بیروڕاهەواڵ

هاوسەرەکەم بۆ ماوەی ٩ کاتژمێری لەسەریەک ئەشکەنجەدراوە


موئمینە ئاچککۆلو، هاوسەری مامۆستا گۆکهان ئاچککۆلو کە بە هۆی ئەشەکەنجەدانەوە لە بنکەیەکی پۆلیسی تورکیا گیانی لە دەستدا، لە مەراسیمێکدا کە لە مۆزەخانەی تەنکیلی شاری هاسەلتی وڵاتی بەلجیکا ڕێکخرابوو، باسی لە بەسەرهاتەکانی ژیانی خۆی کرد.

هاوسەرەکەی مامۆستا گۆکهان کە زوو زوو فرمێسک بە چاوەکانیدا دەهاتە خوارەوە وتی”ئازارەکان هێندە گەورەن بوون و بە دوای یەکدا دەهاتن، مەجالی ئەوەمان نەبوو بۆیان بگرین. لە کاتێکدا شۆک بووم بەوەی هاوسەرەکەم لە زینداندا گیانی لە دەستداوە، لەولاوە توشی شۆکێکی تریان کردین بەوەی لە گۆڕستانی خائینانی نیشتیماندا دەینێژن. ئێستا بەردەوامین لەوەی خەبات بۆ مافەکانی هاوسەرەکەم بکەین، داواتان لێدەکەم نرخی خۆشەویستەکانتان بزانن لەو کاتەی هێشتا لە ژیاندان”.

موئمینە ئاچککۆلو لە درێژەی قسەکانیدا وتی:

لەم قۆناغەدا هەموو لایەک ئازاری گەورەیان چەشت. باسکردنی زۆر سەختە. چەندین جار هەمان ئازارمان چەشتووەتەوە. زۆر سوپاسی ئێوە دەکەم کە ئێستا لێرە ئامادەن و هاوبەشی ئازارەکانی ئێمە دەکەن. وەک خۆشتان دەزانن، لە دوای بەرواری ١٧-٢٥ کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣، ئێردۆغان تەواوی هاوسۆزانی خزمەتی وەک دوژمنانی خۆی ڕاگەیاند. ئیدی دەستیان کرد بەوەی لەناو خەڵکدا دووبەرەکی دروست بکەن. ١٥ ی تەموزیش خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ ئەنجامدانی پاکتاوی ڕەگەزی. ١٥ ی تەموز یادی لە دایک بوونی کوڕەکەی منە، ئێمە ئەو ڕۆژە لە ڕێگەی هەواڵەکانەوە ئەوەمان زانی کە چی ڕوویداوە. لەو شوێنەی ئێمەی لێ نیشتەجێ بووین، هەموو کەس ڕژانە سەر شەقامەکان و دەنگی تەقە دەهات. فڕۆکەکان لە بەرزاییەکی کەمەوە دەفڕین و، ئاگادارکەرەوەی ئۆتۆمبیلەکان کاریان دەکرد. هێندە لە دەنگی ئەو تەقە و چەکانە ترساین هەر مەپرسن. بە منداڵەکانمان وت کە دانیشن لەسەر زەوی، دانیشتین و پێکەوە نزامان کرد.
” هاوسەرەکەم هەر لە سەرەتای دەستگیرکردنەکەیەوە لێیدراوە و ئەشکەنجە دراوە”
من و هاوسەرەکەم مامۆستا بووین، هەردووکمان لە بەرواری ٢٥ ی تەموز لە کارەکەمان دوور خراینەوە. پاشان من لە ڕێگەی فەرمانی ژمارە ٦٧٥ ئەنجومەنی وەزیرانەوە، لە کارەکەن دەرکرام.
لەبەر ئەوەی لە پێش ئەو قۆناغەدا هیچ تاوانێکیان لەسەر هاوسۆزانی خزمەت نەدۆزیبوویەوە، هاوڵاتیانیان دەستیگر دەکرد و لە ڕێگەی ئەشکەنجەوە ناوی ناسیاوەکانیان لێدەردەهێنان. هاوسەرەکەی منیش بەو شێوەیە لەلایەن کەسێکەوە ناوی درابوو. شەوی ٢٣ ی تەموز پۆلیسەکان هاتبوون بۆ پشکنینی ماڵەکەمان لە ئیستەنبول و هاوسەرەکەمیان دەستگیر کردبوو. بەڵام ئەو کاتەی ئێمە لە ماڵەوە نەبووین و لە کۆنیا بووین. هەندێک لە پۆلیسەکان دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەمان کردبوو، هەندێکیشیان هەر لە ماڵەوە مێردەکەمیان خستبوویە ژێر لێپرسینەوە. ئەگەرچی من لەو کاتەدا لە ماڵەوە نەبووم، بەڵام بەڕێوەبەری شوقەکەمان تەواوی وردەکاریەکانی بۆ گێڕاینەوە.

“کۆمەڵێک پۆلیسی دەمامکدار ماوەی ٩ کاتژمێر ئەشکەنجەیان دابوو”

هەندێک پۆلیسی دەمامکدار، لە پشتەوە کەلەپچەیان لە دەستی هاوسەرەکەم کردبوو، پاشان لەسەر دەم پاڵیان خستبوو. دواتر لە ڕێگەی لێدانەوە دەستیان بە لێپرسینەوە کردبوو. هاوسەرەکەم داوای پارێزەرەکەی کردبوو، بەڵام ئەوان ڕێگەیان نەدابوو. لەم کاتەدا کە پۆلیسەکان فشارەکانیان زیاد دەکەن، هاوسەرەکەم شەکرەکەی بەرز دەبێتەوە. هاوسەرەکەم لەو کاتانەدا شەکرەکەی دەگەشتە ٤٠٠-٥٠٠ و ئەوانیش بێ ئەوەی کەلەپچەکەی دەستی بکەنەوە، لە جانتاکەی دەرزی ئینسولینەکە دەردەهێنن و لێیدەدەن. لە نێو ئەو کۆمەڵە شوقەکەی ئێمەی لێیە، عەرزی عەزەڵاتی خۆیان دەکەن و بەو شێوەیە هاوسەرەکەم لەبەرچاوی خەڵکەکە دەبەن. بە داخەوە لە ئۆتۆمبیلەکەشیاندا بەردەوان بوون لەوەی لێی بدەن.
بەم شێوەیە کاتژمێر ١١ یان ١٢ ی شەوی ٢٣ ی تەموز دەستگیری دەکەن. بەڵام بەیانیەکەی کاتژمێر ٨ یان ٩ دەیبەنە ژووری گرتوخانەی بنکەی پۆلیس، واتە ماوەی ٩ کاتژمێری ڕێک لای خۆیان ئەشکەنجەیان دابوو.

“سەرەڕای ئەوەی نەخۆشیەکەی شەکرەی قورسی لەگەڵدا بوو، هەرچەندە دەرمانەکەشم بۆ برد بەڵام هیچیان پێنەدابوو”
بە گوێرەی ئەو قسانەی لەلایەن ئەو کەسانەی لەگەڵ هاوسەرەکەمدا دەستگیر کرابوون، ئەو ڕۆژە کاتێک دەیهێنە ژوورەکەی، حاڵێکی پەرێشانی دەبێت. من لە دوای ٤ ڕۆژ زانیم کە هاوسەرەکەم لە کوێ دەستگیرکراوە. ڕۆژێک دوای ئەوەی دەستگیریان کردبوو بە ئێمەیان وت، بەڵام شوێنی دەستگیرکردنەکەیان پێنەدەوتین. دوای ٤ ڕۆژ زانیم کەوا هاوسەرەکەم لە بنکەی پۆلیسی ڤەتەن دەستگیرکراوە. دوای ئەو ٤ ڕۆژە، دەرمانەکەم بردە بنکەی پۆلیس و، بە زۆر قەناعەتم پێکردن کەوا هاوسەرەکەم شەکرەیەکی زۆر سەختی لەگەڵدایە. بەڵام دوای ئەوەی هاوسەرەکەم وەفاتی کرد، هەموو دەرمانەکانیان وەک خۆی پێدامەوە، چونکە هاوسەرەکەم نەیتوانیبوو بەکاریان بهێنێت.

” لە ماوەی ئەو ١٣ ڕۆژەی ئەشکەنجەدا پەراسووەکانی شکابوو”

هاوسەرەکەم تەواوی ئەو شتانەی لە کاتی ئەشکەنجەداندا بەسەری هاتبوو، بۆ پزیشکەکان گێڕابوویەوە. ئەوانەی غیرەتیان هەبوو، هەندێک لە قسەکانیان لەناو ڕاپۆرتەکانیاندا نوسیوە. ئاماژەی بەوە داوە، کە گووتوویەتی بە شێوەیەکی بەردەوام لەلایەن پۆلیسەکانەوە سوکایەتی پێکراوە و، شەقی تێهەڵدراوە و قسەگەلێکی وەهای پێوتراوە کە کەرامەتی هەموو مرۆڤ دەڕوشێنێت. هەندێک لە پزیشکەکان ئەمانەیان لە ڕاپۆرتەکانیاندا نوسیوە. لە ڕاستیشدا تەواوی ئەو شتانەی باسی کردووە، لە ڕاپۆرتی پزیشکی دادیشدا دەرکەوتۆتەوە. بۆ نومەن لە بەرواری ٢٤ ی تەموز، باسی لەوە کردووە کە پۆلیس شەقیان لە پەراسوی لای ڕاستی سەر بۆشایی سنگی هەڵداوە. لە ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەریشدا چەند شکاویەک لەو شوێنە بەدیکراوە کە هاوسەرەکەم پێشتر ئاماژەی پێداوە. لە ماوەی ئەو ١٣ ڕۆژەی لە بنکەی پۆلیس بوو، سەرەڕای شکاندنی پەراسووەکانی بەڵام هێشتا دەستیان لە ئەشکەنجەدانی هەڵنەگرتبوو. بە هەمان شێوە لە سەر و پشتیدا، خوێبەربوون بەدیکراوە.
هاوسەرەکەم بە هۆی ئەشکەنجەدانەوە، چاویلکەکەی شکابوو. هاوسەرەکەم باشی چۆنیەتی شکانی چاویلکەکەشێ کردووە. ٨-١٠ پۆلیس پێکەوە ئەشكەنجەی دەدەن، یەکێک لەوان دەڵێت لەبەرچی سەیری دەموچاوم دەکەیت، ئیدی دەستی دەکات بە لێدانی. ئەمجارەیان سەیری زەوی دەکات، پۆلیسکەش دەڵێت لەبەرچی سەیری دەموچاوم ناکەیت، پاشان بەم بیانوویەشەوە لێیدەدات. لەسەر زەوی پاڵی دەخات و شەق لە پشتی هەڵدەدات. بێگومان لەم نێوەندادا چاویلکەکەی شکاوە. ڕۆژی کۆتایی، پێش ئەو شەوەی گیانی لە دەست دەدات، بە شێوەیەکی بەردەوام دەیبەن بۆ لێپرسینەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک وتەی کۆتایی لێ وەرناگرن.
چونکە چەشنی دەستگیرکراوەکانی تر، هەوڵی ئەوەیان دابوو لە ڕێگەی ئەشکەنجەوە ناوی کەسێک لە دەمی هاوسەرەکەمەوە دەربهێنن. هاوسەرەکەم دواجار تاقەتی نامێنێت و دەڵێت” ئیدی بەسە، هەرچیەک خۆتان پێتانخۆشە بینوسن و منیش واژۆی لەسەر دەکەم”. ئەوانیش وتبوویان نەخێر شتی وەها نابێت، دەبێت تۆ ناوی کەسێکمان پێبڵێیت.

“ڕۆژی کۆتایی وەک ئەوەی بە دوای خۆیاندا ڕایبکێشن دەیبەنەوە ژوورەکەی خۆی”
شەوێک پێش ئەوەی وەفات بکات، بە هەمان شێوەی دەیخەنەوە ژێر ئەشکەنجەدان. لە کاتێک هاوسەرەکەم توانای بە پێوە وەستانی نامێنێت، دوو پۆلیس دەچنە ژێر باڵی و فڕێی دەدەنەوە ژوورەکەی خۆی. هەر ئەو شەوە ناڕەحەت دەبێت. چونکە ماوەی ١٣ ڕۆژ بە شێویەکی بەردەوام ئەشکەنجەیان دابوو.هەربۆیە هونەرمەندێکی وەک سواری ئۆزتورک، کە نەیدەتوانی بێ هەڵوێست بێت بەرامبەر ئەو شتانەی بەسەر هاوسەرەکەم هاتبوو، سرودێکی بە ناوی ١٣ شەو، لەسەر بەسەرهاتی ژیانی هاوسەرەکەم بڵاو کردەوە.
“تەنانەت بە مردوویش دەستیان لێهەڵنەدەگرت و دەیانویست لە گۆڕستانی خائینان بینێژن”

ئەو کاتەی هەواڵی بردنی هاوسەرەکەم بۆ پزیشکی دادی پێگەشت ئەژنۆم شکا. وەک کاک تونجەریش ئاماژەی پێدا، هەر ناڕەحەتیەک کەوا توشت دەبێت، هێندە گەورەیە ئەوەی پێشووترت لە یاد دەباتەوە.
پێش ئەوەی خەمی وەفاتی مێردەکەم بخۆین، توشی شۆکی ئەوەیان کردین کە هاوسەرەکەمیان وەک خائین ناوزەند کرد. وتیان نابێت لە ئیستەنبول بینێژن، ئەگینا تەرمەکەیتان پێنادەینەوە. وتیان ناهێڵین هیچ مەراسیمێکی دینی لەسەر ئەنجام بدرێت و خۆیان لە گۆڕستانی خائینان دەینێژن. قادر تۆپباش سەرۆک شارەوانی ئیستەنبول، لە دوای خۆی شاکارێکی لەو شێوەیەی جێهێشتووە: گۆڕستانی خائینان!
ئێمەش ئەوەمان قبوڵ نەکرد، وتمان ناتوانن لە ئێستاوە هاوسەرەکەم بە خائین ناوزەند بکەن و بۆتان نیە لە گۆڕستانی خائینان بینێژن، سەرەڕای ئەوەی وتمان وتەی(ئیفادە) لێ وەرنەگیراوە، بەڵام ئەوان هەر قبوڵیان نەدەکرد. پاشان وتمان لە جیاتی ئیستەنبول لە کۆنیا دەینێژین و بەو شێوەیە تەرمەکەیمان وەرگرتەوە.

“براکەم ناچار بوو خۆی دەرمان بە لاشەی هاوسەرەکەمەوە بکات”

ئەو کاتەی تەرمی هاوسەرەکەمان وەرگرتەوە وەرزی هاوین بوو، بێگومان لە کاتی گواستنەوەی تەرمێک بۆ شارێکی تر لەو وەرزی گەرمایە، پێویستە دەرمانێکی تایبەتی پێوە بکەیت. پزیشکی دادوەری پێیان ڕاگەیاندین کە ئەوان یارمەتیمان نادەن لەوەی دەرمان بە لاشەکەیەوە بکەن. ئێمەش وتمان ناوی دەرمانەکەمان پێبڵێن، خۆمان دەرمانەکە دەکڕین و، بەو شێوەیەی ئێوە پێمان دەڵێن پێوەی دەکەین. بەم شێوەیە برا گەورەکەم بە ناچاری دەرمانی بە لاشەی هاوسەرەکەمەوە کرد. پاشان ماوەیەکی زۆر تابوتیان پێنەداین. کاتێک پرسیمان لەبەرچی ئەو ماوە دوور و درێژە ئێمەیان وەستاند، لە وەڵامدا وتیان بە دوای تابوتێکدا گەڕاون کە لۆگۆی شارەوانی ئیستەنبولی پێوە نەبێت، چونکە سەرۆکایەتی شارەوانی نایانەوێت خزمەتێکی لەو شێوەیە بە ئێمە بدەن. لە هەمان کاتدا ئۆتۆمبیلیان پێنەداین بۆ گواستنەوەی تەرمەکەی، بە ئیمکانیەتی خۆمان تەرمەکەیمان گواستەوە. پاشان لە گوندەکەی خۆمان بە خاکمان سپارد.
“دوای ئەوەی ناشتمان لێپرسینەوەیان لەگەڵ موختاری گوندەکە کردبوو، زۆر ترسام لەوەی لە گۆڕەکەشی دەریبهێنن”

دوای دوو ڕۆژ لە ناشتنی تەرمی هاوسەرەکەم، موختاری گوندەکەیان لە داواکاری گشتیەوە بانگهێشت کردبوو. پرسیاری ئەوەیان لێکردبوو کە لەبەرچی جەنازەیەکی لەو شێوەیە هاتووە و، وەک موختاری گوندەکە هەواڵی پێنەدوان. موختاریش لە وەڵامدا وتبووی، هەموو کاتێک جەنازەی خەڵکی گوندەکەیان دێتەوە و، بە گوێرەی ڕێکارە یاسایەکان، تەنیا پرسیاری بەڵگەی وەفاتیان لێدەکات. بەڵام لە وەڵامدا وتبوویان ئەم جەنازەیە جیاوازە، دەبوو هەواڵیان پێبدات. لەو کاتەدا هێندە ترسام، هێندە خەفەتەکان بەسەر یەکەوە دەهاتن، نەمدەزانی خەفەت بۆ کامیان بخۆم، ترسی ئەوە دایگرتم کە بە ئاسانی دەست لە تەرمی هاوسەرەکەم هەڵنەگرن و، لە گۆڕەکەشی دەریبهێنن و لە شوێنێکی تر بینێژن. بە ڕاستی تەواوی ئەمانە بۆ ئێمە زۆر سەخت بوو.

“چەندین مانگ لە پەنای کچەکەمدا نەمدەوێرا بڵێم باوکە”
پاشان ناوی ئەو کەسانەمام کۆکردەوە کە ئەشکەنجەیان دابوو، سکاڵامان لەسەر هەموویان تۆمار کرد. بەڵام داواکاری گشتی، سەرەڕای ئەوەی شایەتی ئەشکەنجەدانەکەیی و بەڵگەی پزیشکی دادیشمان پێبوو، بێ ئەوەی سەیری بەڵگەکان بکات و گوێ لە شایەتەکان بگرێت، دۆسیەکەی داخست.
ئێمەش تانەمان لە بڕیارەکەی داواکاری گشتی دا و، پاش ٣ ساڵ تانەکەمان قبوڵ کرا. بەڵام بە داخەوە هەتا ئێستا هیچ بەرەو پێشچوونێک لە دۆسیەکەماندا ڕووی نەداوە.
تاوانبارەکان و ئەشکەنجەچیەکان هێشتا دەستیان کراوەیە و ئەشکەنجەی هاوڵاتیانی تر دەدەن. ئەو کاتەی هاوسەرەکەم دەستگیرکرا، بۆ ئێمە قۆناغێکی زۆر سەخت بوو. دوای وەفاتیشی قۆناغێکی سەختتر چاوەڕێی دەکردین. کچەکەم بە تراڤمایەکی گەورەدا تێپەڕی. ماوەیەک ناچاری ئەوە بووین کە چارەسەری دەرونی وەربگرێت. لەلای ئەو نەمدەوێرا بانگی باوکی خۆم بکەم و وشەی “باوکە” بەکاربهێنم. کاتێک ئەوم لەلا بووایە، باوکی خۆمم بە “باوکە” ناونەدەبرد. بەو ڕادەیە بەرامبەر وشەی “باوک” هەستیار بوو بوو. پاش ئەوەی ماوەیەکی زۆریش تێپەڕیبوو، ڕۆژێکیان کچەکەم وتی “دایکە زۆر بیری ئەوە دەکەم کە بڵێم باوکە”، ئیدی لەو کاتەدا بێ چارە مامەوە و هیچم لە دەست نەدەهات. بە هیچ شێوەیەک ناتوانیت جێگەی باوک پڕ بکەیتەوە، هەر بۆیە بە هەرکسێک دەگەم، پێیان دەڵێم نرخی خۆشەویستەکانتان بزانن، لەو کاتەی هێشتا لە ژیاندا ماون.
هەرچیەک لە دڵتاندایە و دەتانەوێت پێیان بڵێن، لەو کاتەی پێکەوەن بە دڵی خۆتان قسەکانی ناو دڵتانیان پێبڵێن. بە پێچەوانەوە دواتر هەموو ژیانتان دەبێتە خۆزگە خواردن.

“هەمان داواکاری گشتی بانگەشەیەکی نوسی بۆ ئەوەی دەستبەسەرم بکات”
دوای ٦ مانگ لە وەفاتی هاوسەرەکەم، ئەو داواکاری گشتیەی فەرمانی قۆڵبەستکردنی هاوسەرەکەمی دەرکردبوو، منیشی دەستگیر کرد. لە دۆسیەکەیدا هیچ شتێک بوونی نەبوو، تەنیا ئەوە نەبێت هەوڵی دەدا ناوی ئەو کەسانەم لێدەربهێنێت کە ویستبوویان لە هاوسەرەکەمی دەربهێنن. بە شێوەیەکی بەردەوام ناوی خەڵکی لێدەپرسیم، منیش هەر دەموت نازانم، لە کۆتایدا وتی تۆ یارمەتی من نادەیت، منیش دەست بەسەرت دەکەم. پاشان وتی دایک و باوکێکی پیرت هەیە، لەبەرخاتری ئەوان ئازادت دەکەم.
ئەو ڕۆژە ئازادی کردم، بەڵام منداڵەکانم زۆر ترسا بوون. گومانی ئەوەیان بردبوو کە چەشنی باوکیان منیش بڕۆم و جارێکی تر نەگەڕێمەوە.

لە دوای ساڵ و نیوێک لە وەفاتی هاوسەرەکەم، بە فەرمانێکی وەزارەتی پەروەردە، گەڕێندرایەوە سەر کارەکەی.
لە تەواوی ئەم قۆناغەدا سەرمان بە هەموو کونێکی دادگادا کرد، بەڵام هیچمان بۆ نەدەکرا. لە تورکیادا یاسا مردووە. دەمەوێت هەموو دونیا بزانێت کە چیمان بەسەر هاتووە.
ئەم قسانە دەکەم، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت ئەشکەنجەی هاوڵاتیەکانی تر نەدرێت و، کەمێک لە ئازارەکانیان کەم بێتەوە.
دوای ئەوەی فەرمانی وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە گەڕاندنەوەی هاوسەرەکەم بۆ سەر کارەکەی دەرچوو، لای خۆمەوە بڵاومکردەوە. مێدیای سەر بە دەسەڵاتیش دەستیان لێهەڵنەگرتین و ناوی خۆم و کورەكەمیان لە مانشێتەکان بڵاو کردەوە. پاش تێپەڕینی ٣ ڕۆژ، هەمان داواکاری گشتی، بانگەشەنامەیەکی لە دژی من جوڵاند. دادگای تاوانە قورسەکانیش دۆسیەکەی پەسەند کرد. بەرواری یەکەم ڕۆژی دانیشتنیان دیاری کرد.

” بێ نان دەژیم بەڵام بێ ئازادی نا”
ئیدی ئێمەش لەوە تێگەشتین کە چیدی لە تورکیادا مافی ژیان بە ئێمە ڕەوا نابینن. ئیدی لەو کاتەدا لە گرنگی ئەو قسەیە تێگەشتم کە دەڵێت” بێ نان دەژیم بەڵام بێ ئازادی نا”
لەوە تێگەشتین کە بێ ئازادی ناتوانن بیژین و هەناسە بدەین. چونکە تەنانەت گەر لە ماڵەکەی خۆشتدا بیت، ناتوانیت بحەوێیتەوە، لەگەڵ تەقەی هەموو دەرگایەک، بەرزبوونەوەی هەر مەسعەدێک، توشی داخورپان دەبیت. ئیدی ناچار بووم بەوەی قورسترین بڕیاری ژیانم بدەم. چونکە ئۆباڵی دوو منداڵەکەمم گرتە ئەستۆ و بڕیاری جێهێشتنی وڵاتمان دا. لەو کاتەدا تەنیا گیانی خۆت ناخەیتە مەترسیەوە، بەڵکو گیانی دوو منداڵەکەشت دەخەیتە مەترسیەوە. چونکە کوڕەکەم لە کۆلیژی یاسا دەیخوێند، هەموو ڕەنجی ئەویش بە با دەڕۆشت.
بەڵام وتمان با ئازادی خۆمان بەدەستبهێنین، تەواوی ئەو شتانەی لە دەستی دەدەین، هەمووی بەدەست دەهێنینەوە.
دوای ئەوەی قۆناغێکی سەختمان بڕی لە ڕێگەی پەڕینەوە بە ئاوی دەریاچەی مەریچدا، ئێستا لەو وڵاتەی ژیان بەسەر دەبەین، هەوڵی ئاوێتە بوون لەگەڵ ئەو کۆمەڵگا نوێیە دەدەین. هەوڵی فێربوونی زمان دەدەین، پشتیوان بە خودا لێرەش لە خزمەت بەردەوام دەبین.

“ئێستا لەم مۆزەخانەیە؛ چاویلکە شکاوەکەی، جلەکانی کە خوێن و ئارەقی لاشەی پێوەیە، دوا نامەش کە بۆ ئەوم ناردووە، دانراوە”.

لەم مۆزەخانەیەی دەیبینن، چاویلە شکاوەکەی هاوسەرەکەم، جلەکانی کە خوێن و ئارەقی لاشەیان پێوەیە، لەگەڵ دوا نامە کە بۆم ناردووە، دانراوە.
لەو کاتەی جل و دەرمانەکانم بە هاوسەرەکەم گەیاند، لەناو جلەکانیدا تێبینیەکم شاردەوە بە هیوای ئەوەی بەدەستی بگات. تێبینیەکی بچوکەکەم خستە گیرفانی ئەو تراکسودەیەوە کە خۆتان لە گرتە ڤیدیۆیەکەی دوا ساتەکانی ژیانی بینیتان. گووتم بەشکوم ئەو قسەیەی من هێزی پێ بدات. بەڕاستی ئازارەکانم هێندە گەورەیە کە لە نێوان چواردەور و شوشەکانی ئەم مۆزەخانەیە جێگای نابێتەوە. خودا جارێکی تر بونیادنانی مۆزەخانەی لەم شێوەیەمان بە نسیب نەکات.
تۆلستۆی دەڵێت: گەر هەست بە ئازاری خۆت بکەیت ئەوە زیندەوەریت، گەر هەست بە ئازاری مرۆڤەکانی تر بکەیت ئەوە مرۆڤیت.
ئیدی نازانم ئەم مۆزەخانەیە دەتوانێت ئاستی مرۆڤایەتی ئێمە دەربخات یاخود نا. تەنیا کارێک هەتا ئێستا پێمان کرابێت، ئەوەیە لە ڕووی یاساییەوە تێبکۆشین. ئێمە لەو کارە بەردەوام دەبین.
گەر ئێمە بتوانین ببینە دەنگی یەکێک لەوانەی لە دوای ئێمەوە بەجێماون، ئەوانەی ئازاریان چەشتووە، دەستگیر کراون و خۆیان شاردۆتەوە، یاخود ئەو ژن و منداڵانەی لە زیندانن، زاڵمان چیدی ئەو غیرەتەیان نابێت بەو شێوەیە زوڵم بکەن.

‘Yüzü maskeli polisler eşime 9 saat kesintisiz işkence yapmış’

38 جار بینراوە 3 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە