هەواڵ

موستەفا ئوناڵ بەسەرهاتی ناو زیندان دەگێڕێتەوە

زیندان لەناو زینداندا، تەنها بۆ ئەوەی ستەم بکرێت

 

موستەفا ئوناڵ نوێنەری ڕۆژنامەی زمان لە ئەنقەرە، کە ئەو ڕۆژنامەیە لە لایەن حکومەتەکەی ئاکەپەوە لە کاتی ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا بە بڕیارێکی نایاسایی داخرا، لە زینداندا نامەیەکی بە ناونیشانی “نامەکان بۆ ئەو نەوەیەی لەدایک نەبوون” نووسیوە و نامەکە لە لایەن ئەنەس ئوناڵی کوڕییەوە لە تویتەر بڵاوکرایەوە.

ئەمەش دەقی نامەکەی موستەفا ئوناڵە کە ماوەی ٤٢ مانگە لە زیندانی سیلیڤری بەندکراوە:

“نامەکان بۆ ئەو نەوەیەی لەدایک نەبوون”

 

نەوەی خۆشەویستی گیانم،

لە “کۆڵانەکانی مێژووی کۆنەوە” لێوەکانم دەهێنم و ماچی چاو و ڕوومەتەکانت دەکەم. لە گرتووخانەی سیلیڤرییەوە و لە کۆتا ڕۆژەکانی مانگی کانوونی دووەم لە نیوە شەوێکدا ئەم نامەیە بۆ تۆ دەنووسم.

چەند کاتژمێرێک تێپەڕیوە بەسەر ئەو کاتەی دەرگامان لەسەر داخرا. کاتێک خۆر ئاوا دەبێت پاسەوانەکان بە ژاوەژاوەوە دەرگاکان دادەخەن و هۆڵە بچووکەکە لە پشت دیوارەکەوە دەمێنێتەوە. ئەو هۆڵە بچووکە تاکە شوێنە کە بە ڕووی دەرەوەدا دەکرێتەوە. هەرچوارلای گیراوە و ئەوپەڕی ١٥ بۆ ٢٠ مەتر دەبینیت. چەندین ساڵە ئاسۆمان نەبینیوە. نە خۆرهەڵات و نە خۆرئاوابوون نابینم. لە مانگەکانی هاویندا چەند کاتژمێرێک تیشکی خۆر دەیدات لە هۆڵەکە.

بە هۆی تیشکی خۆرەوە نا، بەڵکو بە هۆی کاتژمێرەوە دەزانیت نیوەڕۆیە یاخود خۆرئاوا دەبێت. لێرە خۆر نییە، بەڵکو کاتژمێر هەیە. ئەو شاعیرەی دەیوت “لە گرتووخانە خۆر هەڵنایەت” لەسەر حەقە. ئەوەش هۆکاری ئەوەیە کە بەردەوام لە پشکنینەکاندا کەمی ڤیتامین دی هەیە. کاتێک سەرەتا هاتین سەری هۆڵەکە کراوەبوو. هیچ نەبێت دەمانتوانی کەمێک تیشکی خۆر ببینین. ئەوە دەربڕینی چەتین ئاڵتانە. ئەو نووسەرێکی گەورەیە. من لەگەڵ کوڕەکانی لە زیندان مامەوە.

مەهمەت ئاڵتان لە زیندانە تاکەکەسییەکەی بەرامبەرمان بوو. ناوبەناو سڵاومان لەیەک دەکرد. بە دەنگێکی گڕ هاواری دەکرد و دەیوت “ژیان لە تۆ ناترسم!” و ورەی بەرز دەکردینەوە. ئەو ئازاد کرا

ئەحمەد ئاڵتانی برا گەورەی لە زیندان مایەوە. لەگەڵ ئەو لە هەمان ڕاڕەوداین. چەند قاوشێک لەولاتر. بەیانییانی هەینی پێکەوە دەچین بۆ وەرزش. لەبەر ئەوەی زۆر لە ڕۆمانەکەیدا قاڵ بووەتەوە کەمتەرخەمی لە وەرزشەکەیدا دەکات.

دەمەوێت ئەم ڕستانەی ئەحمەد ئاڵتانت بیرنەچێتەوە: “پێم خۆشترە لە زینداندا ببمە قوربانی ناحەقی نەک لە دەرەوە هاوبەشی تاوانی ناحەقی بم”. بەڵێ ئەوە ئەحمەد ئاڵتانە. ئەم ڕستەیە و ئەم هەڵوێستە مەردانەیەی تا دونیا هەبێت دەمێنێتەوە.

 

تەنها دەیانەوێت ستەم بکەن

ئولکو تامەریش شاعیر دەڵێت: “ئەوەی هەڵی دەمژم هەوا نییە بەڵکو ئاسمانە”. نەوەی خۆشەویستم، ئێمە لە گرتووخانەدا تەنانەت ئاسمانێکی پاک و ساماڵیشمان نییە هەڵیبمژین. سەباحەدین عەلی کە زۆربەی ژیانی لە گرتووخانەدا بەسەربردووە لە شیعرێکیدا دەڵێت: “ئەگەر دەتەوێت دەریا ببینیت/ ڕووت بەرەو ئاسمان وەربگێڕە / ئاسمان وەکو دەریا وایە”.

 بەڵام ئاسمانی من وەک دەریا نییە و بە تەل داپۆشراوە. وڵاتە داماوەکەی من لە بری ئەوەی بەرەو پێش بچێت بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە. بەڵام ئەوە شتێکی کاتییە. یاخود مێژوو بەرەو ئازادی و دیموکراسی هەنگاو دەنێت. ناتوانرێت بەربەست لە بەردەم ئەو شەپۆلەدا دابنرێت. دەکرێت لەمپەڕ بێتە ڕێگە بەڵام وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە شوێن بۆ نیگەرانی و بێئومێدی نابێتەوە؛ مێژوو ڕاناگیرێت. نوقتە.

زۆرجار ئەم زیندانە تاکە کەسییە بچووکە دەبێت بەو ئەشکەوتەی ئەصحاب الکهف کە بە ڕووی دڵ و ژیریدا کرایەوە و ئەم زیندانە دەبێت بە کۆشکێک بۆم. ئەوکاتە هەست بەوە دەکەم کە تاکێکم لە ئەصحاب الکهف. دەبم بە هەشتەم کەسی ئەوان و باڵ دەگرم و دەفڕم…

موستەفا ئوناڵ

سیلیڤری، 31 ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠

 

http://www.samanyoluhaber.com/mustafa-unal-cezaevini-anlatti-hapis-icinde-hapis-maksat-zulum-olsun-haberi/1345148/

35 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە