هەواڵوتاری هەفتانەی م.فەحوڵڵا گولەن

گەنجان و ئەمانەت!

وتاری هەفتانەی م.فەتحوڵڵا گولەن 06.01.2020


ساڵانێک لەمەوبەر چاوم بە جۆن ئۆکۆنەر کەوت. باسی ئەوەمان دەکرد کە نەوەی نوێی گەنجان لە الله و پێغەمبەرانی دوور دەکەونەوە… ئەویش سەرزەنشتی دەکرد و، تەنانەت قسەیەکی کرد کە لەگەڵ ئاستی پیاوێکی خاوەن تەربیەتی وەک ئەو یەک نەدەهاتەوە.
وتی” لە حاڵی ئێستادا هەرگیز حەز ناکەم من لە شوێنی خودا بوومایە”.
منیش بە نەزاکەتەوە، چەند قسەیەکم بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم جۆرە تێڕوانینەی ئەو ئەنجامدا، وتم کاردیناڵێکی وەک ئەو کە هەموو تەمەنی لە پێناو ئەو ڕێگایە خەرج کردووە، گوزارشتێکی لەو شێوەیە لە بابەتی ئولوهیەتدا، قسەیەکی شیاو نیە.
ئەویش لە وەڵامدا وتی” ئێوە ڕاست دەکەن، من هەڵەم کردووە”.
پیاوێکی زۆر خاوەن تەربیەت بوو.

بەڵێ گەنجانی ئێرە، حاڵی دوورکەوتنەوەیان لە پەرستگاکان هەیە.
ئەم قسانەم لەبەر ئەم شتانە کرد:
کەسێک هاتە ئێرە و زۆر پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە خۆمان لە توانەوە(ئەسیملاسیۆن) بپارێزین، وتی لەناو ئەم کۆمەڵگایەدا مەتوێنەوە، پارێزگاری لە بەهاکانی خۆتان بکەن، زۆر کۆمەڵگای جیاوازی تر کە پێش ئێوە هاتنە ئێرە، لە نێو کۆمەڵگای ئەمەریکادا توانەوە، گلەیی لەم حاڵە کرد و، پێشنیاری ئەوەی بۆ کردین کە لە شوێنی خۆمان بمێنینەوە و، زۆر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گۆڕانکاری بەسەر خۆماندا نەهێنین.

پێموایە گەر ئێوەش خۆڕاگرانە بوەستن، ئەوا گۆڕانکاریتان بەسەردا نایەت، گەر لە بەرامبەر توانەوە(ئەسیملاسیۆن) بە شێوەیەکی خۆڕاگرانە بوەستن، توشی حاڵێکی لەو شێوەیە نابن…
بێگومان وەک تاکێکی ئەم کۆمەڵگایەش ئەم کارانە دەکەن، لە بناغەوە وەک تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە ئەم کارە دەکەن.
ئێرە کۆمەڵگای ئەمەریکایە. ئیدی لە هەر شوێنێکەوە هاتبێتن، ئیدی لەمەودوا تاکێکن لە کۆمەڵگای ئەمەریکا.
پێویستە لە ئەرکەکاندا هیچ کەموکورتیەک نەنوێنن، بەڵام بابەتی ئەوەی هەموو کەسێک پارێزگاری لە بەهاکانی خۆی بکات، ئەمەیان بابەتێکی ترە.
ئیدی بە تەواوی وردەکاریەکانەوە.
پێویستە هیچ کارێکی قاچاغ ئەنجام نەدرێت، بۆ نمونە کاتێک نوێژەکانمان دەکەین، نابێت بیر لەوە بکەینەوە کە ئەوان سەبارەت بە ئێمە بیر لە چی و چی دەکەنەوە، نابێت بڵێین” باشترین شت ئەوەیە کاتێک لەگەڵ ئەماندا بووین، نوێژەکانمان نەکەین”.
یاخود ئەوەی دەستەی خانمان بڵێن: گەر سەرمان دابپۆشین، ئەوا بەرامبەرمان هەڵوێستێکی جیاواز وەردەگرن…
لە ڕاستیشدا لە پاڵ ئەوەی کە دەبێت بە شێوەیەکی توندوتۆڵ وابەستەی بەهاکانی خۆمان بین، لە هەمان کاتدا گەر ڕێز لە بەها دینی و میلیەکانی ئەوانیش بگرین، ئەو کاتە دەبینە جێگەی ڕێز.
کاری قاچاغ لە مرۆڤەکاندا شێوازێک لە سڵەمینەوە دروست دەکات، وەهایان لێدێت دەڵێن:
ئەمانە خەریکی چین؟ چی گۆبەنێکیان بە دەستەوەیە؟ وەهایان لێدێت ئەم جۆرە قسانە دەکەن.
بەڕای من، خۆمان هەرچیەک بین ئەوە پشان بدەین، بەڵام ئەو شێوازەی خۆمانی پێ دەردەبڕین، نابێت ببێتە ڕێگر لەوەی ڕێز لە بەهاکانی ئەوان بگرین.
لەوە دەچێت ئەم هەژارە، بە شێوەیەکی کۆڵەوارانە پێشتر ئەم شتانەم عەرزی ئێوە کردبێت:

ئەگەرچی لەوەش دەچێت قسەکانی من نرخێکی نەبێت.
ئێوە لە من باشتر شتەکان دەزانن و، خۆتان لەناو خودی کارەکەدان، جەنابی حەق پاداشتی هەوڵ و کۆششەکانتان بداتەوە.
من ساڵانی شەستەکان، لە ئیزمیر سێهەم کەمپی خۆمم ئەنجامدا، بەڵام لە کەمپی سێهەمیشدا هێندەی ئێستا کەس کۆ نەبوو بوویەوە.
تەنیا لە یەک شوێندا کەمپ ئەنجام دەدرا.
ئەمەش سەرکەوتن و لوتفێکە کەوا جەنابی حەق پێشکەشی هەوڵ و کۆششەکانی ئێوەی کردووە.
بەڵێ، لە وڵاتی خۆماندا، کە هەموویان موسوڵمانن، من ئەو کاتە بەڕێوەبەری بەشی ناوخۆیی کەستانەپازاری بووم، لەوێ ٢٠٠ خوێندکاری لێبوو.
کەواتە ئەو کاتە تەواوی ئەوانیشم پێنەبردراوە بۆ ئەو کەمپە.
کەسانێک لە دەرەوە هاتبوون، لە نێو چادرەکاندا کەمپێکمان ئەنجام دەدا.
بەڵام جەنابی حەق ئیحسانی لەگەڵدا کردین؛ ئێستا لە هەلومەرجی مۆدێرنەدا، کەمپەکان بە شێوەیەکە کەوا هەموو کەسێک هەلی بەشداریکردنی هەیە، شوێنی خواردن، خواردنەوە، خەوتن هەیە…
لەوە دەچێت بەلای ئێوەوە سەیر بێت، بەڵام لە کەمپی یەکەم و دووهەمدا، خۆم خواردنم دروست دەکرد.
٦٠ خوێندکار، ٧٠ خوێندکار، ١٠٠ خوێندکار، خۆم خواردنم بۆیان دروست دەکرد.
دوێنێش کەسێک شتێکی ئەو کاتەی بیر خستمەوە، وەک نوکتە دەمانگێڕایەوە، هەرکاتێک شیرینی سوتلاجم دەکرد، لەبەردەم چادرەکەی خۆمدا دادەنیشتم، قاپیان دەهێنا و منیش بۆم تێدەکردن. کەوگیرێکم بە دەستمەوە دەگرت و، ئەوانیش قاپ و کەوچکی خۆیان دەهێنا، من لەگەڵ ئەوەی کەوگیرێک سوتلاجم دەکردە قاپی هەریەک لەوانەوە، لە هەمان کاتدا دەموت:
اِشْرَبِ الْحَلِيبَ، صَلِّ عَلَى الْحَبِيبِ
ئەوانیش ئەمەیان زۆر پێ خۆش بوو.
دەموت:
شیر بخۆرەوە و سەڵەواتێک لەسەر پێغەمبەری خودا بدە.
بەڵام هەلومەرجەکانی مۆدێرنە، وەها دەکات کە ئەم کارانە باشتر و ئاسانتر ئەنجام بدرێن، ئیدی نە باوک و دایکان، نە خوێندکارەکان، هیچ شتێک بوونی نیە کە لێی بسڵەمێنەوە… شتێک نیە نیگەرانی ببن.

سوپاس بۆ خودا، ئینجا ئەم هەموو مرۆڤە کە کۆبۆتەوە.
ئەمەش تەواوی مرۆڤەکانی ناو ئەو کایەیە نیە. لە ویلایەتە جیاوازەکان، هەمان پرۆگرام ئەنجام دەدرێت. هەریەک لە هاوڕێکانی ناو ئەم بازنەیە، هەریەکەیان بەشدارییان لە یەکێک لەو پرۆگرامانە کردووە. هەتا ئێستاش بەردەوامن لەوەی بەشداری لەو جۆرە پڕۆگرامانە بکەن.
بەڕای منیش پشاندانی جوانیەکانی موسوڵمانێتی، پشاندانی جوانی سیستەمی ئەو دینەی کە پێغەمبەری خودا هێناوێتی، پشاندان و نمایشکردنیان لێرە، کارێکی زۆر گرنگە.
تەواوی مرۆڤەکان بە پیر و گەنجەوە، یاخود خوێندکارانی ناوەندی و دواناوەندی، زانکۆکان، یاخود ئەو مرۆڤانەی ئێوە وتەنی: ئەو کەسانەی بە بینینیان چاوتان دەگەشەێنێتەوە…
لە هەمان کاتدا دەشێت هەموو کەسێک لەسەر ئاستی ئێوە، خوازیاری ئەو کارە نەبێت، بەڵام ئەو هەستی هەرەوەزییە، دەگونجێ هەموو کەسێک بهێنێتە سەر ئەو ڕێچکەیە.
واتە خوازری پێکەوە بوون بن… ئەنجامدانی نوێژی جەماعەت و مەشروعیەتی ئەم کارە.
تەنانەت زانایەکی وەک ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، نوێژکردن بە جەماعەت، بە یەکێک لە ڕوکنەکانی نوێژ ئەژمار دەکات.
هەروەها قەولێکی تری هەیە کە نوێژی جەماعەت بە واجب دەزانێت.
بابەتی ئەوەی کەسانی ناو ئەو جەماعەتە، شانیان بدەن بە شانی یەکدیەوە، ئەو هەیەجانەیان پێکەوە بۆ دروست ببێت و، لەمیانەوە بگوازرێتەوە بۆ ئەوی تریان، ئەمەش هەستێکی گرنگی هەرەوەزی دروست دەکات و، لایەنێکی گرنگی ئەم بابەتەیە.

وەک لە وتەکانی حەزرەتی پیریشدا چاومان پێی دەکەوێت:
وەک چۆن ئێوە لێرەدا بازنەیەکتان دروست کردووە، هەروەها لە ڕیزی دواوە بازنەیەکی تر و، ڕیزی دواتر بازنەیەکی ترتان دروست کردووە، ئەم بازنانە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت، هەتا دەگاتە “سدرة المنتهی”.
هەتا بازنەی ناو فریشتەکان بەردەوامی دەبێت.
ئێوە هەرچیەک بڵێن، ئەوانیش دووبارەی دەکەنەوە.
ئەو شتانەی ئێوە کۆڵەوارانە دەیڵێن، چەشنی ئەوەی لەلایەن کۆرسێکی گەورە وترابێت، دووبارە دەکرێتەوە.
إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ
خودایە نەک هەر خۆم، تەواوی ئەم مرۆڤانەی لە نێو ئەم بازنەیەدا بوونیان هەیە، هەموومان پێکەوە تەنیا بەندایەتی بۆ تۆ ئەنجام دەدەین، هەروەها بە ناوی ئەنجامدانی ئەو بەندایەتیەشەوە، داوای یارمەتی تەنیا لە تۆ دەکەین.
دەبێت بابەتی نوێژی جەماعەت، بەم شێوەیە لەسەر ئاستێکی باڵا هەڵبسەنگێنین.

لێرەشدا دەبێت بابەتەکە تەنیا لە ڕووی یەک نوێژەوە وەرنەگرین.
ڕۆژانە نوێژەکان بە جەماعەت ئەنجام دەدرێن، لە کاتی نوێژی هەینی و جەژنەکاندا جەماعەتێکی جیاوازتر ئەنجام دەدرێت، لە ڕێگەی گۆڕینی فۆرماتی نوێژەوە، لێرەدا دەشێت گونجاو نەبێت ئەم بابەتە بە گۆڕینی فۆرمات ناو ببەم، بەڵام ئەمە تەقدیری جەنابی حەقە، نوێژی هەینی جیاوازە، نوێژی جەژنەکان جیاوازە، هەروەها نوێژی هەندێک لە شەوە پیرۆزەکان جیاوازە، هەروەها نوێژی ٥ فەرزەکەش جیاوازە، هەربۆیە گۆڕینی شێوازی هەریەک لەم نوێژانە، بە گوێرەی خۆیان تام و چێژێکی تایبەتی هەیە.
ئەمانە چەشنی خۆراکیە مەعنەویەکانن.
ئەوانەشی هەستیان بەمە کردووە، لە کاتی ئەنجامدانیاندا هەستیان بە جیاوازیەکانیان کردووە، لەم قسانەم تێدەگەن کە لێرەدا دەیکەم.
بەڵام ئێمە لە هەمان کاتدا هەوڵی ئەوە دەدەین، هەمان چێژ و حەزی ڕۆحانی، بە مرۆڤەکان، گەنجان، براکانمان، دۆستان، لایەنگران، هاوسۆزان و ئەوانەی لەسەر هەمان ڕێچکەی ئێمە دەڕۆن، تام پێ بکەین و ، هەمان حەز و چێژی ڕۆحانی بەوانیش بگەیەنین.
ئەو کارانەی ئێوە لەمڕۆدا ئەنجامی دەدەن، هەریەک لەو هاوڕێیانەی کە لە داهاتوودا ئەنجامی دەدەنەوە، لە ئێستاوە وەک ئەندازیارێک پێیان دەگەیەنن.
ئیدی ڕێگەی ئەوە نادەن کەسانێک بڵێن: لە دوای ئێوە چی دەبێت؟
ئەم هاوڕێیانە هەرچیەک بڵێن، هەر ئەوە ڕوو دەدات.
لەم ڕوانگەیەوە پێگەشتنی ئەوان، بابەتی ئەوەی فۆرمی خۆیان وەربگرن، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا، ئەوە پشان دەدات، کە ئەو ئەمانەتە هەرگیز بێ خاوەن نامێنێتەوە.

ئاکار و سیفات زۆر گرنگن. هەروەک لە حەدیسێکی شەریفیشدا هاتووە:
إِنَّ اللَّهَ لَا يَنْظُرُ إِلَى صُوَرِكُمْ، وَلَكِنْ يَنْظُرُ إِلَى قُلُوبِكُمْ

هەروەها لە لەفزێکی تردا وَأَعْمَالِكُمْ هاتووە.
واتە خودا سەیری شكڵ و شێوازی ئێوە ناکات. سەیری چیەتی، لایەنی فیزیکی، قەد و باڵا، ئەدا-ئەندامەکانتان، چرچیەکانی دەموچاوتان و، تێڕوانینە ئەفسوناویەکانتان ناکات؛ پێویستە بەم شێوەیە لە واتای حەدیسەکە تێبگەین.
سەیری هیچ کام لەمانە ناکات.

وَلَكِنْ يَنْظُرُ إِلَى قُلُوبِكُمْ

الله سەیری دڵەکانی ئێوە دەکات، پاشان سەیری کارەکانتان دەکات.
جل جلاله کاتێک ئێوە هەڵدەسەنگێنێت، بە گوێرەی ئەمە هەڵسەنگاندنتان بۆ دەکات.
لەم ڕوانگەیەشەوە کاتێک سەیری بابەتەکە دەکەین، لەوە دەچێت هەموو سیفاتێکی کەسی ئیماندار، سیفاتێکی ئیماندارانە نەبێت. بە خۆی دەڵێت ئیماندار، بەڵام لە بابەتی ئاکارە باڵاکاندا، هیچی بەرنەکەوتووە!

پەنا بە خودا، هیچ پەیوەندیەکی بە عیبادەت و گوێڕایەڵییەوە نیە، هەمیشە دەڵێت باوەڕی بە اللە هەیە، بەڵام لە بابەتی بەهێزکردن و هەڵسەنگاندنی ئەو پەیوەندیەی بە خوداوە، هیچ هەوڵ و تێکۆشانێکی نیە.
لە هەمان کاتدا درۆ و بوختان دەکات، وەک هەواڵدەر و کارمەندەکانی ناو مێدیای ئەمڕۆمان، دەبینین کە هەمیشە درۆ و بوختان دەکەن، لەم دژیەکەوە بەرەو ئەو دژیەک هەنگاو دەنێن، شتانێکی پێچەوانەی یەکتر دەڵێن، لەمەوە بۆ سەر ئەو دەڕفن و، لەوێشەوە بۆ سەر شوێنێکی تر دەڕفن، هەمیشە خەریکی باڵەفرتێن و، ئەمانە لە ڕۆژگاری ئێستاماندا بوونی هەیە.
تەواوی ئەمانەش سیفاتی کەسانی کافرە، تەواوی ئەم شتانەی ئەنجامی دەدەن…
بابەتی ئەوەی هەستی نەفرەت بەرامبەر ئەم سیفەتانە دروست بکرێت، یاخود فەراهەمکردنی هەستی بوونە مرۆڤی کامڵ ، سەرڕاستی و ژیان بە هەستی خۆڕاگری لەسەر ڕێگەی ڕاستەوە، زۆر گرنگە.
وەک ئەوەی لە یەکێک لە پەندەکانی پێشینانماندا هەیە، ئەوانەی شارەزای کەلتوری خۆمانن ئاگاداری ئەم بابەتەن، بەڵام ئەوانەی لێرە گەورە بوون، لەوە دەچێت ئەم پەندەیان نەبیستبێت کە دەڵێت:
مۆمی درۆزن هەتا سەر لەئێوارە بڕ دەکات.
بوختانیش بە هەمان شێوەیە، لەکەدارکردنی کەسێکی بەو شێوەیەیە، دووبەرەکی خستنەوەش بە هەمان شێوەیە، غەیبەتکردنی کەسێکیش بە هەمان شێوەیە، ئیدی چەند شت هەبێت کەوا بە ئاکاری خراپ ناوی ببەین، چەندە ڕەوشت و خووی خراپ بوونی هەبێت، تەواوی ئەمانە چەند هەنگاوێک لە کوفرەوە دوورن.
پەنا بە خودا گەر مرۆڤ بە شێوەیەکی گوێمەدەرەییانە ئەم جۆرە کردارانە دووبارە بکاتەوە، بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت، شڵپ خۆی لە ناوەڕاستی کوفردا دەبینێتەوە.
هەربۆیە تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی دەفەرموێت:
بۆ نمونە کەسێک کە درۆ دەکات، یاخود شتێکی درۆ دەنوسێت، کاتێک لە ڕێگەی درۆ و بوختانەوە کەسێک لەکەدار دەکات، لە دڵیدا لەکەیەک دروست دەبێت، لێرەشدا کاتێک ناوی “دڵ” دەبەین، مەبەست لە ڕەهەندی مەلەکوتی ئەو ئەندامە سنەوبەرییەیە، کە لە هەناوماندا پەمپ لە خوێنی لاشەمان دەدات.
ئەگەرچی “دڵ” لە سنەوبەریش ناچێت؛ هێندە ئەندامێکی بێ خەوش و کامڵە! ئەویش لەنێو ئەنەتۆمی خۆیدا، هێندە ئامانج/کارکردێکی جیاوازی هەیە، هەر مەپرسە!
کاتێک تەواوی ئەم شتانە لەبەرچاو دەگرین، چەشنی کاکڵەی ناوەڕۆکی تەواوی گەردونە!
ئەمانەم لە نێو کەوانەیەکدا وت.

ئیدی لەسەر ئەو دڵە مەعنەویە لەکەیەک دروست دەبێت.
هەر لەکەیەکیش کە لەسەر دڵ دروست دەبێت، بانگهێشتە بۆ هاتنی لەکەیەکی تر!
ئیدی کاتێکی بەسەردا دێت، کە چیدی گوێی لە حەق نابێت.
بەرامبەر کاری خراپەش، هەست بە ناڕەحەتی ناکات.
ئیدی هەرچیەکی بوێت ئەنجامی دەدات، دیسان هەڵدەستێت و دەست بە سەما دەکات.
پێویستە لەم بابەتەدا خۆڕاگرانە بوەستین، بەهاکانی خۆمان بپارێزین، لە بەهاکانی خۆمان دوور نەکەوینەوە. بە پشتیوانی خودا.
ئیدی مرۆڤ وەهای لێدێت وەک بەشێک لە قوڵایی سروشتی خۆی لێدەکات و، بە شێوەیەک لە نێو خۆیدا هەرسی دەکات، چەشنی خواردن، خواردنەوە، خەوتن، پێداویستیە مرۆییەکانی تر و غەریزە مرۆییەکان، بێ ئەوەی بیر لە فەرمان و یاساکانی ئەو بابەتانە بکاتەوە، وەک داخوازیەکی سروشتی خۆی لێدێت، کە لە ناخەوە پاڵی پێوە بنێت، هەمیشە بەرەو ئەو ئاڕاستەیە هەڵی دەنێت، بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت.
ئیدی ئەو نوێژ و ڕۆژوویەی ئێمە ئەنجامی دەدەین… کەسێک ئەمانەی کردبێتە بەشێک لە سروشتی خۆی، ئەم کارانە بە گوێرەی فەرمانەکانی ئەو بابەتە ، یاخود بە گوێرەی ئاڕاستەکردنی ئەو فەرمانانە ناکات،بەڵکو لەو کەسەدا وەک خو و ڕەوشت و پێداویستیەکی لێدێت، کە دەبێت ئەنجامی بدات.
بۆ نمونە کەسێک کە هیچ نوێژی تەهەجودی ئەنجام نەدابێت، گەر ماوەی ٦ مانگ ئەم نوێژە ئەنجام بدات و، ڕۆژێکی بەسەردا بێت بیفەوتێنێت، پێموایە کە لە خەو هەستا، یەکسەر بە قەزا دەیگێڕێتەوە.

من لەو باوەڕەدام بەو شێوەیە بێت.
ڕێک وەکو ئەمە، هەروەها گەر نوێژێکی ئەوابین بفەوتێنێت، خۆ ئەمانە وەک نوێژە فەرزەکان نین، ئەمانە بە “نافلة’ یاخود نوێژە زیادەکان ناو دەبەین، لە ڕاستیشدا هەر ئەم نوێژانەن کە دەبنە هۆی نزیک بوونەوەمان لە خودا.
هەربۆیە جەنابی حەق لە یەکێک لە حەدیسە قودسیەکانیدا دەفەرموێت:
هەر بەندەیەک کەوا فەرزەکانی لەگەڵ نوێژە نافیلەکان ئەنجام بدات، دەبمە ئەو چاوەی کە پێی دەبینێت، ئەو گوێیەی پێی دەبیستێت، ئەو دەستەی شتی پێدەگرێت، ئەمانەش دەستەواژەگەلێکی لێکچواندنن.

واتە دەفەرموێت: بە هەمان شێوە، بە زیادەوە وەڵامی دەدەمەوە…

بە هەمان شێوە، کەسێک گەر بە شێوەیەکی بەردەوام ئەم کارانە بکات، وەک بەشێک لە سروشتی ئەو کەسەی لێدێت و بەردەوام ئەنجامی دەداتەوە.
کارە چاکەکانیش بە هەمان شێوەن، خراپەکانیش بە هەمان شێوەن.
هاوڕێ بە وەفاکانی ئێوە، بە ڕووی شوێنە جیاوازەکانی دونیادا کرانەوە. جانتاکانیان گرت بە دەستیانەوە و ڕوویان لەو شوێنانە کرد.

بوونی هەر شێوازێک لە چاوەڕوانی شتی دونیایی، کارە ئاخیریەتیەکان و تەنانەت کارە دونیایەکانیش نەزۆک دەکات.
بەڵام ئەوان لەم کارانەیاندا، نە چاوەڕوانیەکی دونیایی، نە چاوەڕوانیەکی ئاخیرەتییان هەبوو.
وتیان بە ئامانجی ئەوەی برایەتی دونیا بە هەر چوار دەوری دونیا ڕابگەیەنین، وتیان بە مەبەستی ئەوەی پەیامەکانی سەردارمان بە هەموو دونیا بگەیەنین، هەر شوێنێک بێتە بەردەممان دەڕۆین!
پاشان ئەمە شتێکی وەها شیرین و شەکر و شەربەتی لێدەرچوو، هەر مەپرسە!

من ئەو کاتەشم بیرە، کە تیروپشك بۆ ناوەکانیان ئەنجام درا، هەروەها سەردەمی دواتر کە لە ڕێگەی ئامێرەوە تیروپشکەکەیان ئەنجامدرا.
هێندە ژمارەیان زۆر بوو کە چیدی ناوەکانیان لە کڵاوێکدا جێگەی نەدەبوویە هەتا تیروپشکی بۆ ئەنجام بدرێت، هەموو ساڵێک هێندە کەس دەچوونە وڵاتانی دەرەوە.
منیش سەرم سوڕ دەمێنێت، هەموویان چوون و خوێندنگەیان کردەوە، ماوەی ٢٠-٣٠ ساڵە لە کارەکانیان بەردەوامن، لە هەندێک شوێنیش ماوەی ٤٠ ساڵە، لە هەمان کاتدا لەسەر زەمینی خۆشەویستی، هەوارگەی خۆیان هەڵداوە.
لەلایەن هەموو کەسێکەوە بە شێوەیەکی جوان، پێشوازییان لێکراوە.
ئیدی بیر لە کەسانێکیش بکەنەوە، کە لەمڕۆدا پڕۆگرامی ژیانی خۆیان بە گوێرەی دوژمنایەتی، کینە و نەفرەت داڕشتووە، ماوەی چەندین ساڵە، بە شێوەیەکی ئاشکرا و نائاشکرا، هەوڵی وێرانکردنی کارەکانیان دەدەن.
هاوڕێکانمان و هاوڕێ گەنجەکانمان، ئەو گەنجانەی کە گوڵی گەنجێتییان هێشتا لە یەخەدایە، ئەو گوێئاگردانانەی دایانگیرساندووە، ئەو مۆمانەی هەڵیانگیرساندووە، هێشتا بریسکە و درەوشانەوەی لێهەڵدەستێت و ئەو جیهانە ڕۆشن دەکەنەوە.
سەرەڕای هەموو هەوڵێکی وێرانکاری ئەوان، تەنیا کاریگەرییان لەسەر لە ٪١٠ کارەکانیان داناوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کاری تێکدەرانە زۆر ئاسانە.
وەک حەزرەتی پیری موغان، شەمعی تابانیش دەڵێت:
منداڵێکیش دەتوانێت بۆمبێک فڕێ بداتە ناو بینایەکەوە و وێرانی بکات.
بەڵام دروستکردنی بینایەکی لەو شێوەیە، ماوەی ١٠ تا ٢٠ ساڵی دەوێت.
بە تایبەت گەر بێیت و بڵێیت: دەبێت بینایەکی ڕێک و جوانی وەک جاران دروست بکەین، گەر لە هەمان کاتدا بیر لە دیکۆراتی ناوەوەی بکەیت.
پێموایە کاتێکی زیاتر لە ئێوە ببات.
ئیدی ئەو کەسانەی وێرانکارییان کردووە بە پیشەی خۆیان، سەرەڕای ئەوەی بە کۆش پارە هەڵدەڕێژن، لە شوێنە جیاوازەکانی دونیا، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا، تەواوی هزری وێرانکەرانەیان لە ٪١٠ کاریگەری هەبووە…
جەنابی حەق زۆر شتی جیاوازی وەک لوتف بە ئێوە بەخشی، پشتیوان بە خوداش، ئەو شتانەی وەک لوتف بە ئێوەی بەخشیوە، باشترین سەرچاوە و بەڵگەیە لەسەر ئەو شتانەی لە داهاتوودا وەک لوتف پێتان دەبەخشێت.
الله، هەرگیز کەسانێکی لەپەوڕوو لەسەر زەوی جێنەهێشتووە کە لەسەر ڕێگەی ئەو ڕۆشتوون و دەستکەوتێکی دیاریکراویان لە ڕێگەی ئەودا پشانداوە.
لە جیاتی یەک دووانی پێ بەخشیون، لە جیاتی دووانیش سیانی پێ بەخشیون، خۆی وەهای فەرمووە، دەفەرموێت:
گەر بەندەکەم بستێک بەرەو من بێت، ئەوا دوو بست بەرەو ئەو دەڕۆم.
ئەگەرچی خودا بەرییە لەوەی هەنگاو هەڵبگرێت، پاشان دەفەرموێت گەر ئەو هەنگاوێک بەرەو من بێت، من بە ڕۆشتن بەرەو ڕووی دەڕۆم، گەر بە ڕۆشتن بەرەو ڕووی من بێت، ئەوا من بە ڕاکردن بەرەو ڕووی دەڕۆم.
واتە هەمیشە لە پێش و لەسەروی ئەو کارانەی ئێوە ئەنجامی دەدەن، وەڵامتان دەداتەوە. بەرامبەرەکەی بە ئێوە دەدات.
کارێک ئەنجام دەدەن، بە ١٠ وەڵامتان دەداتەوە، ١٠ ئەنجام دەدەیت، بە ١٠٠ وەڵام دەداتەوە.
لە حەدیسە قودسیەکاندا، جەنابی حەق وەهای فەرمووە.
لەم ڕوانگەیەشەوە کارە دونیاییەکان یاخود ئەرک و لێپرسراوێتیەکان بەرامبەر جەنابی حەق، هیچ کام لەمانە هەروا بە بەلاش ناڕوات.
بەڵام تەنانەت پێغەمبەرە گەورەکان، هیچ کەسێکی دوای ئەوانیش، بێ ئەوەی لەم بابەتەدا توشی ناسۆریگەلێک نەبن، نەگەشتوون بە شتانەی بە ئامانجیان گرتووە.
وتە موبارەکەکانی ئەو، سەرداری هەموو وتەکانە، خۆی سەرداری هەموو مرۆڤەکانە، وتەکانیشی سەرداری هەموو وتەکانە، حُفَّتِ الْجَنَّةُ بِالْمَكَارِهِ، وَحُفَّتِ النَّارُ بِالشَّهَوَاتِ…
بەهەشت چواردەوری بە شتی ناخۆش تەندراوە، واتە بە شتانێک چواردەوری گیراوە، کە بە گوێرەی داخوازی سروشتی بەلایەوە خۆش نیە، دۆزەخیش بە شتانێکی شەهوانی کە لەگەڵ غەریزەی بەشەریدا گونجاوە، تەندراوە.
خواردن، خواردنەوە، خەوتن، ئارەزوە جنسیەکان، پاشان ڕاکردن بە دوای ئەم شتانەدا، لە ڕێگەی ئەمانەوە چواردەوری گیراوە، وەهای فەرمووە.
تێپەڕاندنی ئەمانە و بەرگەگرتنیان، وشەی “اکراه” بریتیە لەو شتانەی کە مرۆڤەکان زۆر لە خۆیان دەکەن لە کاتی ئەنجامدانیان، ئەمانەش شتی وەها دەستی مرۆڤەکان دەخەن هەر مەپرسە!
هەربۆیە وەک داخوازی ئەمە، أَشَدُّ النَّاسِ بَلاَءً اَلأَنْبِيَاءُ ثُمَّ اْلأَمْثَلُ فَالْأَمْثَلُ

گەورەترین و سەخترینی بەڵاکان، بەسەر پێغەمبەراندا دێت، پاشانی کەسانی دوای ئەوان، بە گوێرەی نزیکییان لە الله وە.
ئێستاش سەردەمێکە کە سەرزەمینی هەڵخلیسکان زۆر بەهێزە.
بە تایبەت لە وڵاتێکی بێگانەدا، داب و نەریتی ئەو شوێنە. تەواوی ئەم شتانە لە ڕۆحی مرۆڤەکاندا، وێرانکارییەکی زۆر جددی دروست دەکات.
سەرەڕای تەواوی ئەم شتانە، کەسانێک کەوا بە بەهاکانی خۆیانەوە بە پێوە ڕاوەستابێتن، مرۆڤگەلێک کەوا چەشنی پەیکەرە هەمیشە بە پێوە ڕاوەستاون، مرۆڤگەلێک کەوا چەشنی تیمسالی ڕۆح هەمیشە بە پێوە ڕاوەستابێتن، پێموایە لەلای خودا دەگەن بە شتی وەها، ئەقڵی ئێمە هیچ کام لەو شتانە نابڕێت!

ژیانی تەواوی پێغەمبەرە گەورەکانیش بەو شێوەیە بووە، لێرەدا نمونەیەکی زۆر بچوک، بەڵام لەبەر ئەوەی پەیوەندی بە باتەکەوە هەیە، نرخێکی گەورەی هەیە:
سەردارمان هەتا تەمەنی ٤٠ ساڵی لە مەککەدا بە کەسێکی “امین” واتە مرۆڤێکی زۆر سەرڕاست ناویان بردووە، لە زۆرێک لە بابەتەکاندا، پەنا بۆ دادوەری ئەو دەبەن و، بەو شێوەیە کێشەکان چارەسەر دەکەن.
هەروەها دەتوانن بیر لە بابەتی دانانی بەردە ڕەشەکەی(حجر الاسود) کەعبەی مەزن بکەنەوە. بەڵام من ئەو بردە بە “اسعد” واتە بەردی بەختەوەری ناو دەبەم.
چونکە “اسود” بە واتای ڕەش دێت.
ئەو بەردە بەختەوەرە، هێشتا لە گۆشەیەکی کەعبەدا بوونی هەیە. لە خاڵی دەستپێکردنی تەواف، ئەو لە گۆشەیەکی کەعبەدایە. نزیکی لە دەرگای کەعبەوە. لە بابەتی دانانی ئەو بەردە لە شوێنی خۆیدا، قەبیلەکانی مەککە توشی مشتومڕ دەبن. هەریەکەیان دەیەوێت، خۆی بەردەکە دابنێت.
بەنی تەیم، بەنی عادی، بەنی هاشم، بەنی مەحزوم، زۆر جار بە یەکدا هەڵدەپرژان، کاتێک بە یەکیشدا هەڵدەپرژان، لە ڕێگەی شەڕێکی دەستەویەخە خاڵی کۆتاییان دادەنا.
واتە خاڵبۆریان دانەدەنا.
ڕێک خاڵی کۆتاییان دادەنا، واتە دەستیان دەچووە گیانی یەکتر.
ئیدی لەو حاڵەتەشدا هەموویان بێ چارە دەمێننەوە، هەریەک لەوان دەستی لەسەر دەسکی شمشێرەکەی داناوە، تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیش لەو کاتدا، پێموایە تەمەنی ٢٠-٢٥ ساڵانێکە، هەر لەو تەمەنی لاوێتییەوە، خۆی بەو شێوەیە ناساندووە: امین…
هەموویان دەڵێن: ئەها ئەوە محمد، نەوەکەی عبد المطلب هات، با پرسیار لەو بکەین.
ئەویش یەکسەر لەوێدا فێری ئەقڵیان دەکات، دەڵێت ئەو بەردە بخەنە ناو شتێکی وەک عەبا یاخود بەتانییەوە، هەریەک لە قەبیلەکان سوچێکی بگرن، دواتر بیبەنە شوێنی خۆیی و دایبنێنن.
ئەوانیش دەڵێن: وای چەند فکرێکی جوانە!
لە زۆر بابەتدا، پرس و ڕاوێژی پێدەکەن، چونکە بە کەسێکی ئەمین و سەرڕاستی دەزانن.
هیچ کاتێک خەیاڵی شتێکی ناشرین نەهاتۆتە بەر چاوی، ئەوانیش بەو شێوەیە ناسیویانە.
پاشان دوژمنایەتیەکەیان لە دوای هاتنی پێغەمبەرایەتیەوە دەست پێدەکات، کاتێک دژی بتەکانی لات، مەنات، عوزا، ئیساف، نائیلە دەوەستێتەوە، چونکە ئەوانیان بە شتانێکی گرنگ دەزانی، ئەوانیش کۆمەڵێک تڕوتەشەقەڵە بوون – بمبورن- کە بە دەستی خۆیان دروستیان کردبوو، هەربۆیە هەستی دوژمنایەتییان بەرامبەر ئەو دەبزوێت، بەم شێوەیە ماوەی ١٣ ساڵ ئەشکەنجەی دەدەن، بە تایبەت ٣ ساڵ لە شیوی ئەبی تالیبدا کاتێک ئابڵوقەیان خستە سەر، چەشنی فیرعەونەکانی سەردەمی ئەمڕۆمان، کە ژن و منداڵەکان دەخەنە ناو زیندانەوە، هەندێکیشیان دەکوژن، هەندێکیشیان بە مەبەستی ئەوەی زۆریان لێبکەن هەتا ڕابکەنە دەرەوەی وڵات، ماوەی ٣-٤ ساڵە تەواوی ئەو زوڵمانە ئەنجام دەدەن، هەمان کاری ئەوان ئەنجام دەدەنەوە.
زۆرێک لەوان لە برساندا دەمرن، لە کۆتایی ئەو ٣ ساڵەدا، ئەو فەرمانەی بە دیواری کەعبەدا هەڵواسراوە، لەلایەن دوو سەرۆکی بەهێزی قەبیلەکانی عەرەبەوە، دەدڕێندرێت.
دەڵێن: مرۆڤ ناتوانێت ئەم زوڵمە بەرامبەر هاوڵاتی، برا و هاوڕێی خۆی ئەنجام بدات، ئیدی نازانین جەنابی حەق چی پاداشتێک وەک ئیحسان بەو کەسانە دەدات، با ئێمە لە خۆمانەوە حوکم نەدەین، بەڵام ئەم کارەیان بە نیسبەت، تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی، ئەبو تالیب، دایکە خەدیجە، تەواوی هاوەڵانی سەردارمانەوە کارێکی زۆر بە نرخ دەبێت.
دایکە خەدیجەمان، گەر تەواوی دایکانی دونیا کۆببنەوە، گوزارشت لەو نرخە ناکەن کە ئەو هەیبووە، هەر لە سەرەتای هاتنی وەحیەوە، پشتگیری سەردارمان دەکات، لە تەنیایی ڕزگاری دەکات، ئەمەیە دایکە خەدیجەی ئێمە.
لە زمانی عەرەبیشدا، خەدیجە بە واتای ئەو کەسە دێت کە هەر زوو لە دایک دەبێت.
واتە ئەو کەسەی هەر زوو بەرامبەر حەقیقەت بێدار دەبێتەوە.
ئەو کەسەی هەر زوو درک بە بوون دەبات.
ئیدی ئابڵوقەکە هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام دیسان هەروا بە ئاسانی دانانیشن، لە کۆتایدا – حاشا و کلا- بڕیاری کوشتنی سەردارمان دەدەن.
جەنابی حەقیش لەو کاتەدا فەرمانی هیجرەتیان پێدەکات.
کەسانێک ڕوو لە مەدینەی ڕۆشن دەکەن، لە ژێر باری هەلومەرجێکی زۆر سەختدا هیجرەت دەکەن، الله لەو ڕێگا دوور و درێژە دەیانپارێزێت، ئەگەرچی ڕێگاکە ٤٠٠- ٤٥٠ کیلۆمەترە، بەڵام گەر بە سواری ئەسپ و هێستر بڕۆیت، چەند ڕۆژێک دەخایەنێت.
هەروەها هەموو ساتێک ئەگەری دەستگیربوونت لە ئارادایە.
تەنانەت لەو ڕێگایەشدا توشی ناڕەحەتی دەبێت.
ڕوو لەوێ دەکات و توشی جەنگی بەدر دەبێت.

یەکسەر توشی جەنگی بەدر دەبێت، پاشان لە ساڵی دووهەمیدا توشی جەنگی ئوحود دەبێت.
لە ساڵی پێنجهەمدا توشی جەنگی خەندەق دەبێت.
لەم جەنگەشدا، بە ٢١ هەزار چەکدارەوە دێن و، خێمەی خۆیان لەوێ هەڵدەدەن، بە مەبەستی ئەوەی تەواوی مەدینە ژێراوژور بکەن ئەم کارە ئەنجام دەدەن، جەنگی خەندەق لە ساڵی پێنجهەمی کۆچیدا ڕوو دەدات.
١٣ ساڵ لە مەککە، ٥ ساڵیش لە مەدینەی ڕۆشن، واتە ماوەی ١٨ ساڵ، واتە لە ماوەی ٢٣ ساڵ پێغەمبەرایەتی تەنیا ٥ ساڵ دەمێنێتەوە، خۆ لەوێشدا هەروا بە ئاسودەیی نەژیاوە.

سەیر دەکەیت لە پڕێکدا ڕۆماییەکان هێرشیان هێناوە، پاشان فارسەکان لەولاوە دەستیان بە هەڕەشە کردووە. پاشان مرۆڤەکانی حونەین، تیروکەوان بە دەستەکانی ئەو جەنگە، واتە لە هیچ شوێنێکدا نەیانهێشتووە بە ئاسودەیی بژی.
هەربۆیە بە شێوەیەکی بەردەوام:
أَشَدُّ النَّاسِ بَلاَءً اَلأَنْبِيَاءُ، ثُمَّ اْلأَمْثَلُ فَالْأَمْثَلُ
یەکێک دێت و ئەوی تر دەڕوات، یەکێک دێت و ئەوی تر دەڕوات، بەڵام خەفەت مەخۆن، گزنگ دەمێکە کەوتووە و لە ئاسۆدا ئاهەنگی تیشک بەڕێوە دەچێت، تاریکیەکان قرخەیان دێت و ڕوناکیەکان بە هەناسەبڕکێ دێن.
هەرچی تەمومژی ناو ئاسۆی ئێمەیە دەڕەوێتەوە
لە هەموو لایەکیش نەوبەهارێک بەڕێوەیە

بەڵێ، ئەوانیش چەشتوویانە، زۆریان چەشتووە، لای خۆمان شتێکیان لە عەرەبەکان وەرگرتووە، لە ڕاستیدا بە گوێرەی ڕێزمانی عەرەبی تەواو نیە، اَلْمُؤْمِنُ بَلَوِيٌّ
گەر بە ڕاستی بیڵێین پێویستە بڵێین:
بَلِيٌّ
واتە کەسی ئیماندار، کەسێکە کەوا توشی بەڵا دەبێت.
واتە مرۆڤێکی بەڵاوییە.
کەسی ئیماندار لە بەڵا ڕزگاری نابێت.
من ئیماندارێکی نیوەناچڵم، تەنیا هیوای من ئەوەیە کە لە ناو ئێوەدا بوونم هەیە، لەوە دەچێت خودا لەو دونیا پێتان بفەرموێت “دەی بڕۆن بەسەر پردی سیراتدا، مۆڵەتی پەڕینەوەم بە ئێوە داوە، دەتوانن هەتا بەر دەرگای بەهەشت بڕۆن، مۆڵەتی ڕۆشتن تایبەت بە خۆمە”
منیش دوای ئێوە دەکەوم و دەڵێم” وای چەندە باش بوو، لە دونیادا لەناو ئەم کەسانەدا بووم”
چەشنی شاباشی شاهانە، وەک چۆن پاشاکانی عوسمانیەکان، کاتێک میواندارییان دەکرد، کیسەی زێڕیان بەسەر چواردەورەکەیاندا دابەش دەکرد، هەندێک جاریش کەسانێکی هەرزە، بێ ئەوەی بانگهێشتیان بکەن، بەشدارییان دەکرد، پێیان دەوت دەی هەرزە تۆش وەرە ژوورەوە.
لەوێدا ئەو جۆرە کەسانە بێ ئەوەی شایەنی هیچ شتێک بن، شتێکیشیان بەوان بەخشیوە.
خوازیارم حسابی منیش بەو شێوەیە بێت.
بەڵام من ئەم موسوڵمانێتیە نیوەناچڵەی خۆم، بە سوڵتانیەتی ناو بەهەشتیش ناگۆڕمەوە.
تەنانەت بە سوڵتانیەتی ناو بەهەشتی ناگۆڕمەوە.
چونکە گەر تەنانەت نیوەناچڵیش ىێت، من دڵی خۆمم بەو داوە!
چونکە باوەڕم بە خودا و تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی هەیە.
خەڵکی ئێرزروم نزایەکی تایبەت بە خۆیان هەیە، تەنیا یەک دێڕە:
“کەمێک ئازار، مردنێکی ئاسان، ئیمانی کامڵ، قورئان”.
دەترسم لەوەی ئەم تەنیا دێڕە نیگەرانی دروست بکات و قسەم بێتە سەر! با شتێکی بۆ زیاد بکەم:
” با لە کۆتایدا بینین و ڕەزامەندی ئەو، لەگەڵ نیعمەتی بەهەشتەکان”.
ئەمەیان باشتر نیە؟!
ئیدی شتێک نامێنێت کەوا مرۆڤ بەدەست بهێنێت.
بۆ نمونە لە تورکیادا شوێنەکانی ئێوەیان داگیر کردووە، ئەمە چی واتایەکی هەیە؟
ئەمە چی نرخێکی هەیە؟
ئەو شتەی ئەوان بە دونیا ناوی دەبەن چیە؟
هەر بە ناوەکەیدا دیارە کە شوێنێکی سوکە، لە وشەی”دنی” واتە خوارەوە هاتووە، وەک سەرداری مرۆڤایەتیش فەرموویەتی:
اَلدُّنْيَا جِيفَةٌ، وَطَوَالِبُهَا كِلاَبٌ
واتە دونیا کەلاکێکە و ئەوەی بە دوایدا ڕادەکات تەنیا “کلابەکانە”.
با تورکیەکەی نەڵێم!
بەڵام چۆک دامەدەن و وەڕز مەبن، هیوابڕاو مەبن، مرۆڤایەتی زۆر جار توشی لەرزین هاتووە، زۆر جار گەشتۆتە ڕادەی ئەوەی بە تەواوی لەناو بچێت، بەڵام دیسان بە پشتیوانی خودا خۆی کۆکردۆتەوە و هەستاوەتەوە.
هەموو شتێک حاڵی جارانی وەرگرتۆتەوە و پاشان ئەو داڕمان و داڕوخانە بە تەواوی لەبیر کراوە، لە پەڕەکانی مێژوودا نێژراوە!

والسلام…

37 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە