بیروڕاهەواڵ

ئەو وانانەی لە ڕووداوی بوختانەکەوە(ئیفک) وەریدەگرین؟

 

 

پرسیار: لە ئایەتی ١٦ و سورەتی نور، سەبارەت بەو بوختانەی بۆ دایکە عائیشەیان هەڵبەست دەفەرموێت” دەبووایە کاتێک گوێتان لەو قسانە بوو، بتانووتایە ئێمە بۆمان نیە قسەیەکی لەو شێوەیە بکەین، پاکوبێگەردی بۆ خودا، ئەمە بوختانێکی زۆر گەورەیە”.
لەم ئایەتەدا چی جۆرە پەیامێک بە کەسانی ئیماندار دراوە؟
وەڵام:
ئەگەرچی ئەم ئایەتە بە هۆی ڕووداوێکی تایبەتیشەوە دابەزیوە، بەڵام ئەو حوکمەی تێیدایە، تەواوی کەسانی ئیماندار دەگرێتەوە.
لە ڕاستیشدا ئەمە یاسایەکی گرنگی ئصولی تەفیسرە، تایبەتمەندبوونی حوکمێک ڕێگر نیە لەوەی بەسەر گشتیشدا جێبەجێ بکرێت.
بە شێوەیەکی ڕوونتر، ئەم ئایەتە کەوا لە دوای ڕووداوی ئیفک دابەزیوە، لە کاتێکدا گوزارشت لە پێویستی چۆنیەتی مامەڵەی هاوەڵان دەکات لە بەرامبەر ئەو بوختانەی بۆ دایکە عائیشەیان هەڵبەست، لە هەمان کاتدا گوزارشت لە چۆنیەتی مامەڵە لە بەرامبەر هەر بوختانێک دەکات، کەوا بەرامبەر کەسانی ئیماندار لە سەردەمە جیاوازەکاندا هەڵدەبەسترێت. واتە فێریان دەکات کە پێویستە چۆنی بیر بکەنەوە، چی بڵێن و چۆن هەڵسوکەوتێک بنوێن.
ئاشکرایە کەسانێکی دووڕوو، لە دوای گەڕانەوە لە سەفەرێک، بوختانێکی گەورەیان بۆ دایکە عائیشە هەڵبەست و بە شێوەیەکی سیستەماتیکی لە نێوان موسوڵماناندا بڵاویان کردەوە.
بە شێوەیەکی وەها بڵاو بوویەوە، کەسانێکی ئیمانداری ڕاستەقینەش، لە ژێر کاریگەری باری دەرونی دەستەجەمعیدا، لە کاریگەری شەپۆلەکانی ئەم ڕووداوە ڕزگاریان نەبوو، لە ڕاست و چەپی خۆیان قسەی کەسانێکی مونافیقیان دووبارە دەکردەوە. ئەم ڕووداوە تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی و خانەوادەی حەزرەتی ئەبوبەکری بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر تاساند.
کەسێکی وەک دایکە عائیشە کە لە هەموو پاکان پاکترە و زۆر بە تەنی داوێنپاکی و بێ گوناحی و ئیعتیباری خۆیەوە بوو، بە هۆی ئەم بوختانە قورسەوە لە جێگادا کەوت و، هێندە گریا لە چاوەکانیدا فرمێسکەکان وشکیان کرد.
ئەم بوختانە کەوا بۆ دایکی ئیمانداران هەڵبەسترا، هێندە گوناحێکی گەورەیە، مومکین نیە کەسانی دروستکەری، لە ڕۆژی ئاخیرەتدا لە ژێریدا هەڵبستن.
سەرئەنجام حەزرەتی عائیشە، لە ڕێگەی ئایەتەکانی قورئانی کەریمەوە کە نزیکەی دوو لاپەڕە دەبێت، ئەستۆپاکی سەلمێندرا. دابەزینی ئەم ئایەتانە پێگە و باڵای بەرزی ئەوەیان جارێکی تر دووپات کردەوە و، ئەوەی سەلماند کە کەسێکە لە هەموو ڕوویەکەوە گونجاو و شایستەیە بەوەی هاوسەری سەردارمان بێت. ئەم ئایەتانەی سورەتی نور، وەک ئەوە وەهابوو نورانیەتی ئەو دووپات بکەنەوە.
هەموو کەسانێکی ئیماندار هەتا ڕۆژی قیامەت، کاتێک ئەم ئایەتانەی قورئان دەخوێننەوە، دیسان هاواری بێگەردی و گەورەیی ئەو دەکەنەوە.
مرۆڤێک، دوای ئەوەی قورئان ئاماژەی بە پاکوبێگەردی داوە، بەڵام گەر هێشتا کەسانێک بیرکردنەوەی نەرێنی و قسەی نەشیاو بەرامبەر ئەو کەسە بکەن، وەک زانایانیش ئاماژەیان پێداوە، ئەوە لە دین دەردەچێت. چونکە ئەو جۆرە کەسانە، لە ڕێگەی ئەو بیرکردنەوە و قسانەیان، دژایەتی خۆیان بۆ ڕاستی و ڕەهابوونی دەقەکانی قورئان ڕادەگەیەنن.

“پاکژکردنەوەی گوناحەکان”
بە داخەوە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، لەبەر ئەوەی غەیبەتکردن و هێنان و بردنی باسی مرۆڤەکان و بوختان هەڵبەستن، وەک کارێکی سووک و ئاسانی لێهاتووە، مرۆڤەکان زۆر بە ئاسانی قسە لە دژی یەکتری دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە قورئانی کەریم پێمان دەفەرموێت:
يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَنْ تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَى مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ

واتە ئەی ئەوانەی ئیمانتان هێناوە، گەر کەسێکی فاسق یان لە ڕێ دەرچوو، هەواڵێکی بۆ هێنان، ئەوا بە باشی بە دوای قسەکانیدا بڕۆن و هەڵسەنگاندنی وردی بۆ بکەن. ئەگەرنا بێ ئەوەی ڕاستیەکان بزانن، بەرامبەر کەسانێک بە خراپە هەڵدەستن و دواتریش لە کارەکەتان پەشیمان دەبنەوە”
. ئەم ئایەتە بانگهێشتی کەسانی ئیماندار دەکات، کەوا لە کاتی قسەکردنیاندا بە دیقەت بن. ئەوەی لەسەر شانی کەسانی ئیماندارە، کاتێک هەواڵێک لە دژی کەسێک دەبیستن، بە دوایدا بچن و ڕاستی و بەڵگەداری قسەکە بپشکنن.
دوای ئەوەش، تەنانەت گەر ڕاستی قسەکەیان بۆ دەربکەوێت و ئەوە ئاشکرا ببێت کە بوختان نەبووە، نابێت لە ڕاست و چەپی خۆیان ئەو قسەیە دووبارە بکەنەوە. چونکە گەیاندن و بڵاوکردنەوەی هەندێک لایەنی نەرێنی کەسانی تر، نە کارێکی پێویستە نە عیبادەتە هەتا ئەنجامی بدەیت.
بێگومان پێویست بە ڕێگری لە هەندێک کاری هەڵە دەکات کەوا لە کۆمەڵگادا وەک نەخۆشییان لێهاتوە و، ئەمەش بە ناوی پاراستنی تەندروستی کۆمەڵگاوە ئەنجام دەدرێت.
بەڵام ئاشکراکردنی هەندێک هەڵەی شەخسی تاکەکان و، ڕسواکردنی ئەو کەسانەی هەندێک کاری هەڵەیان ئەنجامداوە، یاخود هەڵسەنگاندنی بوختانەکان کاری کەسی ئیماندار نیە.
مادام قسەکانمان هەتا ئێرە هاتن، بە باشی دەزانم قسەیەکی ئیمام حادیمی دووبارە بکەمەوە کە زۆر لە زۆر بۆنەدا ئامەژەمان پێداوە” کاتێک کەسێکی ئیماندارت بینی گوناحێکی ئەنجام دەدا، جارێکی تر بە جوانی سەیر بکەرەوە. ئینجا چاوەکانت بگڵۆفە و جارێکی تر سەیر بکەرەوە، چونکە ئەگەر هەیە هەڵەت کردبێت. پاش ئەوەی ١٠ جار چاوەکانت سڕی و دڵنیا بووی لەوەی شتێکت بە چاوی خۆت بینیوە، ئەو شوێنە جێبهێڵە و بڵێ” خودایە منیش مەخەرە ناو هەڵەیەکی لەو شێوەیەوە”.
حادیمی زاتێکی زۆر گەورەیە، منیش ڕێزێکی قوڵم بەرامبەر ئەو هەیە. بەڵام کاتێک بۆ یەکەم جار ئەم قسەیەی ئەوم بیست، لە دڵی خۆمدا وتم” باشە کەسێک شتێکی لەو شێوەیە دەبینێت، بۆچی هەریەکەم جار پشتی تێهەڵنەکات و ئەو شوێنە بەجێنەهڵێت، چونکە ئێمە داواکاری گشتی نین بەسەر کەسانی ترەوە هەتا لە چۆنیەتی کارەکانیان بکۆڵینەوە”.
بە هەمان شێوە گەر هەواڵێکی خراپان سەبارەت بە کەسێکی ئیماندار هێنا، ئەوەی لەسە شانی کەسی ئیماندارە ئەوەیە بڵێت” بەڕاستی ئەمە بوختانێکی ئاشکرایە”.

چونکە قسەکردنی مرۆڤەکان لە دژی یەکتری، فوو تێکردنیان لە دژی یەکتری، یاخود گەورەکردنی هەندێک شتی بچوک و گەیاندنی بە کەسانی تر، دەرگاکانی فیتنە دەکاتەو و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بە گژی یەکتردا دەکات. هەربۆیە سەردارمان ئاماژەی بەوە داوە کە کەسانی قسە هێنەر و بێنەر، ناچنە بەهەشتەوە. لەمەوە تێدەگەین کە ئەنجامدانی ئەم کارە چی گوناحێکی گەورەیە.

“نەدانی مافی ژیان بە بوختانەکان”
گەر بابەتی بوختان ببەستیینەوە بە هەڵە و گوناحی تاکە کەسەکانەوە، ئەوا واتاکەی بەرتەسک دەکەینەوە. لە ڕاستیدا ئەم ئایەتە، ئاماژە بە چۆنیەتی مامەڵە و هەڵوێست بەرامبەر ئەو بانگەشە و بوختانە ناڕەوایانە دەکات، کە بە بێ هیچ بەڵگەیەک بەرامبەر چینێکی جیاوازی کۆمەڵگا ئەنجام دەدرێت.
بە گوێرەی ئەم ئایەتە کەریمە ئەوەی لەسەر شانی کەسی ئیماندارە بریتیە لەوەی بڵێت مَا يَكُونُ لَنَا أَنْ نَتَكَلَّمَ بِهَذَا سُبْحَانَكَ هَذَا بُهْتَانٌ عَظِيمٌ

واتە بۆ من نیە قسەیەکی لەو شێوەیە بکەم، پاکوبێگەردی بۆ خودا، ئەم قسەیە حاشا بوختانێکی گەورەیە.
ئەگەر لەم بابەتەدا خۆڕاگر نەبین و هەر لە یەکەم ساتەوە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی بوختانەکان نەکەین، لە کۆمەڵگادا هەندێک درز و قڵیش دروست دەبێت و، پاشان ڕێگری لە گەورەبوونی ئەم درز و قڵیشە مومکین نابێت. چونکە ئەو کاتەی بوختانێک سەر هەڵدەدات، گەر دەستبەجێ ڕێگری لێنەکەیت، ئەوا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەورەتر دەبێت و، بە تێپەڕینی کات دڵەکان دەشکێن و، متمانەی نێوان مرۆڤەکان لەق دەبن و، یەکێتی و تەبایی نێوان کۆمەڵگا پەرش و بڵاو دەبێتەوە.
لە کۆمەڵگایەکدا کەوا مرۆڤەکان متمانەیان بە یەک نەماوە و ڕێکەوتن و سازانی نێوانیان هەڵوەشاوە، پاڵپشتی ئیلاهیش بۆ ئەو کۆمەڵگایە جێگای باس نیە.
ئێستا بە گوێرەی ئەو ئایەتەی تایبەتمەندە بە چۆنیەتی هەڵوێست پشاندان لە بەرامبەر ئەو بوختانەی لە سەردەمی سەعادەت و پاشان لە هەر سەردەمێکی تردا سەرهەڵدەدەن کە بەم شێوەیەیە:
لَوْلَا إِذْ سَمِعْتُمُوهُ ظَنَّ الْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بِأَنْفُسِهِمْ خَيْرًا وَقَالُوا هَذَا إِفْكٌ مُبِينٌ

ئەی کەسانی ئیماندار لە ژن و پیاوان، هەرکاتێک بوختانێکتان سەبارەت بە یەکتری بیست، گومانی باش بە یەکتری ببەن و بڵێن: حاشا ئەمە بوختانێکی گەورەیە، ئایا لەمڕۆشدا پێویست بە هەمان هەڵوێست ناکات؟

کەواتە حاشاکردن لەم جۆرە بوختانانە، داخوازی گومانی باشی کەسی ئیماندارە. وەک سەرداریشمان ئاماژەی پێداوە، گومانی باش بە یەکتری بردن، یەکێکە لە جوانترینی پەرستشەکان.
هەربۆیە کەسانێک کە وەک داخوازی گومانی باش بردن، ئەم جۆرە بوختانانە ناڵێنەوە و بە شێوەیەکی ئاشکرا هەڵوێستی خۆیان لە دژیان دەردەبڕن، حەقی ئیرادەی خۆیان داوە و بەو هۆیەوە پاداشتی ئەم کارەیان دەست دەکەوێت.

لەوە دەچێت گومانی باش بردن بە کەسانی ئیماندار، خۆڕاگری پشاندان لەوەی لەم بابەتانەدا زمانی خۆت کۆنتڕۆڵ بکەیت، وەک کارێکی ئاسان بێتە پێش چاو. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم جۆرە کارانە بە ناوی موسوڵمانێتیەوە کاری زۆر گرنگن.
لەلایەکی ترەوە، کەسانی ئیماندار لە پاڵ ئەوەی زمانی خۆیان لەم جۆرە بوختانانە بگرنەوە، گەر بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە هەڵوێستی خۆشیان پشان بدەن، ئەوا ڕێگری لە فیتنە و فەسادی کەسانی مونافیقیش دەگرن.
کاتێک کەسانێکی حەقپەرست ئەم جۆرە هەڵوێستانەیان پشاندا، کەسانی مونافیق کەوا هەواڵ و بوختانی بێ بنەما دروست دەکەن و یاری بە حەیسیەتی کەسانی ئیماندار دەکەن، ناچار بەوە دەبن دەستبەرداری ئەم کارانەی خۆیان ببن.
قورئانی کەریمیش کاتێک ئاماژە بەم باتە دەکات دەفەرموێت:
إِنَّ الَّذِينَ جَاءُوا بِالْإِفْكِ عُصْبَةٌ مِنْكُمْ

واتە ئەوانەی هەستان بە هەڵبەستنی ئەو بوختانە، دەست و تاقمێکی بچوکی ناو خۆتان بوون.
وەک لە ڕوانگەی ئەم ئایەتەشەوە دیارە، زۆرینەی کات ئەوانەی ئەم جۆرە بوختانانە هەڵدەبەستن، ٣ تا ٥ کەس زیاتر نین.
هەندێک جاریش کەسانێکی مونافیق کەوا خۆیان لە شکڵی کەسانی ئیمانداردا دەردەخەن، بۆ لەکەدارکردن و ناشرینکردنی گروپێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا، بە شێوەیەکی سیستەماتیکی درۆ و بوختان هەڵدەبەستن. هەروەها لە ڕێگەی بەکارهێنانی مێدیاکان بە شێوەیەکی کارا، هەوڵی ئەوە دەدەن ئەم درۆ و بوختانانە بە شێوەیەکی بەربڵاو لەناو کۆمەڵگادا بڵاو بکەنەوە.
لە حاڵەتێکی لەم شێوەیەشدا گەر ئیماندارانی ڕاستەقینە پاڵپشتی برا ئیماندارەکانیان نەکەن کە دووچاری ئەو جۆرە بوختانانە بوون و بەرگریان لێنەکەن، لە ماوەیەکی کەمدا تەواوی کۆمەڵگا دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. هەربۆیە لەم جۆرە ڕووداوانەدا، دەمکوتکردنی ئەم جۆرە دەنگە نەشازانە هەر لە سەرەتاوە، گرنگیەکی زۆری هەیە.
ڕێگەی ئەمەش ئەوەیە کەسانی ئیماندار هەموو هۆکارەکان بگرنە بەر، بۆ ئەوەی بە ئاڕاستەی ڕاستیدا دەنگیان بەرز بکەنەوە و، لەگەڵ ڕەچاوکردنی شێوازدا گوزارشت لە خۆیان بکەن.
هەروەها نابێت بابەتەکە تەنیا لە کەسانی موسوڵماندا کورت بکەینەوە، هەرکەسێک ناحەقی بەرامبەر ئەنجام بدرێت و ڕووبەڕووی بوختان ببێتەوە، بێ ئەوەی سەیری دین و نەتەوەکەی بکەیت، پێویستە یارمەتی بدەیت. بۆ نمونە کاتێک هەندێک درۆ و بوختان بە دەمی هەندێک هاوڵاتی مەسیحی یاخود یەهودیەوە هەڵدەبەسترێت، هەڵسەنگاندنی ئەمە لەلایەن موسوڵمانێکەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی، یاخود سەیرکردنی ئەم شتانە وەک دەستکەوتێک، کارێکە هەرگیز لەگەڵ بەهاکانی دینەکەی خۆیدا یەک نایەتەوە.
ئەوەی لەسەر شانی کەسی ئیماندارە، بە لەپی دەستی ئەم شتانە توڕ بدات. چونکە هەر شتێک کەوا حەیسیەت و شەرەف و کەرامەتی مرۆڤەکان لەکەدار بکات، لەسەر شانی کەسی ئیماندار واجبە بە حەزەر و دیقەتەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. پێویستی ئەخلاقی گشتی کەسی ئیماندار بەم شێوەیە بێت.

48 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە