هەواڵ

فاتیح کەسکین لەسەر داوای ئێردۆغان دەستگیر کراوە

فاتیح کەسکین بەڕێوەبەری یەکێک لە خوێندنگەکانی خزمەت لە وڵاتی بۆسنە، کە مۆڵەتی مانەوە و کارکردنی هەمیشەیی هەبوو، بە بێ هیچ هۆیەکی یاسایی مۆڵەتی مانەوەکەی هەڵوەشێندرایەوە.
ناسا سترانکا کە پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەیە، کاردانەوەی بەرامبەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی مانەوەی کەسکین پشاندا و، ئاماژەی بەوەدا کە لەسەر خواستی تایبەتی ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئەو کارە ئەنجامدراوە.

فاتیح کەسکین بەڕێوەبەری خوێندنگەی ریچمۆند پارک بیهاچ لە شاری بیهاچی بۆسنە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بانگهێشتی هۆبەی کاروباری کەسانی بیانی ئەو وڵاتە کرا و، هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی مانەوەیان پێ ڕاگەیاند. دواتر لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کرا.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە پێشتر دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت)، لە ١٨ وڵاتی دونیا کە لە نێوانیاندا هەریەک لە کۆسۆڤۆ، مۆڵدۆڤا، گابۆن، پاکستان، ئازەربایجان، مالیزیا هەیە، نزیکی ١٠٠ مامۆستای خزمەتی بە شێوەیە نایاسایی ڕفاندووە و لەلایەن کاربەدەستانی ئەو وڵاتانەوە بە دەستگیرکردنی داون.
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی مانەوەی کەسکینیش هەمان پرسیاری هێنایە ئاراوە، کە ئایا وڵاتی بۆسنە نیازی ڕادەستکردنەوەی کەسکینیان بە تورکیا هەیە یاخود نا.
ئێستا خوێندکار و کەسە نزیکەکانی کەسکین نیگەرانی باری سەلامەتی ژیانی ناوبراون. پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەش کاردانەوەی بەرامبەر مامەڵەی پارتی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە پشاندا.
“لەسەر داوای تایبەتی ئێردۆغان دەستگیر کراوە”

پارتی ئۆپۆزسیۆنی بۆسنە لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە ڕووداوەکەدا وتیان” هیچ گومانمان نیە لەوەی کە بە بڕیارێکی سیاسی و لەسەر داوای تایبەتی ڕەجەب تەییب ئێردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا دەستگیر کراوە”.

هەروەها لە ڕوونکردنەوەکەیاندا ئاماژەیان بەوەدا کە لە تورکیاشدا بە هەمان شێوە، نزیکەی ٢١ هەزار مامۆستا بە بێ هیچ هۆیەک دەستبەسەر کراون و خراونەتە ناو زیندانەوە.
پارتی ئۆپۆزسیۆن وەک سەرنجڕاکێشان بۆ بکەرە ڕاستەقینەکانی پشت ڕووداوەکە وتی”بە گوێرەی داوای تایبەتی ئێردۆغان لە ئەنجومەنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەمان، هێزەکانی پۆلیس بە دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە هەڵدەستن”.

هەروەها لە بەشێکی تری ڕوونکردنەوەکەیاندا هاتووە” ئەم بڕیارەش لە کاتێکدایە، نە لە دادگاکانی بۆسنە، نە لە دادگاکانی تورکیا و، نە بڕیارێکی دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپۆڵەوە بۆ دەرکراوە. ئێردۆغان بانگەشەی ئەوە دەکات کە بزاڤی خزمەت ڕێکخراوێکی تیرۆرستیە. بەڵام لە لیستی نەتەوەیەکگرتوەکان و دامودەزگا نێودەوڵەتیەکاندا، ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بە ناوی فەتۆ بوونی نیە”.

پارتی ئۆپۆزسیۆن داوای لە کاربەدەستانی وڵاتەکەی کرد بە زووترین کات فاتیح کەسکین ئازاد بکەن و پابەندی خۆیان بە دەستور و یاسا نێودەوڵەتیەکان بپارێزن و پاشان دەڵێت” ئایا ئێمە لە دەوڵەتی دیموکراتی بۆسنە ژیان بەسەر دەبەین، یاخود لە خاکێکی سەر بە تورکیادا کە ئێردۆغان هەرچیەکی بوێت تێیدا ئەنجام دەدات؟”.
” دەوڵەتی بۆسنە لەبەردەم ئێردۆغان بچوک دەکرێتەوە”
پارتی ناسا سترانکا لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەیاندا دەڵێن “دەستگیرکردنی کەسکین بە واتای بچوک کردنەوەی دەوڵەتی بۆسنە و هاوڵاتیانی دێت لە بەردەم ئێردۆغاندا، ئێمە نامانەوێت پۆلیس و دادگاکانی ئەم وڵاتە، وەک دەستی درێژی ئێردۆغان کار بکەن. ئەم مامەڵەیەی کاربەدەستانی بۆسنە، بە پێچەوانەی دەستوری وڵات و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکان کە دەوڵەتی بۆسنە واژۆی لەسەر کردووە. داوا دەکەین لەم بابەتەدا ڕوونکردنەوەی تایبەت بۆ ڕای گشتی هاوڵاتیان ئەنجام بدەن”.
کەسکین ماوەی دوو ڕۆژە لە وڵاتی بۆسنە مۆڵەتی مانەوەی هەڵوەشێندراوەتەوە و لە ناوەندی کۆچبەرانی ئەو وڵاتە، بە دەستگیرکراوی ماوەتەوە.
ئێستا خوێندکار و کەسە نزیکەکانی ترسی ئەوەیان هەیە لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە بڕفێندرێت و لە زیندانەکانی تورکیادا بخرێتە ژێر ئەشکەنجەوە.

28 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە