هەواڵ

پۆلیسەکانی شاری ئافیۆن لەگەڵ وتنەوەی سرودی ئاینیی ئەشکەنجەی هاوسۆزانی خزمەت دەدەن

هۆبەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە شاری ئافیۆن، لەگەڵ وتنەوەی سرودی ئاینیی “بولبولی وەختی سەحەر، چەند بە جوانی دەخوێنن”، ئەشکەنجەی هاسۆزانی خزمەت دەدەن.
هاوڵاتیەک بە ناوی “ا.ک.” کە لە مانگی نیسانی ٢٠١٧ لە شاری ئافیۆنکەراهیسار بۆ ماوەی ١٣ ڕۆژ دەستگیر کراوە، باسی لەو ئەشکەنجانە کرد کە بە چاوی خۆی بینیوێتی.

ناوبراو کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی گومرگە و بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوور خراوەتەوە، سەبارەت بەو ئەشکەنجانەی لەلایەن پۆلیسی شارەکەیەوە بینیوێتی دەڵێت” منیان بردە ژوورێکەوە و لە ڕێگەی کێشانی سەرم بە دیواردا ئەشکەنجەیان دەدام. بەڵام کەسێک بە ناوی کەمال، لە ڕیگەی لێدانی کارەباوە ئەشکەنجەی دەدرا. کارەبایان لەسەر سنگی و ناوکی بەستبوو. خۆشم دواتر لەکەکانیم بینی کە بە هۆی کارەبا لێدانەوە دروست بوو بوو. هەم کارەبات لێدەدەن، هەم سرودی ” بولبولی وەختی سەحەر، چەند بە جوانی دەخوێنن” دەڵێنەوە. تورەکەیەکیان کردبوو بەسەری کەمالدا، لەلایەکەوە هەناسەی لێبڕابوو، لەلایەکی ترەوە کارەبایان لێدەدا”.
هاوڵاتیەکە باس لەوە دەکات کە سەرۆکی ئەو هۆبەیەی خۆی لێ دەستگیرکراوە، پاش ماوەیەک هەواڵی خۆ کوشتنیان بیستووە. ناوبراو ناوی ئەو کەسەش دەزانێت ئەشکەنجەی داوە و دەڵێت ناوی مەهمەت بووە، هەروەها پۆلیسێکی تری ئەشکەنجەچ لێبووە، ناوی تەلعەت بووە.

جێگەی ئاماژە پێدانە عارف ئاڵپاسلان کە بەڕێوەبەری ناوەندی ئەشکەنجەدانە لە هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئافیۆن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ئۆتۆمبیلی خۆیدا بە مردووی دۆزرایەوە. ئاماژەکان بەو لایەدا دەچن کە خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابێت.
“ا.ک” کە پێش ماوەیەک لە زیندان ئازاد کراوە، دەڵێت ” ئەو ئازارانەی چەشتوومانە پێناسەی نیە” و بەم شێوەیە باسی بەسەرهاتی خۆی دەکات:
لە بەشی کارگێڕی زانکۆی دۆلومپناری کوتاهیا خوێندنم تەواو کردووە. لە کانونی دووهەمی ٢٠١٧ بە فەرمانی ٦٧٩ ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەم دوور خرامەوە. لە شارێکدا وەک کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی باج و دەرامەت کارم دەکرد. لە مانگی نیسانی ٢٠١٧ دەستگیر کرام و، لە ٨ ی ئایاری ٢٠١٧ دەستبەسەر کرام. لەبەر ئەوەی لە وتەی یەکێک لە دەستگیرکراوەکاندا ناوم هاتبوو، بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی تیرۆرستی تۆمەتبار کرابووم. واتە کەسێک ناوی ئێمەی بە پۆلیسەکان دابوو.
لە ڕێکەوتی ٢٦ ی نیسانی ٢٠١٧ دەستگیرکراین. ئێمەیان بردە هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئافیۆن. شوێنی دەستگیرکردنەکەمان تاریک و پیس بوو. شوێنێکی گەورەیە و هەموو کەسێک لەوێ یەکتری دەناسێت. هەموومان چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد کە وتەمان لێ وەربگیرێت، کەسمان چاوەڕێی ئەوەمان نەدەکرد ئەشکەنجەمان بدەن…
سەرەتا کوڕێکیان بە ناوی باریشەوە برد. ناویان بەسەرە دەخوێندینەوە و دەیانبردین بۆ قاتی سەرەوە. کاتێک باریشیان هێنایەوە حاڵی زۆر پەرێشان بوو. لە لاشەیدا هیچ شتێکمان بەدی نەدەکرد، بەڵام حاڵی پەرێشانی بەسەر ڕوخسار و قسەکانیەوە دیار بوو. وتمان خێر چی بووە بۆ وەها پەشۆکاویت؟ بەڵام ئەو نەیدەویست وەڵاممان بداتەوە، پاشان وتی برایان هەرگیز کەستان ئەوەم لێ مەپرسن کە چی ڕوویداوە… ئیدی هەموومان بێدەنگ بووین.
کاتێک دەتبەنە هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ڕووت لە دیوارەکە دەکەن و، یەکسەر لەو کاتەدا دەست دەکەن بەوەی سوکایەتیت پێبکەن.
لەبەر خۆیانەوە دەڵێن ” ئەوە ئیمامەکان هاتن” و بەم شێوەیە گاڵتەت پێدەکەن. دەستمان لە ناو کەلەپچەدایە و ناتوانین سەیری چواردەورمان بکەین. خۆ گەر سەیرێکی چواردەوری خۆت بکەیت، ئەوا سەرت دەکێشن بە دیوارەکەدا یاخود هەندێک قسەی ناشرینی دڵشکێنت پێدەڵێن.

“ژنێکی پۆلیسی قژ زەرد هەبوو، هەرگیز قسەکانی لەبیر ناکەم”
پۆلیسێکی ژنی قژ زەردیان تێدا بوو. ورگن و قەڵەو بوو. بە شێوەیەکی بەردەوام جوێنی بە هاوسەر و خێزان و منداڵەکانم دەدا. بەردەوام دەیوت دایکتان وەها و ژنتان وەها و ئەم جۆرە جوێنانە کە زۆر نەبیستراون. هەرگیز ئەو ژنە لەیاد ناکەم، کاتێک ئەو هەموو سوکایەتیە دەبیستیت، لە ڕووی دەرونیەوە توشی داڕوخان دەبیت.
لە دوای باریش، پاش ٨ -٩ کاتژمێر ئێمەشیان بردە سەرەوە. ماوەی یەک کاتژمێر ڕووم لە دیوارێک کرابوو، سەریشیان پێ دانەواندبووم. منیش وتم دەتوانم دابنیشم؟ لە وەڵامدا وتیان” هەتیو بۆ تۆ کێیت هەتا بتوانیت دابنیشیت. سەیری ئەم بێ تەربیەتە ناکەیت، دەیەوێت داشبنیشێت. خۆم لە شوێنێک داتدەنیشێنم”. بەم شێوە ناشرینە وەڵامی دامەوە.

“یەخەیان گرتم و بە دیوارەکەیاندا دەکێشام”
منیان بردە ژوورێکەوە، ڕووی کامێراکەیان لە سەرەوە کرد، نازانم چۆنی باسی بکەم، ئێستا وەهام لێدێت وەک ئەوەی هەمان شتم بەسەر بێتەوە. یەخەیان گرتم و منیان دەکێشا بە دیوارەکەدا، پاشان قژیان گرتم، لە ژوورەکەدا وێنەی کەسێکیان هەڵواسیبوو کە شەوی ١٥ ی تەموز شەهید بوو بوو، کەسێک بوو لە نێو خوێنی خۆیدا نقوم بوو بوو. یەکێک لە پۆلیسەکان قژی گرتم و دەموچاومی لە وێنەکەی نزیک کردمەوە. ئینجا وتی ئەمە ئێوە کوشتووتانە، پاشان بە بۆکس و شەق تێم بەر بوو. پاشان لەسەر کورسیەک دایانیشاندم و پرسیاری ئەم و ئەویان لێدەکردم کە ئایا دەیناسم یاخود نا. تەنانەت ژمارەی سەر تابلۆی ئۆتۆمبیلەکەی منیشیان دەزانی. واتە منیش یەکێک بووم لەو کەسانەی ناوەکەی فیشلێدراو بوو لەلای ئەوان. پێش ئەوەی وەک کارمەندی باج و دەرامەت کار بکەم، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧- ٢٠١٢ وەک پۆلیس کارم دەکرد. پێم وتن ئەم کارەی ئێوە دەیکەن ئەشکەنجەیە، ئەشكەنجەش تاوانێکە کاتی بەسەردا تێناپەڕێت، هێندەتان لە من داوە منتان کوشت. ئەوانیش لە وەڵامدا وتیان کەوا هێشتا هیچیان لە من نەکردووە و پێویستە سەیری حاڵی هاوڕێکانم بکەم.

“پارێزەری سەندیکا وتی کەوا هیچی لە دەست نایەت”

خۆیان پارێزەرێکیان لە سەندیکای پارێزەرانەوە بۆ هێنام، منیش باسی ئەوەم کرد کەوا لێیان داوم. وتی ئەو هیچ شتێکی لە دەست نایەت. وتم چۆن هیچت لە دەست نایەت، سەیرێکی دەموچاوم بکە. لە وەڵامدا وتی لە حاڵی ئێستادا هیچم لە دەست نایەت، ئەمە حاڵی ئێوەیە. پاشان منیان بردە خوارەوە و کەسێکیان بە ناوی کەمال هێنایە سەرەوە. ئەویان بردە ژوورێکی ترەوە، پێم وایە ئەو ژوورە تایبەت بە ئەشکەنجەدان بوو. چونکە دەنگی لێوە نەدەهاتە دەرەوە. هەرچیەک بێت هەموومان دڵنیا بووین ئەو شوێنە تایبەت بە ئەشکەنجەدان.

“هەر دەچێتە ژوورەوە…”
کاتێک کەمال دەچێتە ژوورەوە، یەکسەر تورەکەیەکی بەسەردا دەکەن، لەسەر زەویەکە پاڵی دەخەن، ئەویش ناتوانیت هەناسە بدات، شەقی تێهەڵدەدەن و بە پیسی لێیدەدەن. پاشان لەسەر کورسیەک دایدەنیشێنن و دەڵێن دەی کەمال بۆمان باس بکە. ئەویش دەڵێت چیتان بۆ باس بکەم. لە وەڵامدا دەڵێن: ئێمە هەموو شتێکی تۆ دەزانین، پێویستە خۆت بۆمان باس بکەیت…
پاشان دەست دەکەن بەوەی کارەبای لێبدەن. من بە چاوی خۆم بینیم لە شوێنی گۆی سەر مەمکی و ناوکیەوە شوێنی لێدانی کارەبا هەبوو. چەشنی ئەوەی لە نەخۆشخانەکان شتێک دەبەستن بە سنگتەوە، ئەوانیش شتێکی هاوشێوە لە سنگت دەبەستن و بەو شێوەیە کارەباکەت لێدەدەن. هەم کارەبات لێدەدەن، هەم لەلایەکی ترەوە سرودی دینی ” بولبولی وەختی سەحەر، چەند بە جوانی دەخوێنن” لێدەدەن. کەمال لەو کاتەدا تورەکەیەکی بەسەرەوە دەبێت. هەم هەناسەی بۆ نەدراوە، هەم لەولاوە بە لێدانی کارەبا شۆکیان کردووە.
کەمال لەو کاتەدا وایزانیوە دەمرێت. پاشان کونێکیان لە تورەکەکەدا دروست کردووە. واتە خۆیان دەزانن چی کاتێک پێویستە کونەکە بکرێتەوە. هەریەک لە کەمال و بارش ماوەی ١٣ ڕۆژ بە شێوەیەکی بەردەوام ئەشکەنجە دراون.
کەمال کەسێکی شارەزای دین بوو.
٣ تا ٤ کەسی تریشی لێبوو کە بە شێوەیەکی زۆر سەخت ئەشکەنجەیان دابوون. ئەشکەنجەکەی ئێمە تەنیا لێدان بوو. هیچ کام لەم هاوڕێیانەیان نەبرد بۆ نەخۆشخانە. پاشان لە زیندان چاوم بە کەمال کەوتەوە. خۆی ئەم شتانەی بۆ گێڕامەوە. پاشان کەمالیان برد بۆ شوێنێکی تر، بەو شێوەیە پەیوەندی نێوانمان پچڕا…

53 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە