هەواڵ

برایەکی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کاربەدەستانی تورکیا بۆ جینۆسایدکردنی هاوسۆزانی خزمەت، قوتبەدین گولەن کەوا بچوکترین برای مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەنە، تەنیا بە هۆی نازناوی گولەنەوە سزای ١٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
دوای ئەوەی چواردەهەمین دادگای سزا قورسەکانی ئیزمیر سزای ١٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەر برایەکی مامۆستادا سەپاند، بڕیارەکە لەلایەن دادگای باڵاشەوە پەسەند کرا. ناوبراو لە ماوەی ڕابردوو بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە گروپی تیرۆرستی” لەلایەن چواردەهەمین دادگای سزا قورسەکانی ئیزمیرەوە دادگایی کرا. بڕیارەکە لەلایەن شانزەهەمین دادگای باڵای تورکیاشەوە پەسەندکرا و، لە بڕیارەکەیاندا ئاماژەیان بەوە داوە کە ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی بەڵگەکان و ئەو بەڵگانەی خراونەتە ڕوو، بە شێوەیەکی دروست لەگەڵ یاساکان ئەنجامدراوە. قوتبەدین گولەن کەوا تەنیا لەبەر ئەوەی برای مامۆستایە، لە ڕێکەوتی ٢ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لە زیندانە و، چەندین کێشەی تەندروستی هەیە. ناوبراو لەگەڵ ئەوەی فەقەراتی کێشەی هەیە، لە هەمان کاتدا نەخۆشی دڵ و بەرزی فشاری خوێنی لەگەڵدایە.

لە دوای هەوڵی کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزەوە، دەیان خزمی مامۆستا، بێ ئەوەی جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا بکرێت و هیچ تاوانێکیان ئەنجامدابێت، تەنیا بە هۆی لێکچوونی نازناوەکەیان لەگەڵ مامۆستادا خراونەتە زیندان و ڕووبەڕووی چەندین ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بوونەتەوە.
براکەی مامۆستا ماوەیەکی دوور و درێژ ڕێگەی نەدەدرا چاوی بە ئەندامانی خێزانەکەی بکەوێت و، دوای ئەوەی باری تەندروستی بە تەواوی تێکچوو، ئینجا ڕیگەی ئەوەیان دا کەوا چاوی بە کچەکەی بکەوێت. کچەکەی سەرەتا باوکی ناناسێتەوە کە زۆر لاواز بووە و، دواتر بەو هۆیەوە لە هۆش خۆی دەچێت. هەندێک لە خزمەکانی دەڵێن ئەو مامەڵە خراپەی لەگەڵ براکەی مامۆستا ئەنجام دەدرێت، کە جاری وەها هەیە بۆ ماوەی هەفتەیەک ئاوی تەواوی پێنادەن، بێ بوونی فەرمانێکی تایبەت لە ئەنقەرەوە، مومکین نیە کاربەدەستانی زیندان خۆیان بتوانن کاری وەها ئەنجام بدەن.

31 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە