وتار

لە کۆسۆڤۆ کێ خیانەتی لێکرا؟

بەخامەی/ فاروک مێرجان

 

 

ئەم چیرۆکەم چەندین ساڵ پێش ئێستا لە پرۆفیسۆر نیازی ئۆکتەم گوێ لێبووە. لە فەڕەنسا بە درێژایی تێپەڕبوونی دوو سەدە لە ڕکابەرییەکی خوێناوی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، ئەو دەستەیەی دەسەلاتیان دەگرتە دەست هیچ دەستوەردانێکیان بۆ سەر خوێندنگە و دامەزراوە فەڕەنسییەکانی دەرەوەی وڵات نەدەکرد. لە زیاتر لە ٥٠ ولاتی پێنج کیشوەرەکەدا خوێندگە و دامەزراوەی فەڕەنسی هەیە. لە ئەوروپادا تەنها ٨٠ ملیۆن کەس بە فەڕەنسی قسە دەکەن، بەڵام تەنها لە ئەفریقادا زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن کەس بە فەڕەنسی قسە دەکەن. بێگومان ئەمە بەهۆی خوێندنگە فەڕەنسییەکانەوە بووە.

گەر دەسەڵاتێک دەستوەردانی لەو خوێندنگایانەدا بکردایە بە خیانەت دادەنرا. هیچ دەسەڵاتدارێک ئەو خیانەتەی لە فەڕەنسا نەکرد. لەبەر ئەوە لە ئەمڕۆدا زمانی فەڕەنسی بە یەکێک لە هەرە زمانە زیندووەکان دادەنرێت.

لەبەر ئەم هۆیە ئەوەی لە کۆسۆڤۆ ڕوویدا خواستی پیسی کەسێکە کە لە کۆشکەکەیدا دانیشتووە، ئەوە کاری دەوڵەت نییە. هیچ دەوڵەتێک کاری وا ناکات. پێویستە دەوڵەتمەداری وەک فەڕەنسامان هەبێت. ئەوانەی لە مالیزیا و کۆسۆڤۆ و پاکستان و گابۆن مامۆستا دەڕفێنن پیاوی دەوڵەت نین، ئەوانە تەنها برسی دەسەلاتن و دەیانەوێت دەسەڵاتەکەیان لەدەست نەدەن. بە جۆرێک برسی دەسەڵاتن کە هەر کارێک لەدەستیان بێت دەیکەن بۆ مانەوە لە دەسەلاتدا. ئەم کەسانە لە ترسی لەدەستدانی دەسەڵاتەکەیان هەموو جۆرە خیانەتێک و کارێکی خراپ دەکەن. ئەوانە هیتلەر و قەزافی و سەدام و ئەسەد بە سەرمەشقی خۆیان دەزانن.

ئێستا با بێینە سەر ئەو پرسیارەی کە کێ لە کۆسۆڤۆ خیانەتی لێکرا؟ ڕاموش هارادینای سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ ئێردۆغانی بە تاوانی دزی تۆمەتبارکرد. منداڵانی بەرپرسە باڵاکانی کۆسۆڤۆ خوێنکاری ئەو خوێندنگەیەن کە مامۆستاکانی ڕفێندراون، لەبەر ئەوەی خوێندنگەیەکی سەرکەوتووە. ئەو دەسەڵاتە مافیاییەی تورکیا بە بەکارهێنانی چەندین فرتوفێڵ و بەرتیل ئەو کارەیان ئەنجامداوە. لەبەر ئەوە سەرۆکوەزیران پێی وایە لە لایەن هەندێک لە کاربەدەستانی کابینەکەیەوە خیانەتی لێکراوە.

لە زۆرێک لە ولاتانی وەکو تاجیکستان و ئەفغانستان و عێراق، سەرەڕای هەبوونی بارودۆخێکی ناسەقامگیر لە ناوخۆی وڵاتدا، ئەم مافیایانە نەیانتوانی هیچ کارێکی چەپەڵ بەرامبەر بە مامۆستاکان ئەنجام بدەن. تەنانەت لە ئەفغانستان ڕژێمی تاڵیبانیش هیچ زیانێکی بە مامۆستاکان نەگەیاندووە.

بە دڵنیاییەوە ئەوەی سەرەتا خیانەتی لێکراوە وڵاتی کۆسۆڤۆیە، چونکە ئەو خوێندنگانە لە بنەڕەتدا خوێندگەی کۆسۆڤۆن. بەڵام بەڕای من خیانەتە ڕاستەقینەکە لە وڵاتی تورکیا کرا، چونکە لەمەودوا تورکیا لە چاوی ئەو خوێندکارانەی کە بۆ ئازادکردنی مامۆستا ڕفێندراوەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا جگە لە دەوڵەتێکی مافیایی هیچی تر نییە. تورکیا لە چاوی ئەو خوێنداکارانەی داوایان لە باوکیان دەکرد کارێک بۆ ئازادکردنی مامۆستاکانیان بکەن وەک دۆژمنی خوێندن تەماشا دەکرێت.

ئەو گروپە خیانەتێکیان لە تورکیا کرد کە بە درێژایی مێژوو نەکراوە. چونکە لە لەدەستدانی دەسەڵاتەکەیان دەترسن. هەروەک ئەحمەد ئاڵتان دەڵێت، ئەو کەسەی خۆی لە کۆشکەکانیدا دانیشتووە تورکیای وێران کرد. هەموو دامودەزگاکانی وڵاتیان وێران کرد. زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کارمەندی دەوڵەت لە کارەکەی دوورخراوەتەوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ زیاتر لە ٤٠٠ هەزار هاوڵاتی کراوە، لە زیندانەکانیدا ئەشکەنجە بەکاردەهێنرێت، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە لە مامۆستایەک دەترسێت کە لە وڵاتێکی دەرەوەدا کاری خۆی دەکات. چونکە دەزانێت کاتێک دەسەڵاتەکەی لەدەستدا ئیتر چیرۆکەکەی تەواو دەبێت و دەچێتە زبڵدانی مێژووەوە. بە دڵنیاییەوە مێژوو ئەو کەسە و گروپە مافیا هاوکارەکەی وەک تۆڕێکی خیانەتکار تۆمار دەکات.

 

سەرچاوە: SHaber

374 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە