بیروڕاهەواڵ

هەندێک پێودانگ و دڵدانەوەی مامۆستا سەعیدی نورسی

جەمیل تۆکپنار

بەرواری ٢٣ ی ئازاری ١٩٦٠ ڕۆژی وەفاتی مامۆستا سەعید نورسی بوو. مامۆستا ٨٣ ساڵی تەمەنی بۆ خزمەتی قورئان و ئیمان تەرخان کرد و، لەم پێناوەشدا گیرۆدەی ئەشکەنجە و ئازاری کەم وێنە بۆتەوە.

ژیانی ئەم نوێکەرەوە گەورەیەی سەدەی خۆی لەگەڵ خوێندکارەکانی، کە هەموو شتێکی لە پێناو پەیامەکەی بەخت کرد، هێندە لە ڕووداوەکانی ئەمڕۆ دەچێت، وەک ئەوە وایە هەمان ڕووداو بێت، بەڵام شوێن و کات و کەسەکانی گۆڕابێت.

نورسی ٣٥ ساڵی تەمەنی لە تاراوگە بردۆتە سەر و، ٥ جار دادگایی کراوە و ٣ جار زیندانی کراوە، ٢١ جار ژەهرخوارد کراوە. ئەو نامانەی لە زیندانەوە نوسیونی، لە پشتی پەردەوە بە شێوەیەکی زۆر جوان تیشک دەخاتە سەر ڕووداوەکانی ئەمڕۆمان، هەر بۆیە پێویست ناکات من شتێک بڵێم و چەند پارچەیەک لەو پەیامانەی بە بیری خۆم و ئێوەش دەهێنمەوە. کاتێک دەیخوێننەوە، بە چاوی خۆتان ئەوە دەبینن، کە جگە لێکدانەوەی ڕووداوەکانی سەردەمی خۆی، ڕووداوەکانی ئەمرۆشی باس کردووە و لێکدانەوەی بۆ ئەنجامداوە و چەند تەسبیت و دڵدانەوەیەکیشمان پێ ڕادەگەیەنێت.

من لێرەدا دەکشێمە دواوە و سوڵتانی وشە مامۆستا بەدیعوززەمان سەعیدی نورسی دەست بە قسەکردن دەکات:

 

 گەر قەدەری ئیلاهی و چاودێری ڕەبانی ئەو ڕێگە بدات ئەم شتانەتان بەسەر بێت و بەم تاقیکردنەوە سەختانە تێپەڕن؛ کە ورد و درشتان  دەخرێنە سەر سەنگی مەحەک و تێیدا دەردەکەوێت کامتان مسە و کامتان زێڕ، کاتێک لە هەموو لایەکەوە بە شێوەیەکی بێ ویژدانانە بخرێنە ژێر ئەزموونەوە، کە تێیدا دەسیسە و فێڵی نەفستان ئاشکرا دەکات، گەر هەتان بێت، بێژینەوەتان بە هۆی  ٣ تا ٤  هێڵەکی جۆراو جۆر کە پێیدا تێدەپەڕن و پاڵفتە دەکرێن،  تەواوی ئەمانە لە پێناو ئەوەیە خزمەتی خالیسانە و دڵسۆزانەی پاک و بێگەردی ئێوە بە دەرکەوێت، کە تەنیا حەق و حەقیقەتی کردبێتە ئامانجی نە شتێکی تر.

چونکە ئێوە بەم تاقیکردنەوە مەیدانیانەی لە بەرامبەر بەرەنگاربوونەوەی ڕۆحە سەرکەشە عیناد و  بێ ئینسافەکاندا توشتان بوو، هەموو کەستان لەوە تێگەیاند کە ئێوە: هیچ فێڵ و غەرەز و خۆپەرستی و بەرژەوەندی دونیایتان بە کارەکانتان تێکەڵ نەکردووە و تەنیا پەرۆشی و دڵسۆزیتان بۆ حەق و حەقیقەت وای لێکردوون بەرامبەریان بوەستن.

 

گەر کارەکانتان وەک هەمیشە لە ژێر پەردەوە بمایایەتەوە، لەوە دەچوو زۆر خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بکرێت. ئەو کات زۆرێک لە عەوامی ئەهلی ئیمان پشتیان پێ نەدەبەستن و باوەڕیان پێ نەدەکردن. لەوە دەچوو هەندێکیان بڵێن ” لەوە دەچێت فریومان بدەن”، ئیدی هەست و وەسوەسەی نەفسیان بەسەریاندا زاڵ دەبوو.

یاخود پێدەچوو وەها بیر بکەنەوە کە ئێوەش وەک هەندێک کەسی گەڕیدە بە دوای پۆست و مەقامی دونیاییدا، ئەم کارانە ئەنجام دەدەن و مەبەستان بەرژەوەندی دونیاییە. ئیدی دوای ئەم تاقیکردنەوانەی بەسەرتاندا هات، عینادترین و وەسواسترین کەسیش ناچار بە خۆ ڕادەستکردن دەبێت. گەر زەحمەتی ئێوە یەک بێت، ئەوا قازانجتان هەزارە بە پشتیوانی خودا”. تیشکەکان لاپەڕەی ٥١١….

 

بەڵێ پەیامەکانی نور وەک کەشتیەکەی نوحە و، ناوچەی ئەنەدۆڵی بۆ خۆیی کردۆتە شاخی جودی و، بەو هۆیەوە خۆی لەو ئاگر و تۆفان و گەردەلولە دەپارێزێت، کە هەموو گۆی زەوی گرتۆتەوە.

چونکە ئەو سەرکەشیەی لە لاوازی ئیمانەوە سەرچاوە دەگرێت، زۆر جار بەڵای گشتگیر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و هەمووان گیرۆدە دەکات، بەڵام پەیامەکانی نور کە ئیمانی مرۆڤ لە ڕادەبەدەر بەهێز  دەکەن، بە هۆی ڕەحمەتی ئیلاهیەوە بووە هۆکارێک تا خوێنەرانی لە بازنەی ئەو بەڵاو موسیبەتە گشتگیرانە بکاتە دەرەوە.

ئەم بەڵاو موسیبەتانە وا دەکات ئەهلی دونیا چیتر نەبنە لەمپەر لە بەردەم خەڵکی ئەنەدۆڵ و پەیامەکانی نور. خۆ گەر هەر بەردەوام بن لەوەی ببنە لەمپەر، ئەوا با ترسی هێرشی ئاگر، گەردەلول، بومەلەرزە و نەخۆشی تاعون دایانبگرێت و، ئەقڵیان بهێننەوە سەر خۆیان.

مادام ئێمە خۆمان لە دونیای ئەوان هەڵناقورتێنین و دەستی تێوەرنادەین، با ئەوانیش لە خۆڕا دەست وەرنەدەنە ژیانی ئاخیرەتی ئێمەوە و، گەر وایان کرد با بزانن ئەگەری تیاچوونیان زۆر بەهێزە.( پاشکۆی کاستەمۆنو لاپەڕە ١٠٢).

ئەوانەی لە تاقیکردنەوەی چەتوونی  زیندانە کۆنەکە و ئەم زیندانە نوێیەی بە خوێندنگەی یوسفی ناوی دەبەین توشی لەرزین نەبوون و بەردەوامن لەسەر خوێندنی وانەی خۆیان، ئەوانەی سەرەڕای سوتانی دەمیان بە شۆربای گەرم، هێشتا بەردەوامن لە خوێندکارێتی خۆیان، هەروەها لە بەرامبەر ئەم هەموو هێرشە بەهێزە هێشتا هێزی ئیمانیان نەشکاوە، هەروەک چۆن لەلایەن ئەهلی حەقیقەت و نەوەی نوێوە دەسخۆشیان لێدەکرێت، پێم وایە لەلایەن فریشە باڵاکان و کەسانی ڕۆحانیشەوە دەسخۆشیان لێ دەکرێت و چەپڵەیان بۆ لێ دەدرێت.

بەڵام لەبەر ئەوەی لە ناو ئێوەدا کەسانێکی هەژار و نەخۆش و زۆر بە ئابڕوو بوونیان هەیە، لە حاڵی ئێستادا کێشەی ماددی زۆر بوونی هەیە. دەبێت لە بەرامبەر ئەم کێشانەدا، هەریەک لە ئێوە دڵنەوایدەر بێت بۆ ئەوانی تر، لە ڕەوشت و ئارامگریدا نمونە بن بۆ یەکتری و، لە دەستگیرۆی و یارمەتیدانی یەکتردا برایەکی میهرەبان بن، لە وانەکانیشتاندا بۆ یەکتری ببنە گوێگر وەڵامدەرەوەیەکی زیرەک، لە ڕەنگدانەوەی خو و ڕەوشتی جوانیشدا بۆ یەکتری بە چەشنی ئاوێنە بن. پێم وایە هەر بەم  هۆیەشەوە کێشە ماددیەکانتان سفر دەبێتەوە و، کاتێک بیر لەمانە دەکەمەوە، بە ناوی ئێوەی شیرینتر لە رۆحی خۆم، شاد دەبم.(تیشکەکان لاپەڕە ٢٩٦).  

مادام ئەمە حەقیقەتە و لە خزمەتی پەیامەکانی نوردا شاهیدی دەرکەوتەی کۆمەکی خودا بووین بە شێوەیەک کە نکوڵی لێ نەکرێت، هەر یەکەشمان بە شێوەیەکی ڕێژەیی بێت یان گشتی هەستمان بەم کۆمەکە خوداییە کردووە، جا بۆیە لە بەرامبەر ڕووداوە سیاسیەکان و دونیایەکان کە تەواوکەری یەکترن و لە دژتان دەوەستنەوە، مادام هیچ شتێکمان لە دەست نایەت جگە لە ڕازی بوون بە قەزا و تەسلیم بوون بە قەدەرمان و ئەو دڵخۆشیە گەورە و پیرۆزەی خزمەتی ئیمان و قورئان پێمان دەبەخشێت، ئەوەی لەسەر شانمانە لە حاڵی ئێستادا ئەنجامی بدەین ئەوەیە نەشڵەژێین و توشی بێ هیوایی نەبین، هێزی مەعنەوی یەکتر پتەوتر بکەین، نەترسین و بە پشتبەستن بە خوداوە ڕوبەڕوی ئەم بەڵاو موسیبەتە ببینەوە، گوێش نەدەین بەو ڕۆژنامە بودەڵانەی بڵقەکانی سەر ئاوت، هێندەی گومەزێک لەبەرچاو گەورە دەکەن و، گومەزەکانیان بە بڵقی سەر ئاو ببینین. ژیانی دونیا، بە تایبەت لەم سەردەمەدا، لە ژێر ئەم دەسەڵاتەی ئێستادا هیچ نرخێکی نیە. هەر بۆیە هەرچی شتێکت بەسەر بێت، پێویستە بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لێ بکەیت”.

 

دەگێڕنەوە لە سەردەمێکدا زاتێک هەبووە هێندە موریدەکانی زۆر بوون، دەسەڵاتی سیاسی ئەو مەملەکەتە ویستویەتی هەموویان لەناو بەرێت. ئەویش چۆتە لای سەرانی حکومەت و پێی وتوون:

من تەنیا مورید و نێوێکم هەیە، کەسی تر موریدی من نیە. گەر دەتانەوێت با تاقی بکەینەوە. ئیدی لە شوێنێکدا خێمە هەڵدەدەن و هەموو موریدەکانی کۆ دەکەنەوە. دەچێتە ناویان و هاوار دەکات: هەرکەسێک خۆی بە موریدی من دەزانێت و گوێڕایەڵی فەرمانەکانم دەکات، ئەوا ئێستا تاقیدەکەمەوە و گەر لە تاقیکردنەوەکەدا سەرکەوتوو بوو دەینێرم بۆ بەهەشت. ئیدی یەکێک لە موریدەکانی بانگ دەکاتە ژێر خێمەکە و لەو کاتەدا مەڕێک سەردەبڕێت. کاتێک لە ژێر خێمەکەوە خوێن دەڕژێتە دەرەوە،  هەموویان وا دەزانن سەری یەکێک لە موریدە نزیکەکانی خۆی بە چەقۆ بڕیوە. ئیدی موریدەکانی دەرەوە بێ ئەوەی هیچ شتێک ببیستن، دەستیان کرد بە نکوڵی کردن لە ڕاستی شێخەکەیان. تەنیا پیاو و ژنێک لە هەموویاندا هاتنە دەرەوە و وتیان “گیانمان بە فیدای ئەو زاتە بێت” و، ئامادەییان پشاندا بچنە ژێر خێمەکە هەتا سەریان ببڕێت. بەڵام ئەوانی دی هەموویان بڵاوەیان لێکرد و ڕابەرەکەیان جێهێشت. ئەو زاتەش بە دەسەڵاتدارانی وت: خۆ بینیتان کە من تەنیا مورید و نیوێکم هەیە نە زیاتر…

سەدان هەزار سوپاس بۆ جەنابی حەق، لە دوای تاقیکردنەوە و دادگایەکەی  شاری ئێسکیشەهیر، پەیامەکانی نور تەنیا خوێندکار و نیوێکی لە دەستداوە. بە پێچەوانەی ئەو زاتەی باسمان کرد، لە سایەی هیممەتی قارەمانانەی خەڵکی ئیسپارتە و چواردەوریەوە، قەرەبوی ئەو کەس و نیوەش کراوەتەوە و دەیان هەزار هاتۆتە ڕیزەوە. پشتیوانی بە خودا لەم تاقیکردنەوەیەشدا، بە هیمەتی قارەمانەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای وڵات، لە بری لە دەستدانی هەرکەسێک دەیان کەسی تر دێننە ڕیزەوە.

وەک لە پەیامی قەدەردا باسکراوە، هەر ڕووداوێک ڕوو دەدات دوو هۆکاری هەیە، یەکەمیان ڕوکەشە و زۆربەی خەڵک بە گوێرەی ئەو ڕووکەشە بڕیار دەدەن و، زۆر جاریش لەم بڕیارەیاندا زوڵم دەکەن. دووهەمیشیان هۆکاری ڕاستەقینەی ڕوودانی ڕووداوەکەیە و قەدەری خودا بە گوێرەی ئەوە فەرمانڕەوایی دەکات.  هەر لەو ڕووداوەدا و لە ژێر زوڵمی مرۆڤەکاندا دادپەروەری خودایی بە دەردەکەوێت.

بۆ نمونە پیاوێک لەبەر تاوانی دزیەک سزای زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت، کە ئەنجامی نەداوە و بە هەڵە بەسەریدا سەپێندراوە. بەڵام ئەم پیاوە لە پێشتردا جینایەتێکی ئەنجام داوە و قەدەری ئیلاهی سزای زیندانی بەسەردا سەپاندووە و، لە ناو زوڵمی قەزاوەتی مرۆڤەکاندا، ئەم دادپەروەریە بە شێوەیەکی تر خۆی بە دەردەخات.

لەم تاقیکردنەوانەی خۆشماندا، ئەڵماس لە شوشە، ڕاستگۆ و فیداکار لە دوو دڵ و بێ بناغەکان، دڵسۆز و خەمخۆرەکان لە خۆپەرست و بەرژەوەندیخوازەکان جیا دەبێتەوە، هەربۆیە تێپەڕبوونمان بەم تاقیکردنەوە چەتوونانە دوو هۆکاری هەیە:

 

یەکەم: کۆشش و ئیخلاسی لە ڕادەبەدەری شوێنکەوتوانی پەیامەکانی نور، ئەهلی دونیا و سیاسەتی توشی وەهم کرد و، ئەمە وای لێکردن دەست بکەن بە زوڵم کردن.

 

دووەم: لەبەر ئەوەی هەرکەسێک لای خۆیەوە بە تەواوی ئیخلاس و کۆششیەوە نەچووە ژێر باری ئەم خزمەتە پیرۆزە و تەواوی توانستی خۆیان نەخستە گەڕ، قەدەری ئیلاهی ئێمەی ئاڕاستەی ئەم ڕێگەیە کرد.

قەدەری ئیلاهی بە دادپەروەری و ڕەحمەتی خۆی، هەموو ئەو برایانەی موشتاقی بینینی یەکتر بوون لە یەک مەجلیسدا(زیندان) کۆی کردنەوە و ، زەحمەتەکانی بۆ گۆڕین بە عیبادەت و زیانەکانیشی بۆ کردنە سەدەقە و خێر و چاکە.

هەروەها بە مەبەستی ئەوەی سەرنجی هەموو لایەک بۆ ئەو پەیامانە ڕابکێشرێت کە دەینوسن ، لەبەر ئەوەی فێرمان بکات ماڵ و منداڵ و خۆشی ژیان ڕاگوزەر و کاتیە و هەر ڕۆژێک دێت بەجێی دێڵین و دەچینە ناو خاک، بۆ ئەوەی ئەمانە نەبنە هۆی لە دەستدانی ژیانی ئاخیرەت و فێری ئارامگری و سەبر ببین، لە هەمان کاتدا نمونەیەکی قارەمانانە پێشکەش بە ئەهلی ئیمان بکەن، کە لە دوای ئێوەوە دێن، یاخود بۆ ئەوەی ببنە ئیمام و ڕابەریان لە چۆنیەتی خزمەتکردندا ئەم شتانەی بەسەر هێنان، جا لەبەر ئەوە ئەمەی بەسەرتان دێت، لە چەندین لاوە خێر و ڕەحمەتە و ڕووی تێکردوون”.

کاربەدەستانی حکومەت و سیاسەت و هێزەکانی پۆلیس و دادگاکان، هۆیەکیان نیە بۆ ئەوەی خۆیان بە ئێمەوە خەریک بکەن.

خۆ گەر ئەمانە پاساوێکیان هەبێت، ئەوا هیچ دەسەڵاتێکی دونیا ناتوانێت بەرگری لەم کارانە بکات و هەر مرۆڤێک ئەقڵی لەسەری دابێت، ڕازی نابێت بەم کوفرە ڕەهایەی ئەنجامی دەدەن، کە لە تاعونی بەشەری سەرچاوە گرتوو لە دەماگیری کافرێتی و ماددەگەراییەوە هەڵدەقوڵێت، هەندێک زەندیقی شاراوە بە شەیتانیەتی خۆیان کاربەدەستانی وڵات فریو دەدەن و توشی وەهمیان دەکەن و، وایان لێدەکەن هەڵبکوتنە سەرمان.

ئێمەش دەڵێین: نەک چەند کەسێکی وەهمکاری وەک ئەمانە، گەر هەموو دونیاش هەڵبکوتنە سەرمان، بە هێزی قورئان و چاودێری خودا لە دەستی ئەمانە هەڵنایەیین. خۆمان ڕادەستی کوفری ڕەهای هەڵگەڕاوەکان و زەندیقەکان ناکەین و ناهێڵین چەکمان بکەن!

ناتوانن بە هۆی کەموکەرتی من و هەندێک لە هاوڕێکانمەوە هێرش بکەنە سەر پەیامەکانی نور.  چونکە پەیامەکانی نور ڕاستەوخۆ وابەستەی قورئانن و قورئانیش ڕاستەوخۆ بە عەرشی خوداوە بەستراوە.  کێ زاتی ئەوەی هەیە با دەستی خۆی بۆ ئەوێ درێژ بکات و ئەو پەتە بەهێزەی نێوانیان بپسێنێت.

پەیامەکانی نور بەرەکەتێکی ماددی و مەعنەویە و لە هەمان کاتدا  خزمەتێکی ناوازەی پێشکەش بەم وڵاتە کردووە، ناکرێت بە کەموکوڕی ئێمە و هەڵە تاکە کەسیەکانمانەوە ببەسترێتەوە. بە پێچەوانەوە زیانێکی ماددی و مەعنەوی زۆر دەدات لەم وڵاتە.

بە پشتیوانی خودا ئەو پیلان و هێرشە شەیتانیانەی لەلایەن هەندێک زەندیق و دوژمنە شاراوەکانمانەوە بۆ سەر پەیامەکانی نور ڕێک دەخرێت، هەموویان شکست دەهێنن، شاگردی پەیامەکان لەگەڵ کەسانی تردا بەراورد ناکرێن، ناتوانیت پەرش و بڵاویان بکەیتەوە و وازیان پێ بهێنیت. بە چاودێری جەنابی حەق، هەرگیز ناتوانن شکستیان پێ بهێنن. وەلحاسل مادام ئێمە خۆمان لە دونیای ئەوان هەڵناقورتێنین و دەستی تێوەرنادەین، ئەوانیش با دەست نەخەنە ژیانی ئاخیرەت و خزمەتی ئیمانی ئێمەوە.

من بەهۆی زۆر ڕووداوەوە گەشتوومەتە ئەو قەناعەتەی کە حکومەت، بە پاساوی پێشێلی یاسای ” بەکارهێنانی هەستی ئاینی بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایشی وڵات” هێرش ناکاتە سەر ئێمە. بەڵکو لە ژێر ئەم پەردە درۆزنەوە کە لەلایەن زەندیقەکانەوە لە دژمان خراوەتە گەڕ، بە هۆی  ئیمان و ئەو خزمەتەی پێشکەش بە ئاسایشی وڵات و ئیمانی هاوڵاتیانی دەکەین، هێرش دەکەنە سەرمان. چونکە  ماوەی ٢٠ ساڵە پەیامەکانی نور بڵاو بۆتەوە و زیاتر لە ٢٠ هەزار دانەی وەک دەستنوس لەبەر گیراوەتەوە و، لەلایەن ٢٠ هەزار هاوڵاتیەوە خوێندراوەتەوە و قبوڵکراوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ کام لە شاگردەکانی پەیامی نور، لە دژی ئاسایشی وڵات پێشێلکاریەکیان ئەنجام نەداوە و حکومەتیش کارێکی وەهای تۆمار نەکردووە و لە هەردوو دادگای کۆن و نوێشدا بەڵگەیەکی وەها لە دژیان نەخراوەتە ڕوو. ئەمە لە کاتێکدایە پڕوپاگەندەیەکی بەهێزی وەهایان لە دژ خراوەتە گەڕ، گەر بە کارێکی وەها هەڵبستانایە، دەبوو لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا شتێکی لەو جۆرە بدۆزنەوە، کە خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن. هەربۆیە یاسای ژمارە ١٦٣ بە پێچەوانەی هەموو ویژدانێکی ئازاد و زیندوەوە و، بە شێوەیەکی لاستیکی و وەک ماسکێکی درۆزنانە بەکاردەهێنرێت بۆ دەستگیرکردنی هەرکەسێک دیندار بێت و ئامۆژگاریکەری خەڵک بێت سەبارەت بەم دینە. زەندیقەکان هەندێک کاربەدەستی حکومەت و دادگاکانیان غافڵ کردووە و لە ڕێگەی ئەوانەوە دەیانەوێت ئێمە بچەوسێننەوە.

 

مادام ڕاستی بابەتەکە بەم شێوەیەیە، ئێمەش بە هەموو هێزمان دەڵێین:

ئەی ئەو بەدبەختانەی دینی خۆتان بە دونیا فرۆشتووە و کەوتوونەتە ناو کوفری ڕەهاوە! هەرچی لە دەستان دێت بیکەن. دونیا سەرتان بخوات و هەر دەشی خوات! سەدان ملیۆن قارەمان کە سەری خۆیان لە پێناو ئەم ڕاستی و حەقیقەتە داناوە، هەموو شتێکی ئێمەش بە سەریشمانەوە فیدای ئەو ڕێگەیە بێت! ئامادەی هەموو سزا و لە سێدارەدانێکین. لە کاتێکی ئاوەهادا دەرەوەی زیندان سەد قاتی ناو زیندانەکان خراپترە بۆ ئێمە.

ئەم هێرشە داگیرکەرانەی بۆ سەر ئێمە ئەنجام دەدرێت، کە هیچ ئازادیەکی ویژدانی، زانستی، دینی بۆ ئێمە نەهێشتۆتەوە، بۆ سەر  هەرکەسێک ئەنجام بدرێت کە ئەهلی ناموس و ئاین و ئازادی بێت، بێجگە بژاردەی مردن و چوونە زیندانەوە چارەیەکی تری بۆ ناهێڵێتەوە.  ئێمەش بە دووپاتکردنەوەی ” إِنَّا لِلّهِ وَإِنَّـا إِلَيْهِ رَاجِعونَ” پشت بە خودای خۆمان دەبەستین و پەنای بۆ دەبەین.(تیشکەکان لاپەڕە ٢٧٢).

دوو هۆکار وایکرد کە ڕاکردن لەم بەڵاو موسیبەتانە و قورتار بوون لێیان کاری نەکردە بێت:

یەکەم: بەشێک لەو ناڕەحەتیەی دەبوو لەو دونیا بەسەرمان بێت، جەنابی حەق لەم دونیا بەسەری هێنانین و ئەمەش بۆ ئێمە باشترێکە لەوەی لەو دونیا بەسەرمان بهاتایە.

دووەم: هیچ دەرچەیەک نەبوو بۆ ڕزگاربوون لەو پیلانانەی لە دژمان دەیانگیڕا.  من هەر لە پێشتریش هەستم بەمە کردبوو، بەڵام چارەیەک نەبوو. شێخ عەبدولحاکیم و شێخ باقی ڕەحمەتیش بە هەمان شێوە نەیانتوانی خۆیان قورتار بکەن. خۆ گەر بە هۆی ئەم بەڵا و موسیبەتانەوە سکاڵا لە یەکتر بکەین، ئەوا کارێکی ناحەقی و بێ واتا و زیانبەخشە و بە واتای پشتکردنە پەیامەکانی نور دێت. ئامان سەد ئامان، هەرگیز چالاکی هەڵگران و کۆڵەکە ڕاستەقینەکانی پەیامەکانی نور نەکەنە هۆکاری ئەو بەڵاو موسیبەتانەی بەسەرتان هاتووە، گەر ئەوان بکەنە هۆکار، ئەوا بە واتای پاشگەزبوونەوە لە پەیامەکانی نور و پەشیمان بوونەوە لە فێربوونی ئیمانی ڕاستەقینە دێت. ئەمەش زۆر لە بەڵاو موسیبەتی ماددی گەورەتر و قورسترە و، بەڵایەکی گەورەی مەعنەویە. من سوێندتان بۆ دەخۆم: سەرەڕای ئەوەی ٢٠ تا ٣٠ قاتی هەریەک لە ئێوە دەردەداری ئەم بەڵاو موسیبەتانە بووم، هەرگیز دڵم لەو کەسانە ناڕەنجێت کە بە هۆی نیەتی دڵسۆزانەی خۆیانەوە هەندێک چالاکیان ئەنجامدابێت و  ئیحتیاتیاتی پێویستیان وەرنەگرتبێت، خۆ گەر ئەو بەڵاو موسیبەتانەی بەسەرمان هاتووە ١٠ قاتی ئێستاش گەورەبوونایە هەر دڵم لێیان نەدەڕەنجا. خۆ سکاڵا کردنیش سەبارەت بە شتانی ڕابردوو بێ هوودەیە، چونکە لە دەست دەرچووە و دارای نۆژەنکردنەوەیان نیت.

 

براکانم! خەم وا لە مرۆڤ دەکات بەڵاو موسیبەت لەسەر خۆی بکاتە دوو هێندە. هەروەها بەڵای ماددی لەسەر دڵی مرۆڤ دەکاتە پشکۆی ئاگر و تێیدا جێگیر دەبێت، وەک ناڕەزایی بەرامبەر قەدەری خودا و ڕەخنەکردنی وەهایە و بەرەنگاربوونەوەی ڕەحمەتی ئیلاهی  وتۆمەتبارکردنێتی بە شومێتی. مادام لە هەموو شتێکدا جوانیەک هەیە و ڕەحمەتێکی خودایی تێدا بەدەردەکەوێت و، دادپەروەری دانایی خودا لەو ڕووداوانەدا خۆی بەدەردەخات،  مادام ئێمە ئەرکێکی پیرۆزمان خستۆتە سەر شانمان کە پەیوەندی بە هەموو جیهانی ئیسلامەوە هەیە، ئەوەی لەسەرشانمانە ئەوەیە گوێ بە هەندێک زەحمەت و ناڕەحەتی نەدەین، کە بەرۆکمانی گرتووە. (تیشکەکان ٣١٣).

ئەم بەڵاو موسیبەتانەی بەسەرمان هاتووە، بە شێوەیەک سوودی گەیاندووە بە برایەتیمان و پەیامەکانی نور و ڕەمەزانەکەمان، سوود و قازانجێکی وەهاشی بە ئێوە گەیاندووە گەر پەردەی سەر چاوتان هەڵبگیرێت دەڵێن ” خودایە هەزاران سوپاس بۆ تۆ، ئەم بەڵاو موسیبەت  و قەزا و قەدەرانەی بەسەرمان هات هەمووی خێری تێدا بوو”. پێم وایە گەر پەردەی سەر چاوتان هەڵبگیرایە ئەمانەتان دەوت.

لۆمەی ئەو کەسانە مەکەن کە بوونەتە ڕوودانی هەندێک شت. پیلانی فراوان و تۆقێنەری ئەم بەڵا و موسیبەتانە دەمێک بوو داڕێژرابوو بۆتان. بەڵام لە ڕووی مەعنەویەوە زۆر بە ئاسانی بەسەرماندا تێپەڕی. پشتیوانی بە خودا زۆر بە زوویی تێدەپەڕێت. ئێوەش مەچنە ژێر باری نهێنی ” وَعَسَىٰ أَن تَكْرَهُوا شَيْئًا وَهُوَ خَيْرٌ لَّكُمْ” و خەفت بە شتانێک مەخۆن کە پێدەچێت خێری زۆر بۆ ئێوە تێدابێت.( تیشکەکان ٢٨٥).

 

گەرچی شوێنەکانتان زۆر تەسک و تەنگەبەرە، بەڵام فراوانی دڵی ئێوە گوێ نادات بەو تەنگەبەریە، خۆ گەر بەراوردی بکەین لەگەڵ ئەو شوێنانەی خۆمان کە تێیدا دەژیایین ئەوا ئێرە فراوانترە(زیندان). ئەوە بزانن : هێزی سەرەکی ئێوە و خاڵێک کە دەبێت پشتی پێ ببەستن یەکگرتووی و هەماهەنگیتانە. ئامان سەد ئامان بە هۆی ئەم ناڕەحەتیانەوە توشی دەمارگیری نەبن و یەکتر تاوانبار مەکەن. ئەمە دەبێتە ناڕەزایی و بەرامبەر قەدەر و قیسمەت، بە هۆی گازندە و سکاڵای “گەر وا نەبووایە فڵان شت رووینەدەدا” لە یەکتر زویر مەبن. ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە ئێمە چارەیەکمان نەبوو بۆ خۆ قورتارکردن لە هێرشی ئەمانە. ئێمە هەرچیەکمان بکردایە ئەوان هەر هێرشیان دەکردینە سەر. ئێمە دەبێت بە ئارامگری و سوپاسگوزاری خوداوە ڕازی بین بە قەزای و خودا و تەسلیمی قەدەری ببین، هەتا ئەو کاتەی دەستگیرۆی خودایی بە هانامان دەگات. با ئێمە خەریکی ئەوە بین لە کاتێکی کورت و کردارێکی کەمدا خێر و پاداشتێکی گەورە بەدەستی خۆمان بخەین.(تیشکەکان لاپەڕە ٣٠٠).

ئەمانەی سەرەوە بەشێک بوون لە پەیامەکانی نور کە باسی ڕۆژانی ڕابردوو دەکات و تیشکیش دەخاتە سەر ئەمڕۆمان، خۆتان دەتوانن سەیریان بکەن و پێداچوونەوەی بۆ بکەن. لەوە دەچێت لە هەندێک کتێبدا ژمارەی لاپەڕەکان وەک یەک نەبن، بە هۆی هەندێک وشەوە دەتوانن لەسەر تۆڕەکانی ئینتەر نێت بیاندۆزنەوە…

 

چەند تێبینیەک لەسەر ژیانی پڕ ناسۆری نورسی:

بەدیعوزەمان سەعید نورسی دوای دروستبوونی کۆماری تورکیا بە ماوەیەکی کەم، لە ساڵی ١٩٢٦ نەفی دەکرێت و هەتا ساڵی ١٩٦٠ کە وەفاتی تێدا دەکات چەندین جار لە شوێنی خۆی نەفی کراوە.  بارلا، ئیسپارتا، کاستامۆنو، ئێمیرداغ ئەو شوێنانەن کە نورسی بۆ نەفی کراوە و ژیانی تاراوگەی تێدا بردوونەتە سەر.

نورسی چەندین جار دووچاری ژیانی زیندانیش بووە، لە نێوان ساڵی ١٩٣٥-١٩٣٦ لە شاری ئێسکیشەهیر زیندانی بووە، لە نێوان ساڵانی ١٩٤٣- ١٩٤٤ لە زیندانی دەنیزلی، لە نێوان ساڵانی ١٩٤٨-١٩٤٩ لە زیندانی ئافیۆن بووە. لە نێوان ئەو ساڵانەی لە دەرەوەی زیندان ژیاوە، بەردەوام لە ژێر چاودێری پۆلیس بووە و کتێبەکانی لەو ساڵانەدا نوسیوە.

لە ساڵی ١٩٥٢ لە دۆسیەی ” ڕابەری گەنجان” دادگای شاری ئیستەنبول دادگایی کراوە و بە هۆی بێ گوناحیەوە ئازاد کراوە.

نورسی لە ساڵی ١٩٥٣ لە شاری ئیسپارتە نیشتەجێ بووە و لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری شانلیئورفا کۆچی دوایی کردووە.

تەنانەت زوڵمی دەسەلاتدارانی تورکیا لە دوای کۆچی دوای ناوبراوی بەردەوام بوو، هەربۆیە دوای کودەتای ٢٧ ی ئایار، دەسەڵاتی سوپا گۆڕی نورسیان لە شانلیئورفا گواستەوە بۆ شوێنێکی نادیار، کە بێجگە براکەی و دوو خوێندکاری کەس نەیدەزانی لە کوێیە.

 

1310 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە