هەواڵ

هاوڕێی حەلیمە گوڵسو: هەر هاواری دەرمانەکانی دەکرد و پێیان نەدەدا

 

حەلیمە گوڵسو یەکێک لەو هاوڵاتیانەی لە کاتی دەست بەسەر کردنیدا گیانی لە دەستدا،  ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هۆکارەکانی پشت گیان لە دەستدانی ئاشکرا دەبێت.

یەکێک لە هاوڕێ زیندایەکانی حەلیمە، باس لەوە دەات کە چەند ڕۆژێک پێش مردنی، هەر هاواری دەرمانەکانی کردووە و کاربەدەستانی زیندان بۆیان نەهێناوە. ئێستا داواکارە گشتیەکانی مەرسین و تارسوس هەوڵی داخستنی پەڕاوەکەی دەدەن.

حەلیمە گوڵسو کە مامۆستای وانەی ئینگلیزیە و لە ڕێکەوتی ٢٠ ی شوباتی ٢٠١٨ دەستگیر کرا ، لە ٢٨ ی نیسانی ٢٠١٨ لە زیندان بە مردوویی هێنرایە دەرەوە. ئێستا ٢٢ هاوڕێی حەلیمە ئامادەی گێڕانەوەی دوا ساتەکانی ژیانی ئەو خانمەن.

 

دووان لە هاوڕێکانی حەلیمە گوڵسو بە ناوەکانی (ف.د.) و (ز.ا.) بە پێچەوانەوەی ئەوەی داواکاری گشتی باسی دەکات، باس لەوە دەکەن کە مردنی حەلیمە گوڵسو بە شێوەیەکی ئاسایی نەبووە و، بە شێوەیەکی ئەنقەست بەرەو مەرگ ڕاپێچکراوە.

 

یەکەم شایەت بە ناوی (ف.د.) بەسەرهاتەکانی ناو زیندان دەگێڕێتەوە:

لەگەڵ حەلیمە لە هەمان ڕۆژدا دەستگیر کراین و لە هەمان شوێنی دەستگیر کردن ماینەوە. هەر لەو ڕۆژانەوە حەلیمە دەستی بە هاواری دەرمانەکانی کردبوو. هەردووکمان هەمان نەخۆشیمان لەگەڵدا بوو، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە داوای لە کاربەدەستان دەکرد کە دەرمانەکانی بۆ بهێنن. هەر پرسیاری ڕاپۆرتەکەی دەکرد و ئاماژەی بەوە دەکرد کە ژمارەیەکی کەمی لە دەرمانەکان پێماوە.

ئەم پەلەقاژەیەی حەلیمە هەتا بەرواری ٢٨ ی نیسان بەردەوامی هەبوو، کاتێکی زۆر ناخۆشی بەسەر برد.

ئەو کاتەی دەستگیرا ڕاپۆرتە پزیشکیەکەی لەگەڵ خۆی هێنابوو، بەڵام هێزە ئەمنیەکان ونیان کردبوو. هەمان ڕۆژ ئێمەیان دەستبەسەر کرد و بەرەو زیندانی تارسوس گواستینیانەوە.

لەو قاوشەی کە بە حساب بۆ ماوەیەکی کاتی لێی دەماینەوە و زۆر پیس بوو، بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ ماینەوە. پاش ئەوەی لەو قاوشە گواستراینەوە، دیسانەوە هێنراینەوە بۆ هەمان شوێن. لە تەواوی ئەم ماوەیەدا، دیسان دەرمانەکانی حەلیمەیان نەهێنا. بە شێوەیەکی بەردەوام داوامان لێدەکردن کە بمانبەن بۆ نەخۆشخانەی زیندان، بەڵام ئەوان قبوڵیان نەدەکرد.

ماوەی ١٠-١٢ ڕۆژ تێپەڕیبوو، لەو کاتەدا لە حەمام بووم، دەرگای زیندانەکەیان کردەوە و ناوی منیان خوێندەوە. وتیان خۆت ئامادە بکە، دەچیتە نەخۆشخانە. بەڵام ناوی حەلیمەیان نەخوێندەوە. حەلیمەش لە دەرگاکەوە هاواری کرد و وتی: من لە جیاتی تۆ بچم؟ منیش لەو کاتەدا لە حەمام بووم، وتم تۆ بڕۆ با کێشەکانی تۆ چارەسەر بکەن.

 

“لێی توڕە بوون کە لەبەرچی هاتووە بۆ نەخۆشخانە؟”

 

ئەویش لە جیاتی من ڕۆشت بۆ نەخۆشخانە، بەڵام لەوێ لێی توڕە دەبن کەلەبەرچی هاتووە. ئەویش نەخۆشیەکەی پێی وتبوون، لە دوای یەک هەفتە، لە نەخۆشخانەی تارسوس داخڵ کرا. سەرەڕای ئەوەی حەلیمە نەخۆشیەکەی بە پزیشکەکە دەڵێت، بەڵام ئەو تەنیا پشکنینی ئاسایی بۆ ئەنجام دەدا. واتە پزیشکەکە ڕێگەی نەداوە ئەو پشکنینانە ئەنجام بدرێت، کە نەخۆشیەکەی حەلیمە ئاشکرا دەکات.

پاشان حەلیمەیان هێنایەوە بۆ قاوشەکەی خۆی. ئێمەش مەجالی ئەوەمان نەبوو کە خۆمان بچینە لای پزیشکی نەخۆشخانە، پاسەوانەکە ڕاپۆرتە پزیشكیەکەی لێ وەردەگرتین و خۆی دەدا بە پزیشکی نەخۆشخانە، ئەویش بە گوێرەی نوسراوەکە دەرمانی دەنوسی. ئەو دەرمانەنەش چارەسەری کێشەکەی حەلیمەیان نەدەکرد.

 

“ئەم پشکنینانە دەرخەری نەخۆشیەکانی من نین”

 

پاشان فەرمانبەری جێبەجێکاری کارەکانی زیندان، لەلای پزیشک گەڕایەوە و وەرەقەکەی بە دەموچاوی حەلیمەدا فڕیدا و وتی” تۆ هیچ نەخۆشیەکت نیە، بەردەوامیش دەڵێی نەخۆشیت”. حەلیمەش لە وەڵامدا وتی” قابیلە لە خۆمەوە نەخۆشی بۆ خۆم دروست بکەم، ئەو پشکنینانەی نەخۆشیەکەی من دەردەخەن ئەنجام نەدراوە”.

پاشان دیسان بۆ سەرۆکی  نەخۆشخانەی زیندانەکەی نوسیەوە و داوای بینینی پزیشکی کرد، لە زیندان سیستەمێک هەیە کە پێی دەڵێن ” تیبینی سەرۆک”. ئەویش کەسێکە پلەیەک لە ژێر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیە، یەکەم جار چاوت بەو دەکەوێت. منیش لەو چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ حەلیمە بووم.

حەلیمە بە سەرۆک بەشەکەی وت” سەیرکەن من فڵان نەخۆشیم هەیە، فەرمانبەرەکە هاتووە پێمدەڵیت تۆ هیچت نیە. ئەو پشکنینانەی نەخۆشیەکەی من دیاری دەکەن، هیچیان ئەنجام نەدراوە. هەربۆیە ناتوانم دەرمانەکانم وەربگرم”.

ئەو کاتەی حەلیمە ئەم قسانەی دەکرد، ٢٠ – ٢٥ ڕۆژ بەسەر زیندانی کردنماندا  تێپەڕی بوو.

پاشان دیسان حەلیمەیان بردەوە بۆ نەخۆشخانە. ئەمەش لە دوای یەک هەفتە ڕوویدا. لە زیندان کارەکان دەستبەجێ نابرێن بەڕێوە. سەرەتا نوسراو دەنوسیت، فەرمانبەرێکیش دەیبات بۆ جەندەرمە، جەندەرمە کاتی ڕۆشتن دیاری دەکات.  سەرەتا دەچیتە نەخۆشخانەی دەوڵەت و لەوێشەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ناوەندی شار دەکرێت.

 

“پاش تێپەڕینی یەک مانگ بەسەر زیندانی کردنماندا، حاڵی حەلیمە تێکچوو”

 

ئێمە لە ٢٠ ی مانگی شوباتی ٢٠١٨ دەستگیر کراین. ماوەی ٣ ڕۆژ لە قاوشێکی کاتی ماینەوە. واتە نزیکەی مانگ و نیوێکی بەسەردا تێپەڕی هەتا ئەو کاتەی ڕەوانەی نەخۆشخانەیان کرد. حەلیمەش لەو ماوەیەدا وردە وردە حاڵی بەرەو تێکچوون ڕۆشت و نەخۆشیەکەی بە تەواوی خۆی دەرخست.

حەلمیە رۆژ لە دوای ڕۆژ ماندووتر دەردەکەوت و، لەلایەکیشەوە هەر هاواری پزیشك و دەرمانی دەکرد.

پێویستیەکی زۆری بە یەکێک لە دەرمانەکان هەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕاپۆرتەکەی ونکرابوو، نەیدەتوانی لە دەرمانەخانە وەریبگرێت. حەلیمەش هەر دەهات و دەڕۆشت، بەڵام پزیشکەکان سەیرێکی سیستەمەکەی بەردەمیان نەدەکرد و ببینن کە لە ڕابردوودا چی دەرمانێکی بەکارهێناوە. حەلیمە ماوەی ١٥ ساڵ بوو ئەو نەخۆشیەی لەگەڵدا بوو. خۆی وەک پزیشکی نەخۆشیەکەی خۆی لێهاتبوو، چاک ئەوەی دەزانی گەر دەرمانەکان بەکارنەهێنێت چی لێبەسەر دێت. لە زیندانیش خۆ پاراستن لە نەخۆشی هەتا بڵییت سەختە، ٢٢ کەس لە هەمان قاوشدا ژیانمان بەسەر دەبرد و، دوو منداڵیشمان لەگەڵدا بوو. هەروەها یەک تەوالێت و حەماممان هەبوو.

حەلیمە دواتر بڕیاری ئەوەی دا کە چیدی بێدەنگ نەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش نامەی ئاراستەی ٦ شوێنی فەرمی کرد؛ داواکاری گشتی، وەزارەتی داد، داواکاری گشتی زیندان، سیستەمی بیمەر، سیستەمی جیمەر…

یەکەم مەوعیدی بینینی پزیشکی حەلیمە بۆ نەخۆشیەکەی، خرابوویە بەرواری ٢٥ ی نیسان، لە ٢٨ نیسانیش وەفاتی کرد. ئەو ڕۆژەی حەلیمە دەبوو بچێتە نەخۆشخانە، ڕۆژی هاتنی کەسوکاری زیندانیەکان بوو، هەربۆیە حەلیمە لە دوا ڕۆژەکانی تەمەنیشیدا چاوی بە کەسوکارەکەی خۆی نەکەوت.

29 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە