گۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

عاشقی ڕاستگۆ بەشی ٣٧ ڕێگا، خەم و ناسۆری

“خەم و ناسۆریەکان هەموو کاتێک پەیوەندیان بە دەستکەوتەکانی خۆمانەوە نیە، پێویستە خەم و ناسۆریەکان وەک دروشمی سەر ڕێگاکەمان تێبگەین و خاوەن دڵ بین، پێویستە ئازارەکان وەک سەرمایەی ژیانی ئاخیرەتمان لێبکەین”…
“ئەو ناڕەحەتیانەی لە پێناو خزمەتی وڵاتدا چەشتراون”
مامۆستا و هاوڕێکانی لەوێدا یەکسەر لەوە تێگەشتن کە دەوڵەتی سوریا، دەوڵەتێکی هەواڵگرییە.
خاوەنی هۆتێلی سەوز، بۆ شاردنەوەی کارە نایاساییەکانی خۆی، لە هەموو بابەتێکدا زانیاری بە پۆلیس دەدا. خۆی وەک کەسێکی نزیک لە مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن و هاوڕێکانی پشان دەدا، بایەخی پێدەدان. هەروەها ئەو کاروانانەی دەهاتن و دەڕۆشتن، ئەوەیان بۆ ئاشکرا بوو بوو، کە خاوەنی هۆتێلەکە، هەندێک جار لەگەڵ پۆلیسەکان دادەنیشێت و قومار دەکات. هەرچەندە نیەتی خاوەنی هۆتێلەکە ئاشکرا نەبوو، بەڵام ڕۆژێک مامۆستا و هاوڕێکانی دەعوەت دەکات. پێکەوە دەچنەوە ماڵەوە و، لە ماڵەکەی خۆیدا خواردنیان پێشکەش دەکات. چونکە پێی وەهابوو کە مامۆستا و هاوڕێکانی بە دوای کاری ڕەشەوەن و، نیازی ئەوەی هەبوو لەگەڵیاندا هاوبەشی بکات.

بەڵام دوای ئەوەی بۆ ئاشکرا بوو کە مامۆستا و هاوڕێکانی تەنیا نیازی پەڕینەوەیان لە سنور هەیە و، نیازی تێپەڕاندنی هیچ کەلوپەلێکیان نیە، ترس دایدەگرێت. ئیدی نە لێیان نزیک دەبوویەوە و، نە ئەحواڵییانی دەپرسی.
ئیدی تەنیا یەک چارەیان لەبەردەمدا مایەوە. ئەویش ئەوە بوو بە توانای خۆیان بپەڕنەوە. هەروەها دەبوو ئەم کارەش لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ئەنجام بدەن. یانزەهەم ڕۆژی ڤیزەکەیان بوو، کە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ وەریان گرتبوو. نوێژی هەینییان لە مزگەوتی حەنەفی ئەنجامدا. مامۆستا سەبارەت بەم ڕووداوە دەڵێت” زۆر سوپاسی خودام کرد لەسەر ئەوەی ئەو هەلەی بۆ ڕەخساندین”.

ئەو شتانەی لە حەلەب بینییان و بەسەریان هات، ئەوەی پشان دەدا کە ڕژێمە خۆ سەپێنەکەی سوریا، چۆنی فشاریان لەسەر هاوڵاتی ئەو وڵاتە دروست کردووە.
مامۆستا لە ماوەی ئەو ١١ ڕۆژەی لە حەلەب مایەوە، هەمیشە نزای ئەوەی دەکرد، کە ساتێک زووتر بگەڕێنەوە بۆ ناو تورکیا. سەردەمێکی پڕ قەسوەت و تاریکی بوو. هەروەها یەکێک هەواڵێکی بۆ هێنان و وتی:
“لەسەر سنور هاوڵاتییەکیان دەستگیر کردووە، تەنیا لەبەر ئەوەی لە گیرفانیدا هەندێک پارە هەبووە. وتوویانە تۆ پارەت بۆ ئیخوان هێناوە و بەو هۆیەوە زیندانییان کردووە”.
ئەمەش لە کاتێکدا بوو کابرا هیچ پەیوەندیەکی بە موسوڵمانێتیەوە نەبوو، هەتا بگاتە ئەوەی پارە بۆ ئیخوان ببات.
هەروەها لە کاتێکیشدا بوو کە دەزگای هەواڵگری سوریا بە دوای ئەو پیاوەدا نەدەگەڕا!
بەڵام دەنگۆیەکی لەم شێوەیە، ئەوەی پشان دەدا، کە چی مەترسیەک چاوەڕێی مامۆستا و هاوڕێکانی دەکات.

دەوڵەتی سوریا، کەوا بە هەر نرخێک بێت هەوڵی لەناوبردنی ڕێکخراوی ئیخوان موسلیمینی دەدا، ئەگەر هەبوو ناوی مامۆستا و هاوڕێکانیشی تێوەبگلێنێت! چونکە دەوڵەتی سوریا، هەر پیاوێک کەوا خواستی لەسەر هەبوایە، دەیتوانی هەر کاتێک بە بێ هیچ هۆیەک فڕێی بداتە ناو زیندانەوە. بێگومان ئەم کارەی دەوڵەتی سوریاش تەنیا مەترسی لەسەر ئەو کەسانە دروست نەدەکرد، کە بەمەبەستی گەشتیاری ڕوویان لەو وڵاتە دەکرد. بەڵکو مەترسی گەورە لەسەر کەسانێکی وەک مامۆستا بوو، کە لەلایەن موسوڵمانانی وڵاتی خۆیەوە زۆر خۆش دەویسترا. هەربۆیە مامۆستا لەو کاتەدا هاوڕێکانی ئاگادار کردەوە لەوەی کە پێویستە زۆر ئاگایان لە خۆیان بێت و وتی:
” لەوە دەچێت لە زۆر ڕوەوە لە مەترسیدابین، هەربۆیە پێویستە زیاتر بە دیقەت بین”.
مامۆستا کەوا پێشنیاری حەزەرکردنی بۆ هاوڕێکانی دەکرد، خۆی لە پێش هەموویانەوە بەو کارە هەستا.
مامی دایکی مامۆستا لە حەلەب دەژیا. ئیدی ماوەیەک لەوێ مابوویەوە و وەک موفتی ناوچەیەک کاری کردبوو. هەربۆیە شاری حەلەب، وەک شاری دایکی مامۆستا وەهابوو. بەڵام هەلومەرجی ئەو کاتە، دەست بۆ ئەوە نەدەدا، مامۆستا لەو شارەدا سەردانی هیچ کەسێک بکات.
خەریک بوو ڕۆژی یانزەهەمی ڤیزەکەیان تەواو دەبوو، لەو کاتەدا هەلی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کەسێک دەستکەوت، کە بە زمانی تورکیا قسەی دەکرد. کەسێکیان دۆزیبوویەوە کە مامۆستا و هاوڕێکانی لەسەر سنور بپەڕێنێتەوە. لە ڕاستیشدا مامۆستا و هاوڕێکانی، جگە لە گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان، نیەتێکی تریان نەبوو.
ئەو کەسانەی بڕیاربوو میوانداری مامۆستا بکەن، لە گوندێک بوون، کە ٤٠ کیلۆمەتر لەسەر سنوری سوریاوە دوور بوو. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵیان و ئەو پارەیەی کە بەڵێنیان دابوو بیاندەنێ، کارەکە سەری نەدەگرت. تەواوی ئەو ڕێگایانەی بەرەو تورکیا درێژ دەبوونەوە، یەکە بە یەکە دادەخران و، شاخ و ڕێگاکان یەکە بە یەکە بە ڕووی مامۆستادا دادەخران.
پاشان بڕیاری ئەوەیاندا لە گوندێک، کەوا ١٠ کیلۆمەتر لە کلیسی تورکیاوە دوورە، ڕێکەوتنێکی تر لەگەڵ چەند کەسێک ئەنجام بدەن. مامۆستا سەرەڕای ئەوەی هاوڕێکانی لەگەڵدا بوو، پێکەوە ڕوویان لەو گوندە کرد. بوونە میوانی خێزانێکی کورد کە زمانی تورکیشیان دەزانی. خاوەن ماڵەکە، منداڵەکانی خۆی لە ماڵەکە بردە دەرەوە و لە باخچەی ماڵەکەیان خەواندنی.
پاشان خاوەن ماڵەکە، هاوڕێکانی مامۆستای بردە هۆڵی نان خواردن. مامۆستا زۆر دڵی بەم مامەڵەی خاوەن ماڵەک خۆش دەبێت و دەڵێت:
” سەرەڕای ئەوەی هیچ بەرژەوەندیەکی نەبوو، جوامێری ئەو پیاوە زۆر کاری تێکردم. لەبەر ئەوەی لە حەج گەڕابووینەوە، زۆر ڕێزی ئێمەیان دەگرت. داوای ئەوەم لێکرد کە نوێژی خەوتنان ئەنجام بدەین. ئێمەیان بردە ژووری نوستن. لە دیواری ژووری نوستنەکەیان، وێنەی بارزانی و یڵماز گیونەی، لە پاڵ وێنەی خێزانەکەیان هەڵواسرابوو. ئێمە خەریک بوو دەست بە نوێژ بکەین، خاوەن ماڵەکەش دەستنوێژی گرت و هاتە پاڵ ئێمە. سەرەڕای هەموو شتەکان، مانەوە لەو ماڵە زۆر سەخت بوو بە لای منەوە. خەوتنی خێزانی خاوەن ماڵەکە لە دەرەوە و خەوتنی ئێمە لە ژوورەوە، شتێک بوو کەوا منی زۆر دڵتەنگ کرد. ئەو پیاوەی بڕیار بوو کەوا لە کلیسەوە بێت و ئێمە بە سنوردا بپەڕێنێتەوە، بەڵێنەکەی نەبردە سەر و بەم شێوەیە جارێکی تر هیواکانمان چروسایە.
بەڵێ هیواکانمان توشی چروسانەوە بوو، هەربۆیە لەبەر خۆمانەوە دەمانوت” ئێستا چی دەبێت؟ لەمەودوا دەبێت چی بکەین؟”. چونکە زۆر سەخت بوو بەرەو حەلەب بگەڕێینەوە. چونکە لە ٢٠ شوێن پشکنینیان ئەنجامدا. سەرەڕای ئەوەی پاسپۆرت و ڤیزەمان هەبوو، پشکنینیان لە ورد و درشتی ئێمە کرد.
واتە گەڕانەوە بۆ حەلەب، هێندەی پەڕینەوە بە زەوییەکی پڕ لە مین و لوغمدا مەترسیدار بوو.
هەربۆیە هەر هەنگاوێک کە بەرەو پێشەوە هەڵماندەگرت، وەک قازانج ئەژمارمان دەکرد و، پێویست بوو هەمیشە بەرەو پێشەوە بڕۆین. بە ناچاری لەوێ ماینەوە و، پەنامان بۆ هەندێک کەسی تر برد. ئەمجارەیان ڕوومان لە خێزانێکی تر کرد و، ئەوانیش کەمێک تورکییان دەزانی. ماڵەکەیان بە گوێرەی ماڵەکەی پێشووترمان، کەمێک تەسکتر بوو. ئێمەیان بردە ساڵۆنەکە و، ژوورێکی بچوکی نوستنیان هەبوو.
من ڕۆژی پێشووتر زۆر کەم خەوتبووم. سەرینێکیان پێداین و منیش یەکسەر درێژ بووم. هاوڕێکانی تر خەریکی ڕێکخستنی کارەکان بوون. بوکی ماڵەکە، هەندێک شتی خستە بەردەمم هەتا بیخۆم، کاتێک منی بینی دەست بۆ خواردنەکە نابەم، لەلای خەزوری سکاڵای لێکردم.
دواتر بۆمان دەرکەوت، ئەو ماڵە بەردەوام میواندارییان لە کەسانی قاچاغچی کردووە.
خاوەن ماڵەکە، یەکێک لە یادەوریەکانی خۆی بۆ گیڕاینەوە:
ڕۆژێکیان هەوڵیان دەدا کۆمەڵێک مەڕ بە قاچاغ بپەڕێننەوە، لەو کاتەدا کەسێکی سەر بە دەوڵەتیش لە نزیکمان بوو، کاتێک بە تورکیە شەق و شڕەکەی خۆم یەک دوو وشەم وت، دەستی بە پێکەنین کرد. وتم: من فەرەنسی و عەرەبی دەزانم، بەڵام تورکیەکەم هەر هێندەیە. ئەم تورکیەش بە هۆی هەندێک میوانی تورکەوە فێربووم، کە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە ماڵەکەی ئێمە مانەوە. وتم باشە تۆ چەند زمان دەزانی؟ ئیدی ئەم قسەیەی منی زۆر بە لاوە گران بوو”.
مامۆستا بەم شێوەیە باسی خاوەن ماڵەکە دەکات:
کەسێکی زیرەک بوو. ئەو ڕۆژەوە بە ناوی چاکەوە، هەرچیەک لە دەستی هات، ئەنجامیدا. کوڕەکەی لە شاری حەلەب، فەرمانبەری دەوڵەت بوو. ئێوارە سەردانی ئەو ماڵەی کرد، کە ئێمەی تێدا دەماینەوە. کاتێک ئەوەی بیست لە حەج گەڕاوینەتەوە، ئەویش زۆر ڕێزی گرتین. کاتی نوێژ هاتبوو دەبوو دەستنوێژ بگرم. کوڕەکەش وەک نەریتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ئێمە، خاولیەکەی خستە سەر شانی و، مەسینەی ئاوەکەی بۆ گرتم. وتی دەبێت خۆم ئاوی دەستنوێژەکەت بە دەستدا بکەم ، لەناو ئەو هەموو ناڕەحەتیەدا، هەستم بە هاتنی شنەبای ڕەحمەتی خودا دەکرد”.

“ڕێگەیەکی دڕکاوی”

لە کۆتایدا کەسانێک هاتن بە دواماندا. یەکێک لە هاوڕێکانمان لەوێدا گەڕایەوە. ئێمەش دەستمان کرد بەوەی بەسەر شاخەکاندا سەرکەوین. دەبوو سەرەتا بە شاخێکدا سەرکەوین و پاشان داگەڕێین، خاوەن ماڵەکەمان کاک ئەحمەد وتی
” ٦ کیلۆمەتر ڕێگامان لەبەردەمدایە”.
نازانم شتێک هەبوو کە متمانەم پێنەدەکرد، بەڵام خزمی هەندێک لە هاوڕێکانمان بوو. چونکە لە ڕابردوودا، هەندێک لە دانیشتوانی گوندەکەی، لە تورکیادا مابوونەوە و، هەندێکیشیان بەر سوریا کەوتبوون. واتە هەموویان خزم بوون. سەرئەنجام دەستمان کرد بەوەی بەسەر شاخەکەدا سەرکەوین. لە کۆڵی هەریەک لەواندا چەند کەلوپەلێک هەبوو، لەلایەکی ترەوە تفەنگیان بەسەر شانەوە بوو. ئێمەش تەنیا جانتاکانمان هەڵگرتبوو.

لەو کاتەی لەسەر شاخەکە هەندێک وچانمان دەدا، کۆمەڵە کەسێک دەرکەوتن. یەکسەر خۆمان لە پشت تاشە بەردەکانەوە شاردەوە، ئەوان ئێمەیان نەبینی. لە نێوان خۆیاندا قسەیان دەکرد و بە بەردەمی ئێمەدا ڕۆشتن.
هەم لە سەربازەکانی وڵاتی خۆمان دەترساین، هەم لە سەربازەکانی وڵاتی سوریا، کەوا لەسەر سنور بمانگرن و لە سوریادا زیندانیمان بکەن. چونکە ڕزگاربوون لە زیندانی سوریا، کارێکی زۆر سەخت بوو.
بە هەڵبەز و دابەز بەسەر شاخەکەدا دەڕۆشتین. هەواش زۆر گەرم بوو. هەروەک ئەو کاتەی لە حەج تەوافم دەکرد، بە هۆی گەرماوە دڵم دەگیرا و هەموو گیانم لە عارەقدا دەخوسا. ئەمەش لە کاتێکدا بوو، پێڵاوەکانی پێی ئێمە، بە هیچ شێوەیەک بۆ ڕۆشتنی سەر شاخ دەستی نەدەدا و، هەڵدەخلیسکاین. بەڵام خاوەن ماڵەکانمان بە تەواوی کەلوپەلی سەرشاخەوە هاتبوون. لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام بەسەر شاخدا دەڕۆشتن، ڕێگاکانیان بە باشی دەزانی. ڕێگاکان هێندە پێچوپەنای تێدا بوو، وەک ئەوە وەهابوو بە قەڵای خەیبەردا سەربکەوین. هەوڵمان دەدا لەو شوێنانەوە بڕۆین کە مین و تەلی دڕکاوی لێنەبوو. هەروەها هەندێک لە درەختەکانیان سوتاندبوو، هەوڵمان دەدا لە نێوان ئەو درەختانەوە بڕۆین. تەواوی سەروچاومان ڕەش بوو بوو. پاشان گەشتینە شوێنێک کە لم و چەوی وردی لێ هەڵڕژێنرابوو. لە دوای لمەکەوە، بە شێوەیەکی تایبەت کێڵگەیەکی پڕ تەلی دڕکاوییان دروست کردبوو. لە ترسی ئەوەی شوێ پێکانمان هەڵنەگرن، لەسەر لمەکە پێڵاوەکانمان داکەند و بەو شێوەیە ملی ڕێگەمان گرت. ڕۆشتن بەسەر ئەو کێڵگە دڕکاویە بە بێ بوونی پێڵاو، شتێکی زۆر ناخۆش بوو.
کیلۆمەترێکی ترمان بەو شێوەیە بڕی. تەنانەت دڕک بەسەر ئەژنۆکانیشمدا چەقی بوو. ژێر پێکانم بە تەواوی پارچە پارچە بوو بوو. ناسۆرییەکی وەهامان چەشت هەر مەپرسە!..
یەکێک لەوانەی ڕێگای پشانی ئێمە دەدا وتی:
لەو کاتەی سەرەی پاسەوانەکانی سنور دەگۆڕێت، هەندێک بۆشایی دروست دەبێت، دەبێت ڕێک لەو کاتدا هەوڵی پەڕینەوە بدەین. لەوێ هیچ مینێکیش بوونی نیە”.
ئیدی یەکێک لە خاوەن ماڵەکە، ڕۆشتن بۆ ئەوەی کەشفێکی شوێنەکە بکەن. ئەوانی تر لەلای ئێمە مابوونەوە. لەو ڕێگا پێچاوپێچەی سەر شاخەکان، شتێکم بە مێشکدا هات:
ئێمە چەند جانتایەکمان لەگەڵ خۆماندا هەڵگرتووە. بە تەواوی ئێمە ناناسن و نازانن ئێمە چیمان پێیە. وتم تۆ بڵێیت شتێکمان لێ بەسەر بهێنن. نیگەرانیەکی لەم شێوەیە دایگرتین. وتم لەوە دەچێت ئەمانە ئێمە ببەنە چۆڵەوانییەک و لەوێ بمانکوژن. لەوە دەچێت وەها بزانن لە جانتاکانماندا شتی بە نرخ هەیە. هەموویان چەکدار بوون و، بە شێوەیەکی بەردەوام قسەیان دەکرد و دەیانوت” گەر سەربازەکان تەقەیان لێکردین ئێمەش وەڵامیان دەدەینەوە، دوای ئەوەی ئەمان ڕایانکرد، ئێمەش بە دوایندا دەڕۆین”. ئەمەش شتێک بوو کە هەرگیز خوازیاری ڕوودانی نەبووین، بە تەواوی ترس و شڵەژان دایگرتبووین”…
مامۆستا بە هۆی باری ئەمنی ڕێگاکەوە، تەنیا یەک کەسی لەگەڵ خۆی برد. ئەویش حەیاتی یاوز بوو. چونکە ڕۆشتن لەگەڵ ژمارەیەکی کەم، کارێکی ئاسانتر بوو بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێن. ئەو هاوڕێیانەی تری کە پێشتر لەگەڵیدا بوون، دەمێک بوو گەڕابوونەوە تورکیا…


“لەو کاتەدا حەیاتی برام لەگەڵدا بوو، کە لە گیانی خۆم زیاتر خۆشم دەویست. لە کازاخستان بە خاکیان سپارد. لەو کاتەی بە دوامدا دەگەڕان، بە شێوەیەکی قاچاغ دەچوومەوە تورکیا. لەو کاتەشدا تەنیا یەک کەسم لەگەڵدا بوو. ئەویش ئەو بوو. بە پێ، ٧-٨ کیلۆمەترمان پێکەوە بڕی. لە سەرماندا هەڵدەلەرزیم. وتی مامۆستا پشتێت بنێ بە پشتمەوە. دواتر چووە کازاخستان. نەخۆشیش بوو. پێم وت بگەڕێوە بۆ تورکیا، با لەوێ چارەسەرت بکەن. وتی: نەخێر ناڕۆمەوە، من بۆ خزمەت هاتوومە ئەم وڵاتە و ، هەر لێرە دەمێنمەوە.
مامۆستا بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت لە باسکردنی بڕینی ئەو ڕێگا سەختە:
“کات زۆر درەنگ بوو بوو. لەو کاتەدا عارەقم کردبوویەوە و، هەموو گیانم خوسا بوو. لە پڕێکدا سەرمایەکی لەو شێوەیە ڕووی تێکردم. من سەرمایەکی لەو شێوەیەم تەنیا لە زەمهەریر(چلەی زستانی ئێرزروم) لە ئێرزروم بینی بوو. وەک داری بی دەستم بە لەرزین کرد. لەگەڵ حەیاتی پشتمان بە پشتی یەکەوە نابوو. بەڵام سوودی نەبوو. ناچار یەکێک لە جلەکانم گۆڕی. بەڵام هێشتا هەر هەڵدەلەرزیم. پاشان وتم” با لایەنی کەم نوێژی خەوتنان ئەنجام بدەم، نەوەک تەقەمان لێبکەن و بمرین، با بە قەرزاری نەڕۆینەوە ئەو دونیا و نوێژەکەمان ئەنجام بدەین”. لە کاتی نوێژدا لە پڕێکدا هەواکە گۆڕا، وەک ئەوەی لە مانگی ئابدا بین، گڕەیەکی گەرم ڕووی تێکردین. ئەو جلانەی لەبەرمدا خوسابوون، بە هۆی گەرماکەوە وشک بوونەوە. وەها دیاربوو کە چاودێریەکی خودا ڕووی تێکردبووین.
جەنابی حەق، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو شاخە شوکری بکەین، ئەو نیعمەتانەی پشانداین. لە دڵی خۆمدا وتم” با لەگەڵ هاوڕێکەم باسی ئەو نیعمەتە نەکەم، نەبادا ببڕێت”. بەڵام دواتر وتم: ڕەشەبایەکی گەرمی وەها هەڵی کردووە، هەتا مۆخی ناو ئێسقانەکانم هەستی پێدەکەم. ئەویش بە هەمان شێوە وتی: منیش دەمێکە هەست بە شتێکی هاوشێوە دەکەم.
هاوڕێکەمان، دوای دوو کاتژمێر و نیو، گەڕایەوە. ئێمەش خۆمان کۆ کردەوە و منیش نوێژەکەم کردبوو. پاشان هەوڵی ئەوەماندا پشوویەک بدەین. بیرمان لەوە کردەوە کە نوێژی بەیانی بە تەیەموم ئەنجام بدەین. پاشان پیاوێکی تریش هات و وتی: هەموو شتێک تەواوە، بەو شێوەیە ملی ڕێگەمان گرت.

لە ڕێگا، هەندێک جار بە سنگەخشکێ و، هەندێک جار بە خلیسکان دەڕۆشتین. هەندێک جاریش ناچار دەبووین بە بەرزاییەکدا هەڵگەڕێین. نزیکەی ٢٠٠ مەتر بە نێو سەربازەکاندا تێپەڕین و، پاشان تێمانپەڕاندن. سەگەکانی ئەو ناوچەیە بۆنی ئێمەیان کرد و، دەستیان بە وەڕین کرد. تەنانەت گەر دواشمان بکەوتنایە، هێندەی ئەوەی بە ڕاکردن لە دەستیان قورتار ببین، مەسافە لە نێوانماندا بوو. نەیاندەتوانی بە ئێمە بگەنەوە.
“کاتێک گەشتمەوە وڵات ناخم وەک گوڵ شکۆفەی کرد”
لە کۆتایدا گەشتینەوە تورکیا. ئەحمەد ئێمەی بردە گوندێکی ناوخۆی تورکیا، واتە چووینە گوندەکەی خۆیان. چووینە سەر بەرزاییەکان. لە دامێنی چیاکە گوندێکی پشانداین، چەشنی ئەوەی بە شاخەکەوە سواخدرابێت وەهابوو. کاتێک ئەو شوێنەم بینی، هیواکانی ناو ناخم گەورە بوون و وەک گوڵ شکۆفەیان کرد. هەستم بە کرانەوەیەک کرد و لە ناخمەوە وتم” سوپاس بۆ خودا ڕزگارمان بوو”.

ئەحمەد وتی: سەرەڕای ئەوەی گەشتووینەتەوە ناو تورکیا، بەڵام هێشتا مەترسیەکان لەسەرمان لانەچوون، با ئێوە بگەیەنمەوە ماڵی خۆتان. بەڵام هەرچیەک دەبێت، با لای باوکم باسی نەکەین. چووینە ماڵەوە و لە ماڵەکەی ئەودیو سنور دەچوو. لەوێش بە هەمان شێوە ساڵۆنێکی گەورە هەبوو. لەمبەری بنمیچەکەوە هەتا ئەوبەر، شتێکیان هەڵواسیبوو کە لە ڕەشماڵ دەچوو. لەوێش دیسان ژوورێکی تایبەت بە بوکێی لێبوو. یەکێک لە کوڕەکانی هاوسەرگیری کردبوو. زۆر بە باشی بیرم ماوە، ئەو بوکەش هەرچیەک لە دەستی هات ئەنجامیدا. هەر دەیوت” چاتان بۆ بهێنم یاخود شیر؟” بەردەوام خەریکی ڕاکە ڕاک بوو.
چەند مانگایەکیان هەبوو، بردیاننە دەرەوە. لەو کاتەدا تەنیا خەمی ئێمە ئەوە بوو، دڕکەکانی ژێر پێمان دەربکەین. لە یەکەم فرسەتدا، دەستمان کرد بە دەرهێنانی دڕکەکان. پاشان بۆ ماوەیەک منداڵێک گریا. منیش بۆ ئەوەی ئەوان نەیەنە ژوورەوە، بێشکەکەیم ڕاژەند. پاشان دەستنوێژمان گرت و باوکی ئەحمەد هات. ئەحمەدیش ئێمەی وەک هاوڕێی خۆی بە باوکی ناساند. پێکەوە نوێژی بەیانیمان ئەنجامدا. چاوەڕێمان کرد دونیا کەمێک ڕوناک بێتەوە، هەتا بەڕێبکەوین. لەبەر ئەوەی کاری قاچاغی بە شێوەیەکی بەربڵاو لەسەر ئەو گوندانەی سەر سنور ئەنجام دەدرا، وتمان لەوە دەچێت پشکنینی جددی ئەنجام بدرێت. باوکەکەش لەگەڵ کوڕەکانیدا بە کوردی قسەی دەکرد.
وابزانم مەراقی ئەوە دایگرتبوو کە ئێمە لە کوێوە هاتووین و، گلەیی لە کوڕەکانی دەکرد کە ئێمەیان هێناوەتە ماڵەوە.
کوڕەکەشی بە ڕەقی وەڵامی دەدایەوە. لەو کاتەدا هێزەکانی جەندەرمە، بە هەرکەسێکیان بزانیایە کە کەسانی قاچاغی لە ماڵەکەیدا شاردۆتەوە، دەستگیریان دەکرد و زۆر بە پیسی لێیان دەدا. ئەوانیش لەم حاڵە بێزار بوو بوون. ئەوانیش ترسی ئەوەیان هەبوو، بەهۆی ئێمەوە بەڵایەکیان بەسەر بێت. ئەو پیاوە جوانە ڕیش نورانیەی بە باشی پێشوازی لە ئێمە کرد، کاتێک لەگەڵ کوڕەکەیدا قسەی کرد، ڕاستەوخۆ پێی وتن” ئێوە کەی لێرە دەڕۆن؟”.
منیش وتم:
زۆر بە باشی پێشوازییان لە ئێمە کرد، پێویستە هەر ئێستا لێرە بڕۆین. کاری ئێمە خودا ڕایی دەکات. گەر لەوە زیاتر ئەو پیاوە داماوە توڕە بکەین، خودا دەمانگرێت. باشترین شت ئەوەیە، هەر ئێستا بڕۆین. با شتەکە بە خۆشیی کۆتایی بێت. تەنانەت گەر دەرگای مزگەوت کراوە بوو، دەتوانین لەوێ دانیشین. ئیدی نەماندەتوانی لەوێ بمێنینەوە. ٢٠٠- ٣٠٠ مەتر لە گوندەکە دوور کەوتینەوە. پاشان بینیمان ٣-٤ جەندەرمە، لە نێو کێڵگەکاندا بۆسەیان داناوە و چاوەڕێی ئێمە دەکەن. لەبەر ئەوەی لە دەستماندا چەند جانتایەک هەبوو، لەوە دەچوو ئێمەش بە قاچاغچی ئەژمار بکەن و، دەستگیرمان بکەن. بەڵام هەروا سەیریان کرد و هیچیان نەکرد، ئێمەش لەسەر ڕێگای خۆمان بەردەوام بووین”.

مامۆستا لە دوای بڕینی ئەم هەموو ڕێگا سەختە، لە غازیعەنتەبەوە خۆی گەیاندە ئەنقەرە، لەوێشەوە بەرەو ئیزمیر بەڕێکەوت. کاتژمێر ٧:٣٠ سەرلەبەیانیش، ڕووی لە دادگای ئیزمیر کرد. بەو بەیانیە زووە، هیچ کام لە داواکارانی گشتی، نەهاتبوونە سەر شوێنی کاریان.
پاش ئەوەی مامۆستا کاتژمێرێک چاوەڕێ دەکات، خۆی بە ژووری ئەنوەر گیونەر تونجەلیدا دەکات و دەڵێت” من ئەو فەتحوڵڵا گولەنەم کە بە دوایدا دەگەڕێن. هاتووم وتەم لێوەربگرن”.
تونجەلیش کاتێک مامۆستای بەو شێوەیە لە کاتێکی چاوەڕوان نەکراودا لەبەردەمیدا بینی، سەری سوڕما. ئەویش تەلەفۆنی بۆ موستەفا چەموکی داواکاری گشتی سەربازی کرد و وتی” مامۆستا فەتحوڵڵا هاتووە”.
پاشان وتی” بچنە ژووری داواکاری گشتی کاک موستەفا، با ئەو وتەتان لێ وەربگرێت”.
ئەو دادوەرە سەربازیەی وتەی لە مامۆستا وەردەگرت، تەنیا سەبارەت بە ڕووداوەکەی دیاربەکر، پرسیاری ئاڕاستەی مامۆستا نەکرد. بەڵکو پرسیاری ئەوەشی لێکرد، کە بۆچی دوای ١٢ ی ئەیلول خۆی ڕادەست نەکردووە؟
مامۆستاش لە وەڵامدا دەڵێت” سەرەتا نەموسیت خۆم بە دەستەوە بدەم، پاشان وتم خۆم ڕادەست دەکەم. دواتر متمانەم نەما و خۆم ڕادەست نەکرد”.
پاشان داواکارە سەربازیەکە، لە کاتی وەرگرتنی وتەدا، شتێکی سەیری ئەنجامدا. بە مامۆستا دەڵێت” دەمەوێت پرسیارێکی تایبەت لە ئێوە بکەم؟’.
پاشان بەو کچەی لەسەر ئامێری چاپەکە(داکتیلۆ) وتەکانی مامۆستا دەنوسێت دەڵێت: ئەم شتانەی ئێرە مەنوسە.


داواکارەکە ئاوڕ لە مامۆستا دەداتەوە و دەڵێت:
بیروڕای ئێوە سەبارەت بە ئەتاتورک چیە؟
مامۆستاش لە وەڵامدا دەڵێت:
لە ڕووی سەربازیەوە کەسێکی بلیمەت بوو.
ئەمەش هەمان بیروڕای ئوستاد سەعید نورسی بوو. وەک لە بەشێکی بەرگریەکانیدا هاتووە” لە نێو کاربەدەستانی ئەنقەرە، بە تایبەت سەرۆک کۆمار، هەستم بەوە کرد لە ڕووی سەربازیەوە کەسێکی بلیمەتە”.(بەرگیەکانی مامۆستا سەعید نورسی).
ئەم وەڵامەش بە دڵی داواکاری گشتی بوو. پاشان ئاوڕی لە کچەکەی سەر ئامێری چاپەکە دایەوە و وتی” ئەم بەشەشیان بنوسە”. بەم شێوەیە وەڵامەکەی مامۆستا و پرسیارەکەی داواکاری گشتی، تۆمار کرا.
دوای ئەوەی لێ وەرگرتنی وتە لەلایەن داواکاری گشتیەوە تەواو بوو، داواکاری گشتی بە مامۆستای وت” دەتوانن بڕۆن، بەڵام لە ئیزمیر مەڕۆنە دەرەوە، لەوە دەچێت پێویست بەوە بکات، کە دیسان بانگتان بکەمەوە”.

داواکاری گشتی پاش ماوەیەک دیسان مامۆستای بانگ کردەوە. داواکاری گشتی لە ڕێگەی پاسپۆرتەکەیەوە بەوەی زانی کە مامۆستا سەردانی سوریای کردووە. پرسیاری ئەوەی لێکرد کە بۆچی سەردانی سوریای کردووە و، لە کوێوە هاتۆتەوە ناو تورکیا. داواکاری گشتی لە بەشێکی قسەکانیدا وتی” لە وڵاتی ئەم بەعسیەناەدا چی هەیە؟”.
مامۆستاش لە وەڵامدا وتی” دوای ەوەی فەریزەی حەجم ئەنجامدا، ناچار بووم بەوەی لە ڕێگای وشکانیەوە بێمەوە تورکیا، هەربۆیە ڕووم لە سوریا کرد. ئەم وڵاتانە بە شێوەیەکی زۆر سەیر بەڕێوە دەبردرێن. زۆر سوودم لەو سەردانەم بینی. دوای ئەوەی سەردانی سوریام کرد، ئەوەم بۆ دەرکەوت کە تورکیا وڵاتێکی چەشنی بەهەشتە”.
موستەفا چەبوکیش لە دوای وەرگرتنی ئەم وتانە، نوسراوێکی ئاڕاستەی هەریەک لە فەرماندەیی ناوچەی ئەگەی ئیزمیر، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئیزمیر کرد، لە نوسراوەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، کە مامۆستا هیچ بەڵگەیەکی تاوانی لەسەر نیە و، هیچ فەرمانێک بۆ دەستگیرکردنی بوونی نیە.
**
ڕۆژنامەی زەمان لە ڕێکەوتی ٣ ی تشرینی دووهەمی ١٩٨٦ دامەزرا

ڕۆژنامەی زەمان لە ٣ ی تشرینی ١٩٨٦، بە دروشمی ” ڕاستیەکان بە گوێرەی زەمان ئاشكرا دەبن”، دەستی بە ژیانی خۆی کرد. پاشان لە ٣٥ وڵاتی دونیا و بە ١٠ زمانی جیاواز، بەردەوامی بە ژیانی چاپی خۆی دا…

99 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە