هەواڵ

کاتێک ٢٠١٩ بە ستەمکارییەوە تەواو دەبێت…

بە خامەی فیکرەت کاپلان

چەند سوڵتان و ئەدیب و هونەرمەند…. و چەند مرۆڤ تێپەڕیوە… تەنانەت ئەو کەسانەش کە دەیانزانی ئەم دونیایە “میوانخانەیە” خۆیان بە حاکمی ئەم دونیایە دەزانی و بە شێوەیەک هەڵسوکەوتیان دەکرد وەک ئەوەی بە هەمیشەیی بمێننەوە…

چاک و خراپ کاتێک ڕێگەیان جیادەبێتەوە کە کەسێک کائینات دەخوێنێتەوە و لێی تێدەگات و تەماشای جوانییەکانی سرووشت دەکات و تێدەفکرێت… بەڵام کەسێکی دیکە بە کۆمەڵێک ستەمکارییەوە دەچێتەوە ئەو دنیا کە تەنانەت دڕندەترینی دڕندەکان بە بینینی شەرمەزار دەبن… کەسانێک بە هەستە باشەکانییانەوە بەرەو جیهانی جوانییەکان دەفڕن… کەسانێکیش بە کاراکتەرە خراپەکەیانەوە بەرەو چاڵی مەرگ شۆڕ دەبێتەوە…

مەولانا لە هەموو کەسێکی خاوەنی ژیری دەپرسێت: لە کاتێکدا گۆڕستانەکان پڕن لەو کەسانەی وایاندەزانی ئەوان هیچیان لێ نایەت و هەرگیز خەڵکی وازیان لێ ناهێنن، ئەم هەموو زوڵم و ئیرەیی و ستەمکارییە دەبن بە چی؟

مادەم بارودۆخەکە بەو شێوەیەیە، چۆن دەکرێت ڕابێین لەسەر خولیای ئەوەی ئازار بە خەڵكی تر بچێژین؟ لە تەمەنێکی هێندە کورتدا چۆن دەکرێت ئارەزووی ستەمکردن هێندە پەرەی پێ بدرێت و لە کۆتاییدا ببێت بە نەخۆشی؟

دۆستیۆڤسکی دەڵێت: خوێن و سەربەخۆیی لەسەر کەسانی دیکە مرۆڤ سەرخۆش دەکات: قەرەباڵخی و بێبایەخی زیاتر دەبێت؛ ئەوە دەگات بە عەقڵ و هەستەکانی مرۆڤ و ئەوکات مرۆڤ چێژ لەو شتانە وەردەگرێت ئاسایی نین. دەبێت بە جانەوەر. تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی مەحاڵە مرۆڤ هەستی پەشیمانی لە لا درووست ببێت و سەرلەنوێ لەدایک ببێتەوە. بەو شێوەیە خواستی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتر دەبێتە نەخۆشییەکی گوازراوە و هەموو کۆمەڵگا دەگرێتەوە.

دۆستیۆڤسکی ستەمی بینیوە، ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی قورس بووەتەوە… دوای ئەوەی ڕۆژانێکی زۆر لە گرتووخانەیەکی سەختدا مایەوە کە بە ماڵێکی مردوو یاخود بە تابوت وەسفی دەکات، شوێنی خۆی لە دڵی مرۆڤەکاندا کردەوە و لە جیهاندا دەنگی دایەوە. بەڵام ئەو کەسانەی ئەو ستەمەیان بە ڕەوا دەبینی بۆ ئەو ئێستا بە ناو و لاشەیانەوە لە زبڵدانی مێژوودا نقوم بوون و هەموو جارێک بە نەفرەتەوە یاد دەکرێنەوە.

ئەو کەسانەی ئەمڕۆ کەسانێکی بێتاوان لە ئازادی بێبەش دەکەن بێ ئەوەی گوێ بە ژن و منداڵ و نەخۆش و بەساڵاچوو بدەن، و لە زیندانەکاندا بەندیان دەکەن، ئەو کەسە بێویژدانانەی پشتیوانی لەو ستەمانە دەکەن… ئەو بێ زمانانەی دەنگییان لێوە نایەت… ئاخۆ ئێوەش دەزانن کە سبەی لە زبڵدانی تاریکی مێژوودا بە نەفرەتەوە یاد دەکرێنەوە؟

ئەو مرۆڤە بێتاوانانەی هیچ کاتێک بە نییەتێکی خراپ تەنانەت چەقۆیەکیشیان بە دەستیانەوە نەگرتووە و لە ژیانیاندا لەسەر هیچ تاوانێک لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەکراوە، ئەو کارمەندانەی یارمەتی لێقەوماوانییان داوە چۆن لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا وەک تیرۆریست ڕاگەیەندران؟

تەنها ئەگەری سەری ساڵی ٢٠١٩ هەڵبدەیتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو دواوە بگەڕێیتەوە لە هەموو ڕۆژێکیدا دەبینیت کە چەند ستەم کراوە و چ ناحەقییەکی گەورە کراوە و چۆن مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ پێشێل کراوە. بە هۆی ئەو ستەمەوە ژیانی چەند مرۆڤ کۆتایی پێهاتووە…

مرۆڤ چۆن ناچێت بە ناخی زەویدا کاتێک لە لاپەڕەکانی مێژوودا فاتمە قەساب دەبینێت کە هاوسەرەکەی لە ژێر چاودێری ورددایە و هەردوو کوڕەکەشی لە زینداندا بەندکراون… ئەو دایکە بەتەمەنە بە حەسرەتی کوڕەکانییەوە بسوتێت… بۆ ئەوە بسوتێت کە کوڕەکانی وەک دیل بەندکراون یاخود بۆ هاوسەرەکەی کە تووشی شێرپەنجە بووە… یاخود بۆ ئەو فشارانەی کە هیچ کات تەواو نابێت؟ ئەگەر کوڕەکانی یەک ئازار بچێژن دایک و باوکیان هەزار ئازار دەچێژن… بگرە ملیۆنێک ئازار دەچێژن لەم قۆناغەدا. دایکە فاتمە چیتر نەیتوانی بەرگەی ئەو هەموو ئازارە بگرێت و بە بێ دەنگ لەم جیهانە کۆچی کرد. تەنانەت ئەوەشیان بە زۆر زانی کە دوو کوڕەکەی بچنە سەر مەزاری دایکیان بۆ دواجار ماڵئاوایی لێ بکەن…

ئەوەش ئەو گۆڕستانەیە کە بە ناوی نیشتیمانەوە لە بەرامبەرماندایە… هەموو زیندانەکانی ئەم وڵاتە بووە بە تابوت… هەرگیز ئەوە لە یاد مەکەن کە کەسێکی وەک مامۆستا مەهمەت عەلی تۆکەل کە شەیدای پیشەی مامۆستایەتی بوو، دوای ئەوەی لە کارەکەی دوورخرایەوە و ڕەوانەی گرتووخانە کرا و بە هۆی فشار و ئازارەکانی ناو زیندانەوە تووشی شێرپەنجە… بە هۆی ئەوەی لە گرتووخانە چارەسەری پزیشکی بۆ نەکرا نەخۆشییەکەی تەشەنەی کرد و دوای ماوەیەک کۆچی دوایی کرد…

کەمێکی دیکە لاپەڕەکان هەڵبەرەوە و تەماشاکە چی دەبینیت… مامۆستایەکی گەنجی تەمەن ٣١ ساڵ بە ناوی حەبیبە چیمەن دوای ئەوەی هاوسەرەکەی دەستگیرکرا لەگەڵ دوو منداڵەکەی تووشی سترێس بوو، ئازار لەسەر ئازار، تا ئەو کاتەی بارودۆخی بە تەواوی تێکچوو و گیانی لەدەستدا. لە دوای خۆی دوو منداڵی تەمەن یەک ساڵ و پێنج ساڵ و هاوسەرێکی دەستگیرکراوی بەجێهێشت…

چۆن ئەو مرۆڤە لەناکاو درووستبوون کە گیانیان لە کەلاکێک بێهەستتر و بۆگەنترە؟ ئەو کەسانەی کە بەخشندەی نەوەی بەخشندەن بە هۆی ئەوەی هەموو کەسێکیان وەک خۆیان دەبینی ئەو کەسە بێ دڵانەیان نەدەبینی… کۆتا داواکاری باوکێکی ئیفلیج کە لەژێر چاودێری ورددا بوو چۆن دەکرێت هێندە بێویژدانانە ڕێگری لێ بکرێت؟ ڤاهیپ کارای تەمەن ٧٥ ساڵ کۆتا ئارەزووی لە ژیانیدا ئەوەبوو کە مامۆستا گۆکهان کارای کوڕی ببینێت کە ماوەی دوو ساڵ بوو لە زینداندا بوو… بەڵام ڕێگەی پێ نەدرا… ئەوە لە کاتێکدا کە زۆر بە باشی دەیانزانی بێتاوانە… ڤاهیپ کارا بە حەسرەتی بینینی کوڕەکەیەوە کۆچی دوایی کرد و دیداریان کەوتە ڕۆژی دوایی. ئاخۆ کاتێک ئەوان لەو دنیا یەک دەبینن و یەکتر لە ئامێز دەگرن، ئەوانەی ئەو ستەمە گەورەیە لەوانە دەکەن چی چاوەڕێیان دەکات؟ ئایا هیچ بیر لەوە ناکەنەوە؟

چی تر باس بکەم؟ نازانم کام لاپەڕەیە هەڵبەمەوە و باسی کەم ستەمکاری و چەوساندنەوەیە بکەم؟ ڕووداوی هێندە ترسناک و پڕ لە ئازار لەم مەملەکەتەدا ڕوویداوە کە باس ناکرێت! کەسێک بە ناوی گونگۆر ئۆنۆل کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ دەستگیرکرا بە هۆی مامەڵەی خراپی ناو زیندانەوە لە ساڵی ٢٠١٩ جەڵتەی دڵ لێیدا و کۆچی دوایی کرد…

یان مامۆستا کازم کورنازی تەمەن ٣٤ ساڵ کە بە بڕیارێکی نایاسایی لە پیشەی مامۆستایەتی دوورخرایەوە کە زۆر حەزی لێی بوو، وە دواتر بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەکەی دابین بکات دەستی کرد بە کرێکاری بەڵام لە کاتی کرێکاریدا لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەیەکەوە کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا. تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لە دژی مامۆستا کازم نەدۆزراوەتەوە کە تۆمەتێک بەسەریدا ساخ بکاتەوە.

 چەندین دڵی پڕ لە خۆشەویستی و شەیدای خزمەتکردن لە شەوێکی تەموزدا لە کارەکانییان دابڕێندران کە زۆر خۆشیان دەویست… لە دونیا دابڕێندران! ئایهان دەمیر بە هۆی ئەو ئەشکەنجانەی لە بنکەی پۆلیس ڕووبەڕووی بوویەوە کەمئەندام بوو. لەو ماوەیەدا خێزانەکەی پەرتەوازە بوو، جگە لە کێشە تەندرووستییەکانی ڕووبەڕووی چەند کێشەیەکی دەروونی بووەوە، ئایهان دەمیر چیتر بەرگەی ئەو هەموو ستەمەی نەکرد و کۆچی دوایی کرد.

ئازاردان، ئەو ڕق و کینەیەی لە ئەشکەنجەوە پێچرابوون… ئەو سوکایەتییانەی وەک فیشەک بە ڕووی بێتاواناندا دەبارین… سائیم ئویانک بەڕێوەبەری خوێندنگەیەک لە دوای خۆی دوو کچی چاو بە فرمێسک و هاوسەرێکی بە خەفەتەوە بەجێهێشت. سەلمان ئۆکوری تەمەن ٤٥ ساڵ کە بە هۆی خەفەتەکانییەوە نەخۆش کەوت و کۆچی دوایی کرد… ئەوان کۆچیان کرد و لەم دونیا فانییە ڕۆشتن… خۆتان بە دڵخۆش دەزانن کاتێک ئەو ناحەقییانە بەرامبەر بەو مرۆڤە بێتاوانانە دەکەن. بەڵام هاوشێوەی ترسناکترین دڕندەکان ڕووخساری ئەو ستەمکارانە هیچ کات پێناکەنێت! مادەم بەرژەوەندی خۆیان بەسەر حەق و یاسادا هەڵدەبژێرن بە بەردەوامی بە نەفرەتەوە یاد دەکرێنەوە…

مرۆڤە دڵسۆز و لێبڕاوەکان لە پێش چاوی خۆشەویستەکانییان ناشرین کرا! بێ بایەخ کران! جەمیل دیلبەر کاتێک بە ناحەق لە گرتووخانەی ئافیۆن بەندکرابوو، و لەو کاتەی خانەوادەکەی هاتبوون بۆ سەردانی دەیویست باس لە بێتاوانی خۆی بکات…. نەیدەزانی چی بڵێت و لە کوێوە دەستپێبکات بۆیە ناڕەحەت بوو، و لەو کاتەدا تووشی جەڵتەی دڵ بوو… گەیەندرایە نەخۆشخانە… دواتر؟ سەرەڕای هەموو هۆشدارییەکان گەڕێندرایەوە بۆ گرتووخانە بۆ ئەوەی لەوێ گیان لەدەست بدات…

دایکان و باوکان کاتێک باسی ئەم قۆناغە دەکەن زۆر ناڕەحەت دەبن… دەیانەوێت ببن بە گیانێک بۆ ڕۆڵەکانییان کە دەستگیر دەکرێن و ئەشكەنجە دەدرێن… باوکێک بە ناوی سەلمان زەیفەئۆغڵو دەڵێت “من تەمەنێک زۆر ژیاوم، تەنها ئەوەندەی بە چاوی سەر کوڕەکەم ببینمەوە بەسە بۆ من”. بەڵام کۆچی دوایی دەکات و ئەو ئارەزووەی بەدی نایەت. تەنانەت ڕێگە بە کوڕەکەی نەدرا جەنازەکەی باوکیشی ببینێت.

با ئەم شتانە لە گوێی ئەو کەسانەدا بزرنگێتەوە کە گوێی خۆیان کەڕکردووە و بێدەنگن لە بەرامبەر ئەو هەموو ستەمکارییەی لە ژێر ماسکی مافەکانی مرۆڤدا ئەنجام دەدرێت!.. وە با بچێتە ناو چاوی ئەو کەسە بێ ویژدانانەی چەپڵە بۆ ستەمکار و بێویژدانەکان لێدەدەن و زاڵیان دەکەن بەسەر کەسانی بێتاواندا و ئەو ستەمکاری و بێویژدانییە نابینن کە ئەنجامی دەدەن!…

ستەمکارییەکە تەنها ئەوەندە نییە کە ژیانی ئەو کەسە بێتاوانانەتان زەوت کردبێت… بەڵکو ئەوەی کە ئەو مرۆڤە باشانەتان بێبەش کردووە لەوەی خزمەت بکەن و شتێکی جوان و باش پیشکەش بە مرۆڤایەتی بکەن ناحەقییەکی زۆر گەورەیە…

وە کاتێک ساڵی ٢٠١٩ تەواو دەبێت دەفتەری کردەوەکانتان زۆر ئەستوور دەبێت… هەروەک چۆن ئەو ژیانانە تۆمار دەکەن کە بە ستەم تەواو کران، فریشتەکان و مێژوو و بیرەوەرییەکان  و نەوەکانی داهاتووش ئەو ستەمکارییانە تۆمار دەکەن. ئەگەر سبەی لە بارودۆخێکدا بوون کە نەتوانن تەماشای ڕووخساری منداڵەکانتان بکەن هیچ سەرتان سوڕنەمێنێ… باشترین شت ئەوەیە کە وەرن با هەموومان هاوکاربین لە لەناوبردنی ئەم ستەمەدا…. با ساڵی ٢٠٢٠ یش وەک بارێکی گوناح نەکەوێتە سەر شانتان..

http://www.samanyoluhaber.com/-fikret-kaplan-2019-zulumle-biterken-haberi/1341911/

124 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە