بیروڕاهەواڵ

ڕۆژی دوایی و لێپرسینەوە هەیە

سولەیمان سارگن

 

ئوستاد بەدیعوزەمان دەڵێت” حەزرەتی محمد(سەلامی خودای لەسەر بێت) لە هەموو ژیانیدا، لە دوای پەیامی یەکتاپەرستی، گەورەترین داوا و بانگەوازی بریتی بووە لە بوونی ڕۆژی دوایی. یەک لەسەر چواری قورئان باسی حەشر و نەشری ڕۆژی دواییە و، بە هەزاران ئایەتی تریش هەوڵی سەلماندنی ئەم حەقیقەتە دەدات”.

لە ڕاستیشدا بابەتی باوەڕهێنان بە ڕۆژی دوایی، لە قورئان و حەدیسیشدا یەکێکە لەو بابەتانەی لە دوای ئیمان بە یەکتاپەرستی خودا، زۆر ترین باسی لێوە کراوە. چونکە بۆ ئەوەی مرۆڤ ژیانی خۆی ڕێک بخات، کۆمەڵگاکانیش بە شێوازێکی ڕاستەقینە خۆشنود و سەرفراز بن، تەنیا لەو ڕێگەی فەراهەم دەبێت ، کە لە دڵیانەوە باوەڕیان بە خودا و لێپرسینەوەی ڕۆژی دوایی هەبێت.

لە ئایەتی ٦١ سورەتی یونسدا هاتووە” ئەی پێغەمبەر بە  هیچ کارێک هەڵناستیت و، هیچ بەشێک لە قورئان ناخوێنیتەوە، کە ئێمە بەسەریەوە شاهید نەبین. هیچ گەردیلەیەک لە ئاسمان و زەویدا بوونی نیە لە زانیاری خودا بەدەر بێت. هیچ شتێک لە زەرە و گەردیلەیەک بچوکتر یان گەورەتر بوونی نیە، کە لە کتێبێکی دیاریکراودا تۆمار نەکرابێت. زانستی خودا هەموو شتێک گرتۆتەوە و هیچ شتێک بەدەر نیە لەو زانستە، هەموو ڕووداوێک لە ناو زانیاری و مۆڵەتی ئەودا ڕوو دەدەن”. 

لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە هیچ شتێک بە شاراوەیی نامێنێتەوە و ئەوەشی دەیکەین لێپرسینەوەی لە دوایە.

لێرەدا ئاگادارکردنەوەیەکی خودایی و مژدەهێنێکی ڕەحمانیش بەدی دەکەین، ڕوو دەکاتە ئەو مرۆڤانەی دەڵێن باوەڕیان بە خودا هەیە دەڵێت” مادام دەڵێن باوەڕتان بە خودا هەیە، ئەم باوەڕە نابێت تەنیا لە چوارچێوەی باوەڕ هێنان بە خودا کورت بێتەوە،  دەبێت باوەڕتان بە هەموو ناوە جوان و سیفاتەکانیشی بهێنن، هەروەها کەوا خودا هەموو شتێک دەبینێت و دەزانێت، کەوا ئاگای لە هەموو حاڵێکی ئێمەیە و لێپرسینەوە لە زەڕەیەک چاکە و خراپەشمان دەکات. ئەوەی باوەڕی بە خودا بێت، لە هەمان کاتدا باوەڕی بە فەرمانەکانی ئەو و قەدەغە لێکراوەکانیشێتی.

کاتێک دەڵێی باوەڕت پێیەتی –حاشا- گەر وەک ئەوەی نەبوو بێت و ئاگای لە هیچ نەبێت،گەر بە ئاسوودانە هەموو کارێکت ئەنجامدا، ئەوا لەگەڵ باوەڕ و ئیمانێکی ڕاست و دروستدا یەک ناگرێتەوە.

 بە داخەوە، گەورەترین کێشەی موسوڵمانانی ئەمڕۆ ئەم خاڵەیە کە باسمان کرد.

زۆر بە ئاسانی درۆ دەکەن، بێ سڵەمینەوە بوختان فڕێ دەدەن، ئەوەی بە ناڕەوا دەستی گرتووە بەسەر موڵک و ماڵی موسوڵماناندا و ژیانی لێکردوون بە زیندان، بە خۆی دەڵێت موسوڵمان! ژمارەشیان هیچ کەم نیە ئەوانەی بەم جۆرەن. ئەوانەشی چەپڵە دەکوتن بۆ ئەو زوڵم و ناحەقیانە و بە کوێرانە دوایان دەکەن، کۆمەڵێک بەدبەختن کە بە خۆیان دەڵێن موسوڵمان. غەیبەتکردن وەک شتێکی ڕۆتینی ڕۆژانەی هەموو کەسێکی لێهاتووە، مزگەوتەکان وەک چایخانەکانی لێهاتووە و غەیبەتی مرۆڤە بێ گوناحەکانی تێدا دەکرێت. لە مەجلیسەکانی زیکرکردندا، بە دەم نەفەسدان لە جگەرەوە، بێ هیچ شەرم و تەریقی و خەجاڵەتیەک، بێ ئەوەی هەست بە ئازاری ویژدان بکەن، بوختان بە دەمی سەدان هەزار مرۆڤی بێ گوناحەوە دەکرێت. ئەوانەی بە بنەمای ” گەر لە کەشتیەکدا سەد موجریم و یەک کەسی بێگوناح بوونی هەبێت، ئەوا ناتوانیت ئەو کەشتیە نقوم بکەیت” دەست دەکەن بە خوێندنی وانەکانی پەیامی نور، بە هەزار جۆری درۆ و بوختان، کۆتایی بە وانەکانیان دەهێنن. وەک ئەوەی پەیامی حەشریان هەرگیز نەخوێندبێتەوە، کۆتایی هەموو وانەکانیان بە غەیبەتی ئەم و ئەو خاڵی کۆتای بۆ دادەنرێت.

ئەمەی وتمان شتێک نیە تایبەتمەند بێت بەو کەسانەی لە دەرەوەی ئێمەن. زۆرێک لە ئێمە زۆربەی جار دەکەوینە هەمان هەڵەوە.  بە تایبەت ئەوانەی خاوەنی ئەرک و بەرپرسیارێتیەکن، دەبێت لەم بابەتەدا زۆر ورد و جددی بن. بە تایبەت گەر بڕیارەکانیان بە نیسبەت هەندێک کەسی ترەوە جێگەی پەیڕەوی لێکردن کردن بێت، دەبێت پێش ئەوەی سەد جار بیر نەکەنەوە و، بێ حساب کردن بۆ ویژدان و ئاخیرەت، نابێت هیچ بڕیارێک دەر بکەن.

قسەکردن سەبارەت بە کەسانێکی تر کە نایانناسین، یاخود گەر گومانە خراپەکانمان وەک قەناعەتی بڕاوەمان بخەینە ڕوو،  لە جیاتی ویژدان لە ڕێگەی توڕەبوون و کاردانەوەی کتوپڕەوە بڕیارمان دا، بە ناوی ڕاوێژکردنەوە غەیبەتی کەسانێکی تر بکەین و لە بارەیانەوە بڕیار دەربکەین، سەرئەنجامی زۆر خراپ بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

کاتێک قسەیەک دەکەین و نوسینێک دەنوسین، یاخود لە بارەی کەسانی ترەوە کاتێک حوکمێک دەردەکەین، دەبێت بڵێین ” گەر بەیانی خودا موحاسەبەی ئەم کارەی لەگەڵ کردم، ئایا وەک ئێستا دەتوانم بە ئاسانی وەڵامی بدەمەوە؟ ئایا سبەی لە مەیدانی مەحشەر بە سەربەرزی و ڕووی سوورەوە دەتوانم لە بەردەم پەروەردگارم بوەستم و بەرگری لە کارەکانم بکەم؟”.

 

بە سەردەمی خۆپەرستیدا تێدەپەڕین. ئێگۆکانمان زۆرجار پێش ویژدان و ئەقڵمان دەکەون.  هەروەها دەتوانین لە ڕێگەی چەند ئارگومێنتێکی دیالێکتیکیەوە بەرگری لە قسە، نوسینەکانمان، بڕیارەکانمان، حوکمەکانمان بکەین، کە لە دژی یەک ئەنجامی دەدەین. نەفسمان لەم بابەتەدا ئارگومێنتی باشمان دەخاتە بەردەست. بەڵام دەبێت بیر لەوەش بکەینەوە کە ئایا ئەم ئارگومێنتانە لە ڕۆژی دوایشدا بە هەمان شێوەی ئەمڕۆ دەخوات یان ناخوات؟ دەبێت بیر لەوە بکەینەوە بەو قسانەی کە دەیکەین، زیان بە چەند مرۆڤ دەگەیەنین، بۆ زانینی ئەوەی ئەو بڕیارانەی دەیدەین کەوا زاڵمانەیە یاخود دادپەروەرانە، پێویست بەوە دەکات لەسەر تەرازووی ڕۆژی دوایی بیپێوین. دەبێت هەموو کەس لە خۆی بپرسێت ” ئایا سبەینێ کە لەبەردەم پەروەردگاردا وەستام، دەتوانم وەک ئێستا هەروا بە ئاسانی بەرگریان لێ بکەم؟”.  گەر نەتوانێت هەروا بە ئاسانی بەرگری لێبکات و، شتێک هەبێت دڵی ناڕەحەت بکات و لە ناوەوە ناخی بکرۆشێت، دەبێت لەگەڵ خۆی دانیشێت و بە چاویلەکی ژیانی ئاخیرەتەوە، سەرلەنوێ کارەکانی خۆی هەڵبسەنگێنێتەوە. هەر بۆیە ئایەتێکی پیرۆزی قورئان، هەموومان سەبارەت بەم بابەتە ئاگادار دەکاتەوە و هۆشداریمان پێ دەدات.

لە لایەکی ترەوە لەم ئایەتەدا جۆرێک لە دڵدانەوەش بەدی دەکەین، دڵنەواییە چونکە ئەوانەی توشی زوڵم، ناحەقی، غەدر بوون، ئەوانەی لە دەست و زمانی کەسانێک زەرەرەومەند بوون کە بە خۆیان دەڵێن موسوڵمان، بەو مرۆڤانەی گیرۆدەی گومانی خراپ و بوختان و ڕاگواستن و پەراوێزخستن بوون لەلایەن مرۆڤەکانەوە دەڵێت” ئێوەش ئارام بگرن، خودایەکی زانا و دانا هەیە کە حسابی ئەم شتانە لە بکەرەکانی دەپرسێتەوە و حەقی ئێوە لەوانیش دەستێنێت. خۆ ئەو تەنیا ئاگای لە کردار و گوفتارەکانتان نیە بەتەنیا، بەڵکو ئاگای لە بچوکترین وردەکاری ناو دڵ و دەرونتانە، کەس ناتوانێت ئەو فریو بدات و درۆی لەگەڵ بکات”.

مرۆڤە بێ گوناح و مەزلوم و مەغدورەکان، ئەوانەی ئاواتەخوازی لێپرسینەوە و تۆڵەن لە زوڵمی زاڵمان، تەنیا ئەو کاتەی خودا یەخەی زاڵمان دەگرێت و لە بەرامبەر ئەو ناسۆرەی چەشتوویانە پاداشتیان دەداتەوە، ئاسوودە دەبن و ئاهێک هەڵدەکێشن.

هەموو مەزلومەکان ئەوە باش دەزانن، ئەو زوڵمەی زاڵمان ئەنجامی دەدەن هەرگیز سوودی بۆیان نابێت. دەزانن کەوا لە دادگاییەکی گەورە بە یەک دەگەن و زاڵمەکان سزای زوڵمیان و، مەزڵومەکان پاداشتی سەبر و ئارامگری خۆیان وەردەگرن.

تەنیا چارەی ئەوەی ژیانمان لەم دونیایەدا بە ڕێز و خۆڕاگریەوە بەسەر بەرین ئەوەیە: باوەڕ بە ڕۆژی دوایی و هەستی لێپرسینەوە بکەینە ڕەوشتی خۆمان لە هەموو کردار و گوفتارێکماندا.

http://www.tr724.com/ahiret-var-hesap-var/

 

823 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە