بیروڕاهەواڵ

پارانۆیا

پارانۆیا، وەک حاڵەتێکی دەروونی، بریتیە لە نەخۆشیەکی ڕۆحی درێژخایەن، کە هەڵسەنگاندن، بیرکردنەوەی هاوسەنگانە و، بڕیاردان بە گوێرەی ماقولیەتی شتەکان لە کەسی تووشبوودا، تێک دەدات.
لە نێوان کەسانێکی دەروون نەخۆشی (psychopath) لەم شێوەیە، ئەو کەسانەی توشی پارانۆیا بوون، زیاتر لە ڕووی ئەم ٤ تایبەتمەندیەوەوە دەتوانین بیانناسینەوە:

بە شێوەیەکی دەراسا بایەخ بە خۆیان دەدەن، لە نێوان چاوەڕوانیەکی لەو شێوەیەدا دەژین، چەند ڕەفتارێکی ئێگۆیزمی و ئێگۆسەنتەری پشان دەدەن، لە سەرەوە سەیری هەموو کەسێک دەکەن، ئەو کاتەشی بە چاورڕوانی خۆیان دەگەن، خۆیان گیڤ دەکەنەوە و هەڵدەکفێن…
لە ترسی ئەوەی زوڵمیان لێدەکرێت، هەمیشە بە داخورپانی بێ متمانەییەوە هەڵدەستن و دادەنیشن، بە هۆی هەموو شتێک و هەموو لڤینێکەوە، توشی سترێسی گومانکردن دەبن و، هەڵیاندەلەرزێنێت بە لەرزاندن…
کەسانێک کەوا توشی بیرکردنەوەیەکی لادەری پڕوکێنەری لەم شێوەیە بوون، هەر پێکهاتەیەک لە چواردەوری خۆی دەبینێت، وەک پرۆژەیەک لە دژی خۆی لە قەڵەمی دەدات و، پاشان بەر مەبنای ” تۆ بڵێیت وەها بێت یاخود نا”، ستراتیژیەتی خۆی لەسەر سەکۆی وەهم هەڵدەچنێت.
بە هۆی شڵەژانێکی شێتانەی وەک ئەوەی وەها دەزانێت تەنیا خۆی مامەڵەی دروست دەکات و کاری ڕاست دەکات، دەبێتە هۆی دروستکردنی پشێوی لە نێو کۆمەڵگادا…

پاشان بە هۆی ئەم لادان و بیرکردنەوە چەوتانەی کە وەک بەشێک لە قوڵایی سروشتی خۆی لێدەکات، گەر لە سەدا یەک یاخود لە هەزاردا یەک ئەگەری مەترسی ببینێت، لەم شڵەژانەوە بەرەو ئەو شڵەژان پەلکێش دەبێت و، ئیدی بە هۆی نیگەرانی لە دەستدانی ئەو شتانەی کە بە شێوەیەک لە شێوەکان بووەتە خاوەنیان، یاخود نیگەرانی ئەوەی بە کەسانی تری بیاندۆڕێنێت، وەک داری بی دەست بە لەرزین دەکات…
زاڵمانێک و کەسانێکی سەرکەشی خەیاڵی دادەهێنێت و، گەر هێزی هەبوو، کەسانێک کەوا بە دژی خۆیان لە قەڵەم دەدات، دەپلیشێنێتەوە و لەناویان دەبات.
خۆ گەر لاواز و بێ پشتوپەنا بوو، ئەوا لەگەڵ کەسانێک کەوا هەتا دوێنێ وەک دوژمنی خوێنخۆری خۆی ناو زەندی کردبوون، هەروەها لەگەڵ زیانبەخشترین پێکهاتەکان هاوڕیزی پێدەکهێنێت – لێرەدا بە تایبەت وشەی ڕێکەوتن بەکارناهێنم- لە بەرامبەر دوژمنە وەهمیەکانی خۆی، هەرچی کاری سوک و قێزەونە کە دوژمنانی دین و ئیمانیش پێی هەڵنەستاون، ئەنجامی دەدات.
لە پاڵ ئەنجامدانی سەدان خراپەکاری، کە بە تێخوڕینی ڕۆحە چەپەڵەکان و شەیتانەکان ئەنجامی دەدات، ڕێگاکانی کاری چاکە دادەخات و، کەسانێک کەوا لەسەر ڕێگەی پێغەمبەر دەڕۆن، وەک سەرکەش و چەتە پشانیان دەدات و، لەم ڕێگەیەوە هەوڵی ناوزڕاندیان دەدات…
ڕێگری لە چالاکی کەسانێک دەکات، کەوا لە ڕێگەی نوێنەرایەتی زۆر بەهای گەردونی گرنگەوە لە هەر چوار دەوری دونیا، لەسەر ئاستی هەموو مرۆڤایەتی، هەوڵی سازکردنی زەمینەیەک بۆ” زیندووبوونەوەیەکی پاش مەرگ”، دەدەن.
لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئارگومێنتی ڕەشەخەڵێکی بێ شعور کەوا ڕەفتاریان زیاتر لە مێگەل دەچێت، هەریەکێک لەوان وەک سێبەری ئەمەلە خراپەکانی خۆی بەکاردەهێنێت.
بەڵێ، بە هۆی ئەنجامدانی ئەم کارانە کەوا لە تێخوڕینی نەفس و ئارەزووەکانیانەوە کەوتۆتەوە، وەک چۆن ئاسودەیی لە کۆمەڵگادا نەهێشتووە/ ناهێڵێتەوە، خۆشیان بەو ئامانجانە نەگەشتوون/ ناگەن، کە هەیانە.
بە پێچەوانەوە، تەواوی ئەو کارانەی بە هۆی پارانۆیاوە ئەنجامی دەدەن، ژیانی خۆیان و کەسانی چواردەوریشیان کردووە/ دەکەن بە دۆزەخ.

پارانۆیاکان کارەکانیان وابەستە بە شێوازی تێکدەرانە ئەنجام دەدەن و، کاتێک سەرئەنجامێکی ئاسانیان دەست دەکەوێت بە هۆی ئەو ڕێچکە تێکدەرانەی گرتوویانەتە بەر، لەبەر شێتی خۆیان، ئەم سەرئەنجامە بە دووربینی و ژیری خۆیان لەقەڵەم دەدەن.
بەڵام ئەم جۆرە کەسانە، چەشنی شێتی شێتخانەکان، لەبەر ئەوەی کەسانی جیاواز لە خۆیان بە نائاسایی دەبینن، بە شێوەیەکی بەردەوام کاری شێتانە نمایش دەکەن، هەرکەسێک وەک خۆیان بیر نەکاتەوە بە خائین و تیرۆرست لە قەڵەمیان دەدەن، پێیان وەهایە چاویان لە پۆستەکەی ئەوە و، بە پارانۆیای ئەوەی” هەرکاتێک هەلیان بۆ هەڵبکەوێت، دێن و لەسەر پۆستەکەی ئەو دەنیشنەوە”، هەڵدەستێت و دادەنیشێت.
ئیدی بە ناوی خۆ پاراستنەوە، چەندین یەکەی جیاواز دروست دەکات. بە شێوەیەکی بەردەوام لەم ڤیلاوە بۆ ئەو ڤیلا دەڕوات و شوێن دەگۆڕێت.
ئیدی نە بە پێکهێنانی دەستە دەستەی پاسەوانان دەست هەڵدەگرێت، نە دروستکردنی چەندین شورای یەک لە دوا یەک بە بەس دەزانێت و، بە هۆی وەهمی سێجایانەوە، ژیانی خۆیی و کەسانێک کەوا بێ شعورانە لە دوای ئەوەوە پەلکێش بوون، وەک دۆزەخ لێدەکات.
کەسانی پارانۆیا، کەوا لەسەر زەمینێکی نەشیاو گەورە بوون و، بە هۆی عیشوەی قەدەرەوە پۆست و پلەوپایەیان دەستکەوتووە، پاشان بە هۆی گرێی دەرونی خۆ بە کەم زانینەوە، بە هۆی حاڵەتی پارانۆیایی ئەوەی کە دەڵێت ” ئەو ئیمکانیەت، دەسەڵات و سەروەتەی بەدەستم هێناوە، بە کەسانێکی تری دەدۆڕێنم”، توشی هەموو جۆرێک لە شڵەژانی زیاندەر لە ئەقڵ دەبێت و، بە هۆی وەهمی یەک لە دوا یەکەوە، هەزار جار دەمرێت و زیندوو دەبێتەوە.

فریشتەکان و ئەو مرۆڤانەی ڕۆحیان وەک فریشتە وەهایە، وەک مار دێتە پێش چاو و، “هەر بژی” بۆ شەیتانەکان دەکات.
ئەمنۆفیس، کەسێکی پارانۆیای لەم شێوەیە بوو، بە وەهمی ئەوەی حەزرەتی موسا و نەوەکانی ئیسرائیل دەگەنە هێزێکی دیاریکراو، ژیانی لە خۆیی و ئەقڵ-تێكچووەکانی دوای خۆی کردە ژەهری مار، دەستی چووە خوێنی یەک دونیا مرۆڤ و – چەشنی فیرعەونەکانی ئەمڕۆ- زوڵمی قەیماغبەستووی ئەنجامدا؛ کاتێک وەرزی خۆیشی هات، قەدەر پەتی ئەویش ڕاکێشا.
مێژوو لە دوێنێوە هەتا ئەمڕۆ، هێندەی ئەوەی لە ئەژمار نەیەت، باسی ئەمنۆفیسەکان و زوڵمەکانیان دەکات، ئاماژەی بە دیقەت بوون دەدات؛ بەو کەسانەی خاوەنی دیدگا و بەسیرەتن.

ئەگەرچی بە گوێرەی زەمانە، ڕەنگ و ڕووتەخت، ناو و نازناوی جیاوازیان هەیە، لە چوارچێوەی بازنەی بەردەوامی دووبارەبوونەوەی ڕووداوە مێژوویەکان، هیچ سەردەمێک نەبووە کەوا لە بوونی ئەم نیمچە مرۆڤانە، خاڵی بێت.
ئیدی لە فیرعەونەوە هەتا هامان، لە بوختونەسرەوە هەتا شابور، لە ستالینەوە هەتا هیتلەر، پاشان ئەو یەزیدانەی بە دوای ئەواندا هاتوون، چەندین کەسی پارانۆیا هاتووە/ڕۆشتووە.
وەک کەسانێکی ڕووڕەشی ناو مرۆڤایەتی، هەمان خراپەکارییان ئەنجامداوە. هەمان ڕێگاکانی فریودانیان پشانداوە. پاشان لە ڕێگەی دروستکردنی ڤیلا و کۆشکەکانیانەوە، هەمان ڕێگەی شەیتانییان گرتووەتە بەر. بە شێوەیەکی بەردەوام، لە ڕێگەی وەهمەوە هەستاون و دانیشتوون. لە ترسی ئەوەی سەڵتەنەت و دەسەڵاتیان لە چنگ دەردەهێنرێت، هەمیشە تف لە قوڕگیاندا وشک دەبێتەوە. هەموو کاتێک باسی ” خراپترینی ئەگەرەکان” دەکەن و، پەنا بۆ ستراتیژی کافرانە دەبەن.
لە بەرامبەر هەزاران-ملیۆنان ڕۆڵەی نیشتیمان، چەندین ناوی جیاوازی لەکەدارکەر و ناوزڕێنەر دادەهێنن و، زاڵمترینی مامەڵەکان ئەنجام دەدەن.
لە ڕوانگەی مێژووی نزیکەوە، هیتلەر لە ئەڵمانیا، لە ترسی ئەوەی دەیوت”سەڵتەنەتەکەم لە دەست دەچێت”، چەندین شاری وێرانە، خانوو و ماڵی ڕوخاو، گیانی لە ژێر ئەشکەنجەدا مراند و، بە هەمان گرێی دەروونیەوە هەنگاوی هەڵدەگرت.

سەدام ئەگەرچی ناوی هیتلەریش نەبوو، بەڵام هەمان کەسایەتی ئەوی هەبوو، لە ترسی ئەوەی کەسانێک بێن و، بەسەر ئەو شتانەوە بنیشنەوە کە لە ڕێگەی چەتەییەوە بەدەستی هێنابوو، هەرکەسێکی بە ئۆپۆزسیۆن بزانیایە، دەیبڕی، دەیکوشت و هەنجن هەنجنی دەکرد.
حاڵی قەزافیش لەمان جیاواز نەبوو، ئەویش بە هەمان وەهمی ئەوانەوە، چواردەوری خۆی دەسوتان و وێرانی دەکرد، هەمان کاری سەرشێتانەی ئەنجامدا.

هەروەها تەواوی پارانۆیەکانی جیهانی ئیسلام، کە چەشنی داری زەقوم سەریان هەڵداوە، حاڵیان لەمانەی پێشوو جیاواز نیە.
لە هیچی خۆڕایی مرۆڤەکان فڕێ دەدەنە ناو زیندانەکانەوە. دایک و ڕۆڵەکانی لە یەک دادەبڕن. کەسانی بێ گوناح لە ژێر ئەشکەنجەدا دەکوژن.
مافەکان و دادپەروەری، وەک ڕاخەر لە ژێر پێکاندا پێشێل دەکرێن.
لە بەرامبەر تەواوی ئەم کارانەشدا، چەند مەخلوقێک کەوا لەسەر شکڵی مرۆڤن، واقیان وڕماوە بە چواردەوریەوە.
خۆرەسانیە مێزەربەسەرەکانیش کە شوێنکەوتەی سوفیانن، ڕۆڵی هامان بۆ ئەم جۆرە فیرعەونانە دەگێڕن.
ئیدی ئەوەی دەمرێت بۆ خۆی دەمرێت و، ئەوەی ئازار دەچێژێت، بۆ خۆی ئازار دەچێژێت. شەیتانە شەیتانە بێ زمانەکانیش وەک ئەوەی تەماشای فیلمێک بکەن، بێ پشاندانی هیچ هەست و جوڵەیەک، سەیری ئەم هەموو کارە سوک و قێزەونە دەکەن.
ئێستا تەواوی ستەملێکراوان و غەدرلێکراوان، چاویان لەسەر پشتەوە، پشتی پشتەوەی شتەکانەو لەبەر خۆیانەوە دەڵێن:
يَا غَارَةَ اللهِ، حُثِّي السَّيْرَ مُسْرِعَةً فِي حَلِّ عُقْدَتِنَا
تەنیا وتنەوەی ئەمەیان لە دەست دێت.
خۆزگایە، وەک تەواوی ئەو موسوڵمانە ستەملێکراو و غەدرلێکراوانە هەمیشە بمانووتایە” خێر ئەو شتەیە کە خودا بڕیاری لەسەر داوە و ئەفراندوویەتی” و خۆمان نەخستایە باری ئەوەی بەردمان لە قەدەر بگرتایە.
خۆزگە هەمیشە بە هەناسەی رَضِينَا بِاللهِ رَبًّا وە بمانووتایە:
گەر لە جەلالی تۆوە بێت جەفا
یان لە جەمالی تۆوە وەفا
هەردووکی بۆ گیانمانە سەفا
لوتفیشت خۆشە، قەهریشت خۆش(یونس ئێمرە)

خۆزگە هەمیشە بە گوێرەی کاکڵەی ناوەڕۆکی ئەم بەیتە هەناسەمان بدایە!
خۆزگە بە هەستێکی ڕێزی قوڵەوە بمانووتایە:

بێگومان دەردەکەوێت هەرچی بێت حوکمی قەدەر
کارەکانت بسپێرە جەنابی حەق، نە خەم بخۆ نە کەدەر
(ئێندەرونی واسیف)
هەمیشە بە باوەڕێکی متمانە بەخشەوە هەستاینایە و دابنیشتینایە!
خۆزگە ئەو شتانەی بەسەرمان دێت، وەک چوون بە پاڵاوگەی پاکژکەرەوە لە گوناحەکان ببینیایە و بە بەیتەکانی :
” جەنابی حەق لە ڕێگەی بەڵاوە خۆشەویستانی پاک دەکاتەوە

وەک چۆن ئاوەکان شتانی پیس لادەبەن”
بە وتنەوەی ئەم بەیتانە، دڵنەوایی خۆمان بدایەتەوە.
خۆزگە هەموو کاتێک بمانووتایە” هەموو زوڵم و خراپەکارییەک، وەک دەستدانە لە کاتی دیاریکراوی غیرةالله” و، وەک ڕێزێک لەو کاتە دیاریکراوە بمانووتایە:
ڕۆژێک دێت قودرەتی مەولا
وا لە زاڵمان دەکات بڵێن” تَاللَّهِ لَقَدْ آثَرَكَ اللَّهُ عَلَيْنَا”

(زیا پاشا)

ئەمە بڵێینەوە و هەموو شتێک حەواڵەی خاوەنی خۆی بکەین.
خۆزگە، بەر مەبنای حەقیقەتی” کوفر بەردەوامی دەبێت، بەڵام زوڵم بەردەوامی نابێت”، بە عەقیدەی” ئەوەی لە ڕێگەی زوڵمەوە خۆی بگرێت، ئاخیرەتی وێران دەبێت”، سەیری سەرەتای شتەکان نەکەین و چاومان لە ئاخیرەت ببڕین، خۆزگە تەواوی شتەکان بۆ ئەو زانا و شارازەیە جێبهێڵین کە بەسەر هەموو شتەکانەوە ئاگادارە و بڵێین:

” گەر زاڵم زوڵمی هەبێت، مەزڵومیش الله ی هەیە
ئاسانە ئەمڕۆ زوڵم لە خەڵک بکەیت، سبەی دیوانی حەق هەیە”
بە ئیمانی حَسْبُنَا اللَّهُ وَنِعْمَ الْوَكِيلُ هەناسە بدەین و، گوزارشت لە ناڕەحەتیە کاتییەکان نەکەین!

بناغەی ڕێگا و ویردی سەر زوبانی کەسە گەورەکان هەر ئەمانە بووە، پێویستە ئێمەش بەو شێوەیە بین و بڵێین “ئەمەش تەواو دەبێت”، بێ ئەوەی گوێ بدەینە ئەو شتە چەپەڵانەی لەلایەن ڕاگەیاندنەکانیانەوە دەوترێت/ ئەنجام دەدرێت، لە ڕێگەی باخچەکانی ناو دڵمانەوە، چواردەوری خۆمان وەک بازاڕی بۆن فرۆشان لێبکەین و، تۆمار تۆمار بۆنی گوڵمان لێبەرز ببێتەوە و، هەموو کەسێک مەست و سەرمەست بکەین…

173 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە