هەواڵ

٨٥ قوربانی ژن لە هەڵمەتی ڕەشبگیری دەسەڵاتی تورکیا

ژنان بە نیسبەت هەندێک کەسەوە دایک، لای هەندێک ڕۆڵە، خوشک و هەندێک جاریش هاوسەر. دەتوانین ئەم لیستەیە درێژ بکەینەوە، بەڵام ڕاستیەک هەیە کەوا ناگۆڕیت، ئەویش بریتیە لەوەی دونیا بە بێ ئەوان هیچ کاتێک جوان نابێت. ژنان… بەهای ئەوان هێنەی باس نەکرێت گەورەیە، نەبوونی ئەوان لە دڵەکاندا برینێکی زۆر قوڵە…

لە هەر چوار دەوری دونیا، ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. ئەم تابلۆیە بە نیسبەت تورکیاوە زیاتر جێگەی کارەساتە. بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکانی ناوخۆی تورکیا، ٤٠ ژن لە ساڵی ٢٠١٧، ٤٤٠ لە ساڵی ٢٠١٨، ٤٧٤ خانمیش لە ساڵی ٢٠١٩، بە هۆی کێشەی ئابوری، یاخود داوای جیابوونەوە، ڕەتکردنەوەی داوای ئاشتبوونەوەی پیاوان، لەلایەن پیاوانەوە کوژراون.
بێگومان چەندین جینایەتی تریش هەیە کەوا لەم ئامارانەدا ئاماژەی پێنەکراوە. تەنیا لە دوای هەوڵی کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦، بە هۆی مامەڵەی نایاسایی، ئەشکەنجە و پێنەدانی دەرمان لە ناو زیندانکەانی تورکیا گیانیان لە دەستداوە. هەر بە دەم ئاسانە… ڕێک ٨٥ گیان … هەندێک لەوان چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد ببنە دایک، هەندێک لەوانیش چاوەڕێی هاتنەوەی ڕۆڵەکانیان دەکرد. هەندێکیش لەوان هیوای ئەوەیان دەخواست ئەو بەرگی تۆمەتە دابکەنن کە بە بەریاندا کرابوو. هەندێک لەوانیش لە دڵیاندا خەمیان کۆدەکردەوە.

دیسان لەم ماوەیەدا نزیکەی ٤٨ منداڵ کەوا تەمەنیان لە نێوان (٠-١٨) ساڵان بوو، گیانیان لە دەستدا. ٣٣ دایکیش بە دەستی خۆیان ڕۆڵەکانیان بە خاک سپارد.

ژمارە ٨٥ کەوا بە هەوڵ و تێکۆشانی ماڵپەڕی bitenhayatlar.com دیاریکراوە، بەشێکی ڕاستیەکەیە و ژمارە ڕاستەقینەکە بێ هیچ گومانێک زۆر لەو ژمارەیە زیاترە. هێندەی ئەوەی گومانی تێدا نیە، گومانیش لەوەدا نیە کە ناخهەژێنەرە.
هەریەک لەو کەسانەی لەم قۆناغەدا بوونەتە قوربانی، چیرۆکێکی ناخهەژێنی هەیە. ئێمەش وەک یادی ئەوان، لیرەدا چیرۆکی تەنیا چەند کەسێکیان دەگێڕینەوە.

حەلیمە گوڵسو یەکیکە لەو خانمانەی کەوا ڕووبەڕووی زوڵم بوویەوە. لە دوای ١٥ ی تەموز بوویە قوربانی هەڵمەتی ڕەشبگیری و مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو. کەسێکی خێرخواز بوو، هەرکەسێک دەردێکی هەبووایە لەگەڵی دادەنیشت و گوێی لێدەگرت. لە کوێ ئەوەی بزانیایە کە ڕۆژێک دێت، یارمەتی کەسانی ستەمدیدەش دەبێتە تاوان. لەوە دەچێت هیچ کاتێک ئەوەی بە ئەقڵدا نەهاتبێت کەوا مرۆڤەکانی مرۆڤەکانی دونیا هێندە خراپ بن. حەلیمە لەگەڵ هاوڕێکانی، لە ڕێکەوتی ٢٠ ی شوباتی ٢٠١٨، لەبەر ئەوەی کوبەیان بۆ کەسانی لێقەوماو دروست کردبوو، دەستگیرکران. پاشان بە بڕیاری دادگا دەستبەسەر کران.
تاوانی ئەوە بوو دەستی یارمەتی بۆ کەسانی لێقەوماو درێژ کردبوو. ئیدی قۆناغی پڕ ئازاری زیندان بە نیسبەت حەلیمەوە دەستی پێکرد. لە ڕاستیشدا گوڵسو نەخۆشی Systemic lupus erythematosus(گورگی سوری سیستەمی بەرگری) لەگەڵدا بوو، کە بریتیە لە پەلاماردانی خانە ساغەکانی لەشی مرۆڤ لەلایەن سیستەمی بەرگری لەشی خۆیەوە. سەرەڕای ئەو هەموو داواکاری و پێداگریەی ئەنجامیدا، دەرمانەکانی تایبەت بە نەخۆشیەکەی پینەدرا. هەربۆیە ٢ جار ڕەوانەی کۆما کرا و، جارێکیس زمانی پەڕییە ناو قوڕگیەوە. نامەی بۆ زۆرێک لە کاربەدەستان ڕەوانە کرد، هەتا دەرمانەکانی پێبدەن، بەڵام هیچ کامیان وەڵامیان نەدایەوە.

هەربۆیە گوڵسو لە دوا نامەیدا دەڵێت:
نەخۆشیەکە هەتا دوا ڕادە کوشندەیە. دەرمانەکانم پێنادرێت. پاسەوانەکان وەها دەزانن درۆ دەکەم و قسەم پێدەڵێن. بۆ ئەوەی ببردرێم بۆ نەخۆشخانەی زیندان، چەندین جار بە کۆدی “بەپەلە” داوای چوونە نەخۆشخانەم کردووە کە ژمارەکانیانم لە یاد نەماوە، بەڵام هەتا ئیستا نەیانبردووم”.
ئەمە دوا نامەی گوڵسوە کە ئاڕاستەی ڕای گشتی تورکیای کردووە. سەرەڕای ئەوەی ڕاپۆرتی پزیشکی هەبوو، بەڵام بە ئەنقەست دەرمانەکانیان پێنەدرا، هەربۆیە لە ڕێکەوتی ٢٨ ی نیسانی ٢٠١٨ چاوەکانی بە ڕووی ژیاندا داخست.
**

حەمیدە شەنیورت

مامۆستایەکی قۆناغی بنەڕەتی بوو، کە پیشەکەی خۆی زۆر خۆشدەویست. مامۆستایەکی پڕ هەیەجان بوو، کەوا لە دڵەوە وابەستەی پیشە و خوێندکارەکانی بوو. هەتا ئەو کاتەی لە ١٥ ی تەموز بوویە قوربانی هەڵمەتی ڕەشبگیریەکە. زۆر هیوای گەورەی لە ژیاندا نەبوو، تەنیا ئەوە نەبێت هیوای ئەوەی هەبوو، ببێتە مامۆستا و دایکێکی چاک.

هەرچەند لە کۆتایدا بوویە دایک، بەڵام ئەم قۆناغە بە نسیبەت ئەوەوە زۆر سەخت بوو. ڕێک ٨ جار منداڵی لە بار دەچێت. ئەم جارەیان دەبووە دایک. تەنانەت بە شێوەیەک ئامادەکاری بۆ هاتنی منداڵەکەی کردبوو، گۆرەوی و دەستکێشی بۆ چنیبووە. بەڵام تاقیکردنەوەیەکی زۆر سەخت چاوەڕێی ئەویان دەکرد. پێش ئەوەی منداڵەکەی بێتە دونیاوە، بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوور خرایەوە. بە هۆی ئەو خەمەی توشی بوو، سەرەتا منداڵەکەی لە دەستدا. لە کاتی بە خاکسپاردنی منداڵەکەیدا دەڵێت” ڕۆڵەم پشتیوان بە خودا لە بەهەشت بەیەک شاد دەبینەوە”. ئیدی دڵی ئەم دوو ئازارەی پێکەوە بۆ هەڵنەگیرا، توشی نەخۆشی شێرپەنجەش بوو. لە کاتێکدا توانای ڕۆشتنی نەمابوو، پۆلیسەکان دەستگیریان کرد. بەڵام لەبەر ئەوەی لە دوا قۆناغی نەخۆشیەکەدا بوو، دواتر ئازاد کرا. لە دوای دوو هەفتە، مامۆستا حەمیدە یگانی لە دەستدا. لە دوای خۆی کۆمەڵێک خەون و هیوا، جووتێک پێڵاوی منداڵی ساوای بەجێهێشت.

**

حەوا جیڤەلەک ئەو دایکەی دڵ پڕ ناسۆرەی لە کاتی سەردانی کوڕە زیندانیەکەی گیانی لە دەستدا

حەوا جیڤەلەک سەردانی ئەنەس جیڤەلەکی دەکرد، کە لە زیندانی کرککەلـلە زیندانی بوو. هەموو جارێک دەبوو لە دوزجەوە خۆیان بگەیەننە کرککەلـلە و، ئەمەش کارێکی زۆر سەخت بوو. بەڵام دڵی دایک بە شیوەیەکە، بێ بینینی ڕۆڵەکەی دڵی ئاو ناخواتەوە، گەر ڕۆڵەکەی لەوپەڕی دونیاش بێت. سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داوایان کرد کوڕەکەیان لە شارەکەی خۆیان زیندانی بکرێت، بەڵام داواکەیان لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیاوە رەت کرایەوە. قەدەر حوکمی خۆی لە کاتی سەردانی کورەکەیان لە زیندان دەرکرد. تەواوی خێزانەکەیان پێکەوە توشی کارەساتی پێکدادانی ئۆتۆمبیل بوون. حەوا جیڤەلەکی تەمەنی ٥٨ ساڵ، لە هەمان ڕووداودا دوو کوڕەزای بە ناوی بەتول و نەعیمە، گیانیان لە دەستدا. بەم شێوەیە ئەنەس جیڤەلەک سەرەڕای خەمی چوونە زیندان، خەمی لە دەستدانی دایک، دوو کچ، خەزوری بۆ زیاد بوو. سەرەڕای ئەمەش، بە کەلەپچەکراوی مۆڵەتی بەشداری لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی دوو کچە و دایکیان پیدا.
خەدیجە جیڤەلەکی هاوسەری ئەنەس جیڤەلەکیش لە دوای ئەم کارەساتە بە برینداری گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و، ئەم چەندی دێڕەی لە دەم هاتەوە دەرەوە کە بۆ مێژوو تۆمار دەکرێت:
من وەک مرۆڤێک کەوا ڕۆڵەکانی، باوکی، کارەکەی و تەندروستی خۆی لە دەستداوە، داوای یارمەتی لە ئێوە دەکەم. تەنیا پشت و پەنای من لەم ژیانەدا – کە ئەمە بە نیسبەت هاوسەرەکەشمەوە بە هەمان شێوەیە- هاوسەرەکەمە و زۆر پێویستم بەوەیە لەلای من بێت. ئێمە کەوا لە کاتی جەنازەی ڕۆڵەکانماندا پێکەوە نەبووین و، نەمانتوانی بە گریانەوە باوەش بە یەکدا بکەین، هەر بە ڕاستی بە ڕۆژگارێکی سەختدا تیدەپەڕین”. ئەم قسانەی ئەم خانمە، وەک خەنجەر بە جەرگی هەموواندا چەقی.

**


هیجران داڵگە: ناوی یەکێکی تر لەو خانمانەی ناونیشانی ئازار و فرمێسکە

ئەویش وەک ستەملێکراوەکانی تر، سەردانی هاوسەرەکەی دەکرد لە زیندان، کەوا هیچ گوناحێکی نەبوو. لە هەتایەوە بەڕێکەوتبوو، لە کوێ بزانێت ئەوە دوا گەشتی ئەم دونیا پڕ ناسۆرەی دەبێت. ئەو ئۆتۆمبیلەی کەوا هیجرانی تێدابوو، لە ڕیگەی سیڤاس توشی کارەساتی هاتوچۆ بوو. تەنیا هیجران لەوا کارەساتەدا گیانی لە دەستنەدا، بەڵک برایەکی لە خۆی گەورەتر و دوو برازاشی گیانیان لە دەستدا.
ئەم هەواڵە جەرگ سوتێنەش، جارێکی تر جەرگی لوتفو داڵگەی سوتاندەوە، کەوا لە زیندا چاوەڕێی هاتنی هاوسەرەکەی دەکرد. بەم شێوەیە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا، ٤ کەسی نزیکی تری لە دەستدابوو. لە زیندانیش دوای بیستنی هەواڵەکە، بە هۆی ئەوەی بە دەنگی بەرز هاواری لێهەڵدەستێت، وەک سزا بۆ ماوەیەک دەخرێتە ژووری تاکە کەسیەوە. بەم شێوەیە کچە بچوکەکەی، بێ دایک و باوک مایەوە. لەو کاتەی بە کەلەپچەوە دەبرێتە سەر گۆڕی هاوسەرەکەی، هاوار دەکات و دەڵێت” چیدی هۆکارێکم نەماوە بۆ ئەوەی دان بە خۆمدا بگرم”.

**

فیردەوس کەرابێکمەز

فیردەوس خانمیش یەکیکە لەو دایکانەی لە کاتی سەردانی کوڕە زیندانیەکەی گیانی لە دەستداوە. هەربۆیە بە بەلاش ئەوە نەوتراوە کەوا بەهەشت لە ژێر پێی دایکاندایە. ناوبراو لەگەڵ هاوسەرەکەیدا لە ئادییەمانەوە دەکەونە ڕێ بۆ ئەوەی چاویان بە کوڕە زیندانیەکەیان بکەویت. بەڵام لە ڕێگا توشی کارەساتی هاتوچۆ دەبن و هەر لەوێدا گیان لە دەست دەدات. هاوسەرەکەشی کەوا بە برینداری ڕزگاری دەبێت، دوای بیستنی هەواڵی مەرگی هاوبەشی ژیانی، بەرگەی خەمەکەی ناگرێت و گیان لە دەست دەدات.

**

خەدیجە گوندەبەهار: هاوسەری یەکێک لە کاسپکارە خێرخوازەکان

هاوسەری خەدیجە یەکێک بوو لەو هاوڵاتیانەی بوویە قوربانی ڕەشبگیریەکەی ١٥ ی تەموز و زیندانی کرا. هاوسەرەکەی دوکانی پەڕاوگەی هەبوو. خەدیجە بۆ پەیداکردنی بژیوی ژیانیان، ماوەیەک بە ناچاری هەوڵی بەڕێوەبردنی دوکانی هاوسەرەکەی دا. بەڵام هەرچیەکی دەکرد کارەکەی بۆ نەدەبرایە سەر. سەرئەنجام بە هۆی باری سەختی ژیان و دووری هاوسەرەکەی، شەوێک لە ماڵەکەی خۆیدا کە بە تەنیا دەبێت، لە ڕێگەی هەڵواسینی پەتێک بە سەقفی ماڵەکەیانەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئیلکای موتڵو یەکێک لەو مامۆستایانەی کەوا پیشەکەی خۆیان زۆر خۆشەویست و تەمەنی تەنیا ٣٨ ساڵ بوو. دوەای ئەوەی بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران، خۆیی و هاوسەرەکەی لە پیشەکەیان دوور خرانەوە، لە خەمدا توشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو. لە ڕێکەوتی ٣٠ ی ئابی ٢٠١٨ گیانی لە دەستدا. دواتر بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێگەی نوسراوێکەوە گەڕێندرایەوە سەر کارەکەیی و داوای لێبوردنی لێکرا. بەڵام ئەو لەو کاتەدا دەمێک بوو گیانی سپاردبوو. بەم شێوەیە دادگاییەکی تر بۆ ڕۆژی دادگاییە گەورەکە مایەوە.
**

نەسرین گەنچعوسمان؛ یەکێک لەو خانمە بێ گوناحانەی لە تەمەنی ٣٠ ساڵی، لە بەهاری ژیانیدا گیانی لەدەستدا. یەکێک بوو لەو خانمانەی لە منداڵیەوە قورئانی لەبەر کردبوو. ناوبراویش لە زیندان توشی نەخۆشی دەبێت و، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داوای چوونە نەخۆشخانە دەکات، وەڵامی نادرێتەوە. هەربۆیە لە دوای ٤١ ڕۆژ زیندانی گیانی لە دەستدا. یەکێک لە کەسە نزیکەکانی بەم شێوەیە باسی دەکات” تەنیا یەک کاری هەبوو ئەویش فێربوونی قورئان. بەڕاستی کەسێکی فریشتەئاسا بوو. لە ماوەی ئەو ١٥ ساڵەی ناسیم، دڵی یەک کەسی زویر نەکرد. نەمبینیوە قەت بەسەر یەکێکدا دەنگی بەرز بکاتەوە و بقیژێنێت. ئێستا هەر بە ڕاستی بووە بە فریشتە”…
**

خانەوادەی مادەن

نور مادەن یەکێک لەو دایکانەی لەگەڵ منداڵ و هاوسەرەکەی لە ئاوی مەریچدا گیانیان لە دەستدا. دوای ئەوەی خۆیی و هاوسەرەکەی لە پیشەی مامۆستایەتی دوور خرانەوە. بە ناچاری بڕیاری ئەوەیاندا وڵاتە خۆشەویستەکەیان بەجێبهێڵن. دەریاچەی مەریچیش تەنیا ڕێگە بوو کە بتوانن لێیەوە تورکیا بەجێبهێڵن. دوای ئەوەی لە نیوە شەودا بەلەمەکەیان لە ناوەڕاستی ئاوی دەریادا هەڵگەڕایەوە، هەر ٥ ئەندامی خێزانەکە گیانیان لە دەستدا. نور مادەن، هاوسەرەکەی مامۆستای فیزیا بە ناوی حوسەین مادەن، نادیرە (١٣ ساڵ)، نور(١٠)، فەریدون(٧) پێکەوە دوا گەشتی ژیانیان لە ئاوی دەریاچەی مەریچدا کۆتای هات.

چیرۆکی ئەم ناوانەی سەرەوە مشتێکە لە خەروارێک و چەندین چیرۆکی تری هاوشێوە بوونیان هەیە، کە هێشتا تۆمار نەکراون و کەس ئاگای لێیان نیە…

٨٥ قوربانی ژن لە هەڵمەتی ڕەشبگیری دەسەڵاتی تورکیا
144 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە