بیروڕانەناسێنراوەکان

تەنانەت شۆفێرەکانیش سیخوڕ و هەواڵدەرن

چەند بەسەرهاتێکی ژیانی بەدیعوزەمان سەعیدی کوردی و بەراوردکردنی بە ژیانی ئێستای تورکیا  بەخامەی: سافڤێت سێنیه

 

نووسەر ئایهان ئشک، لە کتێبی “ژیانی ئوستاز بەدیعودزەمان لە وان”دا باس لەوە دەکات کە:

مەلا حامیدی وانی، خوێندکار و فێرخوازی قورئانی مامۆستا سەعید بوو، ئەو زاتە خاوەنی ڕاستترین و وردترین گێڕانەوەکانە سەبارەت بە ژیانی ئوستاز لە وان. مەلا حامید ئەم زانیارییانەی لەسەر حەسەنی جوتیار داوە: “باپیرانمان لە بەغدادەوە هاتوون، ئەو سەردەمە لە ناوچەی پەرڤاری نزیک وان نیشتەجێ بوون. باپیرم لە سەردەمێکدا کە وتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتێک بووە لە وان مردووە، ئەوکاتە باوکم ٦ ساڵان بووە. لەبەر مردنی باپیرم، باوکم نەیتوانییوە خوێندنی شەرعی و زانستیی تەواو بکات. نیمچە نەخوێنەوارێک بوو بۆخۆی، دواتر بەدیعوزەمان مۆڵەتی مەلایەتی پێ داوە.”

باوکم شەش مانگ لە مزگەوتی نورشین و دواتریش ٢ ساڵ لە چیای ئەرەک خزمەتی جەنابی ئوستازی کردووە.پاش ئەوەی ئوستاز لە وان دووردەخرێتەوە، باوکم خزمەتی سەربازییەکەی تەواو دەکات، دواتر ٦ مانگ لە مزگەوتی حاجی هیدایەت دەبێتە پێشنوێژ و وتاربێژ. بەڵام بەهۆی ئەو پەیوەندییەوە کە بە بەدیعوزەمانەوە هەیبووە، لە ئیمامەتی دووری دەخەنەوە.دواتریش دەست دەکات بە کاری دارتاشی. باوکم پاش ئەوەی ئوستاز لە وان دووردەخرێتەوە، ٨-١٠ جار زیاتر ناتوانێت چاوی پێی بکەوێت. هەموو جارێکیش لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، بە دەستبەسەری و لە ژێر لێدان و سزا دان و سوکایەتییدا دەگەڕێندرێتەوە بۆ وان. باوکم، لەو سەردەمەدا کە حەزرەتی بەدیعوزەمان لە قەستەمۆنیی بووە، بە یاوەریی حافز خالید، پاش بڕینی ڕێگایەکی ناخۆش و دوور، خۆیان دەگەیەننە قەستەمۆنی. باوکم دواتر بەم جۆرە ڕووداوەکانی بۆ گێڕامەوە:

“کە گەیشتینە قەستەمۆنی، شۆفێرەکە پرسی کە دەمانەوێت بۆ کوێ بچین. ئێمەش وتمان کە هاتووین ئوستازەکەمان ببینین. شۆفێرەکەش وتی:”ئێوە ناتوانن بچن بۆلای ئەو، چونکە ماڵەکەی بەتەنیشت بنکەی پۆلیسەوەیە. با من هەواڵ بە خوێندکارەکانی بدەم بێن و ئێوە بەرن بۆلای خۆیان. ” ئێمەش وتمان، ئێ زۆر باشە، خوا لە ئێوە ڕازی بێت. پاش کەمێک چاوەڕوانی، دوو کەسی شەپقە بەسەری بێ سمێڵ کە چاویلکەی ڕەشیان لەچاوا بوو، لەتەک شۆفێرەکە هاتن. منیش لە دڵی خۆمدا وتم، ئەمانە لە خوێندکارەکانی ئوستاز ناچن. دواتر نزیک بوونەوە و وتیان”ئێوەن کە بڕیارە سەردانی ئوستاز بکەن؟” ئێمەش وتمان بەڵێ. وتیان دە باشە، مادام وایە با بڕۆین. یەکیان قۆڵی من و ئەویتریش قۆڵی خالیدی گرت. پاش تۆزێک دەستیان کرد بە لێدانمان، لە هەموو گیانمان، تا گەیاندیانینە بنکەی پۆلیس، هەموو گیانمانیان کرد بە خوێن. لەوێش دەستیان کرد بە فەلاقە کردنمان، تا لە هۆش خۆمان چووین. دەیانوت”ئێوە سیخوڕەکانی بەدیعوزەمانن، دانی پێدا بنێن، دەنا تا دەمرن لێتان دەدەین.” سێ ڕۆژ لە بنکەی پۆلیسی قەستەمۆنی ماینەوە. پێیەکانمان ئاوسابوون، هەمووشی زامدار بووبوون. ئێمەیان هەڵدایە سەر بارهەڵگرێک و بەڕێیان کردین بۆ چانکری. لەوێش ١٠ ڕۆژ بە دەستبەسەری ماینەوە. دواتر ئازادیان کردین. ئێمە تا قەستەمۆنی ڕۆیشتین، بەڵام ئیتر بەم جۆرە گەڕاینەوە.”

ئیتر وەک ئەم سەردەمە، شۆفێر و موختار یەکێ کراوە بە سیخوڕ یەکێ کراوە بە ڕاپۆرتدەر. کەسە بێویژدانەکانیش بە سیخوڕی کردن، وەک ئەوەی کە پلەیەکی زۆر باڵایان دەستکەوتبێت، گیانی ستەمدیدەکان ئەخەنە مەترسییەوە. ئەوانەی ئێستا دەوڵەتیان بەدەستەوەیە زیاتر ڕێکخراون، دەوڵەمەندترن، ئەو پارە و توانایاش زۆر ستەمکارانەتر بۆ بوختان و سیخوڕی کردن بەسەر خەڵکەوە بەکار دەهێنن.

جەنابی بەدیعوزەمان هەر لە سەرەتاوە، لە قوتابخانەی هۆرهۆرەوە لە وان خوێندکارەکانی بەجۆرێکی وا فیداکارانە و باش پەروەردە دەکرد، کە زەینەدین بوراک بێی، بەم جۆرە باس لە چۆنیەتی پەسەند کردنی خوێندکار و پێگەیاندنی دەکات لە قوتابخانەی هۆرهۆر دا:

جاران دەستووری خوێندن پەروەردە کردن لە مەدرەسەکاندا بەم جۆرە بوو، مامۆستاکە لە پێناو خودا وانەی دەوتەوە، تەنانەت خواردن و خەرجیی خوێندکارەکانیش لەو پارەیە دابین دەکرا کە خەڵک دەیاندا بە مامۆستاکە. بۆیە خوێندکارەکان دووچاری کێشەی ماددی نەدەبوونەوە. بەڵام لەڕووی زانستییەوە گەورەیی مامۆستاکە زیاتر هانی خوێندکارەکەی دەدا. بۆیە هەرکەسێک بە زانا بناسرایە، ئیتر خوێندکارەکانی زۆر دەبوون. هەمووان حەزیان دەکرد کە وانەی لا بخوێنن. ئێمەش ئەو کاتە چەند هاوڕێیەک بووین، بەدوای مامۆستای باشدا دەگەڕاین. ئیتر پێیان وتین کە لە وان مەدرەسەی هۆرهۆر هەیە، کە مامۆستاکەی یەکێکە بەناوی سەعیدی مەشهوورەوە.

سێ هاوڕێ چووین بۆ وان، کە گەیشتینە مەدرەسەکە، جەنابی مامۆستا لەوێ نەبوو. کەسێک پێشوازی لێ کردنی بەناوی مەلا حەبیب. ئێمەی بردە ژوورەوە و وتی کە هەندێک چاوەڕێ بکەین، مامۆستا دەگەڕێتەوە. وتیان پاش کەمێکی تر مامۆستا دێتەوە، هاتەوە. پێمان وت کە هاتووین وانەی لەلا بخوێنین. وتی: “باشە بەڵام چەند مەرجێکم هەیە بە جێبەجێکردن و ئاگادار بوونی ئەو مەرجانە وەرتان دەگرم.” ئیتر دەستی کرد بە وتنی مەرجەکانی. “ئەوەی لەلای من دەستپێبکات، ئیتر گەڕانەوە و وازهێنان نییە. تا کۆتایی تەمەن دەبێت لەگەڵ مندا بێت. خوێندکاری من، نابێت لە من جیابێتەوە.”

ئێمەش سەرمان سوڕمابوو، نەماندەزانی بەرامبەر ئەو سنووردارکردنە چی بڵێین. ڕاوێژمان بە مەلا حەبیب کرد. وتی:” زانستی ئەم زاتە زۆر باڵایە، بەڵام ئیتر خۆتان دەزانن، چۆن بۆتان ئاسانە ئاوا بکەن. ئێمەش ئیتر لەخۆمان بایی بووین، وتمان کە قبوڵمان نییە، و ئەوێمان بەجێهێشت.”

هەر لە ڕاستیدا هەموو خویندکارەکانی، لە هیچ بارودۆخێکدا ئەویان بەجێ نەهێشت. تەنانەت لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەمیشدا ئەویان بەجێ نەهێشت. تەنانەت عوبەیدەی برازای، کە تەمەنی تەنها ١٣ ساڵ بوو. کاتێک ئوستاز پێێ وتبوو، “گەردنم ئازد کردی، دەتوانی بڕۆیتەوە بۆ ماڵەوە”، هێشتا عوبەیدە بەجێی نەهێشتبوو، لە ئوستاز جیا نەبووەوە.ئیتر لەکاتی شەڕکردن لە دژی ڕوسەکان شەهید بوو.

270 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە