بیروڕانەناسێنراوەکان

چیرۆکێکی ئازادی

مێریچ تاریک بوو، بەڵام ئەو جێمان هێشتبوو تاریکتر بوو

 

خانەوادەی ئالجی یەکێکن لەو خێزانانەی بە مەبەستی ڕزگاربوون لەو فشار و ستەمەی لە لایەن حکومەتی تورکیاوە دەکرێتە سەریان ڕێگای ڕووباری مێریجیان گرتەبەر و ڕووبەڕووی چەندین ڕووداوی ناخۆش و نەهامەتی بوونەوە. خانەوادەی ئاڵجی چیرۆکی خۆیان و ئەو ڕووداوانە دەگێڕنەوە کە لەو ڕێگەیەدا بەسەریاندا هات.

ساباهات ئاڵجی تەمەنی ٣٩ ساڵە و کورشاد ئاڵجی تەمەنی ٤١ ساڵە. لە شاری دوزجە و ئەنقەرە لەدایکبوون. هەردووکیان مامۆستان. لەگەڵ هەردوو کچەکەیان مەلاهات ئەبراری تەمەن ٩ ساڵ و سەعادەت هیلالی تەمەن ٧ ساڵ لە نیوەشەوێکدا ڕێگای ڕووباری مێریجیان گرتە بەر کە ئەو ڕووبارە سنووری ئاوییە لە نێوان تورکیا و یۆناندا. جگە لە خۆیان ئەو خانەوادەیە ژنێکی دووگیانی دیکەیان لەگەڵدا بوو. ئەو قاچاخچییانەی لەگەڵیاندا ڕێکەوتبوون، ئەوانیان لە دوورگەیە جێهێشت و پێیان وتن ئێرە یۆنانە بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوت درۆیان لەگەڵدا کردوون. لە دوورگەکەدا ڕووبەڕووی برسێتی و تینووێتی بوونەوە. دوو ماسیگر کە بەلەمێکیان پێبوو بە فێڵ هەموو ئەو پارەیەی کە پێیان مابوو لێیان سەندن و وتیان دەتانبەینە یۆنان، بەڵام ئەوانیش فێڵیان لێکردن.

لە کۆتاییدا دەستی یارمەتی لەوبەرەوە، واتە لە وڵاتی یۆنانەوە هات. لە گوندەکانی سەر سنووری یۆنانەوە چەندین هاوڵاتی یۆنانی و چەند پۆلیسێک هاتن بە هانایانەوە. ئەوان تەواوی هەوڵی خۆیاندا بۆ ئەوەی ئەو خانەوادەیە لەو دۆخەیان ڕزگار بکەن و بە ئازادییان شاد بکەن.

ساباهات ئاڵجی دەربارەی بڕیاری جێهێشتنی وڵات وتی: “هەموو کەسێک بارودۆخی وڵات بە باشی دەزانێت. ئێمەش چەند سکاڵایەک لەسەرمان هەبوو. بە ڕاستی بڕیاری جیهێشتنی تورکیا بڕیارێکی زۆر قورس بوو. هەتا ئەم ساتەوەختە چەندین ڕووداوی خۆشمان لەو وڵاتەدا بینیوە و کۆمەڵێک یادگاری زۆرمان هەیە. بەڵام جاری وا هەیە ناچار دەبیت وڵاتەکەی خۆت جێبهێڵیت. بە ڕاستی ئەوە شتێکی زۆر ناخۆشە…”

کورشاد ئاڵجی دەربارەی ئەو ڕووداوانەی لەو ڕێگایەدا بەسەریاندا هات وتی: “کاتێک بە ڕووباری مێریجدا تێدەپەڕین لە دوورگەیەکدا لە ناوەڕاستی ڕووبارەکەدا گیرمان خوارد. بڕوام پێ بکەن لەو کاتەدا ئەوەی کە لە هەموو شتێک زیاتر هەستم پێدەکرد نە برسێتی بوو نە تینویەتی نە ئەو بارانە زۆرەی کە دەباری، بەڵکو لە هەموو شتێک زیاتر هەستم بەو نزایانە دەکرد کە بۆ ئێمە دەکرا. ئێمە زۆر سوپاسی هەموو کەسانە دەکەین کە نزایان بۆ دەکردین ڕزگارمان ببێت.”

ساباهات ئاڵجی و کورشاد ئاڵجی بەشدارییان لە بەرنامەیەکی ئێرکام توفاندا کرد کە لە ڕێگەی ماڵپەرێکی ئینتەرنێتەوە چیرۆکی ئەو کەسانە دەگێڕێتەوە کە لە ڕێگەی گەیشتن بە ئازادیدا چەندین ڕووداوی مەترسیداریان بەسەردا دێت. ساباهات و کورشاد ئاڵجی لە ماوەی ٣٠ خولەکی بەرنامەکەدا بەم شێوەیە باس لەو ڕووداوە مەترسیدارانە دەکەن کە بەسەریاندا هاتووە:

بڕیارماندا بەهۆی ئەو ستەم و فشارانەی کە بەرامبەرمان ئەنجام دەدرێت، لە تورکیا هەڵبێین. ئێمە تەنها مامۆستایەکی سادە بووین بەڵام چەندین سکاڵا لە دژمان تۆمار کرا، وە بەو هۆیەوە دەستگیر کراین، وە لەو کاتانەدا منداڵەکانمان ڕووبەڕووی چەندین نەهامەتی بوونەوە. نزیکەی ١٧ هەزار ئافرەت لە گرتووخانەکاندا دەمێننەوە، لەبەر ئەوە بڕیارماندا لە ڕێگەی ڕووباری مێریچەوە بەرەو یۆنان بڕۆین. شەوی هەینییەک سواری بەلەمێک بووین و بەڕێکەوتین، بەڵام تەنها ٣٠ بۆ ٤٠ خولەک دوای بەڕێکەوتن شەپۆلەکان زیادی کرد و زریان دەستی پێکرد. جگە لە ئێمە لە بەلەمەکەدا ئافرەتێکی دووگیان و هاوسەرەکەی هەبوون. هەرچۆنێک بێت توانیمان خۆمان بگەیەنینە دوورگەیەک لە ناو ڕووباری مێریچدا. بەو شەوە هەموومان بە تەڕی لە دوورگەکە دابەزین و چاوەڕوانمان دەکرد. کەمێک دواتر بەلەمێکی ماسیگرتنمان لە دوورەوە بەدی کرد. کاتێک نزیکبووەوە بەلەمەکە دوو ماسیگری تورکی تێدا بوو. پێیان وتین بە ١٠ هەزار یۆرۆ دەتانبەینە ناو خاکی یۆنانەوە. کاتێک ئێمە وتمان ئەوەندە پارەمان پێ نییە و ناتوانین ئەو بڕە پارەیە بدەین، وتیان بە ٥ هەزار یۆرۆ دەتانبەینە ناو خاکی یۆنانەوە. ئێمەش دوو منداڵ و ئافرەتێکی دووگیان و دوو ژن و دوو پیاو بووین بۆیە ناچار بووین و پارەکەمان پێدان. دواتر ئەو ماسیگرانە ئێمەیان بردە دوورگەیەکی تر و وتیان ئەمە خاکی یۆنانە. ئێمە لەوێ تێگەیشتین کە فێڵیان لێ کردووین. کەشوهەوا باراناوی بوو، باران دەباری و ئێمەش نە ئاوی خواردنەوە نە خواردنمان پێ نەبوو تەنها چەند دەنکە خورمایەک و هەندێک شتی سادە نەبێت. ئەوانەشمان دەدا بە منداڵەکان و ئافرەتە دووگیانەکە. بەو شێوەیە بە تینویەتی و بە برسێتی ئەو شەوەمان بەڕێکرد. دواتر یۆنانییەکان ئێمەیان بینی و پێیان وتین کە چاوەڕی بکەین. دواتر گەڕانەوە و پێیان وتین ئەوە خاکی تورکیایە و ئێمە ناتوانین لەوە زیاتر بێینە پێشەوە. پێویستە ئەوە بڵێم کە ئەوان بە ڕووخساریانەوە دیاربوو بە هۆی بارودۆخەی ئێمەوە نیگەران بوون. ئەو سەرباز و پۆلیسانەی کە لەوێ بوون ئاو و چیکۆلاتەیان هەڵدەدا بۆ منداڵەکانمان. دواتر چەند هاوڵاتییەکی یۆنانی هاتن و ئاو و خواردنیان بۆ هێناین. هێندە مرۆڤگەلێکی باش بوون کە دەیانوت ئەو خواردنانەی بۆمان هێناون گۆشتی بەرازی تێدا نییە. ئەو باشییەی ئەوان بەو ڕادەیە ئێمەی تووشی سەرسوڕمان کرد. دوورگەکە لە خاکی یۆنانەوە زۆر نزیک بوو. دواتر بەردەوام بوون لە یارمەتیدانمان و گوریسێکیان بۆ ڕەوان کردین بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەو گوریسەوە هاوکارییەکانیانمان پێ بگەیەنن. دواتر توانیمان لە ڕێگەی ئەو گوریسەوە بە ئاوەکەدا بپەڕینەوە و خۆمان بگەیەنینە یۆنان. هەرچەندە لە میلەتێکی جیاواز و لەسەر ئایینێکی جیاواز بوون، بەڵام زۆر یارمەتی ئێمەیاندا. خواردنیان بۆ هێناین و هەوڵیاندا جلوبەرگمان بۆ دابین بکەن. بەڵێ بەو شێوەیە هاتین.

ئێستا زۆر دڵخۆشین ڕاستە هەندێک جار نانمان نییە بیخۆین، بەڵام ئازادین، دەتوانین بە ئازادی بژین، بەڵێ جارێکی تر توانیمان بە ئازادی شاد ببینەوە.

 

 

سەرچاوە: https://kronos7.news/tr/bir-ozgurluk-oykusu-meric-karanlik-ama-gerisi-daha-karanlik/

221 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە