بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

عاشقی ڕاستگۆ. بەشی ٣٣ خزمەت: بزاڤێکی بناغەدار لە دڵەوە

 


مامۆستا، ٢٠ ڕۆژ لە دوای کودەتاکەی ١٢ ی ئەیلولی ١٩٨٠، لە وتارێکدا لە ژێر ناوی “کۆتا قەرەقۆڵ” کە وەک سەر وتاری گۆڤاری سزنتی بڵاو کراوەتەوە دەڵێت:

” ئەو شتەی دەتوانێت شێرپەنجەی پێکهاتەی میلیمان بڕەوێنێتەوە کە چەندین ساڵە دەیکرمێنێت، بریتیە لە بزاڤێکی بناغەدار و لە دڵەوە بێت”.

ئەو ٩ ساڵەی ناسۆریەکان بڕانەوەیان نەبوو(١٩٨٠-١٩٨٩)

کودەتای ١٢ ی ئەیلولی ١٩٨٠
هێزەکانی سوپای تورکیا بە ” ئامانجی کۆتایی هێنان بەو ئەنارشی، تیرۆر و خوێنەی لە وڵاتدا دەڕژێندرا”، دەستی بەسەر حکومەتدا گرت. کەنان ئێڤرەن کەوا سوپاسالاری تورکیا بوو، جەنەڕاڵ نورەدین ئێرسین فەرماندەی هێزە وشکانیەکان، تەحسین شاهینکەیا فەرماندەی هێزە ئاسمانیەکان، نەجات تومەر فەرماندەی هێزە ئاویەکان، سەدات جەلاسون فەرماندەی گشتی هێزەکانی جەندەرمە، پێکەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیایان گرتە دەست. هەروەها سەرۆکی پارتە سیاسیەکانیش خرانە ژێر چاودێریەوە.
مامۆستا لەو کاتەدا هەوڵی ئەوەی دەدا، شیکارێکی فەلسەفی بۆ ئەو بارودۆخە بکات، کە تورکیایان بەرەو کودەتای ١٢ ی ئەیلول پەلکێش کرد و، بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، گەنجانێک کەوا ئاسودە نەکراون و تەنانەت لە فەرامۆشیدا جێهێڵدراون، ئەگەری ڕوودانی ئەوەی ببنە دوو بەرەی دژ بە یەک و دەست لە بینەقاقی یەکتر بنێن و یەکتری بکوژن، دەرئەنجامێکی ئاساییە.

مامۆستا هەمیشە ئەوەی بە بیر دەهێنایەوە، کە وەک میلەت لە بەرامبەر ” ناڕەسەنکردن” و “لێدانی شرینقەی جانەوەر بوون” بێدەنگی هەڵبژاردووە.

“ڕادوەدوونانێکی بێ کۆتا لە دوای کودەتاکە”

لە دوای کودەتاکەی ١٢ ی ئەیلول، مامۆستا ماوەی ٦ ساڵ لە مینبەری مزگەوتەکان دوور کەوتەوە.
مامۆستا یەک هەفتە پێش کودەتاکە، لە ڕێکەوتی ٥ ی ئەیلولی ١٩٨٠، دوا وتاری خۆی پێشکەش کرد. لە وتارەکەدا باسی لەو یاسا فیزیکیانە کرد، کە خودا بۆ بەردەوامی گەردون و ژیان دایڕشتووە.
باسی لە بەدیعوزەمان کرد کە دەڵێت” سروشت کاری هونەری خودا و شەریعەتی فیطری ئەوە. ڕێساکانیش بابەتی ئەون. هێز و دەسەڵاتیشی هەر سەر بەو بابەتەن”.
پاشان ئەو ئایەتەی لە قورئانی کەریمدا دەفەرموێت” لە کاروباری دیندا تۆمان خستە سەر شەریعەتێکی جیاواز، تۆ بە گوێرەی ئەو شەریعەتە بجوڵێرەوە و بە خواستی ئەوانە مەکە کە ڕاستیەکان نازانن”.
مامۆستا لەبەر ئەوەی لەم وتارەدا وشەی شەریعەتی بەکارهێنابوو، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە کردن بۆ شەریعەت، لەلایەن کاربەدەستانی سوپاوە، دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی لە دژ جوڵێندرا.
هەروەها ڕۆژنامەیەکی خۆماڵی شاری ئیزمیریش سەبارەت بەم وتارەی مامۆستا نوسی” مامۆستا فەتحوڵڵا، لە وتارێکدا کەوا مامۆستایانی زانکۆش ئامادەی بوون، پڕوپاگەندەی شەریعەتی کرد”.
لە دوای نوسراوەکانی ئەم ڕۆژنامەیە، داواکاری گشتیش هاتە سەر خەت. داواکاری گشتیش دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لە وتارەکە، ئەوەی بۆ دەرکەوت کە هیش توخمێکی تاوان لە قسەکانیدا نیە و، بەم هۆیەوە بڕیاری بە دوادانەچوونی دۆسیەکەی دەرکرد.
ئەگەرچی داواکاری گشتی بە دواداچوونی دۆسیەکەی کۆتایی پێهێنا، بەڵام هەندێک لە سەردەستەی کودەتاچیەکان، مامۆستایان بە کەسێکی مەترسیدار لە قەڵەم دەدا و، پێیان وەهابوو پێویستە لە پێش هەموو کەسێکەوە دەستیگر بکرێت.
جەنەڕاڵ خەیری تەرزیئۆغلو فەرماندەی هێزەکانی بۆرنۆڤا، لە کاتی ئەنجامدانی کودەتاکەدا ئاگای لە هەڵسوکەتەکانی مامۆستا بوو. بەڵام لە جیاتی گوێگرتن و تێگەشتن لە مامۆستا، بە گوێرەی پێش دادوەریەکانی یەکێک لە دراوسێ ڕۆژنامەنوسەکانی نزیک لە خۆی دەجوڵایەوە. ئەم ڕۆژنامەنوسە لە هەموو فرسەتێکدا، بیروڕای نەرێنی خۆی سەبارەت بە مامۆستا دەهێنایە سەر زاری. تەرزیئۆغلو لە شەوی کودەتاکەدا هەڵیکوتایە سەر ئەو شوینەی مامۆستای لێ دەمایەوە، بەڵام مامۆستا لەوێ نەبوو.
ئەو کەسانەی ئەو شەوە لە ماڵی مامۆستادا پشکنینیان ئەنجامدا، تەواوی کتێبی ناو کتێبخانەکەیان لە ڕەفەکان هێنایە خوارەوە و، لە نێویاندا چاویان بە گۆڤاری زانستی، چەند ڕۆمانێکی کلاسیکی ئەدەبیاتی جیهان، زۆر کتێبی تری ناوازە کەوت. ئەمەش بە نیسبەت ئەوانەوەی شۆکێکی گەورە بوو. چونکە ئەو “وشکە سۆفییەی” ئەوان لە هزریاندا وێنایان دەکرد، لەگەڵ شێوازی مامۆستادا یەک نەدەهاتەوە.
ئەو شەوە کاتێک مامۆستایان لە ماڵەکەی خۆیدا نەدۆزیەوە، کاربەدەستانی ئیزمیر، دەستبەجێ فەرمانی گەڕان بە دوای مامۆستایان دەرکرد. پاشان ناوی مامۆستا خرایە ئەو لیستەی، کە لە سەرتاسەری تورکیادا بە دوایدا دەگەڕان و لە شوێنە گشتیەکاندا کە ژیان تێیاندا قەرەباڵغ بوو، واتە لە گەراج، وێستگەی شەمەندەفەرەکان، دیواری کۆڵانەکان، ناو و وێنەی مامۆستاش لە ڕیزی ناوی کەسانی تیرۆرست هەڵواسرابوو.
مامۆستا لە یەکەم ڕۆژەکانی کودەتادا، نەیدەویست خۆی بە دەستەوە بدات. لە هەمان کاتدا تۆمەت و تاوانێکی بەرجەستەش نەدرابوویە پاڵی. سەرەڕای ئەوەی داواکاری گشتی بڕیاری بەدوادانەچوونی بۆ دۆسیەکەی دەرکردبوو،، بەڵام بە شێوەیەکی کەیفی بە دوایدا دەگەڕان. لەم جۆرە حاڵەتانەدا کەوا بڕیارە سیاسیەکان سەروی بڕیارەکانی دادگا دەخرێن، کەس نازانێت لە کاتی دەستگیرکردن و زیندانی کردندا چی ڕوو دەدات.
لەو هەلومەرجەدا کە ئەگەری دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە لە ئارادا نەبوو، خۆ ڕادستکردن بە سوپا بە واتای خۆ فڕێ دانە ناو بیرێکی بێ بنەوە دەهات و، دەبوو چەندین ساڵ بە بێ هیچ گوناحێک، لە زینداندا بمێنێتەوە.
مامۆستا لە کاتی کودەتاکەی ١٢ ی ئازاری ١٩٧١ هەمان شتی بەسەر هاتبوو. ڕۆژی ١٢ ی ئەیلولیش، کاتێک مامۆستا گوێی لە خوێندنەوەی بەیاننامەی کودەتاکە گرت لەلایەن کەنان ئێڤرەنەوە، لەوە تێگەشت کە بێ هیچ جیاوازیەک لە نێوان چەپ و ڕاستدا، بێ ئەوەی لە کار و چالاکی کەسەکان بکۆڵنەوە، تەواوی کەسایەتیە دیارەکانی وڵات دەستگیر دەکەن و دەیانخەنە تای هەمان تەرازوەوە.
مامۆستا لە ڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆکی گورگ و بەرخەوە، بەم شێوەیە گوزارشتی لە هەلومەرجی ئەو سەردەمە دەکرد:
” ڕۆژێکیان گورگ بە بەرخ دەڵێت تۆی ئاوەکەت لێڵ کردووە. بەرخەکەش دەپرسێت کەی؟ گورگە دەڵێت پێش شەش مانگ، بەرخیش دەڵێت دەی خۆ من ٣ مانگە لە دایک بووم! گورگەکە لە وەڵامدا دەڵێت: قەیدی نیە، گرنگ ئەوەیە لە هەمان ساڵدا ڕوویداوە!”…

 

“چاودێرییەکی توند”
ئەو شەوەی کودەتاکە ڕوویدا، مامۆستا لە ناوچەی چەشمە بوو. لە هەر شوێنێکدا کەوا ئەگەری هەبوونی مامۆستا هەبێت، ئۆپەراسیۆنی یەک لە دوا یەک ئەنجام دەدرا. مامۆستاش هەموو جارێک بە پشتیوانی خودا، لە ئۆپەراسیۆنەکەیان ڕزگاری دەبوو. ئیدی یان لەو شوێنە ڕۆشتبوو کە ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجام دەدا، یاخود هەر زوو بە هەوڵەکەیانی دەزانی و دەڕۆشت. ماوەی ٣ ڕۆژ لە بینایەکی ناوچەی ئۆرتاکیۆی کە هێشتا پەنجەرە و دەرگای تێنەخرابوو، بێ ئەوەی هیچ ڕووناکیەک هەڵبکات، مایەوە. سەرەڕای هەموو شتێک، مامۆستا لە ڕێگەی لایتەکەی دەستیەوە، خوێندنەوەی ویردەکانی فەرامۆش نەکرد. مامۆستا دوای ئەوەی ئیزمیری بەجێهێشت، ڕووی لە ئیسپارتە کرد. لەبەر ئەوەی لە ئیزمیر بە شێوەیەکی زۆر توند خرابوویە ژێر چاودێری، بڕیاری ئەوەی دا بڕواتە ئیسپارتە هەتا بیرێک بکاتەوە و بگاتە بڕیارێک. هەروەها لەم نێوەندەدا، کەمال ئێریمەزیش بۆ دەرچوون لەو بارە ناهەموارە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەرێکی دەدا. بەم هۆیەوە ڕووی لە ئیستەنبول کرد و، شوێنێکی بۆ مانەوەی مامۆستا دۆزیەوە.

مامۆستا لەو کاتەی لە ئیسپارتە دەمایەوە، وتاری “کۆتا قەرەقۆڵ” کە بۆ ژمارەی مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٨٠ ی گۆڤاری سزنتی نوسیبوو، لەسەر پشتی زەرفی کاغەز و چەند پەڕەکۆنێکی بەکارهاتوو، نوسیبوو. لەو ماڵەیەی دەمایەوە گڵۆپی هەڵنەدەکرد و بە لایتێکی دەستی و مۆمێکەوە کارەکانی خۆی بەڕێ دەکرد. ئیسپارتە شوێنێکی بچوک بوو. مامۆستا ئەوەی پێ باش بوو کە بگوازێتەوە بۆ ئیستەنبول. کەمال ئێریمەزیش شوێنێکی بۆ دۆزیەوە. یەکەم شەو لەو ماڵە مانەوە و ڕۆژی دواتر ڕوویان لە شوێنێکی تر کرد. مامۆستا لە بەرامبەر ئەم ڕووداوانەدا ڕۆحی زۆر خەمبار بوو، لەو شوێنەی دەمایەوە، شەو هەتا بەیانی خەوی لینەدەکەوت. بابەتی ئەوەی دەست و قۆڵی بەو شێوەیە بەسترابوو، بێ تاقەتی دەکرد. تەنانەت بیری لەوە دەکردەوە کە خۆی تەسلیم بکات و کۆتایی بەو نادیاریە بهێنێت. دوای ئەوەی ٣ ڕۆژ لەو ماڵەدا مایەوە، دیسان ڕووی لە ئیزمیر کردەوە.
لەو کاتەی لە ئیستەنبولەوە بەرەو ئیزمیر بەڕێکەوت، بڕیاری ئەوەیاندا شەوەکەی لە بورسا بمێننەوە. لە کاتی گەشتەکەیدا، مەهمەت عەلی شەنگوڵ هاوڕێیەتی دەکرد، کە وەک خۆی لە ئیزمیر مامۆستا بوو. ٢٠ ڕۆژ بەسەر کودەتاکەدا تێپەڕی بوو. لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٨٠ دا بووین. قەدەر وەهابوو مامۆستا و شەنگوڵ ڕێک بکەونە ناو ئەو مەفرەزەیەی کە لێی دەترسان. سەربازانی سوپا و پۆلیسەکانی بورسا، لە گەڕەکی نیلوفەر پشکنینیان ئەنجام دەدا، بەڵام ئەم پشکنینە تایبەت بە مامۆستا نەبوو. بەڵام سەرۆکی هۆبەکە مامۆستای ناسیبوویەوە.
پێشەنگ جەنگیز باسماز، سەرۆکایەتی مەفرەزەکەی دەکرد، لە نێوان سەربازەکاندا دوو سەربازیش بە پلەی پێشڕەو هەبوو. بەڵام ئەوەی پشکنینەکەی ئەنجام دەدا، فەرماندەی هێزەکانی جەندەرمە بوو، کە پلە سەربازیەکەی پێشەنگ بوو.
سەرۆکی ژووری هۆبەی سیاسی، کە بەهۆی باری نائاسایی وڵاتەوە لە ژێر فەرمانی سەربازەکاندا کاری دەکرد، پشکنینی بۆ ناسنامەی مامۆستا و کەسەکانی تری ناو خانووەکە ئەنجامدا. لە ڕاستیشدا کتێبە دینیەکانی ناو کتێبخانەکەیان و ئینسایکلۆپیدیا دینیەکان بەس بوو بۆ ئەوەی تاوانباریان بکەن!

سەرۆکی هۆبەی سیاسی وتی” با کەسێکی شارەزای کاروباری ئاینی بانگ بکەین، هەتا پێمان بڵێ ئەم کتێبانە چیە”. مامۆستاش لە وەڵامدا وتی” پێویست بە کەسی شارەزا ناکات، من خۆم کەسێکی شارەزام و دەتوانم لە یەکەمەوە هەتا کۆتایی، دەتوانم باسی یەکە بە یەکی کتێبەکانتان بۆ بکەم”.
بەم شێوەیە مامۆستا باسی یەکە بە یەکەی کتێبەکانی بۆ کردن. مامۆستاش کەوا لە هەموو کاتێکدا هەستیاری بەرامبەر نوێژەکانی هەیە، کاتێک باسی لەوە کرد کە پێویستە نوێژەکەی ئەنجام بدات، بەڕێوەبەری بەشەکە قسەکانی مامۆستای بە دڵ نەبوو، لە وەڵامدا وتی ” بە قەزا بیگێڕەوە، دواتر ئەنجامی بدە”.
بەڕێوەبەری هۆبەکە بە شێوەیەکی بەردەوام داوای لە پێشڕەوە سەربازیەکە دەکرد، کەوا مامۆستا و شەنگوڵ لەگەڵ خۆیان ببەن و لە بنکەی پۆلیس سەیرێکی دۆسیەی پێشینەیان بکەن. هەروەها سەرۆکی هۆبە سوور بوو لەسەر ئەوەی، پشکنین بۆ ئەو ئۆتۆمبیلەش ئەنجام بدەن، کەوا مامۆستای هێناوە بۆ بورسا. پێشەنگ باسماز بە بەراورد لەگەڵ سەربازەکانی تردا، کەسێکی سەلارتر و خاوەن ئەقڵ بوو، کاتێک زانی مامۆستا ناڕەحەتە لەوەی بە پێوە بوەستێت، مۆڵەتی ئەوەیدا لەناو ئۆتۆمبیلەکەدا دابنیشێت. لەو کاتەی مامۆستا لە پشتی ئۆتۆمبیلەکەدا دانیشت، پێشەنگەکە لە پێشی ئۆتۆمبیلەکە دانیشت و پشکنینی بۆ شتەکانی ناو ئۆتۆمبیەلەکە ئەنجام دەدا.

لەو کاتەدا چاوی بە وتارەکەی مامۆستا کەوت کە لە ژێر ناوی “مەرحەمەت” بۆ گۆڤاری سزنتی نوسیبوو. ئەویش کاتێک بیری لە هەڵسوکەتی مامۆستا کرد لە کاتی باس کردنی کتێبەکانی ناو کتێبخانەکە و دواتر خوێندنەوەی ئەو نوسینە، لەوە تێگەشت کە مامۆستا هەر مەلایەکی ئاسایی نیە و زۆر بە مامۆستا کاریگەر بوو.

مامۆستا لەو وتارەیدا دەڵێت:
مەرحەمەت یەکەم هەوێنی بوونە. هەموو شتێک بێ ئەو، شڵەقاو و پڕ ناڕێکیە. هەموو شتێک لە ڕێگەی مەڕحەمەتەوە هاتۆتە بوون، هەر بەوەوە بەردەوامی بە بوونی دەدات و لەناو ڕێکیدا دەمێنێتەوە.
سەر ڕووی زەوی بەو پەیامی مەڕحەمەتەی لە سەروی ئاسمانەکانەوە هاتووە، ڕێکی تێدا بەرپابووە و ئاسمانەکانیش ڕێکوپێکیان بە خۆیانەوە بینیوە. هەموو شتێک لە جیهانی شتە زەبەلاحەکانەوە هەتا جیهانی شتە وردەکان، لە سایەی مەرحەمەتەوە گەشتووە بەو ئاهەنگ و کارگێڕێیە سەر سوڕهێنەرە.
هەموو شتێک لەم جوڵە و کارکردنەیدا، پڕۆڤەی ئەو حاڵ و بوونە دەکات کەوا لە جیهانی ئەبەدیدا بەدەستی دەهێنێت. تەواوی بوونەوەرانیش بەم ئاڕاستەیەدا لە هەڵەداواندان، لە هەموو هەڵەداوانێکێشیاندا نمایندەی یاسا و ڕێسایەک دەکەن و، لەگەڵ هەموو بازهەڵدانێکیاندا مەڕحەمەت پەرشوبڵاو دەکەنەوە.
مەرحەمەت لە بەرامبەر کەسانێکی دەست خوێناوی، دڵ خوێناوی، چاو خوێناوی، بە کورتی ئەوانەی هەم شێت و هەم خوێناوین، تۆقێنەرترین بێ مەرحەمەتیە کەوا بەرامبەر کەسانی ستەم لێکراوی ئەنجام بدەیت. ئەمەش وەک ئەوە وەهایە بەزەییت بە گورگدا بێتەوە و مافی بەرخەکانیش نادیدە بگریت، کارێکی لەو شێوەیە ئەگەرچی گورگەکانیش دەخاتە پێکەنین، تەواوی ئاسمان دەهێنێتە ئاخ و فیغان کردن”.(سزنتی، تشرینی دووهەمی ١٩٨٠).

کاتێک پێشەنگەکە نوسینەکەی مامۆستای خوێندەوە، وتی” وەها دیارە لە یەک دانیشتندا ئەمەت نوسیوە”.
لەلایەکی ترەوە سەرۆکی هۆبەی کاروباری سیاسیەکان، بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە پێویستە مامۆستا و شەنگوڵ دەستگیر بکەن.
بەڵام باسماز لە وەڵامدا وتی:
پێویست ناکات، خۆمان لە بەڵای تیرۆرستانمان کەم نیە. ئەگەر ئەو مزگەوتەی کاری تێدا دەکەن ئاشكرایە، قەیناکە با بڕۆن”.
پاشان باسماز “دەستی بۆ مامۆستا بەرز کردەوە و وتی ” مامۆستا بە خۆشی بڕۆن”. بەم شێوەیە مامۆستا و شەنگوڵ ڕزگاریان بوو لەوەی دەستگیریان بکەن.
دوای ئەوەی مامۆستا لە دەستی باسماز ڕزگاری بوو، چەند ڕۆژێک هاتە ئیزمیر و، لەوێشەوە ڕووی لە ئەنقەرە کرد. ئەو کەسەی دیسان شوێنی مامۆستای لە ئەنقەرە تەرخان کرد، هەر حاجی کەمال ئێریمەز بوو. مامۆستا نەیدەتوانی زۆر لەوێ بمێنێتەوە، چونکە نەیدەویست خزمەتەکان پەکیان بکەوێت.

مامۆستا لەبەر ئەوەی لە ژێر چاودێریەکی توندی کاربەدەستانی سوپا بوو لە ئیزمیر، پێی وەهابوو گەر لە شارێکی دەرەوەی ئیزمیر دەست بەکار ببێت، هەتا ڕادەیەکی زۆر کێشەکانی چارەسەر دەبێت.

” لە یەکەم ڕۆژەکانی کودەتا، هێزەکانی ئاسایشی ئیزمیر، زیاتر خۆیان بە منەوە خەریک کردبوو. هەربۆیە بابەتی ئەوەی بە دوامدا بگەڕێن وەک کارێکی ڕۆتینی لێ هاتبوو. پاشان بڕیاری گەڕان لە سەرتاسەری تورکیایان دەرکرد. هەربۆیە پێم وەهابوو گەر لە ئیزمیر بچمە دەرەوە، هەتا ڕادەیەک کێشەکانم کەم دەبنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاری ئەوەمدا چاوم بە سەرۆکی کاروبای ئاینی تورکیا بکەوێت. ماوەیەک لە بەردەم دەرگاکەی چاوەڕێم کرد، پاشان چوومە ژوورەوە بۆ لای، خۆی بە هەندێک ئەوراقەوە خەریک کردبوو. دوای ئەوەی کاری خۆی تەواو کرد ئینجا قسەمان کرد، بەم شێوەیە دواتر لە چەنەقەلە دامەزرێندرام”.
مامۆستا لە ڕێکەوتی ٢٥ ی تشرینی دووهەمی ١٩٨٠، لە ناوەندی چەنەقەلە وەک وتاربێژ دامەزرێندرا. بەڵام بڕیاری بە دوادا گەڕانەکەی، وردە وردە لە ناوخۆی تورکیا بڵاو دەبوویەوە و، مامۆستاش بەم هۆیەوە چەند جارێک مۆڵەتی وەرگرت و لە چەنەقەلە دەستی بە کارەکەی نەکرد.
مامۆستا لە وتارێکدا کەوا لە ژێر ناوی ” لە کوێیت؟” لە مانگی ئازاری ١٩٨١ لە گۆڤاری سزنتی بڵاوکراوەتەوە، وەک گوزارشت لەو برینەی بەهۆی کودەتاکەوە بەر خۆیی و کۆمەڵگا کەوتووە دەڵێت:
ئێمە لەم بیابانە وشکوبرنگەدا، هەر کاروانێکمان بەد کرد، چەشنی ئەوەی سۆراغی کراسەکەی یوسف بکەین، بە دوای تۆدا گەڕاین و، پاشان لەبەرخۆمانەوە “فصبر جمیل” ێکمان گووتەوە و دەستمان کردەوە بەوەی چاوەڕێی لە دایک بوونێکی نوێ بکەین. بێدەنگی و بێ خاوەنی ناخمانی لە تەنیایی پڕ کرد و، لەم جیهانە بێ مرۆڤ و بێ پەریەدا، چەندین جار مێشمان لێبوو بە هەڵۆ و، کۆتەرە بێ دەست و قاچەکانمان چەشنی ئەسکەندەر چەپڵەڕێزان کرد. ئیدی کاروانێک نەما بەدوایدا ڕانەکەین و بە دیاریەوە نەوەستین. بەڵام تۆ لە هیچ کامیاندا نەبوویت. ئەو باڵا منارەئاسایانەی چاومان پێیان کەوت، هێندەی سەرەپەنجەیەک هزر و، بەشی داگیرساندنی مۆمێکیش ئیرادەیان نەبوو. دونیای ڕۆحیان کاربۆناوی و، هزریشیان خەرابات بوو، تێڕوانینەکانیان هەتا بڵێی نزیکبین و ڕوونکردنەوەکانیشیان ڕووت و قوت بوو. لەواندا تێڕوانینە سەرنجڕاکێشەکانی قارەمانەکەمان و ئازار و ناسۆریەکانی، جۆش و خرۆش، زەردەخەنەکانی بەرچاو نەدەکەوتن. کات بۆ ئێمە هەمیشە هەر مانگی موحەرەم و شوێنیش هەر کەربەلا بوو. سینەشمان بە ئاخ و فیغانی حوسەینەوە دەیناڵاند. چاومان هەر لەو ئاسۆیانەیە کە تاریک دادێن و چەشنی ئەوەی بە دوای مانگی یەک شەوەدا بگەڕێین، چاومان لەسەر ڕێگەتە، لە هەموو دەموچاوێکدا هەر بە دوای سیمای تۆوەین. لە هەموو هاوارێکدا بە دوای مژدەی تۆدا دەگەڕێین. بە حەسرەتی تۆوەین، تینوو و تامەزرۆی تۆین..

 

 

 

 

27 جار بینراوە 3 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە