بیروڕاهەواڵ

دوورگەیەک لە نێو دابڕاندا! (سەردەمی ئاژاوە!)

م.نەدیم حەزەر

 

ئەگەر هەیە ئەم وتارەمان لە دوو بەش پێکبێت. لە یەکەم وتاردا دەچینە ناو هێڵە گشتیەکانی بابەتی حەشر و، لە بابەتی چۆنیەتی تەکنیکی تەفسیری ناو پەیامەکانی نورەوە، لە ڕێگەی دیباجەیەکەوە دەچینە ناو بەشی پێنجهەمی بریسکەکانەوە…
حەزرەتی بەدیعوزەمان سەعید نورسی، لە هەرسەردەمێکدا ژیاوە، لەلایەن دەسەڵاتداری ئەو سەردەمە بە مەترسی بینراوە، (لە عەبدولحەمیدەوە هەتا سەردەمی مەندەرەس)، زۆرینەی ژیانی لە نێو زیندان، دیلێتی، ڕاگواستن، گەر دەربڕینەکە گونجاو بێت، لە نێو دابڕاندا(کەرەنتین) بەسەری بردووە. لەمڕۆشدا کەوا وشەی کەرەنتین زوو زوو بەکاردێت، عیشوەیەکی قەدەر نەبێت، چیە؟
بە نیسبەت منەوە دووان لە سەر وتارەکانی پەیامەکانی نور هەمیشە جێگەی سەرنج بووە. بێگومان لە سەرووی هەموویانەوە، وتەی دەهەمە.
ئاشکرایە، ئەو قۆناغەی کەوا وتەی دەهەمی تێدا نوسراوە و ئەو قوڵاییە ناوازەیەی کەوا لە کۆتایدا هاتۆتە ئاراوە، شاکارێکە بۆ خۆی. پێموایە گەر ئوستاد جگە لە وتەی دەهەم هیچی تری نەنووسیایە، هیچ کەسێک بەلایەوە شتێکی نامۆ نەدەبوو. ئاشکرایە کەوا وتەی دەهەمی پەیامەکانی نور، باسی بابەتی حەشر دەکات، کە یەکێکە لەو چوار کۆڵەکەیەی قورئانی کەریمی لەسەر وەستاوە. حەزرەت ئەم بابەتە سەخت و گرفتارەی هێندە بە شێوازێکی ئاسان باسکردووە و ڕاڤەی کردووە، ئەو قسە بەناوبانگەی ئەنیشتاین پشتڕاست دەکاتەوە کە دەڵێت” گەر کەسێک نەیتوانی بە ئاسانی باسی شتێک بکات، ئەوە نایزانێت”.

ئەمە لە کاتێکدایە بابەتی حەشر، بە نیسبەت زانایان و کەلامیەکان و فەیلەسوفانی ناو ئیسلامەوە، بە تایبەت زانای گەورەی وەک ئیبن سینا، بابەتێک بووە کەوا بە ئاسانی سەریان لێیدەرنەکردووە. بەدیعوزەمانیش لەم بابەتەدا نەک هەر ئەوەی بە زمانێک باسی دەکات کەوا هەموو کەسێک دەتوانێت لێی تێبگات، لە دوای قەناعەت پێکردن، لە دەماغی خوێنەردا تامێکی ناوازەی درک پبردن جێدەهێڵێت.

لە کۆتایی وتەی دەهەمەدا دەڵێت” تەنانەت بلیمەتێکی دانای وەک ئیبن سینا سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت: ئیمانمان پێی هەیە، بەڵام ئەقڵ بەو ڕێگایەدا ناڕوات”، بەم شێوەیە حوکمی لەسەرداوە. هەروەها زانایانی ئیسلام سەبارەت بەو بابەتە وتوویانە: حەشر بابەتێکی نەقڵییە، بەڵگەکانی ئەو بابەتەش هەر نەقڵ کراون، ئەقڵ ناتوانێت ڕوونی بکاتەوە”، لێرەوە لەوە تێدەگەین کەوا کۆڕاییان لەسەر ئەم بابەتە هەبووە.

هەروەها گەر سەیرێکی کات و قۆناغی نوسینی ئەم پەیامە بکەین، سوودی دەبێت.

مێژوو ١٩٢٤… کۆماری تورکیا کەوا هەوڵی دەدا لەسەر خۆڵەمێشی دەوڵەتی عوسمانی هەستێتەوە سەرپێ، بۆ ئەم مەبەستە مۆدێلێکی مۆدێرنی دەهێنایە کایەوە. ئەمەش لە کاتێکدا بوو، تەنیا لە خاکی دەوڵەتی عوسمانیدا نەبوو، کەوا بە شەرمکردن لە بەهاکانی خۆیان، بێ هیچ شەرت و مەرجێک و بە شێوەیەکی زەلیلانە خۆیان ڕادەستی بەهاکانی ئەوروپا دەکرد.
لە جیهانی ئیسلامدا بە شێوەیەکی زۆر سیستەماتیکی، کار لەسەر نکوڵیکردن لە ژیانی ئاخیرەت دەکرا. لە ڕێگەی هاندان و پاڵپشتی ئەم جۆرە کارانەوە، بە شێوەیەکی وەها ناوبانگیان پەیدا کرد، لە نێو چینی “ڕۆشنبیر” وەک بابەتێکی باوی لێهات و، سەبارەت بە بابەتی زیندووبوونەوەی پاش مەرگ، لە نێو خەڵکدا زۆر گومانی جددی سەریان هەڵدا.
چینی ڕۆشنبیری سەردەمی کۆماری تورکیا ئەم نکوڵکردنەیان تەنیا لە ڕووی نەزانیەوە نەدەکرد، بەڵکو هەوڵی ئەوەی دەدا لە ڕێگەی بەڵگەی زانستیشەوە بیسەلمێنن و پاڵپشتی لێبکەن. سەرەتا لە میسرەوە دەست بەم هەڵمەتە کرا و، هەوڵی ئەوەیان دەدا لە ڕێگەی بەڵگەی ئەقڵ و لۆجیکی، چەند کتێبێک لەسەر بابەتی زیندووبوونەوەی پاش مەرگ بڵاو بکەنەوە. لە وڵاتی ئێمەش عەبدوڵا جەودەت کەوا پێشڕەوی ئەم جۆرە کارانە بوو، کتێبێکی لەسەر ئەم بابەتە بڵاو کردەوە، کە تێیدا زیندووبوونەوەی پاش مەرگ ڕەت دەکاتەوە. ئەوەی لەم کارەدا جێگەی سەرنج بوو، دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی فەرمی پاڵپشتی لەم جۆرە دید و بەرهەمانە دەکرد و، لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە بە هەموو سوچێکی وڵاتدا بڵاوی دەکردەوە و، پاشان لە ڕێگەی ڕێکخستنی کۆنفرانس و سیمینارەوە پاڵپشتی زیاتری لێدەکرد.

حافز تۆفیقی شامی بەم شێوەیە باسی بابەتەکە دەکات:
ساڵی ١٩٢٦، لەگەڵ ئوستاد پێکەوە بۆ کەناری ڕووباری ئێغری دەڕۆشتین. ئوستاد وتی ” بسم الله الرحمن الرحیم” و، پاشان نزیکەی ٥٠٠ جار ئایەتی ٥٠ ی سورەتی ڕومی دووبارە کردەوە.

واتای ئایەتەکە بەم شێوەیە” سەیری شاکارەکانی ڕەحمەتی الله بکە، کە چۆن لەم خاکە مردوەوە ژیان دەبەخشێت. هەر کێیە کە ئەم کارە دەکات، مردووەکانیش بە هەمان شێوە زیندوو دەکاتەوە. ئەو بە ڕاستی بەسەر هەموو شتێکدا باڵادەستە”.
بەدیعوزەمان بەم هۆشداریدانە دەست بە بابەتی پەیامی حەشر دەکات:
بابەتی ئەوەی ئەم پەیامەم لە ڕێگەی چیرۆک، تەمسیل و لێکچواندنەوە نوسیوە، هەم بە مەبەستی ئاسانکارییە، هەم بە مەبەستی پشاندانی ئەوەیە کە حەقیقەتەکانی ئیسلام چەندە ماقوڵ، گونجاو، چەسپاو و پاڵپشتی لێکراون. واتای چیرۆکەکان لە حەقیقەتەکانی کۆتاییاندایە. تەنیا لە ڕێگەی خوازەوە ئاماژە بەو حەقیقەتانە دەکەن. واتە ئەمانە چیرۆکی خەیاڵی نین، حەقیقەت و راستین.”
لە ڕاستیدا تەواوی ئەو مێتافۆرانەی لە پەیامەکانی نوردا باڵادەستە، ئەو گێڕانەوە و نمونانەی هێنراوەتەوە، ئەم چەند دێڕەی سەرەوە بنەماکەیەتی. شێوازی بەدیعوزەمان تەنانەت لە کاتی باسکردنی سەخترین حەقیقەتەکانیشدا، وەک ئەوەی بۆ منداڵێکی بچوکی ڕوون بکاتەوە، میتۆدێکی ئاسانکارییانەی پەیڕەو کردووە.

“چرکەیەک” پێش حەشر

ئەو بابەتانەی باسی قیامەت و ئاخیر زەمان دەکەن، گەر دەربڕینەکە گونجاو بێت، وەک فراگمان و دەستپێکی بابەتی حەشرە. هەربۆیە لێرەدا دەچینە ناو بابەتی بریسکەی پێنجهەمەوە، کە تەوەری سەرەکی ئەم زنجیرە نوسینەیە.

ئەو سەردەمەی کە پەیامەکانی نوری تێدا بڵاوکرایەوە، یەکەم و گرنگترین کاردانەوە کەوا بەرامبەری پشاندرا، لەلایەن زانایانی کلاسیکی ئیسلامی ئەو سەردەمەوە بووە. تەنانەت هەندێک لە مەلاکانی ئەو سەردەمە، هەتا ڕادەی ئەوەی چەند کتێبێکی وەک “اشارة الاعجاز” لە سۆباکانیاندا بسوتێنن، زێدەڕەوییان کرد. لە کاردانەوەکانیاندا دەیانوت” تەفسیری چۆن بەم شێوەیە دەبێت؟”.
خودی بەدیعوزەمان گوزارشت لەوە دەکات کەوا ئەو زانایەکی کلاسیکی ئیسلام نیە و، پەیامەکانی نوریش کتێبێکی کلاسیکی تەفسیر نیە.
وەک پێش کەمێک ئاماژەمان پێدا، ئەو وەک چۆن لە ڕیگەی بەسەرهات، لێکچواندن، تەمسیل و مێتافۆرەوە، باس لە ئاڵۆزترین بابەتی زانستی دەکات، بە هەمان شێوە ڕاڤەی قورئانی کەریمیش دەکات.

میتۆدۆلۆژی بەدیعوزەمان…
کاتێک بەدیعوزەمان ئەم کارە دەکات، میتۆدۆلۆژی کلاسیکی تەفسیر کردنی زانایانی ئیسلام بەکارناهێنێت. بۆ نمونە باس لە ڕیزبوونی کرۆنۆلۆژی ڕووداوەکان و هۆکارەکانی دابەزینی ئایەتەکان و قۆناغی مێژووی کاتی دابەزینی ئایەتەکان ناکات.
ئایەت و حەدیسەکان لە ڕوانگەی باسی رۆژگارەوە هەڵدەسەنگێنێت. کاتێک لەم ڕوانگەیەوە سەیری پەیامەکانی نور دەکەین، دەتوانین بڵێین پەیامەکانی نور، بریتیە لە تەفسیری چەند بابەتێکی هەڵبژێردراو…
پەیامەکانی نور قسە لەگەڵ سەردەمەکەی خۆیان دەکەن و، سەختترین بابەتەکان دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و شیکاری و دواتر سەرئەنجامی ئەم شیکاریە دەردەهێنێت. لەگەڵ ئەمەشدا ڕوویەکی نوێگەری و پێشەنگانەی هەیە.

زۆرێک لەو بابەتانەی زانایانی ئیسلام بە ناوچەی مین ڕێژکراویان زانیوە، ئەو زۆر بە متمانە و ئاسانی تێیدا سوڕاوەتەوە. گۆشەنیگای ئەو کە مرۆڤ حەیران دەکات و دیسپلینی هزری ئەو، بەشێوەیەکە سەختترین گرێکوێرەکان دەکاتەوە و، چەشنی ئەوەی برینپێچێک لێبکاتەوە، پەردە لەسەر بابەتەکان لادەدات و ڕوونیان دەکاتەوە. بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کەوا پەیامەکان چەند دەقێکی دابڕاو و سەربەخۆن لە ئایەت و حەدیسەکان. بە پێچەوانەوە بەدیعوزەمان کاتێک پەیامەکانی نوسیوە، جگە لەو حەدیس و قورئانەی لە مێشکیدا بووە، هیچ سەرچاوەیەکی تری گرنگی لەبەردەستدا نەبووە.

هەربۆیە کاتێک ئایەتەکانی قورئان ڕاڤە دەکات، یان پشت بە تەفسیری هەندێک لە ئایەتەکانی تری قورئان دەبەستێت، یان پشت بەو حەدیسانە دەبەستێت، کەوا بابەتە سەرەکیەکانی ئیسلام و ئیمانیان لە خۆ گرتووە. پەیامەکانی نور وەک تەفسیری ڕیوایەت، بە سەرە لەسەر بابەتەکان ناڕوات، لەبەر ئەوەی بە تەفسیری “درایة” ناو دەبرێت، لە باسی ئایەتێکدا، تەواوی ئایەتە پەیوەندیدارەکانی تریش دەهێنێت.

ئەگەرچی کەسانێک لە ئەهلی زانست و لە دەرەوەی ئەوانیش، ئەم ڕاڤانەیان بە لێکدانەوەیەکی شەخسی ئوستاد وێنا کردووە، بەڵام لە دوای ئەوەی کاری جددی لەسەر ئەم دەقانە کرا، ئەوە دەرکەوت کە هەریەک لەو ڕستانەی لەو باسانەدا هاتووە، وەک سەرچاوەیەکی پیرۆز ئەژمار دەکرێت.
لە ڕاستیشدا بەدیعوزەمان تەنیا پشتی بە سەرچاوە ئیسلامیەکان نەبەستووە.

لەگەڵ ئەوەی نمونەکانی لە قورئان دەهێنێتەوە، لە کتێبە ئاسمانیەکانی تریشەوە نمونە دەهێنێتەوە و، پەیامەکان لە بابەتی یەکتاپەرستی و فەرمانە ئیلاهیەکانی سەبارەت بەو بابەتە، لەسەر شێوازی وانە چەند چیرۆک و گێرانەوەیەکی لە خۆ گرتووە.
بۆ نمونە لە بەشی وتە بچوکەکاندا، زۆر نمونەی لە صوحوفی ئیبراهیمەوە هێناوە. گەر بە دیقەتەوە پەیامەکان بخوێنرێتەوە، ژمارەیەکی زۆر حەدیسیان تێدایە، دەقەکان لەگەڵ واتای حەدیسەکان ئاوێتە بوون، لە ڕێگەی ڕاڤەی ئایەتەکانی قورئانەوە پاڵپشتی کراوە.
دڵنیا بن لەوەی لێرەدا بە دوای گەورەکردنێکی بۆش و بەتاڵەوە نیم. پەیامەکان وەک گەنجینەیەک وەهان کە هەتا بیگریت بە دەستەوە زیاتر بەرەکەتی تێدەکەوێت، خاوەنی پێکهاتەیەکی زۆر چڕە.
یەکێکی تر لە خاڵە گیانهەژێنەکان، بریتیە لەوەی وەک چۆن لە ڕێگەی سەرچاوە ڕەبانیەکانەوە پاڵپشتی کراوە، سوودی لە زانست و فەلسەفەش بردووە. هەربۆیە زۆرێک لەو حەدیسانەی لە ڕوانگەی وێناکردنی ڕۆژگاری ئەمڕۆوە مومکین نیە، بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و ڕەوان باسی لێکراوە و، سەبارەت بە ئیمانی کەسانی ئیمانداریش سەبارەت بە حەدیسەکان دەڵێت” بە مەبەستی پاراستنی عەقیدەی عەوام و ئیمانداران لە گومانەکان نوسراوە. ئەو تایبەتمەندیانەی باسی هەندێک لەو رووداوانە دەکەن کەوا لە ئاخیر زەماندا ڕوو دەدەن، وەک هەندێک لە تەشبیهاتی ناو قورئان هاتوون و واتای زۆر قوڵیان هەیە. هەربۆیە وەک ئایەتە مەحکەمەکان تەفسیر و ڕاڤە ناکرێن و هەموو کەس نایزانێت. لەوە دەچێت لە جیاتی تەفسیر پێویستیان بە تەئویل بێت”.

بەدیعوزەمان وەک زانایەک کەوا بە باشی لە تەکنیک و ڕۆحی حەدیسەکان گەشتووە، زۆرێک لەو حەدیسانەی لەلایەن زانایانی پێش خۆیەوە جێگەی لێتێگەشتن نەبوون، هەندێکیان بە لاوازیان بینیون، هەندێکیشیان نکوڵییان لێکردووە، یان وەک هەندێک کەوا بڕیاریان لەسەر ڕووکەشەکەی داوە و هەندێک ڕاڤەیان بۆ کردووە کەوا ئەقڵ پێی قبوڵ ناکرێت، ئەو بە شێوەیەکی زۆر گونجاو لەگەڵ ئەقڵ و سەردەمدا تەئویلی کردووە.

بە نیسبەت ڕۆژگاری ئەمڕۆمانەوە هەڵە نابێت گەر بڵێین:
بێ ئەوەی پەیامەکانی نور بزانرێت، بە تایبەت ئەو حەدیسانەی کە دەستەواژەی موتەشابیهیان تێدایە، بە گوێرەی ڕووکەش و هەلومەرجی سەردەمەکانی ڕابردوو، تەئویل ناکرێن. لە کاتێکدا دونیا چنگ لەسەرشان بەرەو قیامەت ڕادەکات، گۆشەنیگایەک بە گوێرەی ئیدراکی ئەم سەردەمە، وەک پێویستی لێهاتووە…

وێنەیەکی تیشکی ئاخیر زەمان: بریسکەی پێنجهەم

بەدیعوزەمان وەک لە بریسکەی پێنجهەمدا وێنەیەکی تیشکی ئاخیر زەمانی کێشاوە، لە گۆشەنیگایەکی ترەوە بە گوێرەی وێناکردن و ئاستی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان هەڵسەنگاندن بۆ حەدیسەکان دەکات. وەک لە بەشەکانی پێشووی ئەم زنجیرە وتارەدا ئاماژەمان پێدا. ئەو دەق و چەمکانەی لە ڕووی سەرچاوەوە بۆ پێش ئیسلام دەگەڕێنەوە، لە گۆشەنیگایەکی زۆر سەرسوڕهێنەرەوە ڕاڤە دەکات.
کاتێک ئەمەش دەکات، تێبینی ئەوە دەدات بە دەستەوە کە دەشێت تێگەشتنێکی پێچەوانەش لەو بابەتەدا ئەگەری ڕاستی هەیە. واتە لە نوسینەکانی ئەودا دیکتاتۆریەتی خۆ بە ڕاستزانین بوونی نیە. لەو خاڵانەی کەوا زانا گەورەکانی ئیسلامیش کەوتوونەتە هەڵەوە، زمانێکی زبر بەکارناهێنێت. هەموو کاتێک دەڵێت ” خودا باشتر دەزانێت” و ” تەنیا خودا غەیب دەزانێت”، بەم شێوەیە لێکدانەوەکانی خۆی هەڵدەسەنگێنێت.

132 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە