هەواڵ

لە مەیدانەکاندا باسیان لە منداڵە ساوا دەستگیرکراوەکانی ناو زیندانەکانی تورکیا کرد

 

چالاکوانە خۆبەخشەکان لە هەموو شارەکانی ئەڵمانیا بوون بە یەک گیان لە پێناو ئەو منداڵە ساوایانەی لە لایەن حکومەتی تورکیاوە دەستگیر کراون. چالاکوانەکان لە ڕێگەی چەندین چالاکی جۆراوجۆرەوە داوا دەکەن ئەو منداڵە ساوا دەستگیرکراوانە لەگەڵ دایکیاندا ئازاد بکرێن.

حکومەتی ئاکەپە لە چوارچێوەی ئەو ڕەشبگیرەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو لە دژی بزاڤی خزمەت دەستی پێکردبوو زیاتر لە نیو ملیۆن کەسی بێتاوانی خستووەتە نێو زیندانەکانەوە. لە ناو هەموو ئەوانەشدا ئەوەی کە لە هەموو شتێک زیاتر ئازار بە مرۆڤ دەبەخشێت بریتییە لە دەستگیرکردنی ئافرەتە دووگیانەکان و منداڵە ساواکان لەگەڵ دایکیاندا. گرووپێک خۆبەخش لە ئەڵمانیا سەرجەم هەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو ستەمکارییەی لە تورکیا دەگوزەرێت بە هەموو جیهان ڕابگەیەنن و هەوڵ دەدەن لەو ڕێگەیەوە کۆتایی بەو ستەمکارییە بهێنن.

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٠ ی تشرینی دووەم کە ڕۆژی جیهانی مافەکانی منداڵانە، لە ناوەندی شاری ساربروکن لە ئەڵمانیا چەند چالاکییە بەڕێوەچوو. لە چالاکییەکەدا پێشەنگایەکی وێنەیی نمایش کرا کە باسی لەو ٨٦٤ منداڵە ساوایە دەکرد کە لەگەڵ دایکیان لە گرتووخانەکانی تورکیادا بەند کراون. خەڵکی شارەکە لە نزیکەوە گرنگییان بە چالاکییەکە دەدا و پرسیاریان دەربارەی ئەو ستەمکارییە دەکرد کە لە ئێستادا لە تورکیا دەگوزەرێت و خۆبەخشانی ڕێکخەری چالاکییەکەش وەڵامی پرسیارەکانییان دەدایەوە. جگە لەوە هونەرمەندێکی لاو هەوڵی دەدا لە ڕێگەی کەمانەکەیەوە گوزارشت لەو ستەمە گەورەیە بکات کە لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بەرامبەر بە کەسانی بێتاوان ئەنجام دەدرێت.

کەسێک بە ناوی ل. ک. کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی چالاکییەکە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی TR724، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هاوسەرەکەی  و باوکی بۆ ماوەی نزیکەی ٢ ساڵ بە بێتاوان لە گرتووخانەکانی تورکیادا بەندکراون و وتی “ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین ئەو ناسۆرە گەورەیەی لە تورکیا بۆ خەڵکی باس بکەین. من بە منداڵەکەی باوەشمەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ دەچوومە گرتووخانەکان بۆ ئەوەی باوکم و هاوسەرەکەم ببینم. من هەموو جارێک نزیکەی ٢ کاتژمێر لە ڕێگەدا دەبووم و ئەوکات منداڵەکەم بچووک بوو بەردەوام دەگریا. مانەوەی منداڵێک لە شوێنێکی سارد و بچووکدا گەورەترین ستەمە کە لە دایکێک بکرێت. ئەو ستەمەی لە ئێستادا لە لایەن حکومەتی تورکیاوە لە دایکانی بێتاوان دەکرێت پێشتر لە هیچ لاپەرەیەکی مێژوودا هاوشێوەی نەبینراوە”.

http://www.samanyoluhaber.com/meydanlarda-hapisteki-bebekleri-anlattilar-haberi/1338696/

28 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە