گۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

نەگۆڕان لەبەردەم نیعمەتە دونیاییەکاندا

لەخۆگۆڕان هەروەک ڤایرۆس و میکۆرب وەهایە. کاتێک بۆ تەنیا جارێک بەسەر مرۆڤدا زاڵ دەبن، ئیدی هەروا بە ئاسانی یەخەی بەرنادەن.
وەک چۆن میکرۆبێک دەچێتە بنی ددان، یەکسەر هەزاران میکرۆبی تر بە دوای خۆیدا ڕادەکێشێت و لە ماوەیەکی کەمدا ددانەکە بنکۆڵ دەکەن، لەخۆگۆڕان و گۆڕانیش بە هەمان شێوەیە.
مرۆڤ گەر تەنیا جارێکیش بە سەری زوبانی بانگهێشتی لەخۆگۆڕان بکات، ئیدی پێشی ئەو کارەی پێناگیرێت. ئیدی هەر سازشێک لەو بابەتەدا ئەنجام دەدرێت، وەک بانگهێشتە بۆ ئەنجامدانی سازشێکی تر. هەربۆیە ئەنجامدانی سازشێک، سازشی تر بە دوای خۆیدا دەهێنێت. مرۆڤ کاتێک خۆی لەوانی تر دوور دەخاتەوە و خۆی لەوان بە جیاواز دادەنێت، شەیتان و نەفس ئەمە بە شێوەیەکی وەها هەڵدەسەنگێنن، توشی ڕاماڵینی وەهای دەکەن، لە سەرەتای کارەکەیدا هەرگیز پێشبینی ڕوودانی نەکردبێت.
کەسێک کەوا تەنیا جارێک خۆی دەکات بە بازنەی خراپی لەخۆگۆڕاندا، سەرئەنجام وەک بەلعامی کوڕی باعورە، کەسێکی تەواو جیاوازی لێدەردەچێت.

“ئەو بەدبەختانەی واژۆیان لەسەر تیاچوونی خۆیان کردووە”
بە گوێرەی یەکێک لە گێڕانەوەکان، بەڵعامی کوڕی باعورە یەکێک بوو لەو کەسانەی ناوە گەورەکانی خودای زانیوە، کاتێک سەری هەڵبڕیوە و عەرشی گەورەی خودای بینیوە و، کەسێکی چاکەکاری وەها بووە، هەر نزایەکی کردووە، یەکسەر گیرا بووە.
بە گوێرەی ڕای زۆرێک لە ڕاڤەکارانی قورئان، ئەم ئایەتەی خوارەوە ئەگەرچی ناویشی نەهێناوە، بەڵام ئاماژەی بەو کردووە:
وَاتْلُ عَلَيْهِمْ نَبَأَ الَّذِي آتَيْنَاهُ آيَاتِنَا

واتە چیرۆکی ئەو کەسەیان بۆ بگێڕەوە کە هەندێک لە بەڵگە و ئایەتی خۆمان، وەک زانست پێبەخشیبوو.(الاعراف)

لە کۆتایی ئایەتەکەشدا بەم شێوەیە باسی سەرئەنجامی ئەم کەسە دەکات:
فَانسَلَخَ مِنْهَا فَأَتْبَعَهُ الشَّيْطَانُ فَكَانَ مِنَ الْغَاوِينَ ۝ وَلَوْ شِئْنَا لَرَفَعْنَاهُ بِهَا وَلَٰكِنَّهُ أَخْلَدَ إِلَى الْأَرْضِ وَاتَّبَعَ هَوَاهُ…

سەرەڕای ئەوەی ئەم زانستەمان پێدا، ئەو لەسەر ڕێگەی ڕاست لایدا و شوێنی شەیتان کەوت، بەڕاستی ئەو لە کەسانی گومڕا و لە ڕێ لادەر بوو. گەر خوازیار بووینایە، ئەوا بە هۆی ئەو زانست و بەڵگانەی بەومان دابوو، پلەیمان بەرز دەکردەوە، بەڵام ئەو لە دونیادا رۆچوو، پاشان شوێنی هەوا و ئارەزوی خۆی کەوت.

بەلعامی کوڕی باعورە، لە کاتێکدا لەسەر ڕێگەی ئاسمانیەکان بەرەو پێشەوە دەڕۆشت، بەدەستی نەفس و شەیتانەوە فریوی خوارد، پاشان بە دونیاوە گیری خوارد و ڕازی بوو بەوەی کەسێکی زەمینی بێت.

بەسەرهاتێکی تری هاوشێوەیە ئەمە بەم شێوەیەیە:
سیدنا حەزرەتی موسا کاتێک بەرەو شاخی طور بەڕێکەوتبوو. چاوی بە مرۆڤێک دەکەوێت کەوا لەسەر زەوی کەوتووە و جلوبەرگێکی ڕێکوپێکی لەبەردا نەبوو.
ئەمە کەسە بە حەزرەتی موسا دەڵێت” باسی حاڵی من بۆ جەنابی حەق بکە، بەڵکو کەمێک ئیمکانم پێبدات”. حەزرەتی موساش داواکاریەکی ئەو پێشکەش بە جەنابی حەق دەکات، بەڵام جەنابی حەق لە وەڵامدا ئەوەی پێڕادەگەیەنێت، کە هەژاربوون بۆ ئەو باشترە!
حەزرەتی موساش لە کاتی گەڕانەوەدا ئەم وەڵامە بە پیاوەکە ڕادەگەیەنێت، بەڵام ئەو پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەوڵەمەند بوونیش بۆ ئەو سوودی هەیە و، سوورە لەسەر ئەوەی نزای دەوڵەمەند بوونی بۆ بکات.
سەرئەنجام الله نزای ئەم کەسە قبوڵ دەکات و، پاش ئەوەی چەند مەڕێک دەکڕێت، بە تێپەڕینی کات بەرەکەتیان تێدەکەوێت و مێگەلێک لە مەڕوماڵات پێکەوە دەنێت. کات دێت و دەڕوات، حەزرەتی موسا دیسان لە هەمان شوێنەوە تێدەپەڕێت و، قەرەباڵغییەک بەدی دەکات کەوا پیاوێکیان لە سێدارە داوە.

کاتێک لە ناوی کەسەکە دەکۆڵێتەوە کەوا لە سێدارەیان داوە، ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە هەمان ئەو زاتەی پێشووتر بووە. کەسەکە بە هۆی ئەو سەروەت و سامانەی لەلایەن خودا پێیدەدرێت، لە خۆی دەگۆڕێت و غەڕادەبێت و لەڕێدەردەچێت.
سەرئەنجام ڕۆژێک سەرخۆش دەبێت و لە کاتی مەستیدا پیاوێک دەکوژێت، هەر بەم هۆیەشەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێندرێت.
ئیدی ئەم چیرۆکە ڕاستە یاخود نا با لەلایەک بوەستێت، بەڵام ئەو واتایەی لەم بەسەرهاتەدا هەیە، بە نیسبەت ئێمەوە زۆر گرنگە.
جگە لەمە، بە ناوی ئەوەی پەند و وانە لە قورئان و سونەتەوە وەربگرین، نمونەی تریش بوونیان هەیە.
قارونیش یەکێکە لەو کەسانەی بە هۆی سەروەت و سامانەکەیەوە، بە تەواوی لە شیرازە دەچووە و لەڕێگە لایداوە.
هەروەها کەسێکی وەک سەعلەبە کەوا لە ئومەتی سەردارمانە، یەکێکە لەو بەدبەختانەی بە هۆی سەروەت و سامانەوە سەری سوڕماوە، تێڕوانینی ئەبڵەق بووە، چووەتە ناو خولگەی نەزۆکی لەخۆگۆڕانەوە، واژۆی لەسەر تیاچوونی خۆی کردووە.
کەواتە لەخۆگۆڕان یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە هەر لە ژیانی دونیادا پەنی زۆر بەسەری مرۆڤ دەهێنێت. خۆ گەر لەم دونیاش توشی هیچ نەبێت، کەسێک کەوا بە هۆی ئەو نیعمەتانەی الله پێیبەخشیوە، توشی غەڕابوون و سەرکەشی ببێت، لە ژیانی ئاخیرەتدا بە سزای خۆی دەگات.

” بازنەی گەندەڵیی لەخۆگۆڕان”
ئەو مرۆڤانەی دەستیان بە هەندێک لە ئیمکانیەت دەگات و، یەکسەر لە پێناو خۆشی، کەیف و سەفای خۆی بەکاری دەهێنێت، بە واتای ئەوە دێت کە چووەتە ناو بازنەی گەندەڵی لەخۆگۆڕانەوە.
ئەم کەسانە هەتا دوێنێ بە شێوەیەک بوون، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی تر و، سبەینێش بە شێوەیەکی تر دەبن.
ئەگەرچی ئەم کەسانە لەو کاتەی هەژار، کۆڵەوار و لاوازن پارێزگاری لە ئاکار و دینداریی خۆیان دەکەن، بەڵام ئەو کاتەی هەندێک هەل چاویان لێدادەگرێت، یەکسەر توشی تێکچوون و داڕزین دەبن. یەکێک لەو داماوانەی خۆی خستۆتە ناو بازنەی گەندەڵی لەخۆگۆڕانەوە دەڵێت:
إِنَّمَا أُوتِيتُهُ عَلَىٰ عِلْمٍ عِندِي
واتە دەڵێت: من ئەم سەروەتەم بە زۆرزانی و توانای خۆم بەدەستهێناوە

کەسانێکی لەم شێوەیە وەک قارونیان لێدێت و، هەندێکیشیان چەشنی فیرعەون دەڵێن:
أَنَا رَبُّكُمُ الْأَعْلَى
واتە من پەروەردگاری ئێوەم…
ئیدی لەخۆگۆڕان بە هەموو جۆرەکانیەوە، لە سەرەتادا بە کرانەوەی گۆشەیەکی بچوک لە ناوەنددا دەست پێدەکات، بە تێپەڕینی کات گەورە دەبێت و بە دەمیەوە دەڕوات. پاش ماوەیەک، ئەگەرچی پێی وەهایە کەوا لەسەر شاڕێگا دەڕوات بە ڕێوە، بەڵام لە ڕاستیدا دەمێکە بۆ سەر خۆڵ و گردوگۆڵ لایداوە. کەسانێکی لەم شێوەیە ئەگەرچی بشڵێن باوەڕیان بە الله هەیە، بەڵام لە ژێر تێخوڕینەکانی نەفسیدا ژیان بەسەر دەبات. لەسەر ئەو ڕێگایەی کەوا چەشنی موسائاساکان دەڕوات بەڕێوە، لە کۆتایی ڕێگەدا، بە بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت، دەبێت بە قارون.
بە ئەدای مەسیحەوە ملی ڕێگە دەگرێت، بەڵام لە دوای قۆناغێکی دیاریکراو، دەبێت بە تەقیانوس. چونکە هەر مرۆڤێک کەوا جارێک دەست بە لە خۆگۆڕان دەکات، ئیدی نازانیت لە کوێ دەوەستێت. ئیدی بە هۆی لەخۆگۆڕانی یەک لە دوا یەکەوە، گەر وێنەیەکی پێشووتر و دواتری خۆی پشان بدەیت، تەنانەت خۆیشی ناتوانێت بیناسێتەوە.
ئەو کارکردانەی کەوا پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێن بۆ لەخۆگۆڕان، لە یەک جیاوازە. هەندێک بە هۆی ڕاکردن بە دوای پۆست و پلە و پایەوە توشی لەخۆگۆڕان دەبێت، هەندێکیش بە هۆی لە کاتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی شۆرەت و ناو لە خۆی دەگۆڕێت. لە هەندێکدا هەستی ڕەحەت ژیان و خۆشی توشی لەخۆگۆڕانی دەکات، یاخود حەزی دونیایی خواردن و خواردنەوەیە ئەوەی مرۆڤەکان توشی لەخۆگۆڕان دەکات.
زۆرن ئەوانەی سەریان لە ڕێگەی پێغەمبەر دادەنێن، بەڵام دواتر کەوا دەبنە کۆیلەی سەروەت و سامان، یاخود بە هۆی ئەوەی هەندێک شتی دونیایی دەکەن بە بت، لە دوای بڕینی هەندێک قۆناغی دیاریکراو، وەک قارون و سامیرییان لێهاتووە.
هەندێک لە کەسایەتیەکان، لە سەرەتای ڕێگەدا بە نیەتێکی باشەوە دەست بە گرتنی ڕێگەی سیاسەت دەگرن و، خوازیاری گرتنە دەستی دەسەڵاتن، بەڵام لە دوای ماوەیەک، لە ڕێگادا توشی ژەهراوی بوونی پەیداکردنی هێز و دەسەڵات دەبن. ئەم مرۆڤانەوە کەوا لە سەرەتاوە هەتا بڵێیت خاکین و لەگەڵ ئێوە سەریان دەخەنە سوجدەوە، پاش ماوەیەک وەک تاغوتیان لێهاتووە و، تەواوی دەستور و یاساکانیان بە گوێرەی کەیفی خۆیان داڕشتۆتەوە و، هەموو کەسێکیان وەک کۆیلە و دەرباری خۆیان لێکردووە.
کەس وا نەزانێت کەوا قارون، فیرعەون، سامیر و بەلعامەکان کەسایەتی ناو مێژوون و، جارێک ژیاون و ڕۆشتوون. لە سەردەمی ئێستاشماندا، هێندەی هەموو دونیا نمونەیان هەیە. ئەم جۆرە کەسانە بە هۆی ئەمەل درێژی و وەهمی ئەبەدیەتیانەوە ، توشی لە خۆگۆڕانی یەک لە دوا یەک بوون، کە بڕانەوەی بۆ نیە…
لەو ڕێگایەی بە ناوی “دین” و “دیانەتەوە” گرتوویانە، پاشان دەستیان بە وتنەوەی “دونیا، دونیا” کردووە، تەنانەت دەستیان کردووە بەوەی ڕەزامەندی بەرامبەر هەندێک شتی بێ دینیش پشان بدەن.

ئەم جۆرە مرۆڤانە ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا لە مرۆڤ دەچن، بەڵام لە ناخەوە توشی مەسخبوون بوون و، چەشنی ئەو کۆمەڵە کەسانەی لە قورئانی کەریمدا ئاماژە بە مەسخ بوونیان کراوە. بەڵام هەرچیەک بێت، تەنانەت بەم حاڵەی خۆیشیان نازانن! بە ڕواڵەتی خۆیان لە ئاوێنەدا فریو دەخۆن. هەربۆیە بەردەوام لە ڕۆشتن لەسەر ئەو ڕێگایەی گرتوویانە و، بەردەوامییان بە کارە خراپەکانیان دەدەن. تەنانەت هەرگیز ڕێگەش بەوە نادەن، کەسانێکی تر هەڵەکانیان پێبڵێن. خۆ گەر کەسێک غیرەتی کارێکی لەو شێوە بیگرێت، ئەوا بە توندی کاردانەوە بەرامبەری پشان دەدات و دەست بە دوژمنایەتی کردنی دەکات. بەڵام ئەو مرۆڤانەی خاوەن بەسیرەتن، تێبینی ئەوە دەکەن کە چۆن گۆڕانکارییەک بەسەر چیەتی ئەم کەسانەدا هاتووە.
“هەڵوێستی خۆڕاگرانە بەرامبەر لەخۆگۆڕان”
لە سەردەمێکدا کەوا مرۆڤەکان بە ئاڕاستەی هەوا و هەوەسیان توشی ڕاماڵین بوون، بە تایبەت ئەو خۆبەخشانەی ژیانیان بۆ خزمەتی ئیمان و قورئان تەرخان کردووە، پێویستە لە بابەتی لەخۆگۆڕاندا زیاتر هەستیار ببن، پێویستە لەو شوێنەی تێیدا وەستاون، بە شێوەیەکی پتەوتر خۆیان بگرن. ئەوان بە کام فەلسەفە، شێوازی بیرکردنەوە و دونیابینییەوە دەستیان بە ڕۆشتنی ئەو ڕێگایە کردبێت، پێویستە هەتا سەر بەو شێوەیە بەردەوامی پێبدەن. کاتێک ماڵئاواییش لە دونیا دەکەن، پێویستە زۆر لەسەرو ئەو ئاستەی دەستیان پێکردووە، ماڵئاوایی لێبکەن.
ئەو چێژ و تامەزرۆییەی لە سەرەتای دەستپێکردنی گرتنە بەری ئەو ڕێگایە هەیانە، پێویستە هەتا کۆتایی بەردەوامی پێبدەن، بەرامبەر خووپێوەگرتن و ڕاهاتن نەدۆڕێن، ڕێگە نەدەن ئەو بەهایانەی بوونەتە خاوەنیان، ڕەنگیان بپەڕێت و توشی ژاکان ببن.

بیرکردنەوەگەلێکی وەک” کەسانێک هەیە سوودمەندبوون، با ئێمەش سوودی خۆمان ببەین، کەسانێک هەیە پەنجەیان لەم هەنگوینە دەژەنن، با ئێمەش پەنجەی تێوە بژەنین”، لە ڕوانگەی کەسانەی خۆبەخشەوە، لەخۆگۆڕانە. تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی، لە ماڵێکی هەژاردا کەوا حەسیر لەسەر زەویەکەی ڕاخرابوو هاتە دونیاوە، بێ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک لە خۆی بگۆڕێت، بە هەمان شێوەش بەرەو لوتکەی ڕۆحی گەڕایەوە.
جارێکیان بەرامبەر هەندێک لە داواکاری خانمەکانی ناڕەحەت دەبێت و، دەچێتە ژوورەکەی خۆیی و، ماوەیەک لەوان جودا دەژی. لەو کاتەدا کاتێک حەزرەتی عومەر سەردانی دەکات و دەبینێت لەسەر حەسیرێک ڕاکشاوە و، جێگەی حەسیرەکە لەسەر لاشەی دەرکەوتووە، دەستی بە گریان کرد. هۆکاری گریانەکەشی بەم شێوەیە ڕوون کردەوە” ئەی پێغەمبەری خودا، ئێستا کیسراکان و پاشاکان، لەسەر جێگاگەلێک دەخەون کە لە پەڕی باڵندە دروست کراوە، بەڵام تۆ لەسەر حەسیرێکی ڕەق و تەق ڕاکشاویت”. سەرداریشمان لە وەڵامی ئەمەدا دەفەرموێت” ئەی عومەر تۆ ناتەوێت دونیا بۆ ئەوان بێت و ئاخیرەتیش بۆ ئێمە!” .
پێغەمبەری خودا لە دوای هاتنی بۆ دونیا، گۆڕانکاری جددی بەسەردا هات. بەرەو میعراجەکان بەرز بوویەوە و تەنانەت لە خاڵێکی دیاریکراودا جوبرەئیلیشی بەجێهێشت. ئەم گۆڕانکاریانە، پێشكەوتنی مەعنەوی، ئاخیرەتی و مەلەکوتی بوون، گوزارشت لە بەرەوپێشچوون دەکات. پێویستە ئەمە لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەدا تێکەڵ نەکرێت کە بە هۆی گیرخواردن بە دونیا و جوانییە سەرەنجڕاکێشەکانیانەوە، دێتە ئاراوە.
واتە هەندێک گۆڕانکاری هەیە کەوا مرۆڤ لە الله، ڕەزا و ڕەزامەندی، بەهەشت و نیعمەتەکانی بەهەشت نزیک دەکاتەوە، هەروەها گۆڕانکاریگەلێکیش هەیە کەوا لە فەلاکەت و تیاچوون نزیکی دەکەنەوە. ئەوەی پێویستە خۆی لێ بە دوور بگرێت، ئەمەی کۆتاییانە. واتە چۆن هاتبێتینە دونیاوە، هەوڵ بدەین بە هەمان شێوە لێی بچینە دەرەوە.
یەکێک لەو دینامیکە گرنگانەی مرۆڤ لە گۆڕان و لەخۆگۆڕان دەپارێزێت، بریتیە لەوەی بێ چاوەڕوانیی و لەخۆبوردوو بێت. ئەو خزمەتانەی ئەنجام دەدرێن، بە هیچ چاوەڕوانییەکی دونیایی و ئاخیرەتییەوە نەبەسترێتەوە. ئەو مرۆڤانەی چاویان لەسەر دونیایە، لە بەرامبەر ئەو تەکلیفە سەرسوڕهێنەرانەی دەخرێتە بەردەمیان، پارێزگاری کردنیان لە پێگەی خۆیان، کارێکی زۆر سەخت دەبێت. ئەم جۆرە مرۆڤانە، دەشێت لەلایەن کەسانی ترەوە ” بکڕدرێن”. ئەمە لە کاتێکدایە، ئەو مرۆڤانەی کەوا خۆیان وابەستەی ڕەزامەندی خودا کردووە، نابێت لە بەرامبەر هیچ شتێکی دونایی خۆیان بفرۆشن و هەڕاج بکەن، پشتیان بۆ کەس نەچەمێننەوە و ملیان نەوی نەکەن. دەبێت زۆر خۆڕاگربن لەوەی نەچنە ژێر منەتباری کەسەوە. هەرکەسێکیش کەوا یەک جار لەم بابەتانەدا سازش بکەن و لاوازی پشان دەدەن، دیارنیە کەوا لە کۆتایدا بەرەو کوێ ڕادەماڵدرێن.

لەم ڕوانگەیەشەوە کەسانی خۆبەخش، تەنانەت لەسەر ئاستێکی زۆر کەمیش بێت، لەو ڕیگایەی گرتوویانەتە بەر، پێویستە لە بابەتی ئەوەی توشی هیچ خلیسکانێک نەبن، خۆڕاگرانە مامەڵە بکەن. وەک چۆن خۆیان لەسەر ڕیگای ڕاست لایان نەداوە، پێویستە دەستی براکانیشیان بگرن، لە بابەتی ئەوەی ئەوانیش توشی لادان نەبن، ئەوەی لە دەستی بێت، ئەنجامی بدات. کاتێک ئاماژەکانی گۆڕانکاری و لەخۆگۆڕان لە چواردەوریدا دەبینێت، پێویستە بە شێوەیەک کەوا کاردانەوەی لێنەکەوێتەوە، بە گوێرەی ئسلوب و بە شێوەیەکی نەرمونیانانە هۆشدارییان پێبدات و، بۆ ئەوەی دیسان ڕێگە ڕاستەکە بگرنەوە، یارمەتییان بدات. هەروەک ئەو سەربازەی لە سەنگەردا نۆرەی پاسەوانییان هەیە، پێویستە لە بەرامبەر هەموو جۆرە لادانێک، بە شێوەیەکی بەردەوام چاویان کراوە بێت، هەرچیەکی لە دەستبێت، هەوڵی ڕێگریکردن بدات و چاکسازی لە هەڵە و نوقسانیەکاندا بکات.
بە کوردی و پوختی:
بۆ ئەوەی لەو کەسانە نەبین کەوا لە کاتی ڕۆشتنی سەر ڕێگای بەهەشتدا توشی دۆڕان بوون، یاخود لەو کەسانە نەبین کە لەسەر تەختە ڕێگا توشی هەڵوەرین و بەجێمان بوون، پێویستە لە بەرامبەر دونیاییبوون و لەخۆگۆڕاندا بە شێوەیەکی خۆڕاگرانە بوەستین، بە ناوی ئەوەی پێیەکانمان هەمیشە بە جێگیری بمێننەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام لەبەردەمی الله نزا بکەین.
پێویستە لەبەردەم جوانیە سەرنج ڕاکێشەکانی دونیا ئارامگربین و، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر دونیادا سەرمان نەسوڕمێت، چاومان توشی ئەبڵەقی نەبێت، هەمیشە لە حاڵەتی بێداریدا بین.
بۆ ئەوەی خۆمان لە گۆڕانکاری و لەخۆگۆڕان بپارێزین، توشی ماندوویەتی ڕێگا نەبین، لە ڕێگادا هەڵنەوەرێین و بەجێنەمێنین، پێویستە بەردەوام بە دوای عیرفان، مەعریفەت و یەقینەوە بین. گەر خوازیاری ئەوە بین لە بەرامبەر ئیمکانە دونیایەکان لە الله دوور نەکەوینەوە، لە هەموو وێستگەیەکی ڕێگەکەماندا، لە هەموو قۆناغێکیدا، سەرلەنوێ جارێکی تر عەهد و پەیمانمان نوێ بکەینەوە…

202 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە