هەواڵ

تەرمی ئەحمەد بورهان بە خاک سپێردرا

ئەحمەد بورهان ئەو منداڵە تەمەن ٩ ساڵەی بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە گیانی لە دەستدا، دوای ئەوەی باوکی بە مەبەستی بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەیدا مۆڵەتی هاتنە دەرەوەی وەرگرت، لە گۆڕستانی کەباسەکاڵ لە شاری ئەدەنە بە خاکسپێردرا. هارون ڕەها ئاتاج باوکی منداڵەکە کەوا زۆر بە ناڕەحەتی دەیتوانی بە پێوە بوەستێت، هێزەکانی جەندەرمە لە نزیکەوە چاودێرییان دەکرد.

ئەحمەد بورهان ئاتاج ماوەی ٢ ساڵە چارەسەری شێرپەنجەی ئێسقان وەردەگرێت و، شەوی دوێنێ دیسان گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی باڵجاڵی ئەدەنە و بۆ جاری سێهەم دڵی وەستایەوە. هەرچەندە زۆر هەوڵی ئەوە درا مۆڵەتی بینین بە باوکی بدرێت لە زیندان بێتە دەرەوە و بۆ دواجار چاوی بە کوڕە نەخۆشەکەی بکەوێت، بەڵام تەواوی هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون. چونکە داواکاری گشتی سوور بوو لەسەر ئەوەی مۆڵەتی نەدا هەتا ڕۆژ دەبێتەوە. هەربۆیە باوکی فریای بینینی کوڕەکەی نەکەوت و، هێزەکانی جەندەرمە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، باوکیان هێنایە گۆڕستانی کەباسەکاڵ بە مەبەستی بەشداری لە ناشتنی تەرمی منداڵەکەی. دواتر لەگەڵ خزم و ناسیاوەکانیدا پێکەوە نوێژی مردوویان لەسەر تەرمەکەی ئەنجامدا.

پاشان کەسوکاری ئەحمەد بورهان و باوکی، بە فرمێسکی چاوەکانیانەوە منداڵەکەیان بە خاک سپارد. دایکی منداڵەکەش دواجار لە شوێنی مردووشۆرین ماڵئاوایی لە کورەکەی کردبوو. ئەحمەد بورهان دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی ٢٠١٨ فەرمانی دەستبەسەرکردن بۆ دایک و باوکی دەرچوو، بە ناچاری لەگەڵ دایکیدا چووە زیندانەوە و، لە دوای ٥ مانگ لەو بەروارە توشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو. دایکی لە دوای ٢ مانگ و نیو لە زیندان ئازاد کرا و، باوکیشی هەتا ئێستا لە زیندانی تارسوسە. باوکی لە چوارچێوەی ڕەشبگیری کاربەدەستانی تورکیا دژی بزاڤی خزمەت زیندانی کراوە و، تەنیا “تاوانێک” ئەنجامی دابێت ئەوەیە لە بەشێکی ناوخۆیی سەر بە خوێندنگەیەکی خزمەت بەڕێوەبەر بووە. هەروەها دادگای دووهەمی سزا قورسەکانی ئەدەنە، لە ڕێکەوتی ٣٠ ی تشرینی دووهەمی ٢٠١٨، سزای ٩ ساڵ و ٩ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. دۆسیەکەی ناوبراو هەتا ئێستا لە دادگای تێهەڵچوونەوەیە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دەکرێت.

 

 

 

154 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە