جیهانیگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

قارەمانەکانی چاکسازی و ئەو نەوانەی لە بۆشایدا گۆش بوون!

بە خامەی م. فەتحوڵڵا گولەن


بە داخەوە چەندین سەدەیە، بابەتی ئیمان هێنان بە الله لە بیری مرۆڤەکان بردراوەتەوە، خۆشەویستی پێغەمبەر لە بیری مرۆڤەکاندا هەڵکەندراوە و فڕێ دراوە، شعوری بەندایەتی سڕدراوەتەوە و ڕۆشتووە، هەستی گەردنکەچی و خشوع بەرامبەر پەروەردگار نەماوە.
موسوڵمانێتی ڕووکەشگەرا و لە قاڵبدراو، شوێنی موسوڵمانێتی ڕاستەقینەی گرتۆتەوە. نە لە دڵەکاندا هەیەجانێک ماوە، نە لە هەستەکاندا بەرامبەر جەنابی حەق، هەستیارییەک هەیە.
ڕۆحەکان لێیان داوە و ڕۆشتوون، ژیانی دڵ خامۆش بووە، لۆجیک و هەڵسەنگاندنی ئەم سەدەیە بە شتانێکی چەپەڵ لەکەدار بوون و، مرۆڤەکانیش بە هەوا و هەوەسی خۆیان دۆڕاون.
حەزرەتی پیریش وەک ئاماژەدان بەم بابەتە” ئەو قەڵایەی چەندین سەدەیە توشی داڕمان بووە” گوزارشتی لە بابەتەکە کردووە.
محمد عاکیفیش بەم شێوەیە باسی ئەو سەردەمەی خۆی دەکات:
موسوڵمانێتی لە کوێ، مرۆڤایەتیش ئێمەی بەجێهێشتووە!
گەر مەبەست فریودانی خەڵکە، فریوخواردوویەک لە گۆڕێ نیە، بێ هوودە
چەندین موسوڵمانی ڕاستەقینەم بینی هەموویان لە نێو گۆڕستانن
موسوڵمانێتی – نازانم بەڵام – پێدەچێت لە ئاسمانەکان بێت!

گەر لەم هۆنراوەیەدا، ئەو لایەنەی کە ئاڕاستەی بێ هیواییمان دەکات بخەینە کەنارەوە، ئەوەی عاکیف وتوویەتی ڕاستی کارەکەیە. لە بابەتی وێنەکردنی حاڵی خۆمان، بەیتێکی زۆر شاهانەیە.
شاشەکانی تەلەڤیزیۆن، تەلەفۆن، کۆمپیوتەر، بە شێوەیەکی بەردەوام شتانێکی چەپەڵ هەڵدەڕژنە ناو هزرەکانەوە.
چاو، هەستە نەرێنیەکان لە دڵی مرۆڤەکاندا دەبزوێنێت، قاچەکان بەرەو گوناح هەڵدەخلیسکێن، گوێکان شتانێک دەبیستن کە پێویستە نەیبیستن، دەستەکانیش بەرەو حەرام درێژ دەبن.
وای چەندە جینایەتی گەورە بەم شێوەیە گەورە ئەنجام دەدرێت! دڵەکان ڕۆژانە چەندین جار بریندار دەبن. ئێ بەم دڵە بریندارانەشەوە، مرۆڤەکان لەو دونیا قبوڵ ناکرێن!
بە تایبەت گەر نیگەرانی ئەو هەموو شتە نەرێنیە لە ناخیدا نەبێت و، بەم ترسەوە ڕوو لە فراوانی ڕەحمەتی پەروەردگاری نەکات!

کەسێکی لەم شێوەیە، هەم بە شێوەیەکی بێ سەرمایە ، هەم بە شێوەیەک کەوا دەستبەرداری پەروەردگاری بووبێت، ڕوو لەو دونیا دەکات.

ئیدی دەماغگەلێک کەوا بەم ڕادەیە چەپەڵ بووبێت، چۆنی جەنابی حەقی بە شێوەیەکی دروست پێدەگەیەنیت، تا چی ڕادەیەک سەرداری ڕۆحی مرۆڤایەتی پێ دەناسێنیت؟!
ئیدی نازانم ڕۆژانە پێویستمان بە چەند جار پاک کردنەوەی هزرمان هەیە، هەتا بە شێوەیەکی پاک لە شتە بێگەردەکان نزیک ببینەوە.

مامەڵەی گوێمەدەرەییانە لە بەرامبەر کاری گوناح، یەکێکە لەو گوناحانەی لێخۆشبوونیان نیە.
بۆ نمونە کەسێک کەوا دەڵێت” ئینجا ئێمە چی گوناحێکمان هەیە؟!” ئەژمارکردنی خۆت وەک کەسی بێ گوناح، یەکێکە لە هەرە گەورەترین گوناحەکان. ئەمەش لە کاتێکدایە، مرۆڤەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، وەک ئەوەی هیچ شتێک لە ئارادا نەبێت، مامەڵە دەکەن.
چەشنی ئەو مرۆڤانەی لە تاریکیدا لە دایک بون و نازانن ڕوناکی چیە، چەشنی ئەو کەسانەی لە بەفر و زستاندا گەشەیان کردووە و نازانن بەهار چیە، کەسانێکیش کەوا لە ٣ سەدەی ڕابردوودا هاتوونەتە دونیاوە و گەورە بوون، لەبەر ئەوەی چاوی بە وەرزی بەهار و هاوین نەکەوتووە، پیسایی و بۆنی ناخۆشی چواردەوری، وەک شتێکی ئاسایی دێتە پێش چاو.
لەبەر ئەوەی لە بۆشایدا گەشەمان کردووە، ئەو بەهایانەی تایبەت بە خۆمانن، نرخ-قەدریانمان نەزانی، هەربۆیە هەزممان نەکرد و وەک بەشێک لە قوڵای سروشتی خۆمان لێنەکرد.

ئەگەر توانای ئەنجامدانی ئەم کارەمان هەبووایە، لە دانیشتن، هەستان، خەوتن، قسەکردن، بیرکردنەوەماندا هەمیشە بە دوای ڕێگای ڕاستەوە دەبووین، بە گوێرەی ئەو ڕێگە ڕاستەش بیرمان دەکردەوە، هەناسەمان دەدا، مامەڵەی سەر ئەو ڕێگا ڕاستەمان پشان دەدا و، بە گوێرەی ئەوە مامەڵەمان لەگەڵ کەسانی تر دەکرد.
ماڵی ئەو کەسانە ئاوەدان بێت، کە لە مزگەوت، کۆرسی فێربوون قورئان، حوجرەکان و خوێندگەی زانستە ئیسلامیەکان کار دەکەن و دەستێکمان دەگرن، خۆ گەر ئەوانیش نەبوونایە، ئەوا ئەو زانیاریە سەرەتاییانەشمان نەدەزانی، کە ئێستا دەیانزانین.
بەڵام هەرچیەکمان بیستووە و فێری بووین، لەسەر ئاستی تیۆری ماوەتەوە. هیچ کام لەوانمان نەکردووە بە بەشێک لە ویژدانمان. وەک داینەمۆیەکمان لێنەکردوون کە بمانخانە جوڵە، بە شێوەیەکی بەردەوام ئاڕاستەی چاکە و ڕێگەی ڕاستمان بکەن، لە ناخماندا وەک چنراوی ئەتەمینی واتاکانمان لێنەکردن.

نەمانتوانی بگەینە ئاسۆی پەیوەندیەکی وەها، لەو کاتەی یادی پەروەردگارمان دەکەینەوە، ئێسقانی لوتیشمان بتوزێتەوە.
لە بابەتەکانی “معرفة الله” و “محبة الله” هەر بە پیادەیی ماینەوە. چونکە ئەو کەسانەی ئیسلامیان فێری ئێمەش کرد، هەر لە چواردەوری شتە تیۆریەکان مانەوە و، خۆیشیان ئاگایان لەو بابەتانە نەبوو.
“موسوڵمانی ڕووکەشگەرا”
لەم ڕوانگەیەوە ئەو ئیسلامەی مرۆڤەکانی ئەمڕۆ تێیدا دەژین، ئەمانەی دەستی لاسایکردنەوە کراوە. دینەکەیان بە گوێرەی ئەو شتانەیە کە لە بابوباپیرانیانەوە بینیویانە. ئەو عیبادەتانەی ئەنجام دەدرێن، لە چەند ڕێکارێکی تەشریفاتی زیاتر نەڕۆشتووە. بە داخەوە ئێمەیان بەم حاڵە گەیاند. بە داخەوە ئیمکانی ئەوەیان پێنەداین، پلانی پشتەوەی ئەو دینەی تێیدا دەژین، بخوێنینەوە، هەستی پێبکەین و بیبینین.
هەربۆیە لەسەر ئاست و خولگەی تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی، موسوڵمانێتیمان نەناسی. لەو ئیسلامە دوورکەوتینەوە، کە لەلایەن خەلیفە ڕاشیدەکان و هاوەڵانی سەردارمانەوە پەیڕەو دەکرا. نەمانتوانی بە ئاسۆی ئەبو حەنیفە، شافعی، ئیمامی مالیک و ئەحمەدی کوڕی حەنبەل بگەین.
یاخود نەمانتوانی لەسەر ڕێچکەی حەزرەتی شاهی گەیلانی، ئیمامی نەقشیبەندی، ئەحمەدی ریفاعی، حەسەن شازەلی، ئیمامی غەزالی، مەولانا خالید، ئیمامی ڕەببانی بەردەوام ببین، نەمانتوانی لەسەر ئاستی ئەوان بەندایەتی خودا ئەنجام بدەین.
نەمانتوانی شەو هەتا بەیانی، پشتوێنی بەندایەتی لێ ببەستین و، دەست لەسەر سنگ بوەستین و ناخمان بۆ خودا هەڵڕێژین، لە بەرامبەر هەست و درکی ئەو زاتە گەورانە، وەک کەسێکی بیانی ماینەوە.
لێرەدا شوێنی خۆیەتی بپرسین، لەبەرچی بوو تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی، شەوانە هێندەی قاچەکانی دەئاوسا عیبادەتی دەکرد؟ ئەوەی هاوەڵانی دەترسان لەوەی وەک کەسێکی مونافیق بمرن، چیبوو؟
ئەو تێبینیانە چی بوو کە دۆستانی خودای لە فرمێسکەکانیاندا دەخنکاند؟
ئەگەر بە شێوەیەکی ورد و درشت، سەیری سەرگوزەشتەی ژیانی ئەوان بکەین، هێندەی باڵە مێشێک گوناح نادۆزیتەوە.
بە هۆی هەندێک هەست و تێڕوانین کەوا بەر خەیاڵەکانی ئەوان دەکەوت و، بە گوێرەی ئاستی خۆیان نەشیاو دەهاتەوە، بە هۆی خەم و ناسۆرەوە لول و پێچیان دەخوارد. تەنانەت زۆرێک لەوان ترسی ئەوەی هەبوو بە بێ ئیمانی بمرێت.
یەکێک لەم کەسانە کەوا ناوی ئەسوەدی کوڕی یەزیدی نەخەعی بوو، لەو کاتەی خەریکە ڕۆحی ڕادەستی خودا بکاتەوە، لە هەنسکی گریان دەدا.
لەو کاتەدا عەلقەمە کەوا یەکێک لە خزمەکانی دەبێت، لێی دەپرسێت” چیە دەڵێی لە گوناحەکانت دەترسیت؟”
ئەسەدیش بە ئازارەوە زەردەخنەیەک دەکات و دەڵێت” گوناحی چی، من ترسی ئەوەم هەیە بە کافری بمرم!”.

پاش ئەوەی وەفات دەکات، لە خەودا دەیبینن و پرسیاری ئەوەی لێدەکەن، کەوا لە دوای گەڕانەوە، لەلایەن خوداوە چۆنی مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، ئەویش لە وەڵامیاندا دەڵێت” ولله لە نێوان من و پێغەمبەردا تەنیا چوار پەنجە مەسافە هەیە”.
هەر بۆیە ئەوەی نیگەرانی ئاخیرەتی خۆی نەبێت، ئاخیرەتی جێگەی نیگەرانییە. ئەوەی لە ویژدانیدا ترسی ئەوەی نەبێت کەوا چۆنی بۆ ئەو دونیا دەگەڕێتەوە، ئاخیرەتی جێگەی ترس دەبێت. ئەو زاتە گەورانە لەبەر ئەوەی لەم دونیا لە ترسدا دەژیان، دەستەبەری ئەو دونیایان وەرگرتبوو.
هەربۆیە لە حەدیسێکی قودسیدا هاتووە” الله دوو ترس و دوو دڵنیایی پێکەوە کۆ ناکاتەوە”.(ابن حیبان، الصحیح، البیهقی، شعب الایمان).
هەربۆیە کەسێک کەوا لەم دونیا دەستی لە خۆی بەرداوە، ژیانێکی گوێمەدەرەییانە دەژی، لە نێو ئاسایش و متمانەدا دەژی، شتێکی بۆ ژیانی ئاخیرەتی بەجێنەهێشتووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، مرۆڤ پێویستە هەموو کاتێک نیگەرانی ژیانی ئاخیرەتی بێت.
پێویستە هەمیشە بڵێت” من ناوزەندنم بۆ ژیانێکی ئەبەدی، کە تێیدا چاوم بە جوانی پەروەردگارم بکەوێت و، بگەمە ئەو پێگەیەی کەوا پێم دەڵێت ” من لە تۆ ڕازیم”، هەربۆیە مومکین نیە هەروا بە شتی هەرزان هەراجیان بکەم”.
بە ناوی ئەوەی ئەم شتە بەنرخانەش بەدەست بهێنێت، هەتا بڵێیت ژیانێکی هەستیارانە بژی و، دوای ئەوەی بەدەستیشی هێنان، بە نیگەرانی ئەوەی لە دەستیان ببات، هەستێت و دانیشێت.
لە سەردەمێکی گەردەلولاویدا، تەواوی ئەم تێبینیانەمان لەبیر کرد. موسوڵمانێتی وابەستەی ڕووکەشگەرایی مایەوە. لە ڕاستیشدا کەسانێک کەوا موسوڵمانێتییان وابەستەی ڕووکەشگەراییە، بە ناوی نۆژەنکردنەوەی داهاتووی ئێمە شتێکیان لە دەست نایەت. موسوڵمانێتیەکی لەم شێوەیەش، هیچ هیوا و وزەیەک بە ئێمە نادات.
گەر ئەو موسوڵمانێتیەی لەسەر ئاستی کارەکانی ژیانی ڕۆژانە(علم الحال) لە بابوباپیرانمانەوە وەرمانگرتووە و، ڕۆژانە ٥٠ جار دووبارەی بکەینەوە، دیسان لە بەردەم موسوڵمانێتی خەلیفە ڕاشیدەکان هیچی پێناکرێت و، ناتوانێت باسی هیچ شتێک بۆ دونیا بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەو مرۆڤانە لە چارەکە سەدەیەکدا، سیمای تەواوی دونیایان گۆڕی.
ئەمانەش شتانێک نین کەوا لە ڕێگەی، هێز، دەسەڵات و موسوڵمانێتیەکەوە ئەنجام بدرێت کە هێشتا لایەنی تەشریفاتی تێنەپەڕاندبێت؛ بابەتگەلێکن کەوا لە ڕێگەی زمانی دڵ و ڕۆحەوە چارەسەر دەکرێت.
سوڵتان ئەحمەد لە سەردەمی زێڕینی ئێمەدا دەیوت:

دوای فیراقت لە مندا هێز نەما
ئەم زمانە پارە پارە بوو، لە عەشقتدا خۆشەویستی نەما
هێندە منی بێچارەی حوکم و قەزای، گریاند
لە گریاندا سەرەی حەزرەتی یەعقوب نەما

وای چەندە بە ئازارە، دەسەڵات لە دەستی ئەم سوڵتانانەوە گەشتۆتە دەستی کەسانێکی سەرشێت بۆ دەسەڵات!
کۆمەڵگاکانیش چەشنی تاکەکان، ڕۆژێک بەرز دەبنەوە و ڕۆژێک دادەکەون. هەندێک جار سەریان بەسەری فریشتەکانەوە ناوە و لەگەڵیاندا دەردەچن، هەندێک جاریش توشی گیرانێکی زۆر تۆقێنەر دەبن.
ئیدی ئەو فراوانیەی لە چیەتی خۆیدا هەیە، لەبەر حسابی نەفسانیەت بەرتەسکی دەکاتەوە، چرچولۆچی دەکات و دەیخنکێنێت. لە جیاتی ئەوەی خۆی بە ڕووی بەرفراوانیەکانی ڕۆحیدا بکاتەوە، خۆی لە لایەنی بەرتەسکی جسمانیەتدا زیندانی دەکات.
بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی گوڵستانی ڕابردومان، مرۆڤەکان بە خەزانێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕن. لەمەش سەختتر ئەوەیە، کەسانێک هەیە ناتوانن ئەم بەراوردش بکەن.
هەست بەوە ناکەن کە چەندە بە قوڵایدا ڕۆچووین، ناتوانێت ئەم بەراوردە بکات.
جیهانی ئیسلام قرچە قرچی سوتانی لێ هەستاوە، کەرامەت و سەربەرزیمان لە ژێر پێکاندا وەک ڕاخەری لێکراوە، بەڵام لەبەر ئەمەدا خەم ناخوات و پێی کاریگەر نابێت؛ هەربۆیە لە بابەتی ئەوەی دوو دڵۆپ فرمێسکی چاو بڕێژین، ڕەزیلی دەکەین.
ئەگەرچی هەندێک ئاماژەی بووژانەوە لە ئارادایە، بەڵام پێم وایە لە هیچ سەردەمێکدا هێندەی ئێستا، بە ڕادەی ئێستا توشی وشکەساڵی نەبووین. ئیدی نازانم وتنی ئەمانە ڕاستن یاخود هەڵە، هەمیشە لە نێو دوودڵیدا ئەم قسانە دەکەم.
سەرەڕای تەواوی ئەمانە، خۆزگە لە دڵەوە هەستێکی ڕاستگۆیانەی چاوەڕوانیمان هەبووایە. بمانتوانیایە بڵێین” تۆ بڵێیت خودا ڕۆژگار و سەردەمانێکی جیاوازی لەوەی ئەمڕۆی بۆ ئێمە هەبێت ؟”.
سەردەمانێک کەوا ناوی جەلیلی ئیلاهی شاباڵی گرتووە، مرۆڤەکان لە دوای سەرداری ڕۆحی مرۆڤایەتیەوە، بە دڵنیاییەوە ژیانی خۆیان دەگوزەرێنن.
لایەنی کەم مەراقێکی لەم شێوەیە، مرۆڤەکان بەرەو ڕۆژانێکی چاک و ڕۆشن ئاڕاستە دەکات.
گەر بە دوایدا نەگەڕێیت، ناتوانیت بیشیدۆزیتەوە. وەک لە حەدیسێکی شەریفیشدا ئاماژەی پێکراوە، کەسێک کەوا لە ناخیدا ترس و نیگەرانی هەبێت، دەست بە گەشتی شەوانە دەکات و، بە شەونوێژ و فرمێسکی چاوەکانی تاج لەسەری بەرماڵەکەی دەنێت، کەسێکی بەم شێوەیە بە ئامانجی خۆی دەگات.
بەڵام گەر مرۆڤێک تەواوی شتەکانی ناو ژیانی بە ئاسای ئەژمار بکات، هیچ مەراق و خواستێک لە ناخیدا بوونی نەبێت، واتە نەڵێت” تۆ بڵێێت جگە لەمە هیچی تر بوونی نەبێت”، مەحکوم دەبێت بەوەی لە شوێنی خۆی خەریکی ژماردن بێت.
**
نۆژەنکردنەوەی ئەو قەڵایەی چەندین سەدەیە داڕماوە

نۆژەنکردنەوەی ئەو قەڵایەی چەندین سەدەیە توشی داڕمان بووە، ئەو مرۆڤانەی کەوا لە ڕوانگەی ڕۆح و واتاوە توشی ئیفلیجی بوون و، سەرلەنوێ گەڕاندنەوەیان بۆ ناسنامەی ڕەسەنی خۆیان، یاخود ئەوەی جارێکی تر ئاڕاستەی ژیانی دڵ و ڕۆحیان بکەیت، کارێکی هەروا ئاسان نیە. تەنانەت نۆژەنکردنەوەی ئامێرێکی سادە، زانست و ئەزمونێکی زۆر جددی دەخوازێت.
خۆ گەر ئەمەی پێویستی بەو نۆژەنکردنەوە هەیە، بوونەوەرێکی وەک مرۆڤ بێت کەوا لە ڕوانگەی بەها مەعنەویەکانیەوە ژێراوژوور بووە، هیچ گومانی تێدا نیە کەوا کۆشش و هەڵمەتێکی زۆر جددی تری دەوێت.
بەڵێ، چاکسازی لە دڵی گشتیدا کەوا توشی وێرانکاری بووە، سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی ئەو هەیەجانانەی کەوا خامۆش کراون، بەدەستهێنانی شعوری ئیسلام کەوا ون بووە، هەوڵ و کۆششێکی زۆر جددی دەخوازێت.
موسوڵمانگەلێکی ڕووکەشگەرای وەک ئێمە کەوا لەو کاتەی دەست لەسەر سنگ لەبەردەم الله وەستاوە و، نازانێت ئەو شوێنەی لێی وەستاوە کوێیە، ناتوانێت بەسەر ئەم هەموو وێرانەیەدا زاڵ ببێت.
ئەگەر ئێمەش موسوڵمانێتیەکەمان هەر چەشنی ئەوە بێت کە لە مرۆڤە سادەکاندا بەدی دەکەین، ئیدی نەک ئەوەی قەڵایەکی نۆژەن بکەینەوە، تەنانەت لە نۆژەنکردنەوەی ناخی خۆشماندا سەرکەوتوو نابین. چونکە لە ڕاستیدا، موسوڵمانگەلێکی ڕووکەشگەرا، کێشەیەک لە بەردەمیاندا نیە هەتا بتوانن چارەسەری بکەن. زۆر کاتیش کەسانێک کەوا بە ناوی موسوڵمانێتیەوە شەڕ دەکەن، هەمان شەڕی موسوڵمانە ڕووکەشگەراکان دەکەنەوە.
بە داخەوە کەسانێکی نەزانی وەها هەیە، پێیان وەهایە لە ڕێگەی خۆ تەقاندنەوە، کوشتنی منداڵ و خەڵکەوە دەتوانن بە شوێنێک بگەن ، لەلایەکی تریشەوە کەسانێکی بێ خەم هەیە، کە خۆیان بە دەم دەستەوسانییەکی زۆر جددیەوە داوە.
وەک چۆن لە ڕێگەی توندوتیژی، تیرۆر و کاری دڕدانەوە ناتوانیت بگەیت بە هیچ شوێنێک، لە ڕێگەی دەستەوسانی و نەبوونی هەست و هەیەجانیشەوە ناتوانیت بە هیچ شوێنێک بگەیت.
کەسانێکی لەم شێوەیە، نەک ئەوەی قەڵایەک کەوا چەندین سەدە داڕماوە نۆژەن بکەنەوە و بەها ڕووخاوەکان سەرلەنوێ بخەنەوە سەرپێ، پێم وایە تەنانەت سەرفراز بوونیان لە نۆژەنکردنەوەی برینەکانی ناو ڕۆحی خۆیشیان کارێکی مومکین نەبێت.
لەم ڕوانگەیەشەوە کەسانێک کەوا ژیانی خۆیان بۆ چاکسازی تەرخان کردووە، پێویستە چاوێک بە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ الله و چۆنیەتی بەندایەتیەکەیاندا بخشێننەوە.
پێویستە بەندایەتی خۆیان، بە تێبینی ئەوەی جەنابی حەق دەبینن یاخود لەلایەن جەنابی حەقەوە دەبینرێن، ببەستنەوە.
هەربۆیە پێویستە تەواوی ئامرازەکانی نێوانیان بسڕنەوە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەوڵی فەراهەمکردنی هەماهەنگی لەگەڵ سەردارماندا بدەن، هەوڵی چوونە ناو دونیای ئەو و، خوێندنەوەی موسوڵمانێتی ناو دونیاکەی ئەو بدەن.
لە جیاتی شوێنکەوتنی کەسانێک کەوا مێزەرێکیان لەسەر کردووە و جبەیەکیان بە پشتیاندا داوە و ڕیزی پێشەوەیان گرتووە، پێویستە هەریەک لە حەزرەتی ئەبوبەکر، عومەر، عوسمان و عەلی بە نمونە وەربگرێت و، لە دوای ئەوانەوە ملی ڕێگە بگرێت.
بە کەسانێکەوە گیر نەخوات، کە چەشنی ئەوەی لەسەر شانۆ ڕۆڵێک بگێڕێت و، لە فیلمێکدا ڕۆڵی کەسایەتیەکی دیاریکراو ببینێت، بە شێوەیەکی ڕووکەشگەرانە ئەرکە دینیەکان ئەنجام بدات؛ پێویستە ڕاستەوخۆ چاوی لەسەر سەردەمی خاوەنی کۆتا پەیام بێت، ژیانیان لەسەر ڕێچکەی ئەو بگوزەرێنن.
ئەو کەسانەی خۆیان بۆ چاکسازی و نۆژەنکردنەوە تەرخان کردووە، لەلایەک پێویستە خاوەنی وزەیەک بن کە بڕانەوەی بۆ نەبێت و، لەلایەک پێویستە خاوەنی هەیەجانێکی هێندە قوڵ بن، کە توشی ماندوویەتی نەبن و لە ڕێگا بەجێ نەمێنن.
بە هەمان شێوەیە پێویستە دونیای دڵیان هێندە پاك ڕابگرن، هەمیشە ئامادەی ڕووکردنە جەنابی حەق بن.
ئەو شتانەی باسی دەکەن، زیاتر لە قسە، ئەمانەتی حاڵی خۆیان بکەن. چونکە بابەتێک کەوا نەکرابێتە ماڵی دڵ و لە ڕوانگەی حاڵەوە نوێنەرایەتی نەکرێت، ڕەنگدانەوەی لە سینەی مرۆڤەکاندا مومکین نیە.
وەک چۆن دابار بەسەر ڕۆحە مردووەکان و دڵە پیسەکاندا نابارێت، دڵانێکی خامۆش و دەماغگەلێکی لە کارکەوتوو، شتێکی پێ نیە کەوا بە مرۆڤەکانی ببەخشێت.

ئەگەر خوازیاری ڕزگاری بین لەو تاریکیەی کە ماوەی ٣-٤ سەدەیە تێیدا دەژین، پێویستە جارێکی تر روو لە پەروەردگار بکەینەوە، ئەویش بە قودرەتی فراوانگیری خۆی، بە خواستی بێ خەوشی خۆی، ڕوومان تێ بفەرموێت و دونیا و ئاخیرەتیشمان ڕۆشن بکاتەوە.
ئێوە چەندێک ویژدانتان بە ڕووی جەنابی حەقدا بکەنەوە، سینە و دڵی مرۆڤەکانیش بەو ڕادەیە بە ڕووی ئێوەدا دەکرێتەوە. ئێوە چەندێک ڕووتان لە حەق بێت، خەڵکیش بەو ڕادەیە ڕووی لە ئێوە دەبێت. گەر ئەمڕۆش نەبێت، ئەوا سبەینێ بە بێ گومان!…

ڕووکەش پردێکە بەرەو حەقیقەت دەڕوات
لە حاڵێکی لەو شێوەیەی باسمان کرد، ئەو موسوڵمانانەی نەیانتوانیوە خۆیان لە شکڵ و شێوازی تەشریفاتی ڕزگار بکەن، ئایا تەواوی عیبادەتەکانیان بۆش و بەتاڵ دەبێت؟
ناتوانین ئەمە بڵێین. بە پێچەوانەوە ڕووکەش پردێکە بەرەو حەقیقەت دەڕوات. بەڵام دواتر، دەستهەڵنەگرتن بەوەی لە قۆناغی سەرەتایی یاخود ئەو موسوڵمانێتیەی لە کۆرسی فێربوونی خوێندنەوەی قورئاندا وەریدەگرین، زۆر گرنگە. پێویستە بەسەر ئەم پردەدا بپەڕێینەوە، هەوڵی گەشتن بە حەقیقەت بدەین. زاناکانی ئەهلی سونە، ئیمانی تەقلیدییان بە شتێکی پەسەندکراو قبوڵ کردووە.
ئەی ئیمانی تەقلیدی چیە؟
بریتیە لەو ئیمانەی کە خودی خۆی نەیدۆزیبێتەوە، هەستی پێنەکردبێت و لە ناخیدا جێگەی نەگرتبێت و، وەک بەشێک لە قوڵایی سروشتی لێنەکردبێت، هەر ئەوە بێت کە لە بابوباپیرانیەوە بۆی مابێتەوە یاخود بۆیان باس کردبێت و بەو شێوەیە بژی.
زاناکانی ئصولی دین ئەم ئیمانەیان قبوڵ کردووە. لەبەرچی؟
چونکە ئەمە قۆناغی یەکەمی ڕێبوارانی سەر ئەو ڕێگایەیە و، پردێکە بەرەو قۆناغی داهاتوویان دەگوازێتەوە. پێویستە مرۆڤ بەسەر ئەم پردەدا بپەڕێتەوە و بگاتە حەقیقەت.

خۆ گەر نەوتوانی بگەیت بە حەقیقەت، هەمیشە لە شوێنی خۆتدا خەریکی ژماردن بوویت، ئەوا بە گوێرەی تێڕوانینی چاوپۆشیکەرانە و بەرفراوانی ئەهلی سونەت، مرۆڤەکە ڕزگاری دەبێت، بەڵام پێویستە ئەوەش لە یاد نەکەیت، کە هەمیشە ئەگەری هەڵخلیسکانت لەبەردەمدایە.
ئەوانەی لەسەر پردی تەقلید(لاسایکردنەوە)دەوەستن، زۆر جار قەدەر و چارەنوسیان وەهایە لەگەڵ ڕوخانی پردەکەدا ئەوانیش دەڕۆن و تیادەچن. الله هیچ کەسێک مەحکومی ڕوخان و تیاچوونی لەم شێوەیە نەکات.
بەڵێ پێویستە بە موسوڵمانێتی ڕووکەشگەرانە دەست هەڵنەگرین، بە شێوەیەکی بەردەوام بە دوای بەندایەتی ڕاستەقینەدا بگەڕێین.
لە ڕاستیشدا وەک ئەوەی حەزرەتی پیر ئاماژەی پێداوە، مانەوەی مرۆڤ لە شوێنی خۆیدا و قایل بوونی بەو شوێنەی کە تێیدایە، بە ئاست نزمی هیمەت ئەژمار دەکرێت.

ئەوەی لەگەڵ ئاستی مرۆڤدا یەک دێتەوە بریتیە لەوەی بەرەو ئاسۆی ” لەمە زیاتر نیە؟” بکرێتەوە، بە دوای بلاجکتۆرێکدا بگەڕێت کەوا هەموو شتێکی بە ڕوون و ڕەوانی پشان بدات.
لەمەشدا بێ ئەوەی بە فڵان و فیسارەوە گیر بخوات، بێ ئەوەی بە قاوغ و مێزەر فریو بخوات، پێویستە ڕوو لە خولگەی ڕاستەقینە بکات. ئەو شوێنەی کە پێویستە تێی بڕوانێت، بریتی نیە لە ڕووکەش و جلوبەرگ، بەڵکو پێویستە سەیری دڵەکان، هەیەجانی ناو سیماکان، فرمێسکەکانی چاو و ڕاستگۆیی ناو دڵەکان، بکات.
هەربۆیە ئەو مرۆڤانەی دەبێت شوێنیان بکەویت، پێویستە تەواوی ئەم سیفەتانەی تێدا بێت. چونکە ئەو ڕێگایەی ئەوانەی بەسەردا دەڕۆن، بە الله تان دەگەیەنێت.
داهاتوو، ئەمانەتی دەستی بەندە دۆسیەکانی خودایە. ئەوان، کەسانێکن کەوا هەست بەوە دەکەن کە تا چەندە پەیوەندیان لەگەڵ الله هەیە، بە گوێرەی ئەمە هەنگاو هەڵدەگرن.
ئیمانیان لە ڕێگەی کردار و چالاکیەوە گۆش دەکەن، پاشان لە ڕێگەی ئیحسانەوە تاجی لەسەر دەنێن.
بە شێوەیەکی بەردەوام بە دوای لەگەڵ ئەدا بوون(معیة) ڕادەکەن، بە دوای ڕێگە نزیکەکانی گەشتن بە الله و پێغەمبەر دەگەڕێن. لەگەڵ هەموو لێدانێکی دڵیاندا، هەست بە الله دەکەن. تەنیا بیرکردنەوەیەک کەوا لەسەر دونیای هەست و هزری ئەوان تەختی خۆی داناوە، ئەو ئیسلامەی ئەمانەتی سەردارمان کراوە، بە تەواوی کامڵیەت و تەواوەتی خۆیەوە، بژین و لە ژیانی کەسانی تریشدا جێگەی بکەنەوە.
هەربۆیە لەگەڵ هەموو هەستان و دانیشتنێکیاندا گوزارشت لە الله دەکەن، هەمیشە هەر باسی “سوحبەتی جانان” دەکەن.
بە هۆی ئەو جددیەتەی لە کردار و هەڵسوکەتیاندا هەیە، هەرکەسێک سەیری سیمای ئەوان دەکات، بیری الله ی دەکەوێتەوە.
ئەم بابەتەش کەوا کەسانی پێشین دەستیان پێی کردووە و، ئێوەش بە شێوەیەک لە شێوەکان هەوڵی بەڕێوەبردنی دەدەن، کەسانێک کەوا لە ڕێگەی ڕەزامەندی الله وە تاجی لەسەر دەنێن، بەندەکانی دۆستی خودایە. داهاتوو لە ڕیگەی ئەوانەوە ئاوەدان دەکرێتەوە. الله ئێوەش لەو جۆرە کەسانە بگێڕێت.
**
مژدە بێت لە کەسە نامۆکان!

سەردارمان لە یەکێک لە حەدیسە شەریفەکانیدا دەفەرموێت:
بَدَأَ الْإِسْلَامُ غَرِيبًا وَسَيَعُودُ غَرِيبًا كَمَا بَدَأَ، فَطُوبٰى لِلْغُرَبَاءِ الَّذِينَ يُصْلِحُونَ مَا أَفْسَدَهُ النَّاسُ

واتە ئیسلام بە نامۆیی دەستی پێکرد، ڕۆژێک دێت دیسان نامۆ دەکەوێتەوە، مژدە بێت لەو کەسە نامۆیانەی، خەریکی نۆژەنکردنەوە و چاکسازین لەو شتانەی خەڵکی تێکیان داوە…
(المسند، احمد ابن حنبل)
ئیسلام لە ڕێگەی کەسە نامۆکانەوە دەستی پێکرد. لە ڕاستیشدا مرۆڤەکانی سەردەمی نەزانی کە سەریان بۆ بتەکان و پەیکەرەکان دانابوو، بابەتی ئەوەی لە دینی یەکتاپەرستی تێبگات و، لە پەیامەکانی سەردارمان حاڵی ببێت، ڕوو لە جەنابی حەق بکات، لە کاتی ئەم ڕووتێکردنەشدا هەست چێژ و لەزەتی ئەو بابەتە بکات، کارێکی مومکین نەبوو.
سەرداریشمان، لەم فەرمودەیەدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو ئیسلامەی لە بیابانێکی نامۆیی لەو شێوەیەدا لە دایک بووە و گەشەی کردووە، سەردەمانێکی بەسەردا دێت، دیسان نامۆ دەبێتەوە، بەڵام کەسانێک کەوا لەو سەردەمەدا خەریکی چاکسازین لەو شتانەی مرۆڤەکان تێکیان داوە، کەسانێک کەوا بە فکری ” تۆ بڵێیت بتوانین جارێکی تر تیمسالی ڕۆحمان بونیاد بنێینەوە؟” خۆیان سەرقاڵ کردووە، لەلایەن سەردارمانەوە مژدەیان پێدراوە.

کەواتە ڕێگای گەشتن بە مژدەیەکی لەم شێوەیە، بریتی نیە لەوەی دەستەوسانانە لە شوێنی خۆمان بوەستین، بەڵکو بریتیە لەوەی هەمیشە لە هەوڵ و کۆششدا بین و زۆر لە هاتنی بەهار بکەین.
وەک چۆن ئەو مرۆڤانەی خۆیان فڕێداوەتە ناو بێ خەمییەوە لەناو دەچن، لە هەمان کاتدا زۆر دەرد و کێشە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان بەجێدەهێڵن.
بەڵام ئەوانەی لەم دونیا دان بە خۆیاندا دەگرن و ئاستێکی جوان پێشکەش دەکەن، وەک چۆن لە دوای هاوەڵانی سەردارمانەوە شوێنێکیان بۆ خۆیان گرتووە، لە هەمان کاتدا دونیایەکی چاک بۆ نەوەکانی دوای خۆیان بەجێدەهێڵن.
لە کاتی ئێستاشدا چەند ئاماژەیەکی دەرکەوتنی کازیوە بەدەرکەوتووە. هەربۆیە تەواوی شتەکان لە تاریکیدا نابینم.
لە حاڵی ئێستادا موسوڵمانان، دەستیان کردووە بە حونجەکردنی ئەو بەهایانەی لە ڕەگی ڕۆح و واتاکانیانەوە چۆڕاوەی بەستووە.
لە هەموو حاڵێکدا ڕۆژێک دێت بەیتەکانی ئەو هۆنراوەیە تەواو دەکەن و، قافیەیەکی جوانی بۆ دادەنێن. هیوادارم قافیەی ئەو هۆنراوەیەش محمد – درود و سەلامی خودای لەسەر بێت- بێت.

117 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە