هەواڵ

وەقفی ڕۆژنامەنوسان و نوسەرانی تورکیا(GYV): ئێردۆغان هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەت

لە ڕاپۆرتێکدا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوی کردۆتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە سیاسەتەکانی ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، هەڕەشەی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەو قۆناغانە کراوە کە تورکیای ژێر دەسەڵاتی ئێردۆغانی پێدا تێپەڕیوە و، ئاماژە بەوە دەکات کە تورکیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو دەسەڵاتێکی تاکڕەوی مل دەنێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا بە تایبەتی باسی دیاردەکانی دوای ١٥ ی تەموز کراوە، کە خۆیان لە پێشێل کردنی مافەکان و مامەڵەی خراپی و ئەشکەنجەی هاوڵاتیان دەبینێتەوە.
باس لەو فشار و کارە دڕندانە کراوە کە دەرحەق بە هاوسۆزانی خزمەت و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای تورکیا کراوە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە پەیوەندی ئێردۆغان و چەند کەسایەتی، دەستە و گروپێک کراوە، کە لە نێوانیاندا گروپە جیهادیە توندڕەوەکان بوونیان هەیە.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە پەیوەندیەکانی نێوان ئێردۆغان و داعش کراوە و، ئاماژە بەوە دەکات، کە ئێردۆغان بە مەبەستی فراوانکردنی هەژمونی جیۆپۆلیتیکی خۆیی و سنوردارکردنی ڕکابەرە سیاسیەکانی ، وەک سپۆنسەری داعش لە ناوچەکەدا ڕۆڵی بینیوە.

ڕاپۆرتەکە جارێکی تر بانگەشەکانی ڕوسیای هێناوەتە ڕۆژەڤەوە، کە باسی لە پەیوەندی بازرگانی و نەوتی نێوان ئێردۆغان و داعش دەکرد.
چەند بەرپرسێکی سەربازی ڕوسیا، لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند وێنەیەکی مانگە دەستکردەکانی ڕوسیایان بڵاو کردەوە، کە هاتووچۆی بەردەوامی تانکەرە نەوتهەڵگرەکانی ژێر قەڵەمڕەوی داعش و تورکیای پشان دەدا.
هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە ئێردۆغان کێشەی پەنابەرانی سوریا، بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی بەکار دەهێنێت؛ ڕاپۆرتەکە بە هەریەک لە نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا و ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان گەیەندراوە.

“ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە”
لە دەستپێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە” تورکیا کەوا سەردەمانێک هەتا ڕادەیەک وەک وڵاتێکی سەقامگیر ئەژمار دەکرا، لە ئێستادا وەک وڵاتێکی زۆر ناسەقامگیری لێهاتووە”، لە دوای سەرهەڵدانی خۆپشاندانەکانی بەهاری عەرەبی کە لە ساڵی ٢٠١١ دەستی پێکرد، ناسەقاگیری ڕەوشی ناوخۆی تورکیا بە شێوەیەکی بەردەوام سەری هەڵدا، ئیدارەی ئێردۆغانیش لەسەر حسابی بەها دیموکراسیەکان، مافەکانی مرۆڤ، ئاشتی و سەقامگیری ناوخۆ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەوڵی بە ناوەندیکردنی دەسەڵاتەکانی خۆیان دەدا. پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانی وەک قەیرانی ئاوارەکانی سوریا کە لە دوای شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە سەری هەڵدا، بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕاستڕەوەکانی ئەوروپا و لەکەداربوونی بەها دیموکراسیەکان لەو وڵاتانە، بەهێز بوونی چەند دەوڵەتێکی ئۆتۆکراتی وەک ڕوسیا و ئێران لە ناوچەکەدا، بوونە هۆکاری ئەوەی ئێردۆغان لە ناوخۆی تورکیادا، بە شێوەیەکی خراپتر دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت”.
هەروەها سەبارەت بە ناوەڕۆکی خودی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە:
لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە کاری ئیدارە و سیاسەتەکانی ئێردۆغان دەکرێت، کە هەتا چی ڕادەیەک هەڕەشەیان بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی دروست کردووە.
لە چەند ساڵی ڕابردوو، بە تایبەت لە دوای ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦، ئەو گۆڕانکاریانەی لە سیاسەتەکانی تورکیادا هاتۆتە ئاراوە، لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی نیگەرانییان دروست کردووە.

وەقفی ڕۆژنامەنوسان و نوسەران، بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتەی لە مانگی کانونی دووهەمی ٢٠١٩ لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پێیدراوە، لە بوارەکانی پەرەپێدانی ئاشتی نێودەوڵەتی، مافەکانی مرۆڤ و بوژانەوەی بەردەوام کار دەکات.
وەقفەکەش بۆ ئەمەبەستە هەستاوە بە ئامادە کردنی ڕاپۆرتێک دەرحەق بە سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی.

ڕاپۆرتەکە دوو تەوەری گرنگ لە خۆ دەگرێت:
یەکەم: هەڵسەنگاندنی سیاسەتەکانی ئێردۆغان کە هەتا چەندە هەڕەشەیان بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوخۆیی، هەرێمی و نیودەوڵەتی دروست کردووە.

دووهەم: پێشنیارکردنی هەنگاوی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیی، هەرێمی و نیودەوڵەتیەکان.
ڕاپۆرتەکە حاڵی ئێستای تورکیا و هۆکارەکانی گەشتن بەم قۆناغەی خستۆتە بەرچاو و، بە تایبەتیش لەسەر ڕووداوەکانی دوای ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ دەوەستێت.
ڕاپۆرتەکە سوودی لە سەرچاوەی جیاواز وەرگرتووە کە لە نێویاندا ڕاپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، هەواڵەکانی ڕۆژنامەکانی زە گاردیان و نیورکتایمز، چەندین ناوەندی هزری و سیاسی بوونی هەیە.

ڕاپۆرتەکە بۆ ئەوەی شیکاریەکی دروست ئەنجام بدات و پێشنیاری بەرجەستە پێشکەش بکات، هەوڵی داوە بە شێوەیەکی گشتگیر سوود لەو سەرچاوانە ببینێت کە ئاماژەی پێدراوە.

91 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە