هەواڵ

بەڕێوەبەری کۆلیجی بیهاچ لە وڵاتی بۆسنە دەستگیر کراوە

فاتیح کەسکین بەڕێوەبەری کۆلیژی بیهاچ لە وڵاتی بۆسنە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بانگهێشتی هۆبەی کاروباری کەسانی بیانی ئەو وڵاتە کرا و، ئەوەیان پێڕاگەیاند کە مۆڵەتی مانەوەی هەڵوەشێندراوەتەوە.
کەسکین پاشان ڕەوانەی هۆبەی کۆچبەران کرا و ئێستا لەوێ بە دەستگیرکراوی ماوەتەوە.
کەسوکاری ناوبراو نیگەرانی ئەوەن کاربەدەستانی بۆسنە بە شێوەیەکی نایاسایی ڕادەستی تورکیای بکەن و لە زیندانەکانی تورکیادا بخرێتە ژێر ئەشکەنجەوە.

کەسکین ماوەی ١٤ ساڵە لە بۆسنە ژیان بەسەر دەبات و، کاتێک لە بەرپرسی بەشەکەی پرسی کەوا لە بەرچی مۆڵەتی مانەوەی پوچەڵکراوەتەوە، کاربەدەستەکە هیچ هۆیەکی دیاری کراوی پشان نەدا و، بە “نازانم” وەڵامی داوەتەوە.

کەسکین دوای ئەمە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کرا و، ڕەوانەی ناوەندێکی کۆچبەرانی وڵاتی بۆسنە کرا، کە ٣٠٠ کیلۆمەتر لە شوێنی مانەوەی خۆیەوە دوورە.
ناوبراو لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیانەی لەگەڵیدا ئەنجامدراوە وتوویەتی:
” ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٠٠ لەلایەن پۆلیسی هۆبەی کاروباری کەسانی بیانی بانگهێشت کرام. ناوبراو ئەوەی پێ ڕاگەیاندم کەوا یاساکانی بۆسنەم پێشێل کردووە، بەو هۆیەوە مۆڵەتی مانەوەم لەو وڵاتە هەڵوەشێندراوەتەوە. پاشان کۆمەڵێک پۆلیس هاتن و وتیان ” دەی با بڕۆین بۆ سەرای بۆسنە”، منیش لە وەڵامدا وتم ” هەتا پارێزەرەکەم نەیەت، ناڕۆم بۆ هیچ شوێنێک”، پۆلیسەکانیش وتیان گەر حەز دەکەیت با وەک مرۆڤ مامەڵەت لەگەڵدا بکەین، ئەگینا بە زۆر دەتبەین. ئێستا لە کەمپێکی ئاوارەکانی ئەم وڵاتەین و هەلومەرجی ئەم شوێنە زۆر خراپە”.

“هیچ بەڵگەنامەیەکیان پشان نەدا، وتیان ئێمە فەرمان جێبەجێ دەکەین”
فاتیح کەسکین ماوەی ٦ ساڵە بەڕێوەبەری کۆلیژی ریچمۆند پارک بیهاچە، کە لە شاری بیهاچی بۆسنەیە.
کەسکین لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە کە هەتا ئێستا هیچ هۆکارێکی یاساییان بۆ پوچەڵکردنەوەی پاسپۆرتەکەی پشان نەداوە و پۆلیسەکان ئەوەیان پێ ڕاگەیاندووە کە تەنیا فەرمانی سەروی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە ساڵی ڕابردوو ٦ مامۆستای وڵاتی کۆسۆڤۆ ڕادەستی تورکیا کرانەوە و، ئێستا کەسوکاری کەسکینیش نیگەرانی ئەوەن کە ئەویش هەمان چارەنوسی مامۆستاکانی کۆسۆڤۆی هەبێت.

21 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە