هەواڵ

ژنێکی دووگیان بە منداڵێکی ٧ مانگەوە بڕیاری مانەوەی لە زیندان بۆ دەرچوو

ژنێکی دووگیان بە ناوی سەهات ساری کە ماوەی مانگ و نیوێکە لە زینداندا بەندکراوە، لە لایەن دادگاوە بڕیاری بەردەوامبوونی لە مانەوە لە زیندان بۆ دەرچوو.

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی بۆڵدمێدیا، سەهات ساری سەرەڕای دووگیانییەکەی لە ڕۆژی ٤ی حوزەیرانەوە تا ئێستا لە گرتووخانەی ئاکسارای دەستبەسەرە و دوێنێ لە کاتی دانیشتنی دادگا سەبارەت بە دۆسییەکەی بڕیاری بەردەوامبوونی دەستبەسەرییەکەی تا دانیشتنێکی دیکەی دادگا بۆ دەرچوو.

خوشکەکەی سەهات ساری لە ڕێگەی هەژماری خۆیەوە لە تویتەر ناڕەزایی دژی ئەو بڕیارەی دادگا دەربڕی و ڕایگەیاند “خوشکە گەورەکەم کە دووگیانە بە منداڵێکی ٧ مانگ بڕیاری مانەوەی لە زیندان بۆ دەرکرا. دادگا بڕیاریداوە دانیشتنی دواتر دوای دوو مانگ ئەنجام بدرێت. دوای ٢ مانگی تر منداڵەکەی لەدایک دەبێت. خودا لەناوتان بەرێت. جگە لەوە هیچ شتێکی دیکەتان پێناڵێم. با هەموو کەس ئەو ستەمکارییە بزانێت.”

سەهات ساری لەگەڵ سامەت ساری هاوسەری کە هەردووکیان مامۆستان بێ ئەوەی تا ئێستا دۆسییەکەیان ئامادەبێت و بزانرێت لەسەر چی دەستگیرکراون، ماوەی مانگ و نیوێکە لە زینداندان و منداڵێکیان لە ئێستادا بێ دایک و بێ باوک ماوەتەوە.

شایانی باسە بە پێی یاسای ژمارە ٥٢٧٥ لە یاسای سزادانی تورکیا هیچ ژنێکی دووگیان نابێت دەستگیر بکرێت و پێویستە سزاکەی بۆ ١٨ مانگ دوای لەدایکبوونی منداڵەکەی دوابخرێت.

http://www.samanyoluhaber.com/7-aylik-hamile-kadinin-tutukluluguna-devam-karari-verildi-haberi/1350555/

38 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە