بیروڕاهەواڵ

چیرۆکی ئەمەل خانم: مامۆستای کۆرسی فێربوونی قورئان

لەگەڵ کەسانێک کەوا لە زیندانەکاندا ماونەتەوە کە چەشنی بیری قوڵ و بێ بنن و، لە دڵیاندا ڕۆشنایی خەونێکی پاکوبێگەرد و، لە مشتیاندا فێنکایی نزا، لەگەڵ ئەو کەسانەی لە دوای یوسفەکان بەجێماون، بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکانمان.

هەموو مرۆڤێک هاوشێوەی مرۆڤەکانی ترە و لەوانیش جیاوازە. هەم نهێنیترین ئاوێنەی ئەوە. هەم دیاریە و هەم تاقیکردنەوەیەتی.
ئەم جارەیان دەبینە میوانی خێزانێک، کەوا سەر لەبەری ژیانیان بە هۆی ڕەشەبایەکی توندەوە گۆڕاوە. دەبینە میوانی چیرۆکی ژیانی مامۆستا ئەمەل کە لە کۆرسێکی فێربوونی قورئاندا مامۆستا بووە، هاوسەرەکەشی بە ناوی مامۆستا ئیبراهیم، مامۆستای وانەی کەلتوری ئاین بووە.

ئەم خێزانە خاوەنی ٤ منداڵ دەبن کە سیانیان کچە و، دوای ئەوەی لە لاپەڕەی ڕۆژنامەکانەوە هەواڵی ئەوە دەبیستن کە لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، بێ کار دەمێننەوە، ژیانیان بە تەواوی دەگۆڕێت.
٤ منداڵیشیان هەیە کە لە قۆناغەکانی دواناوەندی، ناوەندی و سەرەتایی دەخوێنن.
هەربۆیە پێویست بوو لە بەرامبەر ئەم بڕیارەدا کارێک بکەن. مامۆستا ئیبراهیم کەوا ٢٠ ساڵە خەریکی پیشەی مامۆستایەتیە و، لە تۆماری ڕابردوویدا هیچ جۆرە تاوانێک تۆمار نەکراوە، بە مەبەستی سکاڵا تۆمارکردن لەسەر ئەوەی بە ناحەق لە پیشەکەی دوور خراوەتەوە، ڕوو لە دادگا دەکات. لەوێ ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە لە هەمان کاتدا بڕیاری دەستبەسەرکردنی دەرکراوە.
لە دادگا بێ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان تەواو بکەن، هەر لەوێدا دەستیگری دەکەن.
دوای ئەوەی پۆلیسەکان تەلەفۆن بۆ هاوسەرەکەی دەکە کەوا مێردەکەیان دەستگیر کردووە، ئەویش یەکسەر جانتایەک لە شتومەکی پێویست کۆ دەکاتەوە و دەیبات بۆ ئەو زیندانەی کە بڕیارە هاوسەرەکەی لێ دەستبەسەر بکرێت.
ئەم چەند خولەکە لە چاوپێکەوتن و پێدانی شتومەکی پێویست، سەرەتای دەستپێکردنی حەسرەتێکی چەندین مانگە دەبێت. منداڵەکان دوای ئەوەی بینییان کەلەپچە لە دەستی باوکیان کراوە و بە کۆمەڵێک پۆلیس لە نێو ئۆتۆمبیلێکی پۆلیسدا چواردەوری دراوە، کاریگەریەکی قوڵی لەسەر دانان. ئیدی لەوێدا هەموویان دەست بە گریان دەکەن. باوکیشیان هەوڵ دەدات دڵنەاییان بکات و دەڵێت “مەگرین، مەگرین سەرتان بەرز ڕابگرن”.

“مەگرین لەوە دەچێت زۆرم پێبچێت، هەربۆیە سەرتان بەرز ڕابگرن”.
کاک ئیبراهیم کە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو مامۆستا بووە، ٣ کچ و کوڕێکی هەیە، کوڕەکەشی نەخۆشیەکی سەختی شیزۆفرینیای لەگەڵدایە.
ئەمەل خانم لە دوای ئەوەی هاوسەرەکەی لە پڕێکدا دەستبەسەر دەکرێت و دەچێتە زیندان، هیچ شتێکی لە دەست نایەت و بە ناچاری هەم دەبێتە باوکی منداڵەکان و هەم دەبێتە دایکیان.
بە تایبەت نیگەرانی حاڵی کوڕەکەی دەبێت کەوا لە قۆناغی دوو دواناوەندی دەخوێنێت و، پێش ماوەیەک لەلایەن پزیشکەوە پێیان ڕادەگەیەنن، کەوا کوڕەکەیان نەخۆشی شیزۆفرینیای لەگەڵدایە.
کوڕەکەیان کەوا زیاتر لە هەموو منداڵەکان هۆگری باوکیانە، لە دوای زیندانیکردنی باوکی، هەم بە کاتێکی سەختدا تێدەپەڕێت و هەم کاتێکی سەخت بە خێزانەکەی دەچێژێت.
بچوکترین کچیان هێشتا لە قۆناغی یەکەمی بنەڕەتیە. خوشکە گەورەکەشی بە تەواوی ژیانی خۆی بۆ خوشکە بچوکەکەی تەرخان دەکات و، لە جیاتی دایکی بە دەم هەموو داواکاریەکانیەوە ڕادەکات. واتە دایکایەتی بۆ خوشکەکەی دەکات.
هەفتانە سەردانی زیندان دەکەن و، لە سەرەتاوە لەو کاتەی ئیبراهیم زیندانی دەبێت دوو مانگ جارێک چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو دەبێت، پاشان ١٠ خولەک قسەکردن بە تەلەفۆن کە ڕستەکان لەو ماوە کەمەدا جێگایان نابێتەوە. دوای ئەوەی چەندین رۆژ و مانگ تێدەپەڕێت، لە دوای ساڵ و نیوێک، بڕیاری ئازادکردنی کاک ئیبراهیم لەلایەن دادگاوە، لە خۆشیدا تەواوی خێزانەکە بە ئاسماندا دەبات. ئیدی چەند ئۆتۆمبیلێک بە مەبەستی هێنانەوەی کاک ئیبراهیم لە زیندان، ملی ئەو ڕێگەیە دەگرنە کە خێزانەکە هەمیشە بەڕێوەی بوون. هەموویان لە نێو شادی و هەیەجان و دڵخۆشیدان. کوڕەکەیان زیاد لە هەموویان دڵی بەوە خۆشە کە بە باوکی شاد دەبێتەوە.
ئەو کوڕەی کەوا لە دوای ڕۆشتنی باوکی ٣ قات دەرمانی زیاتری بەکاردەهێنا هەتا کۆنتڕۆڵی باری دەرونی بکات، پێدەچوو لەگەڵ هاتنەوەی باوکیدا بە تەواوی چاک ببێتەوە.
چەندین کاتژمێر تێدەپەڕێت، چاوەڕوانی ئەوان درێژەی دەبێت و، پاشان ترس و نیگەرانی ڕوو لە هەموویان دەکات. چونکە تەواوی ئەو کەسانەی فەرمانی ئازادکردنیان بۆ دەرچوو بوو، لە زیندان هاتنە دەرەوە، بەڵام کاک ئیبراهیم هەر نایەتە دەرەوە.
ئەمەل خانم لە نیوەی شەودا هەواڵی ئەوە دەبیستێت، بە هۆی سکاڵایەک لە شارێکی ترەوە کەوا ئیبراهیم پێشتر تێیدا مامۆستا بووە، دیسان بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە و، خراوەتە ئۆتۆمبیلەوە هەتا بەرەو زیندانی ئەو شارەی ببەن.
خێزانەکە دوای ئەوەی چەندین کاتژمێر لەبەردەمی دەرگای زیندان چاوەڕێ دەکەن، ئیبراهیم بە کەلەپچەکراوی لە زیندان دەهێنە دەرەوە و بەرەو ئۆتۆمبیلێکی دەبەن کە دواکەی چەشنی تابوت درێژە و، ئەویش لە نێو تەلبەندی پەنجەرەی ئۆتۆمبیلەکەوە سەیرێکی خێزانەکەی دەکات و، چیدی ناتوانیت بەر بە فرمێسکی چاوەکانی بگرێت، بەڵام ناهێڵێت ئەوان گوێیان لە دەنگی گریانەکەی بێت.
خێزانەکەی لە یەکەم چاوپێکەوتنیاندا ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت، کە بە هۆی سکاڵای ناو دۆسیەیەکی ترەوە، بەرەو زیندانێکی چەندین کیلۆمەتر دوور لە شارەکەی خۆیان دەگواسترێتەوە…
کاک ئیبراهیمش نەخۆشی دڵی لەگەڵدایە و پێویستە نەشتەرگەریەکی کراوەی دڵ ئەنجام بدات.
منداڵەکانیشی بە هۆی باری سەختی ماددییەوە، هەرجارە و بە سەرە یەکێکیان بۆ سەردانی باوکیان لە زیندان دەڕۆن. هەروەها بۆ قسەکردنی تەلەفۆنیش بەسەرە قسەی لەگەڵدا دەکەن. پاشان نامەی دوور و درێژی بۆ دەنوسن و ڕەوانی زیندانی دەکەن. ئەمەل خانیش لەلایەک دڵی بە بێ وەفایی دۆستان و هاوپیشەکانی دەڕەنجێت، کە ساڵانێکی دوور و درێژ یەکتریان ناسیوە و پێکەوە کاریان کردووە. لەلایەکی ترەوە دڵی بە نەخۆشکەوتنی هاوسەرەکەی لە زیندان، دەسوتێت.
کاک ئیبراهیمیش، بە هۆی خراپی هەلومەرجی زیندان، خواردنی خراپ، بیرکردنەوە لە خێزانەکەی کە بە هۆی نەبوونی خۆیەوە ناڕەحەت بوون، ئەو خەمەی بۆ چوار منداڵەکەیی و بە تایبەت کوڕە نەخۆشەکەی دەیخوارد، دڵی توشی نەخۆشی دەبێت.
٣ دەماری دڵی دەگیرێن و ئەگەری جەڵتە لێدانی بەرز دەبێتەوە. دەستبەجێ قەستەرەی بۆ ئەنجام دەدەن. داواکاری گشتی بە پاساوی ئەوەی نەشتەرگەریەکی سادەیە، ڕێگە بە لەگەڵدابوونی هاوسەرەکەی نادات و، بە تەنیا دەچێتە ژووری نەشتەرگەری و بە تەنیا دەگەڕێتەوە ناو زیندان. تەنیا چاوپێکەوتنێکی کورت لەگەڵ هاوسەرەکەی ئەنجام دەدات، ئەویش لەو کاتەدا دەستی بە کەلەپچەوە دەبیت و بە قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکەوە بەستراوە.
بەڵام سەرەڕای ئەوەی قەستەرەی دڵ ئەنجام دەدات، دەمارە گیراوەکانی ناو دڵی ناکرێنەوە.
پاشان پزیشكەکە ئەوەی پێ ڕادەگەینێت کە پێویستە نەشتەرگەری دڵی بە کراوەیی بۆ ئەنجام بدرێت. بە پێچەوانەوەی جەڵتەی دڵ مەترسیەکی گەورە لەسەر ژیانی دروست دەکات.

ئێستا خێزانەکەی نزای خێر بۆ باوکیان دەکەن و، هەوڵ دەدەن دەنگیان بە کاربەدەستانی تورکیا بگەیەنن هەتا باوکیان بە ساغ و سەلامەتی بگەڕێتەوە ناویان. داوای ئەوە دەکەن بە لە جیاتی چاودێری زیندان، لە ماڵەوە خۆیان ئاگایان لیبێت و بە شێوەیەکی مەرجدار بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەربکرێت.
هەروەها بانگهێشتی تەواوی مرۆڤە خاوەن ئینساف و ویژدانەکان دەکەن، بۆ ئەوەی پێکەوە هاوار بکەن و بڵێن” زیندان شوێنی مرۆڤە بێ تاوانەکان نیە، شوێنی منداڵ، دایکان، نەخۆش و بەساڵاچووان نیە”.

25 جار بینراوە 6 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە