بیروڕاهەواڵ

لەگەڵ سەربازەکاندا چوومە ژووری نەشتەرگەری خێزانەکەشم ئاگادار نەبوون

 

تونجەر چەتینکەیا یەکێک لە ڕۆژنامەنوسەکانی تورکیا کە بۆ ماوەی ساڵێک لە زینداندا بووە، بەسەرهاتەکانی ژیانی خۆی بۆ ڕۆژنامەی دێ وێڵتی ئەڵمانیا گێڕایەوە.
تونجەر چەتینکەیا یەکێکە لەو ڕۆژنامەنوسانەی شەوی کودەتای ١٥ ی تەموز، لەلایەن مێدیاکانی دەسەڵاتەوە ناوی خرایە لیستی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کە دەبێت دەستبەسەر بکرێن.
ناوبراو لە شوێنی لە دایک بوونی دەستبەسەر کرا، لە زیندان چەندین جار باری تەندروستی دەکەوێتە مەترسیەوە و، لە مردن ڕزگاری دەبێت.

چەتینکەیا دوای ساڵێک مانەوە لە زیندان، بە هۆی خراپی باری تەندروستیەوە ئازاد کرا. دواتر بە ناچاری ڕووی لە وڵاتی ئەڵمانیا کرد.
چەتینکەیا لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا، جگە لە کاری ڕۆژنامەنوسی هیچ کارێکی تری ئەنجام نەداوە.
ڕێپۆرتاژی ڕۆژنامەکە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت:
ئەو پیاوەی حکومەتی تورکیا بە تیرۆرستی دەزانێت، لەسەر مێزەکەی پسکیتێکی داناوە و لە پەناشیدا چایەکی داناوە. ئەمەش شێوە میوانداریەکی ناوچەی ئەنەدۆڵوە لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا. تونجەر چەتینکەیا لە شوێنێک دەژی کە پێویستە کەس نەیزانێت. چونکە خۆی نیگەرانی ئەوەیە لەو شوێنە بیڕفێنن و بیبەنەوە بۆ تورکیا. ناوبراو نزیکەی ساڵێکە لە ئەڵمانیا دەژی. لە بینایەکی بچوکی سەرنجڕاکێشدا، لەگەڵ ٣ هاوڕێی تریدا ژیان بەسەر دەبات. ئاماژە بەوە دەکات لەو شوێنەی ژیان بەسەر دەبات کارێکی نیە ئەنجامی بدات و، کاتەکانی پشووی لە فێربوونی زمانی ئەڵمانیدا بەکاردەهێنێت.
چەتینکەیا ئاماژە بەوە دەکات کە ژیانی ئەڵمانیا زۆر جیاوازە لە تورکیا. ساڵانێکی دوور و درێژ لە ئیستەنبول کاری ڕۆژنامەنوسی ئەنجامداوە و، چەندین کتێبی لە بابەتەکانی سیاسەت و تیرۆر و گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکان نوسیوە. ماوەیەک وەک بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەنەدۆڵو لە شاری ئەنتالیا، دەست بەکاربوو. پاشان ١٥ ی تەموزی بەسەردا هات…
پاشان چەتینکەیا دەستبەسەر کرا.
لە دوای ئەو کودەتا سەربازیەی لە ١٥ ی تەموزی ساڵی ٢٠١٦ ڕوویدا، بێ ئەوەی لێپرسینەوەیەکی تەواو ئەنجام بدرێت، هەڵمەتی پاکرتنەوەی هاوڵاتیان دەستی پێکرد و، لە نێو قوربانیەکاندا نزیکەی ٣٠٠ کارمەندی مێدیاکانیش بوونیان هەیە. هەموویان بەوە تاوانبار کران کە یارمەتی بزاڤەکەی گولەن یاخود ڕێکخراوە تیرۆرستیەکانیان داوە. چەتینکەیاش یەکێکە لەو ڕۆژنامەموسانەی بە گوێرەی حکومەتی تورکیا کودەتاچیە. زیاتر لە ساڵێک لە زیندان مایەوە و پاشان لە ساڵی ٢٠١٨ بە هۆی کێشە تەندروستیەکانیەوە لە زیندان ئازاد کرا؛ ئەویش ئەمەی وەک هەلی جێهێشتنی وڵات بەکارهێناوە.

زۆر بە نارەحەتیەوە باسی ڕووداوەکانی ژیانی لە زیندان دەکات و دەڵێت” سوکایەتیم پێکرا، ئەشکەنجەم بینی و ترسی مردنم هەبوو. ئەوەی منی بە پێوەیە هێشتەوە تەنیا دوو شت بوو: باوەڕەکەم و خێزانەکەم”.
چەتینکەیا بە ناوی هاوڵاتیانی تری ناوخۆی تورکیا کە ئەشکەنجەیان بینیوە، لەلای داواکاری گشتی ئەڵمانیا سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە.
ئەو تاوانانەی کە لە چوارچێوەی تاوانە نێودەوڵەتیەکانی دەرحەق بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێن، تەنانەت گەر لە ئەڵمایناش ئەنجام نەدرابێت، دەتوانیت سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار بکەیت. وێنەیەک لە ژوورەکەیدایە، ئەو کاتە پشان دەدات کە لە زیندان لەسەر یەکێک لە قەرەوێڵەکانی دانیشتووە. قژەکانی کورتە و زیاتر لە ٣٠ کیلۆی لە دەستداوە.
ئەمڕۆ قژەکانی سپی بووە و بەرەو دواوە دایهێناوە، بەهێزتر دیارە. چەتینکەیا کە ئێستا لە مەتبەخێکی بۆشی ڕۆژئاوای ئەڵمانیا دانیشتووە، زۆر ئەستەمە باوەڕ بەوە بکەیت کە ئەوەی لە وێنەکەیدایە خۆیەتی.

“ئێردۆغان دەزگا مێدیایەکان بە ئامانج دەگرێت”

ئەو کاتەی دەستبەسەر کرا، ماوەی ٢٦ ساڵ بوو کاری ڕۆژنامەنوسی دەکرد. ماوەیەکی زۆری ئەم ساڵانەی لە ڕۆژنامەی زەمان بەسەر بردووە، کە پڕفرۆشترین ڕۆژنامەی خاوەن پرێستیژی وڵاتەکەی بووە و سەر بە بزاڤەکەی گولەن بووە.

ڕۆژنامەکە لە ڕەخنەکانیدا بۆ دەسەڵاتی تورکیا لە ڕیزی پێشەوە بوو. حکومەتی تورکیاش سەرەتا ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر ڕۆژنامەکە ئەنجامدا، پاشان کەسانێکی نزیک لە دەسەڵاتیان وەک قەیوم بەسەر ڕۆژنامەکەوە دانا.
شەوی کودەتاکە چەتینکەیا لە پەیجی خۆی نوسیووێتی ” نەفرەت لە هەموو کودەتاچیەکان بێت”.
هەروەها باس لەوە دەکات لە کاتی کودەتاکەی ٢٨ ی شوباتدا، کتێبێکی لەسەر کودەتاچیەکان نوسیوە و بە شێوەیەکی توند ڕەخنەی لێگرتوون. بە شێوەیەکی ڕاشکاوانەش ئاماژە بەوە دەکات، کە لابردنی حکومەتەکان لە ڕێگەی کودەتاکەوە کارێکی ڕەوا نیە.

بەڵام لەو کاتەی هێشتا فڕۆکەکان بە ئاسمانی ئیستەنبول و ئەنقەرەوە سوڕاونەتەوە، لەلایەن ڕۆژنامەیەکی سەر بە دەسەڵاتەوە، ناوی لە لیستی ئەو ڕۆژنامەنوسانەدا بڵاو دەکرێتەوە کە ئاماژە بە پێویستی دەستبەسەرکردنیان دەکات. هەروەها نوسراوەکەش لە ژێر ناوی ” ئەو ڕۆژنامەنوسانەی پێویستە دەستبەسەر بکرێن” بڵاوکراوەتەوە. هەربۆیە لە ٢٣ ی تەموزی ئەو ساڵە، کاتێک تەمەنی ناوبراو ٤٧ ساڵ دەبێت، دەستبەسەر دەکرێت.
یەکەمین ڕۆژەکانی زیندان، لە خراپترینی ڕۆژەکانێتی. ئەم قسەیەی چەتینکەیاش هاوشێوەی قسەی زۆرێک لە خیندانیەکانە.

هەروەک لە ڕاپۆرتێکی تایبەتی لیژنەیەکی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکاندا ئاماژەی پێکراوە” لە زیندانەکانی تورکیا فەلاقە، شەق تێهەڵدان، هەڕەشە و دەستدرێژی لە ڕێگەی چەند ئالەتێکی جیاوازە، ئەشکەنجەی زیندانیەکان دەدرێت”. بە تایبەت لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای کودەتاوە، لە چەندین ناوەندی کاتی هێزەکانی پۆلیس، ئەم جۆرە مامەڵانە ئەنجامدراوە.
لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، چەتینکەیا لە ٣ زیندانی ناوخۆی تورکیا توشی گواستنەوە دەبێت. هەربۆیە زیندانەکانی ئاکسەرای، نێڤشەهیر، ئەنتالیای بینیوە. چاوی بە پارێزەرەکەی نەکەوتووە و هەروەها مۆڵەتی نەدراوە خێزانەکەشی ببینێت. پاشان نەشیزانیوە بە هۆی چی تاوانێکەوە تۆمەتبار کراوە.

” نزیکەی ٢٠ کەس بووین لە ژوورێکی ٥ مەتر دووجایدا دەماینەوە. تەنانەت دانیشتنیش مومکین نەبوو”. هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت” چاوی هەندێک لە زیندانیەکانیان دەبەستەوە و لە ژوورەکە دەیانبردە دەرەوە، پاشان دەیانبردنە سەربانی گرتوخانەکە و هەڕەشەی ئەوەیان لێدەکردن کە دەیانخەنە خوارەوە. ئەوانیش هێندەی توانایان هەبووایە لە ترساندا هاواریان دەکرد و دەیانقیڕاند. واتە لەم ڕێگەیەوە فشاری دەروونیان بۆ سەر زیندانیەکان دروست دەکرد.
کارمەندەکانی پۆلیس بۆ ئەوەی وتە و دانپێدانان لە زیندانیەکان وەربگرن، پەنایان بۆ ئەم جۆرە ئەشكەنجانە دەبرد. لە هەر چوار لای وڵات ئەم جۆرە ئەشکەنجانە پەیڕەوییان لێدەکرا. زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم جۆرە حاڵەتانەیان بە نەتەوە یەکگرتوەکان گەیاندووە و، ڕۆژنامەی دێ وێڵتیش هەندێک لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانی دەست کەوتووە کەوتووە، کە زیندانیەکان باس لەوە دەکەن لە دوای ١٥ ی تەموز بە شێوەیەکی سیستەماتیکی ئەشکەنجەیان دراوە.
چەتینکەیا کەسێکی بێدەنگە. هەمیشە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ڕۆژنامەنوسە و پاشان دەڵێت ناتوانێت لە ڕێگەی یاساوە بە دواداچوون بۆ ئەنجامدەرانی کودەتاکە بکات.
عەبدوڵا بۆزکورت یەکێکە لەو کەسانەی لە ڕابردوودا هاوپیشەی چەتینکەیا بووە. ئێستا لە سوید ژیانی تاراوگە بەسەر دەبات و لە چاوپێکەوتنێکدا کەوا لەگەڵ ڕۆژنامەکەمان ئەنجامیداوە دەڵێت:
تونجەر ڕۆژنامەنوسێکی گەورەیە. هەرگیز لە ڕەخنەکردنی حکومەت و خاوەن دەسەڵاتان نەترساوە. هەروەها لە دۆزینەوەی بەڵگەی پەیوەندی نایاساییەکانیان و بردنی ئەو بەڵگانە بۆ دادگاکان هەرگیز سڵی نەکردۆتەوە. باجی ئەوە دەدات کە کەسێکی ڕەخنەگر بووە”.
چەتینکەیا سەرەڕای ئەوەی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و کێشەکی گورچیلەی هەبووە، لە زینداندا هێشتبوویانەوە. سەرەتا هیچ دەرمانێکی پێنادەن، دواتریش بە شێوەیەکی نیوەناچڵ پێی دەدەن. پاسەوانەکان زۆرینەی کات ئەو دەرمانەیان بۆ دەهێنا کە خۆیشیان نەیاندەزانی چیە. بەم شێوەیە باری تەندروستی هەموو ڕۆژێک ڕووی لە خراپی دەکرد. پاشان گورچیلەی بە تەواوی لە کار دەکەوێت. لە ڕاپۆرتە پزیشکیەکانی بەردەمیشیدا ئاماژە بەم بابەتە کراوە.

“چەتینکەیا: لە هەمووی خراپتر ئەشکەنجەی دەرونی بوو”
کاربەدەستانی زیندانەکە، ئازارەکانی چەتینکەیا فەرامۆش دەکەن. چەتینکەیا ئەم ڕووداوانە بە “شۆک” ناو دەبات. تەواوی ئەو ساڵانەی لە وڵاتەکەی ژیابوو، باوەڕی بە سەروەری یاسا و کۆماری بوونی وڵاتەکەی هەبووە. پاشان لەوە تێدەگات کە ئەم شتانە لە وڵاتەکەیدا هیچ بەهایەکیان نیە. دواتر بۆ یەکەم جار گومانی ئەوە دەکات کە پێدەچێت لە زینداندا گیان لە دەست بدات.

چەتینکەیا دەڵێت “خراپترین شتی ناو زیندان ئەشکەنجەی دەروونیە”. ئەویش بریتیە لە ژووری تاکە کەسی. سوکایەتی و هەڕەشە کردن. چەتینکەیا هەتا ئێستاش گرفتاری ئەو بابەتانەیە. لە ئەڵمانیا چارەسەری دەروونی وەردەگرێت. توشی نیگەرانی و خەمۆکی بووە. لە یەکێک لەو ڕاپۆرتانەی پشانیداین، باس لە ئەشکەنجەی ناو زیندان دەکات.

ناوبراو لەگەڵ خێزانەکەی ناژی. چاوەڕێی ئەوە دەکات کە خێزان و منداڵەکانی بهێنێت بۆ ئەڵمانیا. بە هۆی بارودۆخی تورکیاوە، ئێستا ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە. خێزانەکەی چەتینکەیا نیگەرانی ئەوەن لە وڵاتی خۆیاندا ئازادییان لە دەست بدەن.
ئەو کاتەی چەتینکەیا لە زیندان بوو، کچەکەی بە ناوی رەحیمە گوڵ، نامەیەکی پڕ هەستی ڕەوانەی مێدیا نێودەوڵەتیەکان کرد.
کچەکەی لە نامەکەیدا دەڵێت” باوکم بێ گوناحە و ئەمەش لە دادگا دەسەلمێت. بەڵام گەر تەندروستی خۆی لە دەست بدات، چۆنی دەتوانن جارێکی تر بۆی بگەڕێننەوە، نابێت لەمە زیاتر لە زینداندا بمێنێتەوە”.
ناوبراو ئەو کاتەی لە زیندان توشی فەقەرات دەبێت، چەندین ڕۆژ چاوەڕێ دەکات. مۆڵەتی نادەن چاوی بە پزیشک بکەوێت. ڕۆژنامەی گاردیانیش لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەی بە قسەی یەکێک لە کاربەدەستانی کرد، کە پێیان ووتبوو” گەر کەف لە دەمی بێتە دەرەوە ئینجا دەیبەینە لای پزیشک، گەر شتی وەها ڕوو بدات دەستێک بۆ کامێراکان بادە”.
بەم شێوەیە گاڵتەی پێدەکات. پاشان ڕۆژێک لە پڕێکدا دەیبەن بۆ نەخۆشخانە. بێ ئەوەی زانیاریەکی پێبدەن. ئەو نەشتەرگەریەی کە دەبێت بۆی ئەنجام بدرێت، خێزانەکەی خۆیشی ئاگایان لێنابێت. کەلەپچەی لە دەستدایە و بەو شێوەیە دەیبەنە سەر مێزی نەشتەرگەری. پاشان لەوێ کەلەپچەکەی لە دەست دادەکەنن، بۆ ئەوەی کاری پزیشک و پەرستارەکان ئاسان بکەن.
لەگەڵ هەندێک سەربازدا دەچێتە ژووری نەشتەرگەری، وەک ئەوەی تاوانبارێکی گەورەیان لەگەڵ خۆیان هێنابێت. پاشان پزیشکەکان دەست بە کاری خۆیان دەکەن. کاتێک بە هۆش خۆی دێتەوە، دەبینێت کەوا بەروانکەیەکی خوێناوی لەبەردایە. دواتر خۆی لەسەر زەمینی ژوورێکی ساردی نەخۆشخانەکە دەبینێتەوە، کە بۆ کەسانی زیندانی تەرخان کراوە.
ناتوانێت جوڵە بکات، ناچارە بەوەی بە سنگەخشکێ بۆ تەوالێت بڕوات.

“وازیان لێهێنابووم بۆ ئەوەی بمرم”
چەتینکەیا لەو باوەڕەدایە کە ئەو نەشتەرگەریە بە مەبەستی یارمەتیدانی ئەنجام نەدراوە. پێی وایە بە مەبەستی لاوازکردنی ئەو نەشتەرگەرییەیان ئەنجامداوە. “نەیاندەویست بمکوژن، بەڵکو وازیان لێهێنابووم بۆ ئەوەی خۆم بمرم”. گەر بشمردایە یەکەم کەس نەدەبوو. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی وەقفی ڕۆژنامەنوسان و نوسەرانی تورکیا، لە دوای ساڵی ٢٠١٦، ٦١ هاوڵاتی زیندانی بە شێوەیەکی گوماناوی لە زیندانەکانی تورکیا گیانیان لە دەستداوە.
هەتا ئێستا خۆیشی نازانێت لەبەرچی لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٨ ئازاد کراوە. هەتا ئەمڕۆش دادگاییکردنەکەی کۆتایی نەهاتووە. بەڵام پێشبینی ئەوە دەکات، هەرچی زووە جارێکی تر فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەربکرێتەوە. هەروەها ڕای وەهایە گەر ئەم جارە بچێتەوە زیندان، جارێکی تر بە ساغی نایەتەوە دەرەوە. هەربۆیە لە تورکیا بڕیاری ڕاکردن لە وڵاتەکەی دەدات. ماوەیەک مێدیاکانی تورکیا هەواڵی مردنی بڵاو دەکەنەوە. پاشان لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا هەواڵی ئەوەی لەسەر بڵاو دەکەنەوە کەوا لە ئەڵمانیایە.
هەواڵەکان چەتینکەیا دەترسێنن. باس لەوە دەکات کە ئێردۆغان لە ئەڵمانیادا لایەنگری سەرسەختی هەیە و، ئەو کەسانەش نەیارانی ئێردۆغان بە ئامانج دەگرن. هەروەها باس لەوە دەکات کە دەزگای هەواڵگری تورکیا، هەتا ئێستا نزیکەی ٣١ هاوڵاتی سەر بە بزاڤی خزمەتی ڕفاندووە و، بردراونەتەوە بۆ تورکیا. هەر بۆ ئەمە مەبەستەش، چەتینکەیا لەگەڵ ڕێکخراوی داکۆیکار لە مافەکانی مرۆڤ و چوار هاوڵاتی تر کە لە تورکیا ئەشکەنجەیان بینیوە، لەلای داواکاری گشتی ئەڵمانیا سکاڵایان لەسەر حکومەتی تورکیا تۆمار کردووە.
چەتینکەیا دەڵێت” هەمیشە بە هیواوە ژیاوم و هەر ڕۆژێک بێت، دادپەروەری خۆی دێتە دی”.

30 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە