هەواڵ

ئەفسانەی تۆپی پێی تورکیا ئێستا شۆفێری تاکسی دەکات

هاکان شوکور ئەفسانەی تۆپی پێی تورکیا بە هۆی هاوسۆزییەوە بۆ بزاڤی خزمەت لە هەموو شتێک بێبەشکراوە و لە ئێستادا بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی شۆفێری تاکسی دەکات و ئەوەش دەنگدانەوەی لە میدیاکانی ئەوروپادا بە دوای خۆیدا هێناوە و لە مانشێتی ڕۆژنامەکاندا نووسراوە “ئەفسانەی تۆپی پێی تورکیا ئیتر شۆفێری تاکسی دەکات”.

هاکان شوکور جگە لە کەسایەتییە وەرزشییەکەی، کەسایەتییەکی دیاری تورکیا بووە و پێشتر ئەندامی پەرلەمانی تورکیا بووە بەڵام دوای ڕووداوەکانی ١٧ بۆ ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ دەستی لەکارکێشایەوە و وڵاتی بەجێهێشت و لە ئەمریکا نیشتەجێ بوو.

ڕۆژنامەی دای وێڵتی ئەڵمانی، لە هەواڵێکیدا سەبارەت بە هاکان شوکور ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بە هۆی هاوسۆزییەوە بۆ بزاڤی خزمەت هاکان شوکور لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و دەست بەسەر ماڵ و سەروەتی لە تورکیا گیراوە، لەبەر ئەوە لە ئێستادا ناچارە لە ڕێگەی بەرنامەی ئوبەرەوە کاری شۆفێری تاکسی بکات و لەو ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی پەیدا بکات.

هاکان شوکور باشترین یاریزانی مێژوویی تۆپی پێی تورکیا بووە و نازناوی “پاشا” ی پێدرابوو. لە کاروانی وەرزشی خۆیدا ٥١ گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی تۆمار کردووە کە ئەوەش زۆرترین ژمارەی گۆڵە کە یاریزانێک بۆ هەڵبژاردەی تورکیای کردبێت.جگە لەوە لە یانەی گالاتاسارای یاری کردووە و ٢٧١ گۆڵیشی بۆ ئەو یانەتە تۆمار کردووە. وە هەروەها خاوەنی ژمارەیەکی پێوانەییە لە جامی جیهانیدا کە بریتییە لە تۆمارکردنی خێراترین گۆڵ لە مێژووی جامی جیهانیدا.

هاکان شوکور لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئافتۆنبلادێتی سویدی وتی “ئێردۆغان هەموو شتێکی لە من زەوت کرد. مافی ئازادیم، مافی ئازادی ڕادەربڕینم، مافی کارکردنم و جگە لەوەش دەرفەتی قازانجکردنی مادیم لە تورکیادا. چیتر تەنانەت ناتوانم موڵکەکانیشم بپارێزم. ئێستا پێویستە هەمووان هەوڵ بۆ ئازادی و دیموکراسی و سەروەری یاسا لە تورکیا بدەن. ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی جیهان پێویستە لەو پشتیوانی لەو هەوڵە بکەن. ئومێدەوارم سەرۆک کۆمار بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ دەگەڕێتەوە”.

 

https://kronos31.news/tr/hakan-sukur-avrupa-medyasinda-turk-futbol-ikonu-artik-uber-soforu/

181 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە