بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

ئەو نزایەی سەردارمان فێری حەزرەتی ئەبوبەکری کرد

پرسیار: سەردارمان لە وەڵامی حەزرەتی ئەبوبەکردا، کە داوای فێرکردنی نزایەکی لێکرد هەتا لە نوێژەکانیدا ئەنجامی بدات، ئەو نزایەی فێرکرد کە دەفەرموێت:
اللَّهمَّ إِنِّي ظَلَمْتُ نَفْسِي ظُلْمًا كَثِيرًا وَلَا يَغْفِرُ الذُّنُوبَ إِلاَّ أَنْتَ فَاغْفِرْ لِي مَغْفِرَةً مِنْ عِنْدِكَ، وَارْحَمْنِي إِنَّكَ أَنْتَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ، ئەم نزایە چی پەیامێک بە ئێمە دەدات؟

وەڵام: حەزرەتی ئەبوبەکر هێندەی ئەوەی موویەک بکات بە چل پارچەوە، کەسێکی هەستیار و لە خودا ترس بوو لە کارەکانیدا و، بە هەمان ڕادەش کەسێکی خاکی بوو.
بۆ نمونە ڕۆژێکیان سەردارمان فەرمووی” هەرکەسێک جلەکەی لەسەر زەوی بخشێت، خودا لە ڕۆژی قیامەتدا سەیری ئەو کەسە ناکات”. ئەویش لەوێدا یەکسەر نیگەرانی ئەوە دایدەگرێت، کە هەمان چارەنوسی خراپ چاوەڕێی خۆیشی بکات، هەربۆیە بە سەردارمان دەڵێت” زۆر جار بە هۆی ئەوەی دیقەتم نەداوە، چمکێکی جلەکانم لە زەوی خشاوە”.
سەرداریشمان لە وەڵامدا دەفەرموێت” تۆ ئەم کارە بە مەبەستی لەخۆبایی بوون ئەنجام نادەیت” و بەم شێوەیە دڵنەوایی دەکات.(بخاری، المناقب)

حەزرەتی ئەبوبەکر یەکێکە لەوانەی هەر لە سەرەتاوە ئیمانی بە سەردارمان هێناوە. تەمەنیشی تەنیا دوو ساڵ لە سەردارمان بچوکترە. هەربۆیە پێکەوە تافی منداڵی و لاوێتییان بردۆتە سەر. دواتر، کاتێک تەکلیفی ئیمان هێنانی دەخرێتە بەردەم، دەستبەجێ ئیمان دەهێنێت و، بە درێژایی تەمەنی لە خزمەتی پێغەمبەری خودا جودا نەبوویەوە. لە ڕێگەی هیجرەت و لە کاتی چوونە ناو سوڵتانیەتی سەوردا، هاوڕێی سەردارمان بووە.
هەروەها سەردارمان ئاماژەی بەوە داوە، کە هەریەک لە حەزرەتی ئەبوبەکر و حەزرەتی عومەر، وەک دوو وەزیری ئەون لە کارەکانی دونیادا.
هەربۆیە ئەو یەکێکە لەو بەختیارانەی کە بە باشترین شێوە لە ئیسلام تێگەشتووە و لەناویدا ژیاوە.
بە داخەوە کەسانێک لە ڕوانگەی ئەوەی تان و تەشەریان لێدەدەن، واژۆ لەسەر بەدبەختی خۆیان دەکەن و مۆری لێدەدەن.
“ئاسۆی بەندایەتی ڕاستەقینە”
بەڵێ، ئەم تیمسالی مەعریفەتە، دێتە خزمەتی سەردارمان و داوای فێرکردنی نزایەکی لێدەکات، هەتا لە کاتی نوێژەکانیدا بیخوێنێت.
سەرداریشمان لە وەڵامی کەسێکدا کە خوازیارە لەگەڵ خۆیدا بگاتە مەقامی “المعیة”، بە ناوی ئەوەی هەمیشە کەسێکی خاکی، خۆبەهیچزان و شەرمەندە بێت، نزایەکی زۆر واتاداری فێر دەکات.
خۆ گەر ئێمە لە جیاتی ئەو بووینایە، گەر هاوڕێیەکی سەمیمی و خاکی لەو شێوەیە، داوای نزای لە ئێمە بکردایە، خودا دەزانێت بە چی حەمد و سەناکردنێکی ئەو کەسە، هەڵدەستاین!
بەڵام سەردارمان لە جیاتی ئەوەی شتێک بڵیت کەوا دڵی حەزرەتی ئەبوبەکر خۆش بکات، گرنگی بە تایبەتمەندیگەلێک دەدات، کەوا لە ژیانی ئەولا دڵخۆشی بکات.
ئیدی نە پایە و مەقامی پێدەدات، نە شتێک دەڵێت کەوا نەفسی خۆشحاڵ بکات، بە پێچەوانەوە ئاسۆی بەندایەتی ڕاستەقینەی پشان دەدات.
سەردارمان لە سەرەتای نزاکەدا بەم شێوەیە دەست پێدەکات:
اللَّهمَّ إِنِّي ظَلَمْتُ نَفْسِي ظُلْمًا كَثِيرًا
واتە ” خودایە من زۆر زوڵمم لە نەفسی خۆم کرد”.
لێرەدا سەرەڕای ئەوەی وشەی “زوڵم” لە ڕێگەی بکەری ڕەهاوە(مفعول مطلق) جەختی لەسەر کراوەتەوە، وەک ئەوەی ئەمەش بەس نەبێت، بەندی ” كَثِيرًا” یشی بۆ زیادکراوە، بەم شێوەیە سەردارمان ئامۆژگاری نزیکترین هاوڕێی خۆی دەکات کە بەو شێوەیە نزا بکات.
واتاکەی وەک ئەوەیە بڵێیت” وای چەندە زوڵمی زۆرم ئەنجامداوە کە ناو و ناونیشانیان نازانم”.
لە درێژەی نزاکەدا دەفەرموێت:
وَلَا يَغْفِرُ الذُّنُوبَ إِلاَّ أَنْتَ
لێرەشدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە جگە لە الله، هیچ کەسێک دارای لێخۆشبوونی نزاکانی نیە.
پاشان دەفەرموێت:
فَاغْفِرْ لِي مغْفِرَةً مِنْ عِنْدِكَ، وَارْحَمْنِي

کرۆکی واتای ئەم بەشەی نزاکەش وەک ئەوەیە بڵێت:
“من ئەو زوڵمانەی ئەنجامداون هێندەی قەڵافەتی شاخەکانن و، ناشزانم کەوا چۆنی لە گوناحەکان دەبوردرێت، ئیدی چۆن لە حەماڵێکی گوناحی وەک من خۆش دەبن و لەلای خودا بە چ لوتفێکی تایبەتی خۆی لێیدەبوردرێت، بەو شێوەیە لێی خۆش ببە و ڕەحمم پێبکە”.

پاشان دەفەرموێت:
إِنَّكَ أَنْتَ الْغَفُورُ الرَّحِيمِ

تەنیا تۆی لە بەندەکانت خۆش دەبیت و ڕەحمیان پێدەکەیت. بەم شێوەیە دیسان ڕوو لە ڕەحمەت و لێخۆشبوونی الله دەکاتەوە.

تێکەڵکردنی وتەی مرۆڤ بە نوێژەکان، دەبێتە هۆی تێکچوونی نوێژەکە. هەربۆیە ئەو نزایانەی لە نوێژدا دەخوێنرێن، پێویستی بە هەستیارییە. بە تایبەت فەقیهەکانی مەزهەبی حەنەفی، لەم بابەتەدا زۆر هەستیارن. ئاماژەیان بەوە داوە، هەر نزایەک کەوا لە نوێژدا بخوێنرێت، پێویستە لە ئایەتەکانی قورئانەوە وەرگیرابێت، یاخود لە حەدیسە متواتر و مەشهورەکانەوە وەرگیرابێت.
کاتێک ڕوو لە جەنابی حەق دەکەین، یاخود کاتێک لەسەر ڕیگای ئەو دەمانەوێت لە شەقەی باڵ بدەین، ئەو پەڕانەی کەوا باڵەکانی لێدروست دەکەین، پێویستە دیسان هەر لە خۆیەوە هاتبێت. بەڵام مەزهەبەکانی تر، لەم بابەتەدا، چوارچێوەکە کەمێک فراوانتر دەکەن.
حەدیسەکەی سەرەوەش لەبەر ئەوەی لە نێو نزاکانی “المأثورات” هاتووە، هەروەها لە ڕێگە کەناڵە سەحیحەکانی حەدیسەوە بە ئێمە گەشتووە، پشتیوان بە خودا، خوێندنی لە نوێژدا هیچ کێشەیەکی تێدا نیە. لە ڕاستیشدا حەزرەتی ئەبوبەکر، بە مەبەستی ئەوەی لە نوێژدا ئەو نزایە بخوێنێت، داوای ئەو نزایەی کردووە.
لە کاتی ڕکوع، هەستانەوە(قامة)، دانیشتنەکاندا دەتوارێت نزا بخوێنرێت. بەڵام فەزیڵەتدارترینیان ئەوەیانە کەوا لە سوجدەدا دەخوێنرێت.
هەربۆیە سەردارمان فەرموویەتی:
أَقْرَبُ مَا يَكُونُ العَبْدُ مِنْ رَبِّهِ وَهَوَ سَاجِدٌ فَأَكْثِرُوا الدُّعَاءَ

واتە نزیکترین شوێنی بەندە لە پەروەردگاریەوە، ئەو ساتەیە کە لە سوجدەدایە، کەواتە لەو کاتەدا نزای زۆر بکەن.
سوجدە لەبەر ئەوەی لوتکەی بەندایەتی کردنە بۆ پەروەردگار، سەرداریشمان ئامۆژگاریمان دەکات لەو کاتەدا دەنگ و هەناسەمان لە ڕێگەی نزاوە بە پەروەردگارمان بگەیەنین.

“پێگەی حەزرەتی ئەبوبەکر”

گەر سەیری ژیانی حەزرەتی ئەبوبەکر بکەین، ئەو نەک لە دوای موسوڵمان بوونی، تەنانەت لە سەردەمی جەهالەتیشدا، وەک خودی خۆیشی ئاماژەی بەو بابەتە داوە، هەرگیز دامێنی نەکەوتۆتە ناو شتی حەرامەوە؛ لەو کاتەشدا قەد و باڵای بەو ڕادەیە بەرز بووە. تێروانینی حەزرەتی عومەریش بۆ ئیمانی حەزرەتی ئەبوبەکر بەم شێوەیە بووە” گەر ئیمانی هەموو خەڵکی سەر زەوی بخرێتە تای تەرازوویەک و ئیمانی حەزرەتی ئەبوبەکریش بخرێتە تایەکی ترەوە، ئیمانی حەزرەتی ئەبوبەکر قورستر دەبێت”.(بیهقی، شعب الایمان)
ئەگەر هەیە لە دوای موسوڵمان بوونی، تەنانەت خەوی بە گوناح و زوڵمەوە نەدیبێت.
خۆ گەر شەهادەتی من قبوڵ بکەن، ئەوا منیش ئامادەم ئەم شایەتیەی بۆ بدەم.
بەڵام شایەتیدانی ئێمە چی نرخێکی دەبێت! فریشتەکانی ئاسمان بەسە بۆ ئەوەی شایەتی بۆ ئەو بدەن!

ئامۆژگاری سەردارمان بۆ حەزرەتی ئەبوبەکر کەوا نزایەکی لەو شێوەیە بکات، ئەوەمان پشان دەدات، حەزرەتی ئەبوبەکر هەتا بڵێیت کەسێکی خاکی بووە و لە هەمان کاتدا، خاوەنی سیستەمێکی هەرسی زۆر بەهێز بووە. ئەو کەسێک بوو ئەوەی چاک دەزانی کەوا لە بەردەم پەروەردگاری لە کوێدا وەستاوە و، ئاگاداری پێگەی خۆی بووە.
پێغەمبەری خوداش لەبەر ئەوەی ئاگاداری ئەم تایبەتمەندیە ئەو بوو، ویستی لە وتنی هەرچیەک بووایە، زۆر بە ئاسانی پێی دەوت.
لەبەر ئەوەی زۆر باش ئەوەی دەزانی، کە یارەکەی ئەشکەوتی بە شێوەیەکی بەردەوام خۆی سفر دەکاتەوە، خاکی بوون و خۆبەهیچزانینی وەک قوڵایی سروشتی خۆی لێکردووە، دڵنیا بوو لەوەی ئەم نزایەش زۆر بە ئاسانی قبوڵ دەکات. پەنا بە خودا، بە پێچەوانەوە، هەر مرۆڤێک کەوا لە بەردەم نزایەکی لەم شێوەیە ناڕەحەت ببێت و کاردانەوە پشان بدات، دەبێتە هۆکاری کەوتنی.
ئەگەرچی زانیارییەکی وەهامان نیە لەسەر ئەوەی حەزرەتی ئەبوبەکر دواتر چەندێک ئەم نزایەی کردووە، ئەگەر زۆرە وەک ویردی سەر زوبانی لێکردبێت و لە هەموو نوێژەکانیدا خوێندبێتی.
لەلایەکی ترەوە پێغەمبەری خودا، کاتێک بە گوێرەی ئاست و ئاسۆی ئەو نزایەک دەفەرموێت، لە هەمان کاتدا پەیامێکی زۆر گرنگ بە کەسانی دوای ئەو دەدات.
بە دەربڕینێکی تر، سەردارمان لەبەر ئەوەی بە باشی دەیزانی کە ئەو نمونەیەکی جوانە، لە ڕێگەی کەسایەتی ئەوەوە، پەیامێکی گرنگی بە ئومەتەکەشی دەدا.
کاتێک سەردارمان پێشنیاری نزایەکی لەو شێوەیە بۆ یارەکەی ناو سوڵتانیەتی سەور دەکات، واتە ئەو کەسەی بە وەزیری خۆی ناوی بردووە و، ئامۆژگاری دەکات بەوەی بەم شێوەیە سەیری خۆی بکات، بێگومان ئێمەش لە هەموو حاڵێکدا، پێویستە بە هەستیاریەکی زیاترەوە مامەڵە بکەین.
لە ڕاستیشدا ئەم نزایە، وەک لە قورئانی کەریمیشدا ئاماژەی پێکراوە، هەمان واتای ئەو نزایەی هەیە، کە هەریەک لە حەزرەتی ئادەم و حەزرەتی یونس ئەنجامیانداوە.
حەزرەتی ئادەم فەرموویەتی :
رَبَّنَا ظَلَمْنَا أَنفُسَنَا وَإِن لَّمْ تَغْفِرْ لَنَا وَتَرْحَمْنَا لَنَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ
واتە: خودایە ئێمە زوڵممان لە خۆمان کرد، گەر لێمان خۆش نەبیت و ڕەحممان پێنەکەیت، لە کەسانی خەسارەتمەند و دۆڕاوان دەبین”.(الاعراف). واتە حەزرەتی ئادەم بەم شێوەیە لە پەروەردگاری پاڕاوەتەوە.
حەزرەتی یونسیش دەفەرموێت:

لاَ إِلَهَ إِلاَّ أَنْتَ سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنْتُ مِنَ الظَّالِمِينَ

پەروەردگارا جگە لە تۆ هیچ خودایەک نیە. تۆ بێخەوشیت و لە هەموو نوقسانی و نەنگییەک دوور و بەریت. لە ڕاستیدا من زوڵمم بەرامبەر نەفسی خۆم کرد و، نەدەبوو کارێکی وەهای بەرامبەر ئەنجام بدایە. هەربۆیە چاوەڕێی لێبوردەیی و ڕەحمی تۆ دەکەم”.

کلیلی هەموو کارە باشەکان: خاکی بوون و خۆ بە هیچ زانین
بەڵێ، جەنابی حەق لە ڕێگەی لوتفە بێ خەوشەکانی، ئیحسانە ڕەبانیەکانی، بەخششە ئیلاهیەکانی خۆیەوە ئێوە بەرز بکاتەوە، یاخود بتانکاتە جێکەوتی دابار و بەهرە جیاوازەکانی.
گەر دەستبەرداری ئەو خەیاڵە ببین کە بە شێوەیەکی بەردەوام خۆمان لە بنی بیرێکدا ببینین و و سەیری ئاسمانی لێوە بکەین، پاشان هەوڵ و کۆششێکی جددی بۆ بەدەستهێنانی ئەو جوانیانە پشان بدەین، الله لەلای خۆیەوە، هەر هەنگاوێکی ئێوە دەکات بە هەزار.
گەر ئێوە مەولاتان خۆش بوێت، ئەویش ئێوەی خۆش دەوێت، گەر داوای ڕەزامەندی ئەو بکەن، ئەویش لە ئیوە ڕازی دەبێت. گەر وەک ئەیوب بگرین و، چەشنی ئاو خوڕەتان بێت، ئەویش بێ وەڵام ناتانهێڵێتەوە، ئامرازێک دەخاتە بەردەمتان کەوا فرمێسکەکانتان بە دەریا بگەیەنێت.
هەروەک لە حەدیسێکی قودسیشدا هاتووە، ئەو بە دوو هەنگاو، وەڵامی هەنگاوێکی بەندەکەی دەداتەوە و، بە ڕۆشتن وەڵامی دوو هەنگاوی بەندەکەی دەداتەوە، گەر بەندەکەی بەرەو ڕووی ئەو بڕوات، ئەوا بە ڕاکردن بەرەو ڕووی بەندەکەی، وەڵامی دەداتەوە.
واتە بەرامبەر هەر نزیک بوونەوەیەکی بەندەکەی، بە چەندین قاتی نزیک بوونەوە وەڵامی دەداتەوە. (بخاری، رقاق)

لەم ڕوانگەیەشەوە الله هیچ کاتێک ئێوە بە تەنیا جێناهێڵێت، هەر کردارێکی چاکەش کەوا ئەنجامی دەدەن، دەیگەیەنێت بە لوتکەگەلێک کەوا بەرەو پێشەوەی ببات. لە ڕێگەی ئەنجامدانی عیبادەتی بەردەوامەوە، ڕۆژێک دێت خۆتان لە ئاسمانەکاندا دەبینن و، بە تێڕوانینێکی نەخشەخوێنەرەوانە سەیری هەموو شتێک دەکەن.
هەروەها کاتێک مرۆڤ بە ئاستێکی لەم شێوەیەش دەگات، دەبێت بە خۆی بڵێت” وابزانم هەموو شتێکم لێهەڵگەڕاوەتەوە، ئەم ئاستە لە کوێ و من لە کوێ!”، پێویستی وتنی شتێکی لەم شێوەیەش فەرامۆش نەکات.
گەر کاری زۆر گەورە ئەنجام بدات، ئامانجی زۆر گەورە بپێکێت، واژۆ لەسەر سەرکەوتنگەلێک بکات کەوا چاوەکان ئەبڵەق بکات، پێویستە دەست لە تێبینی ” نەفیس من لە هەموو کەس نزمترە و، ئەرکی من لە هەموو کەس باڵاترە” هەڵنەگرێت و، وەک ئیمامی ئاڵڤاریش ئاماژەی پێداوە:

هەموو کەس جوان و من نابوت
هەموو کەس گەنمە و منیش کا!
پێویستە قسەیەکی لەم شێوەیە بە خۆی بڵێت.
بە پێچەوانەوە مرۆڤێک کەوا خۆی لە سەرەوە، یاخود بەرزتر لە سەرەوەکانیش دەبینێت، ڕۆژێک دێت بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت، خلۆربوونەوەی بۆ چاڵێکی دۆزەخی، کارێکی حەتمی دەبێت.
لە ڕاستیشدا ئەمە یەکێکە لەو حاڵەتە دژوانانەی کەوا کەسی ئیمانداری تێدەکەوێت.
واتە لەلایەکەوە هەوڵی ناسینی ناو و سیفاتەکانی جەنابی حەق دەدات، واتە بە دوای درک بردن بەو بابەتانە دەگەڕێت کەوا درک پێبردنیان ئەستەمە؛ لەلایەکی ترەوە هەرگیز دەستبەرداری حەزەر(تمکین) نابێت و، شعوری ئەوەی دەبێت لە کوێ وەستاوە و خودی خۆی چیە.
گەر تۆزێک زیاتر ئەم بابەتە ڕوون بکەینەوە، لەلایەک دەشێت ببنە هۆکاری ئەوەی ناوی جەلیلی ئیلاهی، ڕۆحی ڕەوانی محمدی بە هەر چوار دەوری دونیا بگەیەنن و، لە بابەتی شاباڵ پێگرتنیدا، پێکهاتە و کرانەوە و فتوحاتی نوێ بهێننە دی. لە پاڵ شکۆفەی شەخسی خۆتاندا، دەشێت ببنە هۆکاری ئەوەی شکۆفە بە ڕۆحی ئیمان، ئیسلام و ئیحسانیش بکەن.
بەڵام گەورەیەتی ڕاستەقینە، بریتیە لەوەی سەرەڕای ئەوەی تەواوی ئەم سەرئەنجامانەت بەدەست هێناوە، بە هیچ شێوەیەک توشی لەخۆڕازی بوون و لەخۆبایی بوون نەبیت و، تێروانینێکی وەک ئەوەی بڵێیت” کاری گەورەمان ئەنجامدا” لە هزرتدا دەربهێنیت و فڕێی بدەیت.
لە ڕاستیشدا وەک چۆن کیبر و لەخۆڕازی بوون کلیلی هەموو کارە خراپەکانە، کلیلی تەواوی کارە باشەکانیش بریتیە لە خاکی بوون، خۆ بەهیچزانین و شەرمنێتی.
هەربۆیە کەسی ئیماندار، لە بەرامبەر ئەوەی ببێتە جێدەرکەوتی زۆرێک لە نیعمەتەکان و، شکۆفایی و کامڵیەتی ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستی هێناوە، پێویستە هەموو کاتێک ئەوە بزانێت، کە چۆن وەک گۆچان لە بەردەمیاندا بچەمێتەوە.
ئەو هەڵوێستەی لە کەسی ئیماندار دەوەشێتەوە، بریتیە لەوەی لە بەرامبەر سەرکەوتن و سەرفرازبوونەکانیدا لە خۆی بایی نەبێت و، پێویستە وەک حەزرەتی ئەبوبەکر بیر لە گوناح و هەڵەکانی بکاتەوە و، پەنا بۆ لێخۆشبوون و ڕەحمەتی خودا ببات.
لە ڕاستیشدا زیادبوون و بەردەوامی ئیحسان، بەخشش و لوتفەکانی جەنابی حەق، وابەستەی ئەوەیە بە شێوەیەکی بەردەوام، بە خاکی بوون و خۆبەهیچزانینەوە، دەست لەسەر سنگ لەبەردەم ئەودا بوەستین.
الله هەتا زیاتر مرۆڤێک بەرز بکاتەوە، پێویستە ئەو خۆی لە ناو بیرێکی قوڵتردا هەست پێبکات. خۆ گەر مرۆڤ ئیحسان و جێدەرکەوتەکانی جەنابی حەق، وەک شاکاری ناوازەی خۆی وێنا بکات، الله ڕۆژێک لە نێو لەپی دەستی دەریاندەکێشێت.
لێرەدا دەبێت بیری وتەکەی حەزرەتی عەلیمان ببێت کە دەفەرموێت:
كُنْ عِنْدَ النَّاسِ فَرْدًا مِنَ النَّاسِ
واتە لە نێو مرۆڤەکاندا تاکێک ببە لەوان.
کەسێکیش کەوا بە گوێرەی ئەم تێڕوانینە ژیان بەسەر دەبات، خۆی لە تێبینی خۆبەگەورەزانین دوور دەگرێت، بەم شێوەیە لە نەخۆشی خۆ بەگەورەزانین لە کەسانی تر، ڕزگاری دەبێت.
تەنانەت ئیمانداری ڕاستەقینە، پیویستە خۆی لە کەسانی موجریم و گوناحکاریش سەرتر نەزانێت. چونکە لە ڕاستیدا، حاڵی ڕاستەقینەی هەموو کەسێک، تەنیا لەلایەن الله وە زانراوە.
بە کورتی و پوختی، تەنیا ڕێگەی مسۆگەری ئەوەی کەسی ئیماندار قاچی هەڵنەخلیسکێت و چاوی ئەبڵەق نەبێت، واتە ببێتە داواکاری لوتکەکان و لەوێدا بە دڵنیایی بمێنێتەوە، بریتیە لەوەی بگات بە هەر شوێنێک لە شوێنەکان، لە کوێدا بسوڕێتەوە با بسوڕێتەوە، دیسان خۆی وەک مرۆڤێک کەوا قاچەکانی لەسەر زەوییە، دەبینێت.

151 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە