هەواڵ

“مەدەنی عارفئۆغڵو هەنگاو بە هەنگاو کوژرا”


مەدەنی عارفئۆغڵو یەکێک بوو لە سەرمایەدارە دیارەکانی شاری بینگۆل و لە ساڵی ٢٠١٢ بە هۆی سوودەکانییەوە بۆ ئابووری شارەکەی لە لایەن حکومەتەوە خەڵاتی پێ بەخشرا. بەڵام دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ ی تەموز دەست بەسەر ماڵ و موڵکیدا گیرا و خرایە زیندانەوە. تەنانەت لەو کاتەی لە زیندانیشدا ڕیخۆڵە کوێرەی تەقی ڕووبەڕووی پێشێلکردنی مافەکانی بووەوە. بۆ ماوەی ٣ هەفتە نەبرایە لای پزیشک. شەوێک بە خۆخشان توانی خۆی بگەیەنێتە لای پزیشکی یاریدەدەر لە زیندان و بڵێت “خەریکە دەمرم یارمەتیم بدەن”.

دوو ساڵ دوای مانەوەی لە زینداندا تووشی شێرپەنجەی گورچیلە بوو، بەڵام سەرەڕای ئەو پێشێلکارییەکان بەرامبەر بەردەوام بوون. بە پێی وتەکانی عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتاری هەدەپە و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون بۆ مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی تورکیا “ستەمکارییەکی تایبەت” بەرامبەر بە مەدەنی عارفئۆغڵو ئەنجام دەدرا. بە بیانووی ئەوەی لە نەخۆشخانەدا ژووری بەندکراو نییە لە نێوان گرتووخانەی مالاتیا و ئادانادا دەیانهێنا و دەیانبرد. ڕۆژێکیان ئازارەکەی زۆری بۆ هێنا و بارودۆخی بە تەواوی خراپ بوو، وتی “تەواو وازم لێ بهێنن نامەوێت چارەسەرم بکەن دەمەوێت بمرم”.

مەدەنی عارفئۆۆغڵو لە ئەنجامی هەوڵی زۆر هاوسەرەکەی و عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٩ ئازاد کرا بەڵام تازە کار لەکار ترازابوو هیچ شتێک نەمابوو بکرێت و لە ٢٥ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ کۆچی دوایی کرد.

نورهان عارفئۆغڵوی هاوسەری لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی بۆڵد مێدیا، وتی “هاوسەرەکەم ئازاد کرا بەڵام ئەویان خستە قۆناغێکەوە کە بەرەو مەرگ دەڕۆشت. تەرمی ئەویان دایەوە دەستمان. هاوسەرەکەم لە زینداندا هەنگاو بە هەنگاو کوژراوە”.

نورهان عارفئۆغڵو لە درێژەی قسەکانیدا وتی:

“هاوسەرەکەم ٢٥ی تەموزی ٢٠١٦ دەستگیر کرا و سێ ڕۆژ دواتر ڕەوانەی گرتووخانەی بینگۆل کرا. دوای ٢٠ ڕۆژ گوازرایەوە بۆ گرتووخانەی مالاتیا. هاوسەرەکەم لە ماوەی مانەوەی لە گرتووخانەدا بە قۆناغێکی زۆر سەختدا تێپەڕی. لە گرتووخانەدا ژیانیان لێکرد بە ژەهر. فڕێیان دایە زیندانی تاکەکەسییەوە لە بری ئەوەی بیگەیەننە نەخۆشخانە. چەندین جار لە مردن گەڕایەوە. لە ماوەی مانەوەی لە گرتووخانەی مالاتیا ڕووبەڕووی چەندین کێشەی تەندرووستی بووەوە. لە ساڵی ٢٠١٢ نەشتەرگەری گواستنەوەی جگەری بۆ کرابوو. ئازارەکانی ئەوەش دەستی پێکردەوە. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخی تەندرووستی خراپتر دەبوو لەناو زیندان. لە پێناو ئازادبوونی ئەو پەنام بۆ هەموو شوێنێک برد. داوای یارمەتیم بۆ هاوسەرەکەم دەکرد چونکە دەمزانی ئەو لە زینداندا ناتوانێت بژی. ڕۆژێکیان کاتێکدا چووین بۆ سەردانی لە زیندان زانیمان کە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە. خێرا ڕامانکرد بۆ نەخۆشخانە. نەمانتوانی بچینە لای و بیبینین. هاوسەرەکەم لە ڕۆژێکدا ١٩ دەرمانی بەکاردەهێنا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخی خراپتر دەبوو. دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە ڕاستەوخۆ گەڕێندرایەوە بۆ زیندان.دواتر لە مانگی تەموزی ٢٠١٨ برا بۆ نەخۆشخانە و لە پشکنینەکاندا دەرکەوت کە تووشی شێرپەنجەی گورچیلە بووە و خانە شێرپەنجەییەکەی ٥ سانتیمەتر بوو. بەڵام ئەوەی پێ نەوترا و بێ ئەوەی هیچ چارەسەرێکی بۆ بکرێت گەڕێندرایەوە بۆ نەخۆشخانە. کاتێک دەچووین بۆ بینینی لە زیندان بەردەوام دەیوت زۆر ئازارم هەیە، ناتوانم بنووم، زۆر نەخۆشم. دواتر کاتێک لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ دووبارە برایەوە بۆ نەخۆشخانە دەرکەوت کە خانە شێرپەنجەییەکەی گەورەتر بووە و بووە بە ١٤ سانتیمەتر. دواتر پێمان وترا کە لە نەخۆشخانەی باڵجالی لە ئادانا نەشتەرگەری گورچیلەی بۆ دەکرێت. ئەوە ئومێدی بۆ ئێمە گەڕاندەوە و وتمان نەشتەرگەری دەکرێت و باشتر دەبێت. بەڵام پزیشکەکەی ئەو نەخۆشخانەیە پێی وتین لێرە قاوشی بەندکراومان نییە و من ناتوانم ئەو نەشتەرگەرییەی بۆ بکەم. ئەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخی خراپتر دەبوو. من هەرچەندم دەکرد نەمدەتوانی بەرپرسانی تێبگەیەنم کە ئەو ناتوانێت لەو بارودۆخەدا بژی. دواتر گەڕێندرایەوە بۆ گرتووخانە. لەو ماوەیەدا هاوسەرەکەم پێی وتم “من ئیتر دەمەوێت بمرم. واز لە من بهێنن. نامەوێت چارەسەر وەربگرم. چونکە ئەوان لە چارەسەرەکەمدا ڕاستگۆ نین”. دواتر بڕیار درا هاوسەرەکەم ببریتە نەخۆشخانەی تورگوت ئۆزاڵ لە ماڵاتیا. ئێمە بەوە دڵخۆش بووین چونکە ئەو نەخۆشخانەیە هەموو چارەسەرێکی تێدا دەکرا. بەڵام بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ نەبرایە نەخۆشخانە. ڕۆژانە تەنها ئازارشکێنیان پێ دەدا تا ئەو کاتەی خانە شێرپەنجەییەکەی بە تەواوی تەشەنەی کرد. ئێسکێک لە ملیدا تەقی بوو. دەستێکی ئیفلیج بووبوو. لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا بوو. دوای هەوڵێکی زۆر لە نەخۆشخانە خەوێندرا و نەشتەرگەری ملی بۆ کرا، بەڵام هیچ کارێک بۆ گورچیلەی نەدەکرا.

دواجار هاوسەرەکەمیان لەسەر جێگەی مەرگ ئازاد کرد. نەیەدەتوانی هیچ شتێک بکات. ئەو شتەی زۆر تامەزرۆی بوو بریتیی بوو لە دانیشتن و قسەی خۆش لەگەڵ منداڵەکانمان بەڵام نەیتوانی ئەو کارە بکات. دەپاڕایەوە دەیوت خودایە ٢ و ٣ ساڵی دیکە تەمەنم پێ ببەخشە بۆ ئەوەی بتوانم شتێک بۆ منداڵەکانم بکەم. ئەو دەیزانی دەمرێت.

هۆکاری ئەوەی کە من ئەم شتانە دەگێڕمەوە تەنها بۆ ئەوەیە کە دەزانم هێشتا ١٣٣٤ کەسی نەخۆش لە گرتووخانەکدان. ژنی دووگیان، منداڵی ساوا لە گرتووخانەکاندان. ئەو نەخۆشانە ناتوانن لەو بارودۆخەدا بژین. لە هاوسەرەکەی خۆمەوە ئەوە دەزانم. من هاوسەرەکەم بوو بە قوربانی ئەو ستەمکارییە و حسابی ئەو ڕۆشتە قیامەت. لەبەر ڕەزامەندی خودا با شتێک بۆ نەخۆشە بەندکراوەکانی دیکە بکرێت و چارەسەر بکرێن.”

 

https://boldmedya.com/2020/02/07/cezaevinde-kanser-olan-medeni-arifoglunun-esi-bolda-konustu/

40 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە