بیروڕا

هەندێک پێشداوەری سەبارەت بە تورکیا و بزاڤی خزمەت لە ژێر ڕۆشنایی وتارەکەی زە ئێکۆنۆمیست

ئەو “پێشداوەرییە کەمالیستەی” لە تورکیادا هەیە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە بزاڤی خزمەت گەورەترین پشتیوانی ئێردۆغان بووە بۆ گەیشتن بەم دەسەڵاتەی ئێستا هەیەتی، یاخود دەڵێن ئەگەر بزاڤی خزمەت نەبووایە ئەوا لەمێژبوو ئێردۆغان لە سەر شانۆی مێژوو سڕدرابووەوە، ئێستا ئەو پێشداوەرییە چەندین جار لە میدیا نێودەوڵەتییەکانیشدا خۆی دووبارە دەکاتەوە. لە دواهەمینیشیاندا زە ئێکۆنۆمیست بە هەمان ئەو پێشداوەرییانە وتارێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە. ئەو پێشداوەرییە کەمالیستە هەمان بانگەشە بۆ ئەو چینە ڕۆشنبیرە لیبڕاڵە دووبارە دەکاتەوە کە پشتیوانییان لە ئاکەپە دەکرد.

ئەوە ڕاستییەکەی ئاشکرایە کە بزاڤی خزمەت بۆ ماوەیەکی درێژ پشتیوانی لە ئاکەپە کردووە. بەڵام پێویستە ئەوەش پشتگوێ نەخەین کە لەو سەردەمەی بزاڤی خزمەت پشتیوانی لە ئاکەپە کردووە ئاکەپە چۆن پارتێک و چۆن دەسەڵاتێکی سیاسی بووە. بە پێچەوانەوە ڕاستییەکان ون دەبن.

بزاڤی خزمەت لە کاتی هاتنە سەر دەسەڵاتی ئاکەپە، تا ساڵی ٢٠١١ پشتیوانییەکی بەهێز و ئاشکرای لە ئاکەپە دەکرد. لەو سەردەمەدا باراک ئۆباما سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا یەکەم سەردانی فەرمی خۆی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ تورکیا ئەنجامدا. تۆنی بلەیر سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا بە بەهێزترین شێوە پشتیوانی لەوە دەکرد کە تورکیا ببێت بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا. یەکێتی ئەوروپا بە هەموو دەزگا و دامەزراوەکانییەوە پشتیوانی لە دەسەڵاتی ئێردۆغان دەکرد. بەهێزترین بەرگریکارانیش لە ئاکەپە لە ناوخۆی تورکیادا چینی ڕۆشنبیری تورکیا بوون. لەو کاتەدا کوردەکان و دیموکراتخوازەکان هەموو پێکهاتەکانی دیکەی تورکیا پشتیوانییان لە دەسەڵاتی ئێردۆغان کرد و تەنانەت لە ڕێگەی ئاکەپەوە هەموو پێکهاتەکان و کەمایەتییەکان توانییان نوێنەریان لە پەرلەمانی تورکیادا هەبێت.

هۆکاری ئەوەی کە بزاڤی خزمەت و هەموو پێکهاتەکانی دیکە پشتیوانییان لە ئاکەپە کرد بێ هیچ گومانێک ئەوە بوو کە ئاکەپە لەو سەردەمە لە هاوپەیمانێتییەک پێکهاتبوو، وە بە ئاراستەی ئەوروپادا دەڕۆشت. لە ناو ئاکەپەدا چەندین کەسایەتی بەهێز لە چین و توێژە جیاوازەکان هەبوون، وە ئەوکات ئاکەپە وەک هاوپەیمانێتییەکی هێزە دیموکراتییەکان لە دەسەڵاتدا بوو. یەک لە دوای پاکێجی چاکسازی یەکێتی ئەوروپای دەبردە پەرلەمان و پەسەندی دەکرد.

بەڵام کاتێک ئێردۆغان بۆ یەکەم جار لە ڕیفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠١٠ ڕێژەی زیاتر لە سەدا ٥٠ ی دەنگەکانی بینی، دەستیکرد بە هەنگاونا بەرەو ڕژێمێکی “تاکڕەو”. ئێردۆغان لە بری ئەوەی ئەو لە سەدا ٥٠ ی دەنگانەوە وەک سەرکەوتنێک ببینێت کە لە سایەی دیموکراتخوازەکان، کوردەکان، بزاڤی خزمەت و لیبڕاڵەکانەوە پێی گەیشتبێت، وا لێکیدایەوە کە “تەواو چیتر پێویستم بە هیچ کەسێک نییە”. پێش هەموو شتێک تەواوی ئەو کەسایەتییانەی ناو پارتەکەی دوورخستەوە کە پێگەیەکی جەماوەری بەهێزیان هەبوو. کەسێکی وەک ئەحمەد داودئۆغڵوی هێنایە پێشەوە کە بیری “عوسمانییەتێکی نوێ”ی هەبوو. وە هەروەها هاوشێوەی ڕژێمی بەعسی عێراق دەزگای هەواڵگری (میت)ی کردە دەزگایەکی گرنگ و خاوەن دەسەڵات.

لەم قۆناغەدا پاکتاوکردنی خەڵکی دەستی پێکرد بە بیانووی ئەوەی نزیکن لە بزاڤی خزمەتەوە. هەنگاو بە هەنگاو ڕۆشنبیران و دیموکراتخوازان لە ناو ئاکەپە پەراوێز دەخران و ئەو چین و توێژانە بە تەواوی لە ناو ئاکەپە کرانە دەرەوە. ڕێک وەک بزاڤی خزمەت. دواتریش هەموو ئەو چین و توێژانە وەک دوژمنی ئێردۆغان لە قەڵەم دران.

بە کورتی: ئەو سەردەمەی بزاڤی خزمەت و دیموکراتخوازان و کوردەکان و ڕۆشنبیرەکان پشتیوانییان لە ئێردۆغان دەکرد، ئەو کاتە بوو کە ئێردۆغان ڕووی لە ڕۆژئاوا بوو، وە هەموو وڵاتانی ڕۆژئاواش پشتیوانییان لێدەکرد.

ئەو بارودۆخەی پێویستە ڕەخنەی لێبگیرێت، بارودۆخی ئەو کەسانەی کە پشتیوان لە ئێردۆغان دەکەن دوای ڕاگەیاندنی ڕژێمە تاکە کەسییەکەی لە دوای ساڵی ٢٠١١ وە، نەک ئەو کەسانەی ئەو کاتە پشتیوانییان لە ئاکەپە دەکرد کە ئاکەپە بە شێوەیەکی دیموکراتییانە مامەڵەی دەکرد و خاوەن دیدێکی دیموکراتیانە بوو.

بۆ نموونە گۆڕینی یاسای “پارێزبەندی پەرلەمانتاران” لە دەستوور کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و پەرلەمانتارە کوردەکان، ئەو کارە لە لایەن جەهەپەی کەمالیست و ئاکەپەوە بە هاوبەشی ئەنجامدرا. یەکێک لە گەورەترین شکاندنی دیموکراسی لەم ساڵانەی دواییدا لە تورکیا بریتی بوو لە دەستگیرکردنی دەمیرتاش، وە لەو کارەشدا جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە لەگەڵ ڕژێمە تاکەکەسییەکەی ئێردۆغان پێکەوە کاریان کرد.

دیسان لە بڕیارەکانی پەرلەمان سەبارەت بە لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ سەر کوردانی سوریا، هەریەک لە جەهەپە و ئیی پارتی کە دوو پارتی ئۆپۆزسیۆنن پشتیوانیان لە بڕیارەکە کرد. هەر کەمالیستەکان بوو کە گەورەترین پشتیوان ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانە بوون کە لە ساڵی ٢٠١٥ دژی کوردەکان لە تورکیا ئەنجامدرا و هەوڵی ئەوە دەدرا کە شارە کوردییەکان بە تەواوی لەسەر نەخشە بسڕنەوە.

لە کاتی ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا لە تورکیا یاسایەک دەرکرا سەبارەت بەوەی “ئەو کارانەی لە ماوەی باری نائاساییدا دەکرێن لێپێچینەوەیان لێ ناکرێت”، وە بە هۆی ئەو یاسایەشەوە ڕەوایەتی درا بەو ئەشكەنجە و کارە نایاساییانەی لە سەردەمی ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا ئەنجامدرا و دڵنیایی درا لەوەی دواتر هیچ لێپێچینەوەیەک لەو کارانە ناکرێت.

لە هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە یاسا و دەستووردا کران لە پێناو فشار خستنە سەر بزاڤی خزمەت و کوردەکان، لە داخستنی دەزگا میدیاییەکان، دەستبەسەردا گرتنی شارەوانییەکان، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ، هەریەک لە پارتەکانی جەهەپە و مەهەمە و ئیی پارتی پشتیوانییان لە ئاکەپە کرد و پێکەوە هەنگاویان نا.

پێویست ناکات لێکۆڵینەوە لەو پشتیوانییانە بکرێت کە پێش ساڵی ٢٠١٠ هەبوون بۆ ئەو ڕێچکە دیموکراسییەی لە لایەن ئاکەپەوە پەیڕەو دەکرا، بەڵکو پێویستە لێکۆڵینەوە لەو پشتیوانییانە بکرێت کە لە سەردەمی ڕژێمە تاکڕەوییەکەی ئێردۆغاندا بۆ ئێردۆغان هەبوو.

 

پێشداوەرییەکی دیکە: تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە ژێر کۆنتڕۆڵی بزاڤی خزمەتدا بوو

هەبوونی کەسانێکی نزیک لە بزاڤی خزمەت لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هاوشێوەی هەموو هاولاتییەکی دیکە شتێکی ئاساییە. لێرەدا ئەوەی جێی قبوڵ کردن نییە ئەوەیە کە کەسێک لە دەرەوەی توانا و لێهاتووییەکانی بە گەندەڵی لە شوێنێکدا دابمەزرێت. بەڵام پێویستە ئەو ڕاستییە لە یاد نەکرێت کە ڕێژەی لە سەدا ٩٥ ی هەژموونی بزاڤی خزمەت لە کەرتی تایبەتدا بووە و هیچ پەیوەندییە بە حکومەتەوە نەبووە.

بواری سەرەکی کارکردنی بزاڤی خزمەت بریتییە لە بواری پەروەردە و هەموو ئەو کەسانە لەو بوارەدا کاردەکەن بە شێوەیەکی فەرمی لەو خوێندنگە و پەیمانگا و خولانەدا کاریان دەکرد کە بە فەرمی سەر بە بزاڤی خزمەت بوون. زۆربەی ئەو کەسانەی لەوێدا کاریان دەکرد ئەندامی سەندیکا بوون. لەبەر ئەوە هەموو شتێک زۆر بە شەفافی بەڕێوەدەچوو.

لە بەرەبەیانی ڕۆژی دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموز، پێش هەموو شتێک مۆڵەتی ٢٠ هەزار مامۆستا هەڵوەشێندرایەوە و دواتریش مۆڵەتی ٥٠ هەزار مامۆستا هەڵوەشێندرایەوە. ئەو کەسانە باجێکی قورسی ئەوەیان دا کە لە جوگرافیایەکی وەک تورکیادا شەفاف بوون.

جگە لەوە ژمارەیەکی زۆر خوێندنگە، زانکۆ، پەیمانگا و خولەکان کە بە شێوەیەکی شەفاف و فەرمی لە حکومەتدا تۆمار کرابوون، داخران. ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامە، گۆڤار، تەلەڤیزیۆن، ڕادیۆ و چەندین دامەزراوەی میدیایی دیکە داخران.

حکومەتی تورکیا گەورەترین گورزی لە شەفافترین پێکهاتەی بزاڤی خزمەت وەشاند. نزیکەی ٦٠٠ هەزار کەس لە چوارچێوەی دۆسییەی لێکۆڵینەوە لە بزاڤی خزمەت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کرا کە زیاتر لە ٥٠٠ هەزاریان لە کەرتی تایبەتدا بوون.

نزیکەی ١٠٠ هەزار فەرمانبەری حکومیش لە کارەکانییان دوورخرانەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کرا، کە ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ٤ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کارمەندی حکومی لە تورکیادا هەن، ڕێژەی یەک لەسەر ٤٦ پێکدەهێنن. ئەگەر ئەو ڕاپۆرتانەی دەزگای هەواڵگری لەبەرچاوبگرین کە سەبارەت بە گەورەیی بزاڤی خزمەت ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە نزیکەی ٢ ملیۆن کەس لە بزاڤی خزمەتدان، ئەوە دەبینین زۆربەی هەرە زۆری لایەنگرانی بزاڤی خزمەت لە کەرتی تایبەتدا بوون.

لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین ئەو پێشداوەرییەی بانگەشەی ئەوە دەکات دامەزراوەکانی دەوڵەت لە لایەن بزاڤی خزمەتەوە کۆنتڕۆڵ کراون جگە لە بانگەشەیەک هیچ دیکە نییە.

پێویستە ئەوەمان لەیاد نەچێت کە بزاڤی خزمەت، بزاڤێکە لە بەرزترین ئاستی خوێندن و ڕۆشنبیری لە تورکیادا. ئەندامان و هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت ڕێژەی لە سەدا ٩٩ یان دەرچووی زانکۆن. ئەمە لە کاتێکدا ڕێژەی لە سەدا ٥٠ ی کۆمەڵگای تورکیا دەرچووی خوێندنی بنەڕەتین. لەبەر ئەوە ئەگەر ئەندامانی بزاڤێک کە لە سەدا ٩٩ یان دەرچووی زانکۆ بن لە کەرتی حکومی یاخود لە کەرتی تایبەت دابمەزرێن و کار بکەن شتێکی ئاساییە.

 

 پێشداوەرییەکی دیکە: سەربازە باڵاکانی کەمالییەکان دەستگیرکران

یەکێکی دیکە لە پێشداوەرییەکان بریتییە لەو بانگەشانەی کە دەڵێن پێش ساڵی ٢٠١٠ ژمارەیەکی زۆر و ڕۆژنامەنووس لە لایەن دادوەرانی نزیک لە بزاڤی خزمەتەوە دەستگیرکراون. تەواوی ئەو کودەتا سەربازییانەی لە مێژووی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە ئەنجام دراون لە لایەن ئەفسەرە باڵاکانی کەمالییەوەکانەوە لەناو سوپای تورکیا ئەنجامدراوە. پێش ساڵی ٢٠١٠ نزیکەی ٣٠٠ سەرباز بە هۆی هەوڵی کودەتاوە دادگایی کران. ئەگەر تەماشای مێژووی کودەتاکانی تورکیا بکەین دەبینین کە ئەوە شتێکی نامۆ نییە ئەگەر هەندێک لەوانەی دەستگیرکراون و دادگایی کراون سەر بە کەمالییەکان بووبن. ئەمە لە کاتێکدا کە بە بەڵکەی حاشا هەڵنەگر سەلمێندراوە کە ئەو ئەفسەرانە پلانیان بۆ کودەتای سەربازی دانابوو. (بۆ نموونە تۆماری دەنگی کۆبوونەوەکانیان کە باسیان لە هەوڵی کودەتاکە دەکرد). بەڵام دواتر ئێردۆغان لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکدا بۆ لەناوبردنی بزاڤی خزمەت نەک لەبەر ئەوەی بێتاوان بووبێتن ئەوانی ئازاد کرد و پێگەی گرنگ و هەستیاری لەناو سوپای پێدان.

تورکیا تا ئێستا گەورەترین زیندانییە بۆ ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا. تا ئێستا نزیکەی ٢٠٠ ڕۆژنامەنووس لە گرتووخانەکاندان. ئەو ڕۆژنامەنووسانە لە لایەن ڕژێمەکەی ئێردۆغانەوە دەستگیرکراون. تەنها ٢ ڕۆژنامەنووس هەن کە لەو ساڵانەدا دەستگیرکرابێتن کە ئەندامانی بزاڤی خزمەت لەناو دادگادا کاریگەر بوون، کە ئەوانیش بریتیین لە ئەحمەد شیک و نەدیم شەنەر. هەموو ئەوەی دەوترێت پڕوپاگەندەیە و بۆ گەورەکردنی بابەتەکەیە.

یەکێکی دیکە لەو گەورە کردنانە بریتییە لەوەی کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت لە سەدا ٥٠ ی هێزەکانی پۆلیس سەر بە بزاڤی خزمەت بوون، پێویستە ئەو بە بەڵگە ڕوون بکرێتەوە. ژمارەی هێزەکانی پۆلیس لە تورکیادا ٢٩٣ هەزار کەسن. لەو ژمارەیە تەنها ٣٣ هەزار کەسیان بە بیانووی ئەندامبوون لە بزاڤی خزمەت لە کارەکانییان دوورخراونەتەوە. کە ئەوەش تەنها لە سەدا ١٠ یە، نەک لە سەدا ٥٠. لە سەروو ئەوەشەوە زۆرێک لەو کەسانەی لە کارەکانییان دوورخرانەوە دواتر لە دادگایی کردندا بێتاوانییان سەلمێندرا و دەرکەوت کە هیچ پەیوەندییەکیان بە بزاڤی خزمەتەوە نەبووە و گەڕێندرانەوە بۆ سەر کارەکانییان.

دەکرێت لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٢ کە تێیدا بزاڤی خزمەت زۆر کاریگەر بووە لە پرۆسەی دادوەریدا، هەندێک هەڵە کرابێت، بەڵام پێویستە ئەوە لە یاد نەکرێت کە پرۆسەی دادوەری تورکیا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٢ لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە بەرزترین نمرەی پێ بەخشراوە و باشترین سەردەمی دادوەری بووە لە تورکیادا.

https://www.tr724.com/the-economistin-makalesi-isiginda-turkiye-ve-gulen-hareketi-hakkinda-ezberler/

122 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە