بیروڕاهەواڵ

پێشبڕکێی پاسکیل سواری بۆ منداڵە زیندانیەکانی تورکیا

کۆمەڵێک چالاکوانی مەدەنی لە شاری ئەمستردامی وڵاتی هۆڵاندا، وەک هاوسۆزیەک لەگەڵ منداڵ و ژنانی زیندانی تورکیا. پێشبڕکێیەکی پاسکیل سوارییان ڕێکخست.
چالاکوانەکان لە دوای ئەنجامدانی چالاکیەکە، بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و تێیدا داوای ئازادکردنی ژنان و منداڵانی ساوای ناو زیدانەکانی تورکیایان کرد.
چالاکوانانی ڕێکخراوی تەباشیری شکاو، لەبەردەم تەلاری شاهانەی ئەمستردامی پایتەختی هۆڵاندا گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
چالاکوانەکان ئاماژەیان بەوەدا کە لە زیندانەکانی تورکیادا ٧٨٠ منداڵی زیندانی هەیە و، داوایان کرد بە زووترین کات ئازاد بکرێت.
هەروەها لە دروشمەکانیاندا گوزارشتیان لە بارودۆخی منداڵی ناو زیندانەکان، تراژیدیەکان و درامی خێزانەکان کرد.

“ئەو مرۆڤانەی ژیانیان سڕدراوەتەوە و لە وڵاتی خۆیان دەرپەڕێندراون”

ئەتیلا ئەرۆڵ وەک سەرۆکی پلاتفۆرمەکە لە ڕوونکردنەوەکەیاندا وتی” لەم هەفتەیەدا بە بۆنەی ساڵڕۆژی پاڵپشتی مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەم شوێنەدا کۆ بووینەتەوە. لێرەدا لە پێناو ئەو کەسانەی کە هەلی پەروەردەیەکی شایستە و یەکسان وەرناگرن، یاخود لە نێو ئاشتی و دادپەروەریدا ناژین، ئەوانەی ئەشکەنجە دەدرێن، لە زیندانەکاندا ژیان دەگوزەرێنن، هەروەها تەواوی ئەو پەروەردەکار و خوێندکارانەی لە نێو جەنگ و زۆرداریدا گیانیان لە دەستداوە، کۆبووینەتەوە.

بە هۆکاری ئەو جەنگ و کارە ناڕەوایانەی لە دونیادا ڕوو دەدەن، ملیۆنان مرۆڤ بە ناچاری وڵاتی خۆیان جێهێشتووە، لەو وڵاتانەی ڕوویان تێکردووە وەک پەنابەر ژیان بەسەر دەبەن.
لەم چەند ساڵەی دوایدا، کۆمەڵێک پەروەردەکاری وەک ئێمە و کەسانی تری سەر بە پیشە جیاوازەکان، بە هۆی زوڵم و زۆری ڕژێمەکەی ئێردۆغانەوە وڵاتی خۆیان بەجێهێشتووە و لە وڵاتانی دونیا و بە تایبەت ئەوروپا وەک پەنابەر ژیان بەسەر دەبەن.

ڕژێمەکەی ئێردۆغان، لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦، لە ڕێگەی ئەو ڕێکارانەی لە کاتی باری نائاسایی وڵات و قۆناغەکانی دواتردا گرتیە بەر، بە دڵنیاییەوە هەنگاو بەرەو ئەو سیستە دیکتاتۆریە هەڵدەگرێت، کە پێشتر بە ئامانجی گرتبوو.
ئێردۆغان کەوا بنەماکانی جیاوازی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆیی دادگاکان، بێلایەنی خودی خۆی وەک سەرۆک کۆماری پێشێل کردووە، تەواوی چینەکانی کۆمەڵگا بە تایبەت کورد،عەلەوی، لیبراڵەکان و هاوسۆزانی خزمەتی خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە.

“لە زیندانەکانی رژێمەکەی ئێردۆغاندا، بەڵگە لەسەر ٥٤ حاڵەتی مردنی گوماناوی هەیە”

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ئێردۆغان فشارە فاشیستیەکانی خۆی زیاتر دەکات، هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ڕژێمەکەی ئێردۆغاندا، ٥٤ حاڵەتی مردنی گوماناوی بە بەڵگە سەلمێندراوە.
ئەم مردنە گوماناویانەش لە ئەشکەنجەدان و دابین نەکردنی پیداویستیە پزیشکیەکانەوە سەرچاوەی گرتووە.
گۆکهان ئاچککۆلو یەکێکە لەو مامۆستایانەی لە ژێر ئەشکەنجە و دابین نەکردنی پێداویستی پزیشکی، لە زیندان گیانی لە دەستداوە و، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئینتەرنێت وێنەی کاتی گیان لە دەستدانی بڵاوکرایەوە.
ئەو هاوڵاتیانەی بە هۆی فشاری کاربەدەستانی تورکیاوە لە وڵاتی خۆیان ڕایانکردووە، بە شیوەیەکی قاچاغ تورکیا بەجێدەهێڵن و وەک پەنابەر ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە دەکەن. لە کاتی جێهێشتنی وڵاتیشدا، چەندین هاوڵاتی لە ئاوی دەریاچەی مەریچ و ئیجە گیانیان لە دەستداوە”.

٧٨٠ منداڵی ساوا لە زیندانەکانی تورکیادان

بە هۆی کارە نارەوا و فاشیزانەکانی تورکیا، ٧٨٠ منداڵی ساوا لە زیندانەکانی تورکیا ژیان بەسەر دەبەن.
پێشێلکاریەکانی ئێردۆغان تەنیا لە ناوخۆی تورکیا نەوەستاوە و، رفاندن و ونکردنی هاوڵاتیان لە دەرەوەی تورکیاش بەردەوامی هەیە؛ کە زۆرینەیان مامۆستای خوێندنگەکانن.
لەلایەکی ترەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا بە شانازیەوە باس لەوە دەکات، کە لە ١٨ وڵاتی دونیا، ١٠٠ مامۆستای بزاڤی خزمەتیان ڕفاندووە.
لە نێو ئەم وڵاتانەشدا هەریەک لە ئەفغانستان، ئازەربایجان، ئەلبانیا، بولغاریستان، گابۆن، ئێندەنۆسیا، کازاخستنا، کۆسۆڤۆ، مالیزیا، مەیانمار، تایلەند، پاکستان، قەتەر، چەندین مامۆستا و هاوڵاتی سەر بە چینە جیاوازەکانیان ڕفاندووە.
لە نوێترین حاڵەتیشدا، مامۆستا فاتیح کەسکین بەڕیوەبەری یەکێک لە خوێندنگەکانی خزمەت لە وڵاتی بۆسنە، دەستگیر کرا و لەلایەن کاربەدەستانی تورکیاوە داوای ڕادەسکردنەوەی دەکرێت.
دەمانەوێت ئەم کارە ناڕەوایانە کۆتایی پێبهێنرێت و دەنگی ئەوان بە تەواوی دونیا بگەیەنین”.

لەلایەکی ترەوە سیس بویەس نوسەری هۆڵەندی، بەشداری لە چالاکیەکەدا کرد و وتی” بونی ٧٨٠ منداڵی ساوا کە تەمەنیان لە نێوان ٠-٥ ساڵاندایە لە زیندانەکانی تورکیا، جێگەی قبوڵ نیە”.
نوسەرەکە ئاماژەی بەوەشدا بە مەبەستی دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی خۆی بۆ منداڵە ساواکانی تورکیا، لە شاری ئێدە کە ١٢٠ کیلۆمەتر لە ئەمستردامەوە دوورە، هاتووە.
سیس لە درێژەی قسەکانیدا وتی” بە داخەوە ڕای گشتی هۆڵاندا بێ ئاگایە لەوەی لە تورکیادا ڕوو دەدات. پێویستە تورکیا بە زووترین کات ٧٨٠ منداڵی ساوای ناو زیندانەکانی تورکیا ئازاد بکات.
دەبێت تاوانی ئەو منداڵانە و دایکەکانیان چی بێت. تورکیا بەرەو کوێ دەڕوات؟ بە ڕاستی مومکین نیە لەم شتانە تێبگەیت. خودی خۆم وەک هاوڵاتیەکی هۆڵەندا، لە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی لە تورکیادا ئەنجام دەدرێن، ترسێکی گەورەم هەیە و لە هەمان کاتیشدا شەرمەزارم. کێشەیەک لەو نێوەندەدا هەیە و پیویستە پشانی هەموو لایەکی بدەین”.

 

88 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە