژکردنی خواجە ئەفەندیدا.

هەستیاری بۆ نوێژەکان

خواجە ئەفەندی لە تەمەنی ٨ بۆ ٩ ساڵیدا لە کاتێکدا لە خوێندنی سەرەتایی بەردەوام بوو، لە لایەکی دیکەشەوە لە هەموو کاروبارەکانی خانەوادەکەیدا یارمەتیدەریان بوو. بە دەم هەموو کارەکانەوە دەچوو، وەک کۆکردنەوەی ناو ماڵ، گسک لێدان، خواردن ئامادە کردن، قاپ شۆردن و لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات. لەگەڵ بەدەمەوەچوونی هەموو ئەو کارانەشدا هیچ کات خوێندنەوەی پشتگوێ نەدەخست. سەرەڕای ماندووبوونی هەوڵی دەدا سوود لە شەوەکانیشی وەربگرێت. شەوێکیان زۆر ماندوو ببوو، وە پێش ئەوەی نوێژی خەوتنان ئەنجام بدات پاڵ کەوتبوو. دەیویست کەمێک پشووبدات و دواتر هەستێت و نوێژەکەی بەجێ بگەیەنێت. خاتوو ڕەفیعە دایکی خواجە ئەفەندی کە زۆر بە وردی چاودێری هەموو بارودۆخێکی ڕۆڵەکەی دەکرد، هەستی بەوە کردبوو کە ئەو بێ ئەوەی نوێژەکەی بەجێ بگەیەنێت خەوی لێکەوتبوو. بەو دۆخە زۆر ناڕەحەت بوو، و پێی وت ‘نوێژەکەت بکە و دواتر بنوو، منیش ماندووم ڕەنگە نەتوانم تۆ بەرز بکەمەوە’. خواجە ئەفەندی هەتا ئەو کاتە هەرگیز بە بێ ئەوەی نوێژەکانی بەجێ بگەیەنێت نەنووستبوو. بە پشت بەستن بە ماندوێتی و ڕەحمی دایکییەوە وەڵامی دایەوە و وتی: ‘دایە زۆر ماندووم، دواتر هەڵدەستم و دەیکەم’. خاتوو ڕەفیعە بەو هۆیەوە زۆر نیگەران بوو. ئەویش تەواوی ڕۆژەکە کاری کردبوو و ماندوو ببوو. بەڵام بە لای ئەوانەوە فەوتاندنی تەنها یەک نوێژ وەک ئەوە وابوو تەواوی دونیایان بەسەردا بڕوخێنیت. خاتوو ڕەفیعە وتی ‘ئەگەر بە بێ ئەوەی نوێژەکەت بەجێ بگەیەنیت بنوویت، ئەوا تەرمەکەت ببینم کاتێک بەیانی بەئاگا هاتم’ و وا بیری کردەوە کە کوڕەکەی شەو خەبەری نابێتەوە و بەو هۆیەوە زۆر نیگەران بوو و دەستی بەرزکردەوە دەستی کرد بە پاڕانەوە. خواجە ئەفەندی بە هۆی ئەو وتانەوە هەستا و نوێژی کرد و بە درێژایی تەمەنی ئەو هەڵوێستە جدییەی لە بەرامبەر نوێژدا لەبیر نەچووەوە.

کاتێک لە ساڵی ١٩٤٧ خواجە ئەفەندی تەمەنی گەیشتە نۆ ساڵان، ئەمریکا ئاڵای جەنگی لە بەرامبەر کۆمۆنیزم لە سەرانسەری جیهان بەرز کردبووەوە. لە بەرواری ١٢ی ئازاری ١٩٤٧ ئەمریکا بە ڕێبازی ترومانەوە بە تایبەت هەوڵیان دەدات تورکیا و یۆنان لە بەرامبەر کۆمۆنیزمدا خۆیان بپارێزن. ئەوە لە کاتێکدا کە لە جەنگی ناوخۆی یۆناندا کۆمۆنیستەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. لەگەڵ ئەو ڕێبازەدا تورکیا هەستی بە پارێزراوی دەکرد لە بەرامبەر سۆڤییەتدا. تورکیا لەگەڵ بلۆکی ڕۆژئاوادا نزیک بووەوە و چووە قۆناغی بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا. پلانی مارشاڵ یەکێک بوو لە ئەنجامەکانی ئەو ڕێبازە. لە لایەکی دیکەشەوە هەر لەو ساڵەدا هندستان سەربەخۆیی بەدەستهێنا.

لە دوای ساڵی ١٩٤٨ وە فشار و ستەمەکان لە دژی مامۆستا سەعیدی نورسی (بەدیعوزەمان) زیادیان کرد و توندتر بوون. وەک ئەوەی یاخیبوونێکی گەورە ڕوویدابێت پاریزگار و بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیس بەردەوام دەچوونە ئەمیرداغ و دەهاتنەوە، و لە لایەکی دیکەشەوە پێنج فڕۆکەی جەنگی بەردەوام بەسەر ناوچەی ئەمیرداغدا دەسوڕانەوە و دەیانویست خەڵک و تەلەبەکانی پەیامەکانی نوور بترسێنن و تووڕەیان بکەن. لە بەرواری ٢٣ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٨ بەدیعوزەمان و ژمارەیەکی زۆر تەلەبەی دیکە لە شارەکانی دەوروبەرەوە دەستگیر کران و لە گرتووخانەی ئافیۆن بەندکران. هەلومەرجەکان لە گرتووخانەی ئافیۆندا زۆر سەختتر بوون. بەدیعوزەمان بە تەنها خرایە قاوشێکی نهۆمی سەرەوەی گرتووخانەکە کە قاوشێکی ٧٠ کەسی بوو، وە ٢٤ پەنجەرەی شکاوی تێدا بوو. لە سەرمای سەختی ساڵانی سەدەی ڕابردوودا، تەنانەت زۆپایەکیشی پێ نەدرا. مامۆستا سەعید لەو کاتەدا تەمەنی لە سەروو ٧٠ ساڵییەوە بوو و جەستەی بە تەواوی داڕوخا بوو، بە هۆی برسێتییەوە لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا بوو، وە لەو ماوەیەدا سێ جار ژەهری بۆ کرایە خواردنەکەیەوە. بەڵام ئەو لە بەرامبەر هەموو ئەو ئازار و ناڕەحەتییە تاقەت پڕوکێنانەدا ئارامی دەگرت و بە شێوەیەک لە شێوەکان هەوڵی دەدا نامەی دڵنەوایی بگەیەنێتە دەست تەلەبەکانی و بانگێشتی دەکردن بۆ ئارام گرتن.

یەکێکی دیکە لە ڕووداوە گرنگەکانی ئەو سەردەمە بریتیی بوو لە کوشتنی غاندی لە ئێوارەی ڕۆژی ٣٠ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٨. لە دوایین هەناسەیدا وتبووی “الله”. غاندی بە تەنها بەهایەکی باڵای هندستان نەبوو، بەڵکو بەهایەکی گەورە بوو بۆ هەموو مرۆڤەکانی سەر زەوی. لە دوای خۆی هیچ ماڵێکی بەجێ نەهێشت، تەنها نەعلێکی کۆن و چاویلکەکەی نەبێت…

یەکێکی دیکە لە ڕووداوە سەرسوڕهێنەرەکانی ئەو ساڵە بریتیی بوو لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە بەرواری ١٤ی ئایاری ١٩٤٨. بەریتانییەکان سەرەڕای ئەوەی زۆر بە باشی دەیانزانی دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ جوولەکەکان لە ناوچەکەدا وڵاتانی عەرەبی زۆر تووڕە دەکات، بەڵام ڕێگەیاندا لە ناو وڵاتی فەلەستیندا دەوڵەتێک بۆ جوولەکەکان دابمەزرێنرێت. لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل وڵاتانی یەکێتی عەرەبی جەنگیان لە دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند. هێزەکانی میسر و ئەردەن و سوریا و عێراق لە سێ لاوە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و بەرەوپێش چوونێکی گرنگیان تۆمار کرد، بەڵام جەنگەکە دواتر لە دژی عەرەبەکان شکایەوە، وە لە کۆتایی جەنگەکەدا ئەو ڕێژەی ٥٦ لە سەدەی خاکی فەلەستین کە لە ساڵی ١٩٤٧ بەدەستی هێنابوو بۆ ڕێژەی ٧٨ لە سەد بەرز کردەوە.

 

کۆچ بۆ گوندی ئاڵڤار (١٩٤٩)

لەو سەردەمەدا کە هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕا و بەدیعوزەمان و تەلەبەکانی نوور لە گرتووخانەی ئافیۆن بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیر کرابوون و ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ ببوونەوە، خواجە ئەفەندی لە پۆلی سێی سەرەتایی بوو، وە خانەوادەکەی لە گوندی کۆروجوکەوە دەیانویست کۆچ بکەن بەرەو گوندی ئاڵڤار.

مامۆستا ڕامیز هەتا ساڵی ١٩٤٩ لە گوندەکەی خۆی لە کوروجوک ئیمامەتی دەکرد. لەو ساڵانەدا لە ناو خەڵکی گوندەکەدا بیروڕای جیاوازی سەری هەڵدابوو دەربارەی بابەتی “ئیمامەتی”. هەندێک لەو کەسانە دەیانویست لە بری مامۆستا ڕامیز کەسێکی دیکە ببێتە ئیمام، وە هەندێکی دیکە حەزیان دەکرد مامۆستا ڕامیز لە ئیمامەتی بەردەوام بێت. چارەسەری هەموو ئەو کێشانە لە لایەن حەزرەتی ئاڵڤارلی ئەفەوە هات. پێشنیاری کرد مامۆستا ڕامیز بچێتە ئاڵڤار و لەوێ خزمەت بکات. خەڵکی ئاڵڤار خۆی لە خۆیدا بەوە ڕازی بوون. لەبەر ئەوە مامۆستا ڕامیز گوێی لە وتەکەی ئاڵڤالی ئەفە گرت و خستییە مێشکی خۆیەوە کە لە کۆروجوک بڕوات و بچێت بۆ گوندی ئاڵڤار و لەوێ ئیمامەتی بکات. کاتێک ئەو بابەتە ئاشکرابوو، وەرزی زستان بوو، لەبەر ئەوە چاوەڕوانی وەرزی بەهاریان کرد بۆ ئەوەی ماڵ بگوازنەوە. جیابوونەوە هەم بۆ ئەوانەی کە دەڕۆن و هەم بۆ ئەوانەی کە دەمێننەوە کارێکی زۆر سەخت بوو. بە هۆی ئەوەی ساڵانێکی زۆر هەموو ئەو خانەوادانە پێکەوە دەژیان، جیابوونی ئەو خانەوادانە وەک مردن وابوو بۆ ئەوان.

لە ئەنجامدا هەرچەندە کارێک زۆر سەخت بوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٤٩ گوندی کۆروجوکیان بەجێهێشت. لە ئاڵڤار لە ماڵی ئیمامی مزگەوتەکە لە بەرامبەر مزگەوتی گوندەکە جێگیر بوون. ماڵێکی زۆر بچوک بوو کە لە دوو ژوور پێکهاتبوو. خۆی لە خۆیدا هێندەش کەلوپەلیان نەبوو. خواجە ئەفەندی بە هۆی بوونی باوکی بە ئیمامی گوندی ئاڵڤار و گواستنەوەی ماڵەکەیان بۆ گوندی ئاڵڤار، ناچاربوو بێ ئەوەی پۆلی سێی سەرەتایی تەواو بکات واز لە خوێندن بهێنێت و دواتر لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی دەرەکییەوە خوێندنی سەرەتایی تەواو کرد.

“دوای دوو ساڵ و نیو خوێندن، خوێندنگەم بەجێهێشت. بە هۆی ئەوەی باوکم وەک ئیمام چوو بۆ گوندی ئاڵڤار، ئێمەش ناچاربووین ماڵمان بۆ ئەو گوندە بگوازینەوە. دوای ئەوەش هیچ کات نەچوومەوە بۆ خوێندنگە. ماوەیەک گەڕامەوە بۆ گوندی کۆروجوک. مامۆستا بەلما منی بینی و پێی وتم ‘من تۆم دەرچاندووە بۆ پۆلی چوارەم’. بەڵام ئەو هەوڵەی ئەویش هیچ سوودێکی نەبوو. نەچوومەوە بۆ خوێندنگە. دواتر خوێندنی سەرەتاییم لە شاری ئەرزڕوم لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی دەرەکییەوە تەواو کرد”.

لەو کاتانەدا کە مامۆستا ڕامیز ماڵی گواستەوە بۆ گوندی ئاڵڤار، لە بەرواری ٤ی نیسان هاوپەیمانێتی ناتۆ دامەزرا. هاوپەیمانێتی ناتۆ لە لایەن کۆمەڵێک وڵاتی سەربەخۆوە لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی و سەربەخۆیی خاکی وڵاتەکانیان لە بەرامبەر ئەگەری هێڕشی ئەو وڵاتە کۆمۆنیستانەی لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە بە بەهێزی لە جەنگەکە دەرچوون، بنیادنرا. ڕێک لەو کاتانەدا، یەکێتی سۆڤییەت کە لەگەڵ ئەمریکادا چووبووە ڕکابەری چەکی ئەتۆمییەوە لە مانگی ئابی ١٩٤٩دا یەکەم تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی خۆی ئەنجامدا.

ئەرکەکانی سەر شانی خاتوو ڕەفیعەی دایکی خواجە ئەفەندی لە گوندی ئاڵڤار زیاتر ببوو. لەبەر ئەوەی خێزانی ئیمام بوو دانیشتوانی گوندەکە کۆمەڵێک چاوەڕوانیان لەو هەبوو. هەرگیز لە هیچ شتێک دوا نەدەکەوت کە زانیاری دەربارەی هەبووبێت، بەدەم هەموو خزمەتێکەوە دەچوو کە فریای بکەوتایە. بیرمان نەچێت کە گەورەترین یارمەتیدەری خاتوو ڕەفیعە لە کاروباری ناوماڵدا خواجە ئەفەندی بوو:

“کاتێک باوکم دەچوو بۆ گوندی ئاڵڤار بۆ ئیمامەتی دایکم بە تەواوی بە تەنها دەمایەوە. بە هۆی ئەوەی دایە گەورەم (خاتوو مونیسە) لەگەڵ خوشکە گەورەکەمدا دەمایەوە، ئەرکی یارمەتیدانی دایکم لە کاروباری ناوماڵدا دەکەوتە سەرشانی من. چونکە من گەورەترینی ماڵەوە بووم. تەمەنم نۆ یان ١٠ ساڵان بووم. لە لایەک وانەی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆزم تەواو دەکرد و لە لایەکی دیکەوە یارمەتی دایکمم دەدا. لە هەویر شێلان و خواردن ئامادەکردن و جل و قاپ شۆردندا یارمەتیم دەدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر ئەرکی دیکە دەکەوتە سەر شانی دایکم. بە کورتی ژیانی دایکم سەرانسەر ناڕەحەتی بوو. سەرەڕای هەموو ئەوانەش تەواوی هەوڵی خۆی خستبووە گەڕ بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ئێمە پەروەردە بکات. ئەوەش کاریگەری لەسەر من درووست کردبوو و یارمەتی دەدام بۆ ئەوەی لە هەندێک لە قۆناغەکانی تەمەنمدا ئەو کارانە بکەم کە پێویستە بیکەم.”

لەو ڕۆژگارەدا کە خواجە ئەفەندی لە گوندی ئاڵڤار ساڵانی منداڵی بە ئازار و ناڕەحەتییەوە دەگوزەراند، بەدیعوزەمان هێشتا هەر لە گرتووخانەی ئافیۆن بەندکرابوو. بە هۆی ئەوەی دادگا نەیتوانی هیچ بڕیارێک بدات، بەدیعوزەمان و تەلەبەکانی لە ٢٠ی ئەیلولی ١٩٤٩ ئازاد کران. بەڵام سەرەڕای ئەوەی بێتاوانیان سەلمێنرابوو، ڕێگە نەدەدرا مامۆستا سەعید هەتا بەرواری ٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٩ شاری ئافیۆن بەجێ بهێڵێت. دواتر لە ڕێگەی ئوتومبێلێکی پۆلیسەوە گوازرایەوە بۆ ناوچەی ئەمیرداغ و ناچار بوو بۆ ماوەی دوو ساڵ لەوێ بمێنێتەوە.

 

بێرنارد لویس لە تورکیایە (١٩٥٠)

لە سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠دا، بێرنارد لویس کە ئەمریکییەکی بە ڕەگەز بەڕیتانی بوو سەردانی تورکیای کرد. لێکۆڵینەوەی لە ئەرشیڤی عوسمانییەکان دەکرد و کتێبێکی بە ناونیشانی “لەدایکبوونی تورکیا مۆدێرن” نووسی. لویس بۆ یەکەم جار تێزێکی خۆی بە ناونیسانی “پێکدادانی شارستانیەتەکان” بڵاوکردەوە و بە یەکێک لە کاریگەرترین مێژوونووسانی بواری ئیسلام لە جیهانی ڕۆژئاوا و شارەزا لە بواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەسەندکرا. لە بەرامبەر بیرۆکەی “پێکدادانی شارستانییەتەکان” ی بێرنارد لویس، فەتحوڵا گولەن کە دەیەوێت پردی دیالۆگ لە نێوان کەلتور و شارستانییەتە جیاوازییەکاندا درووست بکات و ئاشتی  و ئشتەوایی لە سەرانسەری جیهاندا بەرقەرار بکات، لەو کاتەدا هێشتا منداڵ بوو. بە هۆی ئەوەی ئاسۆی تێگەیشتنی خواجە ئەفەندی لەو ڕۆژگارەدا هێشتا کەشف نەکرابوو، بانگەشەی ئەوە دەکرا کە جیهانی ئیسلامی کێشەی لەگەڵ جیهانی مۆدێرندا هەیە و باسیان لە شەڕ و پێکدادان دەکرد.

 

 

جەنگی کۆریا (١٩٥٠ – ١٩٥٣)

جەنگی کۆریا لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ بۆ ١٩٥٣ لە نێوان کۆریای باکوری کۆمۆنیست و کۆریای باشور بەڕێوەچوو. دوای ئەوەی ستالین لە جەنگەکەدا پشتیوانی لە کۆریای باکور کرد، ئەمریکا دەستی وەردایە جەنگەکە. بەو شێوەیە ڕەهەندی جەنگەکە گۆڕانی بەسەردا هات و بووە جەنگی نێوان “بلۆکی کۆمۆنیست و دونیای ئازاد”.

لە چوارچێوەی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تورکیا لیوایەک، واتە ٥ هەزار و ٩٠ سەربازی ناردە کۆریا. کاک بایرام یوکسەل کە یەکێک بوو لە تەلەبەکانی مامۆستا سەعیدی نورسی لەو کاتەدا لە ناوچەی ئەسکەندەروون ل خزمەتی سەربازیدا بوو، وە بەشداری لەو جەنگەدا کرد. خۆی لە خۆیدا مامۆستا سەعید بیروڕای خۆی دەربارەی ئەو جەنگە بەیان کردبوو و وتبووی “بەشداری کردن لەم جەنگەدا لە دژی ئەو بیروبۆچوونەی ئینکاری لە بوونی خودا دەکات کارێکی پێویستە”. لە ڕێگەی بایرام یوکسەلی تەلەبەیەوە تەواوی پەیامەکانی نووری نارد بۆ یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای ژاپۆن کە لە ساڵی ١٩٠٧ لە ئەستەمبوڵ ناسیبووی.

 

هەوڵەکانی خواجە ئەفەندی بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز (١٩٥١)

خواجە ئەفەندی لە کۆروجوک ماوەی دوو ساڵ و نیو چووە خوێندنگە، بەڵام لە ئاڵڤار دووبارە دەستی بە خوێندن کردەوە. لە ساڵی ١٩٥١ لە لایەن مامۆستا ڕامیزی باوکییەوە وانەی عەرەبی دەخوێند. لە کتێبی ڕێزمان و هەندێک نمونەی دیکەوە بەشێک لە زمانی عەرەبی شارەزا بوو. لەو سەردەمەدا چەند کتێبی باوکی هەبوو کە بە زمانی عوسمانی نوسرابوو هەمووی خوێندەوە. سەرسامی مامۆستا ڕامیزی باوکی بە هاوەڵانی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) گوازرایەوە بۆ ئەویش و لەو تەمەنەیدا ئەو کتێبانەی کە سەرگوزەشتەی ژیانی ئەوانی تێدا باسکرابوو لەبەری کردن. دواتر مامۆستا ڕامیز لەسەر پێشنیاری کەسانی چواردەوری خواجە ئەفەندی لەگەڵ دوو سێ منداڵی دیکە ناردە بەر لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز. خواجە ئەفەندی لە دوای کارەکانی ناو ماڵ و لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکەیانەوە بە پێی توانای قورئانی لەبەر دەکرد و لەو ڕۆژانەی زۆر باش کۆششی دەکرد دەیتوانی هەتا ١٠ لاپەڕە (نیو جوزء) لەبەر بکات. مامۆستا ڕامیز بە ڕەفتارە نەرمونیانەکەی خۆی بەردەوام هانی دەدا. خاتوو ڕەفیعەش سەرەڕای ئەوەی خۆی بە تەواوی هەموو قورئانی لەبەربوو، بەڵام گوێی لە ووتنەوەکانی خواجە ئەفەندی دەگرت.

“من شەخسی خۆم حافز قورئانم و لەو کەسانەم کە لە تەمەنمدا دوو جار هەموو قورئانم لەبەر کردووە. یەکەمیان لە تەمەنی نزیک ١٠ ساڵیدا بووم باوکم پێی لەبەر دەکردم. لەبەر هەندێک هۆکار و بە هۆی ئەوەی لەسەری ڕانەوەستام بە تەواوی لەبیرم چبووەوە. دواتر لە ساڵانی ١٩٨٠ دووبارە لە ماوەی چوار مانگدا بوومەوە حافز. بەڵام بە تەواوی ڕاستگۆیی و سەمیمیەتی خۆمەوە پێویستە ئەوە بڵێم کە لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەکی دیکەدا وەک ئەوە وایە ئاسۆیەکی نوێ و کیشوەری نوێ کەشف بکەم. پێم وایە هەموو ئەو کەسانەی دیکەش کە دڵیان بەوە داوە بە هەمان شێوە بیر دەکەنەوە. ئەگەر توانا هەبێت، ئاشنا بیت بە واتای ئایەتەکان و بتوانیت بە شوێن مەبەستە ئیلاهییەکان بچیت  و بە شێوەیەکی پڕ لە تەرکیزەوە بیانخوێنیتەوە.”

خواجە ئەفەندی جگە لە هەموو ئەو هەوڵانەی، بەشداری لە وانەکانی شێخ موحەمەد لوتفی ئەفەندیدا دەکرد کە بە “ئاڵڤارلی ئەفە” ناسراوە.

هەر لە ساڵی ١٩٥١ دا خاتوو فەزیلەتی خوشکی خواجە ئەفەندی لەدایکبوو.

 

چالاکییەکانی دیالۆگ لە نێوان پاپا و بەدیعوزەمان (١٩٥١)

لەو قۆناغەدا دەبینین بەدیعوزەمان لەگەڵ کۆمەڵێک لە مرۆڤە دیارەکانی جیهان دیالۆگی ئەنجامداوە. بەرهەمێک بە ناوی زولفیقار لە ساڵی ١٩٥١ نێردرا بۆ پاپا ڕابەری مەسیحییە کاتۆلیکییەکان لە ڤاتیکان. هەر لە هەمان ساڵدا نامەیەک لە ڤاتیکانەوە نێردرا بۆ بەدیعوزەمان و تێیدا بە هۆی “بەرهەمە دەستنووسەکەوە” سوپاسی مامۆستا کرا.

 

ڕۆژانی خواجە ئەفەندی لە هاسانکالە (١٩٥٢)

خواجە ئەفەندی بە یارمەتی باوکی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆزی تەواو کرد و لە وەرزی هاوینی ساڵی دواتردا بۆ یەکەم جار لە کارەکانی ناو ماڵ و کێڵگە بەخشرا و بە مەبەستی وانە خوێندن و فێربوونی تەجوید نێردرایە لای مامۆستایەک بە ناوی حاجی سدقی لە هاسانکەلە. (١٩٥٢) بەڵام بە هۆی ئەوەی لە هاسانکالە هیچ شوێنێک نەبوو بۆ ئەوەی تێیدا بمێنێتەوە ناچار بوو هەموو ڕۆژێک ٧ بۆ ٨ کیلۆمەتر ڕێگە ببڕێت بۆ ئەوەی لە ئاڵڤارەوە بگاتە هاسانکالە.

حاجی سدقی خۆی بەزاز بوو. (سەرقاڵی کاری کڕین و فرۆشتنی قوماش بوو). تەنها لەبەر ڕەزامەندی خودا وانەی بە تەلەبەکان دەوتنەوە. بەڵام لەو کاتانەی کارەکانی تەواو دەبوو تەنها لە دوکانەکەیدا دەیتوانی لەگەڵ یەک دوو تەلەبە سەرقاڵ ببێت. لە هەمان کاتدا خۆی نانی نیوەڕۆی بۆ تەلەبەکانی دابین دەکرد. هەر لەو سەردەمەدا ئەمریکا لە چوارچێوەی ڕکابەری بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمییدا کە بووە بەڵایەک بۆ مرۆڤایەتی بۆمبێکی هایدرۆجینی بە ناوی “مایک” تاقیکردەوە.

 

خواجە ئەفەندی لە مەدرەسەی مزگەوتی کورشونلو (١٩٥٢)

مامۆستا ڕامیز نیگەران بوو لەوەی هەموو ڕۆژێک کوڕەکەی ڕێگەی دوور و درێژی نێوان ئاڵڤار و هاسانکالە ببڕێت کە ڕێگەیەکی زۆر دوور و درێژ بوو بۆ منداڵێکی دە ساڵان. لەبەر ئەو هۆکار چیتر کوڕەکەی نەناردەوە بۆ هاسانکالە.

خواجە ئەفەندی جاریکی دیکە دەستی کردەوە بە خوێندن لە لای مامۆستا ڕامیزی باوکی. بەڵام ئەوانە بەس نەبوون بۆ ئەو. مامۆستا ڕامیز درکی بە توانا و لێهاتوویی و تامەزرۆیی کۆڕەکەی دەکرد بۆ خوێندن، بەڵام نەیدەزانی پێویستە چ ڕێگەیەک بگرێتەبەر. خواجە ئەفەندی دیسان ئەو بۆشاییەی بە خوێندنەوەی کتێبی جۆراوجۆر پڕ کردەوە.

ڕێک لەو کاتەی بڕیاری کۆتایی نەدەدرا، لەسەر پێشنیاری ئیمامی ئاڵڤار کە وتی “بە دڵنیاییەوە پێویستە ئەم منداڵە بخوێنێت” خواجە ئەفەندی لە ساڵی ١٩٥٢ نێردرایە لای سەعدی ئەفەندی نەوەی ئیمامی ئاڵڤار لە مزگەوتی کورشونلو لە شاری ئەرزڕوم. سەعدی ئەفەندی نزیکەی ٥ بۆ شەش ساڵ لە خواجە ئەفەندی گەورەتر بوو. پیاوێکی زۆر پاک و ڕێکوپێک بوو، بەڵام تەمەنی زۆر گەنج بوو و بێ ئەزموونیش بوو.

مەدرەسەی مزگەوتی کورشونلو سەقفەکەی لە تەختە درووست کرابوو و مەدرسەیەکی بچووک بوو. خواجە ئەفەندی بۆ یەکەم جار لەوێ دەستی بە خوێندنی مەدرەسە دەکرد. سندوقێکی بە دەستەوە بوو کە هەموو کەلوپەل و پێویستییەکانی تێدا بوو. خواجە ئەفەندی لەو مەدرەسەیەدا لە ماوەی دوو مانگ و نیودا وانەکانی (ئەمسیلە، بینا و مەراح) ی لەبەرکرد. ئیزهاری تەواوکرد. بە بەراورد بە هاوپۆلییەکانی زۆر خێرا بەرەوپێش دەچوو.

مەدرەسەکە لە کۆمەڵێک ژووری بچووک پێکهاتبوون کە لە چواردەوری مزگەوتەکەدا هەبوون و بە زۆری جگە لە پەتاتە هیچ خواردنێکی دیکەی تێدا لێ نەدەنرا. لەو ژوورە بچوکانەدا حەسیر ڕاخرابوو و بەسەر حەسیرەکەشدا دۆشەک ڕاخرابوو. هەر ژوورێک خۆی خواردنی خۆی ئامادە دەکرد.

عەبدولخالق گۆمەچ یەکێک بوو لەو هاوڕێیانەی خواجە ئەفەندی کە لەو ڕۆژگارەدا پێکەوە لەو مەدرەسەیە دەیانخوێند. عەبدولخالق گۆمەچ بەم شێوەیە وێنای ئەو ڕۆژانە دەکات:

“ئەو مەدرەسەیەی تێیدا دەمانخوێند زۆر سەرەتایی و دواکەوتوو بوو. حەسیرێک لەسەر زەوییەکە ڕاخرابوو، وە لەسەر ئەوە دۆشەکێکمان ڕاخستبوو کە لەسەر دادەنیشتین و نانمان دەخوارد و دەنووستین و وانەمان لەسەر دەخوێند. شوێنێکمان هەبوو پێمان دەوت کیلەر، خۆراکەکان لەوێدا دادەنران. شوێنێکی زۆر تاریک بوو: لەو سەردەمانەی مزگەوتی کورشونلو گرتووخانە بوو، سزای لە سێدارەدان لەو شوێنانەدا جێبەجێ دەکرا… گولەن مرۆڤێک بوو کە بەرگەی ناحەقی نەدەگرت. ڕۆژێک یەکێک لە هاوڕێکانمان جنێوی بە مندا. منیش لە تووڕەییدا دانیشتم و گریام. کاتێک ئەو منی بینی دەگریام، پرسیاری دەردەکەمی لێ کردم و پێم وت. یەخەی ئەو کەسەی گرت کە جنێوی بە من دابوو و دواتر لییدا. زۆر توند و بەهێز بوو. بەڵام هێز و تواناکەی هیچ کاتێک بە ناحەقی یاخود بۆ پاڵپشتی بەهێزەکان بەکار نەدەهێنا. وێنەیەکمان هەبوو پێکەوە. ئەو چاکەتێکی سێ قۆپچەی لەبەردا بوو… هەموو گەنجە هەبووەکان چاکەتی سێ قۆپچەیان لەبەر دەکرد. لەو ڕۆژگارەدا باوی ئەوە بوو. فەتحوڵا گولەن بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە پانتۆڵەکەشی ئوتوکراو بێت. هیچ کاتێکیش سەر و قژیم بە پەرش و بڵاو نەبینیوە.”

 

 

سەعدی کەیهان یەکێکی دیکە لە هاوڕێکانی خواجە ئەفەندی لە مەدرەسە، بەم شێوەیە باس لە ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژگارە دەکات:

“ساڵی ١٩٥٣ چوومە مزگەوتی کورشونلو. خواجە ئەفەندیش لەوێ تەلەبە بوو. لەوێ یەکترمان ناسی. بەڵام لەو سەردەمەدا مەدرەسەکان پشتگوێ خرابوون. ئەو کەسانەی کە تەلەبەکانیان لەخۆ دەگرت و پارێزگارییان لێ دەکردن و یارمەتییان دەدان زۆر کەم بوون. لەبەر ئەوە لەو مەدرەسەیەدا جگە لە پەتاتە هیچ شتێکی ئەوتۆ لێ نەدەنرا. هەر ژوورێک خۆی خواردنی خۆی ئامادە دەکرد و ئامادەکردنی خواردن بە نۆرە بوو. بەڵام لە ژوورەکەی خواجە ئەفەندی بەردەوام خواجە ئەفەندی خواردنەکانی ئامادە دەکرد. پێش هەموو ژەمە خواردنێک ئیشتیهای دەکردینەوە و دەیوت “خواردنێکی هێندە خۆشم بۆ ئامادە کردوون کە پەنجەکانتانی پێوە دەخۆن”. ئێمەش وامان دەزانی ئەمڕۆ خواردنێکی جیاواز دەخۆین، بەڵام ئەوە لە کاتێکدا بوو دیسان هەر پەتاتە دەهاتەوە بەردەممان. بەڵام خواجە ئەفەندی هەر جارەو بە جۆرێکی جیاواز پەتاتەی ئامادە دەکرد. بەردەوام خۆی کارەکانی خۆی دەکرد. هیچ کەسێک ئەوی نەبینەوە کە داوای ئەنجامدانی کارێک لە کەسێکی دیکە بکات. بە پێی توانای خۆی حەزی دەکرد یارمەتی کەسانی دیکە بدات لە کاروبارەکانیاندا و بە خۆشحاڵییەوە یارمەتی دەدان. هەندێک بیروبۆچوونی هەڵە کە لە ناو خەڵکیدا ببووە شتێکی باو، بە بێ هیچ شەرم کردنێک ڕەتی دەکردنەوە. بە تایبەت بەردەوام دژی ئەوە لە کاتی گێڕانەوەدا زیادەڕۆیی و ڕۆچوون بکرێت.

هەندێک چیرۆک هەبوون کە خەڵکی حەزیان لێبوو، دەیانخوێندنەوە گوێیان لێ دەگرتن. ئەو دەیوت ئەو چیرۆکانە هەڵبەستراون و بەردەوامی دژی دەوەستایەوە. ئێمە لەو سەردەمەدا بێتاقەت بووین لەو هەڵسوکەوتانەی ئەو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ تێگەیشتین کە ئەو چەند لەسەر حەق بووە. هیچ کەسێکم بەبیرنایەت کە هێندەی ئەو پارێزگاری لە شکۆی زانستەکەی بکات. لەو ڕۆژگارەدا کاتێک کەسێک دەمرد ئێمەیان دەبرد بۆ ئەوەی خەتمیان لەسەر بخوێنین و دواتر سێ چوار قروش خەرجییان دەخستە گیرفانمانەوە. ئێمە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژانەمان دەکرد. زۆرینەمان هەژار بووین و پێوستمان بە پارە هەبوو. بەڵام خواجە ئەفەندی هەرچەند پێویستیشی پێی بووبێت نەدەچووە ئەو شوێنانەوە. تەنانەت هەوڵیشی دەدا ڕێگە لەو کەسانە بگرێت کە دەچن و تەنانەت لەو کاتانەشدا مشتومڕ و پێکدادان درووست دەبوو.

جلوبەرگی زۆر پاک و خاوێن بوو. ڕێگەی نەدەدا کەسانی دیکە کەلوپەلەکانی بەکار بهێنن. تەنانەت پشتییەک هەبوو کە لەسەری دادەنیشت، هەندێک جار هاوڕێیان دەیانویست لەسەر ئەوە دابنیشن، بەڵام خواجە ئەفەندی بە زمانێکی شیرین دەیوت “هاوڕێ من هێندە بە ئاسانی ئەو پشتییە نادەم بە کەسانی تر” و ڕێگەی نەدەدا کەس لەسەری دابنیشێت. پەیوەندی لەگەڵ کەلوپەلەکاندا زۆر قووڵ بوو. ئەو شتانەی ئێمە هیچ گرنگییەکمان پێ نەدەدا، ئەو زۆر لە نزیکەوە گرنگی پێ دەدا. واتە هەر شتێکی ببینییایە بە دڵنیاییەوە هەوڵی دەدا فێری وردەکارییەکانی ببێت. لە کاتی ناسینی هاوڕێیاندا زۆر بە هەستیاری مامەڵەی دەکرد. دەتوانم بڵێم خاوەنی ڕۆحێکی لێکۆڵەر بوو. ئەو خاوەنی هەیبەتێکی تایبەت بوو کە کاریگەری لەسەر هەموو کەسانی چواردەوری درووست دەکرد و هەمووان ڕێزیان لێ دەگرت. هیچ کات بەرگەی ناحەقی نەدەگرت. ئەو ناحەقییە لە لایەن هەر کەسێکەوە بکرایە، بێگومان ئەو بە هەڵوێستێک دژی دەوەستایەوە و هانی ئێمەشی دەدا بۆ ئەوەی بەو شێوەیە مامەڵە بکەین.”

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/fethullah-gulen-hocaefendinin-medrese-gunleri-haberi/1321112/

264 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە