بیروڕاهەواڵ

ئەلاین جۆردان: دڵی خزمەت هێشتا لێدەدات

ئەلاین جۆردان ڕۆژنامەنوسی ڕۆژنامەی لێ ماتین دێمانچەی سویسری کە دەزگایەکی هاوبەشە لەگەڵ ڕۆژنامەی دێ وێڵتی ئەڵمانی، لە ماوەی ڕابردوودا ڕێپۆرتاژێکی لەگەڵ مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن ئەنجامدا. ناوبراو لە دوای ئەنجامدانی ڕێپۆرتاژەکە، تێڕوانینەکانی خۆی سەبارەت بە مامۆستا و بزاڤی خزمەت خستە ڕوو.
ئەلاین سەردانی ئەو کەمپەی کرد کەوا مامۆستا ژیانی تێدا بەسەر دەبات و، یەکێک لە ڕێپۆرتاژە سەرنجڕاکێشەکانی ئەنجامدا.
ئەمەش تێڕوانینەکانی ئەلاینە سەبارەت بەو کەمپەی مامۆستای تێدا دەژی.

“‌هێشتا دڵی خزمەت لە سایلسبۆرگ لێدەدات”
فەتحوڵڵا گولەن، نزیکەی ٢٠ ساڵە ژیانێکی گۆشەگیرانە لە شاری سایلسبۆرگی ویلایەتی پەنسیلڤانیا بەسەر دەبات.
ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا خەیاڵی ئەوە دەکات ئەو لەم شوێنە دەریبهێنێت.
ئێردۆغان بەهۆی پەیوەندیە باشەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، لەو باوەڕەدا بوو دەتوانێت فەتحوڵڵا گولەن ڕادەستی تورکیا بکاتەوە، کە بە ئەنجامدانی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ تۆمەتباری دەکات.
ئەم ئیمامە خاوەن دەسەڵاتەش، هەم لە نێو دیموکراتەکانی کۆنگرە، هەم لە نێو کۆماریەکاندا پاڵپشتیەکی زۆری لێدەکرێت.
لێرە لە ئەمەریکا، هیچ کەسێک تۆمەتەکانی تورکیا سەبارەت بە کودەتاکەی ١٥ ی تەموز بە جددی وەرناگرێت. گولەنیەکان لە نێو لیستی ڕەشی ئەمەریکیەکاندا نین. ئەو مرۆڤانەی خۆیان بە بەشێک لە بزاڤەکە دەزانن، کەسانێکی ئاشتیخوازن.
ئەو کاتەی بەرەو شوێنی مانەوەی گولەن دەڕۆشتین، ئەحمەد لە ڕێگا زۆر هەیەجانی هەبوو.
ئەحمەد کەوا مامۆستایی وانەی بایەلۆجییە، لە هەمان کاتدا باوکی ٣ منداڵە ، ئێستا بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی، کاری شۆفێری تاکسی دەکات.
ئەحمەد لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا دەبێتە هاوڵاتی ئەمەریکا.
وەک سزای بەشداری کردن لە بزاڤی خزمەت کەوا لە ژێر کاریگەری هزری فەتحوڵڵا گولەن سەرچاوەی گرتووە، دەوڵەتی تورکیا نوێکردنەوەی پاسپۆرتەکەی ڕەتکردۆتەوە.
ئەندامانی بزاڤەکە کەوا بۆ گوێگرتن لە وتارەکانی مامۆستا و چێژکردنی ئەو کەشوهەوا مەعنەویەی لە کەمپەکە هەیە، بە شێوەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی پاسەوە سەردانی سایلسبۆرگ دەکەن.
لە دوای ئەوەی ئێردۆغان ئەم ئیمامەی وەک دوژمنی ژمارە یەکی خۆی ناوزەند کردووە، ژمارەی سەردانکەرانی ئەم ئیمامە کەمتر بووەتەوە. ماوەیەک بەر لە ئێستا، سیاسەتمەدارانی تورکیا، بۆ ئەوەی لایەنگر بۆ خۆیان پەیدا بکەن، هەوڵی ئەوەیان دەدا سەردانی ئەم شوێنە بکەن. بەڵام لە ئێستادا گەر هەمان کار ئەنجام بدەن، دەبێتە هۆکاری ئەوەی زیدانی بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ئەنجام بدرێت.
ئێستا تەنیا هاوسۆزانی خزمەت سەردانی ئەم شوێنە دەکەن. ئایا ئەم کارە بە بەمەبەستی پیلانڕێژی ئەنجام دەدەن؟ ئێردۆغان بانگەشەیەکی لەم شێوەیەی هەیە. ئێستا شوێنی مانەوەی گولەن لە ژێر پاراستندایە.
لە شوێنی چوونە ژوورەوە، کارمەندێکی ئاسایش و دەرزەنێک کامێرای چاودێری هەیە، کە چاودێری بیناکان دەکەن. ئەوەی لە سایلسبۆرگ دەگوزەرێت، سیناریۆکانی حکومەتی تورکیا گۆش دەکات و ئەمەش نیگەرانی دەکات. سەرەڕای ئەوەی ئەندامانی بزاڤەکە لە نێو خۆی تورکیادا توشی فشار و ڕاگواستن بوون، بەڵام دڵی خزمەت هێشتا لە سایلسبۆرگ لێدەدات.

ئەو کەسەی بە گوێرەی دوژمنەکانی وەک “گورو” ناو دەبرێت، دامودەزگاکانی خزمەت لە ١٧٠ وڵاتی دونیاوە، گوێڕایەڵی فەرمانەکانی ئەو لەم ناوەندە دەکەن. بەڵام سەردانی ئەم شوێنە بۆ تەنیا جارێک و مانەوەیەکی کەم لەم شوێنە، ڕاستیەکی جیاواز دەخاتە بەر دیدەتان.
سەرەڕای ڕێکارە ئەمنیەکان، ئێرە وەک قەڵایەک پارێزگاری لێناکرێت. ئەحمەد دەڵێت” ئەم شوێنە سەرەتا وەک شوێنی پشوو بۆ خێزان و منداڵان کڕدرا. دواتر گولەن ئەم شوێنەی زۆر بە دڵ دەبێت، سەرەتا بە شێوەیەکی کاتی هاتە ئێرە، دواتر لە ساڵی ١٩٩٩ بە شێوەیەکی هەمیشەیی لێرە مایەوە”.
بەڵام هەڵبژاردنی ئەم شوێنە کاری ڕێکەوت نیە. پەنسیلڤانیا کەوا لەلایەن کواکەر ویلیام پێنی ئینگلیزی بونیاد نراوە، هەمیشە باوەشی بۆ پەنابەرانی دینی کردۆتەوە.

” یاداشتی ئاینی”
لە پاڵ ئەوەی لەناو بینا سەرەکیەکەدا مزگەوتێک هەیە، زنجیرە بینایەکیش هەیە، کەوا وەک شوێنی مانەوەی سەردانکەرانی تەرخانکراوە.
شتومەکەکان بە هیچ شێوەیەک گرانبەها نین، ئەو ڕۆژە نزیکەی ٣٠ کەس کەوا سەر بە هەموو تەمەنەکان دەبوون، پێش ئەوەی سەردانی مزگەوت بکەن، پێکەوە لە چێشتخانەی ناوەندی بیناکە نانی ناشتایان خوارد.
فەتحوڵڵا گولەن کاتژمێر ٨ سەردانی ئەو شوێنە دەکات. ئیمام زۆر بە ناڕەحەتی جوڵە دەکات. دوو کەس کەوا هەمیشە لەلایەوە دەوەستن، بۆ ئەوەی نەکەوێت، زۆر بە باشی ئاگایان لێیە.
ئەم پیاوە دینیە، پێش ئەوەی لە شوێنی خۆی دابنیشێت، زۆر بە دیقەتەوە سەیری چواردەوری خۆی دەکات. کاتێک دێتە ژوورەوە، هەستان لەبەری جێگەی باس نیە. یەکێک لە هاوسۆزانی خزمەت سەبارەت بەمە وتی” خۆی حەزی لە شتی وەها نیە. حەز ناکات ئێمە وەک کەسێکی گەورە لێی بڕوانین”
لە نێو کۆمەڵێک خوێندکار کەوا بەسەر کتێبەکانیاندا چەماونەتەوە، کەسێک کەوا بە خۆیی و جبەکەیەوە دانیشتووە، یەکسەر دەست دەکات بەوەی بەشێک لە کتێبەکەی بەردەمی بخوێنتەوە. زۆر جار وانەکە لەلایەن تێچێنەکانی گولەنەوە دەوەستێت.
بە دەنگی لەرزیو و هەناسەبڕکێوە، چەند ڕوونکردنەوەیەک بۆ سەر دەقی وانەکە زیاد دەکات.
لەم کاتەدا ئاماژە بە زانیاری ناو سەرچاوە بێگەردەکانی ئیسلام و ڕای زانا جیاوازەکانی ناو ئیسلام دەکات. هیچ پەیوەندی بە سیاسەتەوە نیە. بابەتی ئەو ڕۆژەش بریتی بوو لە ” بوونی خودا، ئەزەلی و ئەبەدی بوونی”.
هەندێکیان کڵاوی سپییان لەسەردایە و، ئەوانەشی شارەزاییەکی پێشتریان هەیە، تێڕوانینی خۆیان بۆ بابەتەکە دەخەنە ڕوو.
زۆر سەختە باس لە پوختەیەکی بیروڕاکانی گولەن بکەیت. ئەم وتاربێژە لە ئاسۆی کڵاوڕۆژنەیەکی هاوبەشی نێو هەموو دینەکان کە بریتیە لە ڕێز، لێبووردەیی، بەهاگەلێکی وەک مافەکانی مرۆڤ، یاخود دەتوانین بڵێین لە ژێر ڕۆشنایی بەرەوەپێشچوونی مرۆڤایەتی، ڕاڤەی قورئان دەکات.
ئایا وەک بانگەشەی ئەو کەسانەی خزمەت بە دزەکردن بۆ نێو تەواوی چینەکانی کۆمەڵگا تاوانبار دەکەن، پێکهاتەیەکی هەڕەمی هەیە؟
ئاڵپ ئاسڵان دۆغان سەرۆکی ڕێکخراوی هاوپەیمانێتی بۆ بەها هاوبەشەکان، کە لە ئێستا وەک ڕووی پێشەوەی(واجهة) خزمەت وەهایە، کار لەسەر بەڵگەیەک دەکات، کەوا کورتەیەک لە ئامانجەکانی خزمەت دەخاتە ڕوو، بەم هۆیەوە دوا پێداچوونەوەکانی خۆی ئەنجام دەدا.
ئەویش باس لە سیستەمێکی بەڕیوەبردن دەکات کەوا ڕێگە بە دەستپێشخەریە تاکە کەسیەکان دەدات.
خزمەت لێرە یاخود لە وڵاتانی تری دونیا، لەسەر ئاستە جیاوازەکان ڕێگە بۆ دەستپێشخەریە تاکە کەسیەکان فەراهەم دەکات.
ئەم بابەتانەش، لە بەرپرسیارێتی مرۆڤایەتیەوە بیگرە، هەتا دیالۆگی نێوان دینەکان، لە پەرەپێدانی ئاشتیەوە بیگرە هەتا بواری پەروەردە، درێژ دەبێتەوە.
ئاڵپ ئاسڵان دۆغان لە بەشێکی قسەکانیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ” خزمەت کەوا بزاڤێکی مەدەنییە، درێژکراوەی هیچ دەوڵەتێک یاخود پارتێکی سیاسی نیە، خزمەت هەمیشە هانی ئەوە دەدات، هەموو هاوڵاتیان ئەرکی خۆیان بەجێبهێنن”.
بزاڤەکە کەسانی خوێندەوار، هەندێک جاریش کەسانی سەرمایەدار لە نێو بونیادی خۆیدا جێگە دەکاتەوە.
ئەم کارە ئەنجامدرا، بەڵام ئێستا ئەندامەکانی باجی ئەم کارەیان دەدەن. لە حاڵەتی ئەوەی زیندانی نەکرابن یاخود توشی ئەشکەنجەی ناو زیندانەکان نەبووبێتن، دەست بەسەر سەروەت و سامانەکانیاندا گیراوە.
فەتین کەزانجی یەکێکە لەو کەسانەی لەم بابەتەدا خاوەنی ئەزمونێکی تاڵە، لە ڕابردوودا خاوەنی زنجیرە دوکانێک بووە، کەوا لە سەدان لق پێکهاتووە و مارکەی پانتۆڵی ڕۆدی فرۆشتووە. لە ساڵی ٢٠١٣ بە تەواوی دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەویش ئێستا بە شێوەیەکی کاتی لە سایلسبۆرگە و پێی وەهایە خزمەت کەوا لەلایەن فەتحوڵڵا گولەن دامەزرێندراوە، توشی پەرشوبڵاوی نابێت.

188 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە