بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

فەتحوڵڵا گولەن: من ئازادی زیاترم دەوێت، پێویستە زمانی کوردی لە خوێندنگەکانی تورکیادا سەربەست بکرێت

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، لە دیمانەیەکی هاوبەشی لەگەڵ ڕۆژنامەی ” لێ ماتین دیمانچەی” سویسری و “دێ وێڵتی” ئەڵمانی، باسی لە ڕووداوەکانی ناوخۆی تورکیا و فشارەکانی سەر بزاڤی خزمەت، کێشەی کوردی لە تورکیا، سیاسەتی تورکیا بەرامبەر سوریا و لیبیا و زۆر بابەتی تری هەنوکەیی کرد.

مامۆستا لە میانەی دیمانەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، خاوەنی هەمان جیهانبینی نیە و، سەبارەت بە کێشەی کوردانی تورکیاش وتی” لە سەردەمی تورگوت ئۆزاڵ کەوا سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی تورکیا بوو، ئەم کێشەیەی لە ڕێگەی هێنانی هەندێک کەسایەتی کورد و سۆسیال دیموکرات بۆ ناو حکومەتەکەی، بە شێوەیەکی ڕێژەیی چارەسەر کردبوو. من پێموایە پێویستە ئازادی زیاتر فەراهەم بکرێت، ئازاد کردنی زمانی کوردیش لە خوێندنگەکاندا بە کارێکی ڕاست دەزانم. بۆ ئەمەش پێویستمان بەو دەوڵەتێک هەیە کەوا لە ناوەندەوە بەڕێوە نەبرێت. گەر ڕۆژێک چاکسازییەک ڕووبدات، ئەوا پێشنیاری دەستوری ئەمەریکام دەکرد، کە ئازادییەکی زیاتر بۆ هاوڵاتیەکانی فەراهەم کردووە”.
گولەن لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، هەرکەسێک کەوا هەڵگری هەمان نازناوی خێزانی بێت، بێ هیچ لێکۆڵینەوە و پرسیارێک لە تورکیادا دەستگیر دەکرێت و سەبارەت بە ئێردۆغانیش وتی” خۆی وەک ئاقڵترین مرۆڤی سەر ڕووی زەوی دەبینێت. بەڵام لە ڕاستیدا لەلایەن هەستەکان، حەسودی، نەفرەت و تۆڵەوە ئاڕاستە دەکرێت. حکومەتەکەی لە نێو پارانۆیادا نقوم بووە. خوشکێکی گەورەی من ناچارە بەوەی بە شێوەیەکی قاچاغ ژیان بەسەر ببات، هەرکەسێک کەوا هەمان نازناوی خێزانی منی هەڵگرتبێت، بێ هیچ پرسیار و لێکۆڵینەوەیەک دەستبەسەر دەکرێت”.

گولەن سەبارەت بە داهاتووی خزمەتیش وتی” خزمەت لە داهاتووشدا هەروەک وەقفێکی مرۆیی دەمێنێتەوە. چونکە ئامانجی لە پێشینەی ئێمە هەر ئەوەیە”.

تەواوی ڕێپۆرتاژەکە بەم شێوەیەیە:
فەتحوڵڵا گولەن هەتا ماوەیەک بەر لە ئێستا، هاوپەیمانێتیەکی نزیکی لەگەڵ ئێردۆغاندا هەبوو(ئەمە بانگەشەی ڕۆژنامەکەیە)
بەڵام لە ئێستادا، ئێردۆغان بە ئەنجامدانی هەوڵی کودەتاکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ تاوانباری دەکات. گولەنیش لە ئیستادا لە تاراوگە دەژی. گولەن لە میانەی ڕێپۆرتاژەکەماندا، باسی لە کەموکورتیەکانی سەرۆک کۆماری تورکیای کرد.

ئەو ڕێپۆرتاژەی لە ماڵەکەی خۆیدا ئەنجامماندا، لە ژێر چاودێری پارێزگاری هێزەکانی پۆلیسدا ئەنجامدرا. گولەنی تەمەن ٧٨ ساڵ کەوا وەک مەترسی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە پشان دەدرێت، لە ڕوانگەی تەندروستیەوە زۆر ماندووە. ئەنقەرە، هەتا ئێستا داوای ڕادەستکردنەوەی گولەن دەکات لە حکومەتی ئەمەریکا. بەڵام ئەم داواکاریەی تورکیا، هەتا ئێستا بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی نەدراوەتەوە. حکومەتی تورکیا پێی وەهایە ئەم وتاربێژە و بزاڤی خزمەت لە پشت هەوڵی کودەتاکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦. گولەنیش ئەم بانگەشەیە ڕەت دەکاتەوە. ئەویش بە شێوەیەکی ناچاری، سەیری چارەنوسی شوێنکەوتووانەی دەکات، کە تەنانەت لەناو ئۆفیسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکانیش بە دوایانەوەن و لە ژێر چاودێریدان.

حکومەتی تورکیا، ئەوەی لە دەستی هات ئەنجامیدا، هەتا مۆڵەتی کارکردن لە ڕێکخراوە مەدەنیەکانی نزیک لە گولەن وەربگیرێتەوە و لەم کارەشیدا سەرکەوتوو بوو. ئەمڕۆ (ڕۆژی دووشەممە) لە شاری گێنفی سویسرا، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان کۆبوونەیەک ئەنجام دەدات کەوا باسی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیادا دەکات و، چالاکوانانی ڕێکخراوەکانی خزمەت، ناتوانن لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار ببن.

دێ وێڵت: ئێردۆغان بۆچی هێندە ڕقی لە ئێوەیە، لە کاتێکدا ئێوە سەردەمانێک هاوپەیمانی یەکتری بوون.


گولەن: خزمەت هیچ کاتێک پەیوەندیەکی نزیکی لەگەڵ ئێردۆغاندا نەبووە. ئێردۆغان سەردەمانێک وەهای خۆی دەردەخست، کە هەمان تێڕوانینی ئێمەی بۆ دیموکراسی هەیە. تەنیا هێندە. ئەویش لەو کاتەدا بۆ هەمان شتەکان تێدەکۆشا. بەڵام ئەو کاتەی دەسەڵاتی گرتە دەست، دەموچاوێکی تری پشاندا. خوێندنگەکانی ئێمە خاوەنی تێڕوانینێکی وەهابوون، لەگەڵ ئەو ڕژێمە خۆسەپێنەی ئەوی تێکەوتبوو، یەک نەدەهاتەوە. بۆ نمونە ئێمە پاڵپشتی ئەوە دەکەین، کە هاوڵاتیە کوردەکانمان مافی ئەوەیان هەبێت زمانی کوردی لەگەڵ زمانی تورکیدا بەکاربهێنن. ئەو من وەک دوژمنی خۆی دەبینێت، لە کاتێکدا من هیچ کاتێک ئەوم وەک دوژمنی خۆم نەبینیوە. من تەنیا تکای ئەوەم لێکرد، کە ئەو بەڵێنانەی لە ڕابردوودا دابووی، بیانباتە سەر. خۆی دوژمنی ڕاستەقینەی خۆیەتی. خۆی وەک ئاقڵترین مرۆڤی سەر زەوی دەبینێت. بەڵام لە ڕاستیدا لەلایەن هەستەکان، حەسودی، نەفرەت و تۆڵەوە ئاڕاستە دەکرێت. حکومەتەکەی لە نێو پارانۆیادا نقوم بووە. خوشکێکی گەورەی من ناچارە بەوەی بە شێوەیەکی قاچاغ ژیان بەسەر ببات، هەرکەسێک کەوا هەمان نازناوی خێزانی منی هەڵگرتبێت، بێ هیچ پرسیار و لێکۆڵینەوەیەک دەستبەسەر دەکرێت.

وێڵت: گەر ئێمە بە شێوەیەکی دروست لە ئێوە تێگەشتبێتین، خاڵی سەرەکی ئێوە لە بابەتی کوردەکاندا، خۆی دەبینێتەوە!

گولەن: ئێردۆغان خاوەنی هەمان جیهانبینی من نیە. لە سەردەمی تورگوت ئۆزاڵ کەوا سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی تورکیا بوو، ئەم کێشەیەی لە ڕێگەی هێنانی هەندێک کەسایەتی کورد و سۆسیال دیموکرات بۆ ناو حکومەتەکەی، بە شێوەیەکی ڕێژەیی چارەسەر کردبوو. من پێموایە پێویستە ئازادی زیاتر فەراهەم بکرێت، ئازاد کردنی زمانی کوردیش لە خوێندنگەکاندا بە کارێکی ڕاست دەزانم. بۆ ئەمەش پێویستمان بەو دەوڵەتێک هەیە کەوا لە ناوەندەوە بەڕێوە نەبرێت. گەر ڕۆژێک چاکسازییەک ڕووبدات، ئەوا پێشنیاری دەستوری ئەمەریکام دەکرد، کە ئازادییەکی زیاتری بۆ هاوڵاتیەکانی فەراهەم کردووە…

دێ وێڵت: چوارچێوەی گشتی تێگەشتنی ئێوە بۆ ئازادیەکان چیە؟ ئێردۆغان پێی وەهایە مەتبەخ شوێنی ژنانە. ئایا ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی نێوانی ئێوەی تێکداوە؟

گولەن: من شەخسی خۆم، لایەنگری مۆدێلێکی پیاوسالاری نیم، چونکە ئەمە بە گوێرەی سەرەتاکانی مێژووی ئیسلام، هەنگاوێک لە دواوەیە. ژنان پێویستە لە هەموو شوێنێکی کۆمەڵگادا بوونیان هەبێت. گەر ژنێک خوازیاری ئەوە بێت کە ببێتە دادوەر یاخود فڕۆکەوان، پێویستە هیچ شتێک ڕێگری لەم خواستەی نەکات.

دێ وێڵت: ئێردۆغان خوازیاری ئەوەیە لە بەریانی نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی جوگرافیاش بوونی هەبێت، چۆنی هێرشی ئێردۆغان بۆ سەر سوریا هەڵدەسەنگێنن کەوا لە کۆتاییەکانی ٢٠١٩ ئەنجامیدا؟
گولەن: ئەوە جوڵەیەک بوو لە پێناو گۆڕینی ڕۆژەڤی تورکیا ئەنجامدرا. ئامانجی ئەوە بوو سەرنجی هاوڵاتیانی تورکیا لە کێشە ناوخۆیەکانەوە بەرەو شوێنێکی تر ڕابکێشێت. هەروەها ئەمە هەلێک بوو بۆ ئەوەی لە جیهانی ئیسلامدا، خۆی وەک پیاوێکی بەهێز پشان بدات. بەڵام سەرئەنجامی ئەم کارەی لە سوریادا بە شێوەیەکی ڕوون بەدی دەکەین. لە ڕوانگەی ئەوەی پاڵپشتی شۆڕشێکی کرد کەوا ڕاستەقینە نەبوو، وەک کەسێکی بکوژی لێهات. لە تەواوی ئەو شتانەی ڕوویانداوە، لێپرسراوێتیەکی گەورەی هەیە. هەزاران مردوو، ملیۆنان ئاوارە، لە تەواوی ئەم ڕووداوانەدا، دەستی بە ڕێژەیەکی گەورە، خوێناوی بووە. یەکێک لە وەزیرەکانی پێشووی تورکیا، پرسیاری ئەوەی لێکردم، کە ڕێگەی چارەی دەربازبوون لە قەیرانی سوریا چیە؟ منیش لە وەڵامدا ئەوەم پێوت کەوا پێویستە ڕێکەوتننامەیەک ئەنجام بدرێت و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو دیموکراسی بڕۆن. ئاماژەم بەوەدا کە پێویستە لە سوریادا هەنگاو بە هەنگاو بەرەو دیموکراسی بڕۆن و، تەنانەت گەر پێویست بکات بەشار ئەسەد خولێک یان دوو خول وەک سەرۆک کۆمار بمێنێتەوە، بەڵام لە حاڵێکی لەو شێوەیەدا، هەموو چینە کۆمەڵایەتیەکان ئیدی کەمینە بن یاخود زۆرینە، پێویستە لە پەڕلەماندا نوێنەری خۆیان هەبێت. بەڵام گوێیان بەو پێشنیارەی من نەدا.

دێ وێڵت: ئایا دەستتێوەردانی ئێردۆغان لە لیبیاش بە کارێکی هەڵە دەزانی؟
گولەن: لە لیبیادا هەموو کاتێک کێشمەکێش لە نێوان ناوچە جیاوازەکاندا بوونی هەبووە. ئێردۆغان لەوێش لە ڕوانگەی ئەوەی پاڵپشتی لە گروپێکی دیاریکراو دەکات، ڕۆڵێکی خراپی لە ئەستۆ گرتووە. ئێردۆغان هەوڵی ئەوە دەدا، ببێتە کەسێک کەوا سەرۆکایەتی جیهانی ئیسلام بکات، بەڵام کەسێک کەوا بووەتە هۆکاری پێکدادانە ناوخۆیەکانی مەزهەبی سوننی، چۆن دەتوانێت پێگەیەکی لەو شێوەیەی هەبێت؟ هەتا دێت لە نێوان دژوانەکانی خۆیدا زیاتر نقوم دەبێت. وەک لە نمونەکانی هیتلەر و ستالینیشدا بەدی دەکرێت، تەواوی ئەو تاغوتانەی خودئەڤینییان(نارسیست)هەیە، کۆتاییەکی خراپیان هەیە. حوکمداری هەریەک لەوان لە ڕێگەی ڕقەوە بە کۆتا دەگات. ئەویش هەمان چارنوسی ئەوانی هەیە.

دێ وێڵت: ئێردۆغان هەندێک جار لە ڕێگەی ئەوەی هەڕەشەی جیابوونەوە لە هێزەکانی ناتۆ دەکات، دەیەوێت فشار لەسەر ڕۆژئاوا دروست بکات. سەبارەت بەمە چی دەڵێن؟

گولەن: ئێردۆغان وەها پشان دەدات کە لە ڕوسیا و ڕێکخراوی شانگای نزیک ببێتەوە، بەڵام ئەمە زیاتر وەک بلۆفکردن(لافلێدان) وەهایە. وەک شێوازێک لە هەڕەشەیە کە فێڵی تێدایە. بۆ زامنکردنی مانەوەی خۆی، پێویستی پێیەتی. ئەم شێوازەش بەکاردەهێنێت، هەتا قەناعەت بە شوێنکەوتووانەی خۆی بکات. تێڕوانینی شەخسی من ئەوەیە، تورکیا پەیوەندیەکانی لەگەڵ ناتۆ و ئەوروپا بە پێوە بهێڵێتەوە.

دێ وێڵت: هەرچیەک بێت، لە ئیستادا بوونە ئەندامی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا، لە ئارادا نەماوە. ئایا ئەمە شتێکە ئێوە پێتان ناخۆش بێت؟

گولەن: حکومەتێکی خۆسەپێنی(تۆتۆلیتار)ی لەم شێوەیە چۆنی دەتوانێت ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، ئەمە وەک کارێکی مومکین نابینم. ناکرێت چاوەڕوانی هیچ شتێک لە یەکێک بکەین، کە لە ڕێگەی توندوتیژی، نەفرەت و تۆڵەوە خۆی لە دەسەڵاتدا هێشتبێتەوە. لە ڕوانگەی وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و فەڕەنسا، تورکیا بە تەواوی جێگەباوەڕبوونی خۆی لە دەستداوە. بزاڤەکەی ئێمە هەمیشە لە بابەتی نزیکبوونەوەی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا هەوڵی خۆی داوە، چونکە دەتوانین لەوانەوە فێری شت ببینین و سوودیان لێوەربگرین.
دێ وێڵت: ئێردۆغان وەها دیارە کەوا لە ئیخوان موسلیمین نزیک ببێتەوە، سەبارەت بەمە چی دەڵێن؟

گولەن: ئەو کەسێکی ماکیاڤیلیستیە. گەر نزیکی لە ئیخوان موسلیمینەوە پشان بدات، ئەوا تەنیا بە هۆی حسابێکی خۆیەوەیە. خۆ گەر ئەوانیش کاریگەرییان کەم ببێتەوە، واز لەوانیش دەهێنێت و بەجێیان دەهێڵێت.

دێ وێڵت: سەبارەت بە داهاتووی بزاڤەکەتان تێروانینتان چیە؟

گولەن: خزمەت لە داهاتووشدا وەک وەقفێکی مرۆیی بەردەوامی بە کارەکانی دەدات. چونکە ئەم ئامانجی لە پێشینەی کارەکانی ئێمەیە. بەداخەوە لە هەلومەرجێکی نەرێنی وەک ئێستادا، کارەکانی ئێمە سەختتر ئەنجام دەدرێت. ئێمە بزاڤێکی زۆر بچوکین، بەڵام هەمیشە بەردەوام دەبین لەوەی پشتگیری لە بنەماکانی هەماهەنگی کۆمەڵایەتی، ڕێزگرتنی یەکتری، لێبوردەیی و کۆکردنەوەی جیاوازیەکان، بکەین. باوەڕی من وەهایە، بەها گەردوونیە مرۆییەکان، ئێمە دەگەیەننە ئاستێک، کەوا ناکۆکیە دینیەکانمان تێبپەڕێنین. ماوەیەک بەر لە ئێستا، لە نەخۆشخانەیەکدا چارەسەری پزیشکیم وەردەگرت، چاوم بە هەندێک پزیشکی مەسیحی و یەهودی کەوت کە ڕێزێکی گەورەیان لە نەخۆشێکی موسوڵمان دەگرت. الله بە گوێرەی کردارەکان، مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەکان دەکات، نەک بە گوێرەی ڕواڵەتیان…

127 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە