بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

ئەوانەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی خۆیاندا بە چواردەوری خەرمانەدا بوونە خەرمانە (ئووەیسی ئەلقەرەنی)

بەشی پێنجهەم

 

 

ئووەیسی ئەلقەرەنی، لە بابەتی پەیوەندی بە جەنابی حەق و هەستیاری بەرامبەر ئیسلام، یەکێکە لەوانەی بە پەنجە ئاماژەی بۆ دەکرێت و لە نزیکترینی نزیکەکانە(اقرب المقربین).
یەکێکە لەوانەی بە سەردەمی ڕوناکی گەشتووە، ئەوەی پێویستە ببینرێت بینیوێتی، خۆی لە نێو بازنەکانی خەرمانەدا بینیوەتەوە، بە شوێنکەوتنی بۆ یار، لە بەختیاران زیاتر بەختیار و، سەرەڕای ئەوەی لە کەسە دوایینەکانە، بەڵام لەگەڵ پێشینەکاندا هاودەم و، پەیوەندیەکی تەواو لەگەڵ حەق و فروستادەی حەق هەبووە، لە ڕێگەی بەرزبوونەوە شاقوڵیەکەی لەگەڵ زومرەی خەرمانەدا هاوسنور و، بە حاڵی ئەوان بوویە خەرمانە و، سیمایەکی درەوشاوەی تایبەت بە خۆی هەیە. بە خواستی دایکییەوە بووە و، سەرەڕای ئەوەی گوێی لە دەنگی بانگ دەبێت، نەیتوانیوە خۆی لە ڕیزی پێشەوەی موتەقییان ببینێتەوە، بەڵام لە سایەی خێرایی و عەزمی ژیانی دڵ و ڕۆحیەوە، وەک کەسێکی لێهات کە سەرنجی هەموو لایەک ڕابکێشێت و، لەلایەن خەلیفەی ڕووی زەمینەوە ئیلتیفاتی بینێت و، پێگەی کەسێکی بەدەستهێناوە کە لەگەڵ ئەواندا هاوبەشی هەمان هەست بوو بێت.

هاودەم و هاونشینی خەرمانە بوو، لە نێو ئەو کەشوهەوایەدا، لە سایەی ئەو وروژمە تیشکەی لەلایەن حەزرەتی قەمەری مونیرەوە(مانگی درەوشاوە) بۆی دەهات، شتانی نەبیستراوی دەبیست و هەر شتێک شیاوی وەرگرتنبێت، وەریدەگرت. هێندەی دەیبیست و وەریدەگرت، بە چواردەوری خۆیشی دەدا، لەو ڕاڕەوەی بەرەو ڕۆح و نهێنیەکان بەرز دەبوویەوە، ڕێگای سەدان کەسی ڕۆشن دەکردەوە. بە هەیەجانی گەیاندنی ئەوەی دەیبیستێت و هەستی پێدەکات، ژیانی بەسەر دەبرد…
بەردەوام بە هەستی ژیاندنەوە هەڵدەستا و دادەنیشت…
بەڵام هەرچیەکی دەکرد و ئەنجامی دەدا، بە ناتەواو هەڵیدەسەنگاند…
بە تەکریم و تەعزیمەوە یادی دەکرایەوە، بەڵام لە بابەتی ئەوەی تەواوی دەرگاکانی بە ڕووی فەخر و غروردا بە داخراوی بهێڵێتەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام، خاکیانە و خۆ بە هیچزانانە مامەڵەی دەکرد.
ناخی بۆ جەنابی حەق هەڵدەڕشت، بە ناڵین و کڕوزانەوەکانی کە لەسەر ڕیتمی مەقامی سەبا بوو، هەمیشە تەڵقینی ئاخ و فیغانی بۆ چواردەورەکەی دەکرد.

تەنانەت شتانێک کەوا دەڵێین” هەر بە خەیاڵیشیدا نەهاتووە”، بە گوێرەی داخوازی پێگەی خۆی، تەمومژگەلێک کە هیچ گرنگیەکی نەبوو، لە بەرچاویدا گەورە دەبوون و بە سەرکەشی دێوئاسا دەیبینین و، بە تێبینیەکانی خۆی لە بابەتی کەمالدا، هەمیشە هەر خەریکی کڕوزانەوە دەبوو.
ئەمەش یەک دوو وێنە لەو نەغمە جەرگسوتێنەرانەی، کە لەگەڵ فاسیلەی ناڵینی پێشینەکانیدا کتومت یەک دەگرێتەوە و لە کرۆکی هەمان خولگەدا دەخولێتەوە، یاخود ڕاستر وەهایە بڵێین بەسە بۆ ئەوەی دەریاکانیان پێ دەستبخرێت و هاوشانی هەناسە فریشتەییەکانە، کە ئاخ و واخی ناخی ئەقرەبول موقەرەبین بە یاد دەهێنێتەوە، ئەمەش چەند دڵۆپێک لەو هەناسە جیهانبەهایانە:
” ئەی پەروەردگارم کە لە هەموو گەورەکان گەورەتری! هەمیشە دەڵێم “توکل، تسلیم” و سواڵی یارمەتیت لێدەکەم. نە لەم دونیا نە لەو دونیا، لە نێو کۆڵەواری و هەژاری و هیچێتی خۆمدا بە تەنیا جێم مەهێڵە. ئەی سوڵتانی ئەزەل -ئەبەد، ئەی ڕەبی ڕەحیمی ئەمڕۆکان و سبەینێکان و تەواوی شوێن و کاتەکان! وەک بەندەیەکی موجریمی خۆت و بەم حاڵی نەبوونی و نەداری خۆمەوە، لە بەردەرکی بارەگای ڕەحمەتی تۆ وەستاوم. – ئەی ڕۆحە ئازیزەکە، گەر تۆش بە خۆت بڵێیت نەدار و نەبوو، ئیدی نازانم چی بەو بەندە دەربەدەرانەی تر دەوترێت؟ من خۆم ناتوانم هیچ بڵێم، بەڵام یەکێک لە دۆستانی حەق ئەوەی بە گونجاو بینیوە پێیان بڵێت ” گۆڕە گەڕیدە بەدبەختەکان”، وادەزانم لەسەر حەق بێت”…

لاوازم، دەربەدەرم، زەلیلم، دیلی تۆم و بێ چارەیەکی ئیفلاس کردووم، بەڵام تۆ سوڵتانی سوڵتانان، کە بە فراوانی ڕەحمەتی خۆتەوە وەڵامی هەر داواکاریەک دەدەیتەوە کە ڕووی لە دەرگای تۆ کردبێت. خەم و خەفەتم بێ شومار، بەڵام لە بەر دەرکی جەواد و کەریمێکم، کە هەمیشە بە فریای عەرز و داوای ئەو دڵە غەمگینەوە دەچێت، کە بە هەڵبەز و دابەز ملی ڕێگەیان گرتووە. سەرکەشیەکانم بێ سنور!..- ئیدی نازانم بە چی دەڵێت سەرکەشی؟- بە هیوای ئەوەی لە نێوان بەندە ناوازە و قبوڵکراوەکانی لای خۆت شوێنێکم هەبێت، سەرم لە بەردەرکی ڕەحمەتی تۆ دادەنێم، بە تکای لێخۆشبوونەوە دەستم لەسەر دەسکی ئەو دەرگایە دادەنێم.

– ئەی ئەو کەسەی بە هۆی قوڵایی ژیانی دڵ و ڕۆحی وەهات لە کەسانی دوای خۆت کردووە ئیرەییت پێببەن، ئەی سوڵتانی نهێنی و شاراوەکانم! لە بەرامبەر ئەوە هاودەم و چواردەورەکەت هەمیشە تۆیان وەک نمونەیەکی باڵا بینیوە و ستایشیان کردوویت، ئەم کڕوزانەوەیەت کە ئیدراکی ئێمە تێدەپەڕێنێت، لە خۆدان و خۆ کوتینەوەی تایبەت بە بەرفراوانی ئاسۆی خۆتە، یاخود ئاگاداریە بۆ بەندەگەلێکی منئاسا، کە چەشنی دانەی تەسبیحێکی پچڕاو بە ڕاست-چەپدا پەرشوبڵاوبوونەتەوە، هەتا جارێکی تر ڕوو لە میحرابی خۆیان بکەنەوە؟-

بە هەیەجان و شەرمەزاری ئەوەی لە کەموکورتیەکانم دەبوری ڕوو لە بارەگای غوفران و لێخۆشبوونی تۆ دەکەم، بە هیوای ئەوەی لێم خۆش دەبن ڕووم لە زەوی دەسوم و دەڵێم : ئەی پەروەردگاری میهرەبانم!.. وەک دەربەدەرێک کەوا زوڵمی لە نەفسی خۆی کردووە، ڕوو لە دەرگای فراوانی ڕەحمەتی تۆ دەکەم. دڵم لە ژێر چاوەڕوانی لێزمەی ڕووتێکردنی تایبەتی تۆ، بە هەیەجانی ئەوەی قبوڵ دەکرێم چاوم چاوەڕوانی ساتی کرانەوەی دەرگای تۆیە و، چاوەڕێی ئەوەم، کە لە تۆ چاوەڕێ دەکرێت. گەرچی تاوانەکانم بێ حەد و پایانن، بەڵام شیاوی خۆم دەخەمە کەنارەوە و، پەنا بۆ شیاوێتی ڕەحمەتی تۆ دەبەم و بەسەری نەویەوە چاوەڕێی لوتفی تایبەتی تۆ دەکەم.”
“پەروەردگاری گەورەم، سەرەڕای بێ حەد و حسابی تاوانەکانم، ئەوە دەزانم کە جگە لە دەرگای تۆ شوێنێکی تر نیە ڕوو تێبکەم و، هەمیشە و هەردەم ئامادەی ئەوەم لەبەردەم دەرگای رەحمەتی تۆ، تا ئەبەد بە پێوە بوەستم. پەروەردگارم! بە گوناحی بێ شوماری خۆمەوە جارێکی تر ڕوو لە تۆ دەکەمەوە، ڕوو لە تۆ دەکەم چونکە جگە لە تۆ دەرگایەکی تر شک نابەم. ئەی پەروەردگاری گەورە، تۆ لە هەموو مەزنەکان مەزنتریت و کانگای کەرەمیت؛ منیش بەندەیەکی داماوتر لە هەموو داماوەکان، گەر تۆ مەرحەمەتێک پشانی ئەم بەندە کڵۆڵ و داماوەت نەدەیت، کێ هەیە دەستی بگرێت؟
سوڵتانی سوڵتانەکان پەناگەی من! تۆ خاوەنی ڕاستەقینەی هەموو کەسێکیت، بەندەی بەر دەرگاکەشت بەندەیەکی سادە، گەر تۆ لوتفی لەگەڵدا نەکەیت و بە دەستی کەرەمی خۆت وەرینەگریت، کێ هەیە ئاگای لێبێت؟
پەناگە و پاڵپشتم! تۆ تەنیا باڵادەست، ئەم هەژارەش دەربەدەرێکی گیرۆدەی زیلەت، گەر تۆ دەستی نەگریت، کێ هەیە لەم زەلیلیە ڕزگاری بکات؟
– ئەی تیمسالی کەمال و نوری چاوانم، تۆ خۆت بە زەلیل بزانیت، دەبێت ئەو حاڵەی ئێمەی تێداین ناوی چی بێت؟-
مەولام! تۆی مەزنتر لە هەموو مەزنەکان، ئەرحەموڕاحیمینێکی وەهایت، دەرگای لێخۆشبوون و مەغفیرەتت هەتا سەر پشت ئاوەڵا کردووە بۆ ئەو ڕۆحە تاریکنوتەکانەشی کە گەورەترینی گوناحەکانیشیان ئەنجامداوە، بە مژدەی “تُوبُوا إِلَى اللَّهِ” شاباڵ بە هیواکان دەگریت، ئەم فەقیر و سوکەی کە تەمەنێکی ئالودە بە سەرکەشی بەسەر بردووە، لەو دەرگایە دوور مەخەرەوە!..”

” ئەی ئەوەی بە ڕەحمەت و شەفقەتی بێ کۆتایی خۆیەوە ڕوو لە هەموو کەسێک دەکەیت، ئەی حنان و منان کە شکۆفەیی بە ناخەکان دەگەیەنیت، منیش بەندەیەکی کۆڵەوار، خەریکی هەڵبەز و دابەزم، لە بەرامبەر تاریکی و بەرتەسکی گۆڕ و سەختی ڕۆژی لێپرسینەوەی سەر ڕێگامان، پەنا بۆ فراوانی ڕەحمەتت دەبەم و بە ناڵەی “ئامان، ئامان”، داوای ئەمن و سەلامەتی لە تۆ دەکەم. – ئیدی نازانم، لە ژێر کاریگەری ئەم تێبینیە ناوازانە، تەنیا بۆ جارێکیش بەم شێوەیە ناخمان بۆ جەنابی حەق هەڵڕشتووە؟- باوەڕناکەم…

حەزرەت هەر کاتێک بیری ئەحواڵی دڵ داخورپێنەری ئەولای دەکردەوە، سەرلەنوێ ناڵەی ” ئامان، ئامان” ی لێبەرز دەبوویەوە.
لە وەڵامدانەوەی دروستی مونکەر- نەکیر، چاودێری و ڕووتێکردنی خۆت، لەم داماوە مەبڕە!.. لە بەردەم هەر نشێویەک کەوا ڕووم تێدەکات دەڵێم “ئامان” و بە هیوای بەزەیی و شەفقەتی تۆوە هەڵدەستم دادەنیشم. لە بەرامبەر تەسکی و تاریکی گۆڕدا دیسان دەڵێمەوە ” ئامان، ئامان”.
لە بەرامبەر حاڵی تۆقێنەری ئەوانەی نازانن تۆ دەیانخەیتە پەناگەی شوراکانی خۆتەوە یاخود نا و، لە ترساندا ڕۆحیان هاتۆتە بینەقاقایان و بە لەرزین هەڵدەلەرزن، دیسان دەڵێم “ئامان، ئامان”.
لە بەرامبەر ئەو کاتەی بومەلەرزەی یەک لە دوا یەک دێتە ئاراوە و، زەوی وەک تۆز و خۆڵی لێهاتووە و، شاخەکان چەشنی پەمووی بەردەمی هەلاج ڕاماڵدراون، ئەو کاتەی ئاسمان چەشنی پەڕەی کاغەز لول دراوە، زەوی و ئاسمان بە گۆڕانی یەک لە دوا یەک ژێرە و ژور بوون/دەبن… لەو کاتەی هەموو کەسێک بە “زیندووبوونەوەیەکی پاش مەرگی” گشتی، لە حزوری باڵادا حەشر و نەشر بوون، کە خەم بە دوای خەمدا دێت… لە بەرامبەر ئەو تابلۆ قەهر و پەرێشانکەرانەی مرۆڤ و پەریەکان بە هۆی کار و کردەوایانەوە توشیان دەبێت.

لەو کاتەی ناڵە و کڕوزانەوەی “خۆزگە ببومایە بە خاک و خۆڵ” لەو کەسانە هەڵدەستێت کە ژیانیان لە کوفر و گومڕاییدا بەسەر بردووە و، مڕە مڕی پەشیمانییان لێ بەرز دەبێتەوە… هەروەها لە بەردەم چەندین چاڵی دۆزەخی یەک لە دوا یەکدا، دیسانەوە دەڵێم ” ئامان، ئامان!..
لە بەرامبەر ئەو ساتەی کەسانێک ژیانی دونیایان لە نێو دۆڵەکانی سەرکەشی و بۆگەناوی گوناحدا بەسەر بردووە و، بانگهێشتی لێپرسینەوە دەکرێن، دیسان لە جیاتی “وای بە حاڵی من” هاواری “ئامان، ئامان” م لێ بەرز دەبێتەوە.
ئەو کەسایەتیە تیمسالیەی وابەستەی بێ گوناحی بوو، ئەمانەی دەوتەوە و هەمیشە بە هەیەمانی کڕوزانەوە دەژیا.
ئەو هەمیشە بەم ناڵینەوە هەڵدەستا و دادەنیشت! لێو و زمانی هەمیشە لە ژێر فەرمانی لەتیفەی ڕەبانیدا هەنسکیان دەدا؛ هەموو ئانێک. ئەو کاتێک بەم تێبینیانەوە هەناسەی هەڵدەمژی و دەیدایەوە، لە چواردەوریشیدا شنەبای بووژانەوە لەسەر شێوە و ڕووتەختی سەردەمی نور هەڵیدەکرد و، هەندێک دڵیش کەوا گەر کەمێکیش بێت باوێشک دایگرتبن، لە بەرامبەر ئەم ئاخ و داخەدا سەرلەنوێ گیانیان پێدا دەهاتەوە، بە عیرفانی تەماشاکردنی ئەو تابلۆیانەی وێنە دەکران، یەکە بە یەکە بەرەو “قوام” ملی ڕێگەیان دەگرت و، لەگەڵ ئەو نەغمە ئاسمانیانەدا کۆرسێکی ناڵین و کڕوزانەوەیان پێکدەهێنا.

خۆزگە یەک لەسەر دەی ئەم هەست، هزر و خەیاڵانە لەو کەسانەدا هەبووایە کە لە ڕۆژگاری ئێستاماندا بانگەشەی موسوڵمانێتی دەکەن! هێلانەکان بە خەیاڵی حاڵەتی ڕۆحی ئەم تابلۆ ئاخیرەتیانە، گیان بە دڵ و ڕۆحیدا بهاتایەتەوە و دەنگێکی بخستایەتە سەر ئەو سوتان و کڕوزانەوەیە!..
حوجرە و خوێندنگە دینیەکان بەرامبەر ئەم ئاخ و فیغانە بێگانە نەمایانەتەوە و بەشدارییان لەم کۆبوونەوە عورفانیەدا بکردایە.
مێز، میحراب و مینبەرەکان لە ژێر کاریگەری باسکردنی ڕۆتینی ڕۆژانە ڕزگاریان ببوایە و بیانووتایە” ئەوە نەغمەیەکیش لە ئێمەوە” و بەشداری ئەو کۆرسەیان بکردایە.
بەڵام چەند بە ئازارە، لەمڕۆدا ماڵ، بازاڕ، هێلانەکانی پەروەردە و تەنانەت هەندێک لە خەڵوەتخانە، تەکیە و زاویەکانیش بە دەست مڕە مڕی غەیبەتی ڕۆژانەوە دەناڵێنن. ڕۆحی تایبەت بە هێلانە و خێزان، لە ژووری بوژانەوە دانراوە. دامودەزگاکانی زانست و عیرفان لە ڕێگەی دەمامکی ئۆکسیجینەوە هەناسە وەردەگرێت و دەیداتەوە. خوێندنی باڵا گوێکانی پڕ کردووە لە ناڵین. تەکیە و خانەقا و خەڵوەتخانەکان لەسەر بەردە نوێژ دانراون و چاوەڕێن نوێژی مردوویان لەسەر بکرێت.
کۆڵانەکانیش چییەتیەکی وەهایان هەیە ڕەحمەت بۆ تاڤگەکانی تاریکی دەنێرن. هەستی گەڕان و دۆزینەوە لە نێو کۆمەڵەی ئەوانەی ڕۆحیان لە دەستداوە، بە تەواوی فڕیوە و ڕۆشتووە. کاغەزە پەرێشانەکانی ڕۆژنامەکان کە وەک تەرجومانی هەستی گشتی ئەژمار دەکرێن، بوونەتە زەنگۆڵەژەنی شەیتان. بە کورتی هەموولایەک تەپوتۆزە و هەموولایەک سەری لێشێواوە. ڕۆحەکان و دڵەکانیش ئەمانەتی دەستی هیوای زیادە کراون.

عاکیفیش چەندە جوان گوزارشت لەم تابلۆ دڵ هەڵشێوێنەرە دەکات:

مووەکان موچڕکیان پیادێت یا رەب، چی ئینقلابێکی تۆقێنەر ڕوویداوە
نە دین ماوە نە ئیمان، دین وێرانەیەک و ئیمانیش خۆڵ
با هەر شانازیکردن بە خۆوە قوڵپەی بێت، ویژدانەکانیش ببن لاڵ
گەر ئەم قەیرانی ئەخلاقە وا بڕوات، ئیستیقلالیش نامێنێت!
خۆزگە چەند ڕۆشنبیرێکمان دەبوو ئەمانەی ببینیایە لێی تێبگەشتایە، پاشان ئەوەی لێیتێدەگات گوزارشتی لێبکردایە. بەڵام هەیهات! نەبوونی ئەوانیش هۆکارێکی ترە بۆ هەستی هیجران.
ئێستاش گەر خوازیارن با بە چوارینەیەکی موستەفای سێهەمی رەحمەتی، کۆتایی بەم بەشەش بهێنین و ماڵئاوایی لەو قەرینی کیرامە بکەین:
دەڕوخێ و تیادەچێ ئەم جیهانە وامەزانە لای ئێمە چاک دەبێ
چەرخی سوکی زەمانە دەوڵەتی دایە دەستی هەرچی کەم و موبتەزەلە
ئێستا ئەوەی لە بابی سەعادەتدا دەسوڕێتەوە هەر کەسی هەزەلە
مەگەر بە فریامان بکەوێ ئەو ڕەحمەتی لەم یەزەلە

33 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە