بیروڕاهەواڵ

چەند پێودانگێک بە ناوی ئاکاری جوانەوە!

بەشی دووهەم


هەتا ئێرە لەسەر پێویستی ئەوە وەستاین کە مرۆڤەکان عەیبدار نەکەین، بە سوک تەماشایان نەکەین و لە بەرامبەریاندا لێبوردە بین.
لەمەشەوە نابێت ئەو ئەنجامگیریە بکرێت، کەوا پێویستە لە بەرامبەر تەواوی هەڵە و گوناحەکاندا بێدەنگ بین و بە هیچ شێوەیەک هەڵوێستمان نەبێت.
چونکە لە زۆر ئایەتی قورئانی کەریمدا، ئاماژە بەوە کراوە کە فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە، وەک ئەرکێکی گرنگ لەسەر شانی کەسانی ئیماندار دانراوە.
كُنْتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ تَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَتَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَتُؤْمِنُونَ بِاللهِ

ئێوە باشترین ئومەتن کەو لە نێوان مرۆڤەکاندا دەرهێنراون بە هۆی ئەوەی فەرمان بە چاکە دەکەن و نەهی لە خراپە دەکەن، ئیمانیشتان بە الله هەیە”.
(ال العمران، ١١٠)

کاتێک سەیری ئەم ئایەتە دەکەین، دەبینین کەوا خاسیەتی باشترینی ئومەت بەم تایبەتمەندیەوەوە بەستراوە.
سەرداریشمان فەرمانی بەوە کردووە لە کاتی بینینی خراپەیەکدا، بە دەست هەوڵی گۆڕینی بدەین، گەر توانای ئەوەشمان نەبوو، ئەوا لە ڕێگەی قسە و زمانەوە ئەو کارە بکەین، خۆ گەر توانای ئەوەشمان نەبوو، لایەنی کەم لە ڕێگەی دڵمانەوە پێمان ناخۆش بێت.(مسلم، ایمان، ترمذی، فیتنة)…
هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی مرۆڤەکان لە خراپە و هاندانیان بۆ کاری چاک، لە سیفاتە بناغەییەکانی کەسی ئیماندارە. بەڵام لەم بابەتەدا، ئەو بنەما و ئسلوب و سیستەمەی پەیڕەوی لێدەکرێت، گرنگیەکی زۆری هەیە. کارێکی لەم شێوەیە لە ڕێگەی خەجاڵەتکردنی مرۆڤەکان بە شێوەیەک کەوا سەریان پێ نەوی بکەیت بۆ سەر زەوی، ئەنجام نادرێت.
بە تایبەت لە شوێنێکدا کەوا درۆ، بوختان، لەکەدارکردنی مرۆڤەکان جێگەی باس بێت، کەوا لە ڕوانگەی ئیسلامەوە کۆمەڵێک کاری بێزراون، نەک بەر بە دروست بوونی کێشەکان ناگیرێت، بەڵکو گەورەتریشیان دەکات.
ئەوەی لەم بابەتەدا گرنگە ئەوەیە، هەرچی کاری باشە جوانیەکەیی و، هەرچی خراپە ناشرینیەکەی، لە دلی مرۆڤەکاندا جێگە بگرێت. واتە گرنگ ئەوەیە مرۆڤەکان لە بابەتی باشی و خراپی هەندێک کاردا قەناعەت پێبکەین و، سەرلەنوێ خۆیان بە گوێرەی ئەمە عەیار بدەنەوە.
ئەگەرنا بە بێ گوێدانە حاڵی دوێنراوەکەت و، دیاریکردنی ئسلوبی گونجاو، بێ بیرکردنەوە لەو شێوازە دروستەی کە پێویستە بگیرێتە بەر، گەر بڵێێت” من هێندەم لەسەرە بۆیان باس بکەم، ئیدی حەقم بە شتی ترەوە نیە”، نزیکبوونەوەیەکی لەم شێوەیە پەیوەندی بە ئەرکی فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپەوە نیە.
گەر سەیرێکی ژیانی تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی بکەین، چاومان بە زۆر نمونەی ئەو تایبەتمەندیانە دەکەوێت، کە ئاماژەی پێدرا.
بۆ نمونە ئەو کاتەی ماعیز دێتە لای لەبەر ئەوەی گوناحێکی ئەنجامداوە و پێی وایە پێویستە لە دونیادا پاک ببێتەوە و نەکەوێتە ئەو دونیا، سەردارمان لە بەرامبەر دانپێدانان بە گوناحەکەیدا دەڵێت” بڕۆ تۆبە بکە، چونکە گوناحێک نیە کەوا الله لێی خۆش نەبێت”.
سەرەڕای ئەوەی ٤ جار ماعز دەگێڕێتەوە، بەڵام ماعز پێداگری لەسەر سزاکەی کرد. هەرچەندە پێغەمبەری خودا ناچار بە جێبەجێکردنی سزاکە بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا فەرمووی” داوای لێخۆشبوون بۆ ماعز بکەن، بە ڕاستی تۆبەیەکی ئەنجامداوە، گەر بەسەر هەموو خەڵکی سەر زەویدا بەشی بکەیت، بەشی هەموویان دەکات”.
لە ڕێگەی ئەم قسانەیەوە، ڕێگەی لەوە گرت کە خەڵکی چیتر گومانی خراپی پێببەن. خوازیاری ئەوە بوو کە لە جیاتی ئەوەی وەک کەسێکی گوناحکار لە ناو خەڵکیدا باس بکرێت، وەک کەسێک کەوا لە دوای پاکبوونەوەی لە گوناحەکانی گەڕابێتەوە بۆ لای پەروەردگاری، باس بکرێت.

بە درێژایی ژیانی جوانی سەردارمان، نە کەسی عەیبدار کردووە، نە کەموکورتی کەسی لە ڕووی خۆیان داوەتەوە.
مومکین نیە لە ژیانی ئەودا، چاومان بە ئاشکراکردنی کەموکورتی مرۆڤەکان، شەق هەڵدان لە کەسی لێقەوماو، وەڵامدانەوەی خراپە بە خراپە، ببینین.
بە پێچەوانەوە کەسانی ئیمانداری لەوە مەنع کردووە کە سیخوڕی بەسەر یەکتریەوە بکەن، هەمیشە پێشنیاری ئەوەی کردووە کە هەڵەکانیان بپۆشن، بە درێژایی ژیانی هەمیشە هەر هەناسەی بۆ لێخۆشبون و لێبوردەیی داوە.
لە دوای فەتحی مەککە، ئەو قسانەی بەرامبەر موشریکانی مەککە ئەنجامیدا، کەوا چەندین ساڵ ئەزیەت و ئەشکەنجەیان بەرامبەری بە ڕەوا بینی، جێگە بۆ قسەیەکی تر ناهێڵێتەوە.
“ئەمڕۆ کەس ناتوانیت سەرکۆنەی ئێوە بکات، بڕۆن هەمووتان سەربەستن”.
لە بناغەشەوە یەکێک لە گرنگترین ئەو کارکردانەی دڵی مرۆڤەکانی فەتح دەکرد و وەهای لێدەکردن بە کۆمەڵ بێنە ناو ئیسلامەوە، بریتی بوو لەم سیفەتی نەرمونیانی و لێخۆشبوونەی خاوەنی بوو.
لەلایەکی ترەوە سەردارمان، گەر یەکێک لە هاوەڵان کەموکورتیەکی هەبووبێت، ئەمەی بە ڕوودا نەداوەتەوە و، لە ڕێگەی ئەوەی قسەکانی ئاڕاستەی هەموو لایەک بکات، ئەو کەسەی جێگەی باس بووە، لە قسەکانیەوە پەند و وانەی خۆی وەرگرتووە.
تەنانەت لەو کاتانەی بەربەرەکانی زۆر جددی و، ئەنجامدانی سەرکەشیی لەلایەن هاوەڵانیەوە لە ئارادا بووە، دیسان هیچی لە ڕووی خۆیان نەوتووە و لە ڕێگەی کۆکردنەوەی هەموو هاوەڵانیەوە، قسەی بۆ هەموویان کردووە.
بەم شێوەیە بێ ئەوەی هیچ کەسێک زویر ببێت، بریندار ببێت، سەر بکێشێت بۆ ئەوەی زیز بوونی لێبکەوێتەوە، بێ ئەوەی کەرامەتی کەس بشکێنێت و ڕق و کینە لە قسەکانی بکەوێتەوە، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی داوە.
لەم ڕوانگەیەشەوە کەسانێک کەوا لە ڕیزی پێشەوەن و بەرپرسیارێتیەکی دیاریکراویان لەسەر شانە، زۆر گرنگە بە باشی ئەو مرۆڤانە بناسێت کە لەگەڵیدان و، لە هەمان کاتدا بەرامبەر هەڵەکانیان بێ هەڵوێست نەبێت.
مامۆستایەک لەناو خوێندنگەیەکدا، پێویستە زۆر بە باشی حاڵی خوێندکارەکانی بزانێت و لە نزیکەوە بە باشی بیانناسێت. چونکە ئەمە لایەنێکی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیە کە لەسەر شانێتی. لایەنێکی تریشی ئەوەیە بە شێوەیەکی مرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ هەموو کەسێک بکات و، دڵی کەس زیر نەبێت و بە گونجاوترین شێوەش ڕێگری لە بوونی خراپەکان بکرێت.
واتە کەسێکی ئیماندار کاتێک ڕێگری لە خراپەیەکیش دەکات، پێویستە بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ کەسایەتی خۆی هەنگاو هەڵبگرێت و، وابەستەی ڕێگەی پێغەمبەر بێت.
بە ناوی ئەوەی دڵی کەس زویر نەبێت و کێشەکان گەورەتر نەبن، پێویستە هەموو کەسێک بە گوێرەی تایبەتمەندی هەلومەرجەکان شێوازێکی گونجاو بدۆزێتەوە، هەموو ڕووداوێک بە نەزەری ئیعتیبارەوە وەربگرێت.
لە جیاتی پشاندانی کاردانەوە لە کاتی سەرهەڵدانی کێشەکان و باسکردنیان لەلای ڕاست و چەپ، پێویستە مێشکیان پێوە ماندوو بکەین و هەوڵی دۆزینەوەی گونجاوترین ڕێگە چارەسەر بدەین.
ئەگەر بە شێوەیەکی ڕەق و بێ دیقەت لە بابەتەکان نزیک ببیتەوە، واتە لە ناڵ و بزماریش بدەیت لە هەمان کاتدا، بەم شێوەیە مرۆڤەکان دەشکێنێت و لە خۆتیان دوور دەخەیتەوە.
دەبێت ئەوەمان لەبیرنەچێت، کە ئامۆژگاری و ڕێنمویی کردن شارەزایی دەوێت، پێویستی بە هەستیاری دەکات. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانن وەک کاری کەسانی دەستەبژێر و ڕۆشنبیر لە قەڵەمی بدەن.
دەبێت ئەوەش بزانین، کە پێدەچێت هەموو کاتێک لە ڕێگەی قسە کردنەوە کێشەکانمان چارەسەر نەبن. هەندێک جار قسەکردن لەسەر هەندێک بابەت، ئەگەری ئاڵۆزترکردنی قەیرانەکەی هەیە.
پێویستە قسەی کەسی ئیماندار دانایی و، بێدەنگیشی بیرکردنەوە بێت. گەر ئەو قسانەی دەیکەین، حیکمەت و داناییەکی تێدا بوو، ئەنجامی بدەین. گەر وەها نەبوو پێویستە بێدەنگ بین و چاوەڕێی کاتی گونجاو بکەین. چەندین حاڵەتی وەها هەیە، پێویستە مرۆڤ تێیدا بوەستێت و بیر بکاتەوە. لە ڕاستیشدا دانایی لە ئامێزی بێدەنگیدا گۆش دەبێت. گەر لە قسەکانماندا داناییەک هەبوو، ئەنجامی دەدەین، بە پێچەوانەوە گەر هەموو کەسێک ئەوەی لە ئەقڵیدایە لەبەرچاوی هەموو کەسێک دەریبڕێت، تەنیا ژاوەژاوی لێ دەکەوێتەوە. مرۆڤ وەک ئەوەی پێویستە بزانێت لە کوێدا کام قسەیە دەکات، لە هەمان کاتدا پێویستە ئارامگرتن و چاوەڕوانی کردنیش بزانێت.

“لێپرسینەوە”
سەرداریشمان لە یەکێک لە فەرمودەکانیدا دەفەرموێت:
كُلُّ ابْنِ آدَمَ خَطَّاءٌ، وَخَيْرُ الخَطَّائِينَ التَّوَّابُونَ
هەموو نەوەکانی ئادەم هەڵە دەکەن، باشترینیان ئەوەیە کە لە دوای هەڵەکانیان تۆبە دەکەن. بەم شێوەیە ئاماژە بەوە دەکات، کە هەموو نەوەکانی ئادەم بە ڕووی هەڵە و گوناحدا کراوەن. کەواتە سروشتی مرۆڤ بە شێوەیەکە کەوا بە ڕووی هەڵەکردندا ئاوەڵا بێت.
کەسانێکیش هەیە لە ڕیگەی پێدانی حەقیی ئیرادەیانەوە، ئەم کەلێنەی ناو سروشتیان بەرتەسک دەکنەوە یاخود بە تەواوی نایهڵێن؛ کەسانێکیش هەیە وەک پیویست سەرکەوتوو نابن.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە، مرۆڤ دوای ئەوەی هەڵدەنوتێت و دەکەوێت، یەکسەر خۆی ڕاست بکاتەوە و ڕوو لەو دەرگایە بکات کە پێویستە ڕووی تێ بکات و، خۆی بە نێو پاڵاوگەی خۆ پاڵفتەکردندا بکات و خۆی پاک بکاتەوە.
بەڵێ، دەشێت هەموو کەسێک بکەوێت. بەڵام هەڵکوتانە سەر کەسێک کەوا کەوتووە و، باسکردنی بە خراپە لەلای ڕاست و چەپ و شەرمەزارکردنی، نە لەگەڵ ئاکاری ئیلاهی یەک دێتەوە؛ نە لەگەڵ ڕێگەکەی پێغەمبەر.
ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە، لە جیاتی خۆ مەشغوڵکردن بە هەڵە و گوناحی کەسەکانی ترەوە، ئاوڕێک لە هەڵە و گوناحەکانی خۆمان بدەینەوە و خۆمان بە چارەسەرکردنیانەوە خەریک بکەین.
چونکە کەسانێک کەوا هەڵە و کەموکورتیەکانی خۆیان نابینن و ناتوانن بیبینن، بە درێژایی ژیانیان خۆیان بە هەڵە و نوقسانی کەسانی ترەوە خەریک دەکەن. بەڵام مرۆڤێک کەوا بە تەواوی چاوی لەسەر هەڵەکانی خۆی بێت و هەموو ڕووداوەکان بە هەڵەکانی خۆیەوە ببەستێتەوە، پێم وایە چیدی چاوی بە هەڵەی کەسانی تر ناکەوێت.
پێش ئەوەی بەرد بگرینە ماڵی کەسێکی تر، سەرەتا سەیری خۆمان بکەین. گەر خۆشمان هەمان هەڵە و نوقسانیمان تێدا بوو، ئەوا دەبێت لەوە بترسین ئەو بەردە بگەڕێتەوە و بەر سەری خۆمان بکەوێت.
سیدنا حەزرەتی مەسیحیش، لە بەرامبەر کۆمەڵێک مرۆڤدا کەوا بەردیان گرتبوو بە دەستیانەوە هەتا سزای کەسێکی گوناحکار بدەن وتی” با ئەو کەسەتان کە هیچ گوناحی نیە یەکەم بەردی تێبگرێت”.
ئیدی هەریەک لەوان هێواش هێواش بەردەکانی ناو دەستیان فڕێدا.
لە کۆتایدا پێم وایە بە بیرهێنانەوەی ئەم خاڵە سوودی دەبێت:
بابەتی ئەوەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کەس گوێ بەم تایبەتمەندیانە نادات و، هەڵە و نوقسانی کەسەکان لە هەموو لایەک باسی لێوە دەکرێت، بۆ ئێمە نابنە بەهانەی ئەنجامدانی هەمان کار. تەنانەت گەر هەموو دونیا لە گوناحێکی لەم شێوەیەدا هاوبەشی بکەن، دیسان بەهانەی ئەوە نادات بە دەستی ئێمەوە کە هاوبەشییان لەگەڵدا بکەین. وەک لە پەندێکی خۆشماندا ئاماژەی پێکراوە، هەموو مەڕێک بە ڕانی خۆیدا هەڵدەواسرێت. لە ئاخیرەتدا بەهانەگەلێکی وەک ” هەموو کەسێک قسەی دەکرد بۆیە منیش لاسایی ئەوانم کردەوە” بە هیچ شێوەیەک بە دەردی مرۆڤ ناخوات. وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ اُخْرٰى
واتە تاوانی هیچ کەسێک بەسەر کەسێکی تردا نادرێت. وەک لەم ئایەتە کەریمەی سورەتی فاطریشدا ئاماژەی پێکراوە، هەموو کەس لە ژێر باری قورسی گوناحەکانی خۆیدا دەمێنێتەوە.
هەروەها گەر کەسێک بە هۆی قسە و نوسراوەکانی دەرحەق بە کەسانی تر، فیتنە و فەسادی بۆ کەسانی تریش دروست کردبێت، لە پاڵ ئۆباڵی ئەو گوناحەی کە خۆی ئەنجامی داوە، ئۆباڵی توشکردنی کەسانی تریش بەو گوناحە، هەڵدەگریت.
لە جیاتی ئەوەی لە ئاخیرەتدا لە ژێر ئەم بارە سەختانەدا بپلیشێینەوە، لەم دونیا کە هێشتا ئیمکانمان لەبەردەستدایە، ئاقڵانەترین کار ئەوەیە کۆنتڕۆلی زمانمان بکەین و نەبینە هۆکاری دروستبوونی ئەم جۆرە کێشانە کە دارای نۆژەنکردنەوەیانمان نیە.
هەروەها لە پێش زمانیشمانەوە، پێویستە هەست و هزرمان سەبارەت بە برا ئیماندارەکانمان کۆنتڕۆڵ بکەین و بە پاکی ڕایانبگرین. چونکە ئەوەی لە زمانمانەوە هەڵدەڕژێت، ئەو شتانەن کەوا بیریان لێدەکەینەوە، ئەگەر ئەو شتانەی بیریان لێدەکەینەوە شتانیکی چەپەڵ بن، ئەوا ئەو شتانەی لە دەمیشمانەوە دێنە دەرەوە، چەپەڵ دەبن.
کەسانێک کەوا خۆیان بە نوقسانی کەسانی ترەوە سەرقاڵ کردووە، بە شێوەیەکی بەردەوام لە مێشکیاندا دەیهێنن و دەیبەن، سەرەتا ئەم شتانە لەبەرخۆیانەوە دەڵێنەوە و، پاشان لە ڕێگەی قسە و وتەکانیانەوە تەپڵی بۆ دەکوتن.
مرۆڤێکیش کەوا بەردەوام بە نوقسانی کەسانی ترەوە خۆی سەرقاڵ کردووە، پاشان باسیان دەکات و توشی سیخوڕی، گومانی خراپ، غەیبەت و سوکایەتی پێکردن دەبێت، بابەتی ئەوەی لە ژیانی ئاخیرەتدا بە سزای خۆی دەگات، کارێکی حەتمیە.
لە هەمان کاتدا ئاسودە بوونی کەسێکی لەم شێوەیە، لە ژیانی دونیاشدا مومکین نیە.
کەسێک کەوا بە شێوەیەکی بەردەوام خۆی سەرقاڵی نوقسانی کەسانی تر کردووە و، هەرجارە و سیناریۆیەکی جیاواز بە مێشکیدا دەهێنێت، لەم ژیانی دونیایەدا بە دەستی خۆی دۆزەخێکی بۆ خۆی ساز کردووە.
کەسانێک کەوا خانەکانی مێشکیان بە کار و کردەوەی فڵان و فیسارەوە لەکەدار کردووە، لە هەموو دانیشتن و هەستانێکیدا هەر باسی ئەم جۆرە شتانە دەکات، لە کۆتایدا بۆ خودی مرۆڤەکە دەبنە ئێش و ئازار…

23 جار بینراوە 4 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە