بەشی ڤیدیۆکانهەواڵ

منداڵێکی تووشبووی شێرپەنجە بە هۆی کێشەی پاسپۆرتەوە ڕێگەی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی پێ نادرێت

ئەحمەد بورهان ئاتاچ منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵانە کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی ئێسک بووە، وە لە هەمان کاتدا باوکی ماوەی ١٩ مانگە لە گرتووخانەدا بەندکراوە. ئەحمەد بورهان لە ئێستادا نەخۆشییەکەی گەیشتووەتە قۆناغی ٤ و چانسی ئەوەی بەدەستهێنا کە لە وڵاتی ئەڵمانیا چارەسەری نەخۆشییەکەی بۆ بکرێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی پاسپۆرتەکەی دایکی هەڵوەشێندراوەتەوە ناتوانێت بچێتە دەرەوەی وڵات.

زەکییە ئاتاجی دایکی ئەحمەد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕای گشتی لە بارودۆخەکەیان ئاگادار کردەوە و ڕایگەیاند: “سەنتەرێکی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە بە ناوی ‘ئیمون ئۆنکۆلۆجیش زێنتروم’ لە شاری کۆڵن لە ئەڵمانیا دەیانەوێت چارەسەری منداڵەکەم بکەن بەڵام بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرتەکەی منەوە ناتوانین گەشتی دەرەوە بکەین. داوا لە بەرپرسانی حکومەت دەکەم قەدەغەی سەر پاسپۆرتەکەم هەڵبگرن لەبەر ئەوەی ژیانی کوڕەکەم لە مەترسیدایە. لە بابەتی چارەسەرکردنی کوڕەکەمدا چاوەڕێی پشتیوانی لە هەمووان دەکەم.”

عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەسەر پارتی هەدەپە و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون بۆ مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی تورکیا، یەکێکە لەو کەسانەی هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەکار بۆ چارەسەرکردنی ئەحمەد بورهان. گەرگەرلیئۆغڵو ئەحمەد و بورهان و دایکی و خوشکە بچووکەکەی بانگهێشتکرد بۆ بەرنامە تایبەتییەکەی خۆی کە لە ڕێگەی هەژمارە تایبەتییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەخشی دەکات و دواتر لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تویتەر ڕایگەیاند:

“لە بەرنامەکەمدا لە ئەحمەد بورهانم پرسی چیت دەوێت؟ لە وڵامدا وتی: ‘من باوکمم دەوێت’. منداڵێکی تووشبوونی نەخۆشی شێرپەنجە لە ناو هەموو ئازارەکانیدا تەنها باوکی دەوێت. ئێمەش دەمانەوێت ئەحمەد بژی. چی دەبێت با ببێت من هێشتا متمانەم بەم کۆمەڵگایە هەیە و با پێكەوە کار بکەین بۆ ئەوەی ئەحمەد بژی. پاسپۆرت مەرجە بۆ چارەسەرکردنی ئەحمەد.”

27 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە