بیروڕاهەواڵ

چەند پێودانگێک سەبارەت بە ئاکاری جوان

پرسیار: لە حەدیسە شەریفەکاندا ئاماژە بەوە دەکرێت کە پێویستە کەسانی ئیماندار عەیبدار نەکەین، بە سوک تەماشایان نەکەین، کەموکورتیەکانی بپۆشین؛ لەلایەکی ترەوە فەرمانی ئەوەمان پێدەکرێت کە بەرامبەر زوڵم و خراپەکاریەکان بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبین، لەم بابەتەدا هەڵوێستی ئیماندارانە چۆنی دەبێت و، چۆن دەتوانین هاوسەنگی ڕابگرین؟

وەڵام: لە حەدیسێکدا کەوا لەلایەن ئیمامی ترمزیەوە ڕیوایەت کراوە دەفەرموێت:
مَنْ عَيَّرَ أَخَاهُ بِذَنْبٍ لَمْ يَمُتْ حَتَّى يَعْمَلَهُ
واتە هەرکەسێک لە ئێوە برا ئیماندارەکەی بە عەیبێک لەکەدار بکات، نامرێت هەتا ئەو کاتەی خۆیشی هەمان عەیب ئەنجام نەداتەوە.
بەم شێوەیە عەیبدارکردن و سەرکۆنەکردنی کەسانی تر قەدەغە کراوە و، سەرنجیشمان بۆ لای ئەو پاشەڕۆژە ڕادەکێشێت، کە چاوەڕێی ئەنجامدەرانی ئەم گوناحە دەکات.

“عەیبدارنەکردنی هیچ کەسێک”
وەک لەو حەدیسە شەریفەشدا ئاماژەی پێدراوە، کەسێک کەوا برا ئیماندارەکەی عەیبدار دەکات بە هۆی گوناحێکەوە، ئینجا گەر ئەو کەسە گوناحەکەی ئەنجام دابێت یاخود نا، کەسی لۆمەکار نامرێت هەتا خۆیشی هەمان عەیب ئەنجام نەداتەوە.
ئەنجامدانی کارێکی لەم شێوەیە – پەنا بە خودا- لەوە دەچێت ببێتە هۆی ئەوەی کێشەیەک لە هاوسەر، کچ و کوڕی کەسی لۆمەکاریشدا ڕووبدات.
واتە الله لە ڕێگەی خۆی یاخود کەسێک لە ئەندامانی خێزانەکەی، سزای ئەو زوڵمەی پێدەچەژێت کە بەرامبەر کەسانی تر ئەنجامی داوە.
زۆرێک لە مرۆڤەکان توشی هەر کێشەیەک ببن، کەوا بەرۆکی خۆیان بگرێت، بە ئاسانی دەتوانن ڕێگە چارەسەرێک بۆ خۆ قوتارکردن بدۆزنەوە، بەڵام ئەو کێشانەی بەرۆکی کەسە نزیکەکانی دەگرن، بە ئاسانی پشتی دەشکێنن.

ئێمە نازانین، لەوە دەچێت توشبوونی بە سزایەکی لەو شێوەیە، روویەکی ڕەحمەتیشی هەبێت. چونکە دەشێت ئەمە ببێتە هۆی کەفارەتی ئەو گونحەی ئەنجامی داوە. ناڕەحەتی و شەرمەزاریەکی لەم شێوەیە کەوا لە دونیادا بەرۆکی دەگرێت، دەشێت لە سزای ڕۆژی ئاخیرەت ڕزگاری بکات.
واتە کەسێکی لەو شێوەیە، لە ڕێگەی توشبوونی بە سزایەکی سوکەوە، لە سزای زۆر سەخت ڕزگاری دەبێت. هەندێک جاریش ئەو گوناحەی ئەنجامی دەدات هێندە گەورەیە، ناڕەحەتیە دونیایەکان بەشی ئەوە ناکەن لەو گوناحە پاکی بکەنەوە.
بۆ نمونە هێندەی هەموو دونیا یاسا و مافی بەندەکانی پێشێل کردووە، هەڕەشەی بۆ سەر سەلامەتی گیان و ماڵی مرۆڤەکان دروست کردووە، یاری بە ناموس و حەیسیەتی مرۆڤەکان کردووە، خۆی لە پیس و چەپەڵی کوفر، شیرک و دووڕوویەوە ئاڵاندووە، مرۆڤێک کە بە تەواوی ئەم گوناحە قورسانە هەستابێت، تەنیا لە ئاخیرەتدا دەتوانرێت بە سزای شایستەی خۆی بگەیەندرێت.

ئێمە لە حیکمەت و دانایی پەروەردگار تێناگەین، هەندێک لەو کەسانە هەر لەم دونیا سزایان دەدات و هەندێکیشیان بۆ ئەو دونیا دەهێڵێتەوە. گەر بمانەوێت لەم دونیا و لەو ئاخیرەتیش توشی شەرمەزاریەکی لەو شێوەیە نەبین، پێویستە بەرامبەر هەموو مرۆڤەکان و بە تایبەت کەسانی ئیماندار ئاگاداری زمانی خۆمان ببین و، تەنانەت چاوێک بە بیروڕای ناو هزری خۆمان سەبارەت بەوان بخشێنینەوە.

هەربۆیە سەرداریشمان فەرموویەتی” هەرکەسێک دەستەبەری ئەوەی لە نێوان دوو لێو و ڕانیدا هەیە بۆ من بکات، واتە زمان و ناموسی لە حەرام بپارێزێت، منیش لە بابەتی بەهەشتدا دەستەبەری بۆ ئەو کەسە ئەنجام دەدەم”.

لەم ڕوانگەیەشەوە زمان گرنگیەکی زۆری هەیە. زۆر ئاسانە هەر لە سەرەتاوە کلیلێکی لێبدەیت و دایبخەیت. بەڵام دوای قسە کردن، زۆر ئەستەمە ئەو شتانەی هەڵڕژاون و شکاون، نۆژەن بکەیتەوە.
بۆ نمونە ئاسانترین شت کەوا لەم بابەتەدا ئەنجامی بدەیت، بریتیە لەوەی بچیت داوای لێبوردن لەو کەسە بکەیت، کە بە هۆی گوناح و هەڵەیەکەوە لەکەدارت کردووە. بە پێچەوانەوە، بە مافی بەندەیەکەوە دەچێت بۆ ئاخیرەت. بەڵام هەموو کەسێکیش دەزانێت کەوا ئەمە کارێکی هەروا ئاسان نیە. مرۆڤ لە بەرامبەر قورسایی کارێکی لەم شێوەیە کە ناتوانێت لە ژیر باری سەختیدا هەستێت و دەپلیشێتەوە، پێویستە هەر لە سەرەتاوە زنجیرێک لە دەمی بدات.
تەنانەت لەو شوێنانەی کە پێویستە ڕووداوێک وەک خۆی بگێڕینەوە، دەبێت زۆر بە دیقەت بین. پێویستە چوارچێوەکان تێنەپەڕێنین و سنورەکان نەبەزێنین.
پێویستە بێ هیچ غەرەز و لەبریدانانێک ئەو کارە ئەنجام بدەین.
کاتێک بابەتێک بۆ گفتوگۆ دەکەینەوە، بە شێوەیەکی وەها بە حەزەرەوە قسە بکەین، هیچ کەسێک لەم قسانەی ئێمە زەرەر نەبینێت و دڵی زویر نەبێت.
بە پێچەوانەوە؛ گەر بە ” فڵان وەهای کرد و فیساریش وەها، بۆیە ئەم شتانەمان بەسەرهات” دەست بە قسەکانمان بکەین و تۆمەت بە چواردەوردا ببەخشینەوە، بە گومانی خراپەوە بەردەوامی بە قسەکانمان بدەین، ئەوا لەو نێوەندەدا زۆر گیان دەسوتێت و مافی بەندەکان پێشێل دەکرێت و، بە کۆمەڵێک گوناحەوە دەچینە ئەو دونیا کە توانای هەستانمان لە ژێر باری سەختیاندا نەبێت.
لەلایەکی ترەوە سەردارمان ئاماژە بەوە دەدات، سزای کەسانێک کەوا برایەکی خۆیان لەکەدار دەکەن بە هۆی عەیبێکەوە کە ئەنجامیانداوە، بریتیە لەوەی خۆیشیان نەمرن هەتا هەمان عەیب ئەنجام نەدەنەوە.
لێرەدا شوێنی خۆیەتی بپرسین ئاخۆ دەبێت سزای ئەو کەسانە چی بێت، کە براکانیان بە هۆی عەیب و گوناحێکەوە لەکەدار نەکەن کە ئەنجامیشیان نەداوە؟!

بێ هیچ گومانێک، لەکەدارکردنی مرۆڤە بێ گوناحەکان لە ڕێگەی هەڵبەستنی بوختان و درۆ بە دەمیانەوە، لە ڕێگەی ڕێکخستنی فێڵ و تەڵەکەوە پشاندانیان وەک کەسی تاوانبار، لەلای خودا بە گوناحێکی زۆر گەورەتر ئەژمار دەکرێن.
بە تایبەت گەر لە جیاتی تاکە کەسێک، گروپێکی گەورەی مرۆڤەکان لەم بابەتەدا بە ئامانج گیرابێت، ئەو قوڕ و چڵپاوەی فڕێ دەدرێت گروپێکی گەورەی مرۆڤەکانی بە ئامانج گرتبێت و یاری بە ئیعتیباریان بکات، کەسانێک کەوا گوناحێکی لەم شێوەیە ئەنجام دەدەن، مومکین نیە هەروا بە ئاسانی ڕزگاریان ببێت.
گەر تەواوی تاکەکانی ئەو گروپە گەردنیان ئازاد نەکەن، دارای پابوونەوەیان لەو گوناحە نیە. هەربۆیە ئەم جۆرە فێڵ و گەمانەی نزیکایەتیان لەگەڵ کوفر و دووڕوویدا هەیە، ئەگەری ئەوەی لەلایەن ئیمانداری ڕاستەقینەوە ئەنجام بدرێت، لە ئارادا نیە.
بەڵێ، کەسی ئیماندار لە بابەتی پاراستنی شەرەف و پێگەی خۆیدا چەندە بە هەستیاریەوە مامەڵە بکات، پێویستە لەسەری هەمان هەستیاری بەرامبەر شەرەف و پێگەی کەسانی تر پشان بدات.
پێویستە نە بە دەستی نە بە زمانی، زیان بە کەس نەگەیەنێت، تەنانەت هزری خۆی لە تێڕوانینە خراپەکان پاک بکاتەوە و، گومانی باش بەرامبەر مرۆڤەکان وەک بەشێک لە سروشتی خۆی لێ بکات.
وشەی ئیماندار، لە ڕوانگەی واتای وشەکەوە بریتیە لەو کەسەی کەوا متمانە و دڵنیایی بە هەموو لایەک دەبەخشێت. کەسی ئیماندار بە شێوەیە متمانە لەلای چواردەورەکەی دروست دەکات، هیچ کەسێک نیگەرانی ئەوەی لەلایەن ئەوەوە زیانێکی پێدەگات، لەلا دروست نابێت، لە بەرامبەر ئەودا توشی هیچ شڵەژانێکی ڕاستەقینە یاخود وەهمی نابێت، کاتێک پشتی لەو کرد، دڵنیایە لەوەی لە پشتەوە خەنجەری لێنادات.
تەنانەت گەر خۆیشی خراپەیەک بەرامبەر کەسە ئیماندارەکە ئەنجام بدات، ئەوە دەزانێت کە بە هەمان شێوە وەڵامی ناداتەوە. چونکە کەسی ئیماندار هەندێک سنوری دیاریکراوی هەیە کە هەرگیز نایانبەزێنێت و، بنەماگەلێکی سەرەکی هەیە کە نابێت پێشێلیان بکات.

زۆر گرنگە هەندێک ڕەفتار و هەڵسوکەوت وەک بەشێک لە کەسایەتی مرۆڤیان لێبێت. هەرکەسە و بە گوێرەی مرۆڤایەتی خۆی، کەسایەتیەکی تایبەت بە خۆی هەیە. جگە لەمانە، هەندێک کەسایەتیش هەیە کە لە پاشاندا بە هۆی ئیسلامەوە بەدەستی دەخات. موسوڵمانێکیش کەوا نوێنەرایەتی کەسایەتی ئیسلام دەکات، هەندێک کردار و هەڵسوکەوت کەوا داخوازی ڕەوشتە جوانەکانی ئیسلامن، بە بێ ئەوەی هیچ زەختێک لە خۆی بکات، دەتوانێت ئەنجامیان بدات.
ئەگەر مرۆڤێک لە دەفری ئیسلامدا شێلدرابێت و بە ئاکاری ئیسلامیانە خۆی ئەخلاقدار کردبێت، لە بەرامبەر هەڵسوکەوتی هێرشبەرانە و دەستدرێژیکەرانەی دوژمنەکانیشی سازش لەسەر کەسایەتی خۆی ناکات و، بە هەمان شێوەی ئەوان وەڵام ناداتەوە.
هەرگیز خۆی بۆ ئاستی مرۆڤە سادەکان – یاخود ڕاستر وەهایە بڵێین بێ ئاستی مرۆڤە سادەکان- دانابەزێنێت.
بەڵام ئەگەر ئاکاری جوانمان وەک بەشێک لە سروشتی خۆمان لێنەکردبێت، لە هەندێک بابەتدا توشی ناڕەحەتی دەبین، هەموو کاتێک ناتوانین هەمان خۆڕاگری پشان بدەین.
ئەگەر بە شێوەیەکی جوامێرانەش مامەڵە لەگەڵ هەموو کەسێکدا بکەین، کاتێک تۆزێک پێ بە دەمارماندا دەنرێت، یەکسەر توشی هەڵچون دەبین.
لەو کاردانەوانەی بەرامبەر مرۆڤەکان پشانی دەدەین، زوو زوو توشی کاری ناشییانە دەبین و، دەست و قاچمان لێ تێکەڵ دەبێت.
لەم ڕوانگەیەشەوە، پێویستە لە سەرەتاوە زەخت لە خۆمان بکەین و، بە شێوەیەکی بەردەوام خۆمان لەسەر ئاکارە ئیسلامیەکان ڕابهێنین و وەک خووی خۆمانیان لێبکەین.

“سیخوڕی نەکردن بەسەر یەکەوە”
بەڵێ، وەک لە سەرەوەش ئاماژەمان پێدا، پێغەمبەری خودا لەکەدارکردنی کەسانی ئیمانداری بە هۆی عەیب و هەڵەکانیانەوە، قەدەغە کردووە. پێویستە هەر لێرەدا ئاماژە بەوە بکەم، لە ئیسلامدا ئەرک و بەرپرسیارێتیەکی وەک گەڕان بە دوای خراپە و هەوڵدان بۆ تێبینیکردنی گوناحی کەسانی تر، بوونی نیە. بە پێچەوانەوە قورئانی کەریم دەفەرموێت وَلَا تَجَسَّسُوا

واتە سیخوڕی بەسەر یەکترەوە مەکەن و قورئان بە زمانێکی ڕاشکاوانە ئەم بابەتەی قەدەغە کردووە.

کەسێک چەشنی ئەوەی ڕاوچی خراپەکاریەکان بێت، بە شێوەیەکی بەردەوام خۆی بە عەیب و کەموکورتی کەسانی ترەوە مەشغوڵ کردبێت و خەریکی لێکۆڵینەوە بێت، لە پاش ماوەیەک سروشتی توشی پیس بوون دەبێت و، تێکچوون لە فیترەتیدا دروست دەبێت.

پاش ئەوەی سروشتی مرۆڤ توشی پیس بوون بوو، ئەوەی زمانی بۆ درێژ دەکرێت و عەیبدار دەکرێت، تەنیا لە کەسانی گوناحکار و زاڵمدا کورت نابێتەوە، بەڵکو دەست دەکەن بەوەی مرۆڤە پاکوبێگەردەکانیش لەکەدار بکەن.
بە پێچەوانەوەی ئەمەوە، کەسێک کەوا تەنانەت فڕێنەدانی لەکە بۆ ئەو کەسانەی بە دەستی خۆیشیان خۆیان لەکەدار کردووە، وەک بەشێک لە سروشتی خۆی لێکردبێت و بە گوێرەی ئەمە پڕۆگرامی خۆی داڕشتبێت، لە شوێنێکدا کەواهەموو عالەم قوڕ و چڵپاو بە چواردەوری خۆیان دەپرژێنن، ئەو بە شێوەیەکی بەردەوام نور بە چواردەوری خۆیدا تەخشان دەکات و ڕۆشنی دەکاتەوە.
پێشتریش چەنیدن جار ئاماژەم بەم بابەتە داوە، ئیمام خادیمی، لە کتێبی بەریقەدا کە وەک شرۆڤەی کتێبی “طریقة المحمدیة” نوسیوتی، بە شێوەیەک لە شێوەکان دەڵێت” گەر کەسێکی ئیماندارت لە حاڵێکی زۆر خراپیشدا بینی، یەکسەر لە بارەیەوە حوکم مەدە. چاوەکانت بسڕە و بڵێ “ناشێت ئەم مرۆڤە گوناحێکی لەم شێوەیە بکات”، پاشان جارێکی تر سەیر بکەرەوە. بۆ ئەوەی حوکمێکی هەڵە نەدەیت، جارێکی تر کۆنتڕۆڵی ئەوە بکەرەوە کە ئایا بە ڕاستی بینیوتە یاخود نا. پاش ئەوەی ١٠ جار ئەم کارەت ئەنجامدا و بۆت دەرکەوت کەوا هەڵەت نەبینیوە، پشت لەو شوێنە هەڵبکە و بڵێ” خودایە ئەم کەسە لەو کارە قێزەونە ڕزگار بکە و منیش لەوە بپارێزە بکەومە ناو گوناحێکی لەم شێوەیەوە”.
ئەگەرچی ئیمامی خادیمی لە ڕێگەی ئەم قسانەیەوە دیەوێت حەقیقەتێکی زۆر گرنگمان بیر بخاتەوە، بەڵام بە گوێرەی قەناعەتی من، گەر کەسێک ڕووبەڕووی گوناحێکی لەم شێوەیەی کەسێکی تر بوویەوە، باشترین کار کەوا پێی هەڵبستێت بریتیە لەوەی هەر لە سەرەتاوە بڵێت” لەوە دەچێت بە هەڵە بینیبێتم” و پاشان یەکسەر پشتی لەو شوێنە هەڵبکات و ئەوەی لەوێشدا بینیوێتی لە هیچ شوێنێک باسی نەکات.

چونکە خودا، ئێمەی وەک داواکاری گشتی بەسەر گوناحی مرۆڤەکانەوە دانەمەزراندووە.
دەبێت ئەوەش لە بیر نەکەین کە یەکێک لە ناوەکانی خودا بریتیە لە “الستار”، واتە گوناح و هەڵەی بەندەکانی دادەپۆشێت.
ئەوەی لەسەر شانی کەسی موسوڵمانیشە، بریتیە لەوەی بەم ئاکارە خۆی ئەخلاقدار بکات.
هەربۆیە سەرداریشمان لە یەکێک لە فەرمودە شیرینەکانیدا ئاماژەی بەم ڕاستیە کردووە و دەفەرموێت:
مَنْ سَتَرَ عَلَى مُسْلِمٍ سَتَرَ اللَّهُ عَلَيْهِ فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ

واتە هەرکەسێک عەیبی برایەکی موسوڵمانی دابپۆشێت، خودا لە دونیا و ئاخیرەتیشدا عەیبەکانی دادەپۆشێت.
دەشێت زۆر شت کەوا لە ژیانی ئاخیرەتدا شەرمەزارمان بکات، بێتەوە بەردەممان، خۆ گەر لەم دونیا خۆمان بەم ئاکارە ئیلاهیە ئەخلاقدار نەکەین، ئەوا ئەگەری زۆرە لەو دونیا ڕەزیل و ڕسوا ببین.
واتە ئەو سوکی و ڕسواییەی لەم دونیا بەسەر مرۆڤەکانی تریدا دەهێنین، لەو دونیا بەسەر خۆشماندا بێتەوە.
هەربۆیە باشترین شت ئەوەیە واز لە گەڕان بە دوای عەیب و عاری کەسانی تردا بهێنین و، گەر بە شێوەیەک لە شێوەکان چاویشمان کەوتە سەریان، لەلای کەسانی تر ئاشکرایان نەکەین.
پێویستە هیچ کەسێک بە سوک تەماشا نەکەین و دڵیان زویر نەکەین، وەک سەرداریشمان لە فەرموودەیەکدا ئاماژەی پێداوە:
بِحَسْبِ امْرئٍ مِنَ الشَّرِّ أَنْ يَحْقِرَ أَخَاهُ الْمُسْلِمَ

واتە وەک خراپەکاری بەسە بۆ کەسێک، گەر بە سوکی تەماشای برا موسوڵمانەکەی کرد. واتە کارێکی خراپی لەم شێوەیە، لەو دونیا بەسەری خۆیشیدا دێتەوە و لەناوی دەبات.
هیچ کەسێک کەوا ئیمانی بە الله هێنابێت، ناکرێت بە سوک تەماشا بکرێت. تەنانەت گەر موسوڵمانیش نەبن، وەک حەزرەتی عەلیش ئاماژەی پێداوە، بە سیفەتێک کەوا ئەوانیش وەک ئێمە مرۆڤن و لە مرۆڤایەتییاندا لەگەڵ ئێمە یەکسانن، ناکرێت بە سوک سەیری ئەوانەش بکەین کە وەک خۆمان نین.
دەشێت لە هەندێک لە مرۆڤەکاندا هەندێک سیفاتی وەک کوفر، دووڕووی، گومڕایی بەدی بکەین کەوا بە لای ئێمەوە پەسەند نیە. لە حاڵێکی لەم شێوەیەدا بە ئامانج گرتن و هێرش بردنە سەر ئەو جۆرە کەسانە کارێکی شیاو نیە. بە پێچەوانەوە، ئەو کارەی کەوا پێویستە لەم حاڵەتەدا ئەنجامی بدەین، بریتیە لەوەی هەوڵ و کۆششی خۆمان بەو ئاڕاستەیەدا بخەینە گەڕ، کە ئەو کەسانەش لەو سیفەتانە ڕزگار بکەین؛ کە بە لای خۆمانەوە پەسەند نیە. لە ڕاستیشدا کاتێک سەیری ژیانی جوانی سەردارمان دەکەین، ئەوە بەدی دەکەین کە هیچ کاتێک سوکایەتی بە هیچ کەسێک نەکردووە و بە سوک تەماشای نەکردوون.
هەربۆیە کەسی ئیمانداریش کاتێک هەڵنوتین و کەوتنی کەسێک دەبینێت، نابێت بڵێت” دەی با منیش شەقێکی تێهەڵدەم”، ناتوانێت بەر تانە و تەشەری بدات. بە هیچ شێوەیەک عەیبەکانی ئەو ناکاتە شیعر و شانامەی سەر زوبانی. هەروەها لە ڕێگەی باسکردنی ئەم شتانە لەلای کەسانی تر، تەریقی ناکاتەوە. یاخود ئەوەی هەڵە و کەموکورتیەکانی گەورەتر بکات و لەملاولا باسیان بکات، بە هیچ شێوەیەک کاری کەسی ئیماندار نیە.
ئەوەی لەسەرشانی کەسی ئیماندارە، بریتیە لەوەی حەیسیەت، شەرەف و کەرامەتی تەواوی مرۆڤەکان وەک شەرەفی خۆی ئازیز ببینێت و بیپارێزێت.

لە بەرامبەر هەڵە و گوناحی کەسانی تردا ئەوەی لەسەر شانێتی بریتیە لەوەی، لە حاڵی ئەوانەوە پەند و وانەیەک وەربگرێت و، گەر لە دەستی هات یارمەتیان بدات و، نزا و پاڕانەوەی لە بەردەم پەروەردگاری ئەوە بێت، کە خۆیشێ نەکەوێتە حاڵێکی لەو شێوەیەوە.
بە تایبەت ئەو هەڵە و گوناحانەی لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجام دەدرێت کەوا لەناو ژیانی کۆمەڵایەتیدا پێگە و ئیعتیبارێکی گەورەیان هەیە، باسکردنی عەیب و عاریان لەملاولا و بڵاوکردنەوەیان، بە نیسبەت ئەو جۆرە کەسانەوە زۆر دڵشکێنەر دەبێت.
چونکە لە هەمان کاتدا تێڕوانینی خێزانەکان، چواردەور و کۆمەڵگا بۆ ئەم جۆرە کەسانەش جیاوازە. ئەوان ڕاهاتوون لەسەر ئەوەی چەپڵەیان بۆ لیبدرێت و ستایش بکرێن. هەمیشە لەسەر سەر دانراون و ڕێزیان لێگیراوە. نادیدەگرتنی شوێن و پێگەی ئەوان لە لای مرۆڤەکان، کارێکە شیاوی تێدا نیە. ئەگەر پەیوەندی بە ئێمەوە نەبوو، پێویستە هیچ خۆمان لە قەرەی ئەو ڕووداوانە نەدەین کە لە دژی ئەوان دەگوزەرێت، تەنانەت گەر لایەنێکی بابەتەکەش پەیوەندی بە ئێمەوە هەبوو، ئەو لایانە بە لەسەرخۆیی جیا بکەینەوە و، دیقەتی ئەوە بدەین کە گیانی کەس نەسوتێنین. ئاکاری ئیماندارانە پێویستی بە هەڵوێستێکی لەم شێوەیە هەیە.

هەروەها شەرمەزارکردنمان و دڵشکاندنمان لەلایەن کەسانی ترەوە، نابێتە پاساوی ئەوەی کارێکی لەو شێوەیە بکەین. تەنانەت گەر بە سوکیش سەیرمان بکەن، دیسان بۆ ئێمە نیە بە سوک سەیریان بکەینەوە. گەر دڵیشیان زویر کردین، بۆمان نیە دڵیان زویر بکەینەوە. چونکە لە تێڕوانینی ئێمەدا، زویرکردن و شکاندنی مرۆڤەکان، وەک پێ هەڵخلیسکان و لادانە. گەر کەسانێک بە زویرکردنی ئێوە هەستان، ئەوە بە ناوی ئەوانەوە هەڵخلیسکان و لادانە.
خۆ گەر ئێوە جوێن، دڵ شکاندن و مامەڵەی ڕەق و توند بە شتێکی عەیبە بزانن، نابێت خۆشتان هەمان شت ئەنجام بدەنەوە. دەبێت ئەوەش لەبیرنەکەن، کە ئارامگریتان لەسەر لێدانی ناڕەوا، عەیبدارکردن و لەکەدارکردنی کەسانی تر،دەبێت کەفارەتی گوناحەکانتان.

ئیبراهیم حەقیش چەند جوانی فەرموو کە دەڵێت:

هیچ کەسێک بە سووک مەگرە
زویریان مەکە و دڵ مەشکێنە
تۆ لایەنگری نەفسی خۆت مەبە
با ببینین مەولا چی دەکات
هەرچی بکات جوان دەیکات

ئیمامی ئاڵڤاریش بە هەمان شێوە لەم بابەتەدا دەڵێت:

عاشق وتەی ناسکی لێدەردێ
زویر مەبە لە زویرکەران
لە کەمالدا نوقسانی هەیە
ئەوەی زویر بێت لە زویرکەران!

وەک خۆشتان دەزانن، هەتا ئەمڕۆ کۆمەڵانێک کەوا خۆیان وابەستەی دوژمنایەتی کردووە، چەندین جار دەرحەق بە ئێمە وتوویانە دەی با بیانسوتێنین و، هێرشیان کردە سەرمان. هەندێک جار بە تەواوی هەموو پردەکانیان ڕووخاند و وەهایان لە ڕێگەکە کرد کە چیدی توانای ڕۆشتن بەسەریان نەمێنێت. تەواوی ئامرازەکانی پەیوەندی نێوانیان پچڕاند. لە ڕێگەی درۆ، بوختان و لەکەدارکردنەوەکانیەوە وێرانکاری زۆر جددیان ئەنجامدا. هەر هەلێکیان بۆ ڕەخسابێت، هەموو جۆرە زوڵم و ناحەقیەکیان بە ڕەوا زانیوە. بە تایبەت لەم ماوەیەی کۆتایدا، بە تەواوی بە مەبەستی پلیشاندنەوە و لەناوبردن زوڵمی زۆر سەختیان ئەنجامدا. سەرەڕای تەواوی ئەمانە، وەک ئەوەی هەرگیز بە مێشکماندا نەهاتووە کەوا بە هەمان شێوە وەڵامیان بدەینەوە، هیچ کاتێکیش بیرمان لەوە نەکردەوە کەوا بە عەیبی کەسانی ترەوە خۆمان مەشغوڵ بکەین.

29 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە