بیروڕاهەواڵ

ئەم قۆناغە کەی کۆتایی دێت؟

کەشوهەوای ئەو ڕۆژە هەتا بڵێی سارد، باراناوی و بە شێوەیەکی تۆقێنەریش تاریکونوتەک بوو. وەک ئەوەی گومەزەی ئاسمان ئەو ڕۆژە قڵیشی بردبێت، بە شێوەیەکی بێ وچان ڕەحمەتی خودا دەباری. لەگەڵ بارانەکەشدا، چاوی پیاوێکی گەنج پڕ پڕ بوو بوو. ڕێپێوانی لەناو ئەو قوڕەدا بە درێژایی شەو، ئەویان بە تەواوی شەکەت کردبوو.
لەو تاریکونوتەکیەدا، لەناو دڕکوژاڵێک کەوا باڵای مرۆڤیان تێدەپەڕاند و هەتا دەهات ڕێگە زیاتر سەخت دەبوو، شڵپەی ناسکی بارانی مانگی نیسان و دەنگی خەمناکی ڕەشەبا، ئەویان لە قوڵایی ناخیەوە خستبووە ناو بیرکردنەوەیەکی قوڵ. لەو ڕۆژانەدا کەوا برسێتی، تینوێتی، نەخۆشی و نەگبەتی لە ترۆپکدا هەستی پێدەکرا، بە تەواوی قورسایی خۆیانەوە ئامبازی ئەو بوو بوون.
لەلایەن لە ناخیەوە هەستی بە غوربەتی یەک لەسەر یەک دەکرد و، لەلایەکی ترەوە هەنگاو هەڵگرتن بەرەو نادیار، ئەویان نیگەران دەکرد. ئەمەش حاڵێکی زۆر پڕ ژان بوو. لە نێو ئەم وەحشەتەدا، ساتێک لە کۆڵەواری و تەنیایی خۆی ڕوانی و توشی هیوابڕاوی بوو. دەبوو چی بکات؟ جگەرگۆشەکانی خۆی بەرەو کوێ ڕاپێچدەکرد، کە خوازیاری ئەوە نەبوو زیان بە تاڵە موویەکی قژیان بکەوێت؟ چی کارێکی لەم دارستانە سارد و پڕ مەترسیەدا هەبوو؟

ئاوڕێکی لەو جگەرگۆشەیەی دایەوە کە لە کۆڵی گرتبوو، ئەویش دەگریا. یەکێک لە تاکی پێڵاوەکانی لەناو ئەو قوڕ و چڵپاوەدا ونکردبوو، هەموو گیانیشی خوسا بوو.
“باوکە چەندێکمان ماوە، چی دەبێت گەر لە شوێنێکدا بوەستین؟!”
” ڕۆڵەی شیرینم کەمێکی تر ئارام بگرە، سەیرکە خۆ لێرەدا شوێنێک نیە هەتا پشووی تێدا بدەین!”

پاشان سەیرێکی کچەکەی تری کرد، کە چۆڕاوی باران بە قژەکانیدا دەهاتنە خوارەوە و، بە درێژایی شەو بە هێمنی و بێدەنگی، بێ ئەوەی هیچ سکاڵایەک بکات، ملی ڕێگەی گرتبوو. ئەم قۆناغە سەختەی کە زۆرێک لە دایکان و باوکانی لە منداڵەکانیان جودا کردبوویەوە، خۆڕاگریەکی زۆری لەلای زۆرێک لە منداڵان دروست کردبوو. کچەی داماو چەشنی ئەوەی هەستی بەوە کردبێت کەوا لەلایەن باوکیەوە تەماشای دەکرێت، یەکسەر باوەشی بە قاچەکانی باوکیدا کرد. چونکە نەیدەویست جارێکی تر لەو دوور بکەوێتەوە و لە دەستی بدات. پاشان خۆی فڕێ دایە لای دایکەیەوە.

– وەی بەرخۆلەکەم، بەرخۆلەکەم… پاشان ژنەی داماوە بە دەستەکانی هەوڵی وشک کردنەوەی قژی کچە بچکۆلەکەی دەدا.
– جارێکی تر لە یەک جودا نابینەوە، دایکە وانیە!
باران، قوڕ، دڕکوداڵ… بێ خەوی و تەنانەت برسێتی هیچ گرنگیەکی نەبوو لەلایان. لە دوای دابڕانێکی دوو ساڵ و نیوی، ئینجا بە دایک و باوکیان شاد بوو بوونەوە.
ئەو سەردانی زیندانەی کە بە حەسرەتەوە چاوەڕێیان دەکرد، پاشان ئەو فرمێسکانەی لە دوای چاوپێکەوتنیان بە دایک و باوکیان دەیانڕشت، لە ڕۆشتن لەم بارانەدا زۆر سەختتر و خەمگینتر بوو… ژان و ئازارێکی زۆر گەورەتر بوو…
– ڕۆڵەکەم پشتیوان بە خودا، پشتیوان بە خودا… ئەمە قسەی ئەو ژنە داماوە بوو، کە لە دوای زیندانی بوونێکی زۆر، بە حەسرەتی بینینی ئاسمانەوە ژیابوو. لە چاویدا فرمێسکی شادی هەبوو…
“سەلیم! هەر بە ڕاستی بڕیمان وانیە!؟”
لە دواوە دەنگی دڵێکی شکاو وەڵامی دایەوە، کە لەگەڵ ئەواندا بۆ شوێنی هاوسەرەکەی کۆچیان دەکرد:
زێڕین خان بڕیمان، زۆر سوپاس بۆ خودا بڕیمان!
زێڕین سەیرێکی ئەو هاوڕێیەی کرد کە بە ٣ منداڵی بچوکەوە ملی ڕێگەی ئەم هیجرەتە سەختەی گرتبوو:
زۆر سوپاس بۆ خودا، زۆر سوپاس خوشکی من…
داوا لە پەروەردگارم دەکەم، ملیۆنان ژن و منداڵ و پیاوی بێ گوناح کەوا لە دواوە بەجێماون، ڕزگار بکات. تۆش زۆر بە منداڵەکەتەوە ماندوو بوویت، بێنە با منیش تۆزێک باوەشی بکەم. تکایە بمدەرێ با منیش تۆزێک هەڵیگرم…
چەند مرۆڤێک، هەندێک بێ هاوسەر و هەندێک بێ دایک و باوک، ملی ئەو ڕێگەیەیان گرتبوو. خەمی ئەم مرۆڤانە چی بوو؟ لەبەرچی ڕازیبوون بەوەی لەو شوێنە کاولبووەدا ملی ڕێگە بگرن؟
یان ئەوەی مەترسیەکان لەبەرچاو بگرن و، ئامبازی شەپۆلەکانی دەریای ئیجە ببن؟
چی بوو ئەو نەفرەتەی، وەهای لەو ژنە بێ تاوانانەی کە جگە لە چاکە بیریان لە هیچ نەکردبوویەوە، ناچار بەوە کردبوو بە حەسرەتی بینینی خۆرەوە بژین. ئەو نەفرەتە چی بوو کە بە شێوەیەکی زاڵمانە دەستی بەسەر ئەو ئازادیەدا گرت کە خودا پێی بەخشیبوون؟
چی بوو ئەو ڕقەی ئەوانی ناچار بە زیندانگەلێک کرد، کە لە تاریکایی قوفڵ لێدرا و بیری بێ بن دەچوو.

مرۆڤ چۆن دەتوانێت هێندە زاڵم، بێ ویژدان، کوێر و کەڕ بێت… مرۆڤ کەوا لەلایەن الله وە دڵی پێدراوە، چۆن هێندە لەوەی ببێتە جانەوەر، کارامەیە؟!
نە ڕژانی خوێنی مرۆڤە بێ گوناحەکان، نە فرمێسکی جەیهون ئاسای چاوەکان، نە جەرگ سوتان، گریانی دایکان و سنگ کوتینیان، نە فڕێدانی منداڵانی ساوا بۆ زیندانەکان و کسپە هەستان لە دڵی باوکان، هیچ کام لەمانە بەس نەبوو بۆ ئەوەی هەستەکانیان ببزوێت و، تۆزێک بە ئینسافەوە مامەڵە بکەن.
بە تەواوی بە پێچەوانەوە، بە ئیماندار و بێ ئیمانەوە، هەموویان لە ڕیزی دوژمنایەتیدا پێکەوە کۆ بوو بوونەوە. پاشان زیاتر دڕندە بوون و نەڕەی: “هەتا تەواوی ئەم مرۆڤە بێ گوناحانە لەناو دەبەین، بە دوایانەوە دەبین” لێ بەرز بوویەوە.
مرۆڤە بێ گوناحەکان کەوا لە وڵاتی خۆیان توشی پاکتاوی ڕەگەزی بوو بوون، ئیدی شانسێکیان بۆ ژیان نەمابوویەوە.
سەرلەنوێ ئەو ڕێگا سەختەی بەرەو حەبەشستان و مەدینە کرابوویەوە، لە بەردەمی ئەوانیشدا ئاوەڵا بوو بوو.
لە دوای تێپەڕینی چەندین سەدە، ئەو ڕێگا پیرۆزەی ئەوانی بە سەرداری هەموو سەرداران و هاوەڵە هەڵبژێردراوەکانیەوە دەبەستەوە، لە بەردەمی ئەوانیشدا کرابوویەوە. هەربۆیە لەسەرەتای ئێوارەوە، بی ئەوەی وچان بدەن، لەو دارستانە پڕ مەترسیانەدا ملی ڕێگایان گرتبوو.
سەلیمیش بە خەفەتەوە بیری دەکردەوە:
خودایە لەبەر خاتری تۆ ڕیگای هیجرەتمان گرتووە، چی دەبێت یارمەتیمان بدە ئەم هیجرەتە تەواو بکەین!
گزنگی بەرەبەیان خەریک بوو خۆی بەدەردەخست، پیاوە گەنجەکە لە بنی دارێکدا کەمێک وچانی دا.
لە نێو کەشوهەوای سارد و بێدەنگی ئەو بەرەبەیانەدا، ئەو دەنگە خەماویەی لە خشەی دارەکانی ئەو ناوچە دڕندەیەوە دەهات، زۆر کاریگەریان لەسەر هەستی ناسکی ئەو دانا. دڵی خۆش بوو بەوەی ئازادی خۆی بەدەستهێناوەتەوە، بەڵام زۆر خەفەتی بۆ ئەو مرۆڤە بێ گوناحانە دەخوارد کەوا لە دواوە بەجێماون. ئەو ئازادیەی بەدەستی هێنابوو، باجێکی زۆر قورسی لە پێناودا درابوو. زۆربوون ئەو گیان و گیانانانە، ئەو منداڵ و ساوایانەی لە شیر بڕابوون، زۆر بوون ئەو نەنک و باپیرانەی توابوونەوە و لەو ڕێگایەدا تیاچووبوون.
پیاوە گەنجەکە، بەم حاڵە پڕ خەمگینیەی خۆیەوە چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک، بێ ئەوەی گوێ بە قوڕ و دڕکوداڵی چواردەوری بدات، لەسەر ئەو گژوگیایە ڕووی لە دەرگای ئیلاهی کرد و، جارێکی تر بەندایەتی خۆی بۆ سوڵتانی هەموو کائینات دووپات کردەوە و لە نزاکانیدا وتی:

– پەروەردگارا ئەم خزمەتە کەوا ڕووی جوانی ئیسلام و مرۆڤایەتی بە هەر چواردەوری دونیادا پشان دەدات، توشی دۆڕان مەکە.
– کەسانێکی بێ گوناح کەوا هەوڵی نۆژەنکردنەوەی قەڵایەکی داڕوخاو و وێرانەکراوی چەندین سەدەی ڕابردوو دەدەن، لە بەردەستی زاڵمان بە تەنیا جێمەهێڵە.
– مرۆڤە ڕاستگۆکانی خزمەت کەوا ئەرکی پاراستنی شەرەف و حەیسیەتی جیهانی ئیسلامیان لە ئەستۆ گرتووە، مەپلیشێنەرەوە، پەروەردگارا!
خۆبەخشە فیداکارەکانی خزمەت کەوا ژیانیان بۆ فەراهەمکردنی ئاسودەیی و ئاشتی نێوان مرۆڤەکان تەرخان کردبوو، بە ناوی ئەوەی شێوازێکی نوێ بە دونیا بدەن، بە قۆناغێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕین.
جەنابی حەق، ئەم مرۆڤە خێرخوازانەی کەوا بۆ چاکەی مرۆڤایەتی هێنابوویە مەیدان، ڕەگێکی وەها کامڵ و پتەوی پێدابوون، بە ناوی ئەوەی ئاڵای سەرداری مرۆڤایەتی لەسەر بەرزترین بورجەکان هەڵبکەن، بەرگەی هەموو ناڕەحەتیەکیان دەگرت.
چونکە کەسانێک کەوا نەپلیشێندرابێتنەوە، کەپس نەکرابێتن، تێیان هەڵنەدرابێت و لێنەدرابێتن، سوکایەتیان پێنەکرابێت و ئاوارەییان نەدیبێت، بە ناوی ئەوەی کارێک بۆ مەفکورەی باڵایان بکەن، کارێکی مومکین نەبوو.
چونکە مرۆڤ تەنیا ئەو ساتەی توشی ناسۆری جۆراوجۆر بوو، دەتوانێت شتێک بە ناوی خستنە ڕووی حەقانیەت ئەنجام بدات.
کام لە پێغەمبەران و شوێنکەوتووانی هەیە، کەوا توشی ناسۆری نەبووبێتن و، لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەرنەکرابن؟
ئەم پیاوە گەنجەش، لە نێو ئەو دارستانەدا چەشنی غەریبەیەک کەوا هەموو شتێکی لە دەستداوە، هیچ بایسێک ڕێگری نەبوو لەوەی سەری لەناو ئەو قوڕ و چڵپاوەدا، بخاتە سەر زەوی.
هیچ بەرژەوەندی، شانوشۆرەت و سەروەتێک، ئەو و چەندینی هاوشێوەی ئەویان لەو ڕێگایە لانەدابوو کە گرتبوویانە بەر.
چەشنی ئەوەی لە جەنگی ئەحزابدا ڕوویدا، لە کاتێکدا هەموو لایەک هەڵیاندەکوتایە سەر ئەوان، بەڵام ئەوان هەر بەردەوام بوون لەوەی پارێزگاری لە بەها مرۆییەکانی خۆیان بکەن.
لەم ڕوانگەیەشەوە، ئەو کەسانەی حسابیان بۆ هێزی گەورەی مەعنەوی ئەوان نەکردبوو، کەوتبوونە ناو هەڵەیەکی گەورەوە. لەوەدا کەوتبوونە هەڵەوە، کە وەهایان دەزانی دەتوانن ئەمانیش بە خۆشی کاتی دونیا فریو بدەن.
ئەو کەسانەی بە نیازی لەناوبردنیان، بە هەڵپەوە پەلاماری هەموو ڕێگایەکیان دەدا، لەم بابەتدا کەوتبوونە ناو هەڵەوە. هەتا ئەو کاتەی الله ئەم گروپە لە مرۆڤەکان لەناو نەبات، کە بە ناوی مرۆڤایەتیەوە خزمەتی گەورەیان پێ ئەنجام دەدات، کەس ناتوانێت لەناویان ببات.

ئەو وەک چۆن هەتا ئێستا لوتفی خۆی بەسەردا ڕژاندوون، لەمەودواش ئیحسانی خۆی بۆ مرۆڤە ڕاستگۆکانی خزمەت دەنێرێت؛ ناردووشیەتی…
پیاوە گەنجەکە دەستێکی بە دەموچاویدا هێنا و هەستایە سەر پێکانی. کۆنتڕۆڵێکی چواردەورەکەی کرد و، زیادبوونی جوڵەی ناو دارستانەکەی بەدی کرد. بارانەکە خۆشی کردبوویەوە و جار جارە نمەیەکی دەکرد.
ئەو خۆرەی لە گردەکانی بەردەمیانەوە سەری دەرهێنابوو، لەسەر گەڵا تەڕەکان، ئاوە کۆبووەکانی بەردەمیان، شەونمی سەر ڕووی گوڵەکان، بریسکەی دەدایەوە.
لەبەر خۆیەوە وتی:
ئاخ ئازادی، تەنانەت لەناو قوڕیشدا بیت، چەندە جوانیت، پاشان وتی:
بێ نان دەژیم بەڵام بێ ئازادی هەرگیز!

دواتر لە ناخیەوە بە بێ دەنگی وتی” ئەی ئوستادی گەورە، بە ڕاستی ئێستا باشتر لەم قسەیەی تۆ دەگەم. ئێستا باشتر لە قسەکانی تۆ دەگەم!

بە شادومانیەکەوە کەوا هێواش هێواش دادەباریە سەر ناخی، سەیرێکی خێزانەکەیی و هاوڕێکانی کرد. تازەیی باوەڕی بەوە پەیدا دەکرد کە سەختیەکانی بەردەمی بڕیوە. منداڵ و هاوسەرەکانی لە نزیکی خۆی بوون. ئایا قۆناغە سەختەکە بە نیسبەت خۆیەوە بە کۆتایی گەشتبوو؟

تەنانەت گەر گەردەلول، با و بۆران، زستان و قیامەتیش بێت، بە نیسبەت مرۆڤی دڵەوە کەوا دەیەوێت بە دوای خەیاڵەکانیدا بڕوات، تەنیا بە ڕزگارکردنی خۆیی و منداڵەکانی کۆتایی بە هەموو شتێک نایەت. بە نیسبەت مرۆڤێکی خاوەن بیرۆکەی باڵاوە، کاتێک دەبینێت ئەو برایانەی لە دوای خۆی جێیهێشتوون ناسۆری دەچێژن، ناتوانێت خۆ پەرستانە مامەڵە بکات. کەسێک کەوا بە دەردی براکانی و مرۆڤایەتیەوە دەردەدار نەبێت، بیرکردنەوە لەوەی مرۆڤی دڵە، جێگەی باس نیە.

نەخێر بە پێچەوانەوە، قۆناغەکە تازەیی دەستی پێدەکرد.
لە کاتێکدا ئیحسانێکی وەک ئەوەی ببێتە دەنگی هەزاران مرۆڤی بێ گوناح، لەبەردەمیدا بێت، ناکرێت تەنیا بە ئاسودەیی خێزانەکەی خۆی دەست هەڵبگرێت. ئەو بەمەوە نەدەوەستا و نەدەبوو بوەستێت.
گوڵ و نێونەمامەکانی دونیا، بتەوێت و نەتەوێت، ڕۆژێک دێت وشک دەبن و دەوەرن.
پاش ئەوەی لەناو خاکدا دەڕزێن، ئایا دیسان دەیتوانی سەر دەربهێنێتەوە و لە پیریەوە بۆ گەنجی و هەناسەی زیندوویی بە بەردا بێتەوە؟ دەبوو هەوڵی ئەمە بدات.

تەنیا چارەی ئەوەی حاڵێکی لەم شێوەیەی هەبێت، بریتی بوو لەوەی ژیانی بە گوێرەی ڕەزامەندی ئەو ڕێک بخات و، لە ڕێگەی ئەودا بڕوێت و تەواو ببێت و لەناوبچێت. بۆ ئەوەی ئەو کاتەی کەوتە ناو خاک و ڕزی، دیسان سەوز بێت و چەکەرە بکاتەوە.
بۆ ئەوەی لەو شوێنەدا کە وەک تۆو لەناو خاکدا ڕزا، دیسان وەک درەختێک سەر دەر بکاتەوە.
تا کردەوەکانی چەشنی شەجەرەی توبا، میوە بدات و هەرچی فانیە، جاویدانی و باقی بمێنێتەوە.

لەوە دەچێت پیاوە گەنجەکە، لەمڕۆدا لەو دارستانە وەحشیەدا بە ناوی دونیاوە هەموو شتێکی لە دەست دابێت، کۆڵەوار، غەریب و هەژار بێت. بەڵام بە هۆی هەیەجانی ناو دڵی، تیشكی ناو چاوەکانی و ئەو هێز و گوڕە نوێیەی لە قاچەکانیدا کەوتبوونە گەڕ، چەشنی ئەنەسی کوڕی نازیر بوو؛ کە خۆی فڕێدایە ناو مەیدانی ئوحود. ئەو مەردێک بوو سەرەڕای هەموو شتێک ئامادەی ئەوە بوو تەواوی ئەو شتانەی لە پێغەمبەری خوداوە بۆی جێماوە، بونیاد بنێت.

خزمەت کەوا ئاسودەیی هەموو مرۆڤایەتی بە ئامانج گرتووە، چیدی تەحەمولی کەسانێکی بێ هەیەجان، نازناز و تەمبەڵی نیە.
کەسانێکی عاشقی سەرشێتی وەک سەلیم، بێ ئەوەی ساتێک لە هەوڵ، بزاڤ و جوڵە بکەون، بە پشتیوانی خودا ڕێگە و شێوازی جیاوازیان دەدۆزیەوە و بە دوای چارەی بەردەوامیدان بە ڕێگەی خۆیاندا دەگەڕان.
ئەم قارەمانانە کەوا بەرەو هیجرەت ڕایان کردبوو، لە ژێر سایەی هاوەڵانی سەردارماندا بە دوای نمونەیەکی کامڵ و، لەسەر ئاستی دونیاش هەوڵی پێشکەش کردنی نمونەیەکی کامڵ دەدەن. بە هاوکاری، گفتوگۆ، فیداکاری… لە ڕێگەی نزا و فرمێسکی چاوەکانیانەوە…
هەندێک جار لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆنێک، هەندێک جار لە گۆشەی ڕۆژنامەیەکدا، هەندێک جاریش لە ماڵپەڕێکی ئینتەرنێتدا، گوزارشتی لە هەست و هزری خۆی دەکات و، هەر هەلێکی بێتە بەردەم بۆ هێنانە سەر زاری حەقیقەت بەکاری دەهێنێت.
بە زمانێکی شیرین و بە ئسلوبێکی نەرمونیان، بە تەواوی ڕاستگۆییەوە ئەوە پشان دەدات کە نیەتێکی تری نیە.
ئیدی کێ هەرچیەک دەڵێت با بیڵێت… ئێستا هەموو لایەک باسی ئەوان دەکەن. چاوەڕێی هاتنە دی ئەو خۆشەویستی، برایەتی و لێبوردەییە دەکەن، کە هەمیشە ئەوان بەڵێنی هێنانە دی دەدەن. ئەمڕۆ تەنیا ئەوانەی تاریکی و ڕوناکی بەسەر یەکدا تێکەڵ دەکەن، ئەوانەی ژیانیان لە زیندانی لاشەیاندا بەسەر دەبەن، لە دژی ئەوان قسە فڕێ دەدەن. سەرلەنوێ گوێئاگردانی درۆ و بوختان و ساختە خۆش دەکەنەوە.
بەڵام تەواوی ئەم پەلەقاژێیانە بێ هودەیە… چونکە ڕوناکی هەموو لایەکی تەنیەوە، ئەو نورەی لە ئەبەدیەوە دێت هەموو جیهانی تەنیوە. ئیدی تافی ڕۆحە ڕۆشنەکانە و، دەوران دەورانی ئەوانە.
بە کورتی؛ گەر دڵێک لە پێناو ئاسودەیی، سەلامەتی و ئاشتی و بەختەوەری مرۆڤەکان خوازیاری خزمەت نەبێت لەبەرچی ملی ڕێگەی هیجرەت بگرێت! لە کاتێک هەلی ئەوەی شانامەی گوڵ بچنینەوە لە بەردەمماندا بێت، باسکردن لە دڕکەکان لە پای چی؟!

26 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە