بیروڕاپەرتوکوتار

سیفاتی چوارهەمی میراتگرانی زەوی!

 

م.فەتحوڵڵا گولەن سەبارەت بە سیفاتی چوارهەمی میراتگرانی زەوی دەڵێت” میراتگرانی زەوی سەرلەنوێ چاو بە تیبینیەکانی گەردون و مرۆڤ و ژیان دەخشێننەوە و بە شێوازێکی ڕەخنەگرانە ڕاستی و هەڵەکان هەڵدەسەنگێنن.”

ئەم وتە پوختەی مامۆستا بە شێوەیەکی درێژتر لەلایەن حەزرەتی بەدیعوزەمان سەعید نورسیەوە لە ساڵانی ١٩٢٠ کان باس کراوە.

نورسی سەبارەت بە حەدیسێکی شەریفی ناو سەحیحی ئیمامی بوخاری کە دەفەرموێت ” حەق بەرزە و کەس بەسەریدا سەرناکەوێت و هەرگیز ژێر ناکەوێت” دەپرسێت کەوا لەبەرچی کافران بەسەر موسوڵماناندا زاڵبوون و بەسەریاندا سەرکەوتون؟

نورسی لە چوار خاڵدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و تەنانەت ئەم پرسیارە کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا شیاوە بپرسرێت لە ڕۆمانی ” عەلی و نینۆ” کە لە ساڵی ١٩٢٥ لە ئازەربایجان نوسراوە دەکەوێتە پێش چاومان.

گەرچی مامۆستا نورسی پێش ٥ ساڵ لە نوسینی ئەم ڕومانە، لە شاکاری تیشکەکاندا وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە.

گەر بە پێی توانای تێگەشتنی خۆمان وەڵام بدەینەوە ئەوا دەتوانین بڵێین:

پەیامی ڕاستی لەلایەک و شێوازی بەدەستهێنانی ئەو ڕاستیە لەلایەکی ترە، گەر پەیامت ڕاستی بێت و هۆکارەکانی بەدەستهینانی ناڕاست بێت، ئەوا لەبەردەم هۆکارە ڕاستیەکاندا توشی دۆڕان دەبێت.

لە ڕاستیدا ئەوەی دەدۆڕێت ڕاستیەکان نیە، بەڵکو ڕێگە ناڕاستەکانە کە دەیانەوێت بگەن بە ڕاستی، واتە لە کرۆکی بابەتەکەدا هەر سەرکەوتنی هۆکارە ڕاستەکان خۆی حەشار داوە.

موسوڵمان پێویستە لەسەر شانی هەموو کردارێکی ڕاست و دروست بێت، بەلام بەداخەوە هەندێک جار لە واقعدا پێچەوانەکەشی دەبینین.

لە کەسانێکی ناموسوڵمانیشدا هەندێک سیفاتی جوان و دروست دەبینین کە سیفاتی موسوڵمانانە و شیاو بە کەسی موسوڵمانن.

حەزرەتی ئوستاد لە ڕاڤەی ئیشاتول ئیعجازدا ئاماژەی بەم تایبەتمەندیە کردوە و دەڵێت:

حەزرەتی ئادەم سەلامی خودای لەسەر بێت وەک یەکەم مرۆڤ و لە هەمان کاتدا یەکەم پیغەمبەر، لە دوای ئەویش ١٢٤ هەزار یاخود ٢٢٤ هەزار پێغەمبەری تر نێردراوە. ئەم ڕابەرە گەورانە لە پاڵ ئەوەی ٦ بنەمای سەرەکی ئیمانیان هێنا لە هەمان کاتدا هەرچی ڕەوشتی جوان و بەهای گەردونیە لەگەڵ خۆیان هێنایان و بە جوانترین شێوەش نوێنەرایەتیان کرد. خۆ گەر مرۆڤەکان دواتر وازیان لە بنەما سەرەکیەکانی ئیمانیش هێنابێت، ڕەوشت و بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی وەک دابونەریت و کەلتورێک لە نیوانیاندا ماوەتەوە و ژیاندویانە.

هەربۆیە ڕەوشتی جوان لە زۆر کەسی نا موسوڵمانیشدا بەدی دەکرێت.

هەربۆیە گەر موسوڵمان لەم ڕەوشتە جوانانە دوور بکەونەوە و لە بەرامبەردا کەسانێکی تر خۆیان بکەنە خاوەنی ئەو ڕەوشتە جوانانە، ئەوا لە کاتی ڕوبەروبونەوەیاندا بەسەر موسوڵماناندا سەردەکەون. واتە هەر سیفاتەکانی حەقە ئەوەی لە ڕاستیدا سەرکەوتوە.

سێهەم شت کە دەبێت ئاماژەی پێبکەین ئەوەیە: صحوف و تەورات و زەبور و ئینجیل و قورئان لە سیفاتی کەلامی جەنابی حەقەوە سەرچاوەیان گرتوە و ڕێکار و رێساکانی ئاینیان ڕوون کردۆتەوە.

هەرکەس پابەندی ئەم ڕێسا ئاینیانە بێت ئەوا لە دوا ڕۆژدا پاداشتی ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت. بێگومان سوودی دونیایشیان زۆرە، بەڵام گەر بەراوردی بکەین بە خۆشبەختی نەبڕاوەی ژیانی ئەو دونیا، ئەوا قازانجە دونیایەکانی ئەم بابەتە شایەنی باسکردن نین.

پابەندنەبون بەو ڕێسایانەش سزاکەی بە هەمان شیوە لە ژیانی ئەودا وەردەگرین.

هەروەها لە سیفاتی ئیرادەی جەنابی حەقەوە یاساکانی گەردونیش هاتونەتە بوون.

گەرچی مرۆڤەکان هەندێک جار بە هەڵە ناوی ‘یاساکانی سروشت’ ی لێناون، بەڵام ئەمە پرەنسیپ و ڕێسا نەگۆڕاوەکانی خودان کە لە گەردوندا دایناون. تەواوی زانست و تەکنەلۆژیا لە سایەی ئەو یاسایانەوە هاتونەتە بوون. پابەند بوون بەو یاسایانەشەوە پاداشتەکەی لەم دونیا وەردەگرین و پێشێلکردنیشیان سزاکەی هەر لەم دونیادایە.

گەر موسوڵمانان ڕوبەڕوی سەردەمی خۆیان نەبنەوە و لە ڕێڕەوی مێژووی سەردەمی خۆیان دواکەوتبن ئەوا لەلایەن کەسانی ترەوە دەچەوسێنرێنەوە.

هەربۆیە مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن دەڵێت کەوا سیفاتی چوارهەمی میراتگرانی زەوی ئەوەیە:  سەرلەنوێ چاو بە تیبینیەکانی گەردون و مرۆڤ و ژیان دەخشێننەوە و بە شێوازێکی ڕەخنەگرانە ڕاستی و هەڵەکان هەڵدەسەنگێنن.

 بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانین ئەماژە بە چەند تایبەتمەندیەک بکەین:

یەکەم: گەردون کتێبێکە لەلایەن خوداوە خراوەتە بەرچاوی ئێمە کە پێویستە زوو زوو چاوی پێدا بخشینینەوە، مرۆڤ بڵاوکراوەیەکی خودایە کە قوڵایی تەواوی بونی لێوە دەبینرێت و پێڕستێکی شەفافی تەواوی دونیاکانی دەرەوەی ئێمەیە، ژیانیش لەم کتێب و پێڕستەوە بە ئاوێتە لەگەڵ بەیانیە خودایەکان هەڵێنجێندرێت و بەرجەستە دەکرێت.

ئەگەر ئەوە قبوڵ بکەین کەوا گەردون، مرۆڤ و ژیان لە ڕوی ڕواڵەتەوە جیاواز بن لە یەکتری بەڵام لە هەمانکاتدا ڕوی جیاوازی هەمان حەقیقەت بن – کە هەرواشە- جیاکردنەوەی ئەمانە لە یەکتری هەروەک چۆن هەماهەنگی حەقیقەت دەشێوێنێت لە هەمان کاتدا بێڕیزیشە بەرامبەر مرۆڤ و ژیان.

بەڵێ هەروەک چۆن فەرزە لەسەرمان بەیانی خودا کە لە سیفاتی کەلامی جەنابی حەقەوە سەرچاوەی گرتوە، بخوێنینەوە و لیی تێبگەین و گوێرایەڵی لێبکەین و لە ژیاندا جێبەجێی بکەین، بە هەمان شێوە پێویستە لە دروستکراوەکانی خودا تێبگەین کە لە سیفاتی ئیرادەی ئەوەوە سەرچاوەی گرتوە و، تەواوی بونەوەر و ڕوداوەکان  کە لە زانستی خۆیە سەرچاوەی گرتوە بخوێنینەوە و لێی تێبگەین و لە ژیانماندا جێبەجێی بکەین.

بەڵی فورقانی خاوەن شکۆ کە لە سیفاتی کەلامی خوداوە سەرچاوەی گرتوە، ڕۆحی هەموو بوونە و ، تەنیا سەرچاوەی خۆشبەختی دونیا و ئاخیرەتە و، کتێبی گەردونیش وەک بەرجەستە بوونی ئەم حەقیقەتە وەهایە.

گەردون بە تەواوی لقە جیاوازەکانی زانستیەوە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی ئەم دونیا دادەنێت و لە هەمان کاتدا دینامیکێکی گرنگی ژیانی دواییشە.

دووەم: دەبێت قوڵای ڕاستەقینەی مرۆڤەکان لە هەست و هزر و کەسایەتیاندا بەدی بکەین و، پێگە و پلەی مرۆڤەکان لای خودا و خەڵکیش هەر بەم تایبەتمەندیانە دیاری دەکرێت. خۆ هەر لە ڕاستیشدا مرۆڤەکان لای خودا و خەڵکیش بە گوێرەی کەسایەتی بەرز و سیفاتە بەرزەکانیان پێگەیان بۆ دادەنرێت و پاداشت وەردەگرن.

سێهەم: ئامانجێکی حەق و ڕەوا دەبێت لە رێگەی هۆکار و ڕێچکەی حەقەوە هەوڵی بەدەستبهێنرێت، بەڵێ ئەوانەی خۆیان لە ڕێچکەی ئیسلامدا دەبینن دەبێت لە هەموو کارێکیاندا بە شێوازێکی ئایدیال(غایەی خەیاڵی) هۆکارەکانیان مەشروع بێت، دەبێت تەواوی هۆکارەکانیش وەک ئامانجەکەیان مەشروع و ڕەوا بێت.

گەر ڕەزامەندی جەنابی حەق و گەشتن بەو ڕەوچاو نەکرێت ئەوا هەروەک چۆن گەشتن بەو ئامانجە ئەستەمە، خزمەتکردن بە ئیسلام و ئاڕاستەکردنی موسوڵمانانیش بۆ ئەو ئامانجە لە ڕێگە شەیتانیەکانەوە بە هیچ شیوازێک هەلی بەدیهاتنی نیە.

هەروەها زۆر جار لە جیاتی خزمەتکردن بەو ئامانجە پێچەوانەکەشی بینراوە و ئەوانەی ڕێگەی ناڕاست دەگرنە بەر هەموو لوتفێکی خودای لە دەست دەدەن و لای خەڵکیش ئەرزشی خۆیان لە دەست دەدەن، هەرگیز ناتوانین بیر لەوە بکەینەوە کە ئەو جۆرە کەسانە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ سەرکەوتوو دەبن.

هەربۆیە میراتگرانی زەوی دەبێت زۆر بە وردیەوە سەرنجی ئەم تایبەتمەندیانە بدەن.

http://www.shaber3.com/yazar/abdullah-aymaz/yeryuzu-mirascisinin-dorduncu-vasfi/1291709/

 

 

430 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە