بیروڕاهەواڵ

مرۆڤ و ناسینی خودی خۆی {عاشقی ڕاستگۆ بەشی ٣٤}

بەشی ٣٤ / مرۆڤ و ناسینی خودی خۆی

 

“چەند بەختەوەرە ئەو مرۆڤەی خۆی دەناسێت و لە سنوری خۆی زیاتر تێناپەڕێت”
“بابەتی ئەوەی مرۆڤ خۆی بناسێت و، لە خوار باڵای ڕاستەقینەی خۆیەوە خۆی پشان بدات، گرنگیەکی زۆری هەیە.
واتە مرۆڤ سنوری خۆی بزانێت و، دەست نەکات بەوەی سنور بۆ کەسای تر دابنێت. بە دەربڕینێکی تر بۆی نەبێت بڵێت” سنوری فڵان کەس هێندەیە و، نرخەکەی هەر هێندەیە”. چونکە ئەمە نازانرێت و شتێکە تەنیا لەلای خودا زانراوە.
هەندێک جار کردارێکی زۆر بچوک، مامەڵەیەک کەوا بە سادە دەبیندرێت، یاخود هەڵسوکەتێک کەوا سەرنجی هیچ کەسێک ڕاناکێشێت، لەبەر ئەوەی بە ئیخلاسەوە ئەنجامدراوە، چیەتیەکی وەها پەیدا دەکات, کە وێناکردنەکان ناتوانن پێیبگەن. وەک ئوستادیش دەڵێت: یەک زەڕە کرداری پڕ ئیخلاس، لە چەند هۆقە کرداری بێ ئیخلاس باشترە”…

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، زۆر بە چاکە یادی تورگوت ئۆزاڵ دەکات، کە لە دوای کودەتاکەی ١٢ ی ئەیلول، هەوڵێکی جددی دەدا بۆ ئەوەی وڵات سەرلەنوێ ڕێچکەیەکی بەهێزی دیموکراسی و ئابوری بگرێتە بەر.
ئۆزاڵ لە دوای کودەتاکە وەک بیرۆکراسیەک دەست بەکار بوو. الله ئەوی خستبوویە خزمەتی خەڵکەوە. لە کاتێکدا ئاژاوە هەموو لایەکی تەنی بوو، بە تێپەڕاندنی هەندێک کۆسپ، کۆمەڵێک کاری چاکی ئەنجامدا و لەلای خۆیەوە بووە هۆکاری ئەنجامدانی چەندین کاری چاک.
مامۆستا بەم شێوەیە باسی تورگوت ئۆزاڵ دەکات:
کاک تورگوت ئیمانێکی زۆر فراوانی هەبوو. هەموو کارێکی بە شعورەوە ئەنجام دەدا و، هەتا دوا ڕادە وابەستەی بەها مەعنەویەکان بوو، ئێمەشی زۆر خۆش دەویست. بە تایبەت لە دوا گەشتیدا، هێندە دڵی خۆش بوو، پێی لە عەرز نەدەکەوت. دوای ئەوەی سەردانی خوێندنگەکانی خزمەت دەکات لە ناوەڕاستی ئاسیا، لەگەڵ کۆرکوتی برای قسە دەکات و دەڵێت: “کورکوت بە ڕاستی ئەمە ڕووداوێکی زۆر سەرسوڕهێنەرە”. باسی ئەو شتانەی بۆ کردووە کە بینیوێتی و خۆشحاڵی خۆی پێیان دەربڕیوە. بیر لەوە بکەنەوە یەک دوو ڕۆژ دوای ئەوەی لەو سەردانە گەڕایەوە، وەفاتی کرد. واتە لەو کاتە کورتەدا، یەکسەر گوزارشتی لە دڵخۆش بوونی خۆی کردووە. بە گوێرەی ئەو قسانەی لەلایەن کۆرکوتی برایەوە گێڕدراوەتەوە، یەکەم شت کەوا باسی کردووە، خوێندگەکانی خزمەت بووە. پاشان ڕووی لە هەر شوێنێک کردووە، بە کاربەدەستانی ئەو شوێنەی وتووە، کەفیلی خوێندنگەکانە”.
لێرەدا شتێکم بیرچوو، حەز دەکەم وەک نێوبڕێک لە نێو کەوانەیەکدا ئاماژەی پێبدەم:
تورگوت ئۆزاڵ باسی لەوە کرد، کە لە بچوکترینی کەسی ناو خزمەتەوە هەتا گەورەترینیان، واتە لە ڕوانگەی چالاکیە پیشەسازی، بازرگانی و کەلتوریەکانەوە، پرسیاری هەموو شتێکیان لێکردووە. ئۆزاڵ خۆی نامەی بۆ ٢٠ شوێن نوسیوە. مرۆڤێک کەوا لە لوتکەی دەوڵەتدایە. کاتێک سەرۆک وەزیران بوو ئەم کارەی ئەنجامدا، ئەو کاتەی بوویە سەرۆک کۆماریش هەمان شتی ئەنجامدایەوە. تەنانەت لە دوا گەشتی فەرمی خۆیاندا، یەکێک لە کەسە نزیکەکانی خۆی بۆی گێڕامەوە، بە یەکێک لە سەرۆک کۆماری وڵاتەکان دەڵێت” من کەفیلی ئەم کارانە دەکەم”. ئێستا کاتێک کەسێک لە لوتکەی دەوڵەتدا دەڵێت من کەفالەتی ئەو کارە دەکەم و پشتگیری لێدەکەم” لەو کاتەدا دەوڵەت کێیە؟ کەواتە دەوڵەت پشتگیری لەو کارە دەکات، ئایا دەوڵەت خۆی دەکاتە خاوەنی شتێک کەوا شوێنی خۆی بگرێتەوە؟!
مامۆستا دوای ئەوەی لە دوای کودەتاکەی ١٢ ی ئەیلول بە شێوەیەکی بەردەوام ڕاوەدوویان دەنا، لە ١٢ ی کانونی دووهەمی ١٩٨٦ لە بوردور دەستبەسەر کرا و، پاش ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا ئەنجامدا، بە هۆی هاتنە سەر خەتی تورگوت ئۆزاڵ مامۆستا ڕزگاری بوو:
” زۆر جار ئیمکانی ئەوەم لەبەردەستا نەبوو لە شوێنێکدا ماوەی یەک کاتژمێر بمێنمەوە، هەمیشە بە شێوەیەکی بەردەوام دەسوڕامەوە. لە تەلەڤیزیۆن فیلمی لانەوازانیان پشانداوە، ئەوانەی سەیریان کردووە، شتەکانی ناو ڕۆمانەکەیان بە بیرهاتۆتەوە. ئیدی هەرگیز ئەوە لە یاد ناکەیت، کاتێک کەسێک لە گۆبەندێکی لەو شێوەیە ڕزگارت دەکات. لە بوردور منیان دەستگیر کرد، کاتێک هەواڵ بە تورگوت ئۆزاڵ دەگات، کە لەو کاتەدا سەرۆک وەزیران دەبێت، تەواوی وەزیرەکانی کۆ دەکاتەوە، بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکات. من هەرگیز ئەو چاکەیەی تورگوت ئۆزاڵم لە بیر ناچێت. شەو کاتژمێر یەک یاخود دوو هەواڵی دەستبەسەر کردنی منی پێدەگات. هەر بەو شەوە کابینەی حکومەتەکەی کۆ دەکاتەوە و دەڵێت ” هاوڕێیان، ڕۆژنامەکانی ئەمڕۆمان تەنیا یەک ماددەیان هەیە، ئەویش دەستبەسەرکردنی م.فەتحوڵڵا گولەنە، پێویستە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین”.
من لەو کاتەدا ٢٤ کاتژمێر هەر گوێم لە وشەی “هەتیو” بوو، هەر دەیانوت” هەتیو تۆ درۆ دەکەیت، هەتیو تۆ لە کۆمۆنیستەکان خراپتریت”، لە ژێر فشارێکی لەو شێوەیەدا تف لە دەموچاوت دەکەن و دەڵێن” هەتیو دەبێت قسەت پێبکەین”. “هەتیو ئێمە دەزانین چۆن دەتکوژین”. پاش ئەوەی لەوێ ڕۆشتبووم بە یەکێک لە هاوەڵەکانی خۆمیان وتبوو” دەمانتۆپاند بەڵام چواردەوری قەرەباڵغ بوو، ترسی ئەوەمان هەبوو بەڵایەک بەسەر خۆماندا بهێنین، ئەگینا دەمانتۆپاند”.

لە حاڵێکی لەم شێوەیەدا، هەرگیز ناتوانم ئەو جوامێریەی کاک تورگوت لە یاد بکەم. ئیدی ئەوانەی بەو شێوەیە قسەیان لەگەڵدا دەکردم سەریان سوڕما. دەست و قاچیان بەسەر یەکدا تێکەڵ بوو، یەکێکیان وتی ” وازی لێبهێنین با توشی بەڵایەک نەبین”. پاشان منیان ڕەوانەی ئاسایشی ئیزمیر کرد، لەوێ قبوڵیان نەکردم و وتیان: “ئێمە وەری ناگرین، چونکە ئێمە بە دوایدا ناگەڕێین”. ئاخر چیبوو لە پڕێکدا وەهایان لێهات، ماوەی ٦ ساڵ بوو لە هەموو شوێنێکدا بە دوای مندا دەگەڕان، لە هەموو سووچێکدا وێنەی منیان هەڵواسیبوو. بەڵام لەو کاتەدا دەیانوت” ئێمە بە دوایدا ناگەڕێین”. ئاسایشی بوردور لەبەر ئەوەی نەیاندەتوانی لە پشتی کارەکەیانەوە بوەستن، منیان ڕەوانەی ئیزمیر کرد. ئەوانیش نەیاندەزانی چۆن ئازادم بکەن. پاشان ڕێگە چارەسەرێکیان دۆزیەوە. کاک ئۆزکان پارێزەرەکەی ئێمە ڕێگە چارەسەرکەی پشاندان. ئیدی منیان بە ئۆتۆمبیلەکانی ئاسایش لەو شوێنە هێنایە دەرەوە. پاشان هەمان ڕۆژ بە تەکسی بەرەو ئیستەنبول دەڕۆشتین، خۆشمان لەو کرانەوە گەورەیە تێنەدەگەشتین کە ڕوویدابوو. ئێستا ئیدی مومکین نیە من ئەو هەموو چاکەیەی کاک تورگوت ئۆزاڵ لە یاد بکەم.(کۆمەڵێک وتار کەوا لە ڕۆژنامەکانی تورکیادا بڵاو بۆتەوە. نوریە ئاکمان لە ڕێکەوتی ٢٣.١.١٩٩٥، رەها موهتار ٣ ی تەموزی ١٩٩٥، خولیسی تورگوت ١٨.١.١٩٩٨، گۆڤاری ئاکسیۆن ١٣.٤.١٩٩٦، ژمارە ٧١).

“ئەو کاتەی لە هۆستۆن نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامدا، باوەشی پێدا کردم. هەنسکی گریانی دەهات و وتی: من نەمتوانی باسی گرنگی خزمەت و ئەو واتایەی بۆ مرۆڤایەتی گوزارشتی لێدەکات، بە کەسانی چواردەورم بگەیەنم!”. بە فرمێسکی چاوەکانیەوە ئەم خەمەی خۆی دەردەبڕی. هەفتەیەک بەر لەوەی وەفات بکات، هەواڵی بۆ برا یەکەمینەکان ناردبوو” زۆر شتی نەرێنی سەبارەت بە خوێندنگەکانی خزمەت لە ناوەڕاستی ئاسیا بەڕێوەیە، خۆم دەڕۆم و قسەیان لەگەڵدا دەکەم. پاشان ڕۆشتە لای زۆرێک لە سەرۆکی وڵاتان و وتی: دەست لەم هاوڕێیانە مەدەن، من خۆم کەفیلی کارەکانیان دەبم”.
سەرکردەیەکی کاریگەری وەک تورگوت ئۆزاڵ، لە ساڵی ١٩٨١ کاتێک بە شێوەیەکی ناحەق بە شوێنی مامۆستادا دەگەڕان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بوو. حاجی کەمال ئێرمەزیش بۆ ئەوەی سکاڵای خۆی لەو فشارە زۆرە بکات، کەوا لەلایەن هەندێک کاربەدەستانی سوپاوە دەخرایە سەر مامۆستا، سەردانی ئۆزاڵ دەکات لە ئەنقەرە و لە ماڵەکەی خۆیدا چاوی پێی دەکەوێت. حاجی کەمال ئێریمەز داوای لە ئۆزاڵ کرد -کە لە نزیکەوە مامۆستای دەناسی و تەنانەت لە هەندێک لە وتارەکانی مامۆستادا ئامادەیی دەبوو- لەلای کاربەدەستانی سوپا ببێتە کەفیلی مامۆستا هەتا دەست لە فشارە ناڕەواکانیان هەڵبگرن. ئۆزاڵ خۆیشی ناڕەحەت بوو بەرامبەر ئەو مامەڵە خراپەی، بەرامبەر کەسانی دڵسۆزی ڕاستەقینەی وڵات ئەنجام دەدرا. پێی وەهابوو مرۆڤەکان لەبەر ئەوەی مامۆستایان بە باشی نەناسیوە، بە دوژمنی وڵاتی دەزانن. ئۆزاڵیش دەڵێت ” باشە لەگەڵ سەربازەکان قسە دەکەم”. ئۆزاڵ بەم شێوەیە هەوڵی ئەوەیدا، پێشدادوەری نەرێنی هەندێک لەو فەرماندانەی سوپا بشکێنێت، کە خۆی لە نزیکەوە دەیناسین.
لەم کاتەدا مامۆستا بە هۆی خراپی باری تەندروستیەوە، نەیتوانی لە شوێنی دامەزراندنەکەی لە چەنەقەلە دەست بەکار ببێت.
ڕووداوی ئەوەی هەندێک لەو پزیشکانەی یارمەتی مامۆستایان دابوو، لەلایەن فەرماندەکانی سوپاوە خرابوونە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدرانی هەندێکیشیان، شتێک نەبوو کەوا مامۆستا قبوڵی بکات. هەربۆیە مامۆستا لە ٢٠ ی ئازاری ١٩٨١ لە فەرمانبەرێتی دەوڵەت کە وەک وتاربێژی مزگەوت کاری دەکرد، دەست لە کارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد.


ئیستەنبول لە ساڵی ١٩٨٢ بە تەواوی خۆی تەسلیمی بەفر کردبوو. لە هەموو لایەک بەرزتر لە باڵای مرۆڤێک بەفر کۆ بوو بوویەوە. سەرماکەی بە شێوەیەک بوو کە بەرگەگرتنی ئەستەم بوو. ڕێک لەو ڕۆژانەدا کە سەرماکەی ئیستەنبول بەو شێوەیە بوو، مامۆستا لە ماڵێکدا دەمایەوە کە ئاگری تێدا نەبوو. مامۆستاش سەردانی ناوەندی چاکردنەوەی کالۆریفەرەکانی(سپلیت) کرد، هەتا کێشەکەی بۆ چارەسەر بکەن. پاش ئەوەی برسێتی هاتە سەر سەرما و ماندوویەتی مامۆستا، نەخۆش کەوت و چەندین ڕۆژ لە جێگادا کەوت. مامۆستا خۆی دەڵێت” پێم وایە نەخۆشی شەکرەکەم، بە هۆی ئەو نەخۆشیەی ئەو کاتەوە توشم بوو”. بەم شێوەیە باسی سەختی ئەو شەوە دەکات کە لە سەرمادا ژیانی بردۆتە سەر.
مامۆستا لەو کاتەدا بە شێوەیەکی بەردەوام شوێنی دەگۆڕی. لەو کاتەی سەردانی ئەنقەرە دەکات، لە ماڵی باوکی یەکێک لە هاوڕێکانی بە ناوی ئیبراهیم کەیا دەمێنێتەوە، کە باوکی خاوەنی چاپخانە و ڕۆژنامەیە.
کاتێک ئەوانەی بە دوای مامۆستاوە بوون نەیانتوانی دەستگیری بکەن، ئیبراهیم کەیای باوکی هاوڕێکەی مامۆستا دەستگیر دەکەن و دەیخەنە ژێر لێپرسینەوە. مامۆستا کاتێک ئەمەی بیستەوە زۆر دڵتەنگ بوو، ئیدی بۆ ئەوەی ناڕەحەتیان نەکات، لە دوای ئەو ڕۆژەوە سەردانی ئەو ماڵەی نەکردەوە.
لە پاڵ تەواوی ئەم ناڕەحەتیانەدا، مامۆستا لە ساڵی ١٩٨٢ هەلی کردنەوەی ئەو خوێندنگانەی هاتە بەردەم، کە چەندین ساڵ بوو وەک غایەی خەیاڵیی خۆی لێکردبوون.
ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو کاتەی تورکیا کە لەلایەن کەنان ئێڤرەنەوە سەرۆکایەتی دەکرا، لە وەڵامی داوای مۆڵەتی ئەو کەسانەی دەیانویست دەرسخانە بکەنەوە دەڵێن” پێویست بە دەرسخانە ناکات، گەر دەتانەوێت لە بواری پەروەردەدا کار بکەن، خوێندنگە بکەنەوە”.
مامۆستاش لە دوای ئەم بڕیارەوە، هانی هەموو لایەکی دەدا کە زۆرێک لەو بەشە ناوخۆیی ودەرسخانانەی لە چوار دەوری وڵات کراونەتەوە، بگۆڕن بۆ کۆلیژ. بەڵام لە هەلومەرجی ئەو کاتەدا، تێگەشتن لەم داوایەی مامۆستا و دەستبەجێ جێبەجێکردنی هەروا کارێکی ئاسا نەبوو. تەنانەت کردنەوەی بەشە ناوخۆیەکانیش لە دوای ناڕەزایەکی زۆری مامۆستا، دەست کرا بەوەی بکرێنەوە و لە واتای بەهاکەی تێبگەن. چونکە لە هزری هاوڵاتیانی تورکیا، کاری خێر، بریتی بوو لەوەی مزگەوت دروست بکەت. مامۆستاش هەمیشە لە ڕێگەی” دروستکردنی مزگەوت کارێکی خێرە، بەڵام کردنەوەی بەشە ناوخۆیی و خوێندنگە کارێکی چاکترە، چونکە لە هەموو شوێنێکدا دەتوانیت نوێژ بکەیت، بەڵام لە هەموو شوێنێکدا ناتوانیت مرۆڤ پەروەردە بکەیت”، هەوڵی ئەوەی دەدا قەناعەت بە دڵ و مێشکی کەسانی خێرخواز بکات. لە پاڵ تەواوی ئەمانەشدا، کەمی ئیمکانیەتەکان و دەستنەکەوتنی مامۆستا بۆ خوێندنگەکان، لەو لەمپەرە گەورانە بوون کە لەبەردەمی هەموو لایەکدا بوو.
“بە مەبەستی گوزارشت کردن لە هەست و هزری خۆم سەبارەت بە گرنگی پەروەردە، لەسەر مینبەری مزگەوتەکان و ئەو بۆنە جیاوازانەی دانیشتووم و قسەم تێیاندا کردووە، هەمیشە بیروڕاکانی خۆمم لەو بابەتەدا دەربڕیوە. بەڵام هەروا بە ئاسانی جێگەی خۆیان نەدەکردەوە. بەڵام لە نێو هەندێک لەو مرۆڤانەی دەمناسین و ئەوانەشی نەمدەناسین، هەندێکیان بایەخیان بەم بابەتە دا. خوێندنگەی ئەهلی کرایەوە، زۆر قورس بوو لە سەرەتاوە هەتا قبوڵ بکرێن. باوەڕ بکەن بە هۆی ئەو دوودڵی و گومانانەی ڕوویان لە هەندێک لەو برایانەمان دەکرد کە لە کاتی وتارەکاندا فرمێسک بە چاویاندا دەهاتە خوارەوە، دڵم لێیان زویر بووە. کەمێک دڵم لێیان عاجز بوو، هەندێک جاریش پێم دەوتن ئێوە لە گرنگی ئەم بابەتە تێناگەن. کاتێک مرۆڤ گوزارشت لە هەست و هزرێک دەکات، سەرەتا ئەوانە باوەڕی پێدەکەن کە باوەڕیان پێتە.
سەرەتا توشی دوودڵی و ڕاڕاییەک دەبن و بە گومانەوە سەیری دەکەن، پاشان ئەوانەی متمانەی زیاتریان پێتە ئەنجامی دەدەن. بەڵام ئەو کاتەی خوێندنگەکان کرانەوە، یاخود کۆرسەکانی ئامادەکاری بۆ خوێندنی زانکۆ کرانەوە، ئەمە بەو واتایە نیە کە ئیدی یەکسەر خزمەت ئەنجام دەدرێت. فیداکاری پێویستی بە مرۆڤی خۆیەتی.
بە ڕاستی پێویستی بە کەسانێکە کە حساب بۆ کاتی کارکردن نەکەن. واتە کەسانێک نەبێت کە بڵێن: ئەوە ٨ کاتژمێرە کار دەکەم و تەواو بووم. نەخێر بەڵکو دەبێت بڵێت: ئەم خوێندکارانە پێویستیان بە چەندەیە هەتا پێیان بگەیەنم، دەبێت هێندە کار بکەم. وتم کەسانێکی لەو شێوەیە بدۆزنەوە کە بەم شێوەیە کار بکەن، وتم کەسانێکی عاشق بەم وڵاتە، کەسانێک کەوا خۆشێان دەوێت، بیدۆزنەوە و با دەست بەم کارە بکەن. ئیدی وەک دەبینن لە هەوو شوێنێک ئەو کەسانە، کاری خۆیان ئەنجامداوە…(گۆڤاری ئاکتیوەل، ١٤ ی کانونی دووهەمی ١٩٩٩).

202 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە