گۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

عاشقی ڕاستگۆ: مامۆستا هەمیشە بە هیوا و عەزمەوە ژیا بەشی ٣٢


ئەو شتەی لە هۆنراوەی ” ٧ گەنجی عاشق بە سوڵتان مەهلیکە” ئاماژەی پێکراوە، چیرۆکی نەوەکانی ئێمەیە کە لە سەردەمی ئینزیباتەوە، لە بەهاکانی خۆی دابڕاوە.
لەم ڕوانگەیەشەوە کۆمەڵگای تورکی لە ڕووی بەها مەعنەویەکانەوە هەتا بڵێیت هەژار و، پێکهاتەیەکی فیکری خامی هەبوو. هەروەها لە ڕوانگەی ڕۆشنبیر و سەرکردەکانیشەوە هەتا بڵێیت بێ خاوەن بوو، بە شێوەیەک کەوا جێگەی بەزەیی بوو. ئەم حاڵەتەش کۆمەڵگای بەرەو بێ هیوایی و سەرکەشی پاڵ پێوە دەنا.

 

“گۆڤاری سزنتی و فۆتۆگرافی ئەو منداڵەی دەگری” ساڵی ١٩٧٩

لە ساڵانی ١٩٧٠، لە سەر ئاستی زانکۆکان و قۆناغەکانی دواناوەندی و تەنانەت ناوەندیش، کێشمەکێشی سیاسی هەموو لایەکی گرتبوویەوە.
گەنجان لە ڕێگەی هزری داروینیزم، مارکسیزم و پۆزڤیزتیزمەوە مێشک و دەماغیان تا دوا ڕادە ژەهراوی کرابوو. کۆمەڵێک مرۆڤیش کەوا لە ژێر سایەی “وەقفی مامۆستایانی تورکیا” کۆ بوو بوونەوە، گرفتاری هەمان دەرد بوون.
مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەنیش ئەوەی دووپات دەکردەوە، کە پێویست بەوە دەکات هەرچی زووترە هەنگاو هەڵبگرن. سەرەتا بوڵتەنێک بە ناوی “زهور” بڵاوکرایەوە، بەڵام تەنیا ٥ ژمارەی لێ دەرچوو. چونکە کاریگەریەکی ئەوتۆی دروست نەدەکرد. مامۆستا خوازیاری ئەوە بوو گۆڤارێکی چەشنی ئەوەی کەمال ئورال لە ساڵی ١٩٦٠ لە ژێر ناوی “شولە” بڵاوی دەکردەوە و، بە پەیامەکانی ئوستاد بەدیعوزەمان دەڕازێنرایەوە، بڵاو بکاتەوە. مامۆستا خۆی یەکێک بوو لەوانەی زۆر کەیفی بە خوێندنەوەی ئەو گۆڤارە دەهات.
سەرئەنجام هەریەک لە مامۆستا، عەبدوڵڵا ئایماز، شەرافەدین کۆجەمان، دکتۆر قودرەت ئوناڵ و مەهمەت ئەتەڵای، بە ڕۆحێکی ئەمەتۆرانەوە ملی ڕێگەیان گرت.
لە ماوەیەکی کەمدا ناوەڕۆکی گۆڤارەکە دیاری کرا:
سەروتار، وتاری زانستی کە وردەکاریەکانی ژیانی دەخستە ڕوو، پاشان کۆمەڵە وتەیەکی جوان کە دواتر لە ژێر ناوی ” پێوانە و ڕووناکیەکانی ڕێگا” وەک کتێب لە چاپدرا، کۆمەڵێک وەڵامی زانستی بۆ ئاسودەکردنی ڕۆحی مرۆڤەکان،بەرامبەر ئەو پرسیارانەی لەلایەن لایەنگرانی پۆزڤیزتیزمەوە دەهێنرایە ئاراوە.

ناوێکی خاکی و دوور لە هەموو بانگەشەیەکیان بۆ گۆڤارەکە دانا، ئەویش بریتی بوو لە سزنتی(چۆڕاوگە). یەکەم ژمارەی گۆڤارەکە لە مانگی شوباتی ١٩٧٩ بڵاو کرایەوە و مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن سەروتاری دەنوسی. پاشان هەندێک لە وتارەکانی ناوەڕاستی گۆڤارەکەشی دەنوسی.
لە گۆڤارەکەدا هەمیشە ئەوە دووپات دەکرایەوە کە زانست و بەها دینیەکان لە دژی یەکتر نین و، بەڵکو بە پێچەوانەوە تەواوکەری یەکترن و، ئامانجیان ئەوەیە نەوەکانی داهاتوو لە هەردوو بوارەکە بەهرەمەند ببن. ناوی گۆڤارەکەش واتایەکی تایبەتی هەبوو. وشەی سزنتی لە وشەی “رشحه” وە هاتووە. واتە گۆڤارەکە چەشنی چۆڕاوگەیەک بوو کە لە زەریای پشاندەری ڕاستیەکانی بوونی خوداوە، سەرچاوەی گرتووە. بە دەربڕینێکی تر، گەر ئیسلام خۆرێک بێت، ئەم گۆڤارە یەکێک بوو لەو تیشکانەی کە ئاماژەیان بە خۆرەکە دەکرد. واتە سزنتی تەنیا ڕۆڵی دەرخەرێکی دەبینی، بوونی خودی خۆی جێگەی باس نەبوو.
وەک چۆن دڵۆپەکانی سەر ئاو تیشکی خۆر دەدەنەوە، کاتێک خۆر نەما ئەو تیشکدانەوەی ئەوانیش بوونی نامێنێت، واتای سزنتیش هەر بەو جۆرە بوو.
ئەو کارەی دەبوو گۆڤارەکە ئەنجامی بدات، بریتی بوو لەوەی بەها دینیەکان بە پاڵپشتی داتا زانستیەکان بخاتە ڕوو.
بەم شێوەیە ئەم گۆڤارە، لە بەرامبەر ئەو نکوڵیکردنەی لەلایەن هەندێک ڕەوتی زانستی و فەلسەفی ئەنجام دەدرا، دەبوویە سیمبولی ئیمان و مەعنەویەت، ڕاستی بوونی خودای بە مرۆڤەکان دەگەیاند و خودای لەلا خۆشەویست دەکردن.
مامۆستا هەمیشە دەیوت” ڕۆژێک دێت کتێبخانەکانتان بە ئەنسکلۆپیدیاکانی سزنتی پڕ دەکرێنەوە”.

ساڵانی دواتر، مامۆستا سەروتارەکانی خۆی لەو گۆڤارە کردە کتێب و، لە ژێر ناوی” سەردەم و نەوە” بڵاوی کردەوە.
لە بەرگی یەکەم ژمارەی گۆڤارەکەدا وێنەی منداڵێک هەبوو کە دەگریا، مامۆستا لە ژێر وێنەی ئەو منداڵەدا، یەکێک لە شیعرەکانی مەهمەت عاکیفی نوسی کە دەڵێت:
وا وتمان ڕەحمێک بە نەفسی خۆت ناکەیت
ئەی ڕەحمێک بە ڕۆڵەکانی خۆشت ناکەیت؟

یەکەم وتار لەبەر گرنگیدانی بە مرۆڤ و نەوەی نوێ لە ژێر ناوی ” بۆ ڕەواندنەوەی گریانی ئەم ڕۆڵەیە”، بڵاو کرایەوە.
یەکەم ژمارەی بە تیراژی ٦ هەزار دانە بڵاوکرایەوە و پاشان ساڵانی دواتر گەشتە یەک ملیۆن تیراژ. مامۆستا وێنەی گریانی ئەو منداڵەی کردە سیمبولی ئەو سەرلێشێواویەی گەنجانی ئەو سەردەمەی پێدا تێدەپەڕین و لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەیوت:

ئێمە لەبەر تۆ ملی ڕێگەمان گرتووە. بۆ ئەوەی هاوبەشی ئازارەکانت ببین و ناسۆریەکانت بڕەوێنینەوە و دڵت ئاوەدان بکەینەوە. دڵت لێمان نەڕەنجێ، ئێمە لە کاتی خۆیدا نەمانتوانی فریات بکەوین(…) لە بەرامبەر سەری نەویت و نیگا خەمگینەکانت چەندین جار پشتم چەمایەوە و چاوەکانم پڕ بوون. ئەگەرچی ئاوازەکانی تۆم تێکەڵی هەریەک لە هاوارەکانم کرد و دەمویست داستانی تۆ بهێنمە سەر زارم؛ بەڵام ناڵەی تۆ ناخی سوتاندم و، دەردی تۆ لەبەر چاومدا بە شێوەیەک گەورە بوو کە کسپەی لەناخم هەستاند. شەرمیشم دەکرد لەوەی دەستەکانم بۆ تۆ درێژ بکەم… چونکە لەبەرچاوی خۆمدا دەستیان چووە تۆ… ئەو کاتەی مێشکیان خامۆش کردی و دڵیان دەرخواردی قوڕگت دا، هەموو شتێک هەر لەبەرچاوی خۆمدا بوو، کەچی نەمتوانی دەستی گوناحکارم بۆ دەستەکانی تۆ درێژ بکەم. سەرەڕای کڕوزانەوەکانت نەمتوانی دەستم درێژ بکەم. چارەنوسی تۆ چارەنوسی فاوستە، ئەی مەفیستۆ کێیە؟ کێ ئەم شتانەی بە تۆ ڕەوا بینی؟ تۆ لە لێواری دوو ڕێگادایت ڕۆڵەکەم… ئێستا مۆڵەتم بدە لەم هەنگامەدا ببمە بەهادری تۆ. تەلی ئاوازم بۆ تۆ بژەنم و هاواری خۆم بگەیەنم بە ڕۆحت. لەبەر ئەوەی لەم ئاگر و تۆفانەدا نەمتوانی بە هانای تۆوە ڕابکەم، با ئەم سەرە (موجریم) گوناحکارەی خۆم چەشنی پلیکانەیەک لە ژێر قاچەکانتدا دابنێم. پاشان بە ناوی تەواوی موجریمەکانەوە داوای لێبوردن لە تۆ بکەم. ئەوانەی لە پێناو کەیفێک دەستیان چووە بوونی تۆ، خۆیان بە گۆشت و ئێسقانتەوە خەریک کرد و دڵیان فەرامۆش کردیت، ئەوانەی بۆ ژیانێکی کاتی دەستیان نایە ژیانی ئەبەدی تۆ، ئەوانەی شرینقەی سەرگەردانیان لە ڕۆحت دا و سەفالەتی تۆیان ئامادە کرد، لە هەموویان ببورە ڕۆڵەکەم”…

“سزنتی بۆشاییەکی پڕ دەکردەوە”
“هەرچەندە نزای خێر بۆ ئێوە بکەم هێشتا کەمە؛ لە سایەی ئێوەوە خۆم و خێزانەکەم لوتکەی بەندایەتیمان دۆزیەوە. بەڵام بە هەمان ڕادەش لە ئێوە توڕەم، بۆچی پێش ئەوەی کوڕە گەورەکەم وەک ئەتەیستێک بمرێت، ئێمەتان نەدۆزیەوە”.

سزنتی کە لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٧٩ سڵاوی لە ژیان کرد، لەلایەن یەکێک لە خوێنەرەکانیەوە بەو شێوەیەی سەرەوە پێناسەی دەکرێت.

کاتێک مامۆستا هاواری ئەو سەربازە خانەنشێنکراوەی بیست، لە هەنسکی گریانی دا. بەو حاڵەیەوە ئاوڕی لە هاوڕێکانی دایەوە و وتی” کەس نازانێت کەوا ئیمان لە کەیدا خۆی بە دڵی کەسێکدا دەکات”.
ئیدی بێ ئەوەی گوێ بە ڕەشەبای ئەیلول، سەرمای شوبات و گێژەن و گەردەلولی حوزەیران و، کین و نەفرەتی تاغوتەکان بدرێت، گۆڤاری سزنتی لە کارەکانی خۆی بەردەوام بوو. پاشان بە هۆی هەوڵ و کۆششی چەند ڕۆحێکی خاکیی، لە مەکسیکەوە هەتا ئێندەنوسیا، هەوڵی گەشتنی بە دەنگە بەهێزەکان دەدا و، ئێستا ئەو چۆڕاوگەیە بووە بە تاڤگە(چاغلەیان).
بەڵێ، لە پێش نزیکەی ٤٠ ساڵەوە، بە هیوا و عەزمێکی گەورەوە وەک شاعیر دەڵێت:
چۆڕاوگە دەچۆڕێت و دەبێتە گۆم
ئەویش دەڕوا و دەبێتە ڕێگا
گەر پەروەردگار بیەوێت
کەم لە زۆر فراوانتر دەبێت

چەشنی نزایەک بەم هیواوە دەست پێکرا و، ئێستا وەک تاڤگەیەکی(چاغڵەیان) لێهاتووە کە دەریا عومانەکان پڕ دەکاتەوە.

ئەم فرمێسکانە کە چەندین ساڵە دێنە خوارەوە، وەک گۆمێکیان لێهاتووە و، ئەو گۆمەش ملی ڕێگەی گرتووە و دەیەوێت چەشنی تاڤگەیەک بە هەموو لایەکدا بڵاو ببیتەوە.
هەڵەیە گەر وەک گۆڤارێک سەیری “چاغلەیان” بکەین. ئەو لەم قۆناغەدا سەرەڕای هەموو شتێک، پشاندانی عەزمی خزمەتە کەوا هیچ لە هەڵوێست و شێوازی خۆی نەگۆڕاوە.
پشاندانی هەوڵ و کۆششی ئەوەیە، سەرلەنوێ لە بەردەمی مرۆڤایەتیدا تەواوی ئەو مەشخەڵانە هەڵگیرسێنێتەوە کە بەردەمیان ڕۆشن دەکاتەوە. واتە هەوڵی ئەوەیە ببێتە سەرچاوەی هیوا و هێزێک کە هەموو لایەک پەنای بۆ ببەن…

“پرسیارە سەردەمیەکان: ١٣١ پرسیار”
مامۆستا لەو کاتەی لە مزگەوتی بۆرنۆڤا بوو، لەسەر ئاستی هەموو چینەکانی کۆمەڵگا خەڵکی ڕوویان تێدەکرد و، هەرکەسێک هەر جۆرە پرسیارێکی لێبکردایە، وەڵامی دەدایەوە. هەندێک لەو پرسیارانەی مامۆستا وەڵامی دایەوە بەم شێوەیە بوو:
” ئایا جەوهەر و خاسیەتەکانی الله چین؟ کەسانێک هەن دەڵێن لەبەرچی ئێمە ناتوانین الله ببینین؟ الله خۆی هەموو شتێکی دروست کردووە، ئەی کێ خودای دروست کردووە؟ چی پێویستیەک هەبوو کە خودا گەردون دروست بکات، لەبەرچی لە سەرەتاوە دروستی نەکرد و لە پڕێکدا دروستی کرد؟ مادام هەموو پێغەمبەرەکان لە نیمچە دوورگەی عەرەب سەریان هەڵداوە، ئەو شوێنانەی کەوا پێغەمبەریان بۆ ڕەوانە نەکراوە، لێپرسراوی ئەو کۆمەڵگایانە بەرامبەر کردار و هەڵسوکەوتیان، هەتا چەندە لەگەڵ حەق و دادپەروەریدا دێتەوە؟
لە جەمسەرەکانی زەوی هەندێک جار ٦ مانگ شەو یاخود ڕۆژە، لەو جۆرە شوێنانە بە چی شێوەیەک نوێژ و عیبادەتەکان ئەنجام دەدرێن؟ الله موڵک، سەروەت، پێگە و شانوشۆرەتی بە نسیبی هەندێک لە مرۆڤەکان کردووە، هەندێک لە مرۆڤەکانیش تەنیا هەژاری و دەرد و مەینەت بەشیانە، ئایا ئەم مرۆڤانە خۆیان خراپن یاخود خودا چینی یەکەمی زیاتر خۆش دەوێت. الله لەبەرچی بەندەکانی بە شێوەیەکی یەکسان دروست نەکردووە؟ بۆچی هەندێکیان کوێر یاخود کەڕ و لاڵن؟
١٣١ پرسیاری لەم شێوەیە کەوا مامۆستا لە شەوانی هەینیدا وەڵامی دەدانەوە، لە دوای چەندین ساڵ لە ژێر ناوی “پرسیارە سەردەمیەکان” لە ٤ بەرگدا لە چەپدران.
کاتێک تورکیا بەم قۆناغەدا تێدەپەڕی، هاوڵاتیانی تورکیای دانیشتووی ئەمەریکا بە حاڵێکی مەعنەوی پەرێشاندا تێدەپەڕین، پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٠ کاسێتی وتارەکانی مامۆستایان بەدەست گەشت، ئاسودەییەک بە دڵی ئەوانیشدا هات.

“ناڕەحەتی زۆر گەورە لە پێش کودەتاکەی ١٩٨٠”
مامۆستا لە پێش ڕوودانی هەر کارەساتێکی گەورە کە سەرتاسەری وڵاتی دەگرتەوە، لە ڕۆحیدا هەستی بە ناسۆرەکەی دەکرد. ئەم حاڵەش، چۆنیەتیەکە هەمیشە لە زاتە گەورەکاندا بەدیکراوە. هەربۆیە لە کەسایەتیەکی وەک بەدیعوزەمان سەعید نورسیشدا حاڵەتێکی ڕۆحی لەو شێوەیە هەبوو.
مامۆستا خۆی بەم شێوەیە باسی ئەو حاڵەتە ڕۆحیەی دەکات:
دوو ساڵ پێش ئەوەی کودەتاکەی ١٩٨٠ ڕوو بدات. ڕێک پێش ئەوەی ئەو ڕووداوە گەورانە ڕوو بدەن، لە مندا هەندێک ناڕەحەتی خۆیان دەرخست. ئەو ناڕەحەتیەی لە کاتی چوونمدا بۆ ئەنتالیا توشم بوو، یەکێک لەو ناڕەحەتیانە بوو. ئەو کاتەی کەوتینە ڕی، دڵم لە پڕێکدا گیرا. پاش ئەوەی کەمێک پشووماندا، دیسان دڵم هەمان حاڵەتی بەسەردا هاتەوە. ئەو کاتەی بەرەو ئیزمیر دەگەڕامەوە حاڵم باشی بە خۆیەوە دەبینی، کە دەگەڕاینەوە بۆ ئەنتالیا دیسان حاڵم تێک دەچوویەوە. وتم کەواتە خواسی لەسەر نیە بۆ ئەوێ بڕۆم و، بەم شێوەیە بەرەو ئیزمیر گەڕامەوە.
پێم وایە لەو کاتەدا چاو، دەموچاو، برۆم هەموویان توشی حەساسیەت بوون و، سەریشم بە شێوەیەک دەئێشا کە توانای بەرگەگرتنی مەحاڵ بوو. بە تایبەت دوای ئەوەی نانم دەخوارد، حاڵم بە تەواوی تێکدەچوو، دڵم هەڵدەشێوا و چەشنی ئەوەی بخنکێم وەها بوو. بێ گومان ئەمە ئەو شتانە بوون کە لە ڕووی دەرەکیەوە خۆیان دەرخستبوو. جگە لەمانە لایەنێکی ناوەکیشم هەبوو، کە چەشنی بورکانێک ئامادەی تەقینەوەی تێدابوو! بەڵێ ناڕەحەتیەکی وەها بوو کە توانای بەرگەگرتنی مەحاڵ بوو. هاوڕێکانیشم تەنیا ئەو کاتەی پریشکی ئاگرێک دەهاتە دەرەوە، لە حاڵم ئاگادار دەبوونەوە. من ئەو کاتەی خواردن و خواردنەوەم نەدەما و زوو زوو توڕەش دەبووم، هاوڕێکانم ئەو کاتە هەستیان بە ڕووداوەکانی ناخم دەکرد. ژمارەی ئەو ڕۆژانەی کە خەو لە چاوم نەدەکەوت زۆر زۆر بوو. هەندێک جار هەڵدەستام و پیاسەم دەکرد و نزا و نیازی خۆم پێشکەشی پەروەردگارم دەکرد. هەستم بە هاتنی موسیبەتێکی گەورە دەکرد، بینینی ئەو کەسانەشی بەرامبەری دەوەستان و دەخەوتن، زۆر بێتاقەتی دەکردم. بە خۆمم دەوت باشە ئەم مرۆڤانە بۆ وەها بێ دەرد و خەمن. لە گیانی خۆم وەرز بووم، بەڵام بە تەواویش نەمدەزانی چی ڕوو دەدات. نەشمدەتوانی بزانم چی ڕوو دەدات، چونکە تەنیا خودا خۆی شتەکان دەزانێت کە بەرەو کوێوە دەچن. پاش ماوەیەک مامۆستا عوسمان کەرا ئیفلیج بوو. ئەمەش کاریگەریەکی زۆری لەسەر من دانا. چونکە ئەو یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی من بوو. چونکە لە دێر زەمانەوە، پێش ئەوەی بچمە خزمەتی سەربازیەوە، ئەو کاتەی لە ئێدیرنە بووم، ئەو و ساڵح ئۆزجان لە تەکیرداغ خەریکی خزمەتی سەربازی بوون. ڕۆژێکیان پێکەوە هاتن و سەردانی منیان کرد. هەر ئەو ڕۆژە یەکترمان ناسی و، بووینە دۆست و لە دوای ئەو کاتەشەوە هەرگیز پەیوەندی نێوانمان نەپچڕابوو. ئەو کاتەی هاتمە ئیزمر، ئەویش خۆی لەوێ بوو. لە کارشییەکا وتاربێژ بوو. پاشان وەک موفتی کارشییەکا دەست ڤەکاربوو. دۆستایەتیەکی زۆر پتەومان هەبوو. پاشان هاوسەرگیری ئەنجامدا، هەندێک جار هاتووچۆی ماڵەکەیم دەکرد. ئەویش زوو زوو سەردانی دەکردم.

بە تایبەت لە ڕۆژانی سەرەتا کە چوومە ئیزمیر، زۆر یارمەتی دەدام. وەک کەسێک میوانداری من بکات، هەمیشە پێشم دەکەوت و، بۆ هەر شوێنێک بڕۆشتمایە ئەو دەیبردم.
ئیفلیج بوونی ئەو بە شێوەیەکی کتوپڕ، منی بە تەواوی هەژاند. ڕووداوگەلێکی لەم شێوەیە کاریگەری زۆر گەورە لەسەر مرۆڤ دادەنێت و، لە نەستیدا جێگەیەک بۆ خۆی داگیر دەکات.
هەربۆیە پاش ماوەیەک پزیشکێکی دڵ، پشکنینی بۆ من ئەنجامدا. لێی پرسیم کە ئایا بەو نزیکانە کەسێکی نزیکم ئیفلیج بووە؟ پزیشکەکە لە بواری دەروناسیشدا شارەزایی هەبوو. پاشان پێی وتم کەوا من کێشەی دڵم نیە. ئەیمەن تۆپباشی ڕەحمەتی – خودا ڕەحمی پێبکات- مەوعیدی لە پزیشکەکە وەرگرتبوو.
هەتا ئەو ڕۆژەی کەوتمە ڕێ، ئەم شتانە ڕوویاندابوو. کاتێک لە ئیزمیرەوە گەشتینە ئایرانجیلەر دڵم هەڵشێوا. خۆشم خەریک بووم تێک دەچووم، وتم با کەمێک بە پێ بڕۆین. وابزانم سەرەتا ڕیگەیان نەداین. لە کەسێکم بیستبوو کەوا کەوتنە سەر پشت و پاڵدانەوەی قاچ بە دیوارەوە سوودێکی زۆری بۆ دڵ هەیە، منیش چوومە پارکێک و لەسەر زەویەکەی پاڵکەوتم و قاچم خستە سەر یەکێک لە کورسیەکان. ئەو کاتە هەریەک لە کۆسە محمود و کاک پێکمەزجیم لەگەڵدا بوو. ئێمە دوو ئۆتۆمبیل پێکەوە هاتبووین. هاوڕێکانی ترمان لە ڕێگەی پاسی هێڵەکانی ناو شارەوە دەیانویست بێن. لەو گەشتەشدا ڕووداوگەلێکی لەو شێوەیە ڕوویدا. دیسان ویستم لە ڕۆشتن بەردەوام بم، بەڵام دووبارە دڵم هەڵشێوایەوە. لە ئایدن چووینە ماڵێکەوە و شەوێکمان لەوێ بەسەر برد. هەتا نوێژی بەیانی پشووم وەرگرت. دوای ئەوەی نوێژی بەیانیمان ئەنجامدا، بڕیاری ئەوەمدا بگەڕێینەوە.
هەر کە بەرەو ئیزمیر دەگەڕامەوە یەکسەر هەستم بە چاک بوونەوە دەکرد، کە دەمویست بەرەو ئەنتالیا بڕۆم یەکسەر حاڵم تێک دەچوویەوە. ئەگەرچی بە شومدانانی شتێک دروست نیە، بەڵام لەو کاتە بەو شێوەیە لێکم دایەوە، چونکە ئاسۆیەکی داخراوم هەبوو. وتم کەواتە نایەوێت بەرەو ئەوێ بڕۆم، ئیدی بەو شێوەیە گەڕامەوە بۆ ئیزمیر. پاشان هەواڵی ئەوەمان پێگەشت کە لە ڕیگا ئۆتۆمبیلەکانیان پشکنیوە. کەمێک ئەزیەتی موحەرەم و نور سونگوریان دابوو. بیستمان ئەو ڕۆژە بولەنت ئەجەوید لەوێ میتینگی هەبووە. هەرکەسێک ڕۆشتبوو، پشکنینیان بۆی ئەنجام دابوو. بێگومان بوونی ئێمەش لەو شوێنە، لەوە دەچوو لەلایەن هەندێک کەسەوە بە هەڵە لێکبدرایەتەوە و، بەمەبەستی خراپ لە دژی ئێمە بەکاریان بهێنایە. خێرێکی پێوە بوو کە ئەو ڕۆژە بەرەو ئەنتالیا نەڕۆشتین”.

بانگەوازی هەماهەنگی لە دژی تیرۆر( ٥ ی کانونی دووهەمی ١٩٨٠)

سولەیمان دەمیرەل وەک سەرۆکی پارتی عەدالەت، پێشنیاری هەماهەنگیکردنی لە دژی تیرۆر، کە لەلایەن بولەنت ئەجەویدی سەرۆکی ئەو کاتەی جەهەپەوە کرابوو، ڕەت کردەوە. پاشان لەو هەنگامەیەدا کە وڵات بە تەواوی بارگرژی بە خۆیەوە بینیبوو، لە یەکەم قۆناغی هەڵبژاردنەکانی ٢٣ ی ئازاری ١٩٨٠، نەتوانرا سەرۆک کۆماری هەڵببژێردرێت.
ئەو شتانەی لە پەڕلەمانی تورکیا ڕوویان دەدا، بە شێوەیەکی جیاواز لە شەقام و داڵانی زانکۆکان ڕەنگدانەوەی دەبوو.
بە گوێرەی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، هۆکاری کێشەکان بریتی بوو لەوەی گەنجان کەوتوونەتە ناو بۆشایی “بێ بڕواییەوە”. هەربۆیە لە وتارێکیدا کەوا لە ڕێکەوتی ٢٥ ی ئایاری ساڵی ١٩٨٠ لە شاری دەنزیلی پێشکەشی کرد دەیوت:
لەو خوێندنگانەی منداڵەکانتان دەخوێنن، ئایا بوونی ئێوەی تێدایە؟ ئایا دونیا و ڕابردووی ئێوەی تێدایە؟ ئایا لە دڵی نەوەی ئەمڕۆماندا عەشقی چوونە مزگەوت بوونی هەیە؟ خۆ گەر ئەمانە بوونی نەبێت، لە ژێر ئۆباڵێکی وەها تۆقێنەردا دەژین، بە سوێندەوە ئەم قسانە دەکەم، گەر هەتا کۆتایی تەمەنتان بە چواردەوری کەعبەدا تەواف بکەن، هێشتا لەو بەرپرسیارێتیە گەورەیە ناتوانن بێنە دەرەوە.
سەرەڕای ئەو دووبەرەکیەی لە پێش کودەتاکەی ١٩٨٠ لە نێو چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا دروست بوو، کە ژیانی هەزارانی گەنجی تێدا بوویە قوربانی، مامۆستا هەمیشە پارێزگاری لە هیوای خۆی دەکرد و لە وتارێکدا کەوا لە بەرواری ١٠ ی ئابی ١٩٨٠ لە بورسا پێشکەشی کردووە دەڵێت:
موسوڵمانانی خۆشەویست، گزنگی بەرەبەیان دەمێکە کەوتووە. کەڵەشێرەکانی ئەو بەرە بەیانیە دەمێکە دەستیان بە خوێندن کردووە. چرۆکان دەمێکە شکۆفەیان کردووە”.
مامۆستا لە بەرامبەر ئەو قۆناغە سەختەی کە هەر لەو ساتەوە دەنگی پێکانی دەبیسترا، پێی وابوو گرنگترین کار کە ئەنجامبدرێت ئەوەیە خۆشەویتی پێغەمبەری خودا لە دڵی گەنجاندا بچێنرێت. دەبوو گەنجەکان لەو ڕێچکەیەی پێغەمبەری خودا بۆی دیاری کردبوون، ژیان بگوزەرێنن.
لە شوێنێکدا دەیوت” بۆ ئەوەی یەکێتێ لە نێوانتاندا دروست ببێتەوە، حەزرەتی محمد بکەن بە ڕۆحی نێو لاشەتان”.
وڵاتێک کەوا خۆپەرستی تێدا نەماوە و، برایەتی بەسەر هەموو لایەکدا باڵا دەست بووە، کۆمەڵگایەک چەشنی ئەوەی لە بەهەشتدا بژین و تەواوی مرۆڤەکان لە هەمان کەشوهەوادا بژین، تەنیا لەم ڕێگەیەوە مومکین دەبوو.
پاشان مامۆستا بە گریانەوە ئەم داوایەی لەو کەسانە کرد کە گوێیان لە وتارەکانی دەگرت” گەر من بە چاوی خۆم ئەو ڕۆژانە نەبینم، کاتێک لە ژێر گومەزی ئەم مزگەوتانە کۆ دەبنەوە، با ئەم قسانەی من لە گوێی ئێوەدا بزرنگێتەوە”.

دیسان دەنگی کودەتایەکی تر دەهات…
پاش ئەوەی مامۆستا هەستی بەوە کرد کە ئەو ئەنارشیەی لە وڵاتدا سەری هەڵداوە بەرەو کودەتایەکی نوێی دەبات، لە ٥ ی ئەیلولی ١٩٨٠، دوا وتاری خۆی لە بۆرنۆڤا پێشکەش کرد و ماڵئاوایی لە نوێژخوێنەکان کرد.
لە دوا وتاری مزگەوتی بۆرنۆڤا باسی ئەخلاقی کرد. ئاماژەی بە لایەنە نەرێنیەکانی نەفسی مرۆڤ دا، کە کیبر و لەخۆڕازبوون دوو خەسڵەتی سەرەکی ئەو بابەتەن.
لە دوای وتارەکە مامۆستا چاوی بە تورگوت ئۆزاڵ کەوت، ئۆزاڵ بە مامۆستای وت” وەزعی تورکیا باش نابینم، بەرەو خراپی دەڕوات”.
دوای ئەوەی دەزگا پەروەردەییەکانی مامۆستا لەناوچەی ئەگە چەکەریان کرد، مامۆستا پێی وەهابوو دواتر بە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاو دەبنەوە و تورکیا لە شەپۆلێکی نوێی ئەنارشی ڕزگار دەکەن.
پاشان ئۆزاڵ وتی” ڕاستە ئێستا لە وڵاتدا ئەنارشێ هەیە، بەڵام پێشم وەهایە کە بە شێوەیەکی گشتی وڵات بەرەو باشی هەنگاو هەڵدەگرێتەوە”.

“هیوابڕاوی و ڕەشبینی”

بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، کتێبەکانی ڕەوتی بونگەرا، کە لە دوای جەنگی جیهانی دووهەم لە فەرەنسایەکی داڕوخاودا سەریان هەڵدا، هۆکاری لێڵ بوونی هزری هەندێک لە گەنجانی تورکیاش بوو، کە لە بۆشاییدا ژیانیان دەگوزەراند.

مامۆستا لەو کاتەدا سەبارەت بەم بابەتە دەیوت” گەر بوونگەرایی بگوشیت، بێ باوەڕی لێدەچۆڕێت”.

ئەم بۆشاییەش لە کتێبەکانی سارتەر، مارکۆس و کامۆدا دەبینی. هیوابڕاوی و ڕەشبینی، لە سەد ساڵی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی زۆر ناوازە لە ڕەوتی بوونگەراکاندا جێگای خۆی کردۆتەوە. بە گوێرەی ئەوان ژیان قۆناغێکی بێ واتا، بوونیش بۆشاییەکی بێ واتا، خۆکوژی بەهایەکە و تەنیا ڕاستیەکیش بوونی هەبێت بریتیە لە مەرگ. هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم ڕەوتەش بریتی بوو لەوەی تاکەکان لە ژێر داروپەردووی جەنگێکی زۆر تۆقێنەردا مابوونەوە.
هەربۆیە مامۆستا کاتێک لە وتارەکانیدا باسی لە بوونی خودا دەکرد، زوو زوو کاری لەسەر ئەم بابەتانەش دەکرد.
ئەو ڕەخنانەی مامۆستا لە تێڕوانینی هەریەک لەو نوسەرانەی دەگرت، لە گۆڤاری سزنتیشدا بەردەوامی پێدا.
بۆ نمونە، مامۆستا نێوبڕێکی لە کتێبەکانی سارتەر دەردەهێنا و لە وتارەکەی خۆیدا وەڵامی دەدایەوە. چونکە ئەم ڕەوتە فەلسەفیە کە دینی بە تەواوی لە ژیانی کۆمەڵایەتی خستبوویە دەرەوە، کاریگەریەکی زۆری لەسەر ڕۆسنبیرەکانی ئەو کاتەی تورکیا هەبوو.

مامۆستا لەگەڵ ئەوەی ئاماژەی بەوە دەدا کە ئەم ڕەوتە لە فەرەنسا سەری هەڵداوە و کاریگەریەکی زۆری بەسەر ڕۆشنبیرانی وڵاتەوە هەیە، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە دەدا کە لە ئەوروپادا، سەرلەنوێ گەڕانەوە بۆ بەها مەعنەویەکان دەستی پێکردووە و دەیوت” گەڕانەوە بۆ به ها مەعنەویەکان لە ڕۆژئاوا، لە پێش داڕوخانی سیستەمی کۆمۆنیستی لە ڕوسیا دەستی پێکرد”.

مامۆستا لەم بابەتەدا ئاماژەی بە کتێبەکەی هینری لینک دەرونناسی ئەمەریکی دەکرد، کە لە پێش جەنگی جیهانی دووهەم لە ساڵی ١٩٣٦ لە ژێر ناوی “گەڕانەوە بۆ دین” بڵاوکراوەتەوە و، یەکێکە لەو کتێبانەی ژمارەی پێوانەیی فرۆشتنی شکاندووە.
لینک لەم کتێبەیدا ئاماژەی بەوە دەدا کە پێویستە مرۆڤەکان ڕوو لە کڵێسەکان بکەن و بایەخی زیاتر بە بەها مەعنەویەکان بدەن.

لە کاتێک گەڕانەوە بۆ بەها مەعنەویەکان لە ڕۆژئاوا دەستی پێکردبوو، ڕۆنشبیرانی ئێمە هێشتا لە ژێر کاریگەری ڕەوتی بوونگەراکاندا مابوونەوە.
ئەم ڕەوتە فەلسەفیە کە دین پەراوێز دەخات، کاریگەریەکی زۆری لەسەر گەنجانی زانکۆ و ڕۆشنبیرانی وڵات دانابوو.
ئەو گەنجانەی کتێبەکانی جان پاول سارتەریان دەخوێندەوە، هەمیشە پرسیاری ئەوەیان دەکرد کە کێ خودای دروست کردووە.
ئەلبێرت کاموس نوسەری سەر بە ڕەوتی بوونگەرا کەوا لە وڵاتی جەزائیر لە دایک بووە، لە ڕۆمانێکیدا بە ناوی تاعون، کە لە ساڵی ١٩٤٧ بڵاوی کردۆتەوە، ڕێگای بۆ لێپرسینەوە لە پێویستی دین دەکردەوە.
ئەم ڕۆمانە دەردێکی کوشندەی وەک تاعونی کردووە بە بابەتی خۆی کە لە وڵاتی جەزائیر سەری هەڵداوە و، دوو کەراکتەری سەرەکی ناو ڕۆمانەکەش، کە بریتین لە پزیشکێکی ڕاستگۆ بە ناوی دکتۆر بێرنارد و قەشە پێنۆلۆکس، جەنگیان لە دژی نەخۆشیەکە ڕاگەیاندووە.
قەشەکە لە یەکێک لە وتارەکانیدا باسی بەشی “کۆچکردن” ی ناو ئینجیل دەکات و نمونەی بەو تاعونە دەهێنایەوە کە وەختی خۆی لە میسر سەری هەڵداوە و دەیوت:
الله، لە ڕێگەی دەردی تاعونەوە چۆکی بە فیرعەونەکانی میسر دادا. ئێستا ئێمەش لەناو هەمان فەلاکەتداین و شایستەی ئەوەیان بۆیە وەهامان لێبەسەر هاتووە. لە حاڵێکی بێ بەش لە ڕووناکی خودا، بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە دۆزەخی ئەم دەردەدا دەمێنینەوە”.

واتە پەیامی قەشەکە بریتی بوو لەوەی بڵێت” تەنیا ڕێگەی چارەسەر ئەوەیە ڕوو لە خودا بکەین. گەر ئەو لێمان خۆش ببێت ئینجا ڕزگارمان دەبێت”.
بەڵام پاش ماوەیەک هەریەک لە پزیشك و قەشەکە، شاهیدی مەرگی منداڵێک دەبن بە ئازارەوە، بەم شێوەیە قەشەکەش دێتە سەر ڕێچکەی پزیشکەکە. هەروەها لە کۆتایدا قەشەکەش بە هەمان شێوە لە ڕێگەی تاعونەوە گیانی لە دەست دەدا.
بەڵام بە گوێرەی مامۆستا، ئەو تاعونە ڕاستەقینەی ڕووی لە دونیا کردبوو، بریتی بوو لە بێ باوەڕی.
بەڵێ، بێ باوەڕی نەخۆشیەکی مەترسیداری وەک تاعون بوو، یەکێک بوو لەو کێشە سەرەکیانەی کە مرۆڤایەتی دووچاری بوو بوو.
جەلال نوری، تۆفیق فیکرەت، بەشیر فوئاد ئەوەی لە کۆتایی ژیانیاندا سەریان لێوەی دەرچوو، بریتی بوو لە بێ ئیمانی. مامۆستاش دەیوت” ئەو قەیرانەی ڕۆشنبیران تێیکەوتبوون، هەتا سەردەمی گەنجی من بەردەوامی هەبوو”.
ئەم قەیرانەش بێ باوەڕی بوو، کۆمەڵگاشی بەرەو سەرکەشی و هیوابڕاوی پاڵ پێوە دەنا.
مامۆستا لە ساڵی ١٩٧٩، کاتێک پێشەکیەک بۆ کتێبی “ڕێچکەی ئاشتی” پرۆفیسۆر ئیبراهیم جانان دەنوسێت، چەشنی ئەوەی هەستی بە ڕوودانی کودەتایەک کردبێت، هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی نێوخۆی تورکیا دەکات.
مامۆستا لەو پێشکەیەدا ئاماژە بە “بەها ئەنارشیەکان” دەکات و باس لە فەلسەفەی بێ دینی دەکات کە تورکیا خستۆتە نێو گێژاوەوە و نیشتیمانێکی پەرێشانی لێ دروست کردووە.
پاشان ئاماژەی بە وتەی شارەزایانی کۆمەڵناسی و مرۆڤناسی ناسی دەکرد کە دەڵێن” لە هیچ سەردەمێکی مێژووی مرۆڤایەتیدا، لە هیچ شوێنێکی سەر زەوی، هێندەی ئێستا بێ دینی بەر بڵاو نەبووە”.
ڕەخنەی لەو ڕۆشنبیرانەی وڵات دەگرت گەر باسی نیشتیمانت بکردایە، وایاندەزانی خەریکی “تورانچیەتی”، گەر باسی میلەتت بکردایە وایاندەزانی باسی “فاشیستی بوون” و، گەر باسی دین بکەیت، ئەوا خەریکی “کۆنەپەرستیت”.
ڕۆشنبیرانی ئەم وڵاتە بە تەواوی لە دژوانەیەکی ئاشکرادا بوون. چونکە ڕۆشنبیرانی وڵات ماوەی ٢٠٠ ساڵ بوو، چەشنی ئەو گەنجانەی یەحیا کەمال لە ڕۆمانی ” ٧ گەنجی عاشق بە مەهلیکا سوڵتان” باسی دەکردن، بە دوای ڕۆژئاوادا ڕایاندەکرد و، لەلایەکی ترەوە بە تۆمەتی “ئیمپریالیست” و “کەپیتالیستی” رۆژئاوایان بەر دەستڕێژی گولـەی ڕەخنەکانیان دەدا.

41 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە