وتار

وێنەیەک، دەرچوویەکی زانکۆ، سەرۆکی زانکۆیەک

بەخامەی/ جانەر تیرێلی

 

زانکۆیەکی تەواو کردبوو، خاوەنی هاوسەرێک و دوو منداڵ بوو، بەڵام کاتێک بەشی پیشەیی دادوەری لە زانکۆی گەدیز بە پلەی یەکەم تەواو کرد و بەشداری لە ئاهەنگی دەرچوونیدا کرد، منداڵە ساواکەی هێشتا تەمەنی ٢ مانگ نەبوو.

کاتێک جبە ڕەشەکەی لەبەرکرد و بە عەرەبانەی منداڵە ساواکەیەوە بەشداری لە ئاهەنگی دەرچوونی کرد، لە کاتی وەرگرتنی بڕوانامەکەیدا تەواوی مامۆستا و خوێندکارەکانی هاوڕێی هەستانە سەرپێ و چەپڵەڕێزانیان کرد.

کاتێک ئەسما ئولوداغ بڕوانامەکەی لە سەرۆکی زانکۆکەی وەرگرت، لەوێدا لەبەرچاوی هەموو کەسێک وەک داستانێکی سەرکەوتوون باسی لێوە دەکرا.

درێژەی داستانەکە لەلای هەموو کەس ئاشکرایە، بە فەرمانێکی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە، دواتر دەستگیر دەکرێت و چەند جار هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی، دواتر گەشتێک بە دەریاچەی مەریچدا دەست پێدەکات، کە مەرگ سەرئەنجامەکەی دەبێت.

ئولوداغ داستانی کەسێکە کە یاسا و دادی خوێندووە و، بە بێ ڕەحمانەترین تاقیکردنەوەی یاسا و دادوەریدا تێپەڕیوە.

هەرچەندە دوای دەرچوونی لە زانکۆیە یەکسەر کاری دۆزیەوە، بەڵام چاوی لەسەر ئەوە بوو بەشی “یاسا” بخوێنێت، دەیتوانی ئەو کارەش ئەنجام بدات بەڵام بە نسیبی نەبوو.

 

“لە گەدیزەوە بۆ مەریچ”

وەک زۆرێک لە هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە، کاتێک وڵاتەکەی هەلی ژیانی بۆ نەهێشتەوە، لەبەردەم دوو بژاردەدا بوو کە دەبوو یەکێکیان هەڵبژێرێت.

بژاردەی یەکەم ئەوەبوو منداڵەکانی بدات بە کۆڵیدا و گەورەترین مەترسی کە دایکێک بتوانێت لەبەرچاوی بگرێت، ئەوە بوو بە خۆیی و منداڵەکانیەوە بە دەریاچەی مەریچدا تێپەڕن، هەتا بتوانن لە کەنارەکانی ئەو بەری دەریاچەکەوە دەست بە ژیانیانەوە بگرن. بژاردەی دووهەم لەوەی پێشتر مەترسیدارتر و دۆزەخی تر بوو. دەبوو چوونە زیندان لەبەرچاو بگرێت و ئەشکەنجە و دەستدرێژی ناو زیندانەکان قبوڵ بکات، کە پێشتر ژنانی ئەم وڵاتە بە چاویان نەیانبینوە. دەبوو لە کونجی زیندان وەک کەسێک کە یاریان بە سەربەرزی کردووە گیانی لە دەست بدایە. لە کاتێکدا باوکی منداڵەکان لە دەرەوەی وڵات بوو، دەترسا لەوەی منداڵەکانی بە هەتیوی جێبهێڵێت.

ئەویش بژاردەی یەکەمی هەڵبژارد، ڕێگا مەرگاویەکانی گرتە بەر.

 

باشە ئەسما ئوڵوداغ تاوانی چی بوو؟ هاوڕێکانی یاخود ئەو زانکۆیەی تەواوی کردبوو؟

ئەگەر زۆرە بەو شێوەیە بوو بێت. دیار بوو کەسانێک وتبوویان “دیارە ئەمیش یەکێکە لەوان” و بەو شێوەیە کردیان بە قوربانی. لەوە دەچێت یەکێک لە نزیکترین کەسەکانی خۆشی بوختانی بە دەمەوە کردبێت. لەوە دەچێت خزمێکی، هاوڕێیەکی، مامۆستایەکی زانکۆکەی بوختانی بە دەمەوە هەڵبەستبێت. هەموویان ئەگەرن و لەم وڵاتەدا ڕوویانداوە.

لەم ماوەیەدا زۆر کەسمان بینی هەواڵی لە نزیکترین کەسی خۆیدا، زۆر کەسمان بینی ژیانی کەسە نزیکەکانی تاریک کرد، زۆرمان بینی لە پێناو لە دەستنەدانی پۆستەکەی، نزیکترین کەسەکانی خۆی تۆمەتبار کرد و ژیانی ئاوەژوو کردن.

 

ئەو سەرۆکی زانکۆیەی بڕوانامەکەی پێبەخشی.

سەیفوڵڵا چەڤیک.

پێی دەڵێم سەرۆکی زانکۆ.

ئەو سەرۆکی زانکۆیەی لە وێنەکەدا بە زەردەخەنەوە دەیبینن و دەست بەسەری منداڵەکەی ئەسمادا دەهێنێت. ئەوەی پەسنی هەردووکیانی دەکرد. وابزانم ئەویش دەستی هەبوو لە داستانەکەی ئەسمادا. چۆن پەیوەندی پێوەی نیە؟ چونکە ئەو هەمان سەرۆکی زانکۆیە کە لەبەردەم دادوەری دادگاکاندا، قسەی لە دژی دەیان هاوپیشە و خوێندکاری خۆی کردووە و واژۆی لەسەر چەندین بڕیاری ناحەقی کردووە.

پێش مانگێک لە هەوڵی کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموز، خۆی و یاریدەدەرەکەی لیستێکی فراوانی ئەو کەسانەیان ئامادە کرد کە خۆیان بە “جەماعەتچیەکان” ناویان دەبردن و پێشکەشی دەزگای هەواڵگریان کرد. دواتر لە بەردەم دادگاشدا هەمان شتیان دووپات کردەوە.

واتە کاتێک ئەم سەرۆکی زانکۆیە بە درۆوە دەست دەهێنێت بەسەری منداڵەکەی ئەسمادا، پێدەچێت پێش چەند مانگێک بەر لە گرتنی ئەو وێنەیە، واژۆی لەسەر بڕیاری لە سێدارەدانی چەندین مامۆستا و خوێندکاری زانکۆکەی خۆی کردبێت.

کێ دەزانێت؟ لەوە دەچێت هەمان سەرۆکی زانکۆ، کە لە ئاهەنگی دەرچونی خوێندکارەکانیدا شان بە شانی یەک هەڵدەپەڕین، پێش چەند مانگێک ناوی هەندێکیانی پێشکەش بە دەزگای هەواڵگری کردبێت.

لە سەردەمێکدا کە کارکردن لە دەزگایەکی بزاڤی خزمەتدا بە تاوان ئەژمار دەکرێت، ئەم سەرۆکی زانکۆیە کە ساڵانێکی درێژ بوو لە زانکۆیەکی بزاڤی خزمەتدا کاری کردبوو، بۆ ڕزگارکردنی خۆی لەوەی پۆستەکەی لە دەست بدات، دەیان دادگا گەڕا و شایەتی لە دژی دەیان مامۆستا و خوێندکاری بێ تاوان دا، ئازادییانی خستە ژێر بەردەوە و ژیانی هەموویانی تاریک کرد.

ئێستا دوای ئەوەی دوو جار سەرۆکایەتی زانکۆی کرد، لە خانوویەکی قەراغ دەریادا ژیان دەگوزەرێنێت. ئێستا هەندێک جار لەگەڵ یاریدەدەرە کۆنەکەی لە قاوەخانەیەک چاویان بەیەک دەکەوێت و بێ ئاگان لەوەی زۆرێک لە خوێندکارە کۆنەکانیشیان لە هەمان قاوەخانەن و چاویان بەر چاوی یەک دەکەوێت.

لە تورکیای ئەمڕۆدا زیاتر لە ٦ هەزار کەسی ئەکادیمی و خوێندکاری زانکۆکان، بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە جەماعەت و هێزەکانی پەکەکەن لە زانکۆکان دەرکراون، یاخود خراونەتە زیندانەوە. ئەوانەی هەلێکیان بۆ ڕەخساوە وڵاتیان بەجێهێشتووە. ئەوانەشی هەلیان بۆ نەڕەخساوە، یان لە زیندانن یاخود بێ کار دەسوڕێنەوە. سەدان کەس لەمانە مامۆستای ئەو زانکۆیانەن کە بە زانکۆی جەماعەت ناو دەبرێن و بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران داخراون. ئەم مامۆستایانە گەورەترینی ئازارەکانیان بە قوڕگدا کراوە، هەوەرها هەمان شتیش دەتوانین بەرامبەر فەرمانبەرەکانی دەوڵەت بڵێین کە لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە.

کێ دەزانێت؟! پێدەچێت ئێستا دەیان هاوڕێی ئەسما کە پێکەوە لە ئاهەنگی دەرچوندا شەپقەکانی سەریان فڕێدا، لە چوار دیواری ژوری زیندان قەتیس کرابێتن.

بە نیسبەت ئەسماوە ئەم ژیانی دونیایە کۆتایی هات. زۆر بە ئازارە کە بەو شێوە دراماتیکیە کۆتایی پێهات. پێم وایە لەسەر زەویدا جوغرافیایەک نیە ئەو چیرۆکە ببیستێت و فرمێسکیان بۆ نەڕژێت. منداڵەکانی و هاوسەرەکەی ژیانێکی سەختی تاراوگە چاوەڕێیان دەکات. بەڵام هیوام وایە سەرۆکی زانکۆکەی ئەسما زۆر تەمەنی درێژ بێت.

هیوادارم خەیاڵی ئەو پیاوە خاوەن زانستانەی لە کونجی زیندان قەتیسی کردن، ئەو کارمەندانەی ئاگایان لە هیچ نەبوو جگە لە پەیاکردنی بژێوی ژیان، ئەو خوێندکارە گەنجانەی لە بەهاری تەمەنیاندا مۆمی ژیانیان کوژاندنەوە، هەتا ماوە بە دوایەوە بن.

هیوادارم تەمەنی سەرۆکی زانکۆ درێژ بێت.

هیوادارم تەمەنی سەرۆکی زانکۆ زۆر درێژ بێت.

 

سەرچاوە: TR724

359 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە