بیروڕاهەواڵ

ئەو هەڵەیەی کودەتاچیە ڕاستەقینەکانی ١٥ ی تەموز بە دەستەوە دەدات

ڕۆژەڤی گەرمی واشنگتۆن، وەهای لێکردم کە ماوەیەک لە شیکارکردنی ڕووداوەکانی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ دوور بکەومەوە.
لە ١٦ ی تەموزی ٢٠١٦ وە هەمان شت دەڵێمەوە؛ ١٥ ی تەموز کودەتایەکی ڕاستەقینە نیە و ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگری تورکیایە. هەتا ١٥ ی تەموز بە تەواوی ڕوون نەکرێتەوە، لە تورکیادا هیچ شتێک ڕێچکەی خۆی ناگرێت.
هەروەها هەتا بە تەواوی لە ١٥ ی تەموز تێنەگەین، ناتوانین لە ڕووداوەکانی سەر ئاستی نێودەوڵەتیش تێبگەین.
بۆ نمونە تێگەشتن لەو پەیوەندیەی لە نێوان تورکیا-ئێران- ڕوسیا هەیە، یاخود ئەو ترافیکی پەیوەندیەی لە نێوان ئێردۆغان و پۆتیندا هەیە؛ بە بێ ڕوونکردنەوەی ١٥ ی تەموز کارێکی ئەستەمە.

هەربۆیە زۆرێک لە شارەزایانی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانیش لەم بابەتەدا هەمان بیروڕایان هەیە.
بۆ نمونە پرۆفیسۆر عومەر تاشپنار کە یەکێکە لە شارەزایانی باوەڕپێکراوی کاروباری تورکیا لە واشنگتۆن، هەفتەی ڕابردوو وتی” لە دەستی پۆتیندا دۆسیەی زۆر گرنگ سەبارەت بە گەندەڵی و ڕووی ڕاستەقینەی کودەتاکەی ١٥ ی تەموز هەیە، هەربۆیە ئێردۆغان زۆر لە پۆتین دەترسێت”.

هەروەها کەسایەتیەکی وەک کەریم هاسیش کە شارەزایەکی ناوداری کاروباری ڕوسیایە، لە مێژەوە بیروڕایەکی هاوشێوەیە هەیە. هەروەها شارەزایانی کاروباری واشنگتۆن کە خودی خۆم لە نزیکەوە قسەم لەگەڵدا کردوون، هیچ کامیان نەبووە کە لێدوانی فەرمی کاربەدەستانی تورکیای سەبارەت بە ١٥ ی تەموز، بە ڕاست لە قەڵەم دابێت.

بە کورتی هەرچەندە ڕژێمی ئێردۆغان بیانەوێت سیناریۆی ١٥ ی تەموزی خۆیان بەسەر خەڵکدا بسەپێنن و دەستی لێ بشۆن، ئێمە سەبارەت بەو بابەتە لە لێکۆڵینەوەکانمان هەر بەردەوام دەبین.

ئێستا با بێینە سەر ئەو زانیاریە سەرسوڕهێنەرانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بەدەستم هێناوە.
دەتوانم ئەوە بڵێم کە ئەو شتانەی پاش کەمێک دەیخوێننەوە، تەواوی حوکمەکانتان سەبارەت بە ١٥ ی تەموز لە بناغەوە هەڵدەتەکێنێت.
هەرچی هەیە ئەستەمە شتانێک لەو کەسانە بگەیەنین کە هەرزوو پێشتر بڕیاری خۆیان داوە.
ئەم جۆرە کەسانەت تەنانەت گەر ئێردۆغان هەستێت و بڵێت” ئێمە خۆمان پیلانی کودەتاکەمان داڕشت، بۆ ئەم مەبەستەش سیخوڕەکانی خۆمان لەناو جەماعەت بەکارهێنا، ئەگەرچی ٢٥٠ کەس گیانیان لە دەستدا، بەڵام ئێمە بە ئامانجی خۆمان گەشتین و ڕژێمی تورکیامان گۆڕی”، ئەوان هەر دەستبەرداری ڕای پێشوەختەی خۆیان نابن.

بەڵام بە نیسبەت کەسانێکەوە کە دەڵێن ” ئەگەرچی نازانم بە تەواوی چی ڕوویدا، بەڵام ئەو سیناریۆیە دەسەڵات باسی دەکات زۆر تەواو نیە، ئەم ماستە موویەکی تیایە”، لە پەڕاوەکانی دادگادا وردەکاری زۆر گرنگ هەیە.

“چۆنی لە کۆی ٣٥٨ جەنەڕال، ٢٤٠ کەسیان سەر بە جەماعەت دەرچوون؟”
لە ڕاستیدا ئەم وتارەم درێژەی ئەو وتارەیە کە لە ١٥ ی تەموزی ٢٠١٩ لە ژێر ناوی “چۆنی لە کۆی ٣٥٨ جەنەڕال، ٢٤٠ کەسیان سەر بە جەماعەت دەرچوون؟” بڵاوم کردەوە.
بە کورتی لەو نوسینەدا ئاماژەم بەوە دا، کە ئەو بەڵگانەی لە دۆسیەی دادگاییکردنەوەکانی ١٧، ٢٣، ٢٥ ی دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە دەست دەکەون، زۆر شت سەبارەت بە ڕووداوەکانی ١٥ ی تەموز ڕوون دەکاتەوە.
بە گوێرەی تۆمارەکانی ناو ئەو دادگایانە، ئەو پاکتاوە مێژووییەی لەناو ڕێزەکانی سوپادا ئەنجامدرا، لیستی ناوەکان لەلایەن ئەو کەسانەوە دیاری کراوە، کە پێشتر بە هۆی دۆسیەکانی ئەرگەنەکۆن-باڵیۆزەوە ناسیومانن.
بە گوێرەی تۆمارەکانی ناو دادگا، دیاریکردنی ناوی ئەو سەربازانەی سوپا کە لەکارەکانیان دوور خرانەوە، لەلایەن ٣ گروپی جیاوازەوە ئەنجام دراوە.
یەکەم گروپ ئەوانەن کە بە “ستافی ئیزمیر” ناسراون. دووهەم گروپ دەستەی خانەنشێکراوەکانن کە زەکی ئۆچوکیش لە نێوانیاندا بوونی هەیە. سێهەم گروپیش بریتیە لە ستافێکی دادگای باڵا. سەرهەنگ مەهمەت یوزباشیئۆغولو یەکێکە لە ناسراوترین کەسەکانی ناو ستافی ئیزمیر، کە لە دۆسیەی سیخوڕی سەربازیدا دادگایی کراوە.
ناوبراو لە وتەکانی و تۆمارەکانی دادگاشدا، بە ئاشکرا ئاماژە بە ناوی ئەو کەسانە دەکات، کە پەیوەندی پێوەیان هەیە. خاڵی هاوبەشی نێوان ستافەکەی ئیزمیر، بریتیە لەوەی لە دۆسیەی سیخوڕیکردنی سەربازیدا وەک گومانلێکراو دادگایی کراون.
بەڵام کاتێک وتەکانیان دەخەینە سەر یەک، بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە کێ پەیوەندی لەگەڵ کێدا هەیە.
ستافی ئیزمیر کەوا لەلایەن سەرهەنگ یوزباشیئۆغلوەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و، ستافی مەدەنی ئەم دەستە سەربازیەش لە چەند کەسێکی وەک موستەفا شەنتۆپی سەر بە ئاکەپە، بیلگین بەشاران سکرتێری گشتی دەزگای دادوەران و داواکارانی گشتی تورکیا و، تالیب ئوزون یاردەدەری سکرتێری گشتی سەرۆکایەتی، پێکهاتووە.
کاکڵەی ناوەڕۆکی وتەکانی ئەم ستافە کە چەندین لاپەڕە پڕ دەکاتەوە بریتیە لەوەی ئەم ستافە هەر زوو پێش ڕوودانی ١٥ ی تەموز، لیستێکی فراوانی ناوی سەربازەکانی سوپایان دیاری کردووە و، بە هەریەک لە دەزگای هەواڵگری تورکیا، هێز ئەمنیەکان و سەرۆکایەتی کۆماریان گەیاندووە.

موستەفا شەنتۆپ کە لە ئێستادا سەرۆک پەڕلەمانی تورکیایە، لە وتەکانیدا لە بەردەم دادگادا، باس لەوە دەکات کە پێش ١٥ ی تەموز و دواتریش، “زۆر زانیاری بە سوود”ی لە ستافی ئیزمیر وەرگرتووە، لە بابەتی دیاری کردنی لیستی ناوی ئەو کەسانەی سەر بە جەماعەتن و لەناو سوپادا بوونیان هەیە. هەروەها وتەکانی یوزباشیئۆغلوش پشتڕاستی قسەکانی شەنتۆپ دەکاتەوە. ناوبراو باس لەوە دەکات کە لە مانگی تشرینی دووهەمی ٢٠١٥ چاوی بە شەنتۆپ کەوتووە و، پێکەوە لەگەڵ مەتین کیراتلی و تالیب ئوزون کۆبوونەوەی ڕێکخراویان ئەنجامداوە. هەروەها کەسانی سەربازی سەر بە هەمان ستاف، بەشدارییان لە کۆبوونەوە ڕێکخراوەکانی نێوانیان کردووە. بە تایبەت هەریەک لە سەرهەنگ نورەدین ئاڵکان و سەرهەنگ گیوڤەن شەعبان، لە دەستنیشانکردنی لیستی ناوی ئەو سەربازانەی نیازی دوورخستنەوەیان هەبووە، بە شێوەیەکی چڕوپڕ لەگەڵ شەنتۆپ و کیراتلیدا هەماهەنگیان کردووە.
لێرەدا شوێنی خۆیەتی جارێکی تر ئەوەتان بیر بخەمەوە، دەستنیشانیکردنی ناوی ئەو سەربازانەی کە ویستوویانە لە سوپا دووریان بخەنەوە، ساڵێک پێش ڕوودانی کودەتاکە، بە شێوەیەکی چروپڕ کاری لەسەر کراوە.
هەروەها گروپی دووهەم کە دەستێکی باڵایان لە دەستنیشانکردنی ناوی سەربازەکاندا هەبووە، بریتیە لە ستافی سەربازە خانەنشیکراوەکان. ئەوانیش هەریەک لە سەرهەنگ ئاڵبای زەکی ئۆچوک، پێشڕەو مەهمەت چەلیک، سەرهەنگ یاسین ئەسڵان کە زوو زوو لە مێدیای سەر بە دەسەڵات چاومان پێیان دەکەوێت.
بۆ نمونە یاسین ئەسڵان لە وتەکانیدا لە بەردەم دادگادا دەڵێت: ئێمە پێش ڕوودانی ١٥ ی تەموز، زانیاری پێویستمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەرۆکایەتی گەیاندبوو. لە دوای ١٥ ی تەموزیش دیسان بانگیان کردینەوە. داوای ئەوەیان لێکردین کە زانیاریەکانمان لە بەردەم دادگاکانی قۆناغی باری نائاسایی و دادوەرانی دەستبەکار لە قۆناغی باری نائاساییدا ئاشکرا بکەین”.

سێهەم گروپیش کەوا لە دەستنیشانکردنی ناوی سەربازەکانی ناو سوپادا ڕۆڵیان گیڕاوە، بریتیە لەو کەسانەی بە ستافی دادگای باڵا ناسراون.
هۆکاری باسکردنی ئەم زانیاریانەش لەم وتارەی مندا بریتیە لەوەی بڵێم: بناغەی ئەو ڕەشبگیریەی لە حاڵی حازردا لەناو سوپادا ئەنجام دەدرێت برییتیە لەو زانیاریانەی سەرەوە ئاماژەم پێداوە. ئەگینا شەوی ١٥ ی تەموز سەربازەکان لە کوێ بوون و چییان کردووە هیچیان گرنگی نیە، گەر ناوت لەو لیستەدا هەبێت کە پێشتر دەستنیشان کراوە، تەنانەت گەر یەکێک بیت لەو کەسانەی لە دژی کودەتاچیەکانیش جەنگابیت، هەر دیسان بە تۆمەتی کودەتاچی بوون دەستبەسەر دەکرێیت و سزای هەتا هەتایییت بەسەردا دەسەپێنن.

لەمەش گرنگتر، کاتێک سەرچاوەی دەستنیشانکردنی لیستی ناوی سەربازەکانی ناو سوپا دەبینیەوە، کودەتاچیە ڕاستەقینەکانی ١٥ ی تەموزیشت بۆ دەردەکەوێت!

” سەرچاوەی فەرمانە گرنگەکە ئاشکرا بوو”
ڕژێمی ئێردۆغان کاری ڕۆژنامەیی سەربەخۆی لە ناو تورکیادا تەواو کرد. ڕۆژنامە ئازاد و سەربەخۆکانی تورکیا، یان لە زیندانن یاخود لە تاراوگە. ئەوانەی لە تورکیاشدا ماونەتەوە، ئیدی بە هۆی ترسەوە بێت یاخود بە هۆی ئەوەی دڵیان خۆشە بەم حاڵەی ئێستا، هەست بە پێویستی سەیرکردنی وتەکانی ناو دادگا و بەرگریەکانی ناو دادگا ناکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە وتە و بەڵگەکانی هەریەک لە دۆسیەکانی بەردەم دادگای ١٧، ٢٣، ٢٥ سزا قورسەکانی ئەنقەرە کە هەتا ئێستا بەردەوامی هەیە، زۆر شت سەبارەت بەو ڕێگایەی دەمانگەیەنێت بە ١٥ ی تەموز، ڕوون دەکاتەوە.

لەو ٣ دادگایەی ئاماژەمان پێدا، دادوەر و داواکاریە گشتیەکانی دادگایی دەکرێن.
ئەو تۆمەتەی ڕووبەڕووی گومانلێکراوەکانی دۆسیەکە کراوەتەوە بریتیە لە ” ناویان لە لیستی ئەو داواکار و داواکاریە گشتیانەدا هاتووە کە شەوی کودەتاکە لەلایەن ئەنجومەنی ئاشتی لەناوخو(Yurtta Sulh konseyi) بۆ قۆناغی باری نائاسایی، دەستنیشان کراون”. واتە گەر کودەتاکە سەری بگرتایە، ئەم داواکار و دادوەرانە لە دادگای سەربازیدا دەست بەکار دەبوون. سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵ بەسەر کودەتاکەدا تێپەڕیوە، بەڵام هەتا ئێستا ئاشکرا نەبووە کەوا “ئەنجومەنی ئاشتی لەناوخۆ” لە کێ و کێ پێکهاتووە، کێ ئەم لیستی ناوی دادوەر و داواکارە گشتیانەی دیاریکردووە، ئاشکرا نەبووە؛ بەڵام ناوی دادوەر و داواکارە گشتیەکانی دیارە!
ماوەی ٣ ساڵە سەدان دادوەر و داواکاری گشتی بەم هۆیەوە لە زیندانن و دادگایی دەکرێن.

ئەم ناوە لە یاد مەکەن: دیرەکتیڤ – ب

لە تۆماری دادگاکاندا لیستی ناوی ئەو کەسانەی لە دادگای سەربازیدا دەست بەکار دەبن بە ناوی “دیرەکتیڤ –ب” ناو دەبرێت.
سەدان دادوەر تەنیا لەبەر ئەوەی ناویان لەم لیستەدا هاتووە، ماوەی ٣ ساڵە لە زیندانن.
لە چەند مانگی ڕابردوودا، ڕووداوێکی گرنگ لە دانیشتنی دۆسیەی دادگایی کردنی ئەم دادوەر و داواکارە گشتیانەدا ڕوویدا. یاخود ڕاستتر وەهایە بڵێین: لە نێوان سەدان ئەوراقی دۆسیەی دادگادا، ئەوە ئاشكرا بوو کە دۆسیەی “دیرەکتیڤ – ب” لەلایەن کێوە ئامادە کراوە!
بەڵێ بە هەڵە گوێتان لێنەبوو. لە دوای تێپەڕینی ٤ ساڵ بەسەر هەوڵی کودەتاکەدا، ئەوە ئاشکرا بوو کە دۆسیەی “دیرەکتیڤ- ب” لەلایەن کێوە ئامادە کراوە. بەڵام بۆ زانینی ئەم بابەتە، دەبێت لە نزیکەوە سەیری ئەوراقەکانی دادگا بکەینەوە.
وەک لە پێشەکی ئەم نوسینەشدا بە بیرم هێنانەوە، ٣ گروپی جیا لە دەستنیشانکردنی لیستی ئەو ناوانەی لە سوپا دوورخرانەوە، ڕۆڵیان گێڕا. سەرهەنگ مەهمەت یوزباشیئۆغلوش سەرۆکایەتی ستافەکەی ئیزمیری دەکرد.
ناوبراو لە وتەکەیدا لە بەردەم داواکاری گشتی دەڵیت” لە بابەتی چۆنیەتی داڕشتنی ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی دەستەی فەتۆ… کە لە دادگای سەربازیدا بوونیان هەیە و، سەبارەت بە ڕووداوە واقعیەکان، بەڵگەی بەرجەستە و زانیاریەکانی خۆمم گەیاند. ئەو کارەی ئێمە ئەنجاممان دابوو، پاش ئەوەی لە دوای کودەتاکە لەگەڵ تابلۆ و ناوە دیاریکراوەکاندا یەکیان گرتەوە و، بەم هۆیەوە متمانە و باوەڕی لەلای وەزارەتی بەرگری و سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆک وەزیران دروست کرد، منیش بە هەمان مەبەست بە چەند ئەرکێک ڕاسپێردرام”.
یوزباشیئۆغلو لە دوای ١٥ ی تەموز، پلەکەی بۆ داواکاری گشتی سوپاسالار بەرز کرایەوە. هەروەک لە نوسینی پێشووتریشدا ئاماژەمان پێدا، تانەر گیوچلوش وەک سەرۆکی کاروباری دادگایی وەزارەتی بەرگری دیاری کرا. هەروەها ئێرەن شەنی سەر ستافی ئیزمیر، بە هەمان شێوە لە سەرۆکایەتی کاروباری دادگای وەزارەتی داد دەست بەکار بوو.

“کۆمیسیۆنێکی زەبەلاحی پێکهاتوو لە دوو کەس”

مەهمەت یوزباشیئۆغلو لە ڕێکەوتی ٢ ی ئابی ٢٠١٦ وەک سکاڵاکار و، لە ٩ ی شوباتی ٢٠١٧ وەک شایەت لە بەردەم دادگا وتەی خۆی پێشکەش کرد.
یوزباشیئۆغلو لە هەمان کاتدا لە ڕێکەوتی ١٧ ی ئابی ٢٠١٦، ئەندامی ئەو لیژنەیەیە کە ١٨٤ دادوەر و داواکاری گشتی، بە بێ هیچ بەڵگەیەک و وەرگرتنی بەرگریەک لە دادوەرەکان، بڕیاری دوورخستنەوەیانی لە کارەکانیان دەرکرد.

لێرەدا سەیری ئەوە مەکەن ناوی لیژنەیان لێناوە. چونکە لیژنەکە لە دوای ١٥ ی تەموز بە فەرمانی سەرۆک کۆمار دروست کراوە و ئەندامەکانی لەلایەن وەزارەتی بەرگری تورکیاوە هەڵبژێردراوە. تەنیا دوو کەسیش لەم لیژنەیەدا دەست بەکاربوون، واتە لە لیژنەیەکی وەها گرنگدا تەنیا دوو ناویان بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان دیاری کردووە. ئەویش یەکێکیان مەحمەت یوزباشیئۆغلو، دووهەمیشیان تانەر گیوچلووە.
هەموو لایەکیش ناوی تانەر گیوچلوویان لە دۆسیەی دادگایی کردنی سیخوڕی سەربازی بیستووە. ئەم دوو ناوە چارەنوسی ١٨٤ دادوەریان دیاری کرد.
واتە بڕیاری دەرکردنی دادوەرە سەربازیەکان، لەلایەن خۆیانەوە بڕیاری لەسەر دراوە، لە هەمان دۆسیەدا خۆیان ڕۆڵی دادوەر، شایەت و سکاڵاکاریشیان بینیوە!
بیر لە کۆمەڵێک کەس بکەنەوە، ناوی ئەو کەسانەی کە دەبێت لە سوپا دەربکرێن، لەلایەن ئەوانەوە دیاری دەکرێت، هەروەها خۆیان بڕیاری دەرکردنیان دەردەکەن، پاشان لە دادگا وەک شایەت و سکاڵاکاریش گوێیان لێدەگیرێت، لە هەمان کاتدا بە هۆی ئەو پۆستەی هەیانە، خۆیان دادوەر و داواکاری گشتی دۆسیەکەش دیاری دەکەن!

چەوتی کارەکەشیان هەر بە هێندەوە نەوەستاوە، ئەو دادوەر و داواکارە گشتیانەی لەلایەن یوزباشیئۆغلو و تانەر گیوچلوەوە لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە و ئێستا وەک گومانلێکراو دادگایی دەکرێن، پێشتر خودی یوزباشیئۆغلو و گیچلویان لە دۆسیەی سیخوڕیکردنی سەربازیدا دادگایی کردووە. واتە بە شێوەیەکی زۆر ڕوون ئەوە ئاشکرایە کە ئەمە ئۆپەراسیۆنی تۆڵە سەندنەوەیە.
لە حاڵی ئاساییدا دادگاییەکی لەم شێوەیە هەرگیز ڕێگەی پێنادرێت، بەڵام ئەم شتە نائاساییانە، لە حاڵی حازری تورکیادادا وەک ڕۆتینیان لێهاتووە.

با بگەڕێینەوە سەر دادگایی کردنەکە…
دادگا لە ڕێکەوتی ٢٦ کانونی دووهەمی ٢٠١٨، سەبارەت بە گومانلێکراوەکان داوای زانیاری و بەڵگەی لە لیژنەی “داواکارە سەربازیەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری تورکیا” کرد.
یوزباشیئۆغولو لە دۆسیەی دادگاییکردنی دادوەرە سەربازیەکاندا وەک “شایەت” گوێیلێگیرا و وتی” سەبارەت بەم گومانلێکرانەوە ٦٠ دەستە بەڵگە و زانیاری هەیە. لەوە دەچێت ناوی هەندێک لەمانە لەناو دۆسیەکاندا بوونی نەبێت، گەر ئێوە داوامان لێبکەن، دەتوانین پێشکەشتان بکەین، زانیاری تەواو لەسەر گومانلێکراوەکان لە دۆسیەکەدا خراوەتە ڕوو”.
دادگاش داوای ئەو بەڵگانەی لێکرد. بەڵام ئەو ٦٠ دەستە بەڵگەیەی کە یوزباشیئۆغلو ئاماژەی پێدا، لە دوای ١٩ مانگ پێشکەشی دادگا کرا. لەوێشدا شۆکێکی گەورە ڕوویدا، ٦٠ دەستە بەڵگەکە کەمکرابوویەوە بۆ ٣ دەستە.

“ئەو بەڵگەیەی ١٥ ی تەموز ڕوون دەکاتەوە پەیدا بوو”
ئەو بەڵگانەی کۆمیسیۆنەکە پێشکەشیان بە دادگا کردووە، لە لیستێکی ٧ لاپەڕەیی ناوی دادوەرکان پێکهاتووە، کاتێک سەیری ناوەکان دەکەین، ئەوە بەدی دەکرێت کە لیستی ناوەکان لە پێش بڕیاری بەرزکردنەوەی پلە سەربازیەکان/ دامەزراندنەکانی ساڵی ٢٠١٥ دەست بە دیاری کردنی کراوە و، لە نێوان ڕێکەوتی ٢٦ ی ئایار- ٧ ی حوزەیرانی ٢٠١٦ دوا شێوازی خۆی وەرگرتووە.

لە ناو لیستەکەدا ناوی ٢٨٤ دادوەری سەربازی هەیە. هەروەها ناوی ٦٥ دادوەری تریش هەیە کە کاندیدن بۆ بوونە دادوەری سەربازی.

ئێستا ئەم ناوەش لە سووچێکدا بنوسن: لیستی ناوە فیش لێدراوەکان.
خۆ هێشتا ناوی “دیرەکتیڤ-ب”تان لەبیر ماوە؟

“دادگا چاوپۆشی لە بەڵگەکە دەکات”
موحەرەم کۆسە کە یەکێکە لە گومانلێکراوەکانی ناو دۆسیەکە، لەو دانیشتنی دادگاییکردنەی کە لە دادگای ٢٥ هەمینی سزا قورسەکانی ئەنقەرە بەڕێوە دەچێت، لە ڕێکەوتی ٢٢ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، داوای کرد مۆڵەتی قسە کردنی پێبدرێت. هۆکارەکەشی زۆر سەرنج ڕاکێش بوو. ناوبراو لە بەردەم دادگادا وتی” بەڵگەی ئەو تەڵەیەی بۆمان سازکراوە دۆزرایەوە، ئەمەش ڕێڕەوی دادگاییکردنەکە دەگۆڕێت”.

دادوەرێکیش قسەیەکی وەها گەورە ببیستێت، پێویستە ڕێگە بە بیستنی ئەو قسەیە بدات. بەڵام دەستەی دادگا پشتەسوور بوون لەسەر ئەوەی مۆڵەتی قسەکردن بە ناوبراو نەدەن.
ئەمجارەیان محمد ئاکچای پارێزەری ناوبراو مۆڵەتی قسەکردنی وەرگرت و وتی” ئەم پیاوانە بە سزای لە سێدارەدان دادگایی دەکرێن، گەر لە هۆڵی دادگاش قسە نەکەن، لە کوێ دەتوانن قسەکانیان بکەن، وازیان لێبهێنن با قسەکانیان بکەن”. کاردانەوە و تانەکانی ناو دادگا بەم شێوەیە هەتا کۆتایی دادگایی کردنەکە درێژەیان کێشا، ئیدی لە کۆتایدا محمد کۆسە بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، مۆڵەتی قسەکردنی پێدرا.

موحەرەم کۆسە، لە بەردەم دادگادا سەرنجی هەموو لایەکی بۆ ئەو “بەڵگانە” ڕاکێشا کە یوزباشیئۆغلو وەک لیستی ناوە فیش لێدراوەکان پێشکەشی کردووە.
بۆ نمونە لە لیستی ناوە فیش لێدراوەکاندا، ناوی موحەرەم کۆسە، لە ڕیزی یەکەمدا وەک “ڕاوێژکاری دادی سوپاسالار” ناوی هاتووە. ئەمە لە کاتێکدایە ناوبراو لە ڕێکەوتی ٣ ی ئازاری ٢٠١٦، لەلایەن خولیسی ئاکاری وەزیری بەرگری ئێستای تورکیاوە، وەک ڕاوێژکاری دادی سوپاسالار دامەزرێندراوە.

ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە فیش لێدان لە ناوەکان، بە شێوەیەکی نایاسایی لە پێش ڕێکەوتی ١٤ ی نیسانی ٢٠١٦ دەستی پێکردووە. واتە لیستی ئەو ناوانەی پێشکەش بە دادگا کراوە، بە شێوەیەکی نایاسایی لە پێش هەوڵی کودەتاکەی ١٥ ی تەموز ئامادە کراوە.

مەڵێن ئینجا چی ڕوویداوە.
شەیتان لە وردەکاریەکاندا خۆی مەڵاس داوە!

وردەکاریەکانی ناو لیستەکە، ناوەندی ئەو هێزەی پیلانی کودەتای ١٥ ی تەموزی داڕشتووە، بە هەمان شێوە ئاشكرا دەکات.
پێش هەموو شتێک ناوی هەندێک کەس کە لەو لیستەدا هاتوون سڕدراوەتەوە. ناوی ٥ کەس لەو لیستە ٧ لاپەڕەییەدا نەماوە. واتە بە شێوەیەکی کەیفی دەستکاری ناوی کەسەکانی ناو لیستەکە کراوە.
ئەو نوسراوانەی لە سەرۆکایەتی سوپاوە دەردەکرێن، لە جیاتی وشەی سەرۆکایەتی(KOMUTANLIĞI) کورتکراوەی “K.LIĞI” بەکاردەهێنن، واتە ئەمە شێوازێکی پەیڕەوی لێکراوە نوسراوە سەربازیەکانە. بەڵام ئەم شێوازە لە نوسراوەکانی بەردەم دادگا پەیڕەوی لێنەکراوە و لەسەر شێوازی “KOM.LIĞI” نوسراوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە کەسانی دەرەوەی سوپا دەستکاری نوسراوەکەیان کردووە. هەروەها لە نوسینی پێگە و پلە و ئەرکە سەربازیەکانیشدا هەڵەی بەرچاو کراوە.

بەڵام بۆمبی ڕاستەقینە لە دوای ئەمەوە دێت:
ئێستا با بێینە سەر ئەو وردەکاریەی هەموو لایەک شۆک دەکات.

ئەو لیستەیەی کەوا لەلایەن یوزباشیئۆغلو ئامادە کراوە، هەمان لیستی ئەو ناوانەیە کە گوایە لەلایەن کودەتاچیەکانەوە ئامادە کراوە و پێشتر بە “دێرەکتیڤ- ب” ناومان برد. بە شێوەیەکی زۆر ئاشکرا کە مشتومڕ هەڵنەگرێت، ئەوە بەدی دەکرێت کە هەردوو لیستە جیاوازەکە، لەلایەن هەمان دەستە و گروپەوە دیاری کراوە.
چۆنی؟

١٩٥ کەس لەو دادوەرە سەربازیانەی لە لیستی ناوە فیشلێدراوەکاندا هاتووە، بە هەمان شێوە لە لیستی “دیرەکتیڤ- ب” ئەرکیان پێ سپێردراوە. تەنیا لە یەک دادوەری دادگای باڵادا جیاوازی بەدی دەکرێت. جگە لەمە تەواوی ناوەکان و ئەرکەکانیان، کتومت وەک یەکن.

سەرنج لە یەک شت بدەن، یەکێک لەم دۆسیانە لە ساڵی ٢٠١٥ ئامادە کراوە، ئەوەی تریشیان گوایە لەلایەن ئەو کەسانەوە بڵاوکراوەتەوە کە شەوی کودەتا بەیاننامەیان خوێندۆتەوە.

با بەردەوام بین…
شەوی ١٥ ی تەموز، لە فەرماندەیی سوپاسالار ٦٦ کەسی کاندید بۆ دادوەری سەربازی بوونیان هەبوو. لە لیستی ناوە فیشلێدراوەکانیشدا تێبینیەک نوسراوە کە دەڵێت” تەواوی ئەم ٦٥ دادوەرە سەر بە ڕێکخراوی دەوڵەتی هاوتەریبن”. پاش کەمێکی تر ئەمە ڕوون دەکەمەوە، کە ئەم قسەیە لەلایەن کێوە، لەبەرچی نوسراوە.
ئەگەرچی لە لیستی ناوە فیش لێدراوەکاندا ٦٦ کەس ناویان هەیە، بەڵام لە کاتی نوسینی تێبینیەکاندا نوسیویانە “تەواوی ئەم ٦٥ دادوەرە سەر بە پێکهاتەی دەوڵەتی هاوتەریبن”. بە هەمان شێوە لەو لیستەی کە گوایە لەلایەن کودەتاچیەکانەوە ئامادە کراوە، ٦٥ کەس بوونیان هەیە.
توبا ئۆزکان جێداری یەکەم کەوا سەر بە هێزە ئاسمانیەکانە و لە لیستەکەی یوزباشیئۆغلو بە هەڵە بە جێداری یەکەمی هێزە وشکانیەکان ناوی براوە. دەشێت بڵێن ئەمە هەڵەیەکی سادەیە.
بەڵام ئایا جێگای سەرنج نیە کە هەمان هەڵە لەو لیستەشدا(دیرەکتیڤ- ب) دووبارەبۆتەوە کە گوایە لەلایەن کودەتاچیەکانی ١٥ ی تەموزەوە دیاری کراوە؟!

واتە ئەو کەسانەی لەناو سوپادا لیستی دادوەرانی سەر بە کودەتاچیەکانیان ئامادە کردووە، کەوتونەتە هەمان هەڵەوە کە لەلایەن خودی کودەتاچیەکانەوە نوسراوە؟!
هەر بە هێندەش کۆتایی نەهاتووە.
لە نێوان لیستی “فیش لێدراوەکان” و لیستی ناوبراوی بە “دیرەکتیڤ – ب” شتی هاوشێوەی تر بوونیان هەیە.
هەریەک لە ئێرهان ئاڵپ و موستەفا کەیائاڵپ کە پلەی سەربازییان پێشەنگە، لە هەردوو لیستەکەدا بە هەڵە پلە سەربازیەکانیان نوسراوە و وەک جێداری یەکەم ناویان هێنراوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لەو کاتەی لیستەکانیان ئامادە کردووە، هێشتا بۆ پلەی پێشەنگ بەرز نەکراونەتەوە.
بەڵام سەرەڕای ئەوەی لە پلەی جێداری یەکەمەوە بۆ پێشەنگ بەرز دەکرێنەوە، بەڵام لە لیستەکاندا بەو شێوەیە ناویان ماوەتەوە.
واتە ئەگەر ناوەکان لە بەروارێکی نزیک لە کودەتاکە، لەلایەن چەند کەسێکی ناو سوپاوە ئامادە بکرایە، ئەوا بەو شێوەیە لە پلە سەربازیەکاندا نەدەکەوتنە هەڵەوە.

واتە ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنجە ئەوەیە، هەمان هەڵە لە لیستی ئامادەکاری ناوەی کودەتاچیەکان و خودی “کودەچیەکان”یشدا دووبارە بۆتەوە.
ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەردوو لیستەکە لەلایەن هەمان دەستەوە ئامادە کراوە.

با بەردەوام بین:
لە ڕێکاری شێوە نوسینی نوسراوە سەربازیەکاندا، تۆماری سەربازی دادوەرەکان دەنوسرێت، بەڵام لە لیستی ناوەکانی “دیرەکتیڤ – ب” ئەم تۆمارە بوونی نیە.

ئێستا ئێوە بڵێن هەمان هەڵە لە کوێی تریش ئەنجامدراوە؟

بێگومان لە لیستی ناوە فیشلێدراوەکانیش کە لەلایەن مەهمەت یوزباشیئۆغلو ئامادە کراوە.
هەروەها لە ڕێکارەکانی نوسراوە سەربازیەکان، سەبارەت بە دادوەری ناو هێزەکانی دەریا دەنوسن ‘As.Hak’، بەڵام لە لیستی ناوە فیشلێدراوەکاندا هەڵەیان کردووە و بە ‘Dz Hak’ ناوی هێنراوە.

هەروەها هەمان هەڵە لە لیستی “کودەتاچیەکان”یشدا دووبارە بۆتەوە!

هەروەها سەرهەنگ محمد کۆسە کە یەکەم ناوی لیستی ناوە فیشلێدراوەکانە، لەسەرو ئەمیشەوە سەربازی پڵە باڵاتر بوونیان هەیە و دەبوو لە پێشتردا ئەوان بنوسرێن، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر سەیر لە یەکەم ناودا نوسیویانە.
ئەم ڕێکارە سەرنج ڕاکێشە بە هەمان شێوە لە لیستی “کودەتاچیەکان”یشدا دووبارە بۆتەوە.

واتە “کودەتاچیەکان”یش چەشنی ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی فەرمی ناوی کودەتاچیەکانیان دیاری کردووە، لە پلە سەربازیەکان و ڕێکارە سەربازیەکاندا، هەمان هەڵەیان دووبارە کردۆتەوە!

ئێستا با بێینە سەر ئەگەرەکان:
ئێستا دەشێت بپرسین چۆن دەبێت لیستی ئەو ناوانەی کە زەکی ئۆچوکلەر و مەتین یوزباشیئۆغلو هەمیشە بە شانازیەوە باسی دەکەن، هەمان هەڵە ئەنجام دەدەن کەوا سەربازە “کودەتاچیەکان” ئەنجامیان داوە.

ئێستا با بێینە سەر یەکە بە یەکەی ئەگەرەکان:

ئەگەری یەکەم: ئەگەر تەواوی ئەو کەسانەی لە لیستەکەدا ناویان هاتووە، سەر بە جەماعەت بن، ئەوا دەبوو هەموویان لە کارەکانیان دوور بخرێنەوە و بە تۆمەتی ئەنجامدانی کودەتا داوای سزای هەتا هەتاییان بۆ بکرایە. بەڵام ٢٦ دادوەری سەربازی کە لە لیستەکاندا ناویان هاتووە، هەتا ئێستا لە کارەکانیان بەردەوامن و کەسیش بە تۆمەتی جەماعەت بوون، تۆمەتباری نەکردوون.

ئەگەری دووهەم ئەوەیە دوو لیستە جیاوازەکە لەلایەن کەسانی جیاوازەوە دیاری کرابێتن. بەڵام کاتێک دەبینین هەر شەوی ١٥ ی تەموز، لە تەواوی دادگاکاندا لیستی “ناوە فیش لێدراوەکان” جێگەی لیستی “دیرەکتیڤ –ب” دەگرێتەوە، ئەم ئەگەرەش کەوا لەلایەن کەسانی جیاوازەوە ئامادە کرابێتن، بوونی نامێنێت.
چونکە ئەو کەسانەی شەوی کودەتاکە دەستگیرکران، بە گوێرەی لیستی “دیرەکتیڤ – ب” ئەنجام نەدرا، بەڵکو بە گوێرەی لیستەکەی مەهمەت یوزباشیئۆغلو(ناوە فیش لێدراوەکان) ئەنجامدرا.

ئەگەری سێهەم: ئەم ناوانە لەلایەن ئەو کەسانەوە ئامادە کراوە کە دژایەتی جەماعەت دەکەن، ئەوانیش بریتین لە گومانلێکراوەکانی دۆسیەی ئەرگەنەکۆن و باڵیۆز، چونکە هەر خودی خۆیان لە بەردەم دادگادا دانیان بەوەدا ناوە، کە هەرکەسێکیان وەک نزیکی جەماعەت بینیبێت، لە لیستەکاندا ناویان نوسیوە. ئەمەش نزیکترین ئەگەرە لە ئەقڵەوە، چونکە خودی گومانلێکراوانی باڵیۆز و ئەرگەنەکۆن ئەمەیان لە بەردەم دادگاکانی ١٧، ٢٣، ٢٥ سزا قورسەکانی ئەنقەرە وتووە.
ئەگەری چوارەم: بریتیە لەوەی لیستی ناوەکان لەلایەن میت و هێزە ئەمنیەکانەوە هاتبێت. بەڵام کاتێک سەیری ئەو زانیاریانە دەکەین کەوا لەلایەن وەزارەتی بەرگری تورکیاوە ڕەوانەی دادگا کراوە، لیستی ناوە دیاریکراوەکانی میت و هێزە ئەمنیەکان بوونیان هەیە، بەڵام دەستگیرکردن و زیندانی کردنی سەربازەکان، بە گوێرەی لیستی گوانلێکراوانی پێشووی دۆسیەی ئەرگەنەکۆن و باڵیۆز ئەنجامدراوە.

خۆشم ئەوە دەزانم کە نوسینێکی درێژە.
بەڵام ڕووداوێکی جددی وەک ١٥ ی تەموز بوونی هەیە. سەدان هەزار هاوڵاتی مەغدوری ئەم ڕووداوەیە. دەیان هەزار هاوڵاتی بە بێ هیچ گوناحێک لە زیندانەکانی تورکیادا ڕزان.
لە کاتێکدا کەسانێکی وەک خولیسی ئاکار، هاکان فیدان، عابیدین ئوناڵ ئامادە ئەوە نەبوون بچنە بەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کودەتاکە، بەڵام خوێندکاری زانکۆ سەربازیەکان بە سزای هەتا هەتایی حوکم دراون.
هەربۆیە گەڕان بە دوای ڕاستیەکەدا و وردبوونەوە لە وردەکاریەکان، ڕۆڵێکی شادەمارییان هەیە.
لەم نوسینەدا بە درێژی باسی ئەوەم کرد، کە ئەو کەسانەی لیستی ناوەکانیان دیاری کردووە، هەر خۆیشیان ڕێکخەری کودەتاکە بوون. لێکچوونی ناوی هەردوو لیستەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە هەردوو لیستەکە لە یەک ناونیشانەوە دەرچووە!

31 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە