گۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

بزاڤێکی ئەرێنی. بەخامەی م.فەتحوڵڵا گولەن

پرسیار: لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کەوا زوڵمگەلێک و گەمەیەکی زۆری شەیتانی بە شێوەیەکی بەربڵاو دەبینرێت و، دەشێت ئەهلی ئیمان ئاراستەی شتانێکی نەرێنی بکات، چۆنی دەتوانین لە بزاڤ و ئاکاری ئەرێنی تێبگەین؟

وەڵام:
وەک لە پرسیارەکەشدا بەرچاومان دەکەوێت، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، لە وڵاتی خۆماندا و لە شوێنە جیاوازەکانی دونیا، زوڵمگەلێکی جۆرا و جۆر ئەنجام دەدرێت، کارگەلێکی سوک و قێزەون ئەنجام دەدرێت، پەنا بۆ گەمە و تەڵەکە جیاوازەکانی شەیتان دەبرێتەوە.
لە نێو بازنەی بەردەوامی دووبارەبوونەوەی ڕووداوە مێژوویەکاندا، هەتا ئێستا مرۆڤایەتی چەندین جار توشی زوڵم و ناحەقی بووە. بە گوێرەی گێڕانەوەی مێژوونوسان، سەردەمانێکیش هەبووە، کەوا تەواوی کۆمەڵگا بە تەواوی لە شیرازە دەرچووە.

لەوە دەچێت کەسانێکی وەک هیتلەر، ناپلیۆن، ستالین و چەند دیکتاتۆرێکی هاوشێوەی ئەوان، لە ڕێگەی بزواندنی هەستی شێتانەی ناو مرۆڤەکان، ڕێگەیان بۆ کارە دڕندانەکانیان خۆش کردبێت. شەیدابوونی ئەوان بۆ ئەوەی بەسەر تەوای جیهاندا باڵادەست ببن، گیان لە دەستدانی ملیۆنان کەس لە مرۆڤەکانی لێکەوتەوە.
کاتێک لاشەی مرۆڤایەتی تەنیا جارێک لاوازی پشاندا، سیستەمگەلێک پەیدا بوون کەوا بەسەر مرۆڤایەتیدا زاڵ ببن و زوخاوی لە دەم پێ هەڵبێننەوە.
بە گوێرەی قەناعەتی ناچیزانەی من، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا، مرۆڤایەتی بە قۆناغێکی تری هاوشێوەدا تێدەپەڕێت، کە بە تەواوی توشی شێتێتی بووە.
ئەم پەلاماری ئەو دەدا، ئەویش پەلاماری یەکێکی تر. هەرکەسێک بەهێز بێت، وەها دەردەکەوێت لەسەر حەقیش بێت.
کەسی بەهێز، بە تێبینی ئەوەی کەوا پێویستە حەقی هێزەکەی بدات، یەکسەر دەست دەکات بەوەی مرۆڤەکان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیی و، هەژموونی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت. ئەمەش لەسەر ئاستی کۆمەڵگا وەک نەخۆشیەکی وەهای لێهاتووە، کەسانێکیش کەوا خاوەنی کەسایەتیەکی لاوازن و دووربینی و ژیرییەکی بەرزیشیان نیە، شەیدایی ئەوە دەیانگرتێت کاری”بەڕێوەبردن” بگرنە دەست و، دەست دەکەن بەوەی بڵێن” تۆ بڵێیت ئێمەش هێز و دەسەڵات بگرینە دەست و، کۆمەڵگا بەو شێوەیە ئاڕاستە بکەین کە خۆمان دەیخوازین؟ وەک کەسانێکمان لێبێت کە بە پەنجە ئاماژەمان بۆ بکرێت، چەپڵە ڕێزان بکرێین و، لەسەر چاوان دابنرێین”…
ئیدی لە جیاتی ئەوەی لە پێناو دین، هزری باڵای میللی، بەرژەوەندیەکانی وڵات دەسەڵات بگرنە دەست، لە پێناو بەرژەوەندی و داهاتووی خۆیان، ئارەزووی بوونە سەرۆک و دەسەڵاتداربوون و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا دەکەن. لە پێناو گەشتن بەم ئامانجەش؛ ڕێگاگەلێکی وەک درۆ، فریودان، دووڕوویی بە کارێکی ڕێگەپێدراو دەزانن. ئەگەرچی کەسانێکی لەم شێوەیە سەرکەوتنگەلێکی درۆزنانەش بەدەست دەهێنن، بەڵام دواتر جەنابی حەق چەندین قاتی ئەو سەرکەوتنەیان توشی بەزین و دۆڕانیان دەکات.
وەک چۆن پێویستە ئەو ئامانجەی هەوڵی بۆ دەدرێت ڕەوا و شەرعی بێت، لە هەمان کاتدا ئەو ڕێگایانەی بۆ ئەم ئامانجە دەگیرێنە بەر؛ پێویستە ڕەوا، مرۆڤانە، ئەخلاقیانە، لەگەڵ یاسا ئیلاهیەکانیشدا گونجاو بن.
لە پێناو گەشتن بە ئامانجێک، بە ڕەوا بینینی گرتنەبەری هەموو ئامرازێک، شێوازی بیرکردنەوەیەکی ئیماندارانە نیە. بیرکردنەوەیەکی لەم شێوەیە وەک چۆن چەند فەرسەخێک لە شێوازی لێک نزیک بوونەوە و تێڕوانینی پێغەمبەرانەوە دوورە، لە هەمان کاتدا چەندین فەرسەخ لە شێوازی میراتبەرانی ئەوەوە دوورە.
بەڵێ، لە ڕۆژگاری دونیای ئەمڕۆماندا کەوا تێبینیە ماکیاڤیلیەکان بەسەر کۆمەڵگادا باڵادەست بوون، زۆرینەی کاتەکان، سەر لە گەمە شەیتانیەکان دەدرێت و، مرۆڤایەتی دەستی کردووە بەوەی بە تەواوی لە شیرازە دەربچێت، بزاڤی ئەرێنیانە گرنگیەکی جیاوازتری هەیە.
ئەویش بریتیە لەوەی بە هەمان شێوە وەڵامی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی نەرێنی نەدرێتەوە، بە کردار و گوفتاری نەرێنیەوە خەریک نەبیت، خەریکی مشتومڕ نەبیت، خەریکی چەنەبازی هزری نەبین، لە جیاتی ئەمانە بە شێوەیەکی بەردەوام بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی مەفکورەی خۆمان خزمەت بکەین، هەمیشە بە چاکسازی و نۆژەنکردنەوە خەریک بین، هەموو کاتێک بە دوای سازان و ڕێکەوتندا ڕابکەین…

“نەمانەوە لە ژێر کاریگەی ڕووداوەکاندا”
حەزرەتی بەدیعوزەمان، لە شاکارەکانیدا زوو زوو لەسەر بابەتی بزاڤی ئەرێنی وەستاوە، هەمیشە ئامۆژگاری خوێندکارەکانی خۆی کردووە لەو بابەتەدا. کەسانێکیش کەوا ئامانجێکی میسالی دیاریکراویان هەیە، لە پێناو بەدیهێنانی ئەمەش هەوڵی خۆیان دەدەن، ئەو ئەرکەی لەسەر مەردەکانی خزمەتە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، بێ ئەوەی بەو شتە نەرێنیانەوە گیر بخۆن کەوا دێتە سەر ڕێگایان، هەمیشە بە دوای شتانێکی ئەرێنیدا ڕابکەن. ئەو کەسانەی بە ڕووداوەکانەوە گیر دەخۆن، ناتوانن لەگەڵ ڕووداوەکان هەڵبکەن، ئەو کێشانەی کەوا پێویستە چارەسەریان بکەن، ناتوانن چارەسەریان بکەن.
گەر خۆتان خەریکی ئەو قسانەی بکەن کەوا لە دژی ئێوە دەیکەن، وەڵامی ئەو سوکایەتی و بانگەشانە بدەنەوە کەوا سەبارەت بە ئێوە دەیکەن، گەر شێوازی جوڵەتان بە گوێرەی ئەمە دیاری بکەن، ئیدی بە ناوی گەلی خۆتان و مرۆڤایەتیەوە ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدەن، ناتوانن ئەنجامی بدەن، لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی مرۆڤایەتی ناتوانن پڕۆژەتان هەبێت، ناشتوانن پاڵپشتی تەواوی ئەو پڕۆژانە بکەن، کەوا لە حاڵی حازردا بوونیان هەیە. ئەو کەسە ئیماندارانەی کەوا بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە خزمەتیان بە ڕێگەی الله کردووە، هیچ کاتێک لە نەیار و دوژمنانیان کەم نەبووە و، هیچ کاتێکیش لە هەموو جۆرێک درۆ، بوختان، سوکایەتی و لەکەدارکردن سڵیان نەکردۆتەوە.
گەر ئێوە بە شێوەیەکی بەردەوام خۆتان بە قسە و کرداری نەشیاوی ئەم جۆرە مرۆڤانەوە خەریک بکەن و هەوڵی وەڵامدانەوەیان بدەن، ناتوانن ئەو کارانە ئەنجام بدەن کە پێویستە ئەنجامی بدەن.
گەر ئەمڕۆ وەڵامی قسەی یەکێک لەوانە بدەنەوە کەوا سوکایەتی بە ئێوە کردووە، سبەینێ یەکێکی تریان هەڵدەستێت و قسەیەکی قورسترتان لەوەی پێشووتر پێدەڵێت. ئیدی دادەنیشن و دەست دەکەن بەوەی بیر لەوە بکەنەوە کەوا وەڵامێکی شایستەی ئەویش بدەینەوە.
هەربۆیە بە هیچ شێوازێک ڕزگارتان نابێت لە بازنەی ئەو ڕووداوانەی توشی دەبن. کەسێکیش کەوا بە شێوەیەکی بەردەوام لە ژێر کاریگەری ڕووداوەکاندا بژی، لە ژێر تێوەژەنینی ئەواندا هەنگاو هەڵبگرێت، مومکین نیە ڕێڕەوی ژیان بگۆڕێت. کەسێکی لەم شێوەیە توانستی کاریگەردانانی لە دەست دەدات.
لەلایەکی ترەوە، گەر خۆمان بەو شتە نەرێنیانەوە خەریک بکەن کەوا لە شاشەی تەلەڤیزیۆنەکان و لاپەڕەی ڕۆژنامەکانەوە بڵاو دەبێتەوە و تێیاندا ڕۆبچن، هزر، هەست و بیرکردنەوەی خۆمان لەکەدار دەکەین. ئیدی بە شێوەیەکی بەردەوام لە ژێر کاریگەی کاردانەوە، هەڵچوون و پەرچەکرداری ئەم شتانە ژیان بەسەر دەبەین، بیرکردنەوەی تەندروستانە لەدەست دەدەین. ئیدی ناتوانین قسەی جوان بکەین، ناتوانین هزری جوان بەرهەم بهێنین. ناتوانین چارە بۆ کێشە زۆر و زەبەندەکان بدۆزینەوە کەوا چاوەڕێی چارەسەر دەکەن.
کاتێک دێینە سەر بابەتی چۆنیەتی ڕوونکردنەوە، ڕاستکردنەوە و بە درۆخستنەوەی ئەو بانگەشە، درۆ، بوختان و لەکەدارکردنانەی سەبارەی بە ئێمە ئەنجامی دەدەن، لە جیاتی ئەوەی هەموو کەسێک لەلای خۆیەوە خۆیان پێوە خەریک بکات، پێویستە ئەم کارە بۆ ئەهلی تایبەتمەند بەو بابەتە جێبهێڵدرێت. کەسێک کەوا بە شێوەیەکی بەردەوام خۆی بە هێرش و دەستدرێژیەکانی کەسانی ترەوە خەریک دەکات، خۆی وێران دەکات. کەسێکیش کەوا خۆی وێران کردبێت، بابەتی ئەوەی ئاوەدانی بخاتەوە و ئاوەدانییەک لەسەر دەستی ئەو بێتە بەریانەوە، مومکین نیە.
مرۆڤێکیش کەوا خۆی دابێت بە دەم تەوژمی تاڤگەیەکەوە، ئایا هێزی ئەوەی دەبێت، کەسێک کەوا خەریکە لەناو ئەو ئاوەدا بخنکێت، ڕزگاری بکات!؟
هەوڵدانی کەسێکی لەم شێوەیە بۆ ڕزگارکردنی کەسێکی تر، جگە لە خێراترکردنی خنکانی خۆی هیچی تری لێناکەوێتەوە.
لەم ڕوانگەیەوە ئەو ڕۆحە خۆتەرخانکەرانەی خەریکی نۆژەنکردنەوەی مەدەنیەتێکن کەوا ماوەی ٣ سەدەیە توشی داڕوخان و تێکچوونی زۆر جددی بووە، نابێت خۆیان فڕێ بدەنە ناو شتانێکی نەرێنی لەم شێوەیە. هەربۆیە هەڵمەتێکی گەورەی نۆژەنکردنەوە لەسەر ئەم ئاستە، کاری مرۆڤگەلێک نیە، کەوا بە هۆی ململانێ لەگەڵ ڕووداوی ڕۆژانە ماندوو بووە. چوونە ژێر باری ئەرکێکی لەم شێوەیە، تەنیا بە کەسانێکی جوامێری وەها ئەنجام دەدرێت، کەوا لە چەنەبازی فکری، کاریگەری ڕووداوە ڕۆژانەیەکان ڕزگاریان بووە و، گەشتوون بە سەلامەتی ڕۆحییان.

“تێڕوانینی نەخشەخوێنەرەوانە و دیپلۆماسی”
ئەو کەسانەی بزاڤی ئەرێنییان وەک بنەمای کارەکانی خۆیان لێکردووە، نابێت بە شێوەیەکی نەرێنی وەڵامی شتە نەرێنیەکان بدەنەوە، شتانێکی نەرێنی بە شتانێکی نەرێنی لابدەن، ڕێگە نەدەن بەوەی نەفرەت و کینە لە نێو کۆمەڵگادا ڕەگ دابوکتێت. لە جیاتی ئەمە، پێویستە کێشەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسیەوە چارەسەر بکەن.
لە جیاتی پەنابردن بۆ هێز و توندوتیژی، بە گوێرەی ئەنجامگیری ئەقڵ، لۆژیک، داوەری ژیری، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەین. بە شێوەیەکی نەخشەخوێنەرەوانە سەیری ڕووداوەکان بکەین، بە باشی حسابی ئەوە بکەین کەوا کام هۆکار چی ئەنجامێکی لێدەکەوێتەوە، بەم شێوەیە هەنگاوەکانمان هەڵبگرین. ئەو کێشانەی کەوا گومان براوە لە ڕێگەی زەبر و هێز، پلیشاندنەوە و سەرکوتکردنەوەوە چارەسەرکراون، هیچ کاتێک چارەسەری هەمیشەییان بۆ نەدۆزراوەتەوە. بۆ نمونە گەر لەم ڕوانگەیەوە ئەو کێشانەی کەوا لە باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەمان ڕوو دەدەن، بە هەند وەربگرین. بە شێوەیەکی بەردەوام خوێن ڕژێندراوە، بەردەوام پەنا بۆ جەنگ و توندوتیژی بردراوە، بەڵام بە هیچ کام لەو شێوانە نەتوانراوە بەسەر کێشەکان زاڵ ببن. ئەوان تەنانەت ئەو کاتانەی وتوویانە “ڕامانکرد”، بە شێوەیەکی بەهێزتر لە جاران گەڕاونەتەوە، لە ڕێگەی ڕێکخستنی ستراتیژیەتی نوێوە، بەردەوامییان بە موجادەلەی خۆیان داوە. بە شێوەیەکی بەردەوام هەوڵی پلیشاندنەوەیان دراوە، بەڵام هەموو جارێک هەستاونەتەوە سەر پێ. هەتا زیاتر لە ڕێگەی هێز و دەسەڵاتەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان درابێت، ئەوانیش باری دەرونی ستەمدیدەیی و مەغدوریەتیان هەڵسەنگاندووە و، هەوڵی ئەوەیان داوە لە دەرەوە یاریدەدەر بۆ خۆیان پەیدا بکەن، لەم کارەشیاندا سەرکەوتوو بوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە گەر بە تێڕوانینێکی گشتگیرانە لە کێشەکە نزیک ببوونایەتەوە، هۆکارەکانی کێشەکە زۆر بە چاکی دیاری بکرانایە و پاشان چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزینایەتەوە، دەمێک بوو ئەم کێشانە چارەسەریان بۆ دۆزرابوویەوە. گەر لە جیاتی هێز و فشار ڕێگە دیپلۆماسیەکان بگیرانایەتە بەر، خوێن نەدەڕژێندرا، دوژمنایەتی سەری هەڵنەدەدا، نەفرەت و کینە وەک میرات بۆ نەوەکانی دواتر جێنەدەهێڵدرا. بەم شێوەیە دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی، وازهێنان لە زەبروزەنگ، پلیشاندنەوەی مرۆڤەکان، دروستکردنی فشار بۆ سەریان، بە پێچەوانەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بە نەرمونیانی، ئەقڵ و ڕێگە دیپلوماسیەکان یەکێکە لە داخوازیەکانی بزاڤی ئەرێنی.

“یەکێتی ڕۆح”
یەکێکی تر لەو بنەمایانەی کەوا پێویستە لەسەری هەڵوێستە بکرێت، بریتیە لەوەی هەوڵ و کۆششی ئەوە بدرێت، لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگادا یەکێتی ڕۆح فەراهەم بکرێت.
ئەگەر لە ڕێگەی دانیشتنەوە یەکێتی ڕۆحی نێوان مرۆڤەکان فەراهەم بکەن و، وەستانتان بە پێوە تێکی بدات، ئەوا دانیشتنتان کارێکی چاکترە. تەنانەت هەوڵ و کۆششێکی بچوکی لەم شێوەیەش بە ناوی فەراهەمکردنی یەکێتی ڕۆحی نێوان مرۆڤەکان، نابێت بە بچوک ببینرێت، لەلای خودا نرخ و بەهایەکی ڕاستەقینەی هەیە. ئێمە نازانین کام کردار دەبێتە هۆکاری ئەوەی ڕزگاری نێوان مرۆڤەکان لە لای خودا بە دوای خۆیدا بهێنێت. لەوە دەچێت هەندێک جار، هەستان و دانیشتنێکیش بەم مەبەستە، ببێتە هۆکاری ئەوەی مرۆڤ ڕزگار بکات.
نزیک بوونەوە لە مرۆڤەکان بە حاڵی نەرمونیان، قسەی نەرمونیان و هەڵسوکەوتی نەرمونیانانە، ڕەفتار و هەڵسوکەوتێک کەوا بریتی بێت لە چاوپۆشی لە هەڵە و کەموکورتیەکانیان و لە یەک شوێندا کۆیان بکاتەوە، لەلای الله بەهایەکی جیاوازی هەیە.

جەنابی حەق لە ڕۆژی قیامەتدا، ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانەی مرۆڤ دەهێنێت و، گەشەیان پێدەدات و، زۆر نیعمەتی ئاخیرەتی بە نسیبی کەسەکە دەکات، کەوا بەدەستهێنانیان کارێکی ئەستەمە.
هەربۆیە ئەوەی لەسەرشانی ئێمەیە، بە شێوەیەکی بەردەوام سەبارەت بە کەسانی تر بە شێوەیەکی ئەرێنی بیر بکەینەوە، بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بهێنینە پاڵ یەک و یەک ڕیزیان لێ دروست ببێت، هەرچی لە دەستمان دێت ئەنجامی بدەین. بیرکردنەوە لەوەی هەموو کەسێک لە ئێمە بچێت و، وەک ئێمە بیر بکاتەوە، لەسەر ئەو ڕێگایە بڕوات کەوا خۆمانی بەسەردا دەڕۆین، کارێکی خۆپەرستانەیە. دەنگ، قسە، فکر، تێڕوانینی هەموو کەسێک جیاوازە. ئەوەی گرنگە لەم بابەتەدا، بریتیە لەوەی لە چواردەوری هەندێک خاڵی هاوبەش کۆ ببینەوە، لە دەنگ و میوزیکە جیاوازەکان کۆڕاڵێکی هەماهەنگ پێکبهێنین.
لە ڕێز بوونی دەنگە جیاوازەکان، میوزیکی ئامێرە جیاوازەکان، ئۆرکێسترای سەنفۆنی گەورە پێکدێت. دەنگە جیاواز جیاوازەکان، نەغمە و یەکێتیەکی وەها پێکدەهێنن، واتایەک بە گوێگرەکانیان دەدەن. ئیدی ئەوەی گرنگە، جیاوازی و هەمەچەشنەیی نێو کۆمەڵگا، لە چواردەوری یەکێتیەکی ڕۆحی لەم شێوەیە کۆ ببنەوە. چاوەڕێکردنی ئەوەی هەموو کەسێک وەک ئێمە بێت، شتێکە هەم پێچەوانەی سروشتی مرۆڤەکانە، لە هەمان کاتدا گوزارشتە لە خۆپەرستی. چاوەڕوانیەکی لەم شێوەیە، لە جیاتی ئەوەی مرۆڤەکان بەرەو یەکێتی و یەکگرتووی ببات، بەرەو پارچە پارچە بوونیان دەبات.
ئاشکرایە ئەو کاتەی سەردارمان تەشریفی بردە مەدینە، نزیکەی ٤ هەزار کەسی جولەکە و موشریکی لێبوو.
ژمارەی تەواوی موسوڵمانان خۆی لە هەزار و ٥٠٠ کەس دەدا. بەڵام سەردارمان، سەرەڕای ئەوەی کۆی گشتی جولەکە و موشریکەکانی مەککە ٥-٦ قاتی ژمارەی موسوڵمانان بوو، ڕێگەی ئەوەی هەڵبژارد، کەوا لە چواردەوری ڕێکەوتننامەیەکی هاوبەش کۆیان بکاتەوە. ئەم یەکێتییە هەتا ساڵی پێنجهەمی کۆچی بەردەوامی هەبوو، لە کۆتایدا ئەم ڕێکەوتننامەیە لەلایەن جولەکەکانەوە شکێندرا.
ئەوەی لەسەرشانی ئێمەیە – گەر لە ڕێگەی گوزارەیەکەوە دەریببڕین کەوا زۆر بەکاری دەهێنین- پێویستە هەموو کەسێک لە پێگەی خۆیدا قبوڵ بکەین، ڕێز لە هەست و بیرکردنەوەی هەموو کەسێک بگرین. گەر دەست بکەن بەوەی هەست و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان بۆمب باران بکەن، ئەوان لە نزیکی خۆتان دەردەپەڕێنن و دووریان دەخەنەوە. لەم کارەشدا وەک هیچ سوودێکتان دەست ناکەوێت، بە پێچەوانەوە سەلامەتی ئەو ڕێگەیەی لەسەری دەڕۆن دەخەنە مەترسیەوە. چونکە ئەو مرۆڤانەی کەوا لە خۆتان تەوەلا کردووە و، دەشێت وەک دوژمنی خۆشتان لێکردبێت، ڕێگەی ئەوە بە ئێوە نادەن بە سەلامەتی لەسەر ئەو ڕێگەیە بڕۆن کەوا گرتووتانەتە بەر. بەم شێوەیە هەر بە دەستی خۆتان، دوژمنی دەستکرد بۆ خۆتان دروست دەکەن. بە هۆی ئەوەی لەسەری هەموو کۆڵانێک دێوەزمەیەک دەکەن بە توشی خۆتانەوە، هزر، هەڵمەت و وزەی خۆتان پەرشوبڵاو دەکەنەوە. هەربۆیە ناتوانن خۆتان لەو کارانەدا قاڵ بکەنەوە کەوا پێویستە خۆتانی تێدا قاڵ بکەنەوە. لە جیاتی ئەوەی بە کاری خۆتانەوە سەرقاڵ ببن، ناچاری ئەوە دەبن بە سەد کێشەوە سەرقاڵ ببن کەوا لە ڕیگەی ئەوانەوە هێنراوەتە سەر ڕێگاتان. خۆ گەر بمانەوێت نەبینە هۆکاری تەواوی ئەم شتانە، پێوستە بە دوای ڕێگەی ئاشتی و حزوردا بگەڕێن، لە بەرامبەر ئەو مرۆڤانەی خاوەنی دونیابینیەکی جیاوازن لەگەڵ ئێوەدا. بۆ ئەمەش پێویستە ڕێز لە مرۆڤایەتی هەموو کەسێک بگرن.
پێویستە خۆتان لە قەناعەتی کەس هەڵنەقورتێنن. نابێت لە ڕێگەی دەست و زمانتانەوە مرۆڤەکان نیگەران بکەن.

“ژیان بە خۆشەویستی پیشەکەتانەوە”
حەزرەتی بەدیعوزەمان، وەک پێودانگی بزاڤی ئەرێنی، ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە هەموو کەسێک بە خۆشەویستی پیشەکەی خۆیەوە بژی، خۆی لە پیشەی کەسی تر هەڵنەقورتێنێت و بەرامبەر کەس دوژمنایەتی نەکات. واتە بابەتی ئەوەی مرۆڤێک ڕێگەی خۆی بە حەق و جوان بزانێت، پێویستی بەوە نیە ڕێگەی کەسانی تر بە پوچ و ناشرین ببینێت.
بەڵێ، ئەوەی لەسەر شانی کەسی ئیماندارە، بە خۆشەویستی باوەڕ و سیستەمی بیرکردنەوەی خۆیەوە بژی. شێتانە وابەستەیان ببێت، لە دڵەوە خۆی بە خاوەنیان بکات.
بە شێوەیەک بێت کەوا هەست و هزری بەم شێوەیە بێت:
“خودایە ڕازیم بەوەی ڕۆژانە ١٠ جار بمرم و زیندوو ببمەوە، گەر دینی ڕەوانی ئیسلام لە هەر چوار دەوری دونیا شاباڵ بگرێت”. خۆشەویستی پیشە و ڕێگاکەمان دەبێت بەم شێوەیە بێت. تایبەتمەندی هاوەڵانیش هەر بەم شێوەیە بوو. ئەوانیش شێتانە وابەستەی پیشەی خۆیان بوون، بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە ئامادەی ئەوە بوون لە پێناو ئەو ڕێگایەدا گیانیان بەخت بکەن.
کەسێک کەوا هەڵگری ئەم هەست و هزرە نەبێت، لە پێناو گەیاندنی ئەو بەهایانەی باوەڕی پێیەتی بە هەموو دونیا، فیداکاریەکی زۆر جددی پشان نەدات و، بە پێچەوانەشەوە کاتی خۆت لەملاولا بە فیڕۆ بدات و نەفرین لە فڵان و فیسار بکات، سوکایەتی بەم و بەو بکات، جگە لە خۆشحاڵکردنی شەیتان و بزواندنی دوژمنایەتی، بە کەڵکی کارێکی تر نایەت.

گەر بتانەوێت مرۆڤەکان بهێننە ڕیزی یەک و نێوەندیان پێکبهێنن، پێویستە هەست، چاوەڕوانی، پێگە وابەستە بوونی مرۆڤەکان بە بەهاکانی خۆیانەوە، بخەنە نێو حسابەکانتانەوە و، ناچارن بەوەی بە گوێرەی ئەمە هەنگاو هەڵبگرن. بە گوێرەی دەربڕینی ئایەتی کەریمی قورئانیش ئەوەی یەک ڕیزی دڵەکان فەراهەم دەکات، الله یە. ئەوەی لەسەر شانی ئێمەشە کەموکورتی نەنوێنین لە ڕەچاوکردنی ئەم هۆکارانە، هەمیشە یەکخەر و نزیککەرەوە بین. وابەستەییمان بە پیشەی خۆمانەوە نەگۆڕین بە دوژمانیەتی کەسانی تر. بە پێچەوانەوە تۆوی خۆشەویستی بە هەموو لایەکدا بپرژێنین، باوەش بۆ هەموو مرۆڤایەتی بگرینەوە، زەردەخەنە بەسەر هەموو کەسێکدا ببارێنین.

35 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە