هەواڵ

بیرمەندێکی هندی بیری ناتوندوتیژی فەتحوڵڵا گولەن بە غاندی دەچوێنێت

نوسینی: سودهینا کوڵکارنی، بیرمەند و نوسەری هندی

ئێستا مانگی ڕەمەزانە، برا موسوڵمانەکانمان خەریکی نوێژ و ڕۆژووگرتنن کەوا یەکێکە لە گەورەترین و فراوانترین کاری بە کۆمەڵ کە لەسەر ڕووی زەوی ئەنجام دەدرێت. ئێستا کاتێکی جوانە بۆ لێ وردبوونەوە، کاتێک پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا باڵی بەسەر سەرتاسەری گۆی زەویدا کێشاوە و، هێشتا کاریگەریەکانی دانەمرکاوەتەوە. چاوپێکەوتنێکم لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ زانایەکی بەناوبانگی سۆفی ئیسلامی کەوا لە وڵاتی ئەمەریکا دادەنیشێت، منی خستە بیرکردنەوەیەکی قوڵ و هانیدام بۆ نوسینی ئەم وتارە. بەڵام پێش ئەوەی بچینە سەر وتارەکە، با سەیرێکی پەیامەکەی ئەو بکەین کەوا لەسەر مانگی ڕەمەزان بڵاوی کردۆتەوە:

“ڤایرۆسی کۆرۆنا شێوازی ڕەمەزانی گۆڕیوە. بەڵام بڕوامان بە خودا ناگۆڕێت. هەریەکێک لە ئێمە پێویستە ئەو کات و بۆشاییەی کە بە هۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتاکەوە پێمان بەخشراوە وەک هەلێک بەکاربهێنین بۆ تێڕامانی زیاتر لە پەیوەندیمان بە خودا، خێزان و بەها مەعنەویەکانمان… ئەمە کاتێکە تێیدا هەست بە وابەستەبوونمان بە یەکتر بکەین وەک نەتەوە، کۆمەڵگا و دانیشتوانی ناو سیستەمێکی ژینگەیی(ئێکۆ سیستەم) جیهانی. کاتێکە تێیدا فێرببین کە هەموومان ئەندامی خیزانی مرۆڤایەتین و هەریەکەمان هەلی ئەوەمان لە بەردەستە کە توانای ڕاستەقینەی مرۆڤ بوونمان نیشان بدەین. کە دەچینە ئەم مانگە پیرۆزەوە، گرنگە بە هیواوە لە داهاتوو بڕوانین؛ نەک بە هیوابڕاوییەوە کە مرۆڤ و پێشکەوتنەکانی لەناودەبات. لە ڕابردوودا مرۆڤایەتی بەسەر کۆسپی گەورەدا زاڵ بووە و،  ئێستاش دەتوانێت ڕێگەچارە بدۆزێتەوە تاکو بەسەر ئەمەشدا زاڵببین. ئەگەر بیر لەو هەلانە بکەینەوە کە ئەم پەتایە پێشکەشی دەکات، ئەوا دەتوانین ورەمان بە بەرزی بهێڵینەوە و زۆر خێراتر بگەینە کۆتایی ئەم تونێلە.”

ئەم پیاوە کێیە؟

کاتێک چاوم بە گولەن کەوت، کڵاوێکی ئیسلامییانەی لەسەردایە، کەوا لای ئەو تاکە تاجێکە لەلایەن (اللە)ی خاوەن هێزی ڕەهاوە بە مرۆڤەکان بەخشراوە. چاوە تیژەکانی بە هۆی تەمەنی زۆر و ئاوسانی ژێر پێڵوەکانیەوە بچوکتر دەردەکەون. لە تەمەنی 81 ساڵیدا، لاواز دەردەکەوت، هەروەها لاوازییەکە زیاتر دەردەکەوت بەهۆی ئەو تایەی لەو کاتەدا دایگرتبوو. ڕۆژی پێشووتر، بەهۆی تا بەرزەکەیەوە دانیشتنەکەمان هەڵوەشابوەوە و،  منیش لە مەنزڵگاکەیەوە کە لە نێو دارستانە خۆشەکانی پێنسلڤانیایە، گەڕامەوە بۆ بەشی ناوخۆییەکەم لە نیو جێرسی. ئەگەر بیویستایە دەیتوانی پشویەکی زیاتر وەربگرێت و نەمبینێت. هەموو هۆکارێکی هەبوو بۆ ئەوە. بەڵام لەجێی ئەوە فەتحوڵڵا گولەن، یەکێک لە شارەزاترین مامۆستایانی ئیسلام لە جیهاندا، هەلی بەشداربوونی پێبەخشیم لەو ئێوارە لەبیرنەکراوەی ئەیلولی 2018.

ناوهێنانی تیرۆر بە ناوی ئیسلامەوە

لەو کاتەوەی کە لە 2000ەوە ناسیومە، سەرسوڕمانێکم هەبووە بۆ ئەم مامۆستا تورکە، کە بۆ ڕێزگرتن لێی لەلایەن ملیۆنان لە شوێنکەوتووانییەوە بە خواجە ئەفەندی (مامۆستای بەڕێز) ناودەبرێت. ڕێزم بۆی لە خووڕەوشتی و دژوەستانەوەی ڕوونی بەرامبەر بە ئوسامە بین لادن و سوپای تیرۆریستەکان سەرچاوەی گرتووە. لە وتارێکمدا کەوا لە ساڵی ٢٠٠٥ لەژێر ناونیشانی (دەنگێکی ژیری و ڕیفۆرمی ئیسلامی لە ئەمریکا) لە (The Times of India) بڵاومکردەوە، ئاماژەم بەوەدا ئەو وتاربێژێکی کاریگەری ئیسلامییە، کە بین لادن بە “دڕندە” ناودەبات.

گولەن دوای هێرشە تیرۆریستییەکانی 11ی سێپتێمبەر لە ئەمریکا وتی:”زیانی بە ڕووی نورانیی ئیسلام گەیاندووە.”  هەروەها “راستکردنەوەی ئەو زیانانەی ئەم هێرشە بە ئیسلامی گەیاندووە، چەندین ساڵ کارکردنی دەوێت. ئەو ئامانجی ئیسلامی بە حەزەکانی خۆی گوڕیوەتەوە، ئەو کاری دڕندانە ئەنجامدەدات.”

وتارەکەم بە پشتگیریکارێکی بەهێزی پێکەوەژیانی ئاینەکان ناوی دەبات، و وەک بڕوادارێکی بەهێزی یەکگرتنی ئیسلام و سیکۆلاریسم ناوم بردووە – کە لە هزری هیندیدا (Sarva Pantha Samabhaav) بریتیە لە ڕێزی یەکسان بۆ هەموو بڕواکان. نەک ئەو سیکولاریزمەی کە کەمال ئەتاتورکی دامەزرێنەری تورکیای مۆدێرن بانگەشەی بۆ دەکرد، کە ئاینی  لە کۆمەڵگا و دەوڵەت دادەبڕی. “ئاین” بە گوێرەی گولەن، “بریتییە لەو ڕێگایەی کە هەمووان لە برایەتیدا کۆدەکاتەوە.”

“بێ گوێدان بەوەی کە بڕوادارانی ئاینە جیاوازەکان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا چۆن شوێنی بڕواکانیان دەکەون، هەموو دینەکان بەهاگەلێکی وەک ئاشتی، خۆشەویستی، یەکدی قبوڵکردن، لێخۆشبوون، هاوخەمی، مافی مرۆڤ و دادوەری بەرز ڕادەگرن”. پاشان ئەوە دووپات دەکاتەوە “زۆربەی ئەم بەهایانە لە پەیامی هەریەک لە موسا، عیسا و محمد زۆرترین گرنگییان پێ دراوە. هەروەها لەگەڵ پەیامەکانی بودا و تەنانەت زەردەشت، لاو-تزو، کۆنفۆشیۆس و پێغەمبەرە هیندووەکانیش یەکدەگرێتەوە. وەک موسوڵمانێک، هەموو پێغەمبەر و کتێبە ئاسمانیەکان کە بە درێژایی مێژوو بۆ پێغەمبەرە جیاوازەکان نێردراوە قبوڵ دەکەم. هەروەها ئەمەش وەک بنەمای سەرەکی موسوڵمان بوونم بڕوام پێی هەیە.”

گولەن سەرکۆنەی تیرۆریستان دەکات، کە بە ناوی ئیسلامەوە کاری دڕندانە ئەنجام دەدەن. چونکە بڕوای وایە  گرتنبەبەری ئامرازی خراپ و شەیتانیانە، ئەنجامی باشی ئاینی لێ ناکەوێتەوە. “موسوڵمان ناتوانێت بڵێت، ‘من کەسێک دەکوژم و دەچمە بەهەشتەوە،’ ڕەزامەندی خودا بە کوشتنی خەڵک بە دەست نایەت. بەداخەوە کە دەڵێم هەندێک سەرکردەی ئیسلامی و موسوڵمانی ناکامڵ، جگە لە تێگەشتنێکی سەرەتایی بۆ ئیسلام هیچ چەکێکی دیکەیان نییە.”

لە کتێبەکەیدا (لەبەر خاتری اللە – سەرەتا، گەشە و وتاری بزوتنەوەی گولەن) پرۆفیسۆر ئەنوەر عالەم، زانایەکی سیاسیی هندی کە بۆ چەند ساڵێکی زۆر لە زانکۆیەکی تورکی وانەی وتووەتەوە، دەنووسێت: “وەک گاندی، گولەن بە پتەوی بڕوای وایە کە کەس ناتوانێت بگات بە ئاکار و ڕەوشتێکی بەرزتر، لە ڕێگەی گرتنەبەری ئامرازی ناشرین و نا ئەخلاقی و نا یاسایی. بۆ گولەن وەک گاندی هەڵبژاردنی ئامرازی ڕاست و دروست خۆی لە خۆیدا کردارێکی ڕاست و دروستە.”

ژیانی تاراوگە لە چیاکانی پەنسیلڤانیا

گولەن لە ساڵی 1999 تورکیای بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەجێهێشت، کە هەتا ئێستاش لەوێ  وەک کەسێکی ڕووحی ژیان و عیبادەتەکانی ئەنجام دەدات. ئەو دەڵێت “زیاد لە 80 کتێبی نوسیوە” و، ڕابەریی شوێنکەوتووە دڵسۆزەکانی دەکات. زۆر کەم لە شوێنی مانەوەی دەچێتە دەرەوە و گەشت دەکات. هەروەها زۆر بە دەگمەن لێدوان دەدات. ئەمە لە کاتێکدایە ئەو ئیلهامبەخشی یەکێک لە گەورەترین بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە، کە پێی دەوترێت خزمەت.

هەتا ساڵی ٢٠١٦ کاتێک ڕەجەب تەیب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، سزای ئەم بزوتنەوەیەی دا، کە گولەنی بە پیلاندانەری کودەتا شکستخواردووەکە تۆمەتبار کرد، هەزاران هاوسۆزی خزمەت، قوتابخانە و چالاکی تریان لە 100 وڵات لە سەرتاپای جیهان بەڕێوەدەبرد. شوێنکەوتوانی گولەن پێیان وایە کە ئەمە بەهۆی ئەو ڕەخنانەی گولەنەوەیە کە لە 2013 لە گەندەڵییەکانی ئێردۆغان و ئەندامانی خێزانەکەی و سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارە گەورەکانی گرتووە.

لە 2013، خۆبەخشانی خزمەت لە هیندستان (کە لەژێر ناوی ‘ڕێکخراوی ئیندایالۆگ’ چالاکی پەروەردەیی و ئاشتیخوازی ئەنجامدەدەن) بانگهێشتیان کردم بۆ ئەوەی سەردانی تورکیا بکەم و، زنجیرە وتارێک لەسەر ماهاتما گاندی پێشکەش بکەم. تورکیا  تایبەتمەندییەکی سۆفیگەرانەی هەیە و، خاوەنی خاکێکی ئێجگار جوانە کە نێوەندی یەکگرتنی ئاسیا و ئەوروپا، مەسیحییەت و ئیسلامە. بۆ من، ئەم سەردانە هەلێک بوو بۆ بینینی شێوازی تێکەڵبوونی شوێنکەوتووانی گولەن لە کۆمەڵگای تورکیدا.

لە ساڵی ٢٠١٨ هەریەک لە وەقفی ڕۆژنامەنووسان و نوسەران، هەروەها ڕێکخراوی هاوپەیمانیی بەها هاوبەشەکان بانگهێشتیان کردم بۆ بەشداری کردن لە کۆنفرانسێکی شاری نیویۆرک لە ژێر ناوی”گەشەی بەردەوام”، کە هەردووکیان لە ڕێکخراوە هەرە چالاکەکانی بزوتنەوەی خزمەتن و، بانگهێشتنامەکەشیان هاوکات بوو لەگەڵ کۆبونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. منیش بانگهێشتنامەکەم قبوڵکرد بە مەرجی ئەوەی چاوپیکەوتنێکم لەگەڵ م.فەتحوڵڵا گولەن بۆ ڕێکبخەن. زۆر خۆشحاڵ بوم کە داواکەیان قبوڵکردم.

دوای تەواو بوونی کۆنفرانسەکە، بردیانم بۆ نیو جێرسی،کەوا ڕێکخراوێکی تریان یەکێک لە گەورەترین  ئەو ١٠٠ زنجیرە خوێندنگەیەی ناو ئەمەریکا بەڕێوەدەبات کە بە چارتەر ناو دەبرێن. شوێنەکەی لەنێو دارستانێکدایە و، قوتابخانەکە هەڵکەوتێکی نمونەیی هەیە بۆ گەیاندنی ئەو فەلسەفە پەروەردەییە گولەن هەیەتی. گولەن لە کتێبی بەرەو شارستانییەتی جیهانێک لە خۆشەویستی و یەکدی قبوڵکردن” دەڵێت: “پەروەردە لە ڕێگەی فێربوون و ژیانێکی شایستانە ئەرکێکی شکۆدارە. لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئەم کارەشەوە،  دەتوانین پلەی مرۆڤایەتیی ڕاستەقینە بەدەستبهێنین و ببین بە توخمێکی بەسوود بۆ مرۆڤایەتی.”)

مانەوەیان لە شوێنێکی سادەی  نهومی سەرەوەی بەشی ناوخۆیی خوێندنگەکە بۆ ڕێکخستبووم. کە بۆ خۆبەخشانی خزمەت لە سەرانسەری جیهان تەرخانکراوە. تەنها لە نیو جێرسی، زیاد لە نیو دەرزەن ڕێکخراویان بەڕێوەدەبرد، لەنێویاندا کتێبخانەیەکی ناوازە و خانەیەکی بڵاوکردنەوە کە گۆڤارێکی مانگانە بەناوی The Fountain دەردەکات. هەروەها سەنتەرێکی ڕاهێنان لەسەر کارەساتەکان و، سەنتەرێک بۆ ڕێکخستنی دایالۆگ لەنێو دین و نەژادە جیاوازەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان.

ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەوەبوو، سەرەڕای ئەوان کەسانێکی زۆر دیندار بوون، بەڵام ڕوالەتی دەرەکییان زۆر مۆدێرنانەیە و بە شیوەیەکی زۆر پیشەگەریانە کارە خۆبەخشانەکانیان ئەنجام دەدەن.  گولەن تورکیا و کۆمەڵگای موسوڵمانانی بەم شێوەیە دەوێت: تێڕوانینی کەسانی تر بۆ ئیسلام لەسەر هەڵسوکەوت و کرداری ئێمە بەندە. ئەمەش بە ئەنجامدانی “جیهاد” نمونەیی دەبێت، کە بەداخەوە، یەکێکە لە هەرە چەمکە بە هەڵە لێ تێگەشتووەکانی ناو ئیسلام”. پڕۆفیسۆر ئەنوەر ئەلام لە کتێبەکەیدا پێمان دەڵیت: “لەنێو بزوتنەوەی خزمەتدا بیری جیهاد پەیوەندیی بە جیهادی گەورەوە هەیە، کە داوای تێکۆشانی ناخ دەکات بۆ پاککردنەوەی دڵ و ئەنجامدانی کاری ئەرێنیانە، کەوا سوودی بۆ ئیسلام و مرۆڤایەتی هەیە.”

دوای دوو ڕۆژ، سولەیمان کایا، کە چالاکییەکانی دامەزراوەی ئیندایالۆگی لە مومبای بەڕێوەدەبرد، بە ئۆتۆمبێل بردمی بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی گولەن لە سەنتەری (Golden Generation Worship and Retreat) لە چیاکانی پۆکۆنۆ، کە هێشتا لەوێ قورئان، زانستی ئیسلامی و چەند وانەیەکی دیکە دەڵێتەوە. دەروازەی شوێنەکەی بە توندوتۆڵی پاسەوانی لێدەکرا و پرۆسەی پشکنین زۆر بە توندوتۆڵی ئەنجام دەدرا.

کاتێک چوینە ناو باڵەخانەی سەرەکییەوە، کە شوێنی دانیشتن لەخۆدەگرێت، پێمان وترا: “بمانبورن کە ناتوانین چاوپیکەوتنەکە  ئەنجامبدرێت. مامۆستا حاڵی باش نییە. لەوانەیە چاوپێکەوتنەکە سبەینێش بەڕێوەنەچێت، پزیشکەکان ئامۆژگارییان کردووە بەتەواوی پشوو بدات.” ئێمەش ڕۆشتینەوە، دڵنیا نەبووین کە ڕۆژی دواتر بەخت یاوەرمان دەبێت یاخود نا.

ژیانی گاندی کاریگەری قوڵی لەسەرم هەبووە

ئێمە چانسی خۆمان نەفەوتاند. ئێوارەیەکی زۆر خۆش بوو. خاک و چیاکانی ئەودیو بە ڕوناکیی خۆر دەدرەوشانەوە. بێدەنگی و ئاشتی هەوا پاکەکەیان پڕکردبوو. کە چوینە باڵەخانەی سەرەکییەوە، هەواڵی خۆش چاوەڕێم بوو: “هەرچەند خواجە ئەفەندی هێشتا باش نییە، دەیەوێت بتبینێت.” بەرەو هۆڵێکی نوێژکردنی گەورە بەڕێیان کردین، هەرچەند پڕ بوو لە نزاکەر، بەڵام بێدەنگ بوو. منیش وەک تاکە کەسێک لە نێویاندا کەوا  نە تورک و نە مسوڵمان بووم، لە سوچێکی دوور دانیشتم. بەڵام گولەن هاتە ناو هۆڵەکەوە، منی بینی و بە دەستی ئاماژەی بۆ کردم کە لە تەنیشتییەوە دابنیشم. پاشان نزایەکی ئیسلامیی خوێند، کە دوور و درێژ و پڕ  لە بێدەنگیی قوڵ بوو.

کتێبەکەی ئەنوەر ئەلام پێمان دەڵێت “گولەن بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر زیکر دەکات، لەگەڵ خویندنەوەی قورئان بە بێدەنگی”. ئەمەش بەشێکی دیکەی گرنگە لە کتێبەکەیەوە: “خزمەت، بە پێچەوانەی بزاڤە تەبشیریەکان، بزوتنەوەیەک نییە کە ئامانجی سەرەکییان گۆڕینی ئاینی مرۆڤەکان بێت”

پاش نزاکە، بەرەو هۆڵێکی دیکە بەڕێکرام، کە گولەن پێشوازیی سەردانیکەرەکانی لێ دەکات. گولەن دیسان بە تەوقە گەرموگورەکەی سەری سوڕماندم و، داوای لێکردم کە لەسەر کورسییەکەی دابنیشم. خۆی لەسەر کورسییەکی بچوکتر دانیشت و بە یارمەتیی وەرگێڕێک وتی  زۆر خۆشحاڵە بەوەی پێشوازی لە “هاوڕێیەک” لە هندستانەوە دەکات. وەک خاکێک کە شارستانییەتێکی دەوڵەمەندی مێژویی لەخۆگرتووە ستایشی هیندستانی کرد، و خاکێکە کە بووە بە نیشتیمان بۆ چەندین ئاین کە بە ئاشتی پێکەوە دەژین. وتم، “سوپاس، بۆ جەنابتان، بۆ بەخشینی ئەم شانازییە دەگمەنە کە بتبینم، سەرەڕای ئامۆژگاریی پزیشکەکان کە پشوو بدەیت. من وەک هیندویەکی ئایندار و خۆ بە نوێنەرزانێکی هەموو خەڵکی هیندستان کە بڕوایان بەو بەها باڵایانە هەیە کە ئێوەش بەرز دەیاننرخێنن – لەسەرو هەمووشییەوە، بەهای دیالۆگ و تێگەشتنی هاوبەش لە ئاشتی لە جیهاندا.”

پاشان باسی ئەو باوەڕە بەهێزی خۆمم کرد، لەگەڵ چالاکییەکانم بۆ بڵاوکردنەوەی، پێکەوەژیانی مسوڵمان و هیندو و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هیندستان و پاکستان، کە هەردووکیان هاوبەشی ئەجیندایەکی مێژوی هاوبەشن. کاتێک گوێی لە وشەی پاکستان بوو، سەرنجی چاوەکانی زیاتر چڕ بوونەوە. هەربۆیە بە کورتی باسی سروشتی ئەو کێشەیەم کرد، کە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بوونی هەیە و، ئەو جەنگانەی دژ بەیەک گێڕاومانن. هەروەها ئەو هەوڵە ناکامانەی لە بابەتی فەراهەمکردنی دادوەری و چارەسەرێکی مرۆڤانەی ناکۆکیەکانی کشمیر گیراونەتە بەر. دواتر باسی ئەو خوێنڕێژیەم کرد کە بەهۆی تیرۆریزم و جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی لە ئارادایە، لەگەڵ ئەو واقیعە شەرمەزارکەرەی هەژاری و نایەکسانیی ئابوری و کۆمەڵایەتی  کە لە هەردوو وڵاتەکەدا بوونی هەیە، هەروەها ئاتاجیەکی گەورە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ فەراهەمکردنی ئاشتی و گەشە لە هەموو باشووری ئاسیا.

گولەن لە بەشێکی قسەکانیدا وتی”من نزا بۆ فەراهەمکردنی ئاشتی لەنێوان هیندستان و پاکستان دەکەم ، بێگومان هەموو جیهان بێ ئۆقرەیە بۆ ئاشتی.” لەم خاڵەدا کتێبەکەمم پێشکەشکرد لەسەر ماهاتما گاندی و ئەویش وتی: “گاندی هیندویەکی ئایندار بوو، بەڵام بەرزترین ڕێزی هەبوو بۆ ئیسلام و پێغەمبەر محمد. ئەو ژیانی خۆی لەپێناو یەکگرتنی هیندو و موسڵمانەکان بەخت کرد.” گولەن ئاماژەی  بەوە کرد کە ڕێزێکی زۆری هەیە بۆ گاندی و فەلەسەفەی گاندی دژ بە توندوتیژی. “ئەم ڕێبازەی غاندی بە شێوەیەکی زۆر بەهێز لەگەڵ پەیامی ئاشتی، بەزەیی و برایەتیی گەردوونیی ئیسلام یەکدەگرێتەوە. ژیانی، بەتایبەت سووربوونی لەسەر چارەسەری ئاشتییانە بۆ ناکۆکییەکان و هەوڵەکانی بۆ بنیادنانی پرد لە نێوان مسوڵمان و هیندووەکان، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەرم هەبووە.” پاشان داوایەکم پێشکەش کرد “خاوەن ڕێز، 2\10\2018 یادی 150 ساڵەی لەدایکبوونی ماهاتما گاندییە. دەتوانم داوایەکت لێ بکەم تاکو نامەیەکی یادگاری بۆ هیندەکان بنێریت؟ ئەویش ڕازی بوو.

بەهۆی حاڵەتی تەندروستییەوە، لەوە زووتر جێمهێشت کە دەمویست. بەڵام پێش ئەوەی بڕۆم، گولەن وتی، “جارێکی دیکە وەرەوە و، ئەم جارەیان کە هاتیتەوە لەگەڵمان بمێنەرەوە.” پاشان لەلایەن هاوبەشەکانییەوە پێم وترا کە من یەکێک بووم لەو هیندییە کەمانەی کە چاوم پێی کەوتووە.

سەعید نورسی: مامۆستای گولەن و جیهادی ناتوندوتیژی

چ شتێک بڕوای قوڵی گولەن بە ئاشتی، ناتوندوتیژی، شکۆی مرۆڤ و بڕوای ناخ و یەکدی قبوڵکردن و دیالۆگ، وەک بنەما سەرەکییەکانی ئیسلام ڕوون دەکاتەوە؟

بۆ وەڵام، دەبێت شتێک بزانین لەبارەی ئەو “مامۆستایەی” کە کاریگەریی لەسەری هەبووە. بەدیعوزەمان سەعید نورسی (1878-1960) یەکێک بووە لە گەورەترین کەسایەتیە ئیسلامیانەی لە سەدەی ڕابردوو -بەدیعوزەمان، ناوێکی ڕێزلێنانە واتە “بلیمەتی سەردەم”- پەیامەکانی نوری نوسیوە، کە کتێبێکی 6000 لاپەڕەییە لەسەر قورئان و، 40 ساڵ کاری لەسەر کردووە (زۆربەی ئەو کاتەشی لە زیندانەکانی ئەتاتورکدا بەسەربردووە). هەربۆیە بە یەکێک لە پەرتووکە دانپێدانراوەکانی هاوچەرخی ناو جیهانی ئیسلام ئەژمار دەکرێت.

تۆماس مایکڵ یەکێک لە ڕاویژکارەکانی پاپا جۆن پاوڵی دووهەم کە سەرۆکی ئۆفیسی پەیوەندیەکانی ڤاتیکان بوو لەگەڵ موسوڵمانان، لە کتێبی (لە ژێر ڕۆشنایی پەیامەکانی نور، ئامۆژگاری نورسی بۆ ئیماندارە مۆدێرنەکان)، دەڵێت”

“لایەنێکی هزری نورسی کە بە سەرنجڕاکێشی دەزانم، بریتیە لە  ڕەتکردنەوەیەکی بەهێز بۆ توندوتیژی. ئەو گەشت بەو ئەنجامەی کە ڕۆژەکانی ‘جیهادی شمشێر’ بەکۆتا هاتوون. تاکە ڕێگەی شیاو بۆ مسوڵمانان تاکو لە پێناوی بڕواکانیان کۆشش بکەن بریتییە لە ‘جیهادی وشە’ یان ئەوەی بە ‘جیهادی پێنووس’ ناو دەبرێت، ئەویش بریتیە لە ڕێگەی پێشکەش کردنی دیدی زاتی و، قایلکردن و ئەنجامدانی گفتوگۆ بە خستنە ڕووی بەڵگەی هۆشەکییانە. نورسی بڕوای بەوە هێنابوو، خۆشەویستی لە ئیسلامدا لە پێش کارەکانی ترەوەیە. کاتی دوژمنایەتی و توندوتیژی کۆتایی هاتووە”. هەربۆیە نورسی داوای یەکگرتنی   مسوڵمان و مەسیحییەکانی جیهان دەکرد، لەپێناو مەبەستی هاوبەشی بەدەستهێنانی ئاشتی و برایەتیی جیهانی.

نورسی ئەم وتانەی لە میانەی وتارێکی بەناوبانگی بە ناوی “خطبة الشامیة” خستۆتە ڕوو، کە لە ساڵی 1911 لەبەردەم زیاتر لە 10 هەزار نوێژخوێن لە مزگەوتی ئومەییەی شاری د دیمەشق پێشکەشکردووە. ئەم وتارە هێندەی ئەو شوێنەی کە تیایدا پێشکەشکرد مێژوییە. مزگەوتی ئومەییە، یەکێک لە کۆنترین و گەورەترین مزگەوتەکان لە جیهاندا، لە جێگەی باڵەخانەیەکی مەسیحی کە تایبەت کرابوو بە پێغەمبەر یەحیا دروستکراوە و، هەر لەوێشدا نێژراوە. ئەو لەلایەن مەسیحییەکان و مسوڵمانەکان وەک پێغەمبەر ناسراوە. من هەلی ئەوەم هەبوو ئەم مزگەوتە ببینم، کاتێک ساڵی ٢٠٠٣ یاوەریی ئەتەل بیهاری ڤاژپای سەرۆک وەزیرانی پێشووی هندستان بووم، لە میانەی ئە سەردانەی بۆ وڵاتی سوریا ئەنجامیدا.

سالید سایلگان، توێژەری پەیوەندیی نێوان ئاینەکان، لە کتێبەکەیدا بە ناوی(جیهادی ئیسلامیی ناتوندوتیژی)، نورسی دەخاتە ڕیزی هەریەک لە ماهاتما گاندی، مارتن لوسەر کینگ و نێڵسۆن ماندێلا.

“لە کاتێکدا ڕێپێوانی خوێ بووە  سیمبولی ژیانی گاندی، ماندیلاش بە هەڵبژاردنی وەک سەرۆک و، مارنت لوسەر بە وتارەکانی وەک (خەونێکم هەیە)، سیمبولی ژیانی نورسیش  لە گرنگترین کاریدایە، کە پەیامەکانی نورە. هەروەها ئەو کۆمەڵگایەی دروستی کرد و گەشەی پێدا، کە هەتا ئێستا بەردەوامە لە جێبەجێکردنی وانەکانی ئەو لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا. ئەو کۆمەڵگایەی کە جیهاد بەرز دەنرخێنێت، ئەو جیهادەی ئەو لێی تێگەشت و دەیوتەوە: بەردەوام بوون لەسەر ڕێگەی الله، لە ڕیگەی ئەنجامدانی کاری ئەرێنیەوە.”

گولەن بەردەوامی پێدەری ڕێبازە شکۆدارەکەی نورسی و مامۆستا مەزنەکانی دیکەی ئیسلامە و، خۆیی  و بزوتنەوەی خزمەتیش، هەوڵی ئەوە دەدەن مانای ڕاستەقینەی جیهاد جێبەجێ بکەن و بڵاوی بکەنەوە. خۆیی و شوێنکەوتوانیشی دووچاری چەندەها بەربەست و نەهامەتی بوون لەم ڕێگایەیاندا، لە هەمووشیان خراپتر ئەو سزا بێ بەزەییانەیە کەوا لەلایەن سەرۆکێکی دیکتاتۆری تورکیاوە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت. هەرچەندە ئێردۆغان هیچ کاتێک ڕۆژێک  گولەنی بەلاوە پەسەند بووە، بەڵام ئێستا وەک دوژمنی سەرسەختی گولەنی لێهاتووە و، تەنانەت بە تیرۆریست لە قەڵەمی دەدات. ئێستا دەیان هەزاران شوێنکەوتووی گولەن لە تورکیا زیندانی کراون، و ژمارەیەکی زۆریان پەنایان بردووەتە دەرەوەی وڵات. بە دڵنیاییەوە، بزوتنەوەی گولەن وانەی ڕاست لەم ئەزموونە پڕ ئازارەوە وەردەگرێت و بەهێزتر دەبێت لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا.

ڕەمەزان مانگی نزایە بۆ خودای گەورە. هەربۆیە نزای تەندروستیی باش بۆخواجە ئەفەندی فەتحوڵڵا گولەن و هێزی زیاتر بۆ سوپاکەی دەکەم، کە دروستکەری ئاشتین.

https://scroll.in/article/961560/when-i-met-a-gandhian-jihadi-in-america

27 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە