گۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

عاشقی ڕاستگۆ (” خۆشەویستە خنجیلانەکەم: خزمەت”)

بەشی ٣٦

 


هەستی خزمەت بە دینەکەمە و گەلەکەم، بە تەواوی ئاسۆی منی داپۆشیوە. جگە لەمە بیر لە هیچ شتێکی تر ناکەمەوە. جگە لە خزمەت، تەنانەت بیرکردنەوە و خواستێکی لەو شێوەیەش بە حەرام دەزانم. وەک ئەوانەی ئەمڕۆ، هەموو ڕۆژێکی ژیانم هەر قومم لە ناڕەحەتی، ئازار و ناسۆری بدەم؛ هەریەک لەو ناڕەحەتیانەش هێندە گەورەبن کە دڵی من بوەستێنن و ٣ تا ٤ جار شۆکم بکەن، هێشتا لە ژێر کاریگەری خواردنی یەکێک لە دەرمانەکان دەرنەچووبێتم و ناچار بە خواردنی دەرمانێکی تر ببم، لە جیاتی چێژکردنی تام و لەزەتە دونییاکان، تەنانەت لە جیاتی چوونە بەهەشتیش، سەرەڕای هەموو شتێک خزمەت بە دین و گەلەکەم پێش هەموو شتێک دەخەم. ئامانجی من ژیانێکی دوور و درێژ نیە، هەموو شەوێک دەڵێم ” ئەمە دوا شەوی ژیانی منە” و لە چاوەڕوانیدام. بەڵام دونیا وەک ” ماڵی خزمەتکردن” دەبینم و، هێندەی لە ژیاندا مابم، بە گوێرەی داخوازیەکانی ئەم تێڕوانینەم کار دەکەم”.
“ڕاوەدوونانە بێ کۆتاکە کۆتایی دێت”
مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، لە دوای کودەتاکەی ١٢ ی ئەیلولی ١٩٨٠، بێ ئەوەی هیچ تاوانێکی هەبێت، ماوەی ٦ ساڵ بە شێوەیەکی بێ کۆتا ڕاوەدوو دەنرا. ئەم حاڵەی مامۆستاش لە ١٢ ی کانونی دووهەمی ١٩٨٦ لە شاری بوردور کۆتایی هات و، تورگوت ئۆزاڵی ڕەحمەتی کە سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە بوو، لەم بابەتەدا هاتە سەر خەت.
مامۆستا هەمیشە کەسێکی بە وەفا بووە، ئەگەرچی لە هەموو لایەک بە دوایدا دەگەڕان، بەڵام بە هۆی وەفای خۆیەوە بۆ هەندێک لە هاوڕێکانی کە لەو کاتەدا لەناو خزمەتی سەربازیدا بوون، سەردانی هەریەک لە بوردور و ئیسپارتەی کردبوو.
ڕووداوەکە بەم شێوەیە دەبێت:
مامۆستا لەگەڵ ناجی تۆسونی هاوڕێی، لە ڕێکەوتی ١٢ ی کانونی دووهەمی ١٩٨٦، کاتژمێت ٧ ی سەرلەبەیانی دەگەنە ناوچەیەکی بوردور.
مامۆستا لە ڕێگا گومان لەوە دەکات، کە کەسانێک دوایان کەوتوون و، کاتێک دەگەنە بوردور بە تەواوی لەم گومانەی دڵنیا دەبێت. لەوێ چاویان بە هاوڕێ سەربازەکانیان دەکەوێت و بەرەو ئیسپارتە بەڕێدەکەون. پاشان لە ئیسپارتەش چاویان بە هاوڕێیەکی سەربازیان دەکەوێت و، بەرەو ئەنتالیا بەڕێدەکەون. دوو هاوڕێی تریشیان کە لە ئیزمیرەوە بەڕێکەوتوون، لە ئیسپارتە بە یەک دەگەن. لە دوای نوێژی عەسر، بە دوو ئۆتۆمبیل، بەرەو ئەنتالیا بەڕێدەکەون. نوێژی ئێوارەش لە مزگەوتێکی سەر ڕێگای بوردور ئەنجام دەدەن. مامۆستا دوای ئەوەی سەربازەکان دەگەیەنێتەوە سەنگەرەکانی خۆیان، لە بوردورەوە بەرەو ئیزمیر بەڕێدەکەوێت.
مامۆستا و هاوڕێکانی ١٥ کیلۆمەتریان دەمێنێت بۆ جێهێشتنی بوردور، هێزەکانی پۆلیس بە پاساوی ئەوەی ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویداوە، تەواوی ئۆتۆمبیلەکان دەوەستێنن. بەڵام ئەوەی لەوێدا سەرنج ڕاکێش دەبێت، پۆلیسەکان لە جیاتی ئەوەی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی ڕووداوەکە بکەن، کۆنتڕۆڵی ناسنامەی سەرنشینانی ناو ئۆتۆمبیلەکان دەکەن.
مامۆستاش لە کوشنی پێشەوەی ئۆتۆمبیلەکە دادەنیشێت. مامۆستا لەو کاتەدا ناسنامەی باری کەسی پێنابێت، بەڵام کارمەندی هێزەکانی پۆلیس مامۆستا دەناسێتەوە. ئیدی هەموویان لەوە تێدەگەن کە تەواوی ئەم ڕووداوە دەستکردانە، بە هۆی چیەوە ڕوویداوە. ئیدی لەو کاتەدا تەواوی مەفرەزەکە لە چواردەوری مامۆستا خڕ دەبنەوە و لە بێ تەلەکانیانەوە دەڵێن ” ئۆپەراسیۆنەکە تەواو بوو”.
پاشان مامۆستا دەبەنە کوشنەکەی دواوە، یەکێک لە چەکدارەکان دەچێتە پەنای مامۆستا دادەنیشێت و، لولەی چەکەکەی دەخاتە سەر سکی مامۆستا و دەڵێت:
گەر جوڵە بکەیت، ناو سکت پڕ دەکەم لە گولـلە…


ئەم کارمەندانەی کە مامۆستا دەبەن بۆ بنکەی ئاسایشی بوردور، بەرامبەر مامۆستا زۆر بە توندی مامەڵە دەکەن.
مامەڵەی ناڕەوا، سوکایەتی پێکردن و قسەی زۆر ناشرین بەرامبەر مامۆستا دەکەن. سەرەڕای هەموو ئەمانە، بابەتی ئەوەی مامۆستا نوێژی خەوتنانی ئەنجام نەداوە، لە هەموو شتێک زیاتر نیگەرانی دەکات.
لە بنکەی ئاسایش بە شێوەیەکی بەردەوام سوکایەتی پێدەکەن:
” تۆ لە هەموو کۆمۆنیستەکان خراپتریت… ئێمە دەزانین چۆنت دەتخەینە قسەکردن… لە ڕاستیدا ئەو کاتەی تۆمان دەستگیر کرد دەبوو بتکوژین، بەڵام چواردەورت قەرەباڵغ بوو. گەر قسە بکەیت ڕزگارت دەبێت، ئەگینا چەندین ڕۆژ لێرە دەمینیتەوە”.
مامۆستا سەرەڕای ئەوەی ٦ ساڵ لە دوای کودەتاکەی ١٩٨٠ دەستگیر دەکرێت، بەڵام کارمەندەکانی دەزگای هەواڵگری بە گوێرەی یاساکانی باری نائاسایی دوای کودەتاکە دەستگیری دەکەن و، مامۆستاش پێیان دەڵێت:
” ئێوە باسی ئەمنیەت و ئاسایش دەکەن، گەر لایەنی کەم هێندەی ئێوە خزمەتی ئەمنیەت و ئاسایشی ئەم وڵاتەم نەکردبێت، ئەوا خۆم لەم قاتەوە فڕێ دەدەمە خوارەوە”.
دوای ئەوەی کارمەندەکان لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ مامۆستا ئەنجام دەدەن، مامۆستا دەبەنە ژوورێکی ساردی قاتی ژێرەوە بیناکە. مامۆستا لەو کەشوهەوا ساردەدا کە چەشنی سەهۆڵە، جگە لە دانیشتن لەسەر کورسیەکی تەختە، چارەیەکی تری نامێنێت.
مامۆستا لە وتاری ٢٣.٠٩.٢٠١٨، سەبارەت بەو ناڕەحەتیانەی لە کودەتاکانی ١٢ ی ئازار و ١٢ ی ئەیلول بینیوێتی دەڵێت:
من کودەتای ١٢ ی ئازارم بە چاوی خۆم بینیوە. ئێستا کاتێک باسی ڕووداوەکانی ساڵی حەفتاکان دەکەم، وەک نوکتەگەلێک کەوا ئێوە بخاتە پێکەنین، باسیان لێوە دەکەم. لە دوای کودەتای ١٢ ی ئازار دەستگیرکراویت و خراویتە ناو زیندانەوە، سوکایەتیت پێکراوە. بۆ نمونە لە زیندان ژەهراوی بوویت. ئەمەی دەیگێڕمەوە ڕاستیە و، ڕێک وەک ئەوەی ئێستاش بەسەر براکانی ئێوە دێت. لەو کاتەدا ئاگام لە خۆم نەبوو بە هۆی ژەهراوی بوونەکەوە، ڕۆژی دواتر یەکێک لە کارمەندەکان دێت و قسەت لەگەڵ دەکات، ڕێک لە زاری ئەوەوە قسەکان دەگێڕمەوە، ناڕەحەت مەبن ئەمەی دەیڵێم قسەکانی ئەوە و من هەرگیز بەو شێوەیە قسە ناکەم:
” هەتیو مامۆستا دوێنێ خەریک بوو دەتۆپیت!”.
ئێستا کاتێک من ئەم قسانە بۆ ئێوە دەگێڕمەوە، بە زەردەخەنەوە بۆتان دەگێڕمەوە، ئێوەش بە زەردەخەنەوە وەڵامم دەدەنەوە.
ئەم هەژارە، لەو کاتەدا حوکمی ٣ ساڵ زیندانی و، ساڵێک نەفی کردنیشی بۆ ناوچەی سینۆپی، بەسەردا سەپێندرابوو.
پاشان ساڵی هەشتاکان…لێپرسینەوەی ئەوەیان لەگەڵدا دەکردم کە بۆچی کەسێکی دیندارم! لەبەرچی باوەڕم بە الله هەیە! لەبەرچی کتێبگەلێک بۆ مرۆڤەکان دەخوێنمەوە، کە مرۆڤەکان ئاراستەی ڕێگەی الله دەکات!؟
لە بەرامبەر ئەم کارانەشدا بە گوێرەی چی ماددەیەک دادگایی ئێمەیان دەکرد؟
بە گوێرەی ماددەی یەکەمی یاسای ژمارە ١٦٣…
ئەویش ئەو یاسایەیە کە دەڵێت” دروسکردنی ڕێکخراوی سیاسی، ئابوری، کەلتوری بە مەبەستی ئەوەی پایەکانی دەوڵەت لەسەر بنەماکانی دین دابمەزرێنن”. ڕێک ماوەی ٦ ساڵ بە دوای منەوە بوون، من ڕامدەکرد و ئەوانیش شوێنم دەکەوتن.
لە هەموو بۆردەکانی ڕێکلامدا وێنەی منیان هەڵواسیبوو، ناو و وێنەم هەبوو، نوسراوبوو” ئەمە کەسێکی داواکراوە”.
لە دوای ٦ ساڵ، تورگوت ئۆزاڵ، جێگەی بەهەشت بێت، خودا ئینساف، تێگەشتن، ئەقڵ، دووربینی و هەستی لایەنگری ئەو بۆ خزمەتی ڕێگەی حەق، بە نسیبی کاربەدەستانی ئێستاشمان بکات. هەمیشە بە شێوەیەکی دروست هەنگاوی هەڵدەگرت.
لە بەشی پلانسازی دەوڵەت بەڕێوەبەرایەتی کردبوو. دواتر بوویە وەزیر، پاشان سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار. ڕێک لەو کاتەی کە ئەو شوێن پێکانی خۆی قایم کردبوو، قەدەری خودا وەهابوو لە ناوچەی بوردور دەستگیر بکرێم.
ئەمەشیان یەکێکە لەو نوکتانەی کە ئێوە دەخاتە پێکەنین:
کەسانێک دێن و، بەوپەڕی توندوتیژی، نەفرەت و جەلادیەوە دەستگیرت دەکەن. هێشتا ئەو هەستەم بیرماوە، کە لولەی تفەنگەکەیان لە ناو سکم توند کردووە. یەکێکیان دەڵێت” هەتیو، گەر بجوڵێیت، دەتتۆپێنم”.
بەڵام هەر ئەو شەوە، کاربەدەستی ئەو کاتەی وڵات، قورسایی خۆیی دانا. ئیدی ڕۆژی دواتر هەموویان کەوتنە تکاکردن.
یەکێک لەوانەی بەردەوام لە دژی من قسەی دەکرد، یەک لەسەر یەک بەڵگەی لە دژی من هەڵدەڕشت، کەسێک بوو کە هەمان ناوی باوکی ڕەحمەتیمی هەبوو، مرۆڤێکی زۆر “جوان” بوو!
کاتێک کاربەدەستی ئەو کاتەی وڵات، قورسایی خۆی دانا، ئێمەیان بەرەڵا کرد.
ئێمەیان ڕەوانەی ئیزمیر کرد، ئیزمیریش ئێمەی قبوڵ نەدەکرد. وتیان” ئێمە بە دوایدا نەگەڕاوین”. ئەوانەی تریش وتیان” ئێمەش بە دوایدا ناگەڕێین”.
ئەو کەسەی قسە ناشرینەکانی بەرامبەر من دەکرد، لە پڕێکدا وتی” مامۆستا گیان، ڕێگەم بدە ئەو دەستە موبارەکانەت ماچ بکەم”. سەیرکەن ئێستا ئەم قسانە زەردەخەنەی هێنایە سەر زارتان یاخود نا؟!..
ئەو ڕۆژەی مامۆستا لە بوردور دەستگیر دەکرێت، حاجی کەمال ئێریمەز، شەوەکەی کاتژمێر ١، خۆی دەگەیەنێتە ماڵی ڕەجەب کەیا کە پەڕلەمانتاری پارتی ئەناڤەتەن دەبێت لە بازنەی شاری بیلەجیک، سەرەتا ئەوەی پێ ڕادەگەیەنێت، کە بابەتێکی زۆر گرنگە و پێویستە لە ماڵەوە چاوی پێی بکەوێت.
دوای یەک کاتژمێر، دووان لە هاوڕێکانی مامۆستا لەگەڵ حاجی کەمال ئێریمەز خۆیان دەگەیەننە ماڵی ڕەجەب کەیا، ئەوەی پێ ڕادەگەیەنن کە مامۆستا لە بوردور دەستگیر کراوە. پاشان داوای ئەوەی لێدەکەن کە تورگوت ئۆزاڵ بێتە سەر خەت، هەتا ڕێکارە یاساییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە بچێت.
کەیا، سەرەتا پەیوەندی بە یڵدرم ئاکبوڵوتی وەزیری ناوخۆی ئەو کاتەوە دەکات.
کەیا بە وەزیری ناوخۆ ڕادەگەیەنێت کە مامۆستا لە بوردور دەستگیرکراوە و، لە ژێر زەمینە ساردەکەی بنکەی ئاسایش، بە برسێتی و تینوێتیەوە، هێشتوویانەتەوە.
ئاکبوڵوتیش سەری بە هەواڵەکە سوڕ دەمێنێت و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەرۆک وەزیرانەوە دەکات.
ڕەجەب کەیا، لەگەڵ کچی خاڵی تورگوت ئۆزاڵ هاوسەرگیری کردبوو. هەم خزمی ئۆزاڵ بوو، هەم یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی ئەناڤەتەنیش بوو.
ڕەجەب کەیا ژمارە تەلەفۆنی سەرۆکایەتی وەزیران لێدەدا. لە یەکەم و دووهەم زەنگ لێداندا، تەلەفۆنەکە مەشغوڵ دەبێت. لە سێهەم تەلەفۆنیدا، حوسەین ئاکسۆی، بەڕێوەبەری ژووری تایبەتی تورگوت ئۆزاڵ وەڵام دەداتەوە. لەو کاتەدا کاتژمێر ٢:٣٠ شەو دەبێت.
ئاکسۆی دەپرسێت” بابەتەکە چیە؟”. کەیا لە وەڵامدا دەڵێت” بابەتێکی گرنگ و بە پەلەیە”. پاش یەک خولەک ئۆزاڵ خۆی وەڵام دەداتەوە. رەجەب کەیا هەر کە دەڵێت” گەورەم جەنابی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەنیان لە بوردور دەستگیر کردووە”، یەکسەر لە وەڵامدا دەڵێت” ئاگام لێیە، گالیپ هەواڵی پێدام”.
ئەو کەسەشی ئۆزاڵ بە گالیپ ناوی دەبرد، گالیپ دەمیرەڵ ڕاوێژکاری وەزیری ناوخۆ بوو.
ئۆزاڵ دواتر پەیوەندی بە نەجات ئێلدەمی وەزیری دادەوە دەکات و زانیاری لێ وەردەگرێت.
هەروەها یەکێکی تر لەو کەسانەی لەگەڵ گالیپ دەمیرەلی ڕاوێژکاری وەزیری ناوخۆی تورکیا هەواڵی دەستگیر کردنی مامۆستای پێدەگات، بریتی دەبێت لە سەففەت ئاریکان بەدوکی بەڕێوەبەری گشتی هێزەکانی ئاسایشی تورکیا.
هەریەک لە دەمییرەل و بەدوک، پەیوەندی بە ئیسماعیل گیونیندی پارێزگاری بوردور و نائیل بۆزکورتی بەڕێوەبەری ئاسایشی بوردورەوە دەکەن، سەبارەت بە مامۆستا زانیاری وەردەگرن.
دوای ئەوەی ئۆزاڵ ئەوەی بۆ ساغ دەبێتەوە کە مامۆستا بە گوێرەی تۆمارێکی سەردەمی باری نائاسایی کاتی کودەتاکە دەستگیرکراوە دەڵێت:
“بۆ هێشتا لە وڵاتدا باری نائاسایی تەواو نەبووە؟ گەر تاوانێکی هەیە بینێرنە بەردەم دادگا، ئەگینا ئازادی بکەن”.
ئۆزاڵ زۆر ئەوەی پێناخۆش دەبێت کە وڵات هێشتا بە یاساکانی سەردەمی کودەتا بەڕێوە دەچێت، چونکە ئەو کەسێک بوو ژیانی خۆی بۆ ئەوە تەرخان کردبوو، کە وڵات بە شێوەیەکی دیموکراسیانە و مەدەنیانە بەڕێوە ببردرێت.
هەروەها ئۆزاڵ کە مامۆستای لە نزیکەوە ناسیبوو، ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە مامۆستا بە هۆی وتار و قسەکانیەوە دەستگیر کراوە. هەربۆیە بە کاربەدەستانی ئەو کاتە دەڵێت ” گەر تاوانێکی ئەنجامداوە ڕەوانەی دادگای بکەن، ئەگینا ئازادی بکەن”. چونکە هێشتنەوەی مرۆڤێک لە زیندان و، خستنە پاڵی تاوان لە ڕێگەی ئەشکەنجەوە، نە لەگەڵ یاساکانی وڵات، نە لەگەڵ کەرامەتی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە گونجاو بوو.

“دوای ڕۆژە ناخۆشەکەی بوردور”
محمد ئەمین ئۆزکان، ئەو پارێزەرە بوو کە لە ئیستەنبولەوە بەرەو بوردور بەڕێکەوت، هەتا ئەرکی پارێزەرایەتی مامۆستا بگرێتە ئەستۆ. ئۆزکان لە هەمان کاتدا پارێزەری نەجیب فازڵ کیسایورەک بوو، کە یەکێک بوو لەو کەسانەی مامۆستا زۆری خۆش دەویست.
ئۆزکان سەرلەبەیانی ١٣ ی کانونی دووهەمی ١٩٨٦، کاتێک گەشتە بوردور، کاتژمێر ٩ بوو.
ئەو بەیانیە لێپرسینەوە لەگەڵ مامۆستادا ئەنجام دەدرا.
لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بە مامۆستایان دەوت” تۆ بە مەبەستی ئەوەی شەریعەت بهێنیتە ناو سیستەمی حوکمڕانی تورکیا، هەوڵی ڕوخاندنی کۆماری تورکیا دەدەیت و، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێکخراوێکت پێکهێناوە و سەرۆکایەتی دەکەیت”.
مامۆستا لە کاتی بەرگریدا دەیوت” من وەک وتاربێژێک کەوا لەلایەن دەوڵەتەوە ڕێگەی وتاردانی پێدراوە، چەندین ساڵ لەسەر مینبەری مزگەوتەکانەوە باسی خودا و پێغەمبەرەکەیم بۆ هاوڵاتیان کردووە. گەر هەلێکی تریش بێتە بەردەمم، دیسان ئەو کارە ئەنجام دەدەمەوە”.
مامۆستا بەم شێوەیە، گوزارشتی لەوە کرد کە هەرچیەکی کردبێت، لە چوارچێوەی یاساکاندا ئەنجامیداوە.
سەبارەت بە پرسیاری “لەبەرچی خۆتان ڕادەستی یاسا نەکرد؟”، مامۆستا لە وەڵامدا دەڵێت” من لەو شوێنە نەمابووم کە پێشتر لێی دەژیام. ئێوە چووبوونە سەر ماڵی باوکم، کاتێک هاتمەوە بۆ ماڵەوە، ئێوە ڕۆشتبوون. الله خواستی لەسەر ئەوە بوو کە چاومان بە یەک نەکەوێت. منیش نەمویست بە ئیرادەی خۆمەوە بێم و خۆم ڕادەستی ئێوە بکەم”.
پارێزەر ئۆزکانیش یەکەم کارێک کەوا ئەنجامی دەدات، بریتی دەبێت لەوەی ڕوو لە دادگای بوردور دەکات. ئامانجی ئەوە دەبێت، کە ناوەڕۆکی فەرمانی دەستبەسەرکردنی مامۆستا ببینێت. ئەو دیمەنەی لە دادگا چاوی پێی دەکەوێت، سەری سوڕ دەهێنێت. چونکە هیچ بڕیارێکی دەستبەسەرکردنی مامۆستا بوونی نەبوو. پارێزەرەکەی مامۆستا لە دوای دەرچوون لە دادگا، ڕاستەوخۆ ڕووی لە ئاسایشی بوردور کرد. لەوێش چاوی بە نائیل بۆزکورت دەکەوێت و، داوای لێدەکات چاوی بە مامۆستا بکەوێت.
بەڕێوەبەری ئاسایشیش لە وەڵامدا دەڵێت” لە دەزگای هەواڵگریەوە فەرمانمان پێکراوە، ئێمە ناتوانین کارێک ئەنجام بدەین، ناتوانن چاوتان پێی بکەوێت”.
ئەم وەڵامەش حاڵی خراپی وڵاتی دەردەخست. چونکە لە وڵاتێکدا کەوا یاساکان کار بکەن، هاوڵاتیەک تەنیا لە ڕێگەی فەرمانی داواکاری گشتیەوە دەتوانرێت دەستگیر بکرێت.
ئۆزکان دوای ئەوەی ئەم وەڵامەی بەڕێوەبەری ئاسایشی وەرگرت، دەستی کرد بەوەی بە ناوی مامۆستاوە بریکارنامەیەک بکاتەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی مامۆستا لە ئاسایش دەستگیر کرابوو، تەنیا ڕێگەی کردنەوەی بریکارنامە، بریتی بوو لەوەی دادنوس بێتە ئاسایش و چاوی بە مامۆستا بکەوێت. پارێزەرەکەش دوای قسەکردن لەگەڵ دادنوس، توانی قەناعەتی پێبکات. بەڵام بەڕێوەبەری ئاسایش سوور بوو لەسەر ئەوەی ڕێگەیان نەدات، چاویان بە مامۆستا بکەوێت. پارێزەرەکە لەو کاتەدا بە بەڕێوەبەری ئاسایش دەڵێت” ئەو کەسەی ئێوە لێرە دەستگیرتان کردووە، ناوی م.فەتحوڵڵا گولەنە و، دەیەوێت من بکات بە بریکاری خۆی، لەم وڵاتەدا هیچ شوێنێک بوونی نیە، کە دادنوس نەتوانێت ڕووی تێبکات”. بەم شێوەیە بەڕێوەبەری ئاسایش قایل بوو. دادنوس و پارێزەر بەم شێوەیە چاویان بە مامۆستا کەوت. لە دوای ئەمەش کێشەی ناسنامەی باری کەسی بۆ مامۆستا دروست بوو. چونکە مامۆستا ناسنامەی لەگەڵ خۆیدا هەڵنەگرتبوو. دادنوس دەڵێت” بێ بوونی ناسنامە، ناتوانن بریکارنامە بکەنەوە”.

لە حاڵێکی لەم شێوەیەدا، تەنیا بە ئامادە بوونی دوو شایەت، کردنەوەی بریکارنامە ڕێگەدراو دەبوو. بۆ ئەم مەبەستەش هەریەک لە سەعید ئیکینجی نوێنەری پارتی ئەناڤەتەن لە بوردور، حوسەین ڕەنچبەر بەڕێوەبەری تەندروستی بوردور، شایەتیان بۆ مامۆستا ئەنجامدا.
پارێزەر ئۆزکانیش لەو کاتەدا چوویە لای بەڕێوەبەری ئاسایش و وتی” من لە ئێستاوە پارێزەری مامۆستام، دەمەوێت چاوم پێی بکەوێت”.
بەڕێوەبەری ئاسایش بەم شێوەیە مۆڵەت بە پارێزەرەکەی مامۆستا دەدات و ئەویش کاتێک دەچێتە خوارەوە بە مامۆستا دەڵێت:
” نە بڕیارێکی دەستگیرکردن، نە بڕیارێکی دەستبەسەرکردنی ئێوە لە ئارادایە، پرسیاریان لە بەڕێوەبەری ئاسایشی تەواوی شارەکانی تورکیا کردووە، تەنیا بەڕێوەبەری ئاسایشی ئیزمیر وتوویەتی کەوا بە دوای ئێوەدا دەگەڕێت. هەربۆیە ڕەوانەی ئیزمیرمان دەکەن”.
پاشان دوای ئەوەی تورگوت ئۆزاڵ دێتە سەر خەت، کۆتایی بەو زوڵمە دێنن کە وەک ئەشکەنجە لە دژی مامۆستا جێبەجێی دەکەن. ئیدی هێزەکانی ئاسایش دەست دەکەن بەوەی بە گوێرەی یاساکانی وڵات، مامەڵە لەگەڵ مامۆستادا بکەن.
تورگوت ئۆزاڵ، ڕۆڵێکی گرنگی بینی لەوەی لە دوای وەرگرتنی وتە لە مامۆستا، ڕەوانەی ئیزمیری بکەن. پاشان مامۆستا، ئەو چاکەیە و جوانمەردیەی تورگوت ئۆزاڵی بەم شێوەیە یاد کردەوە:
هەرگیز مرۆڤ ناتوانێت چاکەیەکی لەو شێوەیە لە یاد بکات، کاتێک کەسێک دێت و لە گێرمە و کێشەیەکی لەو شێوەیە ڕزگارت دەکات. لە بوردور منیان دەستگیر کرد، کاتێک هەواڵ دەگەیەنن بە کاک تورگوت، لەو کاتەدا سەرۆک وەزیرانی تورکیایە، یەکسەر وەزیرەکانی کۆ دەکاتەوە، هەتا چارەسەری کێشەکە بکەن. ئێستا من هەرگیز ئەو چاکەیەی کاک تورگوت لەیاد ناکەم. ئیدی نازانم، شەو کاتژمێر یەک یاخود دوو هەواڵی پێدەدەن، یەکسەر کابینەی وەزیرەکان کۆ دەکاتەوە و دەڵێت: هاوڕێیان لە ڕۆژەڤی ئەمڕۆماندا تەنیا یەک بابەت هەیە، ئەویش دەستگیرکردنی مامۆستایە، پێویستە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین”.
منیش لەو کاتەدا بەردەوام گوێم لەو قسانەیە کە دەڵێت” هەتیو تۆ لە کۆمۆنیستەکان خراپتریت، هەتیو تۆ درۆ دەکەیت”.
لە ژێر فشارێکی لەو شێوەیەدا، تف لە دەموچاوت دەکەن. هەمیشە دەیانوت” هەتیو دەبێت قسەت پێبکەین”. یان دەیانوت” ئێمە چاک دەزانین، چۆنی تۆ دەکوژین”.
لەوێ لە کاتی شەپازلە لێدان لە یەکێک لە هاوڕێکانم وتبوویان” ئێمە دەبوو هەر لەوێدا بیتۆپێنین، بەڵام چواردەوری قەرەباڵغ بوو، ترساین لەوەی شتێکمان بەسەر بێت”.
“من هەرگیز ئەو جوانمەردیەی کاک تورگوت لەبیرناکەم. دوای ئەوەی هاتە سەر خەت، هەموویان سەریان لێشێوا بوو. دەست و قاچی خۆیان لێ تێکەڵ دەبوو. کاتێک وتەیان لە من وەردەگرت، یەکێکیان هاتە ژوورەوە و وتی” وازی لێبهێنن، با توشی کێشەیەک نەبین”. دواتر ڕەوانەی ئیزمیریان کردم، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئیزمیریش وتی” ئێمە وەریناگرین، چونکە ئێمە بە دوایدا ناگەڕێین”.
باشە ئەمانە هەتا دوێنێ بە دوای مندا نەدەگەڕان؟ ماوەی ٦ ساڵە بە دوای منەوە نین؟ لە هەموو شوێنێک وێنەی منیان هەڵواسیوە و لەسەری نوسراوە” ئەمە کەسی داواکراوە”. ئێستا بۆ دەڵێن” لای ئەوان داواکراو نیم”. بوردور بە ئیزمیری دەوت کە مامۆستایان ناوێت و لای خۆیان نایهێڵنەوە، ئیزمیریش ئەوەی دووپات دەکردەوە کە مامۆستایان ناوێت. ئیدی لە کۆتایدا ڕێگەچارەسەرێکیان دۆزیەوە. پارێزەرەکەمان ڕێگە چارەسەرێکی دۆزیەوە، دوای ئەوەی واژۆیان لەسەر کاغەزێک پێکردین، ئازادیان کردین. ئیدی منیان بە ئۆتۆمبیلەکانی ئاسایش لەو بنکەیە هێنایە دەرەوە. ئەو ڕۆژە بە سواری ئۆتۆمبیلێکی تەکسی بەرەو ئیستەنبوڵ بەڕێکەوتین. ئیدی خۆ هەست بەو کرانەوە دەکەین کە لەو کاتەدا ڕوویداوە. کاتێک بیر لە تەواوی ئەم بابەتانە دەکەمەوە، مومکین نیە چاکەی کاک تورگوت لە یاد بکەم. ئەمانە شتانێکن دڵی مرۆڤ خۆش دەکەن، ئەمەیە یارمەتی مرۆڤەکان بۆ یەکتری…
هۆکاری دەستگیرکردنی مامۆستا لە بوردور، بریتی بوو لە تۆمارێکی فەرمانی دەستگیرکردن، کە لە کاتی کودەتای ١٩٨٠ دەرکرابوو. هەربۆیە بە گوێرەی ڕێکارەکان دەبوو مامۆستا دەستگیر بکرێت و، ئیزمیر بڕیار لەسەر ئازادکردنی بدات. مامۆستا نیوەی شەو گەشتە ئاسایشی ئیزمیر و، بەڕێوەبەری ئێشکگر پێشوازی لە مامۆستا کرد. پاشان ئەحمەد کەراکورت کە بەڕێوەبەری ئاسایشی ئیزمیر بوو، لە ماڵەوە بەرەو ئاسایش بەڕێکەوت. لەو کاتەدا مامۆستایان بردە قاتی پێنجەم، کە بە هۆبەی سیاسی ناویان دەبرد.
دوای ئەوەی بەڕێوەبەری ئاسایش سەیری تۆمارەکانی داواکاری گشتی کرد، ئەوەی بۆ دەرکەوت کە داواکاری گشتی داوای ناوێکی لەو شێوەیەی نەکردووە. هەربۆیە دواتر وتی” من قبوڵی ناکەم بێتە ئێرە، چونکە لێرە داواکراوێکی لەو شێوەیە بوونی نیە”.
پاشان بەڕێوەبەری ئاسایش بە مامۆستای وت” دەزگای هەواڵگری لە بابەتەکە کشانەوە، ئێوە ڕەوانەی بوردور دەکەینەوە”.
پارێزەرەکەشی وتی” نابێت، مادام ئێمە ڕەوانەی بوردور دەکەنەوە، لەبەرچی ئێمەتان هێناوە بۆ ئێرە، یان دەبێت ڕەوانەی دادگامان بکەن، یاخود ئازادی بکەن”.

بەڕێوەبەری ئاسایشی بوردوریش نەیدەویست مامۆستا وەربگرێتەوە و دەیوت” ئیزمیر بە هۆی تۆمارێکی کاتی کودەتاکەوە بە دوای مامۆستادا دەگەڕێت، لەبەرچی ئێستا وەریناگرن؟”.
دوای ئەوەی هەموو لایەک وەڕز بوون لە درێژ بوونەوەی بابەتەکە، هەندێک کەس چوونە بوردور و واژۆیان لەسەر ئەوراقێک کرد، کە گوایە مامۆستا لەوێ ئازاد کراوە.
مامۆستا دوای ئەوەی ئازاد کرا، لەگەڵ پارێزەرەکەیی و چەند کەسێکی تر، بەرەو ئیستەنبول بەڕێکەوت.
مامۆستا لە یەکێک لەو چاوپێکەوتنانەی باسی ئەو ساتە دەکات” ئەو ڕۆژە بە تەکسیەک بەرەو ئیستەنبول بەڕێکەوتین، کەس ناتوانێت لە سنورەکانی حزوری ئەو ساتەی ناو دڵم تێبگات”.
ئیدی بە نیسبەت مامۆستاوە، ٦ ساڵی ژێر چاودێری کۆتایی هات. مامۆستا لە دوای ئەو ساتەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام لە نێوان ئیزمیر و ئیستەنبول دەهات و دەڕۆشت.

وتاری مامۆستا لە مزگەوتی گەورەی چاملیجا(١٩٨٦)

مامۆستا لە ڕێکەوتی ٤ ی نیسانی ١٩٨٦، هەم بە بۆنەی شەوی میعراجەوە، هەم بە بۆنەی کردنەوەی مزگەوتی گەورەی چاملیجا، یەکەم وتاری خۆی لەو مزگەوتە پێشکەش کرد.

مامۆستا لە دوای چەندین ساڵ، بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژە دەکات:
دوای ئەوەی ٤-٥ ساڵ لە وتاردان دوورخرامەوە، چەشنی ئەوەی ڕووبەڕوو قسە لەگەڵ جەماعەتەکەی بەردەمم بکەم، بەو شێوەیە چاومان بە یەک کەوتەوە. واتە ئەوان لە ڕێگەی تێڕوانینەکانیانەوە قسەیەکیان بە من دەوت. منیش وەک خزمەتکارێک، دەمویست شتێک پێشکەشی ئەوان بکەم. سەردەمانێک ڕێگری ئەوەیان لێکردم کە وتار بدەم… من زیاتر لەوەی شتێک بەوان بڵێم، دەمویست لە سیمای درەخشانی ئەواندا شتێک بخوێنمەوە و، پاشان ئەوەی لەواندا بینیومە و دۆزیمەتەوە، لەبەردەمی خۆیاندا گوزارشتی لێبکەم”.
مامۆستا لە وتارەکانیدا ئاماژەی بە دەورانی زەمان دەکرد و، هەمیشە کرانەوەکانی داهاتووی لە ویژدانیدا هەست پێدەکرد و گوزارشتی لێدەکرد.
هەربۆیە مامۆستا لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەڵێت:

زەمانە بێ وچان دەسوڕێت، ڕووناکیەکان بە دوای تاریکیدا دێن. ڕۆژەکان بە خێرایی بە دوای شەوەکاندا دێن. ساتە شیرینەکان بە دوای ساتە تاڵەکاندا دێن. لە دوای ڕۆژە ناخۆشەکان، ڕۆژە خۆشەکان شکۆفایی بە ناخماندا دەپرژێنێنن و حزوری پێ دەبەخشن. هەرگیز فەرمانی بێ خەوشی ئیلاهی “وَتِلْكَ الْأَيَّامُ نُدَاوِلُهَا بَيْنَ النَّاسِ” ناگەڕێندرێتەوە، لە دەستی ناوازە و قودرەتی ئەودا، بەردەوام ئەم فەرمانە دەسوڕێتەوە. الله، زەمانەی بە دەستەکانیەوە گرتووە و، بە شێوەیەکی بازنەیی دەسوڕێتەوە، زەمان هەرگیز وەک ڕاستەهێڵێک ملی ڕێگەی نەگرتووە. ئەمڕۆ جەژنی کەسانێکە و، بەیانی جەژنی کەسانێکی تر. ئەمڕۆ خۆشحاڵی بۆ هەندێک و، سبەینێش بۆ هەندێکی تر. ئەمڕۆ هەندێک لە بنی بیرێکدا خەریکی گاگۆڵکێن، بەڵام ناوزەندن بۆ ئەوەی سبەینێ لە لوتکەدا بن. دەشێت ئەمڕۆ هەموو لایەک وشکانی و خاکی بێ پیت بێت. بەڵام ئەو فرمێسکانەی ئەمڕۆ دەڕژێنە هەناوی ئەو خاکە، کە لە ئاوی کەوسەری ناو بەهەشت قودسیترن، سبەینێی دەکەن بە چیمەنستان؛ کەسیش گومانی لەمە نەبێت.
هەر لە ئێستاوە لە ویژدانماندا هەست بە شنەبای بەهەشتئاسایانەی ئەو ڕۆژانە دەکەین، کە شکۆفایی بە ناخماندا دەپرژێنن”.
ڕۆشتنی مامۆستا بۆ خاکە پیرۆزەکان(١٩٨٦)
عەلی کاتیرجیئۆغلو، پێشتر لە ساڵەکانی ١٩٧٤-٧٥-٧٦، واتە ٣ ساڵ لەسەر یەک فەریزەی حەجی ئەنجامدابوو. پاش ئەوەی مامۆستای لە نزیکەوە ناسی، لەوە تێگەشت کە ئەنجامدانی خێر و حەسەنات، پێویستیەکی لە پێشترە. کاتیرجیئۆغلو بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکانی دواتر دەکات:
تامەزرۆییمان بۆ سەردانی ئەو شوێنانە، قرچەی لە ناخمان هەستاندبوو. ساڵی ١٩٨٦ بوو، ڕۆژێکیان خۆم کرد بە ژوورەکەی مامۆستادا. ئێوە لێرەن و ئێمەش ناتوانین بڕۆین. گەر ئێوەش نیەتێکی حەجی لێبهێنن و ئێمەش لەگەڵ خۆتاندا ببەن. زۆر حەز دەکەین سەردانێکی ئەو شوێنانە بکەین. ئەویش دڵی نەشکاندین، خودا لێی ڕازی بێت، ساڵی ١٩٨٦ پێکەوە ڕۆشتین بۆ حەج”.

مامۆستا بەم شێوەیە باسی چوونی خۆی بۆ حەج دەکات:
دوای ئەوەی بڕیاری چوونە حەجمان دا، ڕووداوەکەی دیاربەکر ڕوویدا و لە ڕۆژنامەکاندا وێنەیان بڵاو کردینەوە. بە مەبەستی وەرگرتنی پاسپۆرتەکەم، سەردانی ئاسایشی ئیزمیرم کرد. ئەوانیش بە ڕێزەوە پێشوازییان لێکردین و خێرا پاسپۆرتیان پێداین. بەڵام داواکاری گشتی یەکسەر دۆسیەی لێکۆڵینەوەی لەسەر من کردەوە. هەڕەشەی ئەوەشی لێدەکردم کە ڕێگری چوونە دەرەوەی وڵاتم لێبکات. منیش وتم پێش ئەوەی هەڕەشەکەیان جێبەجێ بکەن، با بچمە دەرەوەی وڵات و، گەر ماوەیەک لە بەرچاوی خەڵک ون ببم، وەزعەکە هێور دەبێتەوە. ئەو کاتەی بەرەو حەج بەڕێکەوتم، کەشوهەوا بەرەو تەمومژ و لێڵی دەچوو. جەنابی حەق لوتفی لەگەڵ کردم و کاتی خۆیشی هاتبوو. بێ ئەوەی توشی هیچ ڕێگریەک ببین، ڕۆشتین.
لە ساڵی ١٩٧٤، کاتێک فەریزەی حەجم ئەنجامدا، لە کاتی چوون و هاتنەوەشمدا، توشی ناڕەحەتی زۆر بووم. ئەمجارەیان لە ئەنقەرەوە بە فڕۆکە بەڕێکەوتین، زۆر سوپاس بۆ خودا، ترسی ئەوەی لە ڕێگا دەمانگرن، جێگەی باس نەبوو.

ڕووداوەکەی دیاربەکر
لە یاساکانی تورکیای ساڵی ١٩٨٦، مادەی ١٦٣ هێشتا لە کاردابوو، هەروەها کار بە یاساکانی باری نائاسایی سەردەمی کودەتا دەکرا. لە کەشوهەوایەکی لەم شێوەیەدا، هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک لە دیاربەکر. مەهمەت ئۆزیورت دەستگیر دەکەن، کە لە ساڵی ١٩٧٠ مامۆستا دەناسێت و، لەو کاتەدا خوێندکاری پەیمانگای زانستە ئیسلامیەکان دەبێت. لەو کاتەشدا هەڵگرتنی کتێبەکانی پەیامەکانی نور، قەدەغە بوو.
هەروەها کۆبوونەوە و خوێندنەوەی پەیامەکان، بە “تاوانێک” ئەژمار دەکرا، کە لێخۆشبوونی نەبوو. بە هۆی هەندێک تێبینی مەهمەت ئۆزیورتەوە، کە لە دەفتەری تێبینیەکانیدا نوسیبووی، ناوی مامۆستاش تێکەڵی بابەتەکە بوو.
دوای ئەوەی هەڵیانکوتایە سەر ئەو ماڵەی دیاربەکر، هەندێک لە ڕۆژنامەکان، دەستیان بەوە کردەوە کە مامۆستا بە هەوڵی “کۆنەپەرستانە” بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا تۆمەتبار بکەن.
ئیدی مانشێتی ڕۆژنامەکان پڕ بوو لەوەی مامۆستا بە کەسێکی “کۆنەپەرست” ناو ببەن و، وێنەی مامۆستایان بە مێزەری کاتی وتاردانەوە بڵاو دەکردەوە.

بوونی مامۆستا و تێڕوانینەکانی، وەک تاوانێکی گەورە پشان دەدرا. مامۆستا ئەو کاتەی نوسراوەکانی ژێر وێنەی خۆی دەبینی لە ڕۆژنامەکاندا، توشی داخورپان دەبوو.
بە تایبەت یەکێک لە ڕۆژنامەکان، لە ژێر وێنەی مامۆستدا، بە پیتی گەورە نوسیبووی” ئا ئەمەیە م.فەتحوڵڵا گولەن”.

سەرەڕای ئەوەی مامۆستا لە هەوو ژیانیدا هاوسەرگیری نەکردووە، بەڵام ڕۆژنامەکە باگەشەی ئەوەی دەکرد کە مامۆستا خاوەنی ٤ ژنە و، هەروەها بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە مامۆستا لە ئیزمیرەوە هەتا ئێدرەمیت خاوەنی باخی زەیتونە؛ ئەم بانگەشانەش لە کاتێکدایە کە مامۆستا هیچ کاتێک خاوەنی بستێک زەوی نەبووە.

ئیدی ئەو ڕۆژگارە، ڕۆژانێک بوو کە هەموو جۆرە بەڵایەک بە چواردەوری مامۆستادا دەسوڕایەوە.
لە ڕۆژگارێکی سەختی لەم شێوەیەدا، مامۆستا بڕیاری ئەوەیدا لەگەڵ عەلی کاتیرجیئۆغلو بچنە مەککە و فەریزەی حەج ئەنجام بدەن.

مامۆستا وەک ئاماژەدان بەو هەواڵ و پڕوپاگانەدانەی لە مێدیاکانەوە بەرامبەری ئەنجام دەدرا، لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەڵێت:
لە بەرامبەر ئەو ناڕەحەتیانەی لە ڕۆحمدا هەستم پێدەکرد، خوازیاری ئەوە بووم کە دیسان سەردانی ئەو خاکە پیرۆزانەی بیرم کردبوون، بکەم. هەستم بە پێویستی ئەوە کرد، کە لەوێ نزا بکەم و لە ژێر بەلوعەکانی خۆ پاکردنەوەدا خۆم پاک بکەمەوە”.

بەم شێوەیە مامۆستا لە ڕێکەوتی ٦ ی حوزەیرانی ١٩٨٦، بە مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج، بۆ جاری سێهەم ڕووی لە خاکە پیرۆزەکان کردەوە”.

“دەستگیرکردنی لە مەدینە”
لە کاتی ئەنجامدانی حەجی سێهەمیدا، دوای ئەوەی مامۆستا سەردانی مزگەوتی پێغەمبەری خودا دەکات، هەندێک لەو حاجیانەی مامۆستا دەناسن، چواردەوری مامۆستا دەدەن.
حاجیەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە مامۆستا وتارێکیان بۆ بدات.
بەڵام مامۆستا لە وەڵامیاندا دەڵێت” ئێستا لە مەقامی سوڵتانی وشەکانم، من شەرم دەکەم لەوەی لە حزوری ئەودا قسە بکەم”. بەم شێوەیە مامۆستا تەکلیفی حاجیەکان ڕەت دەکاتەوە.
پاشان هەندێک لەو حاجیە تورکانەی لە وڵاتانی ئەوروپاوە هاتوون، باوەش بە مامۆستادا دەکەن و ڕێزێکی زۆری لێدەنێن. پۆلیسەکانی سعودیەش، تەنیا لەبەر ئەوەی هەندێک لە حاجیەکان بەو شێوەیە لە مامۆستا نزیک دەبنەوە، هەر لەوێدا مامۆستا قۆڵبەست دەکەن و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن.
مامۆستا لەو کاتەدا، لەگەڵ عەلی کاتیرجیئۆغلودا دەبێت.
کاک عەلی ڕێک لەو کاتەدا تەکسیەک دەگرێت و، دەچێت بە دوای دکتۆر ئەحمەد قاهیدی کە ماوەیەک لە زانکۆی ئەگەی ئیزمیر خوێندکار بووە و، بە ئەسڵ خەڵکی ئوردونە.

قاهیدی لە ساڵانی خوێندکار بوونیدا، لە ئیزمیر مامۆستا دەناسێت. هەروەها یەکێکە لەو کەسانەی لە کودەتای ١٢ ی ئازاردا دەستگیر دەکرێت و، لەگەڵ مامۆستادا پێکەوە لە یەک زیندا دەبن.
مامۆستا خۆی بەم شێوەیە باسی ئەحمەد قاهیدی دەکات:
ڕۆژێکیان دکتۆر قاهیدیان هێنا. پاشان ٤ کەسی ئولکوجویان هێنا و، لەگەڵ هاوڕێکانی خۆماندا زۆر قەرەباڵغ بووین. من دکتۆر قاهیدیم وەک کەسێکی زۆر مەرد بینی. لە وڵاتێکی بیانی و، خۆی خەڵکی وڵاتێکی تر بوو. پاشان هەواڵی ئەوەیان هێنا، کە هاوسەرەکەی بە هۆی خەفەتی زیندانی کردنی قاحیدیەوە، منداڵەکەی ناو سکی لەبار چووە. بەڵام سەرەڕای تەواوی ئەمانە، ئەو توشی لەرزین نەبوو، وەک پەیکەرەیەک بە پێوە مایەوە، هەمیشە شاد، دڵخۆش و پڕ کەیف بوو”.
کەواتە مرۆڤەکان هەتا نەخرێنە ژێر تاقیکردنەوەوە، دەرناکەون کەوا چۆنن. حەزرەتی عومەر ٣ پێوانەی بۆ ناسینی مرۆڤەکان دیاری کردووە و، منیش لای خۆمەوە دانەیەکم بۆ زیاد کردووە.
ئەویش بریتیە لەوەی لە زیندان پێکەوە بمێنیتەوە.
ئەویش بریتیە لەوەی نارەعەتیە دەرونیەکانی ناو زیندانت لەگەڵدا بەش بکات، سنگ بخاتە بەردەم ئەو هێرشانەی لە لایەنەکانی ئەوێوە دێت، پاشان بەردەوامی بە برایەتی خۆی بدات.

دوای ئەوەی مامۆستا لەلایەن پۆلیسەکانی سعودیەوە دەستگیر دەکرێت، دکتۆر قاهیدی لەوێدا دێتە سەر خەت و دەبێتە کەفیلی مامۆستا، بەم شێوەیە ئازادی دەکەن.
تەنانەت دوای ئەوەی ئازادیشیان کرد، لەسەر کاغەزێک واژۆیان پێکرد. بە گوێرەی نوسراوی ناو کاغەزەکە، مامۆستا دەبوو بەڵێن بدات کە جارێکی تر هەمان شت دووبارە نەکاتەوە. واتە قەدەغەیان کردبوو لەوەی چاوی بە حاجیە تورکەکان بکەوێت و باوەشیان پێدا بکات.
بە پێچەوانەوە، پێش ئەوەی فەریزەی حەج ئەنجام بدات، سنورداشیان دەکرد.
بابەتی ئەوەی مامۆستا بە هۆی هاتنی چەند حاجیەک و باوەش پیاکردنیانەوە ببرێتە بنکەی پۆلیس و دەستگیر بکرێت، شتێک بوو کە هەرگیز لە ئەقڵ و لۆجیکیدا جێگەی نەدەبوویەوە.

“بەسەرهاتی گەڕانەوەی مامۆستا لە حەج”
مامۆستا لەو کاتەی لە حەج بوو، هەواڵی ئەوەی پێدەگەشت کە لە تورکیا تاوانبار کراوە. بەڵام بە تەواوی ئەوەی نەدەزانی، کە بە هۆی چی تاوانێکەوە تاوانباریان کردووە.
لە کاتێکدا تازە لە ڕووداوەکەی بوردور بوو بوویەوە، سەرهەڵدانی ئەم ڕووداوە، هیچ ئاماژەیەکی خێری تێدا نەبوو.
لە ڕاستیشدا بە تەواوی ئەوە دیار نەبوو کە ئایا فەرمانی گەڕان بە دوای مامۆستا دەرکراوە یاخود نا.
مامۆستاش حەزی بەوە نەدەکرد، کە لە کاتی گەڕانەوەی بۆ تورکیا، توشی ڕووداوێکی خراپی وەک ئەوەی هەر لە فڕۆکەخانە دەستگیری بکەن، ببێت.

دۆستەکانی زۆر پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد، کە ژیانی لەمەودوای لە مەدینە بەسەر ببات.
بەڵام مامۆستا ئەمەی قبوڵ نەکرد. مامۆستا هەوڵی ئەوەی دەدا، بە بێ ئەوەی بهێڵێت دەستگیر بکرێت، لە دادگا بێ تاوانی خۆی بسەلمێنێت. هەروەها ئاماژەی بەوە دەدا، کە گەر نەگەڕێتەوە بۆ تورکیا، ئەوا وەک دانپێدانان بە تاوانباری خۆیدا لەسەری ئەژمار دەکرێت و، بەم هۆیەوە بڕیاری گەڕانەوەی دا.
هەریەک لە ئیسماعیل بیوکچەلەبی و باربارۆس کۆجاتورک کە لەگەڵ مامۆستادا هاتبوون بۆ حەج، لە پێش مامۆستاوە بە فڕۆکەیەک گەڕانەوە بۆ تورکیا. پاش ئەوەی فڕۆکەکە لە تورکیا دەنیشێتەوە، دوو پۆلیسی مەدەنی دێنە ناو فڕۆکەکە و، پشکنین بۆ ناسنامەی سەرنشینانی ناو فڕۆکەکە ئەنجام دەدەن.
بیوکچەلەبیش لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە ئەم هەواڵە بە مامۆستا دەگەیەنێت. چەلەبی لە تەلەفۆنەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا پشکنین و کۆنتڕۆڵی سەخت ئەنجام دەدرێت، چەند لیستێک بە دەستی کارمەندانەوەیە و، ناوی مامۆستاش لە سەری سەرەوەی هەموو ئەو ناوانەیە کە داواکراوە.
هەواڵەکان زۆر نیگەرانکەر بوون. لەلایەکەوە بژاردەی ئەوەی لەبەردەمدا بوو، لە خاکی پێغەمبەردا بمێنێتەوە کە چەندین ساڵ بە حەسرەتیەوە دەژیا، لەلایەکی ترەوە گەڕانەوە بۆ تورکیا و ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین کێشە و ناڕەحەتی هەبوو.
لە هەلومەرجی ئاسایدا، دەبوو مامۆستا بە هەمان فڕۆکە بۆ تورکیا بگەڕێتەوە، ئاشكراش بوو کەوا لەگەڵ گەشتنەوەشی بە تورکیا، دەستگیر دەکرا.

“خۆشەویستە خنجیلانەکەم: خزمەت”
مامۆستا حەزی نەدەکرد وەک هەرکەسێک کە ڕووی لەو خاکە پیرۆززانە کردبێت، بەجێیانبهێڵێت.
چونکە لەو خاکەدا پێغەمبەری سەردارمان ژیانی بردبوویە سەر، حەزرەتی ئیبراهیم ڕۆڵەکانی ئەمانەتی ئەو خاکە کردبوو، قورئانی کەریمیش لەم خاکەدا دابەزی بوو، ئیسلام خەباتی مانەوەی لەسەر ئەم خاکە ئەنجامدابوو، هەروەها بە خوێنی یەکەم شەهیدەکانی ئیسلام ئاو درابوو.

لە ناو ئەم شارە نەوەی ئاڵتونی ئیسلام لە دایک بوو، پەروەردە بوو، پاشان تۆمار تۆمات بە تەواوی دونیادا بڵاو بوویەوە.
وشەی شار زۆر لە خوار ئاستی وەسفی ئەو خاکەیە و، نرخی لە ئاڵتون زۆر باڵاترە.
بەڵام حەزرەتی بەدیعوزەمانیش فەرموویەتی:
” من لە مەککە و مەدینەش بوومایە، هەر بەرەو ئێرە دەهاتم. چونکە ئێرە کلیلی ناوەندی درەوشانەوەی ئیسلامە. ڕێکخستنی ئەم شوێنە، دەبێتە هۆی ڕێکخستنی درەوشانەوەی ئیسلام”
مامۆستا م.فەتحوڵڵا بە هەمان شێوە، هەست و شعوری لەلای داواکەی بوو. ئیدی بەو هۆیەوە، هەوڵی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی خۆی دەدا.
مامۆستا لەو کاتەدا، پێی وەهابوو ڕووبەڕووی فێڵ و تەڵەکەیەک دەبێتەوە، بەو هۆیەوە نیازی ئەوەی هەبوو، لە ڕێگەی وشکانیەوە خۆی بە تورکیادا بکات و، دوای ئەوەی ناوەڕۆکی ڕووداوەکانی دیاربەکری بۆ ڕوون بوویەوە، خۆی بچێتە لای داواکاری گشتی و خۆی ڕادەست بکات.
هەربۆیە مامۆستا لە مانگی ئەیلولی ١٩٨٦، لە ڕێگەی فڕۆکەوە، لە جددەوە خۆی گەیاندە عەممانی پایتەختی ئوردون، لەوێشەوە بەرەو دیمەشقی پایتەختی سوریا بەڕێکەوت. نیازی ئەوەی هەبوو لەوێشەوە بچێتە حەلەب و، پاشان لە کلیسەوە بێتەوە ناو خاکی تورکیا.

عەلی کاتیرجیئۆغلو بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکە دەکات:
لە دوای ئەنجامدانی حەج، هەواڵی ئەوەمان پێگەشت کە لە تورکیا، بە دوای مامۆستادا دەگەڕێن. من و مەهمەت دەمیرجان و مامۆستا ماینەوە. ئەگەرچی بلیتەکانیشمان دەفەوتا و کەمێکیش دوودڵ بووین، بڕیاری ئەوەماندا لەوێ بمێنینەوە.
من عەرەبیم نەدەزانی و دەمیرجانیش کەمێکی دەزانی. مامۆستا زۆر حەزی بە گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆی دەکرد. ئیدی بڕیاری ئەوەیدا بە هەر نرخێک، بەرەو وڵاتی خۆمان بگەڕێینەوە.
پاشان محمد سونگوریش کە خۆی لەوێ بوو، لەگەڵ خۆمان هەڵگرت و بڕیاری گەڕانەوەمان دا.
مامۆستا بەم شێوەیە ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە:
هاوڕێکانی ئێمە، بە کۆمەڵ هاتبوون بەرەو کلیس. لەو کاتەدا لە سەر سنورەوە بە نهێنی هاوڵاتیانیان دەبردە ژوورەوە. بە فڕۆکە چووینە عەمان، پاشان لەوێوە بەرەو دیمەشق ڕۆشتین. ٤ کەس بووین. بیرمان لەوە کردەوە لە دیمەشقەوە بڕۆینە حەلەب، لە حەلەبیشەوە بچینە کلیس. بڕیاربوو سەرەتا بچینە هۆتێلی سەوز لە حەلەب، لەوێش چاومان بەو کەسانە بکەوێت، کە لەسەر سنورەوە خەڵک دەبەنە ژوورەوە.
هۆتێلی سەوزیش شوێنێک بوو، جگە لە هۆتێل لە هەموو شتێک دەچوو. شوێنێکی وێرانە بوو. چەند ژوورێکی هەبوو، کە کەڵکی بەکارهێنانی نەمابوو. جێگەکانی خراپ و سەرچەفەکانی پیس بوون. شوێنێک بوو لەلایەن هاوڵاتیەکی تورکیاوە بەڕێوە دەبردرا، هەموو کارێکی پیسی تێدا ئەنجام دەدرا.
مامۆستاش لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە، هەموو ڕۆژێک قسەی لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی دەکرد، کە نیازی پەڕاندنەوەی مامۆستایان هەبوو. پلانیانیان دادەڕشت و، پاشان شکستی دەهێنا. لەگەڵ شۆفێرێک ڕێکەوتن کە بیانپەڕێنێتەوە بۆ تورکیا و، بە پارەی ئەو کاتە، ٥٠٠ هەزار لیرەیان خستە بەردەمی. بەڵام شۆفێرەکە لە دوا ساتدا پەشیمان بوویەوە.
چونکە هەندێک لەو کەسانەی پرسیاریان کردبوو، لە وەڵامدا وتبوویان دەتوانن بپەڕنەوە و، هەندێکی تریشیان وتبوویان ئەگەری پەڕینەوەیان نیە و پرسیاری پاسپۆرتیان لێدەکەن.
مامۆستا لەناو ئەم هەموو ناڕەحەتیەدا دەڵێت:
هەموو کەسێکی کاری ناشەرعی ئەنجام دەدات. کەسانێک هەیە بە شێوەیەکی بەردەوام بەرتیل دەدەن و، دەچنە ژوورەوە و دێنە دەرەوە. کەسانێکی وەک ئێمەش بە دەستی تەنگوچەڵەمەکانی ئاسایشەوە گیرمان خواردووە.

106 جار بینراوە 4 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە